ماف و ئەرکەکانى نەخـۆش لە تەرازووى یاسادا

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێـشەکى

لە کۆمەڵگەدا یاسا بۆ چەند مەبەستێک دەردەکرێت؛ ڕەنگە بۆ چارەسەرکردنى کێشەیەکى باوى نێو کۆمەڵگە دەربکرێت، یاخود بۆ پڕکردنەوەى پێویستییەک، یاخود بۆ پێشخستنى کۆمەڵگە، یان بۆ بنبڕکردنى دیاردەیەک و هتد. مەبەستەکان لە دەرکردنى یاسا هەرچى بێت، ئەوا ئامانج لە دەرکردنى یاسا ڕێکخستنى کۆمەڵگەیە بەو ئاراستەیەکەى کە خودى یاسادانەر دیاری دەکات. دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە (4)ى ساڵى (2020) هەنگاوێکى گرنگ بوو، چونکە مەبەست لە دەرکردنى، بریتی بوو لە چارەسەرکردنى گرفتەکانى نەخۆش و دەستەبەرکردنى مافەکانى لەنێو کەرتى تەندروستیى هەرێمدا بە هەرسێ جۆرەکەیەوە (کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى و کەرتى تێکەڵاو). بەڵام پرسیارە سەرەکییەکان لێرەدا ئەوەن: لە دواى دوو ساڵ لە دەرکردنى ئەم یاسایە و بەرکاربوونى؛ ئایا ئامانجەکانى ئەم یاسایە هاتوونەتە دی؟ ئایا مافەکانى نەخۆش دەستەبەر کراون؟ نەخۆش ئەرکەکانى سەرشانى جێبەجێ دەکات؟ ئایا متمانەى تەواو بە کەرتى تەندروستیى هەرێمى کوردستان هەیە؟ کێ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنى ئەم یاسایە دەکات؟ ئایا میکانیزمەکانى جێبەجێکردنى ئەم یاسایە ڕوون و سادە و کورتخایەنن؟

ئامانـج لە دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخـۆش

هەروەک لە ماددە (2)ى یاساکە هاتووە، دەرکردنى ئەم یاسایە هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێک کە ئەمانەى خوارەوە گرنگترینیانن:

  1. پاراستنی ته‌ندروستیی گشتی له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی مافه‌كانی نه‌خۆش و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی، هەروەها پاراستنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ سوودوه‌رگرتنیان له‌ باشترین خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  2. پاراستنی شكۆمه‌ندی و سه‌لامه‌تی و نهێنییه‌كانی نه‌خۆش و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی سوودمه‌ندبوون لە خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  3. به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی نه‌خۆش ده‌رباره‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانی له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان، هەروەها كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن و په‌ككه‌وته‌یی و زیانه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  4. پته‌وكردنی متمانه‌ی نێوان نه‌خۆش و کارمەندە ته‌ندروستییه‌كان.

لە دواى دوو ساڵ لە دەرکردنى ئەم یاسایە و بەرکاربوونى، تاوەکوو ئێستا ئامارێکى ورد و متمانەپێکراو بۆ دڵنیابوونەوە لە هاتنەدیى ئەم ئامانجانە بـڵاو نەکراوەتەوە. ڕەنگە هۆکارى ئەمەیش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە تاوەکوو ئێستا گرفتەکانى نەخۆش وەک خۆیان ماونەتەوە و، مافەکانى نەخۆش وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە؛ هەروەها تاوەکوو ئێستا لێکۆڵینەوەى ورد ئەنجام نەدراوە بۆ ئەوى بزاندرێت ڕێژەى مردن لە دواى دەرچوونى ئەم یاسایە زیادی کردووە یاخود کەم بۆتەوە و ئەگەریش کەم بۆتەوە، ئایا ئەم کەمبوونەوەیە پەیوەندیى بەم یاسایەوە هەیە یاخود بە هۆکارى تر؛ هەروەها تاوەکوو ئێستا نازاندرێت ئاستى متمانەى هاووڵاتیى هەرێم بە دەزگە و کارمەندە تەندروستییەکان لە چ ئاستێکدایە، چونکە هەر لە کاربەدەستانەوە تاوەکوو دەوڵەمەند و سەرمایەداران و تا دەگاتە هاووڵاتیى ئاساییش بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانیان سەردانى دەرەوەى هەرێم دەکەن کە، ئەمەیش نیشانەى پرسیار لەسەر ڕاددەى کاریگەریى پۆزەتیڤى ئەم یاسایە لەسەر کەرتى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان دروست دەکات.

زانین بە هەبـوونى یاسایەک بۆ ڕێکخستنى ماف و ئەرکەکانى نەخـۆش

ڕاستە یاسا لە دواى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمیى وەقایعى کوردستان بە دەرچوو دادەنرێت و جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئاگاداربوونى خەڵک بە ناوەڕۆکى یاساکان لە ڕێگەى ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستانەوە زۆر لاوازە. ئەم ڕاستییە زۆر هۆکارى لەپشتەوەیە و، دەکرێت لێکۆڵینەوەى زانستیى لەسەر بکرێت؛ بەڵام ئێمە پێمان وایە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى گرنگینەدانى خەڵک بە یاساکان و تەرخاننەکردنى کات بۆ زانینى ناوەڕۆکى یاساکان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکوو ئێستا تاکەکانى نێو کۆمەڵگەى کوردستانى نەگەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى کەوا مافەکانیان لە ڕێگەى یاساوە دەستەبەر دەکرێت، چونکە ئەوان پێیان وایە تەرخانکردنی کات بۆ ناسینى کەسێکى دەستڕۆیشتوو، باشترە لە تەرخانکردنى کات بۆ زانینى ناوەڕۆکى یاساکان؛ لەبەر ئەوەى سەرپێچیى یاساکان لەژێر هێز و قسە و فەرمان و گوشار و کاریگەریى دەستڕۆیشتووەکان ئەنجام دەدرێت و هەموو کاتێک یاسا سەروەر نییە لەسەر هەمـووان.

لە ماوەى ڕابردوو چەند ڕاپرسى و بەدواداچوونێکى ئەلیکترۆنى و مەیدانیی نافەرمیمان ئەنجام دا بۆ ئەوەى لە نزیکەوە بزانین ئایا یاساناسان و پزیشکان، هەروەها نەخۆشەکان لە نۆرینگەکانى پزیشکى و نەخۆشخانەکان ئاگادارى هەبوونى یاسایه‌کن بە ناوى "یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش"؟ ڕاستییه‌كه‌ی، ئەنجامى ئەم ڕاپرسى و بەدواداچوونەمان زۆر نێگەتیڤ بوو، چونکە ڕێژەى کەمتر لە (2%)ى ئەوانەى لەم ڕاپرسییە بەشدار بوونە، یان ئاگادارى هەبوونى ئەم یاسایە نین، یان ئاگادارن بەڵام هیچ لە ناوەڕۆکەکەى نازانن.

ئەنجامى ئەم ڕاپرسى و بەدواداچوونە نافەرمییە پێمان دەڵێت، یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش وەک پێویست نەگەیشتۆتە نێو کۆمەڵگە. بۆیە لێرەدا ئەرکى هەموو لایەنێکى پەیوەندیدارە (دەزگە فەرمییەکان و میدیاکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و دەزگە مەعریفى و زانستى و ئایینییه‌كان و...) کەوا بازاڕكاری و ڕێکلام بۆ ئەم یاسایە بکەن بۆ ئەوەى ڕۆشنبیریى یاسایى لەم بارەیەوە دروست بکەن؛ ئەوا ئەگەر بیانەوێت ئامانجەکانى ئەم یاسایە بهێننە دى.

میکانیزمەکانى پاراستنى مافەکانى نەخـۆش

ماددەکانى (3-7) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش هەموو ئەو مافانەى دیاری کردووە کە نەخۆش لە هەرێمى کوردستان هەیەتى، جگە لەو مافانەى تریش کە نەخۆش هەیەتى بەپێى یاسا و ڕێنوێنییە بەرکارەکانى تر. گرنگترینى ئەو مافانە بریتین لە:

  1. مامه‌ڵه‌كردن به‌ یه‌ك پێوه‌ر و به‌بێ جیاكاری له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م نه‌خۆشه‌كاندا، به ‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه‌، بێ ڕه‌چاوكردنی هه‌ر جیاكارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی، ئایینی، ڕه‌گه‌زنامه‌ی نه‌خۆش ‌یان هه‌ر هۆكارێكی تر، له‌گه‌ڵ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی دۆخی به‌په‌له‌ و دۆخی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت.
  2. دابینكردنی پێشوازی و پشكنین و شوێنی مانه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ شكۆ و كه‌سێتیی نەخۆش پارێزراو بێت، هەروەها پارێزگاریكردن له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی باری ته‌ندروستی یان كه‌سی، ته‌نیا له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌بێت كه‌ به‌ یاسا دیاری كراوه‌، یان له ‌لای دادگه‌وه‌ داوا ده‌كرێت، یان ده‌بێته‌ هۆی مه‌ترسی بۆ ته‌ندروستیی گشتی.
  3. ده‌سكه‌وتنی زانیاریی ته‌واو له‌ پزیشكی چاره‌سه‌ركار و دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی، له‌باره‌ی ته‌واوی تێچووی داراییی پشكنین و چاره‌سه‌ری، زانینی پلانی چاره‌سه‌ری و جێگره‌وه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی ئاڵۆز‌كان به ‌زمانێكی ڕوون و ئاشكرا، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی دۆخی نه‌خۆشیی مه‌ترسیدار و باری له‌ناكاو و به‌په‌له‌.
  4. بینین و دەستکەوتنى دۆسییه‌ پزیشكییه‌كه‌ی و وه‌رگرتنی ڕاپۆرتی پزیشكی بێ هیچ به‌رامبه‌رێك، هەروەها ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كی پزیشكی یان چاره‌سه‌رێكی دیاریكراو، له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتیی كه‌سیی خۆی، دوای ئه‌وه‌ی ئاكامه‌كانی به‌ نه‌خۆش ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.
  5. وه‌رگرتنی بڕیار و ڕه‌زامه‌ندیی نووسراوی پێشوه‌خته‌ یان ڕه‌زامه‌ندیی هاوه‌ڵی نه‌خۆش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك یان سڕكردنێك (به‌نج)، جگه‌ له‌ باری له‌ناكاو و ڕووداوه‌كان.
  6. ڕه‌چاوكردنی باری ده‌روونیی نه‌خۆش و، نابێت وێنەى نه‌خۆش له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نیشان بدرێت ته‌نیا به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خۆی یان هاوه‌ڵه‌كه‌ی نه‌بێت. هاوه‌ڵی نه‌خۆش ئەو کەسەیە کە به‌ حوكمی یاسا یان پله‌ی خزمایه‌تی، ڕێگه‌پێدراوە به‌ واژۆكردن له‌ جیاتی نه‌خۆش، له‌ كاتێكدا نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ هۆكاری سه‌ختیی نه‌خۆشییه‌كه‌ی یان كه‌میی ته‌مه‌نی ناتوانێت واژۆ بكات.
  7. به‌شداربوون یان نه‌بوون له‌ هه‌ر جۆره‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی پزیشكی و توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی و، نه‌خۆش‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا بیه‌وێت ده‌توانێت بكشێته‌وه‌.
  8. به‌ته‌نیایی پشكنین و چاره‌سه‌ریی بۆ بكرێت و كاتی پێویستی بۆ ته‌رخان بكرێت؛ ئه‌مه‌یش ڕێگر نییه‌ له‌وه‌ی نه‌خۆش كه‌سێكی تری به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵدا بێت.
  9. نابێت ڕوودانی كێشه‌ یان به‌ریه‌ككه‌وتن له‌ نێوان نه‌خۆش یان هاوه‌ڵه‌كه‌ی له ‌لایه‌ك و، کارمەندى ته‌ندروستی یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی له‌ لایه‌كی تر، هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشه‌كه‌ دابنێت.
  10. دابینكردنی خواردنی پێویست و گونجاو له‌گه‌ڵ دۆخی ته‌ندروستیی نه‌خۆش.

ئەو مافانەى کە لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە، وشە و دەستەواژەى زۆر جوانن، بەڵام ئایا لە واقعدا چۆن دەستەبەر دەکرێن؟ کێشەى سەرەکیى یاساکانى هەرێمى کوردستان بریتییە لەوەى کە پڕن لە دەستەواژە و وشە و بیرۆکەى جوان و مۆدێرن، بەڵام میکانیزمى جێبەجێکردنیان یان نەنووسراوە، یان نووسراوە بەڵام ڕوون نییە، یان هێندە دوورودرێژە کە بێزارکەرە. بۆیە بەبەردەوامى دەق و ماددە و ناوەڕۆکى یاساکانى هەرێمى کوردستان بە مەڕه‌کەبى سەر کاغەز ناو ده‌بردرێن.

میکانیزمى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش زۆر بێزارکەرە، چونکە بەپێى ماددە (10) لە یاساکە له‌ كاتی پێشێلكردنی ئه‌و مافانه‌ی سەرەوە، نه‌خۆش یان شوێنگره‌ یاسایییه‌كه‌ی، مافی داواكردنی جێبه‌جێكردنی حوكمی مادده‌ی (4)ى یاساکه‌ی هه‌یه؛ واتا دەتوانێت سکاڵا بکات و داواى پێکهێنانى لیژنه‌ى لێکۆڵینەوە بکات. بەپێى ئەم ماددە یاسایییە بۆ ئەوەى لیژنه‌ى لێکۆڵینەوە کۆ ببێتەوە و بڕیار دەربکات، پێویستى بە  پەنجا و یەک (51) ڕۆژ هەیە، ئەوا ئەگەر هیچی لەناکاو و بارێکى تر نەیەتە پێش. واتا ئەگەر نەخۆشێک لە نۆرینگەیەکى پزیشکى مامەڵەیەکى جیاکارانەى لە بەرامبەردا ئەنجام درا، ئەوا پێویستە بچێتە وەزارەتى تەندروستى و سکاڵا بکات و ئیدى ڕێکارەکان دەست پێ دەکات و، تا تەواو دەبێت ڕەنگە زیاتر لە دوو مانگێ پێ بچێت؛ ئەمە جگە لە خەمى ئەوەى ئایا بڕیارى لیژنه‌ى لێکۆڵینەوە لە بەرژەوەندیى نەخۆش دەردەچێت یاخود نا، چونکە سەلماندنى پێشێلکاریی مافەکانى ئەم یاسایە زۆر زەحمەتە. بە بۆچوونى ئێمە پێویست بوو یاسادانەر ئەوە بزانێت کەوا ئەم یاسایە مامەڵە لەگەڵ چینێک دەکات کەوا بارى تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە دەبوایە هەموو ڕێکار و میکانیزمەکان هێندە ڕوون و سادە و کورتخایەن بن کە شوێن بۆ ئەگەر و پرسیارى لابەلا نەهێڵێتەوە.

قەرەبـووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى

کەرتى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان بەبەردەوامى بەدەست کۆمەڵێک کێشە و گرفت دەناڵێنێت کە باوترینى ئەو گرفتانە دیاردەى هەڵەى پزیشکییە کە هەفتانە زیاتر لە کەیسێکى ڕوودانى هەڵەى پزیشکى لە میدیا و سۆشیال میدیاکان بڵاو دەکرێنەوە کە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ کاریگەریى هەبووە لەسەر نزمبوونەوەى ئاستى متمانەى هاووڵاتیان بە کەرتى تەندروستیى هەرێمى کوردستان.

بڕگە (11) لە ماددەى (1) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێناسەى "هه‌ڵه‌ی پزیشكی"ی کردووە: ئه‌و ئاڵۆزكانه‌ نه‌خوازراوانه‌یه کە‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی پیشه‌یی یان ته‌كنیكی یان ناشاره‌زایی یان پشتگوێخستن ڕوو ده‌دات و، له‌گه‌ڵ ڕێساكانی پیادەکردنى‌ پیشه‌ی پزیشكی و چاره‌سه‌ری ناگونجێت و ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زیانگه‌یاندن یان دروستبوونی په‌ككه‌وته‌یی یان مردنی نه‌خۆش.

ئەگەر سەرنجێکى وردى ئەو چارەسەرە تەشریعییە بدەین کە لە ماددە (4)ى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش هاتووە بۆ بنبڕکردن یاخود کەمکردنەوەى دیاردەى هەڵەى پزیشکى و، هەروەها قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ئەم دیاردەیە، ئەوا تێبینى دەکرێت کەوا هیچى نوێى تێدا نییە و هەر هەمان قەوانى کۆنە بە داڕشتنێکى تازەوە نووسراوەتەوە کە بەهۆیەوە قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى هەڵەى پزیشکى ئەستەمە؛ چونکە سەلماندنى هەبوونى هەڵەى پزیشکى کارێکى یەکجار ئەستەمە.

ئەوەى لاى ئێمە جێگەى سەرسوڕمانە ئه‌وه‌یه‌ کە، ماددە (4)ى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش زۆر شەرمنانە باس لە بابەتى هەڵەى پزیشکى دەکات، چونکە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ قەرەبووکردنەوەى گرێ داوە بە هەڵەى پزیشکى بێ ئەوەى بەڕوونى باس لە هەڵەى پزیشکى بکات؛ ئەمە جگە لەوەى ڕێساكانی پیادەکردنى‌ پیشه‌ی پزیشكی و چاره‌سه‌ری لەم یاسایە پێناسە نەکراوە و، نازاندرێت مەبەست لێى کام ڕێسایە؛ ئایا ئەوەى لە سەندیکاى تایبەتمەند دەردەچێت یاخود ئەوەى وەزارەتى تەندروستى دەری دەکات؟

لە ماددەى (4)ى ئەم یاسایەدا هاتووە کە نه‌خۆش یان شوێنگره‌وه‌ یاسایییه‌كه‌ی له ‌كاتی په‌ككه‌وته‌یی و، میراتگر له‌ كاتی مردنیدا، ده‌توانن داوای زانینی هۆكاری په‌ككه‌وته‌یی یان مردنه‌كه‌ بكات. لەم بارەیەوە، دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی پابه‌ند ده‌بێت به‌ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان و پێدانی به‌ڵگه‌نامه‌ ته‌ندروستی و پزیشكییه‌كان. له ‌كاتی هەبوونی گوماندا دەتوانن سكاڵایه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رز بکەنەوە‌ و، پێویسته‌ له ‌ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژدا ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت. لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ حه‌وت ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات و، له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌  سی (30) ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و پیشه‌یی سه‌باره‌ت به‌ سكاڵاكه‌ ته‌واو ده‌كات. لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه ڕاسپارده‌كانی ده‌خاته‌ به‌رده‌م وه‌زیرى تەندروستى بۆ وه‌رگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی به‌رامبه‌ر دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى ته‌ندروستی له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له حه‌وت ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات. زیانلێكه‌وتوو ده‌توانێت داوای وه‌رگرتنی وێنه‌یه‌كی ڕاپۆرتی كۆتاییی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات. به ‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوویش، زیانلێكه‌وتوو ده‌توانێت له ‌به‌رده‌م دادگه‌ی تایبه‌تمه‌ند داوای یاسایی پێشكه‌ش بكات؛ دادگه‌ ده‌توانێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی داواكه، پشت به‌ ڕاپۆرتی په‌سه‌ندكراوی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ببه‌ستێت. ئەمە دەقى چارەسەرى تەشریعییە کە لە ماددە (4)دا هاتووە کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەى بەوە نەکردووە کە زیانلێکەوتوو لە چى زیانى پێ گەیشتووە؟!

بە بۆچوونى ئێمە، ئەو چارەسەرە تەشریعییەى کە لە ماددە (4)دا هاتووە، قسەى جوان و بریقەدارە، بەڵام واقع شتێکى ترە؛ چونکە بەدەگمەن دەبینى لیژنه‌یەکى لێکۆڵینەوەى تایبەتمەند، کە لە پزیشکانى پسپۆڕ پێک دێت، لە کەیسێکدا بڕیار لەسەر هەبوونى هەڵەى پزیشکى بدەن، چونکە ئەندامانى لیژنه‌ى لێکۆڵینەوە (کە خۆیشیان پزیشکن) ڕەنگە لە داهاتوودا تووشى هەمان هەڵەى پزیشکى ببنەوە. بۆیە ئەوەى لە واقعدا هەستى پێ دەکرێت ئەوەیە: لە زۆربەى بارەکاندا پزیشکەکان لە ڕێگەى لیژنه‌ى لێکۆڵینەوە هەڵەى یەکتر پەردەپۆش دەکەن، بۆیە تاوەکوو ئێستا مافى نەخۆشى زیانلێکەتوو لە ڕوودانى هەڵەى پزیشکى دەستەبەر نەکراوە و، ئەم یاسایەیش چارەسەرى نوێى بۆ ئەم کێشەیە پێشکەش نەکردووە؛ ئەمە جگە لەوەى کەوا بەپێى بڕگەی (یەکەم) لە ماددە (9)ى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه دەربکات‌. دوو ساڵە ئەم یاسایە دەرچووە کەچى تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە هێشتا دەرنەچووە!

ئـەرکەکـانى نـەخــۆش

مادده‌ی (8) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، باسى لە كۆمه‌ڵێك ئەرک کردووە کە پێویستە لەسەر نەخۆش و هاوەڵەکەى، پێوەى پابەند بن، کە ئەمانەى خوارەوە گرنگترینى ئەو ئەرکانەن:

  1. پابه‌ندبوون به‌ یاسا و ڕێنوێنی و ڕێكاره‌ ناوخۆیییه‌كانی دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان و، ڕێزگرتن له‌ کارمەندى ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان، پاراستنی ئارامی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاوی ئه‌وتۆ كه‌ كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌وشی نه‌خۆشه‌كانی تر و دامه‌زراوه‌كه‌ و کارمەندى ته‌ندروستی.
  2. به‌ده‌ر له‌ حاڵه‌تی له‌ناكاو و مه‌ترسیدار، جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌ دارایییه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ردراوه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنوێنییەکان، پێش وه‌رگرتنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی ده‌بێت، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌ وه‌رگرتنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، ته‌واوی پاره‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌.
  3. ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ر كارێك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ته‌ندروستیی گشتی و، هەروەها پاراستنی كه‌لوپه‌ل و ئامێره‌كانی دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  4. ڕێزگرتن له‌ لیستی نۆره‌ی نه‌خۆش و پابه‌ندبوون به‌ شێوازی چاوه‌ڕوانكردن و، هه‌ڵنه‌گرتنی چه‌ك و هه‌ر ئامرازێكی برینداركه‌ر و مه‌ترسیدار له‌ناو دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان و نۆرینگەى پزیشكاندا.
  5. دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تۆماركردنی ڤیدیو و فۆتۆ له‌ناو دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان.

ئەوەى لەم ئەرکانە تێبینى دەکرێت ئەوەیە، یاسادانەر هیچ میکانیزمێکى دانەناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پێشێلکارییەکانى نەخۆش بەرامبەر کارمەندى تەندروستى یاخود کارگێڕیى نەخۆشخانە، کە ئەمەیش بە کەمووکورتییەکى ئەم یاسایە هەژمار دەکرێت کە پاساوى نییە. ئەمە جگە لەوەى لە خاڵى دووەمى ئەرکەکانى نەخۆش، تێبینى دەکرێت کەوا یاسادانەر حاڵه‌تی له‌ناكاو و مه‌ترسیدارى پێناسە نەکردووە، کە ئەمەیش بۆتە هۆى ئەوەى لە زۆربەى باردا (ئەگەر هەمووى نەبێت)، دەبێ نەخۆش پارەى بدات پێش ئەوەى خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی پێشکەش بکرێت.

کـۆبــەنــد

باوەڕ ناکەم بەم یاسایە کەرتى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان هەنگاوێک بەرەوپێش بچێت، یاخود مافەکانى نەخۆش دەستەبەر ببێت. پێویستە پەرلەمانى کوردستان واز لەو شێوازەى یاسادانان بهێنێت کە یاساکانى هەرێمى کوردستانى پڕ کردووە لە قسەى جوانى بریقەدار، بەڵام میکانیزمى گونجاوى تێدا نییە بۆ جێبەجێکردن. ئەگەر ئەو هەنگاوە نەهاوێژرێت، ئەوا زۆربەى دەقە یاسایییەکان هەر به‌ "مەڕەکەبى سەر کاغەز" دەمێننەوە، ئەمە جگە لەوەى دەرکردنى ئەم جۆرە یاسایانە ڕوویه‌کە لە ڕووەکانى بەهەدەردانى کات و ماندووبوون و سامانى گشتى؛ چونکە ئەو پەرلەمانەى کە پارە خەرج دەکات بۆ دەرکردنى ئەو جۆرە یاسایانە و ئەو خەڵک و لایەنە فەرمییانەى کە کات بەسەر دەبەن و ماندوو دەبن بۆ جێبەجێکردنى ئەم جۆرە یاسایانە کە قابیلى جێبەجێکردن نین، ئەوا بەدەستبەتاڵى لەم هاوکێشە دەردەچن. ئیدى کاتى گۆڕانکاریى یاسادانان (تەشریعی)یە لە هەرێمى کوردستان!