پەیوەندیی نێوان ئینتیمای نیشتمانی و گەشەسەندن

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی، زانکۆی بەنگۆر

پێشەکی

ئەلێکسی دووتوکڤیێل ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: "زانستی هاوبەندیی کۆمەڵایەتی (انسجام الاجتماعی)، دایکی گشت زانستەکانە؛ پێشکەوتنی گشت بوارەکان، بەندە بە پێشکەوتن لەم زانستەدا."[1] زانایانی بواری گەشەسەندنی سیاسی وەک لۆشیان پای، ساموێل هانتینگتۆن، دێڤید ئاپتێر لەسەر ئەوە کۆدەنگن کە گەشەسەندنی فرەڕەهەند پێویستی بە ئاستێکی بەرز لە هاوبەندی/ئینسجامی نیشتمانی هەیە. هاوبەندییش نایه‌تە دی تا ئەو کاتەی کە تاکەکانی کۆمەڵگه‌ بە ئاستێکی دیاریکراو لە ئینتیما (وەفاداری)ی نیشتمانی نەگەیشتبن. بە واتایەکی سادە، تاک هەست بکات کە هەست و بابەتێک هەیە کە بە نیشتمانەکەی خۆی گرێ دراوە و خۆی بە هاووڵاتیی ئەم نیشتمانە هەژمار بکات و ئەم هەستەی لە لای دروست بێت کە نیشتمان بەرگری لە هاووڵاتیی خۆی دەکات. ئەم بەرگرییە هەم بە مانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ هاووڵاتی دێت، هەمیش بە مانای بەرگریکردن لە هێرشی دەرەکی. ئەمەیش کرۆکی ئینتیما و وەفاداری بۆ نیشتمان دروست دەکات.

هەر کاتێک ئینتیما بۆ نیشتمان دروست بوو، ئەوکات تاک هەموو تواناکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەرەوپێشبردنی نیشتمان؛ لە هەمبەردا نیشتمانیش دەرفەت بۆ پێشکەوتنی هاووڵاتییەکە دەڕەخسێنێت. بەم پێیەیش پەیوەندیی نێوان ئینتیما و گەشەسەندن، پەیوەندییەکی دوولایەنەیە. هەر کاتێک ئاستی یەکێک بەرز بێتەوە، لە ئاستی ئەوەی تریش بەرز دەبێتە و، پێچەوانەكه‌یشی ڕاستە. لە حاڵی حازردا، هەرێمی کوردستان بە جۆرە قەیرانێکی ئینتیما بۆ نیشتمان دەرباز دەبێت کە لە درێژخایەندا کاریگەری لەسەر ژێرخانی گەشەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. مەبەست لە گەشەسەندن لێرەدا، بریتییە لە پرۆسەیەکی خۆشبوونی دۆخی ژیان کە گشت هاووڵاتیان لێی سوودمەند بن.

ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بە مەترسی هەژمار دەکرێت، بریتییە لەوەی کە ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دەسەڵاتی سیاسی، گۆڕدراوە بۆ دژایەتیکردنی نیشتمان و وەفادارنەبوون بە نیشتمان، کە ئەمەیش کۆمەڵێک هۆکاری کەڵەکەبووی هەیە؛ بەڵام لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ٢٠١٧، ئەم هەستە زۆر بەرفراوانتر بووە. کەواتە دەتوانین بەم دەرەنجامە بگەین کە تەنیا فاکتەرە ناوخۆیییەکان هۆکاری دابەزینی ئینتیمای نیشتمانی نین، بەڵکوو هۆکارە دەرەکییەکانیش بەشدارن و مەترسیدارتریشن؛ چونکە ئەگەر فاکتەرەکە دەرەکی بێت کەواتە ئەمە پرۆژە و پرۆسەیەکە، کە بە سیسته‌ماتێک بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر هۆکارەکانی لاوازیی ئینتیما لای هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری.

واتای گەشەسەندن

گەشەسەندن واتای بەرفراوانی هەیە و پێناسەیەکی یەکگرتووی نییە. کارل دویچ لە كتێبی "ناسیۆنالیزم و جۆرەکانی" دەڵێت، پێکهاتەکانی گەشەسەندن بریتین لە: دابینکردنی پەروەردە و خوێندنی گشتی، تەندروستی گشتی، هەلی کار، بەپیشەسازیبوون، گەشەسەندنی ئابووری، ڕێگه‌وبان، بەندەرەکان، هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ و مافی دەنگدانی گشتی. ئەگەر سەیری ئەم پێناسەیە بکەین، دەبینین کە لە هەرێمی کوردستان ئەم پێکهاتانە کەم تا زۆر بۆ گشت هاووڵاتیان دابین کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەیەکسانی نییە؛ بۆ نموونە دەکرێ ڕێگەوبانی گوندێک تەواو قیڕتاو کرابێ، بەڵام كۆمه‌ڵێك گوندی تر بێ ڕێگەبان بن. لێرەدا هەستێک دروست دەبێت کە لە دژی دەسەڵاتی سیاسی بوەستێتەوە بە بیانووی ئەوەی کە نایەکسانی لە دابەشکردنی سەرچاوەکان هەیە. واتە ئەو بابەتەی کە زانایانی ئابووری و سیاسەت زۆر تیشکی دەخەنە سەر کە بۆ هێنانەدیی گەشەسەندنێکی یەکدەست، پێویستە سەرچاوەکان بەیەکسانی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت؛ بەڵام لەم بابەته‌دا کێشە لە هەرێمی کوردستان هەیە. بۆ نموونە، لە بواری مووچە خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان جار باسی لەوە کردووە کە ٨٠٪ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ ٢٠٪ی مووچەخۆر دەچێت و تەنیا ٢٠٪ی داهات بۆ ٨٠٪ی تری دانیشتووان دەمێنێتەوە کە هەمدیس خودی مووچەخۆرانیش لەم ٢٠٪دا بەشدارن؛ بۆ نموونە لە بەکارهێنانی ڕێگه‌وبان، نه‌خۆشخانەی گشتی و قوتابخانەی گشتی.

هۆکارەکانی دابەزینی ئینتیمای نیشتمانی

پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان حوکمڕانی و ئینتیمای نیشتمانیدا هەیە؛ هیچ حوکم و حکوومەتێک تا سەر بەردەوام نابێ، ئەگەر هاووڵاتی، ئینتیمای بۆ نیشتمان نەبێ. ئەگەر سەیری پێوەرەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی بکەین، ئەم پێوەرانەی لەخۆ گرتووە[2]:

  • دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
  • یەکگرتوویی و هاوبەندیی کۆمەڵایەتی
  • ئاستی بژێویی ژیان
  • ئاستی توانای تاک و لێهاتوویی

کێشەی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان بریتییە لەوەی کە ئەگەر بەجودا خوێندنەوە بۆ هەر یەک لەم پێودانگانە بکەین، دەبینین کە کێماسیی بەرچاو دەبینرێت و هەر پێودانگێک کاریگەری لەسەر پێودانگی تر دروست دەکات و دواجار گشتیان کاریگەری لەسەر ئینتیمای نیشتمانی دروست دەکەن. بۆ نموونە، سەبارەت بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەیاننامەی ساڵی ٢٠٠٦ی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناونیشانی "دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە جیهانێکی کراوەدا: ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان"[3] (Social Justice in an Open World: The Role of the United Nations) پێناسەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات بەوەی کە "بەگشتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، واتە دابەشکردنی بەویژدانانە و هاوسۆزانەی دەرەنجامەکانی بوژانەوەی ئابووری." بەپێی ئەم پێناسەیە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و داهاته‌وه‌ هەیە. ئەمەیش کێشەیەکە کە لە هەرێمی کوردستان زۆر زەق و بەرچاوە و یەکێک لە هۆکارەکانی بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی دادپەروەری بوو لە دابەشکردنی سەرچاوەکانی داهات. هەر بۆیەیش لە تەوەری یەکەم، ماددەی یەکەمی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە کە "کار دەکەین بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە مووچەخۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچییەک کە لەم کەرتە کرابێت؛ ئەمەیش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو."[4]

