هەڵوێستی هەرێمی و نێودەڵەتی بەرامبەر بە ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان

د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین

دەسپێك

لەگەڵ ئەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تەژی ڕووداوە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان تیایدا زۆر ئاڵۆزە، دەبینین سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە دوا دەربڕینەکانیدا باس لە هەنگاونان دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بە مەبەستی پاراستنی هێزە سەربازییەکانی، کە لەسەر سنووری تورکیا-سووریا جێگیر کراون، بەهۆی هێرشی چەکدارانەی بەردەوامی ڕێکخراوە "كوردییەکان".

لای خۆیانەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕێگەی بەیاننامەیەكی بڵاوکراوەوه‌، بە چاوێك دەڕواننە گەرمیی کەشوهەوای جەنگ و مانۆڕەکانی هێزە سەربازییەکانی تورکیا، گوایە "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیا دێت بۆ لێدانی سەقامگیری و دووبارە چالاککردنەوەی پاشماوەکانی "داعش" و کار لەسەر خوێندنەوەی ورد دەکەن بۆ ئەو سیناریۆیانەی، ئەگەری ڕوودانیان هەیە؛ هەروەها خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئاستی ئەو هەڕەشانەی تورکیا، کە بەواقعی له‌ ئارادان و ئەگەری ڕوودانیان زۆرە.

بۆیە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامه‌ لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان، کە وەکوو گەرەنتییە لەم ڕووەوە؛ لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەوەیش دەکاته‌وە، کەوا ئەم هێزە نێودەوڵەتییانەی گەرەنتین، تا ئێستا "ستراتیژیی  دابەشکردن و بڵاوکردنەوە"یان ئەنجام نەداوە. هاوکێشەی سەربازی لە سووریا دەکەوێتە ژێر لێکدانەوەی ئەو دەوڵەتانەی سوپایان لە سووریا هەیە و لە نێوان خۆیاندا هەژموون دابەش دەکەن. ئەردۆغان پێی وایە، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپه‌راسێۆنێکی سەربازی، چونکە هەر یەك لە مۆسکۆ و واشنتۆن سەرقاڵی قەیرانی ئۆکراینان و، دەکرێ ئەو دژبەرییانە بقۆزرێنەوە بۆ سەپاندنی دیفاکتۆیەك لە باکووری سووریا. هەروەها بەکارهێنانی ڤیتۆ دژ بە ئەندامبوونی هەر یەك لە سوید و فینلەندا لە پەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ)، دەکرێ وەکوو مانۆڕێك بێت بۆ تورکیا و؛ هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە کردارەکانی نەرمتر بکات.

بۆچی تورکیا زۆر مەبەستیەتی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئەنجام بدات؟

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ئاشکرای کرد، ئەنجامدانی ئەم هێرشە بۆ ئەوەیە، سوپای تورکیا ئەو ناوچانەیش کۆنترۆڵ بکات کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی "کانیی ئاشتی" لە تشرینی ساڵی ٢٠١٩ داگیر نەکرابوون. لە ٢٠١٩ تورکیا بە قووڵیی ٣٠ کیلۆمەتر ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان گرێ سپی و سەرێ کانی، داگیر کرد. بەڵام تورکیا ناوە بە ناوە هەڕەشەی دەکرد بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچانەی، کە چەکدارەکانی سەر بە هێزەکانی پاراستنی کوردی تێدایە، کە دەکەوێتە ڕۆژاوای ڕووباری فورات، وەکوو: تەل ڕفعەت و منبج و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات؛ بۆ نموونە، کانی عیسا تا دەگاتە قامشلۆ و سنووری عێراق. بیانووی تورکیا بەبەردەوامی ئەوە  بووە، ڕێگە نەدات "هێزەکانی پاراستنی کورد"، لە باکووری سووریا و لەسەر سنووری تورکیا "ڕێڕەوێك بۆ تیرۆر" دابمەزرێنێ؛ بەتایبەتی تورکیا ئەم هێزە بە درێژەکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) دەبینێ. لەسەر ئەم بنەمایە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا پێنج ئۆپەراسیۆنی جیاجیای ئەنجام داوە:

یەکەم، "قەڵغانی فورات" لە ساڵی ٢٠١٦؛ بەهۆیەوە ئەو ناوچەیەی داگیر کرد، کە دەکەوێتە سێگۆشەی جرابلس، ئەعزاز و باب.

دووەم، "چڵی زەیتوون" لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨؛ بەهۆیەوە ناوچەیەکی فراوانی لە عەفرین داگیر کرد، کە هاوسنوورە لەگەڵ لیوای ئەسکەندەروون.

سێیەم، "کانیی ئاشتی"؛ لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام درا و بەهۆیەوە ناوچەیەکی فراوانی لە ڕۆژهەڵاتی فورات، لە نێوان گرێ سپی و سەرێ کانی، داگیر کرد.

چوارەم، "قەڵغانی بیابان"؛ کە قەوارەکەی کەمتر بوو لەو هێرشانەی پێشووتر، چەندان بنکەی سەربازیی سوپای سووریای کردە ئامانج و لەگەڵ هێز و سوپای ئاسمانیی ڕووسیا کەوتە جه‌نگ و بە ڕێکكەوتننامەی ٥ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٠ جه‌نگ ڕاگیرا؛ ئەگەرچی دواتر هیچ خاڵێك لەو ڕێکكەوتننامەیە جێبەجێ نەکرا.

پێنجەم، "قەڵغانی بەهار"؛ لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام درا، پاش ئەوەی هێزەکانی سوپای سووریا، کە لەلایەن ئێران و ڕووسیا و میلیشیاکانی سەر بەو دوو لایەنە پاڵپشتی دەکران، هێرشیان كرده‌ سەر پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژاوای سووریا. 

تورکیا بەردەوام مه‌به‌ستی بووه‌ ئه‌و ناوچانه‌ خاوێن بكاته‌وه‌ لە ڕەگەزی کورد، بۆیە ئەو جووڵەیەی ئێستای بە مەبەستی پێکاندنی ئەو ناوچانەیە، کە لە دەرەوەی ناوچەکانی (کانیی ئاشتی و منبج و تەل ڕەفعەت)ن، تا دەگاتە کۆبانێ و کانی عیسی (عين عيسى) و قامشلۆ، بۆ ئەوەی کورد تا قووڵاییی فورات لە ڕەقە بکشێتەوە، تا دەگاتە پارێزگای دێرەزۆر. ئەمڕۆ فاکتەرێکی تر لەپشت ئەو ڕەفتارەی تورکیایە، ئەویش دامەزراندنی "ناوچەیەکی ئارامە" لەناو خاکی سووریا، بە درێژاییی سنووری لەگەڵ سووریا بە پانیی ٤٣٠ کیلۆمەتر و بە قووڵیی ٣٠ کیلۆمەتر، لە پێناو نیشتەجێکردنی زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەری سووری کە ئێستا لە تورکیان؛ وەك دەڵێ لە ئێستادا نزیکەی نیو ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە  بۆ ئەو "ناوچە ئارامە" لە سێگۆشەی قەڵغانی فورات؛ گوایە لەوێ خانووی کۆنکرێتییان بۆ ئامادە کراوە.

تورکیا ده‌یه‌وێ ناوچەی "خانووی ئامادەکراو" فراوانتر بکات، تا هەموو ئەو پەنابەرانە لەو شوێنە نیشتەجێ بکرێن. وەک دەردەکەوێت ئەردۆغان درکی بە مەترسیی هەبوونی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا کردووە، چونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرێت، گوایە ئەردۆغان ڕەگەزنامە بە سوورییەکان دەبەخشێ تا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ بۆ سەرۆکایەتی دەنگی پێ بدەن. بێجگە لەوەیش، پەنابەرانی سووریا کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ تورکیا دروست دەکەن و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر جەماوەری حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار هەیە. ئەردۆغان دەیەوێت ئەم کارتە لەدەست بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دەربهێنێت. پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئەم هێرشبردنە لەم ساتەوەختە ڕوو دەدات، لە کاتێکدا هیچ هەڕەشەیەك لەلایەن لایەنە كوردییەکانی ڕۆژاوا بۆ سەر تورکیا نییە؟ 

بۆ هەڵبژاردنی کاتی ئەنجامدانی ئەم هێرشە هۆکار زۆرن، لەوانە:

١-  سەرقاڵبوونی جیهان بە قەیرانی ئۆکراینا، بەتایبەتی کاتێ ڕووسیا بەشێ لە هێزەکانی لە سووریا کشاندەوە و ئەردۆغان پێی وابوو، دەرفەت ڕەخساوە ڕووسیا هیچ کۆسپێکی ڕاستەقینە لە بەردەم ئەو هەنگاوەی دروست نەکات؛ لە کاتێکدا زۆربەی ئەو ناوچانەی ئەو مەبەستیەتی، دەکەونە ژێر هەژموون و چاودێریی ڕووسیا.

٢- تورکیا داواکاریی سوید و فینلەندا بۆ بوون بە ئەندام لە پەیمانی ئەتڵەسی، دەقۆزێتەوە بۆ ورووژاندنی ناتۆ و بەکارنەهێنانی ڤیتۆ دژ بە سوید و فینلەندا لە بەرامبەر ڕازیبوونیان لەسەر ژمارەیەك لە داواکارییەکانی تورکیا، لەوانە ڕێگرینەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هێرشێ نوێی تورکیا بۆ سەر خاکی سووریا، بەتایبەتی ئەگەر تورکیا بۆ ئەو ناوچانە جووڵە نەکات کە هێزەکانی ئەمریکای لێیه‌. ئەوەی پرسیار دروست دەکات ئەوەیە: ئەگەر تورکیا مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی سووریایە، بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و ڕزگاربوونی لە "هێزەکانی پاراستنی کوردی"، ئەی بۆچی هەماهەنگی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد ناکات و دیالۆگی لەگەڵ ناكات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی سووریا، ئەوەی پەیوەستە بە تورکیاوە؟

لەوانەیە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی جێبەجیکردنی نەخشەی میساقی میللی بێت، کە پەرلەمانی تورکیا لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٠ دای ڕشتبوو، کە سەرجەم ناوچەکانی وەکوو ئەسکەندەروون و حەلەب و ڕەقە و دێرەزۆر و هەندێ لە شارەکانی باشووری كوردستان دەگرێتەوە، تا دەگاتە سنوورەکانی ئێران. لە پێناو ئەوەیش تورکیا کاری لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیی سەرجەم ئەو ناوچانە کرد. ئەمەیش هیچ پەیوەندییەکی نییە بە پەنابەرانی سووریا و دروستکردنی ناوچەی ئارام و هێزەکانی پاراستنی کوردی. ئەردۆغان پێی وایە، دەتوانێ لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارتی "فاتیحی میساقی میللی" لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٢٣ سەرلەنوێ وەکوو سەرۆكکۆماری تورکیا سەر بکەوێت.

هەڵوێستی ڕژێمی سووریا بەرامبەر بە جووڵەی سەربازیی تورکیا بۆ باکووری سووریا

وزارەتی دەرەوەی سووریا هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هاتنە ناو خاکی وڵاتەکەی و هێرشکردنی بۆ سەر باکووری سووریا بە مەبەستی دامەزراندنی "ناوچەیەکی ئارام" ڕەت کردەوە و بە کردەوەیەکی ڕیسوا و بە پێشێلکاری و بە بەشێك لە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی و جوگرافی ئەژمار کرد. سووریا ئەو هەنگاوەی تورکیا بە دنه‌دان و بێزارکردن دەبینێ و، پێی وایە ئەم کردارە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و هەندێ وڵاتی تری ڕۆژاوا ئەنجام دەدات، بە مەبەستی دەسکەوتی سیاسی، دژ بە گەلی سووریا و یەکپارچەییی خاکەکەی.

لە دیدی ڕژێمی سووریا، ئەم هەڕەشانەی تورکیا پێچەوانەی لێکتێگەیشتن و دەرهاوێشتەکانی ڕێڕەوی ئەستانەیە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و؛ هەموو لێکتێگەیشتنەکانی پێشووتر کە بە چاودێریی نێودەوڵەتی بەڕێوە چووبوون لەناو دەبات، کە بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە گیرابوونە بەر. هێزەکانی ڕژێمی سووریا چەکدار و ئازووقەی سەربازیی لە دەوروبەری تەل ڕفعەت کۆ کردۆتەوە، کە نزیکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات. تورکیا تەل ڕفعەت بە ناوچەیەكی گرنگ دەزانێ لە ئێستادا و، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. لە بەرامبەردا بەشار ئەسەد دەڵێت، ئەگەر دۆخی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ گونجاو بێت، ئەوا ئەو کارە ئەنجام دەدات و لە لایەکی ترەوە بەرگریی جەماوەرییش له‌ ئارادا دەبێت.  

هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش لەلایەن تورکیا

سەبارەت بە ئێران، ئەوا سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی دژ بە هەر کارڕایییەکی سەربازی و بەکارهێنانی هێزە لەسەر خاکی دەوڵەتێکی تر بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە دەبنە مایەی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە. لە هەمان کاتدا ئێران لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە ڕووی ئاسایشییەوە تێ دەگات، بەڵام پێی وایە تەنیا چارەسەر ئەوەیە، لایەنەکان پابەند بن بە ڕێکكەوتنی دوولایەنە و ئه‌و ڕێکكەوتنانه‌ی لە کاتی دانوستانەکانی ئەستانە ئەنجام دراون. هەماهەنگیکردن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئێران بژاردەیەکە، کە "هەسەدە" لە ناوچەی تەل ڕفعەت پەنای بۆ بردبوو، لە ڕێگەی دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێك.

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێگر نییە لەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە تەنیشتییەوە بوونیان هەبێت؛ ئەگەرچی ئەمەیش کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان "هەسەدە" و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، کە پاڵپشتیی پێشکەشی هەسەدە دەکەن. ئێران مەبەستیەتی ئەم جارە دەستێوەردان بکات، چونکە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر تەل ڕفعەت، ئەوا هەردوو شارۆجکەی "نبل" و "ئەلزەهرا"، کە شیعەنشینن و دەکەونە دەوروبەری تەل ڕفعەت، دووچاری مەترسی و هەڕەشەی داگیرکردن دەبنەوە.

لای خۆیەوە ڕووسیا ڕێگر نییە لە هەبوونی وەڵامێکی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هەسەدە و هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە تەل ڕفعەت. گریمانەی ئەوەیش دەکرێت، ئەمریکا بە جۆرێ مامەڵە لەگەڵ ئەم بژاردەیە دەکات، کاریگەریی هەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەره‌نگاربوونەوەی تیرۆر. ئەمەیش لەوانەیە جیاوازیی هەبێت لە نێوان تەل ڕفعەت و ناوچەکانی تر.

هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە هەنگاوەکانی تورکیا

ناوچەی تەل ڕەفعەت و منبج، کە ئەردۆغان بە دوو ئامانجی دیاریکراوی هێرشەکەی ئەم جارەی دەزانێ، لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتە، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێت. بۆیە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە تورکیا، هیچ هێرشێکی نوێ لە باکووری سووریا ئەنجام نەدات و جەختی کردۆتەوە، ئەو جۆرە گرژییە دەتوانێ ببێتە مەترسی لەسەر  گیانی سەربازەکانی ئەمریکا، کە لەو ناوچەیەن. هەروەها ئەمریکا لە ڕێگەی نێد پرایس، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بە "نیگەرانیی زۆری" وڵاتەی کرد سەبارەت بەو هێرشە ئەگەر ئەنجام بدرێ و، گوتی "زیادکردنی گرژییەکان ئیدانە دەکەین و پشتگیریی بەردەوامی ئاگربەستی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دەکەین و، پێمان باشە دۆخەکە وەکوو ئێستا بمێنێتەوە."

نیگەرانییەکانی ڕووسیا بەرامبەر بەو هێرشە

ڕووسیا پێی وایە جووڵەی تورکیا دەبێتە هۆکاری درووستبوونی ناسەقامگیری. ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هیوای خواست، "ئەنقەرە جووڵەکانی ڕابگڕێ، کە دەبێتە مایەی تێکچوونی دۆخەکە لە سووریا، کە خۆی زۆر ئاڵۆزە." لە کاتێکدا ڕووسیا لە خواستەکانی تورکیا لە زامنکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی بە درێژاییی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا، تێ دەگات و پێی وایە باشترین ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، ڕێگەدانە بە هێزەکانی حکوومەتی سووریا، تا لەسەر سنوور جێگیر بکرێن.

هه‌رچه‌نده‌ باس لە کشانەوەی هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە سووریا دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕووسیا دووبارە هێزی خۆی لە باکووری سووریا بڵاوە پێ کردووە بە مەبەستی بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیە و، به‌ فڕۆکەی جەنگییه‌وه‌ بەسەر ئاسمانی تەل ڕفعەت مانۆڕ دەکات و، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پانتسێر ئێس ١"ی لە شاری قامشلۆ دامەزراندووە، کە ٤٠٠ کیلۆمەتر لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە دوورە و، نەی شاردۆتەوە كه‌ هێزەکانی ئامادەیە لەگەڵ هێزەکانی سوپای سووریا ڕێگری لە هێرشی هێزەکانی تورکیا بکات.

ئێمە پێمان وایە، دەکرێ ڕووسیا کارئاسانی بکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەلایەن تورکیا، چونکە ئەو بابەتە گرێ دراوە بە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی و هەماهەنگیکردن لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها بەشدارینەکردنی تورکیا لە سزاکان، كە ڕۆژاوا بەسەر ڕووسیای سەپاند، کارتێکی باشه‌ بەدەست تورکیاوه و‌، دەتوانێ لە ڕێگەیەوە ڕووسیا ناچار بکات بە سوودی تورکیا دەستبەرداری هەندێ بابەت بێت.

ڕێگریکردن و دواخستنی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی لەلایەن تورکیا و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی فڕۆکەی باری سەربازی لە نێوان فڕۆکەخانەی "حمێمیم" و ڕووسیا و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان لە بەردەم کەشتییەکانی، کە لە تەنگەکانی تورکیا هاتوچۆ دەکەن، کۆمەڵە بابەتێکی گرنگن بۆ ڕووسیا و، تورکیا دەتوانێ لە بەرامبەر پێشکەشکردنی ئەم ئاسانکارییانەدا داوای نرخێك بکات.

ڕووسیا و تورکیا دەتوانن لەسەر چ بابەتێك پێك بێن؟

وەک دەرکەوت، ئامانجی سەرەکی لەو ئۆپەراسیۆنەی كه‌ تورکیا به‌نیازه‌ ئەنجامی بدات، بریتییە لە دامەزراندنی "ناوچەیەكی ئارام" بۆ پەنابەرانی سووریا لە ڕۆژاوای كوردستان، لە پێناو گەڕاندنەوەیان بۆ سووریا، چونکە کێشەی پەنابەران، بووە بە بابەتێکی گرنگی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣. دیارە پشتگیریکردنی پلانی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریا لە دەرکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شارەکانی تەل ڕفعەت و منبج و کۆبانێ دەست پێ دەکات و، ئەمەیش لە دیدی تورکیاوە هاندەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی دەیان هەزار کۆچبەر بۆ سووریا بە شێوەیەكی "ئازادانە".

تورکیا پێی وایە لە ڕێگەی ئەم هێرشەوه‌ دەتوانێت لە هەڕەشە ئەمنییەکان ڕزگاری بێت، کە بوون بە مایەی مەترسی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لە سووریا. تورکیا ئەم کارە بە تەواکەری ئەو هەوڵانە دەبینێ، کە بۆ پارستنی ئاسایشی نەتەوەیی بەمەبەستی نەهێشتنی مەترسیی "پ ک ک" دەیگرێتە بەر. ڕاستە تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی بەردەوامە و چاودێری هاوبەشی سەربازی  ئەنجام دەدات، بەڵام ئەو مەترسی و هەڕەشانە هێشتا لەسەر سنووری باشووری تورکیا بوونی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا و ڕووسیا پابەند نین بە بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە تورکیا.

حکوومەتی تورکیا ئەمڕۆ لە قەیرانێکی ئابووریی بەردەوامدایە و پێی وایە دەتوانێ هاوشێوەی ئەنجامدانی ئۆپه‌راسیۆنەکانی پێشوو، لەلایەن گەلی تورکیاوه‌ پاڵپشتی بکرێت و، ئەمەیش دەرفەت بە ئەردۆغان دەدات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان و زیادبوونی دەنگی ناڕازی لە سیاسەتی پەنابەران، دەنگی دەنگدەری ناڕازی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ڕووسیا و تورکیا لە دۆخێکی ناهاوسەنگن لە باکووری سووریا. سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە جەنگ لە ئۆکراینا، دەرفەت بە ڕووسیا نادات سەرقاڵی گۆڕەپانێکی نوێ بێت و، دەبێت ڕەچاوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بکات. لێرەدا ئەگەری هەبوونی چەندان سیناریۆ دەکرێ لە نێوان ڕووسیا و تورکیا:

سیناریۆی یەکەم:

مۆسکۆ هەوڵی گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەگەڵ ئەنقەرە ده‌دات، پاش ئەوەی ئەنقەرە پاشگەز بێت لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە. ئەم سیناریۆیە باشترین بژاردە دەبێت بۆ مۆسکۆ، ئەگەرچی بۆ ڕووسیا بە نرخێکی گران تەواو دەبێت؛ چونکە تورکیا داوای سوودی بازرگانی و ئابووریی زیاتر دەکات، کە لەوانەیە سەرچاوەی وزە و دانەوێڵە بگرێتەوە، یان ئەوەی ڕۆڵی زیاتر لە قەیرانی ئۆکراینا بگێڕێ. جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەرلەمانی ڕووسیا (دۆما)، ڤلادیمیر جبارۆڤ، پێی وایە سەرەڕای ئەوەی تورکیا ڕێکكەوتننامەی ساڵی ٢٠١٩ دەبەزێنێ، بەڵام ئەم کێشەیە دەکرێ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت.

سیناریۆی دووەم:

گۆڕینەوەی "جبل الزاوية" لە ئیدلب بە ڕێگەپێدان بە تورکیا، كه‌ هێرش بكاته‌ سەر ڕۆژاوای كوردستان. دیارە بۆ تورکیا ئەوە گرنگە، لە بەرامبەر پێشکەشکردنی "جبل الزاوية" توانای یەکخستنی هەموو ئەو ناوچانەی هەبێت، کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیان لەناو یەك ناوچەدا.

سیناریۆی سێیەم:

هەڵوەشاندنەوەی ئەو خاکەی، کە بەدەست "ئیدارەی خۆسەر"ە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیا؛ ئەمەیش وا لە ئیدارەی خۆسەر دەکات، زیاتر ئامادە بێت لەگەڵ ڕژێمی سووریا دانوستان بکات. ئەم سیناریۆیە پێش جەنگی ئۆکراینا زیاتر ئەگەری هەبوو، بەڵام ئێستا تورکیا لە دۆخێكی ترە و دەتوانێ مەرجی باشتر بخاتە بەردەم ڕووسیا.

سیناریۆی چوارەم:

کە بۆ ڕووسیا واقعیترە؛ ئەوەیش ئەوەیە، لێ بگەڕێ تورکیا ئۆپەراسیۆنی خۆی ئەنجام بدات، بێ ئەوەی ڕووسیا وەڵامی بداتەوە. ئەمەیش دیارە کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوبانگی ڕووسیا و لەسەر پێگەی، بەڵام دەتوانێ ئەم هەڵوێستە بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆسەر ڕازی بکات دانوستان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد ئەنجام بدات. بەو شێوەیە مۆسکۆ ناچار نابێت دەستبەرداری شتی تر بێت بەرامبەر بە ئەنقەرە. بۆچوون هەیە، پێی وایە تورکیا هێرشی خۆی ئەنجام دەدات و ڕووسیا ڕێگر نابێت و سەرجەم لێدوانه‌كانی بەرپرسە ڕووسەکان، تەنیا بۆ ئەوەیە "ئابڕووی خۆیان" بپارێزن. لەوانەیە له‌ دوا په‌یوه‌ندییاندا پووتین و ئەردۆغان ڕێکكەوتن و لێکتێگەیشتنیان هه‌بێ، چونکە ڕووسیا نایه‌وێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بکاتە قوربانی و، خۆزگه‌ به‌وه‌ ده‌خوازێ پاش کشانەوەی لە باکووری ڕۆژاوای سووریا، پێکدادانێك لە نێوان تورکیا و ئەمریکا ڕوو بدات. ڕووسیا توانای بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی سەربازیی تورکیای نییە و، حه‌ز ناكا دوو بەرە لە سووریا و ئۆکراینا بکاتەوە؛ بۆیە دواجار بەرامبەر بەو هێرشە بێدەنگی هەڵدەبژێرێ.

بژاردەکانی بەردەم هێزەکانی سووریای دیموکرات چین؟

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کار لەسەر ڕێکخستن و خۆئامادەکردن دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا، نەك تەنیا لە ڕووی سەربازی، بەڵکوو لە ڕووی بەدەستهێنانی پشتگیریی هاوپەیمانان و لایەنە جیاوازەکان؛ لێرەدا باس لە ڕۆڵی ڕژێمی سووریایش دەکرێت، کە "هەسەدە" داوای یارمەتیی لێ دەکات بۆ هاوکاریکردنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە. لە دوا لێدوانەکانی مەزڵووم کۆبانی،  فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئاماژەی بەوە کرد، هەماهەنگیی زیاتری سەربازی لەگەڵ دیمەشق، هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتە نیمچەسەربەخۆکەمان دروست ناکات و گوتیشی ئەولەوییەتی ئێمە بەرگریکردنە لە خاکی سووریا و، نابێت کەس بیر لەوە بکاتەوە بۆ دەسکەوتی خۆی سوود لەو دۆخە وەربگرێت. کۆبانی ئاماژەی بەوەیش كرد هێرشی نوێی تورکیا نزیكەی یەك ملیۆن كەس ئاوارە دەكات و ناوچەکان ناسەقامگیرتر دەکات، بۆیە چەکدارەکانی شان بە شانی سوپای سووریا دژ بەو هێرشە دەوەستن.

هۆکاری خۆنزیككردنەوەی ئیدارەی خۆسەر لە حکوومەتی ڕژێمی سووریا ئەوەیە، دوژمنایەتیی ڕژێمی سووریا بەرامبەر بە تورکیا بقۆزرێتەوە و ڕژێم هاوبەش بکات لەو جه‌نگە، تا سوود لە ئەزموونیان وەربگرێت. بەڵام لەوەیش گرنگتر  وەکوو دەردەکەوێت، ڕاکێشانی ڕووسیایە بۆ ناو ئەم جه‌نگە، کە هێشتا بە زمانێکی تا ڕاددەیەك نەرم قسە دەکات سەبارەت بە جاڕدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا.

یەکێك لە بژاردەدەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا، بەدیهێنانی خواستەکانی ڕووسیایە لە هەندێ بابەتدا، لە پێناو فراوانترکردنی بوون و چالاکیی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فورات، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە، تاوەکوو ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیە ئەنجام نەدرێت. ئەم سیناریۆیە ئەو بەڵێننامەیەیش لەخۆ دەگرێت، کە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی سووچی ساڵی ٢٠١٩؛ واتە کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە "ناوچەی ئارام" بە قووڵیی ٣٢ کیلۆمەتر، بەتایبەتی لە کۆبانێ، بۆ ئامادەکردنی دۆخێكی گونجاو لە پێناو ئەنجامدانی نێوەندگیریی ڕووسیا.

مۆسکۆ بەئاشکرا دەڵێ، ناتوانێ ئەو لایەنانە بپارێزێ کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی سووریاوه‌ن؛ هەروەها ڕووسیا "هەسەدە" بە گرێدراو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینێ، کە کار و جووڵەی بەپێی ئەو ئەجێندانەیە کە دژ بە ڕژێم و دەوڵەتی سووریایه‌. لە بەرامبەردا "هەسەدە" هەوڵ دەدات واشنتۆن ڕازی بکات لە گەڕانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی لەو ناوچانەی، کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە، بەتایبەتی لە کۆبانی و منبج؛ بەو هۆکارەی، هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو ناوچانە دەبێتە مایەی لاوازکردنی هەوڵەکان بۆ بەره‌نگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی ئابووری.

کاریگەریی ئەم هێرشە نوێیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان

لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕۆژاوای كوردستان، پێش جه‌نگی ناوخۆ لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکی سیاسی بوو، بەڵام ئەو پەیوەندییە گۆڕا بۆ پەیوەندیی ئابووری و؛ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئەو دوو ناوچەیە لە ساڵی ٢٠١٦ بوون بە هۆکاری بوونی ناوەندێکی ئابووریی چالاك. ململانێکان و جەنگی ناوخۆ لە سووریا کاریگەریی نەرێنیی هەبووە لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و، زیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورەی پێ گەیاندوون، بەوەی کەوا ڕێژەی هەژاری لەو دەوروبەرە بەرز بۆتەوە. هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا بۆ هەرێمی كوردستان، بووە هۆکاری زیادبوونی داواکاری لەسەر خزمەتگوزاریی گشتی و دروستبوونی قەرەباڵغی لە ڕووی نیشتەجێبوون و زیادکردنی ئەرکی داراییی گشتی، لە بوارەکانی گواستنەوە و تەندروستی و وزە.  

ئێمە پێمان باشە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی بگیرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە و، پێویستە هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی جێگیر بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشە هەبێت، بە مەبەستی پاراستنی دەرفەتەکان بۆ ئاشتی و بەهێزکردنی سەقامگیری لەو ناوچانەی، کە لە دەستی داعش ڕزگاریان بووه‌. ناکرێ تورکیا زیانە دیپلۆماسی و جەماوەرییەکانی و قەیرانی داراییی خۆی لەسەر حیسابی گەلانی ناوچەکە چارەسەر بکات؛ دواجار ئەنجامدانی ئەم هێرشە دەبێتە مایەی کۆچی ملیۆنان کەس لەو ناوچەیە. كورد نزیکەی ١٠٪ی دانیشتووانی سووریا پێک دەهێنێ و ژمارەی دانیشتووانی سووریا دەگاتە نزیکەی ١٨ ملیۆن کەس. هەروەها ژمارەی كورد لەو ناوچەیەی ئەمڕۆ بە شێوەی ئیدارەی خۆسەر بەڕێوە دەچێت، دەگاتە نزیکەی ٥٥٪ی ژمارەی دانیشتووان، کە بەگشتی ٤،٦ ملیۆن کەسە.

لە تەنیشت كورد، نەتەوەی تری وەکوو عەرەب و ئاشووری و تورکمان و ئەرمەن و چەرکەس و ئایینی تری وەکوو مەسیحی و ئێزیدی لەناو سنووری ئیدارەی خۆسەر دەژی، کە مەبەستیانە لەناو ژینگەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بژین. بۆیە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی سەربازی لە ڕۆژاوای کوردستان، دەبێتە مایەی تێكدانی سەقامگیری و سستبوونی بووژانەوەی ئابووری و لاوازبوونی تواناکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەردەوامبوونی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (داعش)؛ ئەمەیش دەرفەت بۆ ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەڕەخسێنێ، شانەکانی خۆی چالاك بکاتەوە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخاتە بەردەم مەترسییەکی نوێ.

 

سەرچاوەکان: