ئەو دەمەى لە گەمەیەکی ناڕۆشندا لەگەڵ یاریزانێکی یاخیبوودا وازی دەکەیت

(خوێندنەوەیەک بۆ زیهنییەت و ڕەفتارى سیاسیی موقتەدا سەدر لە زۆنێکی پڕخەوشدا)

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

موقتەدا سەدر: میراتگرێکى بەرهەڵستکار

ناوی "موقتەدا محەمەد محەمەد سەدر"ە و لە 4/8/1974 لە شارى نەجەف لەدایک بووە. تەمەنى لە 48 ساڵی نزیک دەبێتەوە. هاوسەرەکەى ناوى "ئەسماء محەمەد باقر سەدر"ە؛ واتە کچی مامى خۆیه‌تی. کوڕی چوارەمی مەرجەعی شیعیی پێشووى عێراق "محەمەد محەمەد سادق ئەلسەدر"ە. سێ براى هەیە بە ناوى "مسته‌فا"، "موئه‌مه‌ل"، "مورته‌زا". منداڵی نییە. تا پۆلی سێی ناوەندى لە قوتابخانەى حکوومى خوێندوویه‌تی، دواتر لە ساڵی 1988 پەیوەندیی بە خوێندنى حەوزەوە کردووە. یەکێکە لە سەرکردە شیعییە کاریگەرەکانى عێراق و ناوچەکە و لەسەر ڕێڕەوى دوازدە ئیمامییە. لە بنەماڵەیەکی دیاری سیاسی و ئایینیی شیعەى عێراقن. لە ڕوی مێژووى سیاسییەوە باپیرى موقتەدا "محەمەد حەسەن ئەلسەدر" لە ساڵی 1948 سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە؛ لە هەمان کاتیشدا ئەندام و سەرۆکی ئەنجومەنى پیرانی عێراقی ئەوکات بوو.

باوکیشی "محەمەد محەمەد سادق ئەلسەدر" (1943 – 1999) یەکێکە لە سەرکردە و مەرجەعە شیعییەکانى عێراق. خاوەنى زیاتر لە 56 بەرهەمی نووسراوە. بەرهەڵستکارێکی سەرسەختى حوکمى بەعس بوو؛ ئەوە بوو لە 19/2/ 1999 کاتێک لەگەڵ دوو کوڕی (مصطفى و مؤمل) لە نەجەف لە نوێژى هەینى دەگەڕانەوە ماڵ، ئۆتۆمبێلێك ڕەدوویان کەوت و خۆی و دوو کوڕەکەى کوژران. بەڵام "سەدام حوسێن" خۆى لەو بابەتە بێبەرى کرد و ڕای گەیاند کە گوایە کوشتنەکەى بەرەنجامی ناکۆکیی ناو حەوزەى نەجەفە. ئێستا تەنیا دوو برا لەو بنەماڵەیە ماون به‌ ناوه‌كانی "مورتەزا" و "موقتەدا". موقتەدا هەر لە ساڵی 1999وە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بووە و لە بەرهەڵستکارییشەوە دەستی پێ کردووە؛ هەر لە ڕاپەڕینەکانى ساڵی 1991 له‌ زۆربەى شارەکانى عێراق و ڕاپەڕینەکەى ساڵی 1999ى چەندان شارى شیعەنشین لە باشوورى وڵات. هەر ئەمەیش واى لە موقتەدا کرد کە ئەو میراتە هەڵبگرێتەوە و لەسەر هەمان ڕێچکەى باوکی بڕوات؛ چونکە لە لایەک کەسی تر لە بنەماڵە ئەو توانایەى نەبوو؛ ئەویش حاڵی ببوو کە ئەوان بۆ هەڵگرتنى ئەو بەرپرسیارێتییە لە ڕەوتەکانى ترى شیعەى عێراق لەپێشترن. کەواتە موقتەدا سەدر: ئەوەندەى لەگەڵ سیاسەت تێکەڵە، کەسێکی زانستى-شەرعی-شیعی نییە و ئەو هەستى بەرهەڵستکارییەیشی کە هەیەتى، بەمیرات بۆى ماوەتەوە و ژینگەکەیشی لە ڕووى ئایینى و مێژوو و لایەنگرانییەوە تەواو بۆى ڕەخساوە.

سوارچاکی ڕۆڵگێران یان قارەمانى پرس

لە بنەماڵەیەکی بەرهەڵستکار گەورە بووە. زوو هاتۆتە ناو ژیانی سیاسیی بەرهەڵستکارییه‌وه‌. زوو هەڵدەچێ و کەم پێ دەکەنێ. خۆى بە خەمخۆرى شیعەى ستەملێکراو دەزانێ. ڕۆژێک ڕیشی ڕەشە، دواتر خەنەیی، لە کۆتاییشدا سپى؛ بەڵام هەمیشە لە وتارداندا پەنجەى بەرز کردۆتەوە بەرامبەر ئەوانى دیکە: یان هەڕەشە دەکا، یان قسەى کۆتایییان پێ دەڵێ، یان مەبەستى ئاڕاستەکردنە، کە هەرسێ حاڵەتەکە وا دەبینرێن کە هەمیشە لە هەڕەشەکردندایە. وا ڕەفتار لەگەڵ ئەوانى تردا دەکات بەوەى کە ئەو مەرجەع و سەرکردە و خەمخۆرى گەلە. زۆر بێمنەتانە ڕەفتار دەکات، بەوەى کە گوایە هیچی نییە لەدەستى بدات؛ تەنیا ئەوەندە نەبێت کە وا خۆى دەردەخات ئەو دەنگى هەژارانی شیعەى عێراقە و بەرپرسیارێتییەکى شەرعی و نیشتمانى لەو بارەیەوە لەسەرە؛ ئەو هەژارانەیش کە لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق ڕۆژ لە دواى ڕۆژدا لە زیادبووندان.

گەرچی ڕەوتى سیاسیی موقتەدا زۆر بەرز و نشێوە، بەڵام تا بڵێى ناهەموارە. هەمیشە پاڵپشتیى شۆڕش و خۆپیشاندانەکان دەکات، بەڵام زۆربەى جاران پشتى تێ کردوون. ئەمڕۆ ڕێکكەوتن دەکات، بەیانی بەرهەڵستکارە، دواتر هاوپەیمان؛ هەر بۆیە زۆر جاران دەچێتە ناو چەندان هاوپەیمانیى دژوار و پێچەوانە، هەروەک چۆن لەگەڵ شیوعی و لیبراڵ و نەتەوەیییەکان لە ساڵی 2018 کردى. لەو بارەیەوە تۆمەتى ئەوەى دەدەنە پاڵ کە گوایە سەرکردەیەکی تەواو پراگماتیستە و تەنیا بەشوێن بەرژەوەندیى خۆیدا وێڵە؛ ئەمەیش وتەى "قەیس خەزعەلی"یە کە تا جیابوونەوەى لە موقتەدا سەدر، پیاوى دەستەڕاستى ئەو بوو. مەزهەبگەرایەکی شیعیی عەیارە 24ه‌، بەڵام بە نەکهەى نەتەوەیی-عەرەبی-شیعی؛ هەر بۆیە گوتارەکانى، زیاتر عێراقیبوونیان پێوە دیارە نەک مەزهەبی. چاودێرە سیاسییە ئەکادیمیستەکان دەڵێن ڕێکكەوتن لەگەڵیدا ئاسانە، بەڵام گه‌رەنتیوونى قورسە.

موقتەدا سەدر زۆر جەخت لەسەر پشت و پەناى گەل دەکاتەوە. هەر کاتێک بیەوێ دەیانهێنێتە سەر شەقام، هەر کاتێکیش بیەوێ لێدوان دەدات، بەبێ ئەوەى جەماوەر لەبەرچاو بگرێ. هەڵبەز و دابەزی سیاسیی زۆرە و بەڕوونى بە ڕەفتارى سیاسییەوە دیارە، بەڵام دواتر وەک دەرچە خۆى بە جەماوەرەوە دەگرێتەوە و سەرلەنوێ خۆى قایم دەکاتەوە پێیان. هەمیشە لە هەوڵی نوێکردنەوەى گیانی شۆڕشگێڕی و بەرهەڵستکارى و ئاڕاستەکردن بووە دەرهەق بە دەسەڵات. تەواو ڕەواجی بە خۆى داوە وەک میحوەرى فیکرى و مەرجەعی بۆ شیعەکانى وڵات و، چەندان مانۆڕى سیاسی دەکا و خرۆشانی جەماوەرییشی بۆ دەڕەخسێنێ. ئەمەیش واى لێ کردووە کە ببێتە گەورەترین ڕەوتى جەماوەریى شیعەى عێراق. ئەم هەستەیش تەواو لەگەڵ فەلسەفەى بەرهەڵستکاریى شیعیدا یەک دەگرێتەوە. ئێستا ڕووى لە دەسەڵاتە، دواتر کاتێک دەسەڵات دەکەوێتە چنگى خۆى، بەرەو ئەو شوێنە ئاڕاستەى دەکات کە مەبەستیەتی.

موقتەدا سەدر خۆى پێشنوێژى هەینییە لە مزگەوتى کوفە. باوەڕی بە فرەبۆچوونی نییە. دەیەوێ ئەوانى تر تەریک بکات و تەنیا خۆى بە کاریگەرى بمێنێتەوە لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەیش پەیوەندیی لەگەڵ حوسی و حزبوڵڵای لوبنان زۆر باشە. موقتەدا سەدر گەرچی هەر لە تەمەنى لاوییەوە لە حەوزە دەخوێنێ و چەندان جار بۆ تەواوکردنى خوێندنەکەى چۆتە قوم لە 2002 و 2008 و لە ئێران ماوه‌ته‌وه‌، بەڵام تا ئێستا ئەوەى کە لەو بارەیەوە بەدوایدا وێڵە، چنگى نەکەوتووە، ئەویش پلەى "ئایه‌توڵڵا" (آية الله)یه‌. ئەوەیش پێویستى بەوە هەیە کە دەبێ کەسەکە بگاتە پلەى "موجته‌هید" (المجتهد)، بەڵام ئەو تا هەنووکە پلەى حوجه‌تولئیسلام" (حجة الاسلام)ی پێ بەخشراوە. ئەوەیش تەواو نیگەرانى کردووە، چونکە مەبەستى کۆتاییی ئەو بەمەرجەعبوونییەتى بۆ شیعەکانى عێراق، نەک تەنیا لە ڕووى سیاسییەوە کە ئێستا هەیەتى بەڵکوو لە ڕووى مەزهەبییشەوە. موقتەدا سەدر تا قۆناغی ئێستا قارەمانێکی سیاسی بووە کە ڕۆڵێکی گێڕاوە نەک سوارچاکی پرسێک بووبێ؛ ئەمەیش واى لێ کردووە کە ستراتیژییەتەکەى تەنیا تا ئاستى وەزارەت و بەرهەڵستکاریى سیاسەتەکانى دەسەڵات بێت نەک حوکمکردن. ئەگەر مەبەستى ئەو گەیشتنە دەسەڵات بێت، پێویستە ئەو ڕۆڵە پێچەوانە بکاتەوە؛ بەوەى ببێتە سەرکردەى پرس نەک تەنیا ڕۆڵگێران.

ئایا موقتەدا سەدر دەتوانێ ئەو ڕۆڵە ببینێ؟

گەرچی وەڵامەکە تا ڕاددەیەک ئەستەمە، بەڵام بەڵێ دەتوانێ، ئەویش بەوەى کە چەندان پێوەر لەو ژینگە سیاسی و مەزهەبی و جەماوەرییەى کە تێیدا دەژى، هاوکارن، وەک:

  • موقتەدا سەدر لە سیاسەتمەدارێکی هەڵچووى گەنجەوە، ئێستا فێری گەمەى سیاسی بووە.
  • بوونى پشتیوانییەکى جەماوەریى باش، به‌تایبەت لە پایتەختى وڵات کە هاوکێشە سیاسییەکانى تێدا یەکلایی دەکرێنەوە؛ وەک شارى سەدر لە بەغدا کە زیاتر لە دوو ملیۆن شیعەى سەر بە سەدرى تێدا دەژین. ئەگەر تەنیا ئەو شوێنە بە پێوەر بگرین، دەگەینە ئەو ئه‌نجامەى کە 25%ی دانیشتووانى پایتەخت کە پێک هاتووە لە شیعە و سوننە، لایەنگرى ئەون و هەر کاتێک مەبەستى بێت دێنە سەر شەقام.
  • هەر حکوومەتێک کە لە ڕۆژانى داهاتوودا پێک بهێنرێ، دەکەوێتە ژێر گوشار و ئاڕاستە و کاریگەریى ئەو و ئەجێنداکەى.
  • پشتبەستووە بە هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەکەى شیعە و سوننە و کورد؛ بەوەیش ئەوانەى ناڕازین، لە سێگۆشەیەکی بەرتەسکدا ماونەتەوە؛ یان دەبێ بێنە ناوەوە یان بەرهەڵستکارى بکەن. بەمەیش بارودۆخەکە لە هەمووان تێک دەچێ. کەواتە حکوومەتێکی یەکانگیر لەو نێوه‌نده‌وه‌ دێتە ئاراوە.
  • لە پەرلەمان خاوەنى 73 کورسییە؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانیى دەکەن و بە هەرسێکیان زیاتر لە 50+1ی پەرلەمان بۆ یەکلاییکردنەوەى بڕیارەکان پێک دەهێنن. بەمەیش سەقامگیری لەسەر ئاستى پەرلەمانیش دێتە ئاراوە.
  • بوونى میلیشیاى تایبەت بە خۆى. گەرچی بڕیارى وەستاندنى چالاکییەکانیانى داوە، بەڵام مێژووى ئەو، ئەوە دەسەلمێنێ کە هەر کاتێ مەبەستى بوو، بەگەڕیان دەخاتەوە و دەکەونەوە چالاکی. واتە هێزێک هەیە لە کۆتاییدا ئەگەر ئەوانى تریش پشتى لێ بکەن، بتوانێ پارێزگارى لە خۆى بکات. هەر لەلایەن خۆیشییەوە سەرکردایەتیى ئەو گرووپە چەکدارانەى کردووە وەک: "الجیش المهدی"، "اللواء الموعود"، "سرایا السلام". ئێستایش گرووپی "سرایا السلام" لە ڕووى ژمارەوە بە گەورەترین گرووپی چەکدارى شیعە دادەنرێت لە عێراقدا.
  • کۆنترۆڵکردنى پێگە و شوێنە بازرگانییه‌كان و مەزارەکانى شیعە لە پارێزگاکانى بەغدا، نەجەف، سامەڕا، کە لە ڕووی بازرگانى و ڕەوتى مەزهەبگەرایییەوە لە قازانجی ئەو شکاوەتەوە. موقتەدا سەدر کۆنترۆڵی نەجەف و کەربەلاى کردووە. هیچ گرووپێکی تر بێ ئەو لەو شارە بڕیارى بۆ نادرێ. لایەنگرانیشی کۆنترۆڵی کازمیە و سامەرایان بەدەستە. بە مانایەکى تر، مەرجەعییەتى باڵا کە "سیستانی"یە، لەژێر هەژموونى ئەودا جووڵە و گوفتارى هەیە. هەڵوێستەکانیشیان تا ڕاددەیەکی زۆر هاوتەریبن. ئەمەیش ڕێگە بۆ ئەو خۆش دەکات سەبارەت بۆ بوون بە مەرجەع لە ئاییندەدا. حەوزەى نەجەف گەرچی وەک میرات بە هی خۆیانی دەزانێ، ئێستا هەر بەو دیدەوە سەرنجی دەدات و، خۆیان بە حەقتر دەزانن کە مەڵبەندی بڵاوبوونەوەی مەزهەبی شیعەن. ساڵی 1967 حەوزەى نەجەف نزیکەى 16 هەزار قوتابی و دوو هەزار مامۆستاى هەبوو، بەڵام دواى حوکمى بەعس و به‌تایبەت لە ساڵی 1991 کەم بووه‌وە بۆ 500 قوتابی. بەڵام دواى ڕووخانى حوکمى بەعس، دەست کرایەوە بە کار و، ئێستا زیاتر لە 15 هەزار قوتابی هەیە و 40 موجتەهیدیش هەن کە پێیان وایە تواناى ئیجتهادیان هەیە. ئەمەیش ئەوە دەردەخا کە پێش ڕووخانى حوکمى شا لە ئێران، ئەوەندەى حەوزەى نەجەف پێگەى هەبوو، حەوزەى قوم نەیبوو. ئەو حەوزەیەیش ئێستا زۆرێکی لەژێر هەژموونى موقتەدا سەدردایە. هەر بۆیە "چوارچێوەى هەماهەنگى" لە ئاسۆدا ئاییندەیەکی داخراو بۆ خۆیان دەبینن؛ بەوەى موقتەدا سەدر دەتوانێ لە زۆر ڕووەوە دەستبەسەریان بکات و ماڵباتی شیعە دەکەوێتە چنگى موقتەدا و ئەویش بە ئارەزووى خۆی و ئەجێنداکەى، سەرلەنوێ نۆژەنى دەکاتەوە و کەرەستەى پێویستیشی لەو بارەیەوە لەبەردەستدایە. ئاماژەکانیش لەو بارەیەوە ئەوە دەردەخەن کە موقتەدا سەدر پەلە بە ڕووداوەکان دەکات لە پێناو یەکلاییکردنەوەى پرسی مەرجەعییەت پێش مردنى سیستانى، کە زۆر لە تەمەندا بەرەوژوور چووە و ئێستا تەمەنی لە تێپەڕاندنى 92 ساڵ نزیک بۆتەوە.

کەواتە زۆربەى پانتاییی قووڵاییی ستراتیژیى ڕەوتى شیعە لە عێراق لە ڕووى سەربازی و مەرجەعییەت و جەماوەر و بڕیارى سیاسییه‌وه‌، ئێستا کەوتۆتە چنگی موقتەدا سەدر.

  • پشتیوانیی نێودەوڵەتى لەسەر ئاستى دەوڵەتان و نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەو هاوکێشەیەی کە موقتەدا سەدر بۆ عێراقی نوێ مەبەستیەتی و، کەمکردنەوەى نفووزى ئێران و دەرهێنانى عێراق لەو چەقبەستوویییە سیاسییەى تێی کەوتووە.

ئەجێنداى موقتەدا سەدر بۆ قۆناغی ئێستا

موقتەدا سەدر بۆ قۆناغی ئێستا جەخت لەسەر چەند ڕەهەندێک دەکاتەوە، لەوانەیش:

  • پرۆسەى چاکسازیی سیاسی و نەهێشتنى گەندەڵیی دەستەبژێرى سیاسی.
  • گۆڕانکارى لە بونیادی ژێرخانى کارى سیاسیی عێراق؛ ئەمەیش زیاتر لە ڕێگەى پەرلەمانەوە دەبێ.
  • دروستکردنى حکوومەتێکی تەکنۆکرات و دوور لە سیاسەت.
  • ڕەتکردنەوەى سیاسەتى بەشبەشێنە.
  • گێڕانەوەى عێراق بۆ دۆخی ڕاستەقینەى خۆى لەسەر هەردوو ئاستى ناوخۆیی و هەرێمی و، تا دەکرێ کەمکردنەوەى نفووزى ئێران، نەک دژایەتیکردنى.
  • بەسێنتراڵکردنى هێز لە دەستى دەوڵەت؛ بەمەیش تەواوى ڕەوتەکانى سەر بە ئێران و هێزی پێشمەرگە دەکەونە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە موقتەدا پێشتر گرووپە چەکدارەکانى شیعەى بە "میلیشیا دزێوەکان" ناوزەد کردبوو.