هەرچی تایبەتە بە پێوه‌ری ئاستی بژێویی ژیان، بەپێی ڕاپۆرتی ده‌سته‌ى‌ ئامارى ‌ھه‌رێمى ‌كوردستان کە لە ٢٨/٣/٢٠٢٠ بە ناوی "ڕاپرسیی ڕای گشتی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان" بڵاوی کردۆتەوە، تێیدا ٤٩٠٣٧ کەس بەشدار بوونە و ڕێژەی نزیکەی ٧٤٪ کێشەی ئابوورییان هەیە و ٤٤٪ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەورەترین گرفت کە تووشی بوونەتەوە، بریتییە لە بێکاری. زیاد لەمەیش بەپێێ ڕاپۆرتی (Kurdistan future 2020) کە وەزارەتی پلاندانان بڵاوی کردۆته‌وە، مه‌زه‌نده‌ کراوە، تا ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٨٥٠ هەزار تا ١.١ میلیۆن کەس لە هەرێمی کوردستاندا داوای کار بکەن؛ هاوکات نزیکەی ١.٢ میلیۆن کەس لە تەمەنی ١٥ ساڵان بۆ سەرەوە خەریکی کارکردنن. ئەم ڕاپۆرتە گریمانەی بوونی باردۆخی ئاساییی بۆ هەرێمی کوردستان دەکرد و چاوەڕوانی سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنای نەکردووە. کەواتە بە لێکەوتە جیهانییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر بازاڕ و کەرتی نەوت و ڕەچاوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەکرێ گریمانە بکرێت کە دۆخی ئابووری بەرەو قورستربوون بڕوات.

کەواتە ئەگەر ئەم پێوەرانە پێکەوە گرێ بدەین و هۆکارەکانی وەک بوونی ئۆپۆزیسیۆنی نابەرپرسیار لە هەرێمی کوردستان، ململانێی نێوان حزبە سیاسییەکان، سیاسەتەکانی حکوومەتی بەغدا و وڵاتانی هەرێمی لە دژی هەرێمی کوردستان بخەینە بەرچاو، دەبینین کە گشت ئەم فاکتەرانە هۆکارن بۆ لاوازبوونی ئینتیما (پابەندی و وەفاداری)ی هاووڵاتی بۆ نیشتمان؛ بە ڕەچاوکردنی ئەم ڕاستییەی کە تا ساڵی ٢٠٢٥، لە کۆی حەفت ملیۆن دانیشتووی هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن کەس دەگەنە تەمەنی گەنجی کە جیهانبینیی جیاوازیان لەگەڵ جیهانبینیی دەسەڵات و خێزانەکانیان هەیە. لە هەموو ئەمانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد و بە خوێندنەوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەم، دەبینین کە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دابەشکردن (distribution crises)ی سەرچاوەکان هاتووە. ئەم قەیرانە لە زانستی گەشەسەندندا گرنگیی تایبەتی پێ دراوە.

کارکرد (ئه‌رك)ی دابەشکاریی هەر سیستەمێکی سیاسی، بریتییە لە دابەشکردن پارە، کاڵا، خزمەتگوزارییەکان و دەرفەتەکان بەیەکسانی بەسەر خەڵکدا. ئەگەرچی قەیرانی دابەشکردن لە کایە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات، بەڵام تەرکیزی سەرەکی لەسەر کایەی ئابوورییە؛ چونکە قەیرانی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی، دەچێتە چوارچێوەی قەیرانی بەشدارییەوە. لە قەیرانی دابەشکردندا، خەڵک داوای دەسکەوتی ماددی دەکات، چونکە بیرۆکەی باو بریتییە لەوەی کە حکوومەت بەرپرسیارە لە ئاستی بژێویی ژیانی خەڵک. لە زۆرێک لە وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا (گه‌شه‌ستێن)، حکوومەت گرنگییەکی ئەوتۆ بە کێشەی دابەشکردن نادات. لەم جۆرە حکوومەتانەدا ژمارەیەکی کەمی خەڵک یاخود چەند ناوچەیەک، گرنگیی پێ دەدرێت. چارەسەرکردنی قەیرانی دابەشکردن، یارمەتیی کەمکردنەوەی بۆشایی لە نێوان "یەکسانی" و "توانایی" دەدات[5].

ئەگەر بەشێکی زۆری سامانی وڵات لەناو دەستی ژمارەیەکی کەمی نوخبەدا کۆ ببێتەوە، ئەوکات وڵات تووشی قەیرانی دابەشکردن دەبێت. وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندان و تەرخانکردنی "سوبسید" (یارمه‌تیی حكوومی) بۆ چینە کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگه، بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی دابەشکردن دەگەڕێتەوە. کارکردی دابەشکاریی سیستەم، پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ کارایی سیستەم هەیە. ئەگەر سیستەمی سیاسی، خاوەن کارایی ئابووری نەبێت، کەواتە قەیرانی دابەشکردن دروست دەبێت؛ چونکە سەرەتا پێویستە سامان بەرهەم بهێنرێت، دواتر دابەش بکرێت[6].

لەگەڵ ئەمەیشدا کێشەیەکی تری قووڵی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت کە کاریگەریی لەسەر ئینتیمای سیاسی کردووە، کە ئەویش بریتییە لە زۆریی ناوەندەکانی هێز کە زۆر جار ڕکابەرێتیی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن یاخود بەربەست لە هەمبەر کردەکانی دەسەڵاتی سیاسی دروست دەکەن. بۆ ماکس وێبه‌ر دەسەڵاتی سیاسی یاخود حکوومەت بریتییە لە دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی کە بە سەرتاسەری نیشتماندا بڵاو بووەتەوە. گرنگیی ئەم بڵاوبوونەوەی دەسەڵات لە سەرتاسەری نیشتمان لەوەدایە کە، هەم یاساکان، هەم خزمەتگوزارییەکان، هەمیش سیستەمی بیرۆکراسی و بەرگریکردن، بوونی لە تەواوی وڵاتدا دەبێت و ئەم فاکتەرانە دەبنە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتی هەست بکات دەسەڵاتێک هەیە کە پارێزگاری لە گیان و ماڵ و ئاسایشی هاووڵاتی بکات؛ لە هەمبەردا هاووڵاتییش خۆی پابەند بە نیشتمان دەبینێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بوونی نەما و ناوەندەکانی هێز زۆر و فراوان بوون، بابەتێک دێتە کایەوە کە لە گەشەسەندنی سیاسیدا بە قەیرانی چوونەناوەوە (Penetration Crisis) ناو نراوە. چوونەناوەوە ئاماژەیەکە بە چۆنێتیی جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکوومەتی ناوەندی لە سەرتاسەری وڵاتدا. واتە چوونەناوەوە پەیوەندیی بە گشت سیستەمی سیاسیی حکوومەتەوە هەیە. چوونەناوەوە دوو ڕەهەند لەخۆ دەگرێت: ڕەهەندی یەکەم ئاماژەیە بە تواناییی حکوومەتی ناوەندی لە بەدیهێنانی چوونەناوەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی به‌رزیخوازی (طموح) و ئاراستەی ئەو کەسانەی کە سیاسەت دادەڕێژن. دووەم: بریتییە لە قبووڵکردن یاخود ڕەتکردنەوەی سیاسەتی سیاسەتداڕێژەران لەلایەن کۆمەڵگه‌وە.

قەیرانی چوونەناوەوە بەهۆی گوشاری جەماوەری بۆ سەر نوخبەی سیاسی دروست دەبێت؛ بەو مەبەستەی کە ڕاددەیەک لە گۆڕانکاری لە دامەزراوەکانی حکوومەتدا ئەنجام بدەن. کەواتە قەیرانی چوونەناوەوە هەروەک قەیرانی دابەشکردن، پەیوەندیی بە گۆڕانکاری لە کارکردەکانی حکوومەت و بەدواهاتەکانی سیستەمی سیاسییەوە هەیە. لە قەیرانی چوونەناوەوەدا دەردەکەوێت کە ئەم قەیرانە ئاماژەیە بەوەی کە پێویستە حکوومەتی بەرقەرار، سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە گشت دانیشتووان لەخۆ بگرێت؛ چونکە ئەم قەیرانە مامەڵە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەکات. بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، حکوومەت  هەوڵ دەدات تا دەسەڵاتی بڕیارداڕشتنی حکوومەت بەرفراوانتر بکات و بتوانێت بچێتە ناو سەرتاسەری وڵاتدا. نیشاندەرە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بریتین لە نەبوونی متمانە بە پرۆسەی گەشەسەندن لەلایەن خەڵکەوە (بەتایبەتیش لەلایەن ئەو کەسانەی کە لە حکوومەت و سەرکردایەتیی سیاسییەوە زەرەرمەند بوونە)، بێبەشکردنی سیاسی و لێکجیاکاریی نەتەوەیی و ئایینی و زمانی[7]. دەکرێ باس لە دوو نموونەی تریش بکەین کە کاریگەری لەسەر ئینتیما بۆ نیشتمان دروست دەکات. بۆ نموونە، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پتر لە ٣٧٪ی خاکی "پارێزگای دهۆک"یان داگیر کردووە؛ کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری ده‌خاته‌ سەر چۆنێتیی گەیاندنی خزمەتگوزاری لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بۆ ئەم ناوچانە و، هۆکارێکیشە بۆ چۆڵکردنی ئەم ناوچانە لەلایەن هاووڵاتیان و بەره‌نگاربوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن خەڵکەوە؛ چونکە هاووڵاتی چاوەڕوانە لە دەسەڵاتی سیاسی کە بەرگری لە گیان و ماڵی بکات، کەچی هۆکاری دەرەکی ڕێگرە لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. یاخود لە هەندێ دەڤەری هەرێمی کوردستان زۆر جار گوێبیست دەبین کە فەرماندەیەکی سەربازی، بەتایبەتیش لە دەڤەری گەرمیان، ڕێگری دەکات لەوەی کە حکوومەت بتوانێت خزمەتگوزراییە گشتییەکان بۆ ناوچەیەک ببات یاخود کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئیداری لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات؛ چونکە ئەمە بە زیانی فەرماندە سەربازییەکەیە کە کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی کردووە.

لێکەوتە نەرێنییەکانی دابەزینی هەستی ئینتیمای نیشتمانی

- لە ڕووی سیاسییەوە

کەمبوونەوەی هەستی ئینتیما، لێکەوتەی فرەڕەهەندی هەیە؛ گشت ڕەهەندەکانیش کاریگەری لەسەر یەکتری دادەنێن. یەکێک لە ڕەهەندە هەرە سەرەکییەکانی دابەزینی هەستی ئینتیما، بریتییە لە دروستبوونی هەستی بێباكیی سیاسی (political indifference) لەلایەن هاووڵاتییەوە؛ واتە هاووڵاتی خۆی لە هەمبەر نیشتمان و ڕووداوە سیاسییەکان بە بەرپرسیار نازانێت. بێباكیی سیاسیی (یاخود گوێپێنەدانی سیاسی) شێوازێکە لە پرۆتێستۆکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هاووڵاتییەوە؛ بەو بیانووەی کە دەسەڵات بە هی خۆی هەژمار ناکات. لەم حاڵەتەدا، هاووڵاتی نە بەشداری لە بنیاتنانی نیشتمان و پرۆسەی سیاسی دەکات، نە گرنگی بە ڕەوتی ڕووداوەکان و داهاتووی وڵات دەدات[8].

