چۆن قەیران کەوی بکەین؟

قەرەنی قادری

یەکێک لەو باسانەی کە لەم دوایییانەدا پسپۆران، کارناسان و سیاسەتوانان بە نووسین و لێدوان لەبارەیەوە باسی لێوە دەکەن، وشه‌ی "قەیران"ە. قەیرانی ناوخۆ، قەیرانی پەیوەندییەکان، قەیرانی ناوچەیی و جیهانی، ئەو زنجیرە ناوانەن کە دیپلۆماسیی جیهانی، سیاسەتوانانی ناوچەیی، ناوخۆیی و ڕاگەیاندنەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئایا قەیران تەنیا هەڕەشەیە، یان دەتوانێت ببێتە دەرفەتیش بۆ ئەوەی لارییەکان ڕاست بکرێنەوە؟ ئایا دەکرێت زەرەر و تێچووەکانی قەیران کەم بکرێنەوە؟ ئەمەیان بۆ ئەو کەس، گرووپ، یان ئەو حوکمڕانانە دەگەڕێتەوە کە، تا چەندە شارەزایییان لەبارەی دۆخەکەوە هەیە و لایەنەکانی ئەو دیاردەیەیش چۆن پێناسە دەکەن. هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١) گوتەنی: "ناسینی کێشەکان، سەرەتایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان."

ناسین دەوری سەرەکی دەگێڕێت بۆ ئەوەی بزانین ئەوەی ڕوو دەدات، چییە و چۆن ڕووبەڕووی ببینەوە. هەروەها ئەو ناسینەیش پەیوەندیی بە کۆی ئەو زانیارییانەوە هەیە کە ئێمە دەبی سەبارەت بە ڕووداوەکان هەمان بێت بۆ ئەوەی بتوانین لانی کەم جڵەوی بەشێک لە کارەکان بەدەستەوە بگرین. "لائۆ زی" فەیلەسووفی چین (٦٠٤-٥٣١ پ ز) دەڵێت: "بەر لەوەی کێشەیەک ڕوو بدات، بەری پێ بگرن." ئەم پەیامە گرنگەی "لائۆ زی" بەر لە هەموو شتێک باس لەوە دەکات کە، سەوڵلێدەرانی سیاسیی کۆمەڵگە دەبێ وریا بن و ئاڕاستەی ڕووداوەکان بخوێننەوە کە، ئەمەیش بە مانای ناسینی "هەڕەشە" و "دەرفەت"ە؛ بۆیە ڕێک بەدوای ئەو ڕستەیەدا دەڵێت: "بەر لەوەی شتێک ڕوو بدات، تەکووز (نظم)ی پێ بدەن"؛ واتە بە هەردوو بارەوە پێویستە ڕووداوەکان ئاڕاستەیان پێ بدرێت یان ئەوەتا چۆن بتوانین ڕێکیان بخەین و لغاویان بکەین؛ هەروەها "بەتەکووزپێدان" بە ڕووداوەکان هەڕەشەکان بکەینە دەرفەت. تەنانەت لائۆ زی "شکستیش بە دەرفەت" دەزانێت، بەڵام بەو مەرجەی خەڵکی تر بە سووچدار نەزانیت و هەر خۆت بەرپرسیارێتیی کارەکان وەستۆ بگریت، بۆیە دەڵێت: "شکست، دەرفەتە، بەڵام ئەگەر ئەوانی دیکە بە تاوانبار بزانی، کۆتایییەک بۆ تاوانباربوونی ئەوانی دیکە نییە. عاقڵ کاری خۆی دەکات و هەڵەکانی خۆی ڕاست دەکاتەوە. ئەوەی پێویستە دەیکات و هیچ داواکارییەکیشی لە خەڵک نییە." ئەمە سەرگەیەکە بۆ چوونە ناو بابەتەکەوەوە و سەرەتای "به‌ڕێوه‌دنی قەیران"یشە بە گشت ڕەهەندەکانییەوە.

قەیران چییە؟

تووماتسۆ شیبووتانی دەڵێت: "قەیران چرکەساتێکە، کە پێویستیی به‌ چەشنێکی دیکەیه‌ لە خۆگونجاندن." واتە دۆخێکە کە لە ئاکامی کێشە چارەسەرنەکراوەکان کە کەڵەکە دەبن، ڕوو دەدات یان ئەوەتا بەهۆی هاوکێشەی دەرەکی کە بۆ لاوازیی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، قەیران لە یەکەیەکی نەتەوەییدا چێ دەکرێت یان بۆی هەناردە دەکەن. هەر لەبەر ئەوە بە ناسینی کێشەکان، پلان و هزری نوێ، دەکرێت بە کەمترین تێچوو ڕووبەڕووی قەیران ببینەوە، بەڵام بۆ ئەوەیش دەبێ بە مێشکێکی ئارام و دڵێکی گەرمەوە هەنگاو بنێین. جا بۆ ئەوەی خۆمان بگونجێنین، بەبێ هیچ شکێک دەبێ ئاڵوگۆڕ لە خۆماندا پێک بێنین. لەو بوارەدا، کراوەیی، وریایی و بوێری لە بڕیاردان لە مەرجە گرنگەکانن.

زانستنامەی وێبستێر لەبارەی هەستیاری و ئاکامەکانی قەیران دەڵێت: "قەیران دۆخێکی هەستیارە؛ ئەو دۆخەی ئاکامەکە دەستنیشان دەکات کە ئایا دەرەنجامەکانی قەیران ئەرێنی دەبن یان نەرێنی؟" ئەگەر بخوازین لە وەرچەرخانێکدا قەیرانێک کە هەڕەشەیە، هەڵی گەڕێنینەوە و بیخەینە ناو کۆڵانێکی ئەرێنییەوە، هەر لە سەرەتادا پێویستە و دەبێت بە کەرەسە و هزری نوێوە ئاڕاستەی قەیران لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت بگۆڕین، هەروەها بیر لە ئاستی تێچوویشی بکرێتەوە کە زۆر لەسەر وڵات نەبێتە ماڵ و، کەلێن و کەلەبەری وایش لە کۆمەڵگەدا دروست نەکات کە بە شێوەیەکی تر، لە شوێنێکی تر و لە کاتێکی تردا قەیران "دووقات" بکاتەوە. وریایی و خوێندنەوەی وردی کێشە و هاوکێشەکان، هەروەها هێز و توانا، یەکێکە لە مەرجە گرنگەکان بۆ ئەوەی قەیران لە هەڕەشەوە بە باری ئەرێنیدا (دەرفەت) بارەکەی بخات.

واینێر: "قەیران ئاکامێکی گرنگی بەدواوەیە، کە کار لەسەر پەیوەندیی هاوکێشەکان دەکات." کۆی قەیران و دۆخی قەیراناوی لە کۆمەڵگەدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە قەیران، کار لەسەر سیاسەتوانان دەکات، کاردانەوەی دراماتیک و وێرانکەری بەدوادا دێت، هەروەها "بێمتمانەییی پەرەگرتوو سەبارەت بە داهاتووی کاروبارەکان" خێرا سەر هەڵدەدات؛ بێ شک، لە ناوخۆدا هاوکێشەکان دەکەونە ناو مەتەرێزی ململانێیەکی ئاڵۆز و بە کۆمەڵێک پرۆژە و سیناریۆ و سیاسەتی گنخاندنەوە خەریکی دانوستان دەبن. بەڵام سەرەڕای ئەمانە، "قەیران، هەم مەترسییە، هەم دەرفەت. هەردووکیان ناوەڕۆکی قەیران پێک دێنن."

هەڕەشە و دەرفەت

"قەیران" تەنیا وشه‌یه‌كه‌، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە دەتوانێت لە کات و ساتی جیاوازدا سەر هەڵبدات؛ ڕێک لەبەر ئەوەیە کە ئاستی قەیران، ڕەهەند و لایەنەکانی، ئیدارییە یان سیاسی، ناوچەیییە یان پانتاییی وڵات دەگرێتەوە، کە ئەویش بە قەیران لە جوگرافیای نەتەوەییدا باسی لێوە دەکرێ، دەستنیشان دەکرێت. ڕۆزێنتاڵ دەڵێت: "قەیران، بە شێوەیەکی جددی سیاسەتوانان و بەڕێوەبەران بەخۆیەوە سه‌رقاڵ دەکات و، دەیانخاتە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و بەڕێوەبەرییەوە." واتە ڕێک لێرەدایە کە ئەرک و دەوری سیاسەتوانان لە دۆخێکی قەیراناویدا چەندقات هەستیارتر دەبێت، کە پێویستە لە جاران هزرکراوەتر و گورجوگۆڵتر بن. خوێندنەوەی گشت هاوکێشەکان، بە ورد و درشتیانەوە، هەروەها پۆلێنبەندیی قەیرانەکان و دەستنیشانکردنی ئەولەوییەتەکان، دەتوانێت ئاستی زیانی قەیران کەم بکاتەوە و، ڕێگە نەدات کە کۆمەڵگە ڕوو لە "دۆخێکی ماراسۆنی" بکات و هیلاک بێت یان ئەوەتا بەرەو لێواری هەڵدێر بڕوات.

لەوەیش گرنگتر ئەوەیە کاتێک کۆمەڵگە لە قەیراندا دەژیت، پێویستە گشت دامەزراوە حکوومییەکان و بەشەکانی سەر بەو دامەزراوانە، خۆیان لەگەڵ بارودۆخە قەیراناوییەکەدا بگونجێنن؛ واتە لە گشت بوارەکاندا سیاسەتی "دەستپێوەگرتن" و بەفیڕۆنەدانی سامانی گشتی بەڕێوە بەرن. ئەمەیشیان بەپێی ئاست و ڕۆڵی دامەزراوەکان لە کۆمەڵگەدا دەور دەبینێت، چونکە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکە بە مانای ناسینی کێشەکانە، هەروەها هەنگاونانە بەرەو داهاتوو. ئەگەر جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ پەیڤی تووماتسۆ شیبووتانی، بەڕوونی باس لەوە دەکات: "قەیران چرکەساتێکە، کە پێویستیی به‌ چەشنێکی دیکەیه‌ لە خۆگونجاندن." ئیتر ئەمەیان زۆر ڕوونە کە ژیان لە سەردەمی قەیراندا بە هیچ شێوەیەک لە بارودۆخی بەر لە قەیران ناچێت و کەشوهەوای سیاسی و ڕۆحیی کۆمەڵگە لە کاتی قەیراندا چەشنێکی ترە، بەڵام ئەگەری ئەوەیش زۆرە کە قەیران ململانێ ناوخۆیییەکان چڕتر و ئاشکراتر بکاتەوە و دەمامک لە ڕووی کۆمەڵێک کیشە و گرفت لا بدات کە کاتی خۆی نادیار و شاراوه‌ بوون، یان ئەوەتا پێیان وا بوو ئەمەی کە کراوە لە جێی خۆیدا بووە.

قەیران و ململانێی نێوان هاوکێشەکان

بۆ کەمکردنەوەی کارتێکەریی نەرێنیی قەیران لەسەر کۆمەڵگە، یان لغاوکردنی قەیران، دەکرێت ئەم تێڕوانینەی واینێر بە دووسەر بخوێنینەوە کە دەڵێت: "قەیران ئاکامێکی گرنگی بەدواوەیە، کە کار لەسەر پەیوەندیی هاوکێشەکان دەکات." واتە دەکرێت بە باری ئەرێنی، یان نەرێنیدا لێکی بدەینەوە. کارتێکەرییەکەی دەتوانێت هێزەکان لێک دوور بکاتەوە، هاوکاتیش دەتوانێت لێکیان نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەمە بەوەوە بەندە کە سەوڵلێدەرانی سیاسەت، چۆن دۆخەکە دەخوێننەوە و لێکی دەدەنەوە؛ هەروەها وشیاریی بڕیاربەدەستان، دەتوانێت قەیران بکات بە دەرفەت. واینێر کە باس لە لایەنە نەرێنییەکەی قەیران دەکات، بەو دەرەنجامە دەگات: "لە دۆخێکی قەیراناویدا، ململانێ لە نێوان هاوکێشەکاندا پەرە دەستێنێت." بە خوێندنەوەیەکی ژیرانە لە قەیران و ڕەهەندەکانییەوە، دەکرێت ئەم بۆچوونەی واینێر پێچەوانە بکەینەوە و ڕێگە نەدەین کە ململانێ ناوخۆیییەکان پەرە بگرن و ئاست و ڕێژەی ململانێکانیش کەمتر و کەمتر بکەینەوە.

هیچ شک لەوەیشدا نییە کە قەیران هەمیشە هەڵگری مەترسییەکی زۆرە و، ئەگەر وریا نەبین دەتوانێ پەرە بستێنێ، چونکە دۆخی قەیران زۆر هەستیار و ئاڵۆزە. لە نەبوونی وریاییدا مەترسییەکانی قەیران لە کۆمەڵگەدا پەرە دەگرێت و بێمتمانەیی لە کۆمەڵگەدا سەر هەڵدەدات. "گادسۆن" ڕێک بەو بارەدا قەیران دەخوێنێتەوە: "قەیران بریتییە لە بێمتمانەییی پەرەگرتوو سەبارەت بە داهاتووی کاروبارەکان." لێرەدایە کە قەیران تەنیا وەکوو هەڕەشە ڕوو لە کۆمەڵگە دەکات و لێكترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات.

"قەیرانناسی" بەشێکی گرنگە لە ڕەوتی به‌ڕێوه‌بردنی قەیران (ئیداره‌دانی قه‌یران) و دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان. ناسینی قەیران بە گشت ڕەهەندەکانییەوە مەرجێکی سەرەکییە و بوار دەخوڵقێنێت تا کۆمەڵگە کەمتر زەرەرمەند بێت؛ هەر بەو مەرجەیش دەکرێت ئیدارەی قەیران بکرێت و بەلەمی کۆمەڵگە لە ڕەشەبای سیاسی و کۆمەڵایەتی و، تا ڕاددەیەک لە کارتێکەریی نەرێنیی ئابوورییش ڕزگار بکرێت.

بۆیە سەرەتا دەبێ بگەینە ئه‌و شوێنەی کە قەیرانی لێیە، دوای ئه‌وه‌ ناسینی لایەنە جۆراوجۆرەکانی قەیرانە و لە کۆتاییدا، دەبێت به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قەیران ده‌ست پێ بكرێت. وریایی، خوێندنەوەی فرەلایەنی بۆ کێشەکان، پێشبینیکردن و خوێندنەوەی ئەگەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، نەرمونیانی، گفتوگۆ و لە کۆتاییدا هێنری کیسێنجێر گوتەنی "بوێری لە بڕیاردان"، لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتوانانەیە کە ئیدارەی قەیران دەکەن. هونەریش ئەوەیە کە بەوریایی و نەرمونیانییەوە، هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە ته‌واوی هێز و وزەی کۆمەڵگە (یەکڕیزی)، هەڕەشەکان بکرێنە دەرفەت و بە باشترین شێوەیش سوود لە دەرفەتەکان وەربگیرێت.

پرسێکی تر کە پێویستە لەو بوارەدا ئاماژەی پێ بدرێت، پرسی بەشداریکردنی هاووڵاتیانه‌، کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی و پیشەیییەکاندا ئاڕاستە کراون و، ده‌ورێكی گرنگ له‌ کەمکردنەوەی تێچووی قەیرانەکان، هەروەها گۆڕینی ئاڕاستەی قەیرانه‌كان لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت، دەگێڕن.

پرۆسەی بڕیاردان و بەشداریپێکردن

بەشداری لە کاروباری کۆمەڵگەدا بریتییە لە: پرۆسەی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لە توانای تاک و گرووپ و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان (بەتایبەتی زانکۆکان کە سامانی نەتەوەییی وڵاتن) بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان. بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئەو بنەمایە جێگیرە، کە هاووڵاتیان مافی خۆیانە لەو کاروبارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ئەوانەوە هەیە، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ، بیر لە ڕێگەچارەیش بکەنەوە.

کاتێک تاک و گرووپی کۆمەڵایەتی، هەستیان بە بوونی خۆیان کرد، ئەوا هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخیاندا بەهێز دەبێت. کۆمەڵگەیەکی بەهێز، لە گرەوی بەشداریکردنی هاووڵاتیاندایه‌ لە پرۆسەی بڕیارداندا. تاک و گرووپی بەهێز، کۆمەڵگەی بەهێز بەرهەم دێنێت. لە دۆخێکی وادا، مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان ڕۆژ دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە و، ئەوەیش کۆمەڵگە بەهێز دەکات و بواریش بە نامۆبوون (alienation) بە وڵات، حکوومەت، حزب و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەرتەسکتر دەکاتەوە. ئەمە بنەمایەکی عەقڵانییشە بۆ بەهێزبوونی ئاسایشی تاک، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستاندا.

کۆبەند

هەرێمی کورستان بە دەست کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆییی کەڵەکەکراوەوە دەناڵێنێت، هەروەها کۆمەڵە کێشەی تریش کە پەیوەندیی بە حوکمڕانی و تێڕوانینی حزبەکانەوە هەیە، بەشێکی تریش لە گرفتی وڵات بۆ شێوازی پەیوەندی و ڕەفتار لەگەڵ حکوومەتی عێراق، هەروەها سروشتی بەغدانشینان دەگەرێتەوە کە قەیران هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ هەروەها "کۆماری ئیسلامی" و "تورکیا"یش دەوریان هەیە لە قەیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا. بۆیە حوکمڕانیی وڵات، ئەویش بە کەمتریش تێچوو، پێویستی بە سیاسەتێکی کراوە (نەرمونیان) هەیە کە، بتوانێت کەڵک لە زۆرترین هێزی مرۆڤیی هەرێمی کوردستان (هێزی ڕەنگاوڕەنگ) وەربگرێت بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن قەیرانەکان کەوی بکەن و هەڕەشەکانیش بکەن بە دەرفەت تا ئاکامی ئەم سیاسەتە بە قازانجی بەرژەوەندیی وڵات (گشتی) بشکێتەوە.

بۆ گەیشتن بەم ئەرکە گرنگە، یەکڕیزی، نەرمونیانی، گوێگرتن، پێکەوەهەڵکردن و سازانی سیاسی، لە مەرجە هەرە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە ئاڵۆز و پڕمەترسییەن کە وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەڵام لە پاڵ ئەمەیشدا، دەبێ پلان و ستراتیژییەکی تۆکمەی ئەمنی و سەربازیی فرەڕەهەند و چالاکیشمان هەبێت. لەو بوارەدا هەماهەنگیی نێوان "هێزی نەرم" و "هێزی ڕەق"ی هەرێمی کوردستان مەرجە، کە چۆن بەهانای یەکترەوە بێن. هەروەها هاوکێشەی تر "میدیای وڵات"ە، بەڵام ئەویش دەبێ خۆی لە لێکترازانی کۆمەڵگە بەدوور بگرێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، دەبێ یارمەتیمان بدات تاکوو کێشەکان، هەروەها پێویستییەکان بزانین و بناسین. ڕێک لێرەدایە کە زمانی هاوبەش دروست دەبێت. هەر لەم سۆنگەیەوە گەر بێت و ڕاگەیاندنەکان زانیاریی ڕێکوپێک و جێی متمانە (ڕۆشنگەری/ ڕوونکردنەوە) بڵاو بکەنەوە، ئەوە پلەی ئاسایشی تاک بەرز دەکەنەوە و هەر ئەمەیش پەیوەندیی مرۆڤی دروست دەکات. جا بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە گرنگە دابین بکرێت، پێویستە و دەبێ ئازادیی ڕاگەیاندن مسۆگەر بکرێت و، ڕۆژنامەوانانیش ئاسایشی کاریان دابینکراو بێت. ئەوەیشمان لەبیر نەچێت، ئینترنێت بۆتە هێزی ئازادکردن و دەستاودەستکردنی زانیاری. بۆیە جێی شک و گومان نییە کە، ڕۆژنامەوانی بەو تایبەتمەندییانە لە خزمەتی بەرژەوەندیی وڵاتدا دەبێت نەک حزب و دەسەڵات.

بۆیە ئاڕاستەی سەرەکیی میدیای وڵات، پێویسته‌ ڕوو لە لێکنزیکكردنەوەی چین و توێژە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بکات و بە ڕێگەی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش گفتوگۆی عەقڵانی لە کۆمەڵگەدا وەرێ بخات، تا کۆمەڵگە پێکەوە بپەیڤێت؛ هەر ئەمەیش ئاستی تێگەیشتن بەرز دەکاتەوە، چونکە هەر بە ڕێگەی دیالۆگ و ڕادەربڕینەوه‌یه‌ کە بوار بۆ تیگەیشتن، ساتوسەودا و تەوافوق دەڕەخسێت، هەروەها بەر بەوە دەگرێت کە جیاوازییەکان ببنە ناکۆکی. کاتێک ئاستی تێگەیشتن بەرز و بەرزتر ببێتەوە، بێ شک کێشەکان زووتر چارەسەر دەکرێن و وەز و کاتیش پاشه‌کەوت دەکرێن؛ ڕێک ئەمەیە کە کۆمەڵگە بەهێز دەکات. بۆیە کۆمەڵگەیەکی بەهێز، لە گرەوی دیالۆگ، نەرمونیانی، پێکەوەهەڵکردنی ڕەنگەکان و ڕێککەوتنیدایە.