زەنگى گەڕی سێیەمى ململانێکانى عێراقى دواى هەڵبژاردن لێ درا: سەنگەرەکان قایم کەن!

(خوێندنەوەیەک بۆ هاوکێشەکانى دواى دەستپێشخەرییەکانى جەژن)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

گۆڕانکارى لە کارەکەدا نییە

تا هەنووکە هیچ لە گۆڕێ نییە. هەمووان گەرچی کپن، بەڵام جارجار گوتارێک یان دەستپێشخەرییەک دەکەن. ئەمە نیشانەى کرانەوەى دۆخە چەقبەستووەکە نییە، هەندە نەبێ زەنگى گەڕی سێیەمى ململانێکانى دواى هەڵبژاردنى (10)ى ئۆکتۆبەرى 2021، دەمەزەرکردنەوەیە؛ سەنگەرقایمکردنە بۆ ئەو گەڕەى کە لەوانى پێشوو توندتر و دژوارتر و سەختتر دەبن. هەردوو جەمسەرەکە خوازیارى پێکهێنانى حکوومەتێکن کە بە کەیفی خۆیان بێت، بەڵام واقعەکە بۆ ئەو مەبەستە دژوارە و هیچ ئاسۆیەکیش لەو بارەیەوە دیار نییە. هەڵبژاردنى پەرلەمانیى (10)ى ئۆکتۆبەرى 2021، زیاتر لە حەوت مانگ و نیوى تێ پەڕاند، بێ ئەوەى هیچ ئاکامێکی پۆزەتیڤى بۆ عێراق لێ بکەوێتەوە. دواى ئەو هەموو گێرە و کێشەیە هاوکێشەکان تروسکایییان تێدا بەدی ناکرێ؛ لایەنەکان زیاتر سەنگەرى خۆیان قایم دەکەن؛ لە جاران زیاتر جەخت لەسەر گوتاریان دەکەنەوە. ئایا ئەمە بنبەستبوونى کۆتایییە یان "گۆم تا قووڵ بێت مەلەى تێدا خۆشە"؟ ئایا سەرەتاى بانگەشەى هەڵبژاردنێکی پێشوەختەى نوێیە؟ یان دژوارتر لەوە بەرەو جەنگ دەچین؟

سەرەڕاى ئەوانە هەموویان، ئەوەى کە گرەوى لەسەر بکرێ، جەنگى ناوخۆیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە و پێ ناچێ گرووپە شیعییەکان و ئێران ڕێ بەو بژاردەیە بدەن. ئەگەرچی پەنا بۆ لەناوبردنى هەندێ لە سەرکردە شیعەکانیش ببەن (وەک سەدر، بەڵام تا هەنووکە لاى ئەوان جەنگى شیعە-شیعە هێڵی سوورە و گرەوکردنیش لەسەر ئەو مەتەڵە کارێکی باش نییه‌ و هیچ گرەنتییەکى ئەوتۆ نادات بەدەستەوە. بەڵام دروستبوونى گرژى تا ئاستى کردەوەى سەربازى دەرهەق بە هەرێمى کوردستان وەک دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانە لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران، بژاردەیەکە ڕێی تێ دەچێت و دەبێ سەرکردایەتیى کورد حیسابی بۆ بکات و سەنگەرەکانى یەک بخاتەوە و قایمیان بکات و، چاوەڕوانى خراپترین دۆخ بێت لە دژى.

بەڵام پرسیارە جددییەکە ئەوەیە: ئایا بۆچی هیچ گۆڕانکارییەک لە گوتار و دەستپێشخەرییەکاندا نییە؟ ئایا ئاماژەکانى نەبوونى گۆڕان لە هەڵوێستى لایەنەکان چین؟

  • لەسەر ئاستى ناوخۆ

لەم بارەیەوە چەند ئاماژەیەک هەن کە دەکرێ بەپوختى ئاماژەیان پێ بدەین:

  1. تەواوى دەستپێشخەرییە نوێیەکان وەک جەژنانە، تەنیا بوونى هەڵوێستى نوێیە نەک گۆڕانکارى؛ بەڵکوو لەوەیش مەترسیدارتر، لە ناواخندا جەختکردنەوەى نوێیە لەسەر هەڵوێست و هاوکێشە کۆنەکان.
  2. هیچ ڕێکكەوتنێک لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکە نەکراوە. ئەمەیش لارسەنگیى پرۆسەى سیاسیی لێ کەوتۆتەوە و دەکەوێتەوە؛ به‌تایبەت بەرەى چوارچێوەى هەماهەنگى لەو بارەیە زۆر نیگەرانە.
  3. لایەنەکان هیچ جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەکیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
  4. یەکلانەبوونەوەى دژوارییەکە، بەوەى ئایا زیاتر هی لایەنە عێراقییەکانە یان هەرێمی و نێودەوڵەتى.
  5. تاكه‌ تازەگەرى لەو نێوەندەدا ئەوەیە: هەوڵێکە بۆ دانانى سەرۆکوەزیرانێکى سەربەخۆى شیعە لە فەزایەکی بێبونیادی سیاسیدا. بە مانایەکی تر، دانانى سەرۆکوەزیرانێکی بێکەس لەسەر کورسیی عەرش کە هیچ ئەسڵ و فەسڵێکی سیاسیی نەبێت؛ واتە هەمان ئەزموونى عادل عەبدولمەهدی.

 

  • لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتى

لەسەر ئاستى دەرەکییش دژوارییەکەى لەوەى ناوخۆ خراپترە، چونکە هاوکێشە سیاسییەکانى ناو عێراق درێژکراوەى ململانێ سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، به‌تایبەت لەسەر ئاستى ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران، بەو شێوەیەى هەرچی پەیوەندیی بە:

  1. ئێرانەوە هەیە، هەر لە هەوڵی ئەوەدایە تەواوى گوشارەکانى زیاد بکات و بەرەى دژ بە خۆى ئاسۆى سەرکەوتن نەبینن و بە هه‌موو قورساییی خۆیەوە لە گۆڕەپاندایە؛ بەوپەڕی هێزوەشاندنەوە وەک هەڕەشەیەک، کە لە ئاکامدا بۆ ئەوەى عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایش بکشێنێتەوە سەبارەت بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ هێرشەکانى بۆ سەر هەولێر، سزاکەى قبووڵ کرد و باڵیۆزەکەى خۆى لە عێراق گۆڕی. بەڵام ئەوەى جێی تێڕامانە لەو بارەیەوە، پێویستە دوو هەڵوێستى حکوومەتى ئێران دەربارەى عێراق لێک جیا بکەینەوە، ئەوانیش: هەڵوێستى حکوومەتى ئێران و سوپاى پاسدارانە؛ بەو مانایەى ئەوەندەى پاسەوانى شۆڕشی ئێران نیگەرانن، ئەوەندە حکوومەتى ئێران نیگەران نییه‌، کە سەرمەشقى پشتیوانییەکە بۆ ڕەوتى هەماهەنگیی شیعە سوپاى پاسدارانە بە هەموو توانایەکییەوە، تا ئاستى ڕاگەیاندنى جەنگ لە دژى ئەوانەى گوایە جێی مەترسین بۆ ئاسایشی نیشتمانیى ئێران و، لە هەوڵدایە بۆ بێهیواکردنى هەموو ئەوانەى کە دەخوازن حوکمى عێراق بکەن یان لە حوکمى ڕەهاى شیعە بۆ عێراق کەم بکەنەوە.
  2. ویڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە لەو بارەیەوە؛ نوێترین هەڵوێستى خۆى سەبارەت بە دۆزى عێراق لەسەر زارى جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى، جێنیڤەر گامنیتۆ بۆ کاروبارى ئێران و عێراق دەربڕی. پوختەى پەیامەکەیشی ئەوە بوو کە: ئەمریکا نیگەرانە لە دواکەوتنى پێکهێنانى حکوومەتى زۆرینەى نوێی عێراق، لە هەژموونى ئێران بەسەر ئەو وڵاتەوە، لایەنەکان هەڵدەنێ بۆ گەیشتنە ئاکام و ڕێککەوتن لەو بارەیەوە؛ چونکە پێکنەهێنانى حکوومەتى عێراقی بەرەنجامی نێگەتیڤى بۆ ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە دەبێت، متمانەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە دۆزى عێراق لەبار دەبا، متمانەى عێراقییەکان بە پرۆسەى هەڵبژاردن ناهێڵێ. لەو پێناوەدا لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین کە ڕێکكەوتنى چوارچێوەى ستراتیژیى نێوانمان جێبەجێ بکرێ؛ هاوکارى هێزەکانى ئاسایشی عێراقی دەبین و گه‌رەنتیى هەتایەى لەناوبردنى داعش دەکەین و برەو بە دیموکراسییەت و سەروەریى وڵاتى عێراق دەدەین. یەک پابەندبوونى درێژخایەن کۆمان دەکاتەوە. بەڕاستى ئەمریکا لە هەژموونى ئیران بەسەر عێراقەوە نیگەرانە و هەرگیز ئێران ئەوەى بۆ ناچێتە سەر کە لە لایەک دیپلۆماسییەت بکات و لە لایەکی تریشەوە ئیش لەسەر بڵاوکردنەوەى توندوتیژى بکات. کەواتە ئەوەى کە ئەگەرى نزیکبوونەوەى لایەنەکان زیاتر دەکات، ڕێژەى هەماهەنگیی ئێران و ئەمریکایە لەسەر حکوومەتى داهاتووى عێراق، کە ئەو هەماهەنگیییه‌یش تا ئێستا دروست نەبووە.

بەڵام؛

لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان، گەرچی پارتى و یەکێتى تەواو لە یەکتر دوور کەوتبوونەوە، بەڵام دوو پەیام، زەمینەسازیی بۆ نزیکبوونەوە لە یەکتر و گەڕانەوە بۆ سەر مێزى دانوستان لەسەر هاوکێشەکانى هەرێم و بەغدا زیندوو کردەوە، ئەویش پەیامى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان سەبارەت بە ڕێپێدانی بە مەکتەبی سیاسیی حزب بە مەبه‌ستى گەیشتنە ئەنجام و ڕێکكەوتن لەگەڵ یەکێتى و، پەیامی سەرۆکی هەرێم لە جەژندا؛ لە بەرامبەریشدا وەک پەرچەکردارێکی پۆزەتیڤانە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتى لەو بارەیەوە ئامادەییی خۆى بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى ڕاگەیاند، کە ئەمەیش گه‌رەنتییەک بۆ هەڵوێستى کورد لە بەغدا و هەرێم بۆ هەر پێشهاتێک کە لەسەر هەردوو ئاستەکە بکەوێتەوە، دەگێڕێتەوە؛ به‌تایبەت لە کاتى نەمانى دوو جەمسەرى: هەماهەنگى و هاوپەیمانیى سێقۆڵی، ئەگەرى سەرلەنوێ نزیکبوونەوە و یەکهەڵوێستیى یەکێتى و پارتى لە هەرێم و بەغدا زیاتر دەکات سەرەڕاى پشتیوانییەکى نێودەوڵەتى بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر پرسى شایستە دەستوورییەکانى لە بەغدا. بەڵام باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە سەردانەکەى بۆ هەرێمی کوردستان ڕۆژى 16/5/2022 ڕای گەیاند کە: قەوارەى هەرێمی کوردستان مەترسیی لەسەرە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە لەلایەن پارتى دیموکراتەوە دەستپێشخەرییەک بۆ هەماهەنگی کراوە، بەوەى کە دەکرێ لە پێناو ڕەوینەوەى مەترسیی دۆخەکە هەندێک لە ڕەوتەکانى ناو هەماهەنگى بێنە ناو حکوومەتەوە.

دەستپێشخەرییەکان ئاماژەن بۆ لۆژیکی: من هەم و ئامادەى هەموو باجێکم؛ ناتوانى بمبوێری

هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى (10)ى ئۆکتۆبەرى 2021، سەدر واى خۆ پیشان دا، کە ئەو میحوەرى شەقام و سیاسەت و شیعەیە؛ هەرچی دەکرێ، نابێ بەدەر لە داخوازیى ڕەوتى سەدر ببێ. هەر بۆیە چەندان دەستپێشخەریى کرد بەڵام لە دوو بواردا نیازی چوونەپێشەوەى نەبوو: ڕێکكەوتن لەگەڵ مالیکی و حکوومەتى تەوافوقی؛ کە ئەو دوو بابەتەیش گرێکوێرەى دۆخەکە بوون. دواتر بە بۆنەى هاتنى مانگى ڕەمەزان بوارى بە چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعە دا، کە لە ماوەى چل ڕۆژدا دەتوانن حکوومەت پێک بهێنن، بەڵام ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئەو حکوومەتە سەدرییەکانى تێدا نییە. ئەو وادەیەیش بە هەردوو ساڵنامەى شیعی و سوننى لە عێراق تەواو بوو. بەڵام وەک دەستپێشخەرییەک لەلایەن هەماهەنگییەوە کە دەیانزانی سەدر بانگەشەى نوێی لەسەر پرۆسەى سیاسیی عێراق دەبێ، ئەوان پێش دوو ڕۆژ لە سەدر دەستپێشخەرییەکیان لە 19 خاڵدا بڵاو کردەوە، کە لە ناواخندا زۆر نزیکە و هاوشێوەى ئەوەى سەدرە. ئەوەى کە گرنگە تێیدا، بوونى پێدانى بوارێکە بە سەربەخۆکان لە پەرلەمانى عێراق بەڵام بە نۆ مەرج. سەدر لاى خۆیەوە دواى ئەوەى هەماهەنگى لە ڕێگەى دەستپێشخەرییەکەیەوە وەڵامى وەرگرتەوە و پێش تەواوبوونى ئەو وادەیەى کە بۆ هەماهەنگیی دانابوو بە نۆ ڕۆژ، ئەویش ڕۆژى 4/5/2021 دەستپێشخەرییەکى بۆ پەرلەمانتارە سەربەخۆکان نارد و ڕای گەیاند، بەوەى دەتوانن لە ماوەى پازدە ڕۆژدا حکوومەتێکی سەربەخۆ پێك بهێنن و دەنگیشیان پێ دەدەن. واتە ئەو وادەیەیش ڕۆژى 19/5/2022 تەواو دەبێت، بەڵام تا هەنووکە هیچ نەبووە. پرسیارە سەرەکییەکە لەو بارەیەوە ئەوەیە کە، بۆچی ئەو دەستپێشخەرییانە دەکرێن و تەنانەت خودی سەدر وادەیش دیاری دەکات، لەو بارەیەوە دەتوانین بڵێین:

  • بۆ دەمەزه‌ردکردنەوەى ڕای گشتى و زەمینەسازییەکى لەبارى پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنێکی تر.
  • بێبەریکردنى هەڵوێستى خۆیان لە بەردەم ڕای گشتیى عێراقی سەبارەت بەوەى کە هەر ئەوان هۆکارى ئەو دۆخە نەخوازراوە بوون کە ڕووی داوە و ڕوو دەدا. هەر بۆیە لە نێوه‌ندی ئەو دەستپێشخەرییانەوە هەر یەک لەوان ئەوى دیی ئاگادار کردەوە.
  • دانانى چوارچێوەیەک بۆ دادگه‌ى باڵاى فیدراڵیی عێراق کە لە ئاییندەدا لەو بارەیەوە بڕیار دەردەکات. هەر بۆیە سەدر لە تویتەکەى ڕۆژى 4/5/2022دا ڕاشکاوانە لە پەرەگرافی یەکەمیدا ئەوەى ڕاگەیاند، کە ئەو دۆخەى عێراق تێی کەوتووە، هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارى دادگه‌ى فیدراڵی سەبارەت بە "سێیەکى پەکخەر" کە بووە هۆکارى دواخستنى حکوومەت.
  • جارێکی تر سەدر هۆکارى دواخستنى حکوومەتى دایە پاڵ هەماهەنگى و گوتى: دواى ئەوەى وادەکەمان بۆ هەماهەنگى تەواو بوو، بەڵام نەیانتوانى حکوومەت پێک بهێنن، ڕووى تەکلیفمان دەکەینە سەربەخۆکان.
  • بەهێزکردنى هەڵوێستیان لە بەردەم دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی، کە دواتر ئەو پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەو بڕیارانەى کە دادگه‌ى باڵا بەنیازە دەریان بکات، ئەگەر ئاسۆیەک بەڕووى پرۆسەکەدا نەکرێتەوە، گەورەترین مەترسی لەسەر عێراق و هەرێم دروست دەکەن؛ تەنانەت سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئەم جارە بەتەواوى دادگه‌ى فیدراڵی دەچێتە سەنگەرەوە لە دژى هەرێم.

بازەکە سەربەخۆکان بەسەر دەکاتەوە بەڵام بەسەریانەوە نانیشێتەوە

  • نەخشەى ئەندامانى ناو پەرلەمانى عێراق

ئەگەر بمانەوێ پێگە و قورساییی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بزانین، دەبێ پێشتر نەخشەى سیاسیی پەرلەمانى عێراق شی بکەینەوە، کە ئایا پێگەى سەربەخۆکان چۆنە؟ کەى ئەو پێگەیە سەنگی خۆى دەبێ؟

پەرلەمانى عێراق لە ئەندامێتیى 11 ڕەوتى سیاسی پێک هاتووە؛ 9 لەو ڕەوتانە سیاسین، کە 246 کورسیی پەرلەمانیان هەیە لە کۆى 329، واتە لە 74.47%؛ دوو لایەنەکەى تریش کە 83 کورسی دەکا، پێک هاتووە لە سەربەخۆکان و ئەوانى تر، کە ڕێژەیان بریتییه‌ له‌ 25.23%. لەو ژمارەیە سەربەخۆکان لە نێوان 43 – 60 دەبن و هەندێکیان دەرهاوێشتەى بزاڤی ناڕەزایەتییەکانى ساڵی 2019ی شەقامی عێراقین.

  • سەربەخۆکان کێن؟ ژمارەیان چەندە؟

گەرچی هەندێ بۆچوون واى بۆ دەچن کە ژمارەى پەرلەمانتارانى سەربەخۆ لە نێوان 40 – 60 دەبن، به‌تایبەت باس لە 43 ئەندام دەکرێت، بەڵام هەندێ بۆچوونى تا ڕاددەیەک دڵنیاکەره‌وه‌ باس لەوە دەکەن کە، ژمارەیان لە پەنجەکانى هەردوو دەست تێ ناپه‌ڕن. بۆ نموونە فەرهاد عەلائەددین کە خۆى سەرۆکی کۆمیسیارى ڕاوێژکاریى عێراقییە و نووسەر و توێژەریشە لە کاروبارى عێراقی، واى بۆ دەچێ، کە نەخشەى ئەندامانى سەربەخۆى ناو پەرلەمان بەم شێوەیەیە:

سەربەخۆى تەواو و ڕاستەقینە: ژمارەیان لە 7 ئه‌ندام په‌رله‌مان کەمترە.

سەربەخۆى سەر بە چوارچێوەى هەماهەنگى: کە لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانى دەکرێن و هەوادارى ئەوانن، ژمارەیان لە نێوان 10- 15 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌.

سەربەخۆى ڕزگارى: کە زیاتر هەوادارى هاوپەیمانیى سێقۆڵین و لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانى دەکرێن، ژمارەیان 7 – 10 ئه‌ندام په‌رله‌مان دەبێت.

سەربەخۆ حزبییەکان: کە ئەمانیش شوێنکەوتەى حزبەکانن و لەلایەن ئەوانیشەوە پشیوانییان لێ دەکرێ و ژمارەیان لە نێوان 24 – 30 ئەندامە. بەڵام بەپێی نوێترین کۆبوونەوەیان سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانى هەماهەنگى و سەدر کە کۆ بوونەوە، ژمارەیان لە نێوان 40 – 43 ئه‌ندام په‌رله‌مان بوو.

  • بۆچی بوار بەوان دەدرێ حکوومەت دروست بکەن؟

شتێکی بەڵگەنەویستە، گەرچی ڕۆڵ دراوەتە سەربەخۆکان بەڵام بەبێ حزبە سیاسییەکان ناتوانن حکوومەت پێک بهێنن و، ئەزموونى سیاسییان کەمە. ئەو دەستپێشخەرییە کارێکی نوێ نییە؛ پێشتریش هەمان سیناریۆ بەخشرا بە عادل عه‌بدولمه‌هدی. ئەو دەمەى کە حزبە سیاسییەکان لەسەر سەرۆکوەزیرانێک کۆک نابن، بۆ ئەوەى دەرچەیەک بۆ پرۆسەى سیاسی بدۆزنەوە، پەنا بۆ ئەو ڕێگەچارەیە دەبەن؛ واتە سەربەخۆکان حکوومەت بۆ حزبە سیاسییەکان دروست دەکەن و خۆیان حوکمیان بەدەست نییە و، تەنیا ڕۆڵی کۆکردنەوەى ڕەوتە سیاسییەکان دەبینن. سەرۆکوەزیرانیش هەمیشە لەژێر ڕەحمەتى ڕەوتە سیاسییەکاندا دەبێت. تەنانەت لەسەر ئاستى حکوومەتیش هەڵوێستى حزبەکان لەسەر کایەکانى وڵات جیاوازن و تەعبیر لە ڕەفتار و هەڵوێستى سیاسیی حزبەکانیان دەکەن، نەک گوتارى سیاسیی حکوومەت.

گەڕانەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەى کە: ئایا ئێمە لە بەردەم دووبارەبوونەوەى هەمان سیناریۆى حکوومەتەکەى ساڵی 2018داین؟ ئایا سەربەخۆکان لە کوێ هەڵوێستیان بەهێزە و پێگەیان هەیە؟ ئایا بۆچى پەنا بۆ ئەوان بردرا؟ پێ دەچێ وەڵامەکان ڕوون بن؛ هەمان سیناریۆى ساڵی 2018 لە پێکهێنانى حکوومەت دووبارە نابێتەوە، چونکە دەبێتە حکوومەتێکی تەوافوقی. ئەو بەرەنجامەیە کە چوارچێوەى هەماهەنگى مەبەستییەتی، ئەمەیش دژە لەگەڵ پرەنسیپی هاوپەیمانیى سێقۆڵی کە كار بۆ حکوومەتێکی زۆرینە ده‌كات و، سەدریش لە دوا لێدوانیدا جارێکی دی ئەوەى ڕەت کردەوە و ڕای گەیاند کە، ئەوان وڵات ناگێڕنەوە بۆ خاڵى سفرى دەستپێک. بەڵام هەردوو لاش موجامەلەى سەربەخۆکانیان کرد. گەرچی دەستپێشخەرییەکەى سەدر زیاتر لە بەرژەوەندیى سەربەخۆکانە، بەڵام لەبەر ئەوەى سەربەخۆکان ئەگەر بە 45 پەرلەمانتاریش ئەژمار بکرێن، ئەوا تەنیا 13% خاوەنى بڕیارى خۆیانن و ئەوانى تر لەلایەن ڕەوتە سیاسییەکانەوە هەڵوێستان یەکلایی دەکرێتەوە. ئەدى بۆچى ئەوان بوونەتە جێی باس؟ لەو بارەیەوە دەکرێ ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک بکرێت، لەوانەیش:

  • پاکانەیەک بۆ بەردەم ڕاى گشتى. هەردوو لا مەبەستیانە ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەوان سەرچاوەى پەکخستنى پرۆسەى سیاسی نین. ئەگەر ئەوان نەتوانن، با سەربەخۆکان ئەو ڕۆڵە ببینن. لەمەیشدا هەماهەنگی بۆیە مەرجەکانى لە سەدر زۆرترە و نۆ مەرجی بۆ ئەو حکوومەتە هەیە کە سەربەخۆکان پێکی دێنن، دەبێ لە چوارچێوەى تەوافوقیدا بێت نەک زۆرینە، چونکە حکوومەتى سەربەخۆکان ئەگەر لەسەر بنەماى زۆرینە پێک بێت، ئەوا لە بەرژەوەندیى هاوپەیمانیى سێقۆڵیدا دەبێت، کە زۆرینەى پشکەکانى حکوومەت بەر ئەوان دەکەوێ و زۆرینەى پەرلەمانیش پشتیوانییان لێ دەکەن.
  • پڕکردنەوەى ڕێژه‌ی یاسایی (نصاب) و هێنانەناوەى سەربەخۆکان بۆ ناو گەمە سیاسییەکە، کە ئێستا ئەوان گەرچی دەنگى یەکلاکەرەوەن، بەڵام ئەوان وەک سەیرکەر وان. کەواتە پێگەى ئەوان لە سێ شوێندایە ئەگەر تەوزیفی بکەن: سەپاندنى ئەجێنداکەیان، فرۆشتنى دەنگەکانیان بە گرانترین نرخى سیاسی، بەشداریى بەرچاویان لە حکوومەت، سەپاندنى کاندیدى سەربەخۆ.
  • بەرگرتن لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە. ئەم بابەتە گەلێک هەستیار و پڕمەترسییە و ئاکامەکانى دیار نین؛ هەر لەسەر ڕێژەى بەشداریى خەڵک، یاساى هەڵبژاردن، ململانێی لایەنەکان، دەستێوەردان، گزیکردن و هتد.
  • بە مەبەستى خاوکردنەوەى ئەو چەقبەستوویییە سیاسییەى کە پرۆسەى سیاسیی عێراقی گرتۆتەوە.
  • وەک دەرچەیەک بۆ داپۆشینی دۆڕان و سەرنەکەوتن لە پێکهێنانى حکوومەت لە نێوان هاوپەیمانیى سێقۆڵی و هەماهەنگى؛ بەڵام ئەوەى کە زیاتر ئەو مەبەستەى هەیە، چوارچێوەى هەماهەنگییە.

سەربەخۆکان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدان. ئەو گوتارەى کە بانگەشەیان بۆ دەکرد لە بزاڤى نیگەرانى و ناڕەزایەتییەکان، ئێستا هاوکێشەکە هاتۆتە بەردەستى خۆیان، کە هەردوو لایەنەکە ئەو دەستپێشخەرییەیان پێشکەش کردووه‌؛ به‌تایبەت ئەوەى سەدر زیاتر لەگەڵ گوتارى ئەوان دەگونجێ و داخوازیەکانیان بەدی دێنێ، چونکە سەرنەکەوتنیان لەو هەوڵە، یان نەگێڕانەوەى تۆپەکە بۆ یاریگه‌ى ئەو دوو لایەنە، کاریگەریى نێگەتیڤى لەسەر سەربەخۆکان دەبێت لە هەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختەى دی کە ساز بدرێ؛ چونکە هەر ئەوان بوون داواى حکوومەتى نیشتمانییان دەکرد و بەشبەشێنەیان ڕەت دەکردەوە و دژایەتیى گەندەڵییان ده‌کرد و خوازیارى گێڕانەوەى کەسێتیى مەعنەوى بوون بۆ حکوومەت و دامەزراوەکانى. لە ئەگەرى نەبوونى گوتارێکی ڕوون، ئەوا زۆرینەى ئەوانیش لە پەرچەکرداردا لەسەر چوارچێوەى هەماهەنگى ئەژمار دەکرێن، چونکە هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ ئەوەى گوتارى پێشوویان لە حکوومەتى زۆرینەى بێ بەشبەشێنە ڕەنگ بداتەوە.

  • هەڵوێستى سەربەخۆکان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، تا لەسەر هیچ کام لەو دوو لایەنە ئەژمار نەکرێ. هەر بۆیە ئەو دەستپێشخەرییانە لە هەندێ ڕووەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى هەڵوێستى سەربەخۆکانە، یان نەهێشتنى قورسایییان بەو شێوەیەى ئێستا و، لێکترازان و بوون بە چەند بەشەوە؛ ئەودەم ڕاوکردنیان ئاسانتر دەبێت.
  • بەڵام دەکرێ لە ناواخندا ئاماژە بە نییەتێکی ترى سەدر بدرێ، ئەویش دواى ئەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى، "جەعفەر سادق"یان وەک پاڵێوراوى سەدر بۆ سەرۆکوەزیران ڕەت کردەوە، زەمینەسازییەکى پێشوەختەیە بۆ ئەوەى کازمى بکاتە دیفاکتۆ و سەرلەنوێ ئەو پۆستەى بۆ نوێ بکرێتەوە؛ چونکە ئەوەندەى ئەجێنداى سیاسیی کازمى گەرچی لەسەر هیچ ڕەوتێک ئەژمار نەکراوە، بەڵام ئەجێنداکەى زیاتر لەگەڵ ئەجێنداى هاوپەیمانیى سێقۆڵی یەک دێتەوە و لەسەر ئاستى شەقامیش خەڵک پێی ڕازین و عێراقیش لە سەردەمى ئەودا ئاستى گەشەسەندن و بووژانەوەى لە تەواوى ساڵانى پێش خۆى زیاترە؛ سەرەڕاى ئەوەى کە کازمى توانى بە جۆرێک لە جۆرەکان عێراق بگێرێتەوە ناو گۆڕەپانى سیاسەتى هەرێمی و سنوورێک بۆ ڕەوتەکانى سەر بە ئێران دابنێت و هەژموونى نێگەتیڤى ئیرانیش بخاتە ژێر پرسیارەوە.
  • ئەگەر سەرۆکوەزیران سەربەخۆ بێت، ئەودەم باس لەوەیش دەکرێت بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە و کرانەوەى پرۆسەى سیاسیی عێراق، پێویستە پاڵێوراوى سەرۆکی دەوڵەتیش هەر کەسایەتییەکى سەربەخۆ بێت. ئەودەم پارتى و یەکێتى باس لە کەسی سێیەم دەکەنەوە و گرێکوێرەى نێوانیان چارەسەر دەبێت. گومانیش لەوەدا نییە لەو حاڵەتەدا چانسی یەکێتیى نیشتمانى زیاتر دەبێت و دەتوانێ ئەو پاڵێوراوە دیاری بکات کە خۆى دەیەوێ بە تەوافوق لەگەڵ پارتى. ئاسۆى ئەو هاوکێشەیەیش تا ڕاددەیەکی زۆر ڕوونە کە پارتى لەو بابەتەدا نازى یەکێتیى نیشتمانى هەڵدەگرێ.

دەکرێ وەک پوختە بڵێێن کە سەربەخۆکان:

دەرفەتێکی مێژوویییان بۆ هاتۆتە پێش؛ ئەگەر سەربەخۆ بن، دەتوانن ئەجێنداى خۆیان بەسەر لایەنەکاندا زاڵ بکەن و، ناوى کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتیى وەزیران دیاری بکەن کە ئەو سیفاتانەى تێدا بێت بۆ قۆناغی ئێستا. دەشێ باشترین پاڵێوراو لەو بارەیەوە کازمى بێت. دەتوانن دەنگەکانیان بە گرانترین نرخ بفرۆشنە ئەو لایەنەى کە زۆرترین پشکی لە پرۆسەى سیاسیی بەردەکەوێ؛ زەمینەسازییەک بکەن بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو تا بەهاى سەربەخۆبوون لە پەرلەمان زێتر بکەن و متمانەیان لاى خەڵک بەرز بکەنەوە؛ ئەو گوتارەى کە لە بزاڤى ناڕەزایەتییەکان بەرزیان کردبووه‌وه‌ بە ئاکامى بگەیەنن. به‌تایبەت باشترین چانس بۆ ئەوان ئەوەیە کە هاوپەیمانیى سێقۆڵی پشتیوانییان دەکات، ئەوانیش دەتوانن چەقبەستوویییەکە یەکلایی بکەنەوە و وڵات لەو قەیرانەى کە تێی کەوتووە قوتار بکەن و ببنە هۆکارێک بۆ هێنانەکایەى زەمینەیەک بۆ نەهێشتنى گەندەڵی، چونکە بەپێی داتاکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراقی: زۆرینەى خێزانە عێراقییەکان ئەگەر 5 – 6 کەس بن، ئەوا بەئاستەم داهاتى مانگانەیان لە 400 دۆلار تێ ده‌په‌ڕێ و هەر تاکێکی عێراقیش دوو دۆلار یان زیاتر داهاتی ڕۆژانەیەتی.

ئەو دەستپێشخەرییە پێ ناچێ هیچ ئاکامێکی لێ بکەوێتەوە، چونکە هەماهەنگى دڵنیان لەوەى کە دروستکردنى هەر حکوومەتێک، ئەگەر سەرۆکوەزیرانەکەیشی سەربەخۆ بێت، بەڵام لەسەر بنەماى تەوافوق نەبێت، لە بەرژەوەندیى هاوپەیمانیى سێقۆڵی دەکەوێتەوە؛ چونکە زۆرینەى پشکی حکوومەت بەر ئەوان دەکەوێت و ئەوان دەبنە خاوەنى زیاتر لە 50+1، لەگەڵ بوونى پشتیوانییەکى پەرلەمانى کە هەر ئەوان لەوێش زۆرینەن. تەنانەت نەک هەر ژمارەى ئەندامان، بەڵکوو زۆرینەى لیژنەکانى ناو پەرلەمانیش هەر لەوانە، بۆ نموونە: ڕەوتى سەدر لە کۆى 25 لیژنەکە، سەرۆکایەتى و ئەندامبوونى زیاتر لە 9 لیژنەى هەستیاری هەیە، وەک: لیژنەى نەوت و غاز، خزمەتگوزارى، دەستپاکی، ئاسایش و بەرگرى، لاوان و وەرزش، گواستنەوە و گەیاندن، دارایی، پەیوەندییەکانى دەرەوە، وەبەرهێنان و هتد.

هەر بۆیە خودی هەماهەنگی گەرچی خۆیشیان دەستپێشخەرییان بۆ سەربەخۆکان کرد، ئەگەر بە هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كان (مواسه‌فات)ی ئەوانیش بێت، لەبەر ئەو مەترسییە، هەر بیانوو بۆ پێکنەهێنانى حکوومەت دەدۆزنەوە، چونکە بە لاى ئەوانەوە نابێت حکوومەتێکی زۆرینە دروست ببێت و بەهایەکیش بۆ دەنگەکانى هەڵبژاردن پەیدا ببێ؛ بەوەى کە لایەنێکى وەک سەدر زۆرینەى دەنگەکانى پەرلەمانى بردۆتەوە و هاوپەیمانێتییەکى سێقۆڵیی لەگەڵ بەرەى دژ بە شیعە (بە بۆچوونى ئەوان) دروست کردووە. بەڵام لە هەمان کاتدا سەدر لەسەر سێ ئاست کار دەکات: هێشتنەوەى هاوپەیمانیى سێقۆڵی، هەوڵدان بۆ هێنانەناوەوەى چەند هێزێکی هەماهەنگى بۆ حکوومەتى زۆرینە و سەرنجڕاکێشانی سەربەخۆکان.

وادە دەستوورییەکان لەژێر مەحەکدان

ئایا پرۆسەکە بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان چۆتە ڕێ؟ ئایا وادە دەستوورییەکە چەندە؟ کێ دیاریکردنى وادە دەستوورییەکانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌؟

ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن كه‌ لە بەردەم پرۆسەى سیاسیی ئەم وڵاتە قیت بوونەتەوە. وەڵامی پرسیارى یەکەم ڕوونە؛ بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان لە سەرەتادا چۆتە ڕێ بەڵام هەندێ چاوپۆشی کراوە؛ بەڵام ئایا وادە دەستوورییەکە چەندە؟ ئەوە جێی باسە. گەرچی هەڵبژاردن ڕۆژى (10)ی ئۆکتۆبەرى 2021 ئەنجام درا، بەڵام پەسەندکردنى ئەنجامەکانى لەلایەن دادگه‌ى باڵاى فیدراڵییەوە، دواى 77 ڕۆژ لە ئەنجامدانى پەسەند کرا، کە دەکاتە ڕێکەوتى دووشەممە (27/12/2021). پێویستە لەسەر بانگێشتى سەرۆککۆمار، پەرلەمان دواى پازدە ڕۆژ دوای پەسەندکردنى ئەنجامەکان کۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەى سەرۆک و دوو جێگرەکەى هەڵبژێردرێن و لەلایەن بەتەمەنترین ئاندامیشەوە سەرۆکایەتیى دانیشتنەکە دەکرێ. ئەگەر لەو پازدە ڕۆژەدا نەتوانرا پەرلەمان کۆ ببێتەوە، بەپێی ماددەى 54 لە دەستوور بۆ تەنیا پازدە ڕۆژى تر ماوەکە درێژ دەکرێتەوە، بەڵام دواتر نا. دواتر پێویستە دەرگه‌ى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار بکرێتەوە و لە ماوەى مانگێک دواى یەکەمین دانیشتنى پەرلەمان هەڵبژێردرێ. دواتر سەرۆککۆمارى نوێ بەپێی ماددەى 76 دەستوور لە ماوەى پازدە ڕۆژدا گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان ڕاده‌سپێرێ، کە دەبێ پاڵێوراو بۆ سەرۆکوەزیران لە ماوەى سی ڕۆژدا هەوڵی پێکهێنانى حکوومەت بدات؛ ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، پاڵێوراوێکی تر ڕاده‌سپێرێ لە ماوەى پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتى سەرنەکەوتنى یەکەم. پاڵێوراوى دووەمیش بۆ پێکهێنانى حکوومەت هەمان وادەى پێ دەدرێ، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، لە ماوەى پازدە ڕۆژى تردا پاڵێوراوى سێیەم ڕاده‌سپێرێ؛ کە ئەویش دەبێ لە ماوەى سی ڕۆژدا ئەندامانى کابینەکەى پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ متمانەوەرگرتن.

دواى ئەو سێ هەوڵە، دەستوور باس لە هی دیکە ناکات و شرۆڤە ناواخنەکە ئەوەیە کە دەبێ هەڵبژاردنى پێشوەختەى دیكه‌ بکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا دەستوور باس لەوە ناکات ئەى ئەگەر لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار ڕێک نەکەوتن چی دەبێ؟ واتە تا ئێستایش پەرلەمان و پرۆسەى سیاسیی عێراق لە وادەى دووەم نەچوونەتە سێیەم؛ بەوەى دواى دانیشتنى پەرلەمان و هەڵبژاردنى سەرۆک و دوو جێگرەکەى، نەتوانراوە وادەى دووەم جێبەجێ بکرێ کە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە؛ ئایا لێرەدا وادە ئەژمار دەکرێ یان پێداویستییەکان؟ ئەمە گه‌نگه‌شه‌ و مشتومڕێكی گەلێک ترسناک و گەورەیە، بەڵام بە ڕاى من، دەبێ پێداویستییەکان لەم دۆخەدا ئەژمار بکرێ نەک کات، چونکە پرۆسەکە بۆ سەرگرتنى، پێویستى بە هەڵبژاردنى سەرۆک و هەوڵی دیاریکردنى سەرۆکوەزیران هەیە، نەک وادەکە. بەدەر لەو حاڵەتەیش، ئەدی ئەگەر پرۆسەکە هەڵوەشایەوە چەند لەسەر کۆمەڵگەى عێراقی و لێکەوتەکانى دەکەوێ؟ ئەمە ئەو ڕایەیە کە، دەبێ دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی بەرچاوی بگرێ، دەنا خودی دادگه‌ عێراق بەرەو ئاقارێکی ترسناک و هەڵدێر دەبات.

ئەگەر بە زمانى ژمارە بەدەر لەوە بدوێین، ئایا وادەکە تەواو بووە یان نا؟ تەواوى ئەو وادانەى کە باسمان کرد 180 ڕۆژ دەکات؛ واتە شەش مانگی تەواو، ئەگەر لە 27/12/2021 ئەژمارى بکەین کە ڕێکەوتى پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنە، ئەوا دوا وادە ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى 9/7/2022 دەبێت. کەواتە وادەکە لەم ساتەوە 38 ڕۆژى ماوە؛ ئەمەیش ماوەیەکی کەم نییە لە بەردەم لایەنەکان ئەگەر مەبەستیان بێت بگەنە ڕێکكەوتن. بەپێچەوانەشەوە هەر دروستە، بەوەى پانتایییەکى باشە بۆ لایەنەکان بۆ خۆپڕچەککردن و ئامادەبوون بۆ گەڕێکی دی ململانێ و بەرچاوخستنى تەواوى بژاردەکان، کەواتە ئەو ماوەیەی کە ماوە قۆناغێکی باشە بۆ پێداچوونەوەى لایەنەکان بە حیساباتى سیاسیی خۆیان، بەڵام ئەگەرى ئەوەیش هەیە لایەنى هەماهەنگى لە ڕێگەى دادگه‌وە شرۆڤەى جیاواز بۆ ئەو وادەیە بکەن و بڕیارى تایبەتى پێ دەربکەن.

لێکەوتەکانى دواى تەواوبوونى وادە و دەستپێشخەرییەکان

پەرلەمانى عێراقی تا کۆتاییی مانگى ئایارى 2022 چوار دانیشتنى کردووە لە دواى یەکەمییەوە، بەڵام تێچووى ئەو پێنج دانیشتنە تەنیا بۆ مووچەى ئەندامەکانى، لەسەر گەلی عێراق  76 ملیار دینار بووە؛ ئەمە بێجگە لە شاندکردن (ئیفاد) و گەشت. تا ئیستایش ئاسۆیەکی ڕوون دیار نییە، دەرفەتەکانى بەردەم سەدر بۆ پێکهێنانى حکوومەت بەرەو کەمبوونەوە دەچن، هاوپەیمانیى سێقۆڵییش هەر بەردەوامە، ئەگەرەکانى لەتبوونى بەرەى سوننەیش لاوازن؛ چونکە ئەوەى کە زۆرینەیە، لەسەر هەڵوێستەکەى بەردەوامە. لە حاڵەتى دەرچوونیشی لە هاوپەیمانێتییەکە، لێکەوتەى خراپی دەبێت لەسەرى، به‌تایبەت لەلایەن ڕەوتى سەدرەوە، چونکە سوننە وەک ڕەوتى سەدر هەردووکیان پشتیان بە شەقام ئەستوورە نەک دامەزراوەکانى دەوڵەت. بەڵام دەکرێ ئاماژە بە چەند لێکەوتەیەک بدەین دواى تەواوبوونى وادە دەستوورییەکە، لەوانەیش:

  • داواکان لە دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی لە دژى پێکنەهێنانى حکوومەت بەرز دەکرێنەوە، به‌تایبەت هەر یەک لە سەدر و هەماهەنگى.
  • داواکان لە دژى حکوومەتى هەرێم لە دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی، تا دێ لەسەر ئاستى هەموو پرس و دۆسیەکان بەرز دەکرێنەوە، تا ئەو حاڵەتەى ئەگەرى شەرعییەتدان بە بەکارهێنانى هێز لە دژى حکوومەتى هەرێم هەیە؛ به‌تایبەت لە سنوورەکانى ناوچەى جێناکۆک، ئینجا دواتر بۆ سەر خودى هەرێم و ئەژمارکردنى هەرێم وەک مەترسییەک بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاسایشی نیشتمانیى دەوڵەتى عێراق.
  • داوا لە دژى سەرۆکایەتیى پەرلەمان لە دادگه‌ى فیدراڵی؛ بەوەى کە لەو ماوەیەى حوکمڕانییاندا نەیاتوانیوە بێلایەنیى خۆیان بپارێزن. بەمەیش شەرعییەتى بڕیارەکانى پەرلەمان لەو ماوەیەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
  • بەرزکردنەوەى داوا لەلایەن ڕەوتى سەدر سەبارەت بە ئەندامانى پەرلەمانى هەماهەنگى؛ بەوەى کە ئامادەى دانیشتنەکان نەبوون و بوونەتە هۆکارى پەکخستنى پرۆسەکە.
  • گەڕانەوە بۆ گەل؛ بەمەیش گوتارى سۆزدارى زیاد دەبێت و لایەنەکان لە هەوڵی سەرلەنوێ بەدەستهێنانەوەى سۆزی ڕای گشتین. بۆ ئەو مەبەستەش سەدر لە هەوڵدا دەبێ بۆ پشتگیریی ئەجینداکەى پەنا بۆ جەماوەر ببات و خۆپیشاندان لەو بارەیەوە دژ بە پێکنەهێنانى حکوومەت بکرێ، یان هێرشی زیاتر دەکاتە سەر هەماهەنگى بەوەى کە لە دژى بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیان کار دەکات و لەبەردەم هێنانەدی بەرژەوەندیى گشتیدا ڕێگرە.
  • گومانخستنە سەر بڕیارەکانى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی لەلایەن سەدرەوە؛ کە ئەمەیش لە بەرژەوەندیى کوردە؛ بەوەى کە بڕیارەکانى لە بەرژەوەندیى چوارچێوەى هەماهەنگى بوون. هەر لە ئێستایشەوە سەدر هەڕەشەى ناڕاستەوخۆ لە دادگه‌ى فیدراڵی دەکات.
  • زۆربوونى نێوبژیكارییه‌كان لەو ماوەیەى کە ماوە: ئێران، تورکیا، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان.

سیناریۆکان دەبێ چی بن؟

زۆر بەکورتى، لەو بارەیەوە دەکرێ ئاماژە بە سێ سیناریۆ بدرێ:

  • کارکردن بەو شێوەیەى کە هه‌یە و شەرعییەتپێدانی لەلایەن دادگه‌ى فیدراڵییەوە؛ چونکە تا قەیرانەکە پێی بچێ، زیاتر لە بەرژەوەندیى بەرەى هەماهەنگییە؛ چونکە ئەوان زیاتر لۆژیکی هێز پاراستوونى، ئەو لۆژیکەیش بۆ خۆڕێکخستنەوە پێویستى بە کات هەیە و دواتر دەرفەت دێنێ. بەڵام لە هەمان کاتدا ئیش لەسەر بەردەوامبوونى حکوومەتى ئێستا دەکرێ و هەردوو لاش لەسەرى ڕێک دەکەون، بەو نیازەى تا دەگەنە ئەنجام، بەبێ ئەوەى تواناى پێ بدەن؛ بەڵکوو بە کاربەڕێکەر ناو دەبردرێ. ئەم سیناریۆیەیش بێ گومان لەلایەن سەدرەوە ڕەت دەکرێتەوە.
  • هاتنەناوەوەى هەندێک لە ڕەوتەکانى ناو هەماهەنگى و پێکهێنانى حکوومەتێک کە تامی تەوافوقی بدات، لەگەڵ ئەو بژاردەیەى کە مالیکی ببێتە جێگرى سەرۆککۆمار و لە حکوومەتیشدا زیاتر لە قەبارەى خۆیان پشکیان پێ بدرێ؛ بەڵام لەسەر ئەجێندایەکی هاوبەش ڕێک دەکەون و ئەگەری ئەوە هەیە کە هەماهەنگى داواکارى هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردن و دانانەوەى سەرلەنوێی لیژنە هەمیشەیییەکانى پەرلەمان بکات. ئەمە و چەندان گه‌رەنتیى تر، لەوانەیش مانەوەى حەشدی شیعی وەک دامەزراوە و وەک هێز. ئەمەش چارەسەرى کەمە؛ ئەم داوایەش سەبارەت بە سەدر ئاسان نییە و ڕیسەکەى دەکاتەوە خورى و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنى کەمە، چونکە ماناى مانەوەى هەماهەنگییە لە واقعی سیاسیی عێراقدا بە بەهێزی، لە پرۆژەى سیاسیی سەدریشدا ئەو بوارە جێگەى نابێتەوە، به‌تایبەت مانەوەیان لەسەر ئاستى هێز؛ بەڵام ئەم سیناریۆیەیان لەلایەن ئیرانەوە پەسەند دەکرێ بۆ قوتاربوون لە قەیرانەکە و خۆئامادەکردن بۆ گەڕی دواترى هەڵبژاردنەکان و گۆڕینەوەى سەرلەنوێی یاساى هەڵبژاردن و سوودبینین لە نوێترین یاساى هەڵبژاردنى لوبنان کە سەرلەنوێ شیعەکان زۆرینەیان بەدەست هێنایەوە و پێگەى خۆیان پاراست و لەگەڵ مەسیحییەکان لە دژى سوننەکان ڕێک کەوتن. ئەم سیناریۆیەیان ئەگەرى بەدیهاتنى زۆرترە لەوانى دی، چونکە ترازان لەم ئەگەرە، هەڵبژاردنى پێشوەختە و ئاشوبە. بەڵام ئایا بەو ئاسانییە بەرەى هەماهەنگى و سەدر تەسلیم بەو چارەسەرە دەبن؟ بێ گومان نەخێر؛ گرژیى زۆر دروست دەبێ، ئاژاوە دەکەوێتەوە، عێراق دەچێتە سەر لێوارى لێکترازان و جەنگى ناوخۆ؛ ئەودەم ئێران بۆ قوتارکردنى بەرەى هەماهەنگى بە تەواوى قورساییی خۆیەوە دێتە ناوەوە.
  • هەڵبژاردنى پێشوەختەیە؛ له‌مه‌یشدا ڕۆڵی ترسناک و نێگەتیڤى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی بەدەردەکەوێ و وڵات دووچارى ئاشوب دەکات، چونکە ئەو دەمە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنى پێشوەختە دەدرێ کە بەرەى هەماهەنگى هەوڵی خۆیان چڕ دەکەنەوە بۆ گۆڕینى یاساى هەڵبژاردن بەو شێوازەى کە خۆیان مەبەستیانە و، گەڕی داهاتوو مسۆگەر دەکەن. ئەمەیش کاتى زۆر دەوێ و لێكەوتەکانیش دیار نین، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە دڵخۆشکەر نین؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە نەخشەى سیاسی سەرلەنوێ قابیلی گۆڕانە و هەمان سیناریۆى ئێستا بۆ جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە و، ئەگەری بەشداریکردنى هاووڵاتیانیش زۆر کەم دەبێتەوە و متمانەى نێودەوڵەتییش بۆ حکوومەتى عێراق نامێنێت و هتد.

پارتى و یەکێتى دەبێ چی بکەن لەو بارەیەوە؟

  • گەڕانەوە بۆ تەوافوقی سیاسیی نێوانیان و بەرچاوگرتنى مەترسییەکانی سەر هەرێم.
  • ئەو گوتارەى کە باس لە گەڕانەوەى سلێمانى بەرەو بەغدا دەکا، هیچ بەرژەوەندییەکى بۆ یەکێتیى نیشتمانیى تێدا نییە. باشترین بەڵگەیش ڕووداوەکانى (16)ی ئۆکتۆبەرى کەرکووکە، کە یەکێتیی نیشتمانى تەواوى نفووزى خۆى لەدەست دا و تەنانەت لەسەر ئاستى جەماوەرییش ڕووى لە کەمی کردووه‌.
  • پێویستە ئەم جارە هەردوو لایەنەکە، پەند لە دۆخەکە وەربگرن و بە ئازارشکێن بەڕێی نەکەن. دەرکەوت ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو لا گەرچی سادە نین، بەڵام قابیلی چارەسەرن.
  • مانەوەى هەرێم و شایستە دەستوورییەکانى، مانەوەى کۆمەڵگەى سیاسیی هەرێمە بەبەهێزی؛ مانەوەى یەکێتى و پارتییە بەبەهێزى.
  • دەبێ هەرێمی کوردستان لە گەڕی سێیەمى ململانێکانى عێراق چاوەڕوانی دژوارترین و خراپترین بڕیارى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی بێت، چونکە حاڵەتى نێوان هەرێم و دادگه‌ بۆتە ئیرادە و تەحەددا. بەڵام ئەوەى کە سەدریش لە دژى دادگه‌ دەیکا، لە بەرژەوەندیى کوردە و پێویستە پشتیوانیی لێ بکرێ.
  • پێویستە هەردوو لایەنەکە لە خەمی خەڵک و پاراستنى ئەزموونى حوکمڕانی و دیموکراسییەتى هەرێمدا بن، چونکە ئەوە خاڵی بەهێزى هەرێمە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى.
  • دەبێ هەردوو لا لەم گەڕی سێیەمەدا تەواو سەنگەرەکان قایم بکەن و ئامادەى ئەگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازییش بن.
  • گرنگیدان بە بوارى دیپلۆماسی و نەپچڕاندنى ڕایەڵەکان لەسەر ئاستى ناوخۆ و لەسەر ئاستى دەرەکی و خۆپاراستن لە هەندێ هاوکێشە کە لە بەرژەوەندیى گەلی کورد نین؛ ئەوەى کە لە گەڕی سێیەمى ململانێکە ڕوو دەدات، ئەگەر پارتى و یەکێتى بەتایبەت و، هێزە کوردییەکان یەکڕیز بن، لە بەرژەوەندیى کورد دەشکێتەوە.
  • هەرێمی کوردستان لەسەر هەردوو ئاستى ناوخۆو دەرەوە، دەبێ یەک پاکێجی هاوبەشی یەکگرتووى سیاسی و ئابووریى هەبێ. ئەمەیش دەمانگەیێنێتە ئەو ئاکامەی کە دەبێ بەرژەوەندیى هەموو لایەک دەبێ بەرچاو بگیرێ و بەرژەوەندیى باڵاى خەڵکی کوردستان لە سەروو هەمووانەوە دابنرێ. لەسەر هێزە کوردستانییەکانیش پێویستە لەو پێناوەدا سازش بۆ یەکتر بکەن؛ چونکە بێ شک گەورەیی دەنوێنن، چونکە گەورەترین سەربەرزی، خزمەتکردنى گەلە. ئەویش سەنگى مەحەکە.