پەیوەندیی سەدر بە "چوارچێوەى هەماهەنگی"یەوە

سەدر باوەڕی تەواوى بەوەیە کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دوژمنى زۆرە و زۆر ئاستەنگی دێتە پێش، لەسەروو هەموویشیانەوە ڕەوتە شیعییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانێ پەیوەندییان لەگەڵدا بپچڕێنێ، تا بەرەى دژ بە ئەو فراوانتر نەبێ. زۆر بەلایەوە ئاسایییە هاوپەیمانێتییەکانى زوو زوو بگۆڕێ. هەر بۆیە هاوپەیمانێتییه‌كانی سەدر لەگەڵ لایەنەکان تەمەنیان کورت بووە. زۆربەى جارانیش بە بیانووى گەڕانەوە بۆ گەل، خۆى لێ قوتار کردوون. گوتە ناودارەکەیشی لەو بارەیەوە ئەوەیە: "من هاوڕێی کەس نیم جگە لە گەلی عێراق نەبێ." وەک چاودێران بۆى دەچن، ئەگەر هات و دووچارى بێهیوایی بوو، پاشەکشە دەکات و خۆى بێبەرى. بەڵام دەکرێ لەو نێوەدا چوارچێوەیەک بۆ پەیوەندییەکانى سەدر لەگەڵ هەماهەنگی دابنێین:

  • ئەوەندەى کە دەرکەوتووە، هیچ حکوومەتێک بەبێ چوارچێوەى هەماهەنگی پێک نایە؛ ئەگەرچى هەموویشیان نەبن، بەڵام لە کۆتاییدا بۆ ڕازیکردنى موقتەدا، مالیکی لە دەرەوەى بازنەکە دەهێڵنەوە.
  • حکوومەتى نوێی عێراق هه‌ماهه‌نگیی تەواوى لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دەبێت.
  • هاوکێشەى پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە و دۆسێی ئەتۆمی، کاریگەرییان بۆ سەر پەیوەندیی نێوان چوارچێوەى هەماهەنگى و سەدر دەبێت.
  • هەماهەنگی مەبەستیانە کاریگەرییە نەرێنییەکانى سەدر لەسەریان، بەتایبەت لە ڕووى هێزەوە، کەم کەنەوە و بوونیان هەر بمێنێ.
  • باشترکردنى پەیوەندی لەگەڵ سەدر لەلایەن هەماهەنگییەوە تاکتیکی دەبێت نەک ستراتیژی، ئەویش لە پێناو سێ هۆکارى سەرەکی: دابینکردنى کاتى پێویست تا دەگەنە هەڵبژاردنى داهاتوو، یان دروستکردنى بارودۆخێکى نەخوازراو بۆ بڕیاردان بە هەڵبژاردنى پێشوەختە و ڕێگریکردن لە پێکهێنانى حکوومەت و بەرتەسککردنەوەى کابینەى نوێ لە ڕووى کاتەوە؛ بۆ نموونە ئەوه‌ چوار مانگ تێ پەڕى و تا ئێستایش هیچ ئاسۆیەک لەو بارەیەوە دیار نییە؛ گێڕانەوەى سەرلەنوێی هاوسەنگی بۆ بەرژەوەندیى خۆیان لە ماوەى ئەو کاتەى دێتە پێشیان، هەوڵدان بۆ نمایشکردنى خۆیان وەک فریادڕەس و ناشیرینکردنى سەدر لە بەردەم جەماوەر و گێڕانەوەى هاوپەیمانیی شیعی لە دەسەڵات و یەکگرتوویییان وەک جاران.

پەیوەندیی سەدر لەگەڵ ئێران

بۆ ئەو مەبەستەیش جەخت لەسەر چەند ڕەهەندێک دەکەینەوە:

  • بۆ ئەم قۆناغە کار بە پڕه‌نسیپی "زەرەر لە نیوەى بگەڕێتەوە باشترە" دەکەن؛ بەوەى ئەگەرچی موقتەدا سەدر بە مالیکی ڕازی نییە، دەکرێ ئەوانى ترى هەماهەنگى بچنە ناو حکوومەتى زۆرینەوە.
  • ئەو حکوومەتەى عێراق بەڕێوە دەبات، دەبێ شیعی بێت؛ بە هیچ شێوەیەک بەدەر لەوان لەلایەن ئێرانەوە قبووڵکراو نییە؛ هەروەک چۆن "عەلی ئەکبەر ویلایەتى"، گەورە ڕاوێژکارى ڕابەرى باڵاى ئێران لەو بارەیەوە ڕای گەیاند: ئێران بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابێ لیبراڵی و شیوعییەکان جارێکی تر حوکمى عێراق بگرنە دەست.
  • ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە وەک ئەزموون بۆیان دەرکەتووە، ئەو دۆخە ناهەموار و ناسەقامگیرەى عێراقی تێ کەوتووە، پێویستى بە موقتەدا سەدر هەیە؛ لە لایەک چەندان کێشەى سیاسی و تەنگژەى حکوومەتى یەکلایی کردۆتەوە، لە لایەکی تریشەوە بۆ هێشتنەوەى عێراق لە ئاشوب و دڵەڕاوکێدا موقتەدایان لا پێویستە، کە دەتوانێ چەندان هاوسەنگی لە ڕێگەى بەکارهێنانى لایەنگرانییەوە یەکلایی بکاتەوە. هەر بۆیە ئێرانییەکان لە 2007 ئەوەیان خستۆتە بەرباس کە دەبێ هەماهەنگیی باشیان لەگەڵ موقتەدا سەدر هەبێ، چونکە کەسایەتییەکى کاریگەرە لەسەر ئاییندەى عێراق.
  • موقتەدا هیچ کات سەرکێشیی ئەوە ناکات کە تەواوى ڕەوتەکانى سەر بە ئێران وەلا بنێ و لە حکوومەتى ئاییندەدا بەشدارییان پێ نەکات، بەڵام لە دانیشتنەکەى چەند ڕۆژێک لەوە پێش، لەوە گرنگترى بە "قائانى"ی گوتووە ئەویش: بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندییەکانى ئێران لە عێراق ناخاتە مەترسییەوە و چەندان گه‌رەنتییشی لەو بارەیەوە بە قائانیی داوە؛ لە سەرووى هەموویانەوە موقتەدا باش دەزانێ دوورخستنەوەى چوارچێوەى هەماهەنگی لە بەشداریى حکوومەت، مانای بەرچاونەگرتنى ئاسایشی نیشتمانیى ئێران دەگەیەنێ و دووچارى ڕووبەڕووبوونەوەى دەکات لەگەڵیدا، کە چارەنووسەکەى نادیارە و لە بەرژەوەندیى موقتەدا نییە.
  • هەماهەنگی بە هیچ شێوەیەک بەوە ڕازی نابن بکرێنە ئۆپۆزیسیۆن؛ شوێنکەوتەییى موقتەدا سەدریشیان قبووڵ نییە. بۆیه‌ لەم نێوەندەدا هەوڵی پێکهێنانى حکوومەتى تەوافوقی دەدەن؛ ئەگەر نەکرا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوبەشێکی ڕاستەقینەى حوکم بن کە تامی تەوافوق بدات.

پەیوەندی بە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە

بۆ ئه‌م مەبەستە چەند پێوەرێک لەو بارەیەوە قوت دەبنەوە كه‌ ئه‌مانه‌ن:

  • ئەمریکا بەناڕاستەوخۆیی هەر لە 2020ه‌وە پشتیوانی موقتەدا سەدرە لە پێناو کەمکردنەوەى نفووزی ئێران؛ هەرچەندە لە هەمان کاتدا لە 2003وە لە سەرەوەى ئەو لیستەدایە کە لەلایەن ئەمریکاوە داوا کراون و بە تیرۆریست ناسێنراون. ئەمەیش جۆرێک لە دووبارەبوونەوەى ئەزموونى ئەفغانستانە لە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و بزووتنەوەى تاڵیبان.
  • هیچ حکوومەتێک بەبێ هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق دروست نابێ، بەڵام لەو بارەیەوە ئەمریکییەکان لەبەر هەستیارى، تەنانەت هیچ لێدوانێکیان نەداوە؛ ئەوەندە نەبێت پەیامەکانیان لە ڕێگەى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ لایەنە عێراقییەکان دەنێرن.
  • ئەو حکوومەتەى کە دروست دەبێ، نابێ تەوافوقی بێت، بەڵام دەبێ هاوسەنگی بۆ پرۆسەى سیاسیی عێراق بگێڕێتەوە.
  • حکوومەت دەبێ ببێتە میکانیزمى سەقامگیری و نەهێشتنى گەندەڵیی سیاسی. ئەمەیش پێویستى بە پشتیوانیی ناوخۆ و دەرەوە هەیە؛ لە ناوخۆ مانەوەى هاوپەیمانێتییەکە گه‌رەنتیى زۆر دەدات بە حکوومەت و، لەسەر ئاستى دەرەوەیش پشتیوانیی نێودەوڵەتی.
  • موقتەدا سەدر ڕایەڵەى پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانى ناوچەکە و ئێرانە. ئەمەیش بۆ ئەمریکا و ئێران هەر دروستە، چونکە دواتر حکوومەتى عێراق بە سەرپەرشتیى موقتەدا دەبێت.
  • ستراتیژییەتى ئەمریکا لە عێراق لە چوارچێوەى ڕێکكەوتننامەى ستراتیژیى ئەمنى لەگەڵ عێراق دیاری کراوه‌، كه‌ لە حەوت بواردا خۆی دەبینێتەوە: سیاسەت و دیپلۆماسییەت، بەرگرى و ئاسایش، که‌لتوور، ئابوورى و وزە، تەندروستى و ژینگە، تەکنەلۆژیاى زانیارى و پەیوەندی، جێبەجێکردنى یاسا و ڕەوشی دادوەرى. ئەمەیش ئەوە دەردەخا کە لە ڕوانگەى ئەو ڕێکكەوتننامەیەوە، ئێستا عێراق لەژێر ئینتیدابێکی دامەزراوەییی بیانیدایە و قوتاربوون لێی، کارێکی ئاسان نییە بۆ حکوومەتى عێراقی.

ئاییندەى پرۆسەى سیاسیی عێراق لە نێوان موقتەدا سەدر و چوارچێوەى هەماهەنگى

دەتوانین ئاییندەى پرۆسەکە لە چەند ڕەهەندێکدا پوختە بکەین:

  • گۆڕینی هەڵوێست و هاوپەیمانێتییەکانى بەو بێمنەتییەوه‌، گه‌رەنتیى هاوبەشیی سیاسی لەسەر هەردوو ئاستى کارى سیاسی و دەسەڵات کەم دەکاتەوە.
  • ئەو هەڵوێستە توندانەى موقتەدا سەدر پرۆسەى سیاسیی عێراق بەرەو بنبەست دەبات و دڵەڕاوکێ لاى هاوپەیمانەکانى زیاد دەکات. ئەمەیش سەر دەکێشێ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
  • بەردەوامبوونى تەنگژەى سیاسی، هەروەک جێگرى یەکەمى سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ: سەر دەکێشێ بۆ وەستاندنى دانیشتنەکانى پەرلەمان و لەباربردنى دەسەڵاتى یاسادانانى هەڵبژێردراو.
  • بوونى دژوارى لە ڕەفتارى سیاسیی موفتەدا سەدر، دەبێتە مایەى زۆربوونى دوژمنەکانى. بەمەیش گوشار و پیلانەکان بۆ سەرى زۆر دەبن و دۆخەکە ناسەقامگیرتر دەکات.
  • هەرچەندە ئەگەرى هاتنەناوەوەى هەماهەنگی بۆ ناو حکوومەت بەبێ مالیکی زۆرە، بەڵام نابێتە مایەى ئەوەى کە ماڵباتی شیعە لە پەرتەوازەیی دەرچێ. ئەمەیش گه‌رەنتیى مانەوەى حکوومەت بە سەقامگیری لاواز دەکات.
  • تا هەڵبژاردنى ساڵی 2021 موقتەدا سەدر زیاتر ڕۆڵی دەگێڕا نەک هەڵگرى پەیام و پرس بێت؛ ئەگەر بەو شێوەیە بمێنێنتەوە، دۆخەکە دەگۆڕێتەوە بۆ خۆپیشاندان و ناسەقامگیریی سیاسی.
  • تاچەند ئێرانییەکان کاریگەرییان زیاتر دەکەن و دێنە ناوەوە، تایبەت لەو حاڵەتەى ئەگەر لەگەڵ موقتەدا سەدر گەیشتنە بنبەست؛ چونکە هاتنەناوەوه‌ى زیاتری ئێران لە بەرژەوەندیى سەدر و هاوپەیمانانى نابێ. ئەو ئەگەرەیش دەکەوێتە سەر ئەوەى، ئەم تەنگژە سیاسییە چەند دەخایەنێ؛ تا پێی بچێ، ئەگەرەکە زیاتر دەکات.
  • عێراق لەسەر لێوارى پێکدادانى چەکدارییە. لایەنەکان بە تەنیا یەک ئاماژە لایەنگرانیان لە میلیشیاکان دێننە سەر شەقام و ئیرادەى خۆیان دەسەپێنن و حکوومەتیش ناتوانێ بەرگەیان بگرێ، چونکە لە هەمان کاتدا هەرەس و لاوازیی حکوومەت لەگەڵ خۆی دێنێ. لەو کاتەیشدا وەک شوێنگرەوەى حکوومەت، میلیشیاکان لە جیاتی سوپا ئەو ڕۆڵە دەبینن.
  • زۆریى قەیران و گرفتەکان حکوومەتێکی هەماهەنگ و کارا و بەپلانی دەوێت. دروستبوونى ئەو حکوومەتەیش کارێکی ئاسان نییە. موقتەدا سەدریش بەتەنیا و بە ئەجێندا تاکڕەوییەکەی، ناتوانێ عێراق لەو تەنگژەیە قوتار بکات، چونکە زیهنییەتى سیاسیی ئەوانەى لە حکوومەت بەشدار دەبن، لەسەر بنەماى شکاندنى بەرامبەرە و نییەتپاکیی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵکوو بەکارهێنانى خودی دەسەڵات و تواناکانى وڵاتە بۆ لێدانى یەکتر.
  • موقتەدا سەدر ئەوەندە ئەزموونى هەژاندنى شەقام و جەماوەرى هەیە، ئەوەندە ئەزموونى حوکمداریى نییە. هەر بۆیە یەکێک لە ڕاکان باس لەوەیە، کە دەشێ حکوومەتى نوێی عێراق ژیانی سیاسیی موقتەدا بخاتە سەنگى مەحەک.
  • مەرجەعییەت لەو نێوەندەدا بێلایەن دەمێنێتەوە. ئەمەیش وا لە لایەنە شیعییەکان دەکات تا قۆناغی ڕەتانی یەکتر لەگەڵ ململانێکەدا بچن.
  • هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان لەگەڵ موقتەدا سەدر گومانیان لەسەرە و وای بۆ دەچن تا وادەیەکە. ترس لەوەیە لە نیوەى ڕێگه‌ بەجێیان بێڵێ، کە ئەمەیش بەلایەوە زۆر کارێکی ئاسایییە کە بە ناوى گەل و بەرژەوەندیى گشتییەوە پەناى بۆ دەبا، تایبەت کورد و سوننە؛ چونکە ئەوەندەى سەدر حیساب بۆ شەقام دەکات، ئەوەندە ڕەهەندەکانى حوکمداریى لا گرنگ نییە. هەروەک چۆن ئێستا کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات دەکات، ئەوکات بۆ ڕازیکردنى شەقام، لە تەواوى پڕه‌نسیپەکانى هاوپەیمانێتییەکانى پاشگەز دەبێتەوە.
  • هەندێ پرسیار لەڕین کە دەبێ موقتەدا سەدر وەڵامیان بداتەوە، وەک: دۆسیەکانى تایبەت بە هەرێمی کوردستان، فیدراڵییەت هەروەک چۆن لە دەستووردا هاتووە (چونکە ئەوەندەى موقتەدا سەدر ڕاى لەسەر سیسته‌مى مەرکەزییە، ئەوەندە ئاڵوودەى فیدراڵییەت نییە)، گۆڕینی دەستوور و پێکهاتەکان، بوونى ئەمریکا لە عێراق (هەرچەندە ئێستا ڕاوێژکارییە)، سنووردارکردنى نفووزى ئێران، تەباییی ماڵی شیعە و پێکەوەژیان، هاوسەنگیی سیاسی (چونکە ئەو ئەوەندەى بە دواى هەژمووندا وێڵە، ئەوەندە بەدواى هاوسەنگیدا نا)، جەنگە چارەنووسسازەکە کە دەیکاتە مەرجەعی سیاسی و ئایینیی عێراق و بەردەوام کارى بۆ دەکات.

هەر بۆیە تەواوى پێوەرەکان لە ڕوانگەى پەیوەندیی نێوان موقتەدا سەدر و چوارچێوەى هەماهەنگی دوو ئاماژە بەدەستەوە دەدەن: تەمەنى حکوومەتى داهاتوو مسۆگەر نییە و دژواریى زۆر دێتە ڕێ؛ دوور نییە لەگەڵ لێسەندنەوەى مافی پێکهێنانى حکوومەت یان هەڵبژاردنێکی ترى پێشوەختە، هەڵوێستى موقتەدا سەدر بەرەو هەڵکشانى گرژى بەرێ. بەڵام وەک لایەنێکی پۆزەتیڤیش، دەبێ ئەو ئەگەرە بهێڵینەوە کە چوارچێوەى هەماهەنگی شێوازێک بۆ تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە بە ئیعازی ئێران بگرنه‌ به‌ر و ڕۆڵێکی ئیجابی ببینن. ئەویش کەوتۆتە سەر ڕێژەى بوونى بەرژەوەندیى ئێران لەو بارەیەوە و بوونى پلانی ئەلتەرناتیڤ، چونکە تێکچوونى بارودۆخى عێراق، تێکچوونى بەرژەوەندییەکانى ئێران و ناسەقامگیریی ناوچەکە و لێکترازانى یەکگرتووییی جوگرافیی خاکی عێراقە؛ چونکە ئەوەندەى هەردوو لایەنەکە بەدواى هەژمووندا وێڵن، ئەوەندە پێکهێنانى حکوومەتیان لا گرنگ نییە.

کورد دەبێ لەو نێوەندەدا چی بکات؟

پێش ئەوەی باس لە ئەرکی قۆناغی نوێ بکەین، پێویستە پرسیارێک ئاڕاستەى خۆمان بکەین، کە ئەویش تا بڵێی جەوهەرییە: ئایا بوونى سەدر لەگەڵ هەموو ئەو دڵەڕاوکێیەدا سەبارەتیان، ئایا دەشێ بڵێن قۆناغێکی ئاڵتوونییە بۆ کورد، کە تیایدا باڵادەستیى کورد لە بەغدا زۆرتر بێت؟ ئایا ئێمە چ سوودێک لە سەدر دەکەین؟ ئایا سەدر ئەوەندە جێی متمانەیە کە هیواى لەسەر هەڵبچنین؟ ئایا ئەوەندەیش سەرنجدانى بەترسەوە بەوەى کە لە نیوەى ڕێدا جێمان دەهێڵێ؟ ئایا نەک هەر جێمان دەهێڵێ، بەڵکوو دواتر دژایەتیشمان ناکا، لەوەى کە ئێستا هەیە؟ کە ڕەفتارى دروستمان چییە لەگەڵ ئەو ڕەوتە و خودی سەدر تا گوشارەکان کەم کەینەوە و بەرژەوەندییەکانمان بەدی بێنین؟

ئەمانە چەند پرسیارێکن کە پێویستە لە خۆمانى بکەین. بەڵام بەدەر لە هەموو ئەو ختوکە خراپانەى کە بە زه‌ینماندا دێن، تروسکایییەک هەیە کە دەبێ کارى لەسەر بکەین، ئەویش قۆستنەوەى ئەو ماوەیەیە کە بە هاوپەیمانى لەگەڵ سەدردا دەمێنینەوە؛ ئەویش لە دوو ستراتیژییەتدا كۆ دەبنه‌وه‌: یەکەم، هەوڵدان بۆ یەکلاییکردنەوەى دۆسییەکان لە پەرلەمان لە ڕێگەى ئەو هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەى کە هەیە، چونکە لەو نێوه‌نده‌وه‌ ئەگەر کارى جددیی لەسەر بکرێ و پلانى دروست هەبێ، ئەوەى کە چەندان ساڵی پێشوو نەکراوە، دەکرێ یەکلایی بکرێتەوە و نابێ تەنیا خەمی سەرکردایەتیى کورد بوودجە و پشکی هەرێم بێت بەڵکوو یەکلاییکردنەوەى دۆسییەکان لە ئاکامدا بوودجەى هەرێمیش مسۆگەر دەکات. دووەم، بوونى پەیوەندییەکى هاوسەنگ لەگەڵ تەواوى ڕەوتە سیاسییەکانى عێراق و سەرکەشینه‌كردن.

لەوەیش زیاتر، پێویستە ئاماژە بە چەند ئاستێک بکەین لەو بارەیەوە:

لەسەر ئاستى پەرلەمان

  • هەوڵدان بۆ دەرچوواندن و یەکلاییکردنەوەى ئەو یاسایانەى کە بەرژەوەندیى هەرێمی تێدا بەرچاو خراوە.
  • یەکلاییکردنەوەى یاسایییانەى ئەو دۆسییانەى کە تا ئێستا بەهەڵپەسێردراوى ماونەتەوە، وەک: ماددەى 140، فیدراڵییەت بۆ چەندان پارێزگا (به‌تایبەت ئەو پارێزگایانەى کە داواى فیدراڵییەت دەکەن لە باشوور، بونیادی جەماوەرى و سیاسیی چوارچێوەى هەماهەنگى هەڵدەتەکێنن؛ لە بەرامبەریشدا فیدراڵییەت بۆ سوننەکان پێگەى کورد تا ڕاددەیەکی باش پتەو دەکات، به‌تایبەت لە ئەنبار و تکریت و سەڵاحەددین)، دروستکردنى ئەنجومەنى هەرێمەکان، یاساى نەوت و غاز، پێشمەرگە و هتد.
  • ئامادەباشی بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور، ئەگەر پرسەکە بەگەڕ خرایەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیى هەرێمەکان بێت؛ بەڵام کار لەسەر ئەوە بکرێت ڕەواج بە دروستکردنى هەرێمی تر بدرێ پێش هەموارکردنى دەستوور.
  • هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەى یاساى دادگاى فیدراڵی؛ بەو شێوەیەى کە نەبێتە ناوەندێکی سیاسی و وەک میکانیزم بۆ یەکلاییکردنەوەى هاوکێشە سیاسییەکان وەک ئێستا بەکار بهێنرێ.
  • ئێستا عێراق دامەزراوە دەستوورییەکانى بۆ سەر دوو بەرەی جیاواز لە پێشوو دابەش بوون: هەرچی حکوومەت و پەرلەمانە، باڵادەستیى هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییە عێراقییەکەى تێدایە، بەڵام دادگاى دەستوورى لە بەرامبەر هەژموونى ئەو هاوپەیمانێتییە وەستاوەتەوە کە زیاتر چوارچێوەى هەماهەنگی تەحەکومى تێدا دەکات. بەمەیش بەرەى ئێران تا هەنووکە دوو فاکتەرى کاریگەرى لە چنگدا ماوە؛ هەرچەندە نفووزى لە پەرلەمان کەم بۆتەوە، بەڵام لە ڕێگەى داواى یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیان بۆ بەردەم دادگاى فیدراڵی لە دژی هاوپەیمانێتییەکە، تۆپەکە دەخەنە گۆڕەپانى دادگاى دەستوورى تا ئەو بڕیارى یەکلاکەرەوە بدات. شرۆڤەى دادگاى فیدراڵییش ڕوونە کە لەگەڵ شرۆڤە و بڕیارى ئێرانی بۆ عێراق یەک دەگرێتەوە. کەواتە فاکتەرى یەکەم، دادگاى فیدراڵییە و دووەمیش میلیشیا چەکدارەکانە کە هەر ساتێک بیانەوێ دەتوانن لە ئەرزى واقعدا بارودۆخەکە بشێوێنن.
  • پێکهێنانى ژوورێکی کارى توێژینەوە، کە سەر بە وەزارەتى جێناکۆکەکان بێ، کە ئەرکی ئەنجامدانى چەندان توێژینەوە و لێکۆڵینەوەى گریمانەیی و پێشوەختەیە و دەبێتە هاوکار بۆ بڕیاردروستکارانى هەرێم. بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر دیراسه‌ی بابەتى چۆنێتیی خۆقوتارکردن لە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵی بکرایە، ئەوا ئەو دوو دادوەرە بەڕێزە ئەگەر هۆشیاریى سیاسییان لە ئاستى نەتەوەییدا بوایە ئیمزایان نەدەکرد. بەمەیش بڕیارەکە دەرنەدەچوو، نەک ئه‌وه‌ی لە لایەک ڕازى نین بەڵام ئیمزایشیان کردووە؛ خۆ ئەگەر ئەوان ڕازی نین، ئەی بۆ ئیمزایان لەسەر کرد؟ بەمەیش هەڵوێستى هەرێمیان لاواز کرد. ئەمانە و چەندان کارى تر، ئەگەر پێشوەختە بیریان لێ كرابابه‌وه‌، کار بەو ئاستە نەدەگەیشت کە ئێستا هەرێمی تێ کەوتووە. ئێمە دواى تەنگژە و قەیرانەکان شرۆڤە و بیریان لێ دەکەینەوە؛ كاتێ كه‌ کار لە کار ترازا!
  • دەستگرتن بە مافە دەستوورییەکانەوە، کە تاکە چوارچێوەى گه‌رەنتییە لەگەڵ ئەوانى تر و مانەوەى حکوومەتى هەرێم بەبەهێزى.

لەسەر ئاستى حکوومەت

  • پێویستە نوێنەرایەتییەکى کاریگەر و فیعلی لە حکوومەتدا بکرێ.
  • بەگەڕخستنى ڕەهەندی فیدراڵیی حکوومەت.
  • بوونى هەماهەنگیی دروست و هاوسەنگ لە نێوان هاوپەیمانیی سێقۆڵی.
  • کۆبوونەوەى دەورى سەرکردەکانى ئەو هاوپەیمانێتییە، بە مەبەستى پشتیوانیى حکوومەت و پیشاندانى یەکانگیری.
  • برەودان و پشتگیریکردنى ئەو پارێزگایانەى کە خوازیارى فیدراڵییەتن.
  • هێشتنەوەى تەوافوق لە عێراق، بەڵام لەسەر ئاستى هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەکە نەک لە نێوان تەواوى بکەرە سیاسییەکانى عێراق؛ چونکە گەڕانەوەیە بۆ خاڵی دەسپێک. برەونەدانیش بەو حکوومەتەى کە گوایە لەسەر بنەماى زۆرینەیە؛ چونکە سەرکەوتنى نموونەیەک لەو بارەیەوە کە دەبێتە مایەى گۆڕینى سیسته‌مى حوکمڕانی لەسەر بنەماى زۆرینە، لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى.
  • بەگەڕخستنى بەرپرسە کارگێڕییەکان لە حکوومەتى عێراقیدا؛ بەمەیش پێویستە کەسانى ئەکتیڤ بچنە ئەوێ و بەجددی کار بۆ بەرژەوەندییەکانى حکوومەتى هەرێم بکەن.

لەسەر ئاستى هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان

  • کۆبوونەوەى دەورى، هەردوو مانگ جارێک بۆ ئاپدەیتکردنى هاوپەیمانێتییەکە، ئەگەرچی بە ئۆنلاینیش بێت. بەمەیش یەکانگیری پیشان دەدەرێ؛ چوارچێوەیەکیش بۆ نەگۆڕین و ڕاڕاییی سەدر دادەنرێ.
  • بوونى هاوپەیمانێتییەکى هاوسەنگ؛ چونکە هێشتا هەڕەشەکان لەسەر هەرێم زۆرن، به‌تایبەت لەلایەن بەرەى ئێرانەوە؛ چونکە ئەوەتا "یەکێتیى نیشتمانى"، بەرەى نەتەوەیی و عێراقیی بەجێ هێشت و چووە بەرەى ئێرانەوە، کە بەئاشکرا دژایەتیى بەرژەوەندییەکانى هەرێم دەکەن.
  • هەوڵدان بۆ گرتنەبەرى سیاسەتى کەمکردنەوەی دوژمن. ڕاستە سیاسەت بە مانای بوونى ناحەز و دوژمن دێت، بەڵام تا دوژمنەکان کەمتر و کەمکاریگەرتر بن، باشترە.
  • پێویستە جەخت لەسەر بوونى ڕایەڵە و پەیوەندیی بەهێز بکرێ لەگەڵ دەستەبژێرى سیاسیی عێراق و سەرکردە و لایەنەکان. ده‌بێ ئەم بابەتە بەبایەخەوە و بەهەند وەربگیرێ، نەک لە کاتى بۆنە و قەیران ئەو ڕایەڵە دیپلۆماسییە بەگەڕ بخرێتەوە.
  • پتەوکردن و دەستگرتن بە ڕایەڵە و ڕەهەندى پشتیوانیی دەرەکی؛ چونکە ئەوەى کە پرسی کوردی لە عێراق بەبەهێزى هێشتۆتەوە، ڕەهەندی پشتیوانیى دەرەکییەتى.

لەسەر ئاستى کورد

  • سەرلەنوێ بایەخدانەوە بە پرۆسەى دیموکراسییەت و چاکسازی.
  • سەرلەنوێ داڕشتنەوەى چوارچێوەى یەکڕیزیی نەتەوەییی کوردستانی لە هەرێم و عێراق؛ چونکە ئاماژەى ترسناک لەم قۆناغەدا بەدەرکەوت، ئەویش چوونى یەکێتیى نیشتمانییە بۆ بەرەى ئێران و کارکردن لەسەر نەهێشتن و لاوازکردنى ئەو بەرەیەى کە زۆرترین نفووزی لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمانى عێراق هەیە. بەمەیش کاردانەوەى ئەو خۆجیاکردنەوەیە لەسەر کایەى سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانى داهاتوو بەدەردەکەوێ، کە چۆن دوو زۆنەکە سەر هەڵدەدەنەوە و پرۆسەى سیاسی لە هەرێم تووشى شۆک دەبێت.
  • سەرلەنوێ کارکردن لەسەر پرۆسەى ئاشتەوایی و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەى یەکێتیى نیشتمانى بۆ ناو بازنەی تەبابوون لەسەر پرسی نەتەوەیی؛ چونکە پەرچەکردارەکان زۆر لەوەیش زیاتر پەلیان هاوێشت کە بیرمان لێ دەکردنەوە.
  • بایەخدان بە گەشەپێدانى سیاسی، لەسەر هەردوو ئاستى نەتەوەیی و که‌لتوورى ئینتمابوون بۆ نیشتمان.
  • پێویستە حکوومەتى هەرێمی کوردستان ئەرکی تایبەتى و جەوهەریى خۆى بەرامبەر بە هاووڵاتیانی جێبەجێ بکات، لە مووچە و خزمەتگوزارى و ڕەواندنەوەى مەترسییەکان لەسەری و هەوڵدان بۆ دابینکردنى ژیانێکی شایستە بۆیان.