کاتێک کە دۆخی بێباكیی سیاسی چالاک دەبێت، دەرەنجامەکانی بریتین لە بەشدارینەکردنی سیاسی، بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان، ئاژاوەگێڕی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی، بەرنگاربوونەوەی دەسەڵات و دواجار کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات. لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دۆخەکە بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارترە، چونکە خودی هەرێمی کوردستان لە جەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ ژینگەی دەوربەری خۆی؛ دەکرێ ئەم جەنگە، جەنگی چەکداری بێت، وەک نموونەی داعش و جەنگ لەگەڵ ڕژێمی بەعسی عێراق، یاخود ناڕاستەوخۆ بێت وەک ئەو ململانێ و ناکۆکییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان لە لایەک و حکوومەتی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، لە لایەکی ترەوە، لە ئارادایە. مێژووی سیاسیی سی ساڵی ڕابردووی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی-جوگرافیی هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەم ڕاستییەیه‌ و دواجاریش هێرشەکانی داعش و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان نموونەی زیندووی ئەم جەنگە بەردەوامەن. بۆیە لەو جۆرە کۆمەڵگه‌یانەی کە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە دۆخی جەنگی بەردەوامدان، دابەزینی هەستی نیشتمانی، کاریگەری دەکاتە سەر ڕاددە و ئاستی بەرگریکردن لە وڵات؛ واتە ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ئەنجامی هەر هێرش و هەڕەشەیەکی دەرەکی، هاووڵاتی ڕازی نەبێت بەرگری لە وڵات بکات. چوونی پتر لە ٦٠٠ گەنجی کورد بۆ ناو ڕێزەکانی داعش، دەکرێ نموونەیەکی بچووکی ئەم دۆخە بێت؛ یاخود کۆچی بەلێشاوی گەنجی کورد بەرەو بیلاڕووسیا لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١، دەکرێ نموونەیەکی تر بێت.

- لە ڕووی ئابوورییەوە

لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەرییەکانی دابەزینی هەستی ئینتیمای نیشتمانی بەرچاوترن، چونکە دابەزینی هەستی ئینتیما بەو مانایە دێت کە هاووڵاتی و بەتایبەتیش نەوەی گەنج و دواتر چینی سەرمایەدار، بڕوای بە داهاتووی وڵات نییە. بۆیە بەهۆی کۆچی گەنج، هێزی کار و دەستی کاری شارەزاش بەرەو دەرەوە ڕا دەکات. سەرەڕای ئەمەیش سەرمایەدار کە پێویستە لە کەرتە بنەڕەتییەکانی پیشەسازیی ناوخۆیی سەرمایەگوزاری بکات، سەرمایەکەی بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازێتەوە یاخود لە هەندێ کەرتی بێبەرهەمی وەک کەرتی بیناسازیدا سەرمایەگوزاری دەکات، چونکە لە ماوەیەکی کەمدا سوودێكی زۆری هەیە. خودی ئابووریی وڵاتیش لەسەر ئەم سێکۆچکەیە بنیات نراوە (سێکۆچکەی هێزی کار، شارەزایی و سەرمایە). ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئەگەر پایەیەک لەم سێکۆچکەیە تێک چوو، کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر دوو پایەکەی تری سێکۆچکەکە. زیاد لەمەیش سەرمایە و دەستی کاری شارەزا، پێویستی بە سەقامگیریی دەروونی و سیاسی هەیە بۆ وەگەڕخستن. دەکرێ وڵات لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بێت، بەڵام تا تاک لە ڕووی دەروونییەوە هەست بە سەقامگیری نەکات، سەختە وزە، توانا و سەرمایەکەی لە ناوخۆی وڵاتدا وەگەڕ بخات، بەڵکوو بەردەوام بە دوای دەرەچەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لە وڵات.

- لە ڕووی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەوە

نەبوونی ئینتیمای نیشتیمانی، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دەروونی تاک دەکات؛ واتە دۆخێک دێتە ئاراوە کە تاک لە دڵەڕاوکێی بەردەوام لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری خۆیدا بێت. ئەم دڵەڕاوکێیە دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی دەروونی لەلایەن تاکەوە کە دەرەنجامەکەی بریتییە لە نەبوونی متمانە بەوانی تر. کۆی گشتیی ئەم نەبوونی متمانەیە، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرە بەرە سەرهەڵدانی نەبوونی متمانەی کۆمەڵایەتی، هەم لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و هەمیش لە نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسیدا؛ کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا کە دواجار ئەم دۆخە دەبێتە هۆی هاتنەدیی دۆخی بێنەزمیی کۆمەڵایەتی (social disorder). هیچ توێژینەوەیەکی تایبەت بە گەشەسەندنی سیاسییش بوونی نییە کە جەخت لەوە نەکاتەوە، کە بنەمای گەشەسەندن واتە، بوونی نەزمی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی.

پوختە: چی بکرێت باشە؟

هەروەک پێشتر باس کرا، دیاردە مرۆیییەکان دیاردەی هەمەڕەهەندن؛ ئەمەیش وا دەکات چارەسەری ئەم دیاردانە جۆراوجۆر بێت. لێرەدا بەکورتی ئاماژە بە هەندێ ڕێگەچارە دەدەین کە دەکرێ چارەسەری سەرەکی بن.

یەکەم، یەکێک لە چارەسەرییە هەرە گرنگەکان، کەمکردنەوەی ململانێ و ناکۆکیی ئاشکرای نێوان حزبە سیاسییەکانە. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠، سەنتەری OkCupid ڕاپرسییەکی ئەنجام داوە و پرسیارێکی هاوبەشی گەڵاڵە کردووە. پرسیارەکە ئەوە بوو کە، "ئایا دەتوانی هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسێکدا بکەیت کە بۆچوونی سیاسیی جیاوازی لەگەڵ تۆ هەبێت، تەنانەت ئەگەر کەسەکە خۆشەویستەکەیشت بێ؟" وەڵامی ئەم پرسیارە لە ساڵی ٢٠١٩ بریتی بووە لەوەی کە ٥٣٪ی بەشداربووان بە "نەرێنی" وەڵامیان داوەتەوە؛ واتە ناتوانن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسە بژین. ئاستی وەڵامدانەوەی نەرێنی بۆ هەمان پرسیار لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە ٦٠٪ کە ناتوانن لەگەڵ کەسێکدا بژین کە بۆچوونی سیاسیی جیاوازی هەبێت[9]. ڕێنیشاندەری بۆچوونی جیاوازی سیاسییش لە نێوان هاووڵاتیاندا، بە پلەی یەکەم سەرچاوەکەی بۆ حزبە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە کە لە ڕێگەی کۆبوونەوەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن جیاوازییەکان دەخەنە بەردەم کۆمەڵگه. ئەگەرچی ڕاپرسییەکی بەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ڕاپرسییە هاوشێوەکان، دەبینین کە ئەم مەترسییە لە هەرێمی کوردستانیشدا هەیە، کە دەکرێ جیاوازییە سیاسییە قووڵەکانی نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ئینتیمای نیشتمانی دروست بکات. بەو واتایەی کە چه‌ندی ناکۆکیی نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان قووڵتر بێت کە دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەری لەسەر ژیانی تاکەکان، لە هەمبەردا دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتی.

ئەمە بە مانای ئەوە نایه‌ت کە دوودەستەیی لە کۆمەڵگه‌دا بەتەواوی لەبەین دەچێت، چونکە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەدات کە لایەنگری حزبە سیاسییەکان بەبەردەوامی دژایەتیی یەکتر دەکەن؛ تەنانەت ئەو کاتانەی کە ئەولەویەتە سیاسییەکانی ئەم حزبانە لێکنزیکیش بن[10]؛ بەڵام گرنگ ئەوەیە نەگاتە ئاستی کاریگەریخستنە سەر هەستی ئینتیما بۆ نیشتمان، چونکە ئەم دووبەرەکییە لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێتە هۆی تەرخانکردنی بوودجەیەکی زەبەلاح بۆ کەرتێک کە ئەگەر خەڵک پابەندی ڕێنمایییەکان بوونایە، ئەم بوودجەیە دەکرا لە کەرتەکانی تر بۆ پەرەپێدانی وڵات تەرخان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەیش زۆرترین تیشک دەخرێتە ناکۆکی لە نێوان دوناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ئانتۆنی فاوچی، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاریی تەندروستیی دۆناڵد ترامپ کە هەردووکیان بۆچوونیان لەبارەی پەتای کۆڕۆنا جیاواز بوو و ئەمەیش کاریگەریی خستە سەر بۆچوونی خەڵک سەبارەت بە پابەندبوون یاخود پابەندنەبوون بە ڕێنمایییە تەندروستییەکان و دواجار ئەم ناکۆکییە زیانی بە بوودجەی گشتیی ئەمریکا گەیاند.

دووەم، بەهێزکردنی ناوەندەکانی هزر و توێژینەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، بەڕێوەبردنی دیبەیتی زانستی و ئایینی لەسەر گرنگبوونی ئینتیما بۆ نیشتمان، سەربەخۆییی دادوەر و سیستەمی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ گشت هاووڵاتیان بەیەکسانی. گشت ئەم ڕێکارانە وا دەکەن کە هاووڵاتی هەست بە بوونی خۆی بکات، چونکە ئەم ڕێکخراو و دامەزراوانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، ڕۆژانە و بەبەردەوامی، بەراستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتی لە پەیوەندیدان.

سێیەم، پەخشکردنی ئەو فیلم و بەرنامانەی کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمای نیشتمانی لە ڕادیۆ و تەله‌ڤزیۆنەکان. ئەمەیش سیاسەتێکە کە لە گشت وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەکرێت؛ چونکە پەیوەستە بە پرسی ئاسایشی نیشتمانی و، خودی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنیش بە بەشێک لە ئامرازەکانی پرۆسەی مۆبالیزەکردن و بەکۆمەڵایەتیبوون (socialization) هەژمار دەکرێن.

چوارەم، شەفافسازی لە بواری داهات و خەرجییەکانی حکوومەت. ئەوەی کە ئێستا هاووڵاتی زۆر گرنگیی پێ دەدات، بریتییە لەوەی کە لە وێنای هاووڵاتیدا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی گەندەڵە کە خەریکی تاڵانکردنی وڵاتە؛ پێویستە ئەم وێنایە لە ڕێگەی شەفافییەتەوە بگۆڕدرێت.

 

سەرچاوەکان:

[1]جواد موسوی خوزستانی، توسعە ملی، همبستگی در کثرت گرایی،

http://ensani.ir/file/download/article/20120614194443-9188-13.pdf

[2]  حمید ڕجب نسب، بررسی تئوریک توسعه، گوناگونی قومی و همبستگی ملی،  مطالعات ملی ١٣٨١ بهار شماره٩

[3] Social Justice in an Open World The Role of the United Nations, 2006, https://www.un.org/esa/socdev/documents/ifsd/SocialJustice.pdf

[4] هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

https://gov.krd/government/agenda/

[5] Leonard Binder (1971) Crises of Political Development, In Leonard Binder, et al, Crises and Sequences in Political Development, Princeton University Press, USA. PP. 3-73

[6] Akbar Ghafoori1 & Esmail Ahmadi Kafrudi (2016) Political Development and the Influential and Distributive Crises, Journal of Politics and Law; Vol. 9, No. 5, PP, 220-229.

[7] Leonard Binder (1971) Crises of Political Development, In Leonard Binder, et al, Crises and Sequences in Political Development, Princeton University Press, USA. PP. 3-73

[8]Stefania  Varnero  Rawson,Political  Indifference:     a  Progressive  Disempowerment  of  Democracy  or  a  Collective   Disenchantment  with  Democracy? https://www.readcube.com/articles/10.2139%2Fssrn.2440266

[9] The Future of Dating, August 2020, https://theblog.okcupid.com/the-future-of-dating-b6755d5011c0

[10] Anne Wilson et al, 2020, Polarization in the contemporary political and media landscape, Current Opinion in Behavioral Sciences, Volume 34, August 2020, Pages 223-228