ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

قەیرانی ئۆکراینا و لێکەوتەکانی بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان  

 

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

ھۆكار و پاڵنەرەكانی  ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا

 

 دوای خۆپیشاندانەكانی 2014 تا ڕاددەیەك بارودۆخی ئۆكراینا گۆڕانكاریی بەسەردا ھات و دەسەڵاتی نوێ لە كیێف بەرەو  ئەوروپا ھەنگاوی ھاوێشت و سیاسەتی  دووركەوتنه‌وه‌ لە ھەژموون و كاریگەرییەكانی ڕووسیای گرتە بەر. ئەمەیش وای كرد ڕووسیا ھەڵوێست و كاردانەوەی توندی بەرامبەر دەوڵەتی ئۆكراینا ھەبێت. لە یەكەم ھەنگاودا لە 18ی ئاداری 2014 دوورگەی "كریمیا"ی داگیر كرد و خستییە سەر ڕووسیا. بە ھەمان شێوەیش، ھێزە پرۆكسییەكانی ھان دا لە ھەردوو ھەرێمی لوھانسک و دۆنیتسك لە ناوچەی دۆنباس بۆ ئەوەی جه‌نگ لە دژی ئۆكراینا دەست پێ بكەن و بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ھێزەكانی ڕووسیا، ئەو ناوچانە لە دەستی سوپای ئۆكراینا دەربھێنن. پووتین بەوەیش نەوەستا؛ لە دوای نزیكەی 7 ساڵ لە 2021-2022 كەوتە مۆڵدانی سەدان ھه‌زار سەرباز لەسەر سنوورەكانی ئۆكراینا بۆ ھێرشكردنە سەر ئەو وڵاتە. لە 21ی شوباتی 2022  ڕووسیا لە ھەنگاوێكی تاكلایەنەدا بەفەرمی دانی نا بە سەروەریی هەردوو ناوچەی لوهانسك و دۆنیتسك لە هەرێمی دۆنباس، وەك دوو "كۆماری سەربەخۆ"؛ لە ھەنگاوی دوومیشدا، بە مەبەستی ڕووخاندنی حكوومەتی كیێف و دروستكردنی حكوومەتێكی سەر بە موسكۆ؛ لە 24ی شوباتیش ھێرشی سەرتاسەریی دژی ئۆكراینا  دەست پێ كرد كە ناوەی لێ نا‌ "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"؛ واتە Special Military Operation. لێرەدا پرسیاری ھەرە گرنگ ئەوەیە: بۆچی ڕووسیا ئەو ھێرشەی بۆ سەر ئۆكراینا دەست پێ كردووە؟ ھۆكار و ڕەھەندەكانی پشت ھێرشەكە خۆی لە چیدا دەبینێتەوە؟ ئایا ڕووسیا جه‌نگی جیوپۆلیتیكی دژی ئەوروپا و ئەمریكا دەكات؟ ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا تا چەند كاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتیش ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا ئەمە سەرەتا و قۆناغێكی نوێیە لە سیسته‌مێكی جیھانیدا؟ ئایا دەكرێت قەیرانی ئۆكراینا ناوی لێ بنێین "دووەمین جه‌نگی ساردی جیھانی"؟ تا چەند قەیرانی ئۆكراینا كاریگەریی لەسەر  ھاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە، عێراق و ھەرێمی كوردستان دەبێت؟

 

بێ گومان، ھۆكارە سەرەكییەكانی جه‌نگی ئۆكراینا و ھێرشەكانی ڕووسیا بۆ داگیركردنی ئەو وڵاتە، خۆی لە زۆر فاكتەردا دەبینێتەوە:

یەكەم، پووتین وای دەبینێت كە ئۆكراینا دەوڵەتێكی دەستكردە و، دەبێت وەك بەشێك لە ڕووسیا بمێنێته‌وه‌؛ بەتایبەت پووتین لە گوتاری خۆیدا لە 21ی شوبات بەڕاشكاوانە ئاماژەی بەوە كرد كە ئۆكراینا بنەمای دەوڵەتبوونی تێدا نییە و لەلایەن یەكێتیی سۆڤیه‌تەوە دروست كراوە. پووتین باسی ئەوەی كرد كە ئۆكراینا و ڕووسیا، مێژوو و كه‌لتووری ھاوبەشیان ھەیە. ئەمەیش ئاماژەیه‌ بەوەی كه‌، پووتین ئۆكراینا به‌ بەشێكی دانەبڕاو لە ڕووسیا دادەنێ.

دووەم، پووتین دوای نزیكەی 20 ساڵ لە دەسەڵات، دەیەوێت مێژوویه‌ك بۆ خۆی دروست بكات و ببێتە ئەو پیاوەی كە لە ڕووسیای نوێدا دوای ھەرەسھێنانی یەكێتیی سۆڤیه‌ت، دووبارە  ئه‌و ئیمپراتۆرییەتە بە شكڵ و فۆرمێكی دیكە زیندوو بكاتەوە. لەو ڕوانگەیەیشەوە، داگیركردنی ئۆكراینا یان دروستكردنی دەوڵەتێكی دۆست لە كیێف، ھەنگاوی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەم سیاسەتەی پووتین.

 

سێیەم، ڕووسیا ھیچ كات نایەوێت دەوڵەتێكی دیموكراسی و سەقامگیر لە دەوروبەری ھەبێت، بەتایبەت دەوڵەتێكی وەك ئۆكراینا، كە بەشێكی زۆری دانیشتووانی لەگەڵ ڕووسیا ھاوزمانن و، مێژوو و كه‌لتووری ھاوبەشیان ھەیە؛ چونكە ئەمە نەك ھەر دەبێتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بۆچوون و ڕای گشتیی  خەڵكی ڕووسیا ھەبێت، بەڵكوو دەبێتە مەترسی لەسەر پێگە و دەسەڵاتی پووتین كە كەسێكی دیكتاتۆر و تاكڕەوە.

چوارەم، ڕووسیا لەژێر كاریگەریی بۆچوونەكانی جیوپۆلیتیكیی كەسانی وەك "ئەلیكسانده‌ر دووگین"، كە ھەندێك بە "مێشكی پووتین" ناوی دەبەن، دەیەوێت جه‌نگی جیوپۆلیتیكی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا بكات و ناوچەی نفووزی خۆی بەرەوپێش ببات و، بێ گومان ئەمەیش بەبێ ئۆكراینا، كە پێگەیەكی جیوپۆلیتیكیی گرنگی ھەیە، ناكرێت. ئەگەر ڕووسیا دەست بەسەر ئۆكراینادا بگرێت، ئەمە دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە  ململانێی نێوان ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی لەگەڵ ڕووسیادا. 

 

پێنجەم، ڕووسیا پێش ئۆپەراسیۆنی سەربازی، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا كرد كە دان بە ھەردوو كۆماری ناوچەی دۆنباسدا بنێن و، ھەروەھا كریمیا وەك بەشێك لە ڕووسیا بناسن. ھەروەھا ڕووسیا جەختی لەسەر ئەوە دەكرده‌وه‌ كە دەبێت ئۆكراینا وەك دەوڵەتێكی بێلایەن بمێنێته‌وه‌ و لە "ناتۆ" و دەوڵەتانی ئەوروپی دوور بكەوێتەوە. بەڵام دیارە مەبەستی پووتین لە بێلایەنی، زیاتر ئەوە بووە كە ئۆكراینا سیاسەت و ئەجێندای ڕووسیا پراكتیزە بكات. نەك ھەر ئەمە، ڕووسیا بە ھەموو شێوەیەك ئه‌وه‌ ڕەت دەكاتەوە كە ئۆكراینا، جۆرجیا و بێلاڕووس ببنە ئەندامی ناتۆ. ھەروەھا ڕووسیا داوای كرد ئۆكراینا لە چەك دابماڵرێت. بێ گومان له‌و مەرجانەوه‌ دیار دەبێت كە زیاتر بیانوو بوون بۆ ھێرشكردنە سەر ئۆكراینا؛ ئەگەر نا ھیچ دەوڵەتێك نییە دان بەوەدا بنێت كە نیوەی خاكەكەی لێ جیا ببێتەوە، ھەروەھا ڕازی بێت لە چەك دابماڵرێت. ئەمە ڕێك ئەو مانایە دەگەیه‌نێت كە ڕووسیا  وەك دەوڵەتێكی  "كۆلۆنی" سەیری ئۆكراینا دەكات نەك وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و سیادە و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا.

 

شەشەم، ھەروەھا ڕووسیا مەرجێكی دیكەی ھێرشنەكردنە سەر ئۆكراینای،  بەستەوە بەوەی كە ئەمریكا و ناتۆ  ھەموو ھێز و چەكە پێشكەتووەكانیان لەو دەوڵەتانەی دەكەونە ناو یەكێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو، بكشێننەوە؛ بەتایبەت ئەو دەوڵەتانه‌ی لە دوای ساڵی 1997 بوونەتە ئەندام لە ناتۆ و، ئەمریكا ھێزی لێ جێگیر كردوون. ھەروەھا داوای كرد ئەمریكا  بەڵێنی نووسراو بدات كە ھیچ كاتێك ئۆكراینا نابێتە ئەندامی ناتۆ.

ھەفتەم، ڕووسیا دەیەوێت دووبارە ستراكچەری ئاسایشی ئەوروپای ڕۆژهه‌ڵات گۆڕانكاریی بەسەردا بێت؛ بە شێوەیەك ڕووسیا پێگەیەكی گرنگی تێدا ھەبێت و ڕۆڵی سەرەكیی تێدا بگێڕێت. لەو ڕوانگەیەیشەوە، دەكرێت بڵێین ڕووسیا دەیەوێت دووبارە ناوچەی نفووزی خۆی لە ئەوروپای ڕۆژهه‌ڵات دروست بكات وەك یەكێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو. لەمەیش گرنگتر ئەوەیە كە، ڕووسیا لە ڕێگەی داگیركردنی ئۆكرایناوه‌ دەیەوێت سیسته‌می نێودەوڵەتی بەرەو  فرەجەمسەری ببات؛ بە شێوەیه‌ك مۆسكۆ پێگەیەكی گرنگی لەو سیسته‌مە فرەجەمسەرییەدا ھەبێت.

 

 

جه‌نگی ئۆكراینا  و كاریگەرییەكانی سەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

 

بێ گومان جه‌نگی ئۆكراینا كاریگەریی زۆر ھەیە لەسەر ھاوكێشە سیاسییەكان لەسەر ئاستی جیھان و بەتایبەتیش ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لەسەر ئاستی جیھان دیارە ململانێیەكی توند دروست بووە لە نێوان ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی لەگەڵ ڕووسیا و، خەریكە دووبارە جیھان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جه‌نگی سارد و تەنانەت دەتوانین جه‌نگی ئۆكراینا ناوی بنێین "سەرەتای دەستپێكردنەوەی جه‌نگی دووەمی سارد لە نێوان زلهێزەكاندا". گومانی تێدا نییە ئەگەر بە شێوەیه‌كی خێرا قەیرانی ئۆكراینا چارەسەر نەكرێت و ململانێكە درێژە بكێشێت یان ڕووسیا لە داگیركردنی ئۆكراینا سەركەوتوو بێت، ئەمە كاریگەریی زۆر گەورە دەكاتە سەر ھاوكێشە سیاسییەكان لە ناوچەكە و جیھاندا و، ئەگەری ئەوە ھەیە ئەم جه‌نگە ناوچەكانی تریش بگرێتەوە.

 

ئێستا ئەگەر سەیری جه‌نگی ئۆكراینا بكەین، دیار دەبێت كە جه‌نگەكە بووه‌تە جه‌نگێكی بەوەكالەت؛ ھاوشێوەی سەردەمی جه‌نگی سارد. ھەرچەندە مەترسیی ڕوودانی جه‌نگی ڕاستەوخۆ،  یان ڕوونتر بڵێین "جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م"  زۆر كەمە، بەڵام ناتۆانرێت بەتەواوەتی ئەو مەترسییە لەبەرچاو نەگیرێت. بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە، قەیرانی ئۆكراینا لە ڕووی سیاسی، ئابووری، سەربازی و جیوپۆلیتیكییه‌وه‌ كاریگەری و دەرھاوێشتەری گەورەی دەبێت، بەتایبەت لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە ھەندێك لەو خاڵانە بكەین:

 

یەكەم، ئەم جه‌نگە دەبێتە ھۆی زیاتر بەرجەستەبوونی جەمسەربەندی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە كە دەوڵەتان زیاتر بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبات كە خۆیان بەسەر یەك جەمسەردا یەكلا بكەنەوە. ھەرچەندە ئێستا زۆرێك لە دەوڵەتان، تەنانەت ھاوپەیمانە نزیكەكانی ئەمریكا، ھەوڵ دەدەن تا ڕاددەیەك باڵانس ڕابگرن، بەڵام ئەگەر قەیرانەكە بەخێرایی چارەسەر نەكرێت، سەختە تا سەر  ئەو سیاسەتە پراكتیزە بكەن. تاكوو ئێستا دەوڵەتانی عەرەبی ھەوڵی ڕاگرتنی ھاوسەنگی دەدەن یاخود ھەوڵ دەدەن بێلایەن بن. ئەمەیش لە ھەڵوێستی زۆرێك لە دەوڵەتانی عەرەبیدا دیارە؛ لەوانە دەوڵەتی ئیمارات پشتگیریی پرۆژەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەكرد بۆ ئیدانەكردنی ڕووسیا و، خۆی لە دەنگدان بە پرۆژەكە بەدوور گرت. لە ھەمان كاتیشدا دەوڵەتانی عەرەبی، بەدەر لە كوێت، ڕاستەوخۆ ئیدانەی ھێرشی ڕووسیایان بۆ سەر ئۆكراینا نەكردووە، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە 2ی ئاداری 2022 زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی، واتە 15 دەوڵەت، دەنگیان دا بۆ ئیدانەكردنی ڕووسیا. ھەروەھا 3 دەوڵەت، لەوانە عێراق، سوودان و جەزائیر دەنگیان نەدا. كه‌واتە لێرەدا دیارە دەوڵەتانی عەرەبی مەبەستیانە جۆرێك لە  باڵانس ڕابگرن، بەڵام دیار نییە تا چەند دەتوانن لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بن.

 

دووەم، جه‌نگی ئۆكراینا بۆتە ھۆی بەرزبوونەووەی به‌های نەوت و گاز لە جیھاندا و، ئەو دەوڵەتانەی نەوت و گاز ھاوردە دەكەن كەوتوونەتە ژێر گوشارێكی گەورەوه‌. لێرەدا، دیسان قەیرانی ئۆكراینا نەك ھەر وای كردووە پرسی نەوت و گاز وەك چەكێكی گرنگی سیاسی و ئابووری لەو ململانێیەدا بەكار بێت، بەڵكوو ئێستا شەڕی ھێڵی گواستنەوەی گازیش، بووه‌تە شەڕێكی گەرم. لە كاتێكدا دەوڵەتە ئەوروپییەكان بڕیاریان داوە تاكوو ساڵی 2027 بەتەواوەتی پشت لە سەرچاوەی وزەی ڕووسیا بكەن، بۆ دۆزینەوەی ئه‌لته‌رناتیڤ (به‌دیل) و بژاردەكان زیاتر چاوەكان لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمریكا و دەوڵەتە ئەوروپییەكان داوا له‌ دەوڵەتە ھاوپەیمانەكانیان، بەتایبەت لە ئیمارات، قەتەر و سعوودیا و عێراق دەكەن ڕێژه‌ی ھەناردەكردنی نەوت بەرز بكەنه‌وه‌ بۆ داشكاندنی نرخەكەی. بەڵام تاكوو ئێستا ئەمریكا وەڵامێكی پۆزەتیڤی وەرنەگرتووە؛ بەتایبەب سعوودیا و ده‌وڵەتانی تری عەرەبی، جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێككەوتنی ساڵی 2020ی نێوان ئۆپێك و ڕووسیا دەكەنه‌وه‌ كە بڕیاریان داوە ئاستی ھەناردەكردنی نەوت لە ئاستێكی دیاریكراودا بھێڵنه‌وه‌. ئەم ھەنگاوەی دەوڵەتانی ھاوپەیمانی ئەمریكا،  لە لایەك بۆ ڕاگرتنی باڵانسە، لە لایەكی تریشەوە ترسیان له‌وه‌ ھەیە كه‌ زیادكردنی ھەناردەی نەوت، دیسان بە ڕێژەیەكی بەرچاو نرخەكەی دابەزێنێت و زیان لە ئابوورییان بكەوێت.

 

سێیەم، كەمكردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ نەیارەكان، بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، یەكێكی ترە لە دەرھاوێشتەكانی جه‌نگی ئۆكراینا. ئێستا  بە لای ئەمریكاوە ھەڕەشەی ھەرە گەورە و ڕاستەقینە، لەسەر پێگە و بەرژەوەندییەكانی چین و ڕووسیایه‌ نەك دەوڵەتانی تری وەك ئێران. بە ھەمان ئاراستەیش، ئێستا بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، ئەمریكا زیاتر ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی بەرھەمهێنەری وزە بكات یان سزاكانی لەسەریان ھەڵبگرێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە ئێران و ڤەنزوێلاوە ھەیە. ئەمەیش مانای وایە كە ئەمریكا لەمه‌ودوا بەرامبەر ئێران و دەوڵەتانی تر نەرمیی زیاتر ده‌نوێنێ و، ھەوڵ دەدات گرژییەكانی لەگەڵیان كەم بكاتەوە. ئەمەیش وەك ئاماژەمان پێ كرد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كه‌، لە لایەك ئەمریكا فۆكسەكەی لەسەر ئۆكراینایە، لەلایەكی تریشەوە ئەمریكا  پێویستیی زیاتر بە نەوتی ئەو دەوڵەتانە ھەیە. بۆیە ئەمریكا دەیەوێت بە كەمكردنەوەی گرژییەكان، ئەو دەوڵەتانە كێشە بۆ سیاسەتەكانی دروست نەكەن لە ناوچەكەدا، یان زیاتر نەكەونە ژێر كاریگەریی ڕووسیا. ھەر ئەمەیش وای كردووە كە ئەمریكا ھەوڵ دەدات بە زووترین كات ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زیندوو بكاتەوە؛ ئەگەرچی ئێستا ڕووسیا بووه‌تە بەربەست لە بەردەم ئەو ڕێككەوتنەدا.  

 

چوارەم، ئەگەر قەیرانی ئۆكراینا لە ماوەیەكی كەمدا چارەسەر نەكرێت یان ڕووسیا ئەو وڵاتە داگیر بكات، یەكێك لە دەرەنجامەكانی، ھەڵكشانی جه‌نگی بەوه‌كالەت دەبێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا؛ گرژبوونەوه‌ی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ڕووسیا و سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بەسەر مۆسكۆدا، ئەم بژاردەیە زۆر بەھێزتر دەكات و ئەگەری فراوانبوونی جه‌نگی بەوەكالەت لە ئارادایە. لێرەدا دوور نییە ڕووسیا ھاوپەیمانەكانی لە سووریا له‌ دژی ئەمریكا ھان بدات بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەر پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. ھەروه‌ها جه‌نگی بەوەكالەت لەوانەیە لە لیبیا، یەمەن، عێراق و ناوچەكانی تریش پەرە بستێنیت. ئەمەیش واتە لە ئەگەری درێژەكیشانی قەیرانی ئۆكراینا، بازنەی جه‌نگی بەوەكالەت لە ناوچەكەدا فراوانتر دەبێت؛ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەڕوات و دیاردەی پڕچەككردن ڕوو له‌ ھەڵكشان دەكات.  بێ گومان ھەموو ئەمانەیش لە ڕووی ئابووری، سیاسی، سەربازی و تەنانەت ئاسایشی خوراكیشەوە، مەترسیی گەورە لەسەر ناوچەكە دروست دەكات.

 

پێنجەم، سەركەوتنی ڕووسیا لە ئۆكراینا، دەبێتە هۆی ھێنانەئارای گۆڕانكاریی گەورە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و كاریگەریی زۆر دەكاته‌ سه‌ر ھاوسەنگیی ھێز لە ناوچەكەدا. لە دوای ھەڵوەشانه‌وه‌ی یەكێتیی سۆڤیه‌ت، ئەمریكا لە ڕێگەی تۆڕێكی فراوانی ھاوپەیمانێتییەوە ھاوسەنگییەكی خوازراوی لە ناوچەكەدا دروست كردووە كە پێگە و بەرژەوەندییەكانی دەپارێزێت. بەڵام سیاسەتی بەردەوامی كشانەوەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، زۆر گرنگینەدان بە پاراستنی ئاسایسی ھاوپەیمانەكانی و ھاتنەوەی ڕووسیا بۆ ناوچەكە، ئێستایش قەیرانی ئۆكراینا و ئەگەری داگیركردنی ئەو وڵاتە، ھەموو ئەمانە، دەكرێت كاریگەری بكاتە سەر شێوازی ھاوپەیمانێتییەكان و، گۆڕانی گەورەی بەسەردا بهێنێت. ئێستا بەشێك لە دەوڵەتان لە ناوچەكەدا خۆیان بۆ ئەو سیناریۆیه‌ ئامادە دەكەن؛ لەوانە دەوڵەتانی عەرەبی، به‌تایبه‌ت به‌شێك له‌ ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا.

 

شەشەم، سەركەوتنی ڕووسیا لە ئۆكراینا كاریگەریی دەبێت لەسەر بەھێزبوونی سیسته‌مە دیكتاتۆرییه‌كان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و لاوازبوونی سیسته‌می دیموكراسی لە ناوچەكەدا. داگیركردنی ئۆكراینا ھێز و توانای زۆرتر دەداتە دەوڵەتە تاكڕەوەكان  بۆ بەھێزكردنی پێگە و دەسەڵاتیان. ھاتنەپێشەوەی ڕووسیا وەك جەمسەرێكی گرنگی پاڵپشتیكردنی ئەو ئاراستەیە، دەبێتە هۆی زیاتر ھاندانی  دەسەڵاتە تاكڕەوەكان بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژن. لەم ڕوانگەیەوە،  ئەو ئەگەرە بەھێز دەبێت كە بەشێكی زۆر لە دەوڵەتانی ناوچەكە، یان بێلایەنیی نێوان ئەمریكا و ڕووسیا ھەڵبژێرن یان بە ئاراستەی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕووسیا ھەنگاو بنێن. بەپێچەانەیشەوە، شكستی ڕووسیا لە ئۆكراینا وانەیەكی توند دەبێت بۆ دەوڵەتە دیكتاتۆرەكان بۆ ئەوەی لاساییی پووتین نەكەنه‌وه‌ و، ھانی دەسەڵاتدانی ناوچەكە دەدات زیاتر لە ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا نزیك ببنەوە. ئەمەیش واتە سەركەوتنی بنەما و پڕه‌نسیپەكانی دیموكراسییەت بەسەر دیكتاتۆری و تاكڕەویدا.  

 

 قەیرانی ئۆكراینا و كاریگەرییەكانی لەسەر  عێراق و ھەرێمی كوردستان

 

وەك ئاماژەمان پێ كرد، جه‌نگی ئۆكرنیا كاریگەریی دەبێت لەسەر ھاوكێشە سیاسییەكان لە ناوچەكەدا؛ ئەمە عێراق و كوردستانیش دەگرێتەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە عێراقەوە ھەیە، دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین تاكوو ئێستا بەغدا ھەوڵ دەدات بێلایەن بێت. ھەر ئەمەیش وای كرد كە عێراق ڕاستەوخۆ ئیدانەی ھێرشكردنە سەر ئۆكراینا نەكات. تەنانەت ھەرێمی كوردستانیش لەسەر ھەمان پڕه‌نسیپ سیاسەت دەكات. ھەروەھا  عێراق یەكێك بووە لەو 37 دەوڵەتەی كە لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەنگی نەدا بۆ ئیدانەكردنی ھێرشەكانی ڕووسیا. ئەمەیش ئاماژەیەكە بەوەی، عێراق دەیەوێت تا ڕاددەیەك ھاوسەنگی ڕابگرێت؛ بەتایبەت كه‌ عێراق و ڕووسیا بەرژەوەندیی ئابووریی زۆریان لەگەڵ یەكتردا ھەیە. ھەندێ لە سەرچاوەكان دەڵێن، ڕووسیا نزیكەی 14 ملیار دۆلار وەبەرھێنانی لە عێراقدا كردووە. ھەروەھا لە ڕووی ئاسایشەوە سەنتەری ھاوبەشی  ھەواڵگەری ھەیە لە نێوان ئێران، سووریا، ڕووسیا و عێراقدا كە لە ساڵی 2015 دامەزراوە. بەگشتی، دەكرێ دەرھاوێشتەكانی جه‌نگی ئۆكراینا له‌سەر عێراق لەم خاڵانەدا كۆ بكەینەوە:

 

 یەكەم، جه‌نگی ئۆكراینا عێراق زیاتر بە ئاراستەی بێلایەنی ھان دەدات؛ بەڵام ئەگەر قەیرانی ئۆكراینا بەردەوام بێت، سەختە عێراق بتوانێت لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت. لێرەدا بۆ تێگەیشتن لە ھەڵوێستی عێراق، دەبێت چاوەڕێ بكەین ھاوكێشە سیاسییەكان لە عێراقدا بەرەو كوێ دەچن؛ بەتایبەت پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت. ئەگەر حكوومەتێكی نزیك لە ئێران پێك بهێنرێ، ئەوكات ئەگەری زۆر ھەیە عێراق زیاتر بە ئاراستەی نزیكبوونەوە له‌ ڕووسیا و ئێران ھەنگاو بنێت. ئەگەر ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، حكوومەت پێك بهێنێ، ئەوكات سیاسەتی ڕاگرتنی باڵانس یان ڕووكردنە ئەمریكا بەسەر ڕەفتارەكانی بەغدادا زاڵتر دەبێت.

 دووەم، ئەم جه‌نگە، جەمسەرگیری لە عێراقدا زیاتر و توندتر دەكات. بەتایبەت ھێزە شيعییەكان (ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن)، زیاتر پاڵپشتیی ڕووسیا دەكەن و پێیان وایە ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی پێگەی ئەمریكا لاواز بكەن یاخود لە ناوچەكە دەری بكەن. كەواتە ئەمە دەبێتە دەرفەتێك بۆ ئێران بۆ ئەوەی زیاتر دەستێوەردان لە كاروباری عێراقدا بكات.

سێیەم، لە ڕووی ئابوورییەوە عێراق تا ڕاددەیەك سوود لە بەرزبوونەوه‌ی به‌های نەوت دەبینێ.

 

 چوارەم، سەبارەت ھەرێمی كوردستان، وەك بەشێك له‌ عێراق پەیڕەوی سیاسەتی ھاوسەنگی دەكات؛ بەڵام لەگەڵ گۆڕانی ھەڵوێستی عێراق، ھەڵوێستی ھەرێمیش گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. ھەروەھا ھەرێم و ڕووسیا بەرژەوەندیی ئابوورییان لەگەڵ یەكتردا ھەیه‌، بەتایبەت لە ڕووی وزەوە. كەواتە بێ گومان ئەمە كاریگەریی لەسەر سیاسەتی ھەرێم دەبێت. بەڵام دیسان دەبێت چاوەڕێی حكوومەتی داھاتووی عێراق بكەین كە ئاراستەی سیاسەتەكانی بەرامبەر قەیرانی ئۆكراینا چی دەبێت.

 

 چوارەم، قەیرانی ئۆكراینا دەبێتە ھۆی زیاتربوونی گوشارەكانی ئێران لەسەر ھەرێم. سەرقاڵبوونی ئەمریكا و ئەوروپا بە پرسی ئۆكرایناوه‌، دەستی ئێران كراوەتر دەكات بۆ گوشارخستنە سەر ھەرێم؛ بەتایبەت كه‌ ئەمریكا و دەوڵەتە ئەوروپییەكان سیاسەتیان كەمكردنەوەی گرژییەكانە لەگەڵ ئێران و، گەیشتنە بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی بۆ ئەوەی ئێران نەوت و گاز ھەناردەی دەرەوە بكات. ئەمەیش دەرفەتێكە بۆ ئێران لەسەر ئاستی دەرەكی، تاكوو گوشارەكانی دژی نەیارەكانی زیاتر بكات و دەستێوەردانی زیاتر لە ناوچەكەدا بكات. ھێرشی مووشەكه‌ بالستییەكان لە 13ی ئادار بۆ سەر "ھەولێر"، دەرخەری ئەو ڕاستییەی سیاسەتەكانی تارانە. ئێران جه‌نگی ئۆكراینا و نەرمبوونەوه‌ی ھەڵوێستی ئەمریكا بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی گوشار لەسەر نەیارەكانی لە ناوچەكەدا دروست بكات و، لە عێراقیش مەبەستیەتی لە پرسی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتوودا مەرجەكانی بسەپێنێت. كەواتە جه‌نگی ئۆكراینا ئەگەری گوشار و ھەڕەشەكانی ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی لەسەر ناوچەكە، عێراق و ھەرێم زیاتر دەكات. بەتایبەت ئەگەری ئەوە ھەیە عێراقیش ببێتە یەكێك لەو دەوڵەتانەی بەسەر دوو جەمسەردا دابەش ده‌بن و جه‌نگی پرۆكسی تێیدا ڕوو بدات.

 

پێنجەم، توركیایش وەك دەوڵەتێكی ھەژموونخواز لە ناوچەكەدا، دەكرێت قەیرانی ئۆكراینا بە دەرفەت بزانێت بۆ ئەوەی دەستێوەردانەكانی خۆی لە عێراق، سووریا و ناوچەكەدا زیاتر بكات. بێ گومان ئەمەیش مانای وایە كە دەكرێت توركیا زیاتر بەرەو قووڵاییی ھەرێمی كوردستان ھەنگاو بنێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچە سنوورییەكان زیاتر بكات. بە ھەمان ئاراستەیش، لەوانەیە توركیا ھەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر ڕۆژاوای كوردستان؛ ھەرچەندە ئەمە لەسەر ئەوە دەوەستێت تا چەند توركیا دەتوانێت لە نێوان ئەمریكا و ڕووسیادا ھاوسەنگی بپارێزێت. ئەگەر توركیا كار بە پڕه‌نسیپی ھاوسەنگی بكات، لەوانەیە ڕووسیا ھانی توركیا بدات بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر ناوچە كورییەكان لە ڕۆژاوا. ھەروەھا ڕووسیا ھانی ڕژێمی ئەسەد و ھاوپەیمانەكانی ئێرانیش دەدات، زیاتر ھێرش بكەنە سەر پێگەكانی ئەمریكا لە سووریا بۆ ئەوەی ئەمریكا ھێزەكانی لەو ناوچەیە بكشێنێتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

Latest from نەوزاد ھێتوتی