زیانناسیی دیاردەی سێلێبریتەپەروەری

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پێشەکی

"سێلێبریتی" ئەو کەسە تایبەت و کاریگەرانەن کە لە کارێک یان لە پیشەیەکی وەک سەرگەرمی و واری جۆراوجۆری هونەریدا چالاکن و لە ڕێگەی میدیا گشتییەکان دیار و ناسراو دەبن؛ ئەم پێناسەیە کەسایەتیی وەک بێژەر و تەنانەت دەوڵەمەندە بەرچاوەکانیش دەگرێتەوە. ناوبانگی ئەم کەسانە وای کردووە لایەنە سیاسییەکانیش سەرنجیان بۆ لای ئەوان ڕابکێشرێت. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا بەهۆی سۆشیاڵبوونی مەیدانی میدیا، سێلێبریتەپەروەری بۆتە دیاردەیەکی سەرنجدەر و تەنانەت خەریکە پیشەسازیی سێلێبریتەسازییش سەر هەڵدەدات. ئەم شەپۆلە هەر لە کاتی هاتنەناو کایەی سیاسیی "ڕۆناڵد ڕێگان" و دواتر "ئارنۆڵد شوارزینگەر"ی ئەکتەری هۆلیوود، هەستا (علیخواه، 1400) و بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ، کە مەیدانی سیاسەتی وەک ڕینگی زۆرانبازیی دەدیت، ڕچەشکێنی لە سیاسەتی نەریتیدا پەیدا بوو. لە دونیای جیهانیبوو و چاخی هەراواری زانیاریی ئەمڕۆدا بەهۆی بەریناییی کەشی ڕواڵەتی و زۆر و بۆربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بار و بەستێنی لەبارتر بۆ کایەی سێلێبریتی (Celebrity) و ئینفلوێنسێرەکان (Influencer) هاتۆتە ئارا.

وای لێ هاتووە، جارجار زانایانیش لە بەردی ئه‌کادیمییانەی خۆیان دەشکێنن و ڕوخساری خۆیان لەسەر تەختی بەختی میدیا دەگشتێنن. ئەوەی لێرەدا پتر جێگەی مەترسییە، پەیدابوونی "سێلێبریتەی نەرێنی"یە؛ لەوەیش ترسناکتر، سازبوونی "کەلتووری سێلێبریتەپەروەری"یە کە بە مەبەست دەکرێنە "برەندینگ". لەو کەشە تۆزاوییەدا هەندێک لەو سێلێبریتییانەی کە لە واری سیاسی و کۆمەڵایەتییشدا بەهرەمەندن و کاریگەریی ئەرێنییان هەبووە، بوونەتە قوربانیی کارگەی سێلێبریتەسازیی ساختە. هەروەها هەندێک لە سێلێبریتەی ئاستبەرزیش، بوونەتە قوربانیی دەستی کەسانی پۆپۆلیست و ئامانجی کورتپێکی کەڵکاوەژووانە. ئەم دیاردەیە ئەو پرسیارەی هێناوەتە پێش: کاریگەریی سێلێبریتەپەروەری لەسەر فەرهەنگ و سیاسەت چییە؟ گریمانەی پێش کۆڵینەوە ئەوەیە کە سێلێبریتەپەروەری دەبێتە هۆی داکشانی کوالیتیی کاری سیاسی و تێکدانی ئامانجی سیاسەتدانان و، کاریگەریی نەرێنییشی لەسەر فەرهەنگی گشتی و فەرهەنگی سیاسی دەبێت و قەیرانی ناسنامه‌یشی پێوەیە. ئەم نووسینە بە نیگایەکی کۆمەڵناسانە لە دیاردەیەکی سیاسی-فەرهەنگی دەدوێت و میتۆدی نووسینیش شێوازی وەسفی و شیکارییە.

پەتای ناوبانگ (Reputation)

لەم سەردەمەدا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان سێلێبریتییەکان بە دوای زۆرکردنی هەوادار و جه‌ماوه‌رن. بەشێکی زۆری سێلێبریتییەکان، کە بە جۆرێک کاریزماتیکن، کاریان بۆتە شۆوئۆف (Show off) و لە سکانسێکدا هەستی خەڵک دەئاژنن و لە سکانسی دووەمدا لە کەلێنێک دەگەڕێن تاکوو چالاکییەکی خۆیان نیشانی سەرووتر بدەن. (Street, 2004) بەتایبەتی کاریگەریی پتریان لەسەر ئەو گەنجانە هەیە کە دیواری ئاستیان نەوییە و بەنی باوەڕبەخۆبوونیان باریک و پسۆکە. لەم جیهانە هاوتەریبەدا بەشێکی زۆری سێلێبریتە، وەرزشکار و بێژەرەکان وەک وێژەرانی جاران نین کە لە هەوارگەی تایبەتی خۆیاندا تەنیا وەک سەرمایەیەکی سیمبولیک کار بکەن، بەڵکوو "پێ لە بەڕی خۆیان پتر ڕادەکێشن" و هاتوونەتە ناو هەوارگەلی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەمەیش بە دیدی "ئه‌نتۆنی گیدێنز" نیشانەی زیرەکایەتیی ئەوانە و هۆکار و ستراکچەر هەردووکیان دەبنە هۆی ئەم داهێنانە. بەڵام بە نیگایەکی وردتر، هەرچەندی سێلێبریتەکان پتر بێنە ناو واری سیاسی، ئەوەندە ئاستی سیاسەتدانان (Policy making) و دۆزینەوەی ڕێچارە بۆ بەڕێوەبردنی قەیران دادەبەزێت. (هاشمی، 1399) بۆیە "ڕۆسۆ" گوتوویەتی: "نابێ ئەکتەران لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید بکرێن چونکە بەبێ هیچ پسپۆرییەک، تەنیا بە تەکنیکی باوەڕپێهێنان دەتوانن وڵات بگرنە دەست."

زۆربەی سێلێبریتییەکان بۆچوونی ناشارەزایانەی خۆیان، لە ئاستی لێکدانەوەی شۆفێرێکی تاکسی، بە زمانێکی توند و دڵنیا و بە چاوێکی ڕەش و سپی دەردەبڕن و زۆر جاریش مەلایانە دەچنە سەر مینبەر و دەست بە ئامۆژگارییش دەکەن. ئەم دیاردەیە بەپێی نیشانەناسیی دونینگ-کروگەر (Dunning-Kruger) دەرخەری کەسانی لاوازە، کە بەهەڵە پێیان وایە توانایان زۆرە و ئاستی هۆشیان نزمە، بۆیە ئاستی باوەڕبەخۆبوونیان زۆرترە. (امامقلی، 1398) لە ڕاستیدا، ئامانجی شاراوەی ئەم سێلێبریتییانە تەنیا ناوبانگە. تەنانەت ئەگەر ده‌هۆڵی ڕیسواییش ناوبانگیان بداتێ هەر دەیکوتن. تینووێتی بۆ ناوبانگ پەتای ئەم سەردەمەیە؛ ئەم تینووێتییە لە ڕێگەی بەدناوترین ژانری تەلەڤزیۆنییه‌وه‌ بڵێسە دەدات و دەکوژێتەوە. (کشمور، 1395: 280) لەناو کۆمەڵگەی ڕواڵەتبیندا ئەکتەرێک کە لە فیلمێکدا ڕۆڵی ناپلیۆن دەگێڕێت، لە خودی ناپلیۆن بەناوبانگتر دەبێت. بە قەوڵی هاوبیرێک، لەو وڵاتانەی کە هونەر سەکۆیەکی بەنرخی نییە، دەرهێنەرێکی بیرتیژی فیلمێک بەقەد ئەکتەرێکی هۆشکۆڵ ناناسرێت. لەم جۆرە وڵات و کۆمەڵگەیانە "موجتەبا میرزادە" بە ئەندازەی گۆرانیبێژێک ناناسرێت.

کاریگەریی سێلێبریتەپەروەری لەسەر فەرهەنگ

لە جیهانی هاوتەریبدا، بەهۆی میدیاوە، خەریکە لە ژیانی چینایەتییەوە دەگەینە ژیانێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی دیموکراتیکتر؛ لایەنی نەرێنیی ئەم جیهانە ئەوەیە کە زۆر کەس بە ئاست و چینی خۆی قایل نییە؛ هیچ نەبێ بەڕواڵەت لە قاپێلکی خۆی دێتە دەرێ و لە بەرگێکی دیکەدا خۆی نیشان دەدات. لەناو ئەم جیهانە هاوتەریبەدا سێلێبریتی دەبێتە نموونە و مەرجەع و تێیدا سێلێبریتەپەروەری، کە بەرهەمی پیشەسازیی نوێ و دونیای سەرمایەدارییە و کاریگەریی لەسەر فەرهەنگی گشتی هەیە، پەیدا دەبێت. ئەگەر ئەم دیاردەیە کۆنتڕۆڵ و ئاراستە نەکرێت لەوانەیە سیاسەتی فەرهەنگی ئەستەویر بکات. ئیتر هێزە ئاوس و شاراوەکانی ناو کۆمەڵگە، قەیران دەزێنن و بۆ بەتاڵکردنی کۆگه‌ی فەرهەنگ وەخۆ دەکەون. لێرەدایە کە سیاسەت دەتوانێت لەناو داڵانی فەرهەنگی گشتیدا بڕوات و کەلتوور بکاتە کاڵا. بە لایەکەی دیکەدا، هاتنی سێلێبریتییەکانیش بۆ ناو مەیدانی موگناتیسیی سیاسی، کاریگەریی لەسەر فەرهەنگی سیاسی هەیە. هەندێک لە کۆمەڵناسان، ئەم سەردەمە بە "چاخی مۆدێرنیتەی ڕیفلێکسی" دادەنێن کە گۆڕانی فەرهەنگی و سیاسیی پێوەیە. بە واتایەک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگەی "بیرۆکراسی"یان گرتۆتەوە و سێبەریان خستۆتە سەر دەوڵەت؛ دەتوانین بڵێین ئەم تۆڕە ڕۆڵی میدیا و سیاسەتی سێلێبریتییەکان و ڕۆڵی حزبەکانیش دەگۆڕێت. (شریعتی، 2020) تەنانەت لە واری سیاسەتی نێودەوڵەتییشدا دیپلۆماسیی سێلێبریتەیی دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی.

ئەم بابەتە سازەی بژاردەگەرایانە (Elitism)ی دیپلۆماسیی کلاسیکی و سیاسەتی نێودەوڵەتیی گۆڕیوە و سەرنجی گشتیی بۆ بابەتی گرنگ ڕاکێشاوە. لە ڕاستیدا چالاکیی دیپلۆماسیی سێلێبریتەیی، پانتاییی سیاسیی نافەرمیی فراوان کردووە و چەمک و بابەتگەلی ڕۆژانەی نێودەوڵەتیی کردۆتە ناوەندی گوتاری ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی؛ بە جۆرێک کە خەڵک لە ڕەهەندی جوانناسییەوە سەیری سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکەن. (کهرزادە، 1397) لەم کەشەدا خەڵک کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا، بەڵکوو زیاتر وەک ئاوێنەی هەستی خۆیان تەماشای حکوومەت دەکەن. بۆیە بەشێک لە سیاسییەکان دەبنە ڕۆژمەڕەساز (Daily makers) و، خۆراکی هەستی خەڵک بەو سێلێبریتییانەی کە نوێنەری هەستی دەروونیی خەڵکن، لەناو تەلارێکی ئاوێنەکاریدا دابین دەکەن. لە کاتە هەستیار و قەیراناوییەکانیشدا سێلێبریتییەکان هەڕەشەیەک دەکەنە هەل بۆ بزواندنی هەستی هەژاران و خۆیەکی پێ دەردەخەن. لە کاتێکدا ورووژاندنی هەستی کۆمەڵگە لەلایەن سێلێبریتییەکان بە ناپسپۆڕانە، خراپه‌ی پتر دەبێت لە چاکە، بێ ئەوەی خۆیان بزانن.

سێلێبریتەبازاڕی باشووری کوردستان

بە درێژاییی مێژوو، کۆمەڵگەکان پڕن لە کەسایەتیی ژیری کاریگەر و کارسازی ڕەسەن. مێژووی فەرهەنگیی کوردیش لەو کەسایەتییانەی کەم تێدا نییە. ئێستایش بەشێک لە کەسایەتییە زانستی، سیاسی و فەرهەنگییه‌كانی کورد، بوونەتە ناوی نێوده‌وڵه‌تی. لە ڕووی کۆمەڵناسییه‌وه (Sociological)‌، ناسینی کەسایەتییەکان لە کۆندا لە ڕێگەی حیکایەتبێژ و نەقاڵان بڵاو دەکرایەوە، بەڵام بەگوێرەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گەیه‌نەری گلۆبالیزەییدا بێژه‌ری ڕادیۆ و بێژەری تەلەڤزیۆن، کە جۆری مۆدێڕنی وێژەرانی کۆنن، ئەو دەورە دەگێڕن و ڕەوڕەوەی سۆشیاڵ میدیایش لەو ناوەدا بەتاو ڕەوتی گرتووە. جاران بەندبێژان بە خاوەن تۆمارگەیەکیان هەڵدەگوت تاکوو ناوبەدەریان بکات، بەڵام ئێستا بەهۆی تەکنەلۆژیای ڕاگەیاندن و تەکنیکی سۆشیاڵ میدیا ئەوانیش ئیشیان بە ستریۆ نەماوە. بەپێچەوانەی جاران، کە بێژەر و وێژەر ببوونە بڵندگۆی کەسانی مێژووساز، ئێستا بێژەران بوونەتە ئەکتەری سەرەکی و تەنانەت کاروباری سیاسەتیان دراوەتە دەست. بەوەیش ناوەستن و پێیان وایە دەبێ شاعیر و نووسەریش بن، کەچی زۆربەیان مەلەوانی ئەو بەحرە نین و لە یەک دێڕ و ڕستەدا هەڵەکانیان لە ڕاست زۆرترن. ئەم کەلتوورە هاوتەریبە وا دەکات کەسێکی کەمداهات، کە بۆ نانی شەو نیازمەندە، بەبێ ناسینی پێگەی چینی خۆی، کاڵای لۆکس و لاکچەری بە قەرز بکڕێت تاکوو خۆ هەڵمسێنێت. کابرای ئاسایی کە باجه‌ی پارەی وەسەریەک ناوە، دەستبڵاوییەکی ڕواڵەتساز و چاوبەستانە دەکات و وا دەزانێ شازادەی ڕۆمە و بە پارە خۆی بە سەرۆکی عەشیرەت دادەنێت. لەناو ئەم کەلتوورە نەخۆشەدا مەلایەکی زەینکۆڵ، کە تەنیا فیقهی خوێندووە و بە نانی ڕاتبانە و زەکاتی گوندییان ژیاوە، لە جیاتی ئەوەی بە ڕێگەی زانایاندا بڕوات، بە خۆ و بە شاقەلان، بۆ گەیشتنە دەسەڵات لە هیچ ناسڵەمێتەوە و خۆی بە خۆی دەڵێ شێخ. لە ڕاستیدا ئەم کەسانە لەبەر بەهرە و بەرهەم و کارەکانیان بەناوبانگ نەبوونە بەڵکوو کاریان خۆبەناوبانگکردنە بە هەر نرخێک.

سێڕکی سیماسالاری

نەک هەر سێلێبریتییەکان، تەنانەت ئێستا کاریگەریی بێژەر و پەیامنێران لەسەر کۆمەڵگەی لاوان، پترە لەچاو کاریگەریی زانا و پسپۆڕان؛ لە کاتێکدا زۆربەی پەیوەندکار و وتەوەری کۆمەڵگەگەلی پێشنەکەوتوو تەنیا نەقاڵ و ڕاوین، نەک بونیادنەری دامەزراوەی داهێنەری هونەر. واتا لەو جۆرە کۆمەڵگە دواکەوتووانە دەنگی بێژەرێکی خاون قوڕگ و حەنجەرە و تۆنی تایبەت و نایاب، نابێتە دەنگی ئاهەنگینی تیتراژی فیلمێکی نۆستالژیک و پڕتاسەی لەبیرنەکراو؛ چونکە بێژەری بە شێوەیەکی گشتفریوی، بۆتە په‌یژه‌یه‌ك بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بوونە کاربه‌ده‌ستی سیاسی بە شێوەیەکی گۆج. ئەگەرچی نابێ ئەو چاوەڕوانییە لە میدیاکارێک هەبێت کە ببێتە سیمیاگەر، لە فەلسەفەی وێنەزمان و کارکردی زمان و ئەندێشەی ڤیتگنشتاین بزانێت یان لە وزەی تێرمۆدینامیکی وێنە و ئێنێرژیی میکانیکیی فڕێكوێنس تێ بگات، لانی کەم ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە نابێ دەستووری زمان بشێوێنن و دەبێ ئاداب و جوگرافیای قسە پێ بزانن. جگە لەوەی زۆربەی بێژەران ئاستی هۆشمەندی و وێنەسازیی زەینییان لاوازە و توانای پڕژانە سەر پرسگەلی فەرهەنگی و خەڵکناسیشیان نییە، تەنانەت کەمتر گرنگی بە پێوەرەکانی وەک بڕ و برەو، بەرزی و بەرینایی، لەرین و ئاهەنگ، کێشداریی دەنگ و تەکنیکی بەیانیش دەدەن. زیاتر دیاربوون و لاساییکردنەوە و کۆمێدیکارییەکی تاڵ و خۆشیرینکردن بۆتە پیشەیان و، هەروەها کاری دادوەری، بەبێ هەبوونی عەقڵانییەت، بۆتە شانازیی زۆربەی بێژەران بەبێ ئەوەی نیسکێک لە یاسا بزانن. لەم دۆخەدا هیچ بەرهەمێکی ڕسکێنەری هونەری، کە میتۆدی ئەکتینگ (Acting) یان پێرفۆرمەنس (Performance)ێکی تێدایە، بە ئەندازەی وێژەر و بێژەرێک نرخی بۆ داناندرێت. زۆر لە کەسایەتییه‌ زانستی، فەرهەنگی و هونەرییه‌كان، کە شانازیی گەلێکن و سنووری جیهانییان تێ پەڕاندووە، لەلایەن بێژەرانێکی پارەپەرەست هەوڵی شکاندنیان دراوە. ئەم گەوهەرە ئینیاگرامانەی (Enneagram of Personality) کە بە باسمەی میدیای کوردی هەوڵی سمینی کەسایەتییان دراوە، ئەگەر هەروا خەریک بن ئەوە بسەلمێنێن کە بوختانیان پێ کراوە، جگە لەوەی کاتی بەنرخیان بەفیڕۆ دەڕوات، لە هەموو حاڵەتێکدا هەندێک خەڵکی سادەبیر لێی بەگومان دەمێننەوە. ئەم ڕاگەیاندنانە لە جیاتی ئەوەی ببنە ئاوێنەی نموونەسازی فەرهەنگی و ناسێنەی کەسایەتیی شیاو، بوونەتە شکانگەی کەسانی پڕشکۆ و پڕشنگدار. جیاوازیی نەقاڵانی کۆن لەگەڵ زۆرێک لە بێژەرانی نوێ لەوەدایە کە، وێژەرانی جاران لە گەورەیی و ڕەسەنایەتی و فسوونی کەسایەتییە ئەفسانەیییە کاریگەرەکانی ناو داستان و چیرۆکان دەدوان، کەچی ئێستا بێژەرێک جگە لەوەی ئیرەیی بە کەسایەتیی ڕەسەن و زانا دەبات و وردی دەکات، خۆی بۆتە گوڵ قاسم و لە کەشی بێژەرسالاریدا "بەردی گرانتریشی پێ هەڵگیراوە." لە کاتێکدا سێلێبریتەگەلی ئاسۆیی و ئاسایی ناتوانن بە ئەندازەی زانایه‌کی ستوونی، قووڵ ببنەوە و مەکینەی مێژوو ببزوێنن و لە تۆفانی قەیراناندا ببنە فریادڕەس.

هۆکارەکان

هۆکاری مێژوویی و پێكهاته‌یی (Structure)ی سێلێبریتەسازی، لاوازبوونی ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگەیە. لە ڕووی چەندێتییه‌وه‌ هەمیشە ڕێژەی خەڵکی ئاسایی پترن لە زانایان و کەسی ئاساییش زیاتر گرێدراوی هەستە نەک لۆژیک و زانست. لەو بارەوە، بەشێکی خەڵک هێشتا نازانن کە ئایا سێلێبریتییەک بۆی هەیە دەم لە هەموو بابەتە پسپۆڕییەکان بدات یان نا؟ هۆی مرۆییی ئەم دیاردەیە، لاوازبوونی ئاستی زانستیی بەڕێوەبردنی فەرهەنگی و بەرنامەگەلی فێرکارییە کە نەبوونەتە کارخانەی بەرهەمهێنانی کەسانی بلیمەت. لەناو ئەم جۆرە سیستەمە پەروەردەیییانەدا بەشێکی زۆری هونەرپیشە، زانا، وەرزشکار و ڕۆژنامەوانی ڕەسەنیش، کە پێویستە ببنە نموونە، لەبیر دەکرێن یان تەنیا برەندسازییان لێ دەکرێت و دەکرێنە مانکه‌نی ڕیکلام بۆ مەبەستی پارەدۆشین لە گەل. هۆکاری دیکە ئەوەیە، هەندێک بەرپرس و بژاردەی سیاسی، کە ڕەنگە جیاوازیی نێوان ماژەلان (دەریاوانی پورتوگالی) و بێژەرانیش نەزانن، لە جیاتی سوودوەرگرتن لە کەسانی پسپۆڕ و بەڵێندار، سەرنجیان بۆ لای ئەو بێژەر و شێوەهونەرمەندە شیرینکارانە دەچێت کە ئاستیان لاوازە.

ئەم جۆرە بەرپرسانە کاتێک دەبینن بێژەرێک بەنی قسەی لێ ناپسێت و بە هەناسەیەک، بەبێ پاراستنی زریزە و نەزمی ئاخاوتن و ناسینی پەیکەرەی زمانی، ڕستان سواری سەر یەک دەکات و مەلائاسا و نائه‌کادیمییانە لەو لقە باز دەداتە لقێکی دیکەی داری وتە، پێیان وایە ئەو بێژەرە زۆر زیخ و زانایە و کاری گرانی سیاسەتی پێ دەسپێردرێت. جاری وایە بێژەرێک، نەک لەبەر ئاخێوەربوونی، بەڵکوو لەبەر خەمڵاوبوونی خۆشەویست دەبێت و دواتر دێتە ناو بازنەی سیاسی بەبێ ئەوەی ئەزموون و زانستێکی وەهای هەبێت و تەنانەت ئاستی هۆشی بایی ئەوەندە بێت کە بزانێت ئەسبی شەترەنج چۆن لە خاڵی ئەلف دەچێتە خاڵی بێ. ئەم کارەی ئەو جۆرە بەرپرسانە وەک ئەوە وایە زینی زێڕ لە ئەسپی کوێر بنێی. لەگەڵ ئەوەیشدا دیاردەی سێلێبریتەسالاری کاتییە و ڕێک وەک ئەو سەردەمە وایە کە تازە ئۆتۆمبێل دەهاتە ناو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناڤین؛ هەر کەسێک شۆفێری شا، شێخ، خان، حاکم یان بەرپرسێک با، جۆرە فیزێکی هەبوو و وای دەزانی ئەندازیاری فیزیکە. لە ئێستادا زۆر لە هونەرمەندشێوە و پەیامنێرانیش وەک شۆفێرەکانی کۆن دەوریان هەیە؛ زۆر لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندنەکان، چونکە خۆیان بە پەیژەی میدیاکاریدا سەر کەوتوون و زانستی پەیوەندیی میدیا و زانستی فەرهەنگی سیاسی و سیاسەتی فەرهەنگییان کزە، وا دەزانن بێژەرێک شۆفێری چاکە و سۆکانی سیاسەتی دەدەنە دەست.

لە وڵاتێکی دواکەوتوودا کە هزری نیچە نەناسرابێت و بۆچوونی ئەو لەبارەی ئاستی زانستیی ڕۆژنامەنووسان نەزاندرابێت، ئەوا ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێک، کە لەناو جۆگەیەکدا دەخنکێت دەنێردرێتە ناو دەریای سیاسەت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاگەیاندن وەک خانەوادە، قوتابخانە، گرووپی هەڤاڵان و... گەیه‌نەری گرنگن بۆ فەرهەنگسازی و کانگەی ئاگاییدەرین. وڵاتانی پێشکەوتوو، تەنانەت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش، وێڕای ئاراستەکردنیان، کەڵکی ئەرێنی و مرۆڤدۆستانە لە سێلێبریتییەکان وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەخنەیان لێ گیراوە و ئەم کارە بە نیشانەی ناکاریی ئەم دامەزراوانە لە قەڵەم دراوە. تەنانەت ئەو وڵاتە دواکەوتووانەی کە ڕوانگەی کۆمەڵناسییان باشترە، لەچاو وڵاتانی چەقیو بە پلەیەک باشترن؛ لانی کەم ئەوان هەوڵ دەدەن کەڵكی مەبەستدار لە سێلێبریتەی ڕچەشکێن وەرگرن و بیانکەنە ئەستێرەی درۆیین و بۆ ئامانجێکی کورت و کاتی هەوڵ دەدەن پۆبلیکیان بکەن. بەڵام لە وڵاتانی چەقیو ئەو سوودەیش لەو کەسانە وەرناگرن؛ بەڵکوو مینبەردار، هونەرمەند، پەیامنێر و بێژەرانێک دەبنە ئەکتەری سیاسیی ساویلکە و وڵاتێک بەرەو تراویلکە دەبەن.

لێکەوتە

ئەگەرچی دیاردەی سێلێبریتەپەروەری کاتییە، بەڵام لێکەوتەی نەرێنیی درێژمەودای لێ دەکەوێتەوە. بۆ وێنە، جگە لەوەی ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، وەرزشوان و بێژه‌ری باش له کاری خۆیان دوور دەخرێنەوە و پسپۆرییه‌کی دیکه‌یان پێ وێران دەکرێت، لەم جۆرە کەشە ژەهرییەدا گەنجانی شایستە و لێزان تووشی پەرێشانی و ڕەنجی دەروونی و نائومێدی دەبن و ماندوو دەبن لە بیرکردنەوە و دواجار بەهۆی خەمۆکییه‌وه‌ کوالیتیی بەرهەمیان دادەبەزێت. هەروەها، نەشیاوانی باڵادەستیش لەبەر لەخۆباییبوون نابینا دەبن. بەهۆی ئەوەی کە ناوبانگ تایبەتمەندیی سەرەکیی فەرهەنگی سیاسیی مۆدێرنە (Street, 2004: 130)، لە کۆمەڵگە کاستییەکاندا ئەم کارە دەبێتە هۆی شێوانی فەرهەنگ و دروستبوونی کۆمەڵگەی سێلێبریتیزە و مۆدگەرا. لاوی کەم ئەزموون، کە لەناو سیستەمێکی لاوازی خوێندن و پەروەردەدا بەژن هەڵدەدات، وا دەزانێت گەورەترین کەسایەتی ئەوەیە ببیە سلێبریتییەکی کەشخەی هێرشبەر و کلیپکار. ئیتر ئەو لاوە بۆ ئەوە کار ناکات زانستی ئابووری فێر بێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات بە قسەیەکی نازانستیانە ناوبانگێکی فەیکی چینی (کەلوپەلی ساختەی چینی) بۆ خۆی بتاشێ و خۆشحاڵ بێت. هەر ئەو کەسە دوای ئەوەی بە پەیژەی پرۆمۆتدا (Promote) سەر کەوت، ئەوکات بە نانێکی زیاتر ڕوانگە حزبییەکەیشی دەگۆڕێت و دواجار لە تەرازووی خۆیدا مرۆڤایەتی دەکاتە شمەکێکی هەرزان. ئەوان ئەگەر لەو ڕێگەیەوە نەگەنە پۆستێک، ئەوجار پۆزی ئۆپۆزیسیۆن بەرز دەکەنەوە. هەندێکیشیان تەنیا بۆ ئەوەی بگەنە ناوبانگێکی باهێن لەناو میدیا خوارترەکاندا، بە لۆبی و سپۆنسەری جۆراوجۆری مارکێتینگ دەبنە ڕیکلامکار.

لەناو ئەم چواردیوارە بێبان و بنەدا، ڕکابەری بۆ بوونە سۆپەرستاری بێڕیشە، ڕەو دەگرێت و دواجار هەرچی ئەڵماسە دەکەوێتە ژێر خۆڵی بێهیوایی. لە ئاکامدا وڵاتانی پێشکەوتوو دەبنە ڕاکێشەری بژاردەی ڕەسەن و ژیر، وڵاتانی دواکەوتوویش دەبنە ستێجی مۆدێلینگ. لە کەشی بتسازی لە سێلێبریتییە ناڕەسەنەکان گەنجانی نەگەییو پێیان وایە کەسانی کاڵایییانە بەرزەمرۆڤن و ئیتر ئەم باوەڕە لەناو سەری ئەواندا بەسەختی دەسڕێتەوە؛ چونکە جگە لە گۆڕاوەی میراتی و جیناتی، گۆڕاوی کەشیش کاریگەریی لەسەر باوەڕی گەنج هەیە. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە سەرچاوەکانی پەروەردە زیاترن لەچاو سەردەمی پێش بەجیهانیبوون، واتا، سێلێبریتەکانیش بوونەتە سەرچاوەی کاریگەر لەسەر ڕەفتاری گەنجان (کوچکزایی، 1397: 104)؛ ئەم نموونەسازییە نەرێنییە مەترسیی فرەی پێوەیە و ڕکابەرایەتی بۆ بوون بە کەسی ناڕەسەن هەراوتر دەبێت. ئەم بیرکردنەوە کووڕە دەبێتە هۆی ڕەوگرتنی پتری هەستی گێڵتی پلێژەر (Guilty Pleasure). گێڵتی پلێژەر واتا گوناهێکی خۆش؛ بۆ وێنە، کەسێکی پارادۆکسیکال بە حەزەوە گوێ دەداتە گۆرانییەک کە هیچ جوانییەکی هونەریی دڵنشین و واتاییی تێدا نییە؛ ئەگەر بشزانێت کەسێک ئاگای لێیە، بەپەلە دەنگی کەم دەکات بۆ ئەوەی کەم نەهێنێت؛ ئەو جۆرە گۆرانییە گێڵتی پلێژەری ئەو کەسەیە. (نصرالهی، 1398) هەندێک لایەنی سیاسییش بە تەکنیکی گەلفریواندن کەڵکی کاتی و ئاوەژوو لە گێڵتی پلێژەرەکان وەردەگرن.

زۆر سێلێبریتە و بورجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەن کە گێڵتی پلێژەری زیاتریان هەیە لەچاو شارەزایانی هونەروەری پڕجەوهەر؛ تەنانەت زۆر لە سیاسییەکانیش هەواداری ئەو جۆرە کەسانەن و میدیا و مەیدانیان دەدەنێ بەبێ ئەوەی ئاسۆ و دوورەدیمەنی داهاتوو و لێکەوتی فەرهەنگی لەسەر گەنجان بە چاوێکی کۆمەڵناسانە و دەروونناسانە ببینن. لە کاتێکدا، تەمەنی نەوجەوانی کاتێکە کە گەنج بە دوای کێیەتی و ناسنامه‌سازی کەوتووە، بەبێ ئەوەی بناغەی زانیاری و ناسینی پتەوی هەبێت. لەو تەمەنەدا گەنج زیاتر خەریکی نموونەوەرگرتنە لە دەوروبەر. بەڵام لە کۆمەڵگەی گێڵتی پلێژەریدا گەیشتن بە سۆپەرستاری نەرێنی و ئەستێرەی ناڕەسەن، دەبێتە گەنجینە و ئاواتی گەنجان. بە واتایەک زۆربەی لاوانی بێئامانج حەز ناکەن ببنە کەسایەتیی زانستی، بەڵکوو دەیانەوێ ببنە سەرتۆپی ئینستاگرام و ئاواتیان ئەوەیە ناو و وێنەیان بچێتە سەر پلاکارد و بیلبۆردی شەقامەکان و لەوێوە بکەونە بەر چاوان. لە ڕووی دەروونناسی، تەمەنی گەنجی سەردەمێکی سەختە؛ لەو سەردەمەدا جگە لە گۆڕانی دەروونی و ئێپی جێنیک (epigenetic principle of maturation) (کوچکزایی، 1397: 109) گۆڕانی بنەڕەتی لە سیستەمی بیۆکیمیایی (Biochemistry)ی مێشکیشدا ڕوو دەدات.

ئەم قۆناغە کاتی هەیەجان، هەڵچوون و دەرکەوتنی نەخۆشییە دەروونییەکانە؛ کاتی بەدواداگەڕانە بۆ ناسنامه‌ی کەسی و هەڵبژاردنی شێوازی ژیان. لەو قۆناغەی ژیاندا، ئەگەر بناوانی نمۆی گەنج زانستییانە هەڵبەسترابێت، دەتوانێت پێناسەیەکی چوارچێوەدار لە خۆی و نموونە هەڵبژێردراوەکانی بکات و بگاتە ئاستی بەرزی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەگەر ئەو بەستێنە لەبار نەبوو، گەنج خۆی لێ ون دەبێت و دەکەوێتە ناو وێرانەی پووچستان و لە ئاکامدا تووشی قەیرانی ناسنامه‌ دەبێت و نموونەی کەسایەتیی نەرێنی و نزم دەبێتە خۆشترین هیوای ژیانی. ئیتر ئەو کەسە سوودێکی بۆ خۆی و دەوروبەری نابێت و بەرێکی هونەری، زانستی و کۆمەڵایەتییش نادات؛ بەڵکوو تەنیا دەیەوێ، بە هەر نرخێک، بگاتە نان و ناوێک. ئەو جۆرە گەنجە دڵناسکە زوو زیز دەبێت؛ بیری قووڵایییەکی نییە و ئەگەر بەڕواڵەت پەڕتووکێکیش بخوێنێتەوە وەک پەڕ و تووک بە هەوادا دەڕوات و ناچێتە ناو کەللـەی! دواتر هەوڵ دەدات بڕوانامەیەکی زانکۆیی، بۆ دانانی پێشگری دال و دکتۆر بە ناوەکەی، پەیدا بکات و ئیتر دەبێتە سەفسەتەکار و یاری بەو چەند وشەیە دەکات کە بیستوویەتی بەبێ ئەوەی ماکە و دەزگه‌ی چەمکێک بزانێت. ئەو کەسانە زوو خۆریان ئاوا دەبێت؛ ئیتر ئەوکات تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن و ئیرەیی و حەسادەت کاری خراپتریان پێ دەکات. بەوەیش ناوەستن؛ هەوڵ دەدەن بێهیوایی لەناو لاواندا بڵاو بکەنەوە.

دەرکەوتە

ئەگەرچی هەندێک لە سێلێبریتییەکان ڕۆڵی ئەرێنییان لە فەرهەنگسازی و پێشهاتە سیاسییەکان بینیوە و لە کاری خۆیشیاندا سەرکەوتوو بوونە؛ بۆ وێنە، زۆر لە هونەرمەندانی ڕەسەنیش بوونەتە جەمسەری ڕێز و بەرهەمێنی مانا، نموونە و نۆڕم؛ هەروەها ڕۆژنامەنووسی تیژبین و زیرەک هەن کە خزمەتیان کردووە؛ مەلای زانا و گرانی وا هەیە کە بەشارەزایی لە عیلمی کەلام، حیکمەت، فەلسەفە، زانستگەلی پۆزیتیڤیستی و مۆدێرن نیگایەکی بەرینی بۆ پێشکەوتن و ڕەهایی لە سندم و سەندرۆمی دۆگماتیزم هەیە؛ بەڵام هەر ئەم ڕێگەیانە بوونەتە هۆی ڕاکێشانی کەسانی هەڵپەرست، تاکوو هونەر، میدیا و مینبەر بێننە خزمەت ناوی خۆیان. دەسەڵاتدارانیش بەبێ ئەوەی نیگەرانی بەشی فەرهەنگی سیاسی بن، بۆ ئامانجێکی کاتی کەڵکی نەرێنی لەو سێلێبریتییانە وەردەگرن. نموونەسازی لەو جۆرە سێلێبریتییانە، کە لە میدیاکاندا بۆتە دیاردەیەکی باو، ژەهرێکە دەدرێتە نەوەی داهاتوو و لە ئاییندەدا زیانەکەی وەدەر دەکەوێت. هەر ئێستایش کاتێک سێلێبریتییەکی باشوور لەگەڵ نموونەی زانستکاری وڵاتێکی دیکەی جیهانی سێیەم دەکەونە بەرانبەر یەکتر، ئاست و مەودای جیاوازییەکانیان زۆرە. بە زمانێکی دیکە، ئەگەر سۆپەرستارێکی لاڕێ، کە کیسەڵانی دەڕوات و مەیدانی مامزی پێ دراوە، بچێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو، قەت ناگاتە پێگە و پیشەیەکی جێی شانازی. لێرەدا بە نیگای زیانناسانە پێشنیاری دروست ئەوەیە کە پێویستە دامەزراوەگەلی پەیوەندیدار، بە ڕوانین لە پێناسەکانی جیهانی سێیەم، لە جیاتی بەرنامەی کورتمەودای "بێستانی"، بیر لە سیاسەتی ستراتیژی و درێژمەودای وەک "باغداری"ی فەرهەنگی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئامانجی گۆڕینی فەرهەنگی سیاسی بێتە بەر. پێویستە سەرچاوەکانی پەروەردە بە زانستی سیاسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی کاری فەرهەنگسازی بکەن و، هەروەها بە فامێکی سیاسی و دیدگەی ناسنامه‌سازانە، بە ئامرازی زانستی مێژوو و فەلسەفە، بەرنامەڕێژی بۆ ڕاگەیاندنەکان بکەن.

سەرچاوەکان

امامقلی، مهدی (1398)، سلبریتیها مغزهای کوچک، جیبهای بزرگ، تهران: کیهان.

دەصوفیانی، اعظم (1398)، مرجعیت سلبریتیها در مسائل اجتماعی؛ با تأکید بر فرصتها و تهدیدها در فضای مجازی، تهران: فصلنامه مطالعات ڕسانه­های جدید، شمارە 5.

شریعتی، محمدتقی (2020)، خوشگذرانی سلبریتیها در سیاست، باشگاه اندیشه، https://bashgah.net.

علیخواه، فردین (1400)، سیاست، سلبریتی، سطحی شدن، https://www.khabaronline.ir.

کشمور، الیاس (1395)، فرهنگ شهرت، ترجمه احسان شاەقاسمی، تهران: پژوهشگاه فرهنگ، هنر و ارتباطات.

کهرزادە، یاسر (1397)، دیپلماسی سلبریتی و جذابیت و سادەسازی سیاست بین الملل در ادراک عامە، فصلنامە تحقیقات سیاسی بین الملل، شماره 37.

کوچکزایی، مصطفی، مجیدرضا فیضیان، محمدحسین شاەآبادی (1397)، بررسی سلبریتی سازی در رسانه و بحران هویت نوجوان در جامعه، فصلنامه جامعه، فرهنگ و رسانە، شماره 29.

نصرالهی، صوفیا (1398)، لذت گناەآلود؛ از جوجو مویز تا جین آستین روی پرده سینما، www.digikala.com.

هاشمی، شهناز، مهدی سلطانی فر، علی گرانمایەپور (1399)، خلاقیت سلبریتیها در اینستاگرام بر فرایند سیاست گذاری عمومی، فصلنامه ابتکار و خلاقیت در علوم انسانی، شماره 4.

 

Street, J. (2004). Celebrity Politicians: Popular Culture and Political Representation. The British Journal of Politics and International Relations, 6(4), 435–452.