ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

یاسای بەتاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل: ھۆكار و لێكەوتەكانی

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- بریتانیا. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

پێشەكی

قەدەغەكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبییەوە مێژوویەكی درێژی ھەیە كە سەرەتاكانی دەگەڕێتەوە بۆ دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948. لە ساڵی 1947 نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری181ی دەركرد كە بە "بڕیاری دابەشكردن" ناسراو بوو و، داوای دەكرد دەوڵەتێكی عەرەبی بو فەلەستینییەكان و دەوڵەتێكیش بۆ جووەكان دروست بكرێت و كۆتایی بە ململانێی نێوان فەلەستینییەكان و جووەكان بھێنرێت؛ بەڵام فەلەستینییەكان و دەوڵەتانی عەرەبی بڕیارەكەیان ڕەت كردەوە. جووەكان لە 14ی ئایاری 1948 بە گوێرەی بڕیاری  نەتەوە یەكگرتووەكان دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیاند. دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەوڵەتانی عەرەبی لەوانە میسر، عێراق، سووریا، فەلەستینییەكان و لوبنان جه‌نگیان لە دژی تەلئەبیب دەست پێ كرد كە، دواتر بە جه‌نگی نێوان عەرەب و ئیسرائیل ناوی ده‌ركرد. ھەروەھا لە ساڵانی 1956، 1967، 1973 چەند گەڕێكی تری شه‌ڕ و پێكدادان لە نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل ڕووی دا. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ھەموو جه‌نگەكاندا، دەوڵەتانی عەرەبی نەك ھەر سەركەوتنیان بەدەست نەھێنا، بەڵكوو چه‌ند شوێنێكی تریان، لەوانە سەحرای سینا لە میسر و بەرزایییەكانی جۆلان لە سووریا كەوتە دەست ئیسرائیلییەكان؛ ھەروەھا ھەموو خاكی فەلەستینییەكان ڕاستەوخۆ كەوتە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسرائیل.

ھاوكات لەگەڵ جه‌نگی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیلییەكان، دەوڵەتانی عەرەبی پەنایان بۆ چەكی ئابوورییش برد. كۆمكاری عەرەبی كە لە ساڵی 1944 دامەرزا بوو، بڕیاری دا بە بایكۆتكردنی ھەموو جۆرە چالاكییەكی دەوڵەتان و ھاووڵاتیانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل. بە گوێرەی بڕیاری كۆمكاری عەرەبی، ھەموو جۆرە كڕین یان فرۆشتنی شتومەك و كاری بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلیییه‌كان، لە ھاووڵاتیانی عەرەبی قەده‌غە كرا. ھەروەھا بایكۆتی ھەموو ئەو كۆمپانیایانه‌ی جیھانیان كرد كە كاری بازرگانییان لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە و، خرانەوە لیستی ڕەشەوە. بەڵام، دیار بوو شكستی دەوڵەتانی عەرەبی لە جه‌نگەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، لێكەوتەی زۆر خراپی ھەبووە لەسەر وڵاتانی عەرەبی و، بووە ھۆی دابەشبوونی زیاتری جیھانی عەرەبی و دواتریش پاڵی بە ھه‌ندێك لەو دەوڵەتانەوه‌ نا، بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بكەن كە، بە ڕێككەوتنی ئاشتی بەرامبەر خاك ناسرا. لەم ڕووەوە، میسر لە ساڵی 1979 و ئوردن لە ساڵی 1994 ڕیككەوتنی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ كرد. ھەروەھا دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی لە ساڵی 1996 وازیان لە سیاسەتی بایكۆتكردن لەگەڵ ئیسرائیل ھێنا و پەیوەندیی بارزگانییان لەگەڵ دروست كرد. لە مەزنترین و دیارترین ھەنگاویشدا دوای میسر و ئوردن، بەشێك لە دەوڵەتانی عەرەبی، لەوانە ئیمارات و بەحرێن، ڕێككەوتنی ئاشتییان لە ساڵی 2020 لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ كرد كە، بە "ڕێككەوتنی ئیبراھیم" ناوی ده‌ركرد. ھەروەھا سوودان و مەغریب بە ھەمان شێوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە كاتێكدا سیاسەتی بایكۆتكردن بە ھەموو شێوەیەك بەرامبەر ئیسرائیل شكستی ھێناوە و دەوڵەتانی عەرەبی و فەلەستینییەكان لە پەنابردن بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل زیانی گەورەیان بەركەوت و تووشی شكستی گەورە بوون؛ ھەروەھا لە كاتێكدا ئێستا جیھانی عەرەبی بەو ئاراستەیە ھەنگاو دەنێت كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بكاتەوە، عێراق بەپێچەوانەی پێشھات و پەرەسەندنە سیاسییەكان لە 26ی ئایاری 2022 بە دەستپێشخەریی ڕەوتی سەدر كە پێكھێنەری سەرەكیی "ھاوپەیمانیی سێقۆڵی"یە، پەرلەمانی عێراق، پرۆژەی قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراقی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند كرد. ئەم یاسایە بە تێكڕای دەنگی 275 ئەندام پەرلەمان پەسەند كراوە. دەرچوونی ئەم یاسایە لە كاتێكدایە كە لە ساڵی 1948، واتە لەو كاتەی كە دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بووە، عێراق دانی بە ئیسرائیل نەناوە و  ھیچ پەیوەندی و ڕێككەوتنێكی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل نییە و  بەفەرمی لە حاڵەتی جه‌نگدایە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە. ھەروەھا ئەوەی جێگەی ئاماژەپێكردنە ئەوەیە كە، دەرچوونی ئەم یاسایە لە كاتێكدایە كە بە گوێرەی یاسای 1969ی عێراقی، ڕێگە لە كەسەكان و یان كۆمپانیاكانی عێراقی دەگیرێت كە سەردانی ئیسرائیل بكەن یان كاری بازرگانی بكەن. یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی یاسای نوێ كە لە پەرلەمان پەسەند كرا  ئەوەیە كە،  باسی ئەوە دەكات ھەموو كار و چالاكییەك لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەیە؛ ھەروەھا نابێت عێراق ھیچ پەیوەندییەكی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایەتیی لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەبێت. ئەم یاسایە ته‌نانه‌ت چالاكیی ڕۆشنبیری، میدیایی، سۆشیال میدیا و ڕێكخراوەكانی كۆمه‌ڵگەی مەدەنییش لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دەناسێنێت. بە گوێرەی یاساكە، ھەر كەسێك یان لایەنێك پێچەوانەی ئەمە كار بكات، سزاكه‌ی زیندانی ھەتاھەتایی یان لەسێدارەدان دەبێت.

ھۆكارەكانی دەرچوونی ئەم یاسایە

ڕاستییەکەی، ھۆكارەكانی دەرچوونی ئەم یاسایە زۆرن یاخود زۆر فاكتەر ھەن كە بوونە ھۆی ئەوەی ڕەوتی سەدر بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت. یەكێك لە ھۆكارەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەدر دەیەوێت بەو ھەنگاوە تۆمەتەكانی كە دەدرێنە پاڵ تەیارەكەی و ھاوپەیمانیی سێقۆڵی لەلایەن ئێران و چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە بۆ ئاساییكرنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، بەدرۆ بخاتەوە و دژبەرەكانی بخاتە بازنەیەكی بەرتەسكترەوە. بەتایبەت دوای ھەڵبژاردنەكان و ھەوڵەكانی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بۆ دروستكردنی حكوومەتی زۆرینە، یەكێك لە كار و پروپاگەندەكانی ئێران و گرووپە میلیشیاكان و چوارچێوەی ھەماھەنگی دژی سەدر و ھاوپەیمانەكانی ئەوە بووە كە گوایه‌، دەیانەوێت پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ و عێراق بخه‌نه‌ ناو چوارچێوەی سیاسەتی ھەندێك دەوڵەتی عەرەبی و ئەمریكا. بۆیە سەدر بە دەركردنی ئەو پرۆژەیاسایە، ویستی بەرپەرچی ھەموو ئەو پروپاگەندانە بداتەوە. بەتایبەت ئێران زۆر ھەوڵی داوە وا پیشان بدات كە ھاوپەیمانەكانی سەدر، بەتایبەت پارتی و سوننەكان، پەیوەندیی بەھێزیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە.

بە ھەمان ئاراستەیش، سەدر بەو ھەنگاوە نەك ھەر ویستی كارتی ئیسرائیل وەك كارتی گوشار، لەدەست ئێران و ھاوپەیمانەكانی دەربھێنێت، بەڵكوو مەبەستییەتی پێگە و دەسەڵاتی خۆی لەناو پێكھاتەی شيعەدا بەھێزتر بكات. ئاشكرایە ڕای گشتیی شەقامی شيعە لەگەڵ ئەوەدا نییە كە عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە. دیارە یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوەیە كە شەقامی شيعە لەژێر پروپاگەندەی زۆری ئێران و گرووپە میلیشیاكاندایە؛ بۆیە سەدر بەو ھەنگاوە زیاتر دەتوانێت متمانەی شەقامی شيعە بەدەست بھێنێت و زیاتر پێگە جەماوەرییەكەی بەھێز بكات. بەتایبەت لەوانەیە سەدر ھەست بەوە بكات كە ناتوانن حكوومەتی زۆرینە پێك بھێنن و لەوانەیە دووبارە ھەڵبژاردن لە عێراقدا بكرێته‌وه‌. بۆیە ئەم یاسایە كارتێكی زۆر بەھێز دەبێت بۆ ئەوەی دژ بە نەیارەكانی بەكار بھێنێت. بەتایبەت مەترسیی ئەوە ھەبووە كە نەیارەكانی سەدر ئەم كارتە لە كاتی ھەڵبژاردنەكاندا دژی ڕەوتەكەی بەكار بھێنن. بۆیە بەو ھەنگاوە خۆی براوەی گەمەكە بووە.

ھۆكارێكی دیكەی ئەم ھەوڵەی سەدر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێران و ھاوپەیمانەكانی، دروستبوونی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی و ھەوڵەكانی سەدر بۆ دروستكردنی حكوومەتی زۆرینەیان، بە پیلانگێڕییەكی مەزنی ئیسرائیل دژی عێراق و پێكھاتەی شيعە دەناساند و، وایان لێك دەدایەوە كە دەستی ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەكانی تێدایە و ئامانجە كۆتایییەكەیش ئەوەیە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكرێنەوە. بەتایبەت چوارچێوەی ھەماھەنگی باسی ئەوەیان دەكرد كە سەركردە سوننەكان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئیمارات ھەیە و، ئیمارات و دەوڵەتانی كەنداو سوننەكانی عێراق ھان دەدەن بۆ ئەوەی بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل ھەنگاو بنێن؛ ھەروەھا ھەرێم و "پارتی"یش دەمێكە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە و نەوت بە ئیسرائیل دەفرۆشن. بۆیە دەرچوونی ئەم یاسایە بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، دیسان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو سیاسەتەی ئێران و ھاوپەیمانەكانی بووە. ھەروەھا نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت، موقتەدا سەدر خۆی پیاوێكی ئایینییە و بە ھەموو شێوەیەك دژایەتیی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل دەكات. لەم ڕووەوە، دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ دەوڵەتانی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كرده‌وه‌، موقته‌دا سه‌در، له‌ په‌یامێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كرد و دووپاتی كرده‌وه‌، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانه‌. بۆیە پاڵنەر و میزاجی كەسایەتیی سەدریش، بەشێك بووە لەو ھۆكارانەی كە ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن ڕەوتی سەدر پاڵپشتی بكرێت.     

كاردانەوەكان سەبارەت بە یاسای بەتاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل

سەباره‌ت كاردانەوەكانی ئەم یاسایە، دیارە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، بەتایبەت لەلایەن پێكھاتەی شيعەوە پێشوازی لەو بڕیارە كرا و بە دەستكەوت بۆ عێراق لێك درایەوە. لەم ڕووەوە، لە تویتیكدا، دوای دەرچوونی یاساكە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای لەگەڵی عێراق کرد، دوو ڕکاعەت نوێژی سوپاسگوزاری لەسەر ئەم دەسکەوتە بخوێنن. ھەروەھا داوای لە خەڵک كرد بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ بگێڕن و خۆشحاڵیی خۆیان دەرببڕن. بە ھەمان ئاراستەیش زۆربەی ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، پێشوازییان لەو بڕیارە كرد و بە دەسكەوت بۆ عێراق لێكیان دایەوە. تەنانەت ھەندێك لە گرووپە میلیشیاكان پێیان وا بووە، ئەم یاسایە زۆر توند نییە و دەبوایە بڕگەكانی زۆر توندتر بوونایە. لەسەر ئاستی سوننەكانیش حەلبووسی و خەنجەر پێشوازییان لەو بڕیاره‌ كرد. ھەروەھا لەسەر ئاستی كوردستان، بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی، ھیچ ھەڵوێست یان كاردانەوەیه‌كیان نەبوو. پێ دەچێت كورد بەگشتی لەگەڵ دەرچوونی ئەو ئاسایە نەبێت، بەڵام دابەشبوونی كورد بەسەر دوو لایەنی جیاوازدا، ھەروەھا ئەو گوشارانەی لەسەر ھەرێم ھەیە و تۆمەتباركردنی بەوەی دەستی لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە و بەھێزیی لایەنە شیعەكان، ھەموو ئەمانە وای كرد كورد نەتوانێت بەئاشكرا دژایەتیی ئەو پرۆژەیاسایە بكات.

لەسەر ئاستی دەرەكی، كاردانەوەكان بە دوو ئاراستە بووە: یەكێكیان پاڵپشتیی دەرچوونی پرۆژەیاسایەكەیان دەكرد؛ بەتایبەتیش ئێران لەو دەوڵەتانە بووە كە پاڵپشتیی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراقی كرد. لەم ڕووەوە، محەمەد كازم ئال سادق  سەفیری ئێران لە عێراقدا، ڕای گەیاند ئەم بڕیارەی پەرلەمان ھەنگاوێكی بوێرانەی عێراقییە بۆ پاڵپشتیكردنی جیھانی ئیسلامی. شایانی باسە ئێران ئەگەر بەڕاستەوخۆیش نەبێت، بەناڕاستەوخۆ ڕۆڵێكی زۆری ھەبووە لە ھاندانی سەدر بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیەدا ھەنگاو بنێت. بەتایبەت وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئێران لە لایەك پرسی ئیسرائیلی وەك كارتێك دژی ھاوپەیمانەكانی سەدر بەكار دەھێنا؛ لە لایەكی تریشەوە ئێران ویستی بەو ھەنگاوە زیاتر عێراق لە ئەمریكا و جیھانی عەرەبی دوور بخاته‌وه‌ و زیاتر بیخاتە ناو چوارچێوەی سیاسەتەكانی لە ناوچەكەدا.

لە لایەكی تریشەوە، ئەمریكا لەلایەن خویەوە  زۆر بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ ئەو پرۆژەیاسایە دەربڕی و ڕای گەیاند كە، زۆر نیگەرانه‌ لەو یاسایە و، بە ھەڕەشەی دەزانن لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین. بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە كرد كە، ئەم یاسایە دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی زیاتری ھزر و ئایدیۆلۆژیای توندڕه‌وی دژی جووەكان و، ئەم یاسایە ھاودژە لەگەڵ ئەو پێشھاتە سیاسییانەی كە لە ڕۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان پێ كردووە. ھەروەھا ئەمریكا جەختی لەوه‌ كرده‌وه‌ كە، ئیسرائیل وەك ھاوپەیمانێكی نەگۆڕ و ستراتیژیی واشنتۆن دەمێنێته‌وه‌ و پاڵپشتیی بەھێزكردن و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی ئەو دەوڵەتە لەگەڵ دراوسێكانی دەكات بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا. ھەروەھا بەریتانیایش دژایەتیی خۆی بۆ ئەم یاسایە دەربڕی و داوای لە دەسەڵاتی عێراق كرد تانە لەو بڕیارە بدەن. بە ھەمان ئاراستەیش، ئیسڕائیل ئەم ھەنگاوەی عێراقی ئیدانە كرد و ڕای گەیاند كە ئەم ھەنگاوە، عێراق دوور دەخاته‌وه‌ لە واقعەی كە لە ناوچەكەدا ھەیە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ كۆمه‌ڵێك دەوڵەتی عەرەبی دەبێتە ھۆی زیاتر سەقامگیركردنی ناوچەكە؛ ھەروەھا داوای لە ھاووڵاتیانی عێراق كرد پاڵپشتیی ئەم سیاسەتە توندڕەوە نەكەن.

لێكەوتەكانی یاسای بەتاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل

لێكەوتەكانی ئەم یاسایە زۆرن كە دەكرێت لێرەدا ئاماژە بە ھەندێك لە خاڵەكان بكەین: یەكەم، یەكێك لە مەترسییەكانی ئەم یاسایە ئەوەیە كە دەكرێت وەك ئامرازێك دژی كەسایەتییە سیاسییەكان، حزبە سیاسییەكان، چالاكوانانی مەدەنی و میدیاكان بەكار بھێنرێت. لە دوای 2003 دەسەڵاتدارانی عێراق، دادگه‌كان و میلیشیاكان، بەردەوام تۆمەتی بەعسیبوون یان داعشیبوونیان، وەك ئامرازێك دژبە نەیارە سیاسییەكانیان بەكار ھێناوە. بەتایبەت دەسەڵاتدارانی شيعە ھەموو ئەم میكانیزمەیان دژی سوننەكان و كەسایەتییە سیاسییەكانیان یان ئەوانەی دژی سیاسەتی ئێران و ھاوپەیمانەكانیانن لە عێراقدا، بەكار ھێناوە. بۆیە یەكێك لە مەترسییەكان ئەوەیە دەسەڵاتدارانی شيعە ئەو یاسایە بۆ دژایەتیكردنی نەیارەكانیان، ھێزە سوننەكان و تەنانەت چالاكوانان، میدیاكان و ڕەخنەگرانی سیاسی لە عێراقدا بەكار بھێنن. واتە ئەم یاسایە دەكرێت زۆر بەئاسانی وەك ئامرازێك بۆ یەكلاكردنەوەی حسابانی سیاسی لە عێراقدا بەكار بھێنرێت. 

دووەم، ئەم یاسایە نەك ھەر مەترسی لەسەر دەنگە ئازادەكان و نەیارەكانی ئێران دروست دەكات، یان سوننەكان دەكاتە ئامانج، بەڵكوو دەكرێت زۆر بەئاسانی دژی ھەرێم، ھێزە سیاسییەكانی، كەسایەتییەكان و كۆمپانیاكان بەكار بھێنرێت. لەبەر ئەوەی لە عێراقدا یاسا سەروەر نییە و دادگه‌كان سەربەخۆ نین. بۆیە یەكیك لە مەترسییەكانی تری ئەم یاسایە ئەوەیە دژی ھەرێم بەكار بھێنرێت. ھێزە شيعەكان زۆر بەئاسانی دەتوانن ئەم یاسایە بۆ زیاتر دژایەتیكردنی ھەرێم و ھێزە سیاسییەكان و بۆ زیاتر گوشارخستنە سەر ھەرێم بەكار بھێنن. بەتایبەت لەبیرمان نەچێت ئێستایش یەكێك لەو تۆمەتانەی بەردەوام دەدەنه‌ پاڵ ھەرێم ئەوەیە، گوایە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە، یان ئیسرائیل پێگە و دەزگه‌ی ھەواڵگریی لە كوردستان ھەیە، یان نەوت بە ئیسرائیل دەفرۆشێت. لە كاتێكدا ھەموو ئەم تۆمەتانە ھیچ بنەمایەكی ڕاستیان تێدا نییە و ھیچ بەڵگەیەكیش بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتانە نییە. بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق وەك چۆن دادگه‌ی بەناو دەستووری دژی ھەرێم بەكار دەھێنن، دەتوانن ئەو یاسایەیش دژی ھەرێم، ھێزە سیاسییەكان، كەسایەتییەكان و كۆمپانیاكان بەكار بھێنن و ھەوڵ بدەن لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی ھەرێم بدەن. واتە بەكورتی، دەكرێت بڵێین ئەم یاسایەیش لۆغمیكی تری تەوقیتكراوە؛ دەكرێت ھەموو كاتێك بە ھەرێمدا بتەقێتەوە.  

سێیەم، ئەم یاسایە دەكرێت عێراق بەو ئاراستەیە ببات كە لەسەر ئاستی دەرەكی و ناوچەكە سیاسەتێكی پێچەوانە لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی پراكتیزە بكات و زیاتر عێراق پەراوێز بخرێت. بەتایبەت ئێستا بەشێكی دەوڵەتانی عەرەبی، لەوانە ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب، ڕیككەوتنی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ كردووە و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تەلئەبیب ئاسایی كردووە و، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت دەوڵەتانی تریش ھەمان ھەنگاو بھاوێژن. بۆیە ئەم ھەنگاوەی عێراق، زیاتر لە ژینگەی عەرەبی دووری دەخاته‌وه‌ و زیاتر دەكەوێتە ناو سیاسەت و ئەجێندای ئێرانەوە. ئەمەیش بێ گومان خزمەتی بەرژەوەندییەكانی عێراق ناكات.  

چوارەم، ئەم یاسایە مەترسی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و عێراق دروست دەكات؛ بەتایبەت ئەمریكا زۆر بەتوندی دژی ئەم یاسایە وەستایەوە و بە ھەنگاوێكی مەترسیدار وەسفی كردووە. دیارە ئەم یاسایە مەترسی لەسەر ھەموو ئەو كۆمپانیایانە دروست دەكات كە لە عێراقدا كار دەكەن و كاری بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكەن.  ھەروەھا دەكرێت ئەم ھەنگاوەی عێراق ببێتە ھۆی لەدەستدانی یارمەتیی سەربازی و ئابووریی ئەمریكا بۆ عێراق. بەتایبەت لە ئەمریكا زۆر یاسا و بڕیار ھەن كە ڕێگری لە كۆمپانیاكان و دامەزراوەكانی ئەمریكا دەكه‌ن لەو وڵاتانەدا كار بكەن كە بایكۆتی ئیسرائیل دەكەن یان كردوویانە. بۆیە ئەمە دەكرێت ببێتە ھۆكارێك كە ئەمریكا چیتر لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە یارمەتیی عێراق نەدات یان لە ڕووی سەربازییەوە پاڵپشتیی عێراق نەكات. بێ گومان ئەمەیش ئاییندەی عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.

پێنجەم، دیارە ئسیرائیل لۆبییەكی زۆر بەھێزی لە ئەمریكا ھەیە و كاریگەریی زۆری لەسەر دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەكان ھەیە؛ لۆبیی ئیسرائیل، بەتایبەت كاریگەریی زۆری لەسەر دامەزراوە بڕیاربەدەستەكانی وەك كۆنگرێس ھەیە. بۆیە لەوانەیە ئیسرائیل لەمە بەدواوە لۆبیی خۆی بۆ دژایەتیكردنی عێراق بەكار بھێنێ و، دەكرێت لە زۆر ڕووەوە زیان لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی عێراق بدات. بەتایبەت لۆبیی ئیسرائیل لە كۆنگرێس زۆر كاریگەرە و، دەكرێت ڕێگە لە زۆر یارمەتیی ئەمریكا بگرێت بۆ عێراق. بەگشتی ئەم یاسایە نەك ھەر ھیچ خێری بۆ عێراق نابێت، بەڵكوو كێشەكانی عێراق زیاتر و قووڵتر دەكاتەوە و ئەو وڵاتە زیاتر لە كومەڵگەی نێودەوڵەتی دادەبڕێنێت.

Latest from نەوزاد ھێتوتی