بۆچی بایدن سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد؟

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- بریتانیا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

لە 13-16ی تەمووزی 2022 بایدن سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد و لەسەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەلەستین كۆ بووەوە و، دواتریش سەردانی عەرەبستانی سعوودیی كرد و بەشداریی لووتكەی ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو بۆ ئاسایش و پەرەپێدان لە جەددەی سعوودیا كرد. لەم لووتكەیەدا بێجگە لەسەرۆكی ئەمریكا و دەوڵه‌تانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو (GCC)، هەر یەك لە وڵاتانی عێراق و ئوردن و میسریش بەشداری لووتكەكە بوون. ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە دوو ساڵە بایدن ھاتۆتە سەر دەسەڵات و سەردانی ناوچەكەی نەكردووە. بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، تاكوو پێش قەیرانی ئۆكراینا و ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە، فۆكسی ئەمریكا زیاتر لەسەر دەورەدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی چین بووە و كەمتر گرنگیی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە. واتە بایدن زیاتر فۆكسەكەی لەسەر سیاسەتی دووبارە ڕاستكردنەوەی ھاوسەنگی بووە لەگەڵ چین لە زه‌ریای ھیند و ئاسیای ناوەڕاست، نەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

كەواتە پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئێستا بایدن سەردانی ناوچەكە دەكات؟ ئامانج و پاڵنەرەكانی پشت ئەم سەردانە كامانەن؟ بۆچی بایدن زیاتر لەگەڵ ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی كۆ بووەوە؟ ئایا دەكرێت بڵێین، ئەم سەردانەی بایدن سەرەتای گۆڕانكاریی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ناوچەكە یاخود تەنیا پرسی ئاسایشی وزە و قەیرانی ئۆكراینا وای كردووە بایدن سەردانی ناوچەكە بكات؟

یەكێك لە ھۆكارەكانی سەردانی بایدن بۆ ناوچەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا مەترسیی ئەوەی لای دروست بووە كە خەریكە نەیارەكانی، بەتایبەت ڕووسیا، ئێران و چین پێگە و ھەژموونیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەھێزتر دەكەن و دەبنە جێگره‌وه‌ (به‌دیل/ئه‌ڵته‌رناتیڤ)ی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. ئەم مەترسییەیش كە وتارەكەی بایدندا زۆر بەئاشكرا ھەستی پێ دەكرا. بەتایبەت بایدن له‌ وتارەكەیدا لە لووتكەی جەددە، جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كە ئەمریكا ڕێگە نادات ڕووسیا، چین و ئێران ببنە بەدیلی ئەمریكا. یاخود ئەمریكا ڕێگە نادات ھیچ بۆشایییەك دروست ببێت تاكوو دەوڵه‌تە نەیاركانی پڕی بكەنەوە. بێ گومان ئەم قسەیه‌ی بایدن خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكە بەوەی كە سیاسەتی ئیدارەكەی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر كەموكوڕیی ھەیە و وەك پێوێست گرنگییان بەو ناوچەیە نەداوە؛ كە ئەمەیش بووه‌تە ھۆی ئەوەی نەیارەكانی سوود لەو لاوازییە ببینن و پێگە و دەسەڵاتیان لە ناوچەكەدا بەھێزتر بكەن.

دیارە، پێش قەیرانی ئۆكراینا، ئەمریكا گرنگییەكی ئەوتۆی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەداوە و زیاتر خەریكی سیاسەتی دووبارە ڕاستكردنەوەی ھاوسەنگی (Rebalancing policy) بووە لەگەڵ چین. واتە فۆكسی ئەمریكا و ئیدارەی بایدن زیاتر لەسەر ھەڕەشە و مەترسییەكانی چین بووە. ھەر ئەمەیش وای كرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ھەست بە بۆشایییەكی سیاسی بكرێت و دەوڵەتانی ناوچەكەیش، لەوانە دەوڵەتانی عەرەبی، خەریكی ڕاگرتنی ھاوسەنگی بن لە نێوان ئەمریكا و ڕووسیا و چیندا. بەتایبەت وەك ئاماژەمان پێ كرد، گرنگینەدانی ئەمریكا بە ناوچەكە وای كرد دەوڵه‌تانی ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا زیاتر ڕوو لە ڕووسیا و چین بكەن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو دەوڵه‌تانە پەرە پێ بدەن. ڕووسیا  و چین ئێستا زیاتر لە جاران توانیویانە پێگەی خۆیان لەناو دەوڵه‌تانی عەرەبیدا بەھێز بكەن؛ ئەمە بەدەر لەوەی كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان دیسان زیاتر ئەو مەترسی و نیگەرانییەی دروست كردووە كە لەوانەیە ئەمریكا لە ناوچەكانی تریش بكێشیتەوە  و پشت لە ھاوپەیمانەكانی بكات.

مەترسییەكانی ئەمریكا لە بەھێزبوونی پێگەی نەیارەكانی لە ناوچەكەدا و ھەوڵەكانی ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جۆرێك باڵانس لە نێوان زلھێزەكاندا، لە قەیرانی ئۆكراینادا زۆر بەزەقی ھەستی پێ دەكرێت. لە كاتێكدا ئەمریكا و دەوڵه‌تانی ئەوروپی بەھۆی ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا ڕووبەڕووی ھەڕەشەیەكی مەزن بوونەوە، دەوڵه‌تانی ھاوپەیمانی ئەمریكا وەك پێویست لەگەڵ ئەمریكا نەبوون بۆ گوشارخستنە سەر ڕووسیا. دەوڵه‌تانی عەرەبی ھەوڵی ڕاگرتنی ھاوسەنگی دەدەن یاخود ھەوڵ دەدەن بێلایەن بن. ئەمەیش لە ھەڵوێستی زۆرێك لە دەوڵه‌تانی عەرەبیدا دیارە؛ لەوانە دەوڵەتی ئیمارات پشتگیریی پڕۆژەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەكرد بۆ ئیدانەكردنی ڕووسیا و، خۆی لە دەنگدان بە پڕۆژەكە بەدوور خستەوە. لە ھەمان كاتیشدا، دەوڵه‌تانی عەرەبی (بەدەر لە كوێت) ڕاستەوخۆ ئیدانەی ھێرشی ڕووسیایان بۆ سەر ئۆكرانیا نەكردووە. لە لایەكی تریشەوە، دیسان دەوڵه‌تانی عەرەبی ئامادە نەبوون بچنە ژێر گوشارەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی ھەناردەكردنی نەوت زیاد بكەن؛ ئەمەیش جێگەی نیگەرانیی ئەمریكا و دەوڵه‌تانی ئەوروپا بووە.

گومانی تێدا نییە ئەو ھەڵوێستەی دەوڵه‌تانی عەرەبی و تەنانەت نیگەرانییەكانی ئیسرائیل لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن، زۆر ھۆكاری لەپشتەوەیە: یەكەم، وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئیدارەی بایدن وەك پێوێست گرنگیی بە ناوچەكە نەداوە و سیاسەتی خۆدوورخستنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پراكتیزە كردووە. دووەم، كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە ئابی 2021 و ھاتنی تالیبان بۆ سەر دەسەڵات، دیسان مەترسییەكی گەورەی لە نێوان ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا دروست كرد كە، لەوانەیە لە ئاییندەیەكی نزێكدا ئەمریكا پشت لەوانیش بكات و وەك پێویست بەرگرییان لێ نەكات. سێیەم، گرتنەبەری سیاسەتێكی نەرمتر بەرامبەر ئێران و بێدەنگبوون بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەكانی ئێران بۆ سەر ھاوپەیمانەكانی، دیسان فاكتەرێكی دیكەی ساردبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی بووە. ئەمە بەدەر لەوەی ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئەوە نین كە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بكرێت، ئەگەر كۆتایی بە ھەڕەشە و دەستێوه‌ردانەكانی ئێران نەیه‌ت لەسەر ئاستی ناوچەكە. چوارەم، دەوڵه‌تانی عەرەبی، بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی، لە سیاسەتی بایدن زۆر نیگەرانن؛ بەتایبەت لە لایەك بایدن ڕخنەی توندی لە بەرپرسە گەورەكانی سعوودیا گرت سەبارەت كوشتنی "جەمال خاشقچی" و پرسی مافی مرۆڤ. لە لایەكی تریشەوە، لە كاتی ھەڕەشەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران بۆ سەر دەوڵه‌تانی عەرەبی، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات، ئیدارەی بایدن وەك پێویست بەرگریی لەو دەوڵه‌تانە نەكرد.

یەكێكی تر لە خاڵە دیارەكانی سەردانەكەی بایدن، پەیوەندیی بە دووبارە بەھێز كردنی سیتسمی ھاوپەیمانەتییەوە ھەیە لە ناوچەكەدا. ئیدارەی بایدن دەیەوێت زیاتر دەوڵه‌تە ھاوپەیمانەكانی لە یەكتر نزیك بكاتەوە و، لە ڕێگەی ھاوپەیمانەكانییەوە كار بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بكات. وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئیدارەی بایدن ترسی ئەوەی لێ نیشتووە كە ھاوپەیمانەكانی بە ئاراستەی ڕاگرتنی ھاوسەنگی ھەنگاو دەنێن و زۆر گرنگی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەدەن. بۆیە، ئەمریكا ھەوڵ دەدات دووبارە سیسته‌می ھاوپەیمانی لە ناوچەكەدا بەھێزتر بكات و لەو ڕێگەیەوە كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بكات. بێ گومان پرسی سیسته‌می ھاوپەیمانێتی، یەكێكە لە ئامرازە ھەرە كاریگەرەكان لە سیاسەتی نێودەوڵه‌تیدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەكتەرەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەكان.

ئەوەی ڕاستی بێت، لەم قۆناغەدا بۆ ئیدارەی بایدن زۆر گرنگە ھاوپەیمانەكانی لە یەكتر نزیك بكاتەوە بۆ ئەوەی لە لایەك ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە پارێزراو بێت- بەتایبەت دوای قەیرانی ئۆكراینا، ئەمریكا نایەوێت تەنگژەیەكی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت كە زیاتر ئاسایشی وزە دەخاتە مەترسییەوە-؛ لە لایەكی تریشەوە، لەم قۆناغەدا بۆ ئەمریكا زۆر گرنگە كە دەوڵه‌تانی عەرەبی و ئیسرائیل لە یەكتر نزیك بكاتەوە. بەتایبەت دیارە دوای ڕێككەوتنی ئیبراھیم لە نێوان بەشێك لە دەوڵه‌تانی عەرەبی و ئیسرائیل، ئەمریكا مەبەستییەتی زیاتر پەیوەندیی نێوانیان ئاسایی بكاتەوە و بازنەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان فروانتر بكات؛ بە شێوەیك دەوڵه‌تانی وەك سعوودیا لەخۆ بگرێت. ڕاستە سعوودیا بەشێك نەبووە لە ڕێككەوتنی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام لە ھەمان كاتیشدا له‌ پشت په‌رده‌وه‌، ڕۆڵی زۆری بینیوە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی دەوڵه‌تانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل. بە ھەمان شێوەیش، باس لەوە دەكرێت دەوڵه‌تانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، دەیانەوێت ھەماھەنگی و ھاوكاریی نێوانیان بەھێزتر بكەن بۆ ئەوەی سیسته‌مێكی بەرگریی ئاسمانیی ھاوبەش Regional Air Defence System) ) دروست بكەن؛ بە شێوەیەك بتوانن ڕووبەڕووی ھەڕەشەی درۆن (فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان) و مووشەكەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران ببنەوە و لەم ڕووەوە ئەمریكا پاڵپشتییان بكات.

خاڵێكی دێكەی گرنگی سەردانی بایدن، پەیوەندیی بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە ھەیە؛ لە لایەك ئیدارەی بایدن، وەك خۆی ئاماژەی پێ كرد، ئێران ھەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە و، دەیەوێت ڕووبەڕووی ھەڕەشەكانی ئێران ببێتەوە؛ لە لایەكی تریشەوە، ئیدارەی بایدن جەخت لەسەر دیالۆگ و دانوستاندن دەكات و دەیەوێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە  چارەسەری بەرنامەی ئەتۆمی بكات. ھەرچەندە لە راگەیێنراوی ئورشەلیمدا، ئەمریكا و ئیسرائیل جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە ھەموو ئامرازێك یان میكانیزمێك- لەوانەیش ھێزی سەربازی- بەكار دەھێنن بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

بەڵام لە ھەمان كاتیشدا،  دیارە جیاوازی ھەیە لە شێوازی چارسەركردنی  بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران؛ یەكەم، ئیسرائیل و دەوڵه‌تانی عەرەبی دەیانەوێت ئەمریكا گوشارەكانی لەسەر ئێران زیاتر بكات و، ھەروەھا لە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، نیگەرانییەكانی ئەوان لەبەرچاو بگرێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە سیاسەتی ھەژموونخوازیی ئێرانەوە ھەیە لە ناوچەكەدا. دووەم، ئیسرائیل و دەوڵه‌تانی عەرەبی داوا لە ئەمریكا دەكەن ڕێككەوتنەكە تەنیا پەیوەست نەبێت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، بەڵكوو ھەڵوێستی ئێران لەسەر ئاستی دەرەكی، ھەروەھا  ھەڕەشەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران و دستێوەردانەكانی ئەو وڵاتە لە كاروباری دەوڵه‌تانی ناوچەكەدا، بكرێتە بەشێك لە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ تاران. سێیەم، ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا داوا دەكەن كە سنوورێك بۆ بەرنامەی مووشەكیی ئێران و ھەڕەشە درۆنییەكانی دابنرێت. چوارەم، ھەروەھا ھاوپەیمانەكان ھانی ئەمریكا دەدەن كه‌ "سوپای پاسداران" لە لسیتی تیرۆر نه‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئەمە لە كاتێكدایە دیار نییە ئایا ئەمریكا ئەو مەترسییانەی ھاوپەیمانەكانی لەبەرچاو دەگرێت یان نا؛ بەتایبەت ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەكات‌ كاتێك ئامادەیە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا بكات، ھەموو سزاكانی سەر ئەو وڵاتە لا ببردرێن. ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە ئەمریكا دەبێت سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەربھێنێت. بە ھەمان شێوەیش، ئێران جەخت لەسەر ئەوە ده‌كاته‌وه‌، بە ھیچ شێوەیەك ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر بەرنامە مووشەكییەكه‌ی بكات و، ئه‌وه‌ نابێتە بەشێك لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی؛ ئەمە بەدەر لەوەی تاران داوای گه‌ره‌نتی دەكات، لەوەی جارێكی دیكە ئەمریكا ھاوشێوەی ترامپ لە ڕێككەوتن نه‌كشێته‌وه‌.

لە لایەكی تریشەوە، دیارە سەردانەكەی بایدن پەیوەندی زۆر ھەیە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەكانی جیهانیدا. ئاشكرایە جه‌نگی ئۆكراینا كاریگەریی مەزنی كردۆتە سەر بەرزبوونەوەی به‌ھای نەوت و گاز لەسەر ئاستی جیهان. لەم ڕووەوە، دەكرێت بڵێین ئاسایشی وزە كەوتۆتە مه‌ترسییەوە و، ناسەقامگیریی به‌ھای نەوت كاریگەریی زۆر خراپی كردۆتە سەر ئابووریی ئەو دەوڵه‌تانەی نەوت دەكڕن. لە لایەكی تریشەوە، ئێستا ڕووسیا كارتی گاز وەك كارتێكی گوشار دژی دەوڵه‌تانی ئەوروپا و ئەمریكا بەكار دەھێنێت. لێرەدا گومانی تێدا نییە یەكێك لە داواكارییەكانی بایدن لە دەوڵه‌تانی عەرەبی ئەوە بووە، لەوەی ڕێژه‌ی ھەناردەكردنی نەوت بەرز بكەنه‌وه‌ بۆ ئەوەی نرخی نەوت لەوە زیاتر بەرز نەبێته‌وه‌. لە ھەمان كاتیشدا دەوڵه‌تانی عەرەبی و ئیسرائیل، دەكرێت ببنە بەشێك لە چارەسەری  قەیرانی گاز بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا.

بۆیە لەم سەردانە بایدن دەیەوێت جۆرێك لە گوشار دروست بكات بۆ ئەوەی ھاوپەیمانەكانی،  ھەناردەكردنی نەوت زیاتر بكەن. بە ھەمان شێوەیش ھاوپەیمانەكانی، زیاتر لە یەكتر نزیك بكاته‌وه‌ بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاییندەدا كار بۆ ئه‌وه‌ بكەن كەمتر پشت بە گاز و نەوتی ڕووسیا ببەستن. ھەروەھا لەم كاتەدا، بە لای ئیدارەی بایدن زۆر گرنگە ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەكان بەكراوەیی بمێننه‌وه‌، بۆ ئەوەی كێشە بۆ چوونی نەوت و گاز بۆ بازاڕەكانی جیهان دروست نەبێت. بۆیە لەم سەردانەدا ئیدارەی بایدن باسی ئەوەی كرد پابەندن بە پارێزگاریكردن لە ڕێرەوە ئاوییەكان، لەوانەیش گەرووی ھۆرموز و، ڕێگە نادەن ھیچ دەوڵه‌تێك یان لایەنێك ئەو ڕێڕەوانە دابخات یان مەترسیی لەسەر دروست بكات. ئەمه‌یش ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی ئەمریكا دژی ھەر ھەوڵێك دەوەستێتەوە كە  لەلایەن ئێران یان ھەر دەوڵه‌تێكی ترەوە بدرێت، بۆ ئەوەی ڕێڕەوە ئاوییەكانی وەك گەرووی ھۆرموز دابخات كە ڕۆژانە نزیكه‌ی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو ڕێگەیەوە دەگاتە بازاڕەكانی جیهان و لە حاڵەتی داخستنیدا قەیرانی گەورە لەسەر ئاستی جیهان دروست دەبێت.

دیداری بایدن  و كازمی و كاریگەرییەكانی له‌سەر عێراق

دیارە یەكێك لە خاڵە سەرنجڕاكێشەكانی لووتكەی جەددە، بریتی بووە لە بەشداریی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لووتكەیەدا و چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەروكