وەرچەرخان لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و سعوودیا: وزە لە بەرامبەر ئاسایش

د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان-زانکۆی سەڵاحەددین

 

تورکیا لەم ماوەیەدا دەستی بە جموجۆڵێکی گەورەی دیپلۆماسی لە ئاستی هەرێمایەتیدا کردووە و، هەر بۆیە بە ڕای زۆربەی ئەکادیمی و شرۆڤەکارانەوە ئەمە بە وەرچەرخان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی پاش ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیی ساڵی ٢٠١١ دادەنرێت کە، بەهۆیەوە تورکیا چووە بەرەیەکەوە کە بووە مایەی دروستبوونی بارگرژی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی پاش کوژرانی "خاشقچی"، ئەم بارگرژییانە لەگەڵ سعوودیا زیاتر پەرەیان سەند. ئەمە جگە لەوەی کە بەهۆی بارگرژی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە پرسی کڕینی سیستەمی بەرگریی S-400 لە ڕووسیا، ئەو وڵاتە زیاتر لە ئەمریکا دوور کەوتەوە و تەنانەت لە ناکۆکیی نێوان قەتەر و وڵاتانی تری عەرەبی لایەنگریی لە قەتەر کرد.

هەموو ئەمانە لە پاڵ هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژاوای کوردستان و هێرش و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت بارگرژیی تورکیا لەسەر پرسی دەرهێنانی گازی سروشتی لە ناوچەی دەریای سپیی ناوەڕاست لەگەڵ یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل و...، هەروەها دەستوەردان لە جەنگی ناوخۆی لیبیا و پاشان ئازەربایجان-ئەرمینیا، وای کرد کە تورکیا وەکوو دەوڵەتێکی هێرشبەر، سەڕەرۆ و نەخوازراو دەربکەوێت. بەڵام هاوکێشە ناوخۆیییەکانی تورکیا، بەتایبەتی سیاسی و ئابووری لە پاڵ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان وای کردووە کە، تورکیا لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەوڵ بدات کەڵک لە لێکەوتەی گۆڕانکارییەکانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکڕاینا و پێویستیی ئەمریکا و ناتۆ بە تورکیا وەربگرێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگە و پڕکردنەوەی پێویستییە ئابوورییەکانی تورکیا.[1] لە ئێستایشدا دوایین ڕووداو کە بە گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دادەنرێت، گەشتی ئەردۆغان بوو بۆ سعوودیا و لەباوەشگرتنی شازادی سعوودیا محەمەد بن سەلمان!

هۆکار و پاڵنەر و لێکەوتەکان

ڕۆژی ٢٨و٢٩-٤-٢٠٢٢ ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەردانی سعوودیای کرد؛ ئەم سەردانەیش لە کاتێکدایە کە پێشووتر و بەهۆی کوژرانی جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەوانی سعوودی، لە کۆنسوڵگەریی ئەو وڵاتە لە ئیستانبۆڵ لە ساڵی ٢٠١٨ پەیوەندییەکانیان گرژیی زۆری تێ کەوت. بۆیە ئەمە بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چونکە پێشووتر دەزگه‌ی دادی تورکیا  لە سەرەتای مانگی ٤ دۆسییەی کوشتنی خاشقچیی ڕەوانەی سعوودیا کردەوە[2] کە، بووە هۆی سەرسوڕمانی ڕۆژنامەوان و ناوەندە ناوخۆیی و دەرەکییە سیاسییەکان؛ بەڵام پاش ئەم گەشتە، دەرکەوت کە ئەمە بۆ ئامادەکاری بووە بۆ ئاساییکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە و هێنانەدیی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی تورکیا و سڕینەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ سعوودیا.[3]

لە پاش كودەتا ناسەركەوتووەكەی ساڵی 2016 و شەپۆلی لەسەركارلادان و پەراوێزخستن و قۆڵبەستكردن و زیندانیكردنی هەزاران هاووڵاتیی توركیا بە بیانووی پاڵپشتی لە كودەتاكە و گولەنییەكان، سوپای توركیا و دامەزراوەكانی توركیا تووشی قەیرانی كارامەیی و ڕەوایەتی بوونەوە؛ هەروەها لە دوای داكشانی پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان و حزبەكەی و جیابوونەوەی كەسە نزیكەكانی و لەمەیش گرنگتر، بوون بە ڕكابەری ئەردۆغان و حزبەكەی و ڕەخنەی توند لە سیاسەتی حزبەكەی. جگە لەمانەیش كێشە ناوخۆیییەكانی توركیا، بەتایبەتی لە پاش لاوازبوونی حزبی داد و گەشەپێدان لە ئاكامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا و لەدەستدانی شارەوانیی چەندان شاری گەورە، بەتایبەتی ئیستانبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌ وای كردووە کە لەم ڕێگەیەوە ئەردۆغان بیەوێت پێگەی ناوخۆییی خۆی  بەهێز و بەرز بکاتەوە و، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ کە بۆ حزبی داد و گەشەپێدان و خودی ئەردۆغان به‌ چارەنووسساز دادەنرێت، ئامادە بکات.

فاكتەر و پرسی گواستنەوەی وزە و پێویستیی ئەوروپا بە وزە، یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە وا دەکات تورکیا کەڵکی لێ وەربگرێت، چونکە تورکیا چ وەکوو بەکاربەر و چ وەکوو ناوەندێکی گواستنەوە لە ئاستی هەرێمی و جیهانی بۆ نەوت و گاز بۆ ئەوروپا و جیهان گرنگیی تایبەتی هەم بۆ بەرهەمهینەران و هەم بۆ بەکاربەرانی وزە هەیە. لە لایەکی تریشەوە بەپێی ئامارەکانی فەرمیی تورکیا، هەڵاوسانی یەکساڵەی تورکیا لە مانگی ئازاری 2020 بۆ کانوونی یەکەمی 2022 بە ڕێژەی 49.46 بەرز بۆتەوە؛ بەم واتایە کە ڕێژەی هەڵاوسان لە %11.86 بۆ %61.14 زیادی کردووە. بۆ نموونە لە ڕێکەوتی ٦-٤-٢٠٢٢ نرخی تێكتی هۆکارەکانی گواستنەوە لە ئیستانبۆڵ بە ڕێژەی ٤٠% زیادی کردووە و، لە ٥.٤٨ لیرەوە بۆ ٧.٦٧ لیرە بەرز کرایەوە و، ئەمەیش بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لەناو هاووڵاتیان. تەنانەت نرخی ئاو بە ڕێژەی ٢٩% زیادی کردووە و لە هەر مەترێکی سێجا لە ٥.٥٦ لیرە بۆ ٨.٣٣ لیرە بەرز بووەوە.[4]

بەهۆی ناکۆکییەکانی تورکیا و سعوودیا پاش کوژرانی خاشقچی، بایکۆتێکی نافەرمی لەلایەن سعوودیاوە بۆ سەر کاڵاکانی تورکیا هاتە ئاراوە.[5] هەر بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت بەهۆی قەیرانی ئابووریی تورکیا و تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی هەڵاوسان، بەدوای بەهێزکردنی بازرگانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانیدا بگەڕێت، بەتایبەتی لەنا وڵاتانی هەناردەکاری نەوت. لەم نێوەیشدا لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا، ئەردۆغان لە دۆخێکی ئابووری و سیاسیی زۆر لەرزۆک و ناسکدایە بەهۆی ئەوەی کە لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا لە تورکیا هەست بە لاوازی دەکات. بۆیەیش تورکیا ئامانجی ئەوەیە کە ئاستی بازرگانی و هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و سعوودیا بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ساڵی 2018، چونکە بەپێی داتا فەرمییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠ هەناردەی تورکیا بۆ سعوودیا کەمتر لە 200 ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا ئەم ڕێژەیە نزیکەی 3.2 ملیار دۆلار بوو.[6]

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨ و پێش بارگرژییەکانی تورکیا و سعوودیا سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی، زیاتر لە ٧٥٠ هەزار گەشتیاری سعوودیا سەردانی تورکیایان کردبوو، کە بۆ تورکیا پیشەسازیی گەشتیاری، گرنگیی تایبەتی هەیە. جێگەی ئاماژەیە کە پێشووتریش و پاش گەشتی ئەردۆغان بۆ ئیمارات لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕێککەوتنی بازرگانی و دارایی بۆ ئاڵوگۆڕ بە بەهای 4.9 ملیار دۆلار لە نێوان ئیمارات و تورکیای واژۆ کرد، کە پشتگیرییەکی زۆر پێویستی بۆ دراوی ڕوو لە داڕمانی تورکیا پێشکەش کرد. هەروەها ئیمارات و تورکیا سندووقێکیان بۆ وەبەرهێنان بە بەهای ١٠ ملیار دۆلار دامەزراندووە بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنان و کاروباری بازرگانیی نێوانیان.[7] تەنانەت بە ڕای پسپۆڕان، ئەمریکایش پێویستی بەوەیە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا ئاسایی بکاتەوە؛ هەرک فەرید زەکه‌ریا لە وتارێکی لە ڕێکەوتی ٢١-٤-٢٠٢٢ لە واشینگتۆن پۆست (washingtonpost) ئاماژەی پێ دەدات کە، بۆ بەردەوامیی گوشارەکان و ڕێگەگرتن لە شکستی بەرەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دژی ڕووسیا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناچارکردنی ڕووسیا بۆ دانوستانی جددی و مانادار و ڕازیکردنی ڕووسیا بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئابڵووقە و سزاکانی ڕۆژاوا، پێویستە ئەمریکا ئەم دەسپێشخەرییە لەگەڵ سعوودیا بکات.[8] لەم چوارچێوەیەیشدا تورکیا دەیەوێت ئەم دەسپێشخەرییە بکات و پەیوەندییەکانی ئاسایشی بکاتەوە، چونکە بۆ هەردوو سەرۆککۆمار (بایدن و ئەدۆغان) نرخی وزە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پێگە حزبییەکەیان لە ئاستی جەماوەری و بەم پێیەیش ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبێت.

هەر بۆیە لە ڕێکەوتی ٣-٤-٢٠٢٢ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (Wall Street Journal) ئاشکرای کردووە کە لە مانگی ڕابردوو ویلیام برێنز، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە سەردانێکی نهێنی چۆتە شاری جەددە لە سعوودیا.[9]

لە لایەکی تریشەوە، پەرتەوازەییی جیهانی ئیسلامی و عەرەب كە خۆیان چەندان كێشە و گرفتی ناوخۆیی و دەرەكییان هەیە؛ بۆ نموونە سووریا بەبێ پاڵپشتیی ئێران و ڕووسیا هیچ كۆنترۆڵ و هه‌ژموونێكی بەسەر سووریادا نییە؛ یاخود تێوەگلانی سعوودیا و وڵاتانی تری عەرەبیی هاوپەیمانی سعوودیا لە یەمەن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا. عێراقیش لە لایەك كێشە و گرفتی ناوخۆییی هەیە و، لە لایەكی تریش لە نێوان بەرداشی ململانێ و ناكۆكی و نفووزی ئەمریكا و ئێراندا دەستەوەستان ماوەتەوە. تەنانەت لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی "حوڕییەت"ی تورکیا بڵاوی کردەوە کە، لە پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، تورکیا لەژێر ڕۆشناییی گۆڕانکارییەکاندا بەنهێنی هەوڵی داوە پەیوەندی بە سەرۆکی سووریاوە بکات و پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە؛ ئەمەیش وەکوو ئامادەکارییەک بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا و داهاتووی هاوسەنگیی هێز لەو وڵاتە، چونکە وڵاتانی عەرەبی و سووریایش هەوڵیان داوە کە پەیوندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.[10]

هەروەها ئەندامبوونی توركیا لە ناتۆ و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە پاراستنی سنووری جوگرافی و ئاسایشی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ (ئەوروپا) لە مەترسی و هەڕەشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی تورکیای بەرز کردۆتەوە. هەموو ئەمانە وا دەکات کە تورکیا دەرفەتێکی زێڕینی بۆ دروست ببێت کە کەڵک لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا وەربگرێت[11] سەڕەرای ئەوەی کە ڕووسیا و تورکیا لە سەردەمی قەیسەر و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ١٣ جار جەنگی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا ڕووی داوە[12]، بەڵام  بۆ ئەوەی وەکوو ئەو هێزە گەورەیە سەیر بکرێت کە دەتوانێت کێشەکانی نێوان هێزە هەرێمایەتییەکان و تەنانەت لە ئاستی سەرووهەرێمایەتی و نێودەوڵەتییش وەکوو نێوەندگیرێک دەربکەوێت و ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە، ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوروپییەکان توانای چارەسەریان نییە.[13] هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە تورکیا توانی دوو کۆبوونەوەی گرنگی نێوان نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا ڕێک بخات: یەکەمینیان دوو هەفتە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ئەنتاڵیا ئەنجام درا کە، تێیدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگێی لاڤرۆڤ و دیمیترۆ کۆلبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئامادەی بوون و، دووەم کۆبوونەوەیش لە کۆتاییی مانگی ئازار لە ئیستانبۆڵ و لە "کۆشکی دۆڵما باغچە" بەڕێوە چوو.[14]

ئەم ڕووداو و هاوکێشە نوێیانەیش وای کردووە کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا گەرمتر ببێتەوە. هەر ئەمەیش وای کرد کە وەزارەتی دەرەوە داوا لە کۆنگرێس بکات کە ڕەزامەندی لەسەر پێدانی نه‌وه‌ی چوارەمی فڕۆکەی جۆری F-16 بکات بۆ تورکیا لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا. پەیوەندیی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابووری وای کردووە کە، تورکیا لەگەڵ هەر یەکە لە ڕووسیا و ئۆکراینا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەبێت؛ کە ئەمەیش وا دەکات جگە لەوەی تورکیا قازانجی ئابووری بکات، لە ڕووی دیپلۆماسی و جیۆسیاسییشەوە پێگەی بەرزتر ببێتەوە، چونکە تورکیا پێش جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بە قەبارەی ٣٣ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەبووە و، لەگەڵ ئۆکراینایش بە قەبارەی نزیکەی ٨ ملیار دۆلار.[15] بەم پێیە تورکیا لەوە تێ گەیشتووە کە لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت لەگەڵ سعوودیا و وڵاتانی تری ناوچەکەیش هەمان سیاسەت پەیڕەو بکات ئەگەر پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە.

سوودوەرگرتن لە لاوازیی ئێستای ئێران و كێشەكانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی و گوشارەكانی ئەمریكا لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابووری، هەروەها ئەگەری پەراوێزكەوتنی لە هاوكێشەكانی سووریا، لە لایەكی تریشەوە پێویستیی ئێران بە توركیا بۆ شكاندنی ئابڵووقەكانی ئەمریكا وای کردووە کە، تورکیا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگە هەرێمایەتییەکه‌ی بدات. ئەمەیش بەوە دەبێت کە تورکیا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناوچەکە هەبێت و وەکوو ڕابردوو لایەنگری لە بەرەیەک لە دژی بەرەکەی تر نەکات.[16]

هاوکاریی تورکیا و ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پێداویستییەکانی وزەی تورکیا و سەرچاوە زەبەلاحەکانی نەوت و گازی سروشتیی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا چڕتر بووەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا تورکیا و ئێران زیاتر لە هاوبەشە نزیکەکان ڕکابەریی یەکتری دەکەن، لە کاتێکدا ڕەنگە لە هەندێ بواردا بەرژەوەندیی ئەمنی و ئابووریی هاوبەشیان هەبێت، بەتایبەتی سەبارەت بە کێشەی کورد. بەڵام بەرژەوەندییەکانیان لە چەندان بوار و ناوچەدا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکۆکن. بۆ نموونە پشتیوانیی تورکیا بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تاکە هاوپەیمانی ڕاستەقینەی دەوڵەتی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . هەروەها عێراق بۆتە گۆڕەپانی پێشبڕکێی پەرەسەندووی نێوان تورکیا و ئێران. جگە لەمانەیش بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بووەتە سەرچاوەی گوشار و لێکجیابوونەوە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا؛ هەرچەندە جیاوازییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بەزۆری لەسەر تاکتیکە نەک ئامانجە ستراتیژییەکان، چونکە ترسی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە کە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی دەتوانێت ببێتە هۆی پێشبڕکێی چەکی ناوکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمەیش بە نۆرەی خۆی دەتوانێت گوشار لەسەر حکوومەتی تورکیا زیاد بکات بۆ ئەوەی ڕەچاوی پەرەپێدانی توانای چەکی ناوکیی خۆی بکات. جگە لەمانەیش، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە زیاتر لێک نزیک بوو، بەڵام لە ئێستادا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنزیکەوە تێکەڵ دەبن؛ هەرچەندە تورکیا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دژی ئێران جێبەجێ کردووە، بەڵام بەپێی پەیوەندیی نزیکی ئەنقەرە لەگەڵ تاران لە بواری وزە، لەوانەیە تورکیا ناڕازی بێت لە سەپاندنی توندترین سزا و ئابڵووقەکان دژ بە ئێران.[17] هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت هەم لەگەڵ ئێران پەیوەندیی هەبێت و هەمیش ڕکابەرایەتیی دەکات و لە هەمان کاتیشدا بە دوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ وزەی ئێراندا دەگەڕێت کە دەستی لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووردارکردنی ئێران ئاوەڵاتر بێت.

پاش هاتنەسەرکاری بایدن، لێکەوتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات لە ئەمریکا تەنیا سعوودیای نەگرتەوە، بەڵکوو تورکیایش زۆر لەژێر گوشاردایە و لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە هەڵوێستی سیاسی لە پاڵپشتیکردنی سعوودیا لە دژی حووسییەکان و تەنانەت هەواڵی نافەرمیی پێدانی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بە سعوودیا و بەکارهێنانی لە دژی حووسییەکان، لەگەڵ وڵاتانی سوننە بارگرژییەکانی بسڕێتەوە و پەیوەندییەکانی بەهێز بکاتەوە و، بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵی داوە کە لە میسڕیش نزیک ببێتەوە و تەنانەت هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئیسراییل دەدات بۆ دروستکردنی کاریگەری لە ئەمریکا و کەمکرنەوەی گوشارەکانی ئیدارەی جۆ بایدن. هەموو ئەمانەیش تورکیا لە ئێران دوور دەکاتەوە و ئەمە هاوسەنگیی هێز لە قازانجی سعوودیا دەگۆڕێت. بۆیە ئەم هاوکێشەیەیش وای کردووە کە سعوودیا بە متمانەیەکی زیاترەوە بچێتە دانوستان لەگەڵ ئێران.[18] هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت لەم ئاڵوگۆڕانە پشکی بەربکەوێت، چونکە سعوودیای سەردەمی محه‌مه‌د بن سه‌لمان جگە لە کرانەوەی کۆمەڵایەتی، كۆمه‌ڵێك بەرنامەی بەرزه‌فڕانەی وەکوو ٢٠٣٠ و تەنانەت ٢٠٤٠  لە بواری ئابووری و گەشتیاری و تەکنەلۆژی و ژینگەیی و...ی بۆ سعوودیا هەیە؛ بۆ نموونە دەیەوێت گرێدراویی ئابووریی سعوودیا بە داهاتی نەوت ساڵ بە ساڵ کەم بکاتەوە و ئابووریی وڵات بكاتە ئابوورییەكی فرە-جۆر و، وەبەرهێنەره‌ بیانییەکان بۆ سعوودیا ڕابکێشێت. هەر ئەمەیش وای کردووە ڕۆژی ٢٩-٤-٢٠٢٢، شەهباز شریف، سەرۆکوەزیرانی نوێی پاکستان، تەنیا پاش سێ هەفتە لە هاتنە سەر دەسەڵات بە گەشتێکی سێ ڕۆژە بگاتە ڕیاز و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە.[19] هەر بۆیە ئەو وێنایە هاتۆتە ئاراوە کە سعوودیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو درواسێکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کۆماری ئیسلامی (پاکستان و تورکیا) پتەو و ئاساییی کردۆتەوە و ئەمەیش ئێران نیگەران دەکات.

بۆ سعوودیایش گوشارەکانی ئەمریکا یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە وای کردووە سعوودیا هەوڵی سڕینەوەی بارگرژییەکان بدات. بۆ نموونە جۆ بایدن سیاسەتی خۆی لە هەمبەر سعوودیا لەسەر بنەمای پابەندیی دەسەڵاتدارانی سعوودیا بە بەها دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەبەستێتەوە و، تەنانەت ڕەخنەی توند لە ترامپ دەگرێت کە بۆ نموونە لە کەیسی جەماڵ خاشقچی، لایەنگریی لە سعوودییەکان کردووە نەک بەهاکانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانییەکی ئەمریکی. هەروەها بایدن پێی وایە کە سیاسەتی ترامپ لە هەمبەر پرسی جەنگی یەمەن هەڵە بووە و بۆتە هۆی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ. هەر بۆیە بڕیاری هەڵپەساردنی فرۆشتنی چەک بە سعوودیا و دەرکردنی حووسییەکان لە لیستی تیرۆردا وەک بەشێکە لەو ڕوانگەیەی جۆ بایدن بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن بەپێی بەها دیموکراسییەکان لە بەرامبەر هاوپەیمانە نادیموکراتەکانی. ئەمەیش پەیام و سیگناڵێکی بەهێزە بۆ سعوودیا. هەروەها سعوودیا ئەو بڕوایەی لە لا دروست بووە کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەگاتە ڕێککەوتن و دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ و سزاکانی سەری سووکتر دەکات و، هه‌ر بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتن و بنەمایە سعوودیا خۆی بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە ئامادە دەکات.

کۆبەند

تورکیا خوازیاری ڕۆڵی ڕێبەرایەتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی متمانەسازی و، ئەمەیش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێگە نێودەوڵەتییەکەی وەکوو هێزێکی سەرووهەرێمایەتی. خاڵی لاوازی تورکیا ناوخۆی ئەو وڵاتەیە کە ئەردۆغان هەوڵی داوە لە بواری هێزی ڕەق لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە سووریا و عێراق و ناڕاستەوخۆ لە لیبیا و ئازەربایجان و... قەرەبووی بکاتەوە و گرفتە ئابوورییەکانیشی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، هەروەها بینینی ڕۆڵی نێوەندگیر و ناوبژیوان (وەکوو ئۆکراینا-ڕووسیا) چارەسەر بکات. هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەیە کە ئەردۆغان لە ئاستی ناوخۆیی جارێکی تر بەبێ ڕکابەر دەرکەوێت و پێگەی حزبەکەی بەهێز بێتەوە.

لە عێراقیش، بەتایبەتی پاش هەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١ تورکیا لە ڕێگەی کورد و سوننە و تورکمانەکان هەوڵ دەدات بەرژەوەندییە سیاسی، ئاسایشی و ئابوورییەکانی بپارێزێت. تورکیا لە قەیرانی ڕووسیا-ئۆکراینادا و گرنگیی پرسی ئاسایشی وزە و گواستنەوەی بۆ ئەوروپا، لەوە تێ گەیشتووە کە هەم ڕووسیا و هەمیش ئەمریکا پێویستیان بە ڕۆڵ و پێگەی تورکیا هەیە؛ هەروەها  ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و پاشان بۆشاییی دەرچوونی ئەمریکا و سەرقاڵی بە کاروباری چین و ڕووسیا و کێشە ناوخۆیییەکانی وای کردووە کە، دڵەڕاوکێیەک لەناو وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئیسرائیل دروست ببێت و، ئەمەیش پێگەی تورکیا لەناو ئەو وڵاتانە زیاتر بەهێز بێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، سعوودیا بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و مەترسییەکانی ئەمریکا لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و شکستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاوەستاندن و کۆنترۆڵی ڕووسیا، ئەو دەرفەتەی قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی هەم ئەمریکا ناچار بکات کە گرنگیی زیاتر بە ئاسایشی سعوودیا و وڵاتانی کەنداو بدات و هەمیش لەم ڕێگەیەوە پێگەی هەرێمایەتیی خۆی بپارێزێت یاخود دووبارە بەدەستی بێنێتەوە. پێویستییە ئابوورییەکانی تورکیا و دڵەڕاوکێ ئاسایشییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایش ڕۆڵی سعوودیا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی بەرزتر کردۆتەوە. هەر بۆیە ئەمریکایش بۆ ئەوەی سعوودیا لە چین و ڕووسیا دوور بکەوێتەوە و ئاسایشی نێودەوڵەتیی وزە دەستەبەر بکات و گوشار بۆ ڕووسیا بەردەوام بێت، ئامادە بووە واز لە سیاسەتی بەڵێنپێدراوی بایدن بهێنێت لە هەمبەر سعوودیا. ئەم هاوکێشە نوێیەیش لە ناوچەکەدا بەم شێوەیە پۆلین یان پێناسە دەکرێت: وزە-ئابووری لە بەرامبەر پاراستن-ئاسایش.

 

[1] - Why Turkey is in a unique position to mediate. https://edition.cnn.com/2022/03/29/opinions/turkey-mediator-russia-ukraine-dalay/index.html

[2]-theguardian: Turkey to send case against Khashoggi’s alleged killers to Saudi Arabia. https://www.theguardian.com/world/2022/apr/07/turkish-court-sends-case-of-26-accused-over-khashoggi-killing-to-saudi-arabia

[3] - Khashoggi goes unmentioned as Erdoğan seeks to boost Saudi trade ties. https://www.theguardian.com/world/2022/apr/29/khashoggi-row-goes-unmentioned-as-erdogan-seeks-to-boost-saudi-trade-ties

[4] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: سیاست اقتصادی جدید دولت ترکیه تورم را مهار خواهد کرد؟

https://www.independentpersian.com/node/229571/اقتصاد/سیاست-اقتصادی-جدید-دولت-ترکیه-تورم-را-مهار-خواهد-کرد؟

[5] -  بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

A: Saudi imports of Turkish goods hit new low amid informal boycott, https://www.dailysabah.com/business/economy/saudi-imports-of-turkish-goods-hit-new-low-amid-informal-boycott
B: Saudi Arabia's business community pressured ‘to not buy made in Turkey’. https://www.dailysabah.com/business/economy/saudi-arabias-business-community-pressured-to-not-buy-made-in-turkey

[6] - bloomberg: Erdogan Meets Saudi Prince in Shift That Could Boost Economy. https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-04-28/erdogan-visits-saudi-arabia-after-transferring-khashoggi-case

[7] - Turkey, UAE boost strained ties with 13 deals during Erdoğan's visit. https://www.dailysabah.com/business/turkey-uae-boost-strained-ties-with-13-deals-during-erdogans-visit/news

[8] - Fareed Zakaria: The only plausible path to keep the pressure on Russia. https://www.washingtonpost.com/opinions/2022/04/21/russia-ukraine-oil-production-saudi-arabia-uae-gulf-states-security/

[9] - Wall Street Journal : CIA Chief Met Saudi Crown Prince Last Month in Push to Mend Ties.

https://www.wsj.com/articles/cia-chief-met-saudi-crown-prince-last-month-in-push-to-mend-ties-11651588201

[10] - arabnews : Ankara considering opportunities to start talks with Syria: Hurriyet. https://www.arabnews.com/node/2058086/middle-east

[11] - aljazeera : Turkey, a mediator in Ukraine, mends its own ties with neighbours. https://www.aljazeera.com/news/2022/3/30/turkey-a-mediator-in-ukraine-mends-its-own-ties-with-neighbours

[12] - Putin Durdurulmazsa, Durmaz. https://www.perspektif.online/putin-durdurulmazsa-durmaz-1/

[13] - Turkey’s Balancing Act on Ukraine Is Becoming More Precarious, https://foreignpolicy.com/2022/03/10/turkey-ukraine-russia-war-nato-erdogan/

[14] - theguardian : Turkey leads pack of countries vying to mediate between Ukraine and Russia. https://www.theguardian.com/world/2022/mar/31/turkey-leads-pack-of-countries-vying-to-mediate-between-ukraine-and-russia

[15] - atlanticcouncil : Free trade and drones: Turkey and Ukraine strengthen strategic ties, p https://www.atlanticcouncil.org/blogs/ukrainealert/free-trade-and-drones-turkey-and-ukraine-strengthen-strategic-ties/

[16] - Turkey’s Evolving Policy toward Iran, https://arabcenterdc.org/resource/turkeys-evolving-policy-toward-iran/

[17] - RAND: Turkish-Iranian Relations in a Changing Middle East. https://www.rand.org/pubs/research_reports/RR258.html

[18] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: ئێران و سعوودیا لە گەمەی نوێی ئەمریکادا.

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/1781-2021-05-01-11-23-04

[19] - New Pakistan PM on 1st trip to Saudi amid political division. https://www.washingtonpost.com/world/new-pakistan-pm-on-1st-trip-to-saudi-amid-political-division/2022/04/29/1eb19832-c7b4-11ec-8cff-33b059f4c1b7_story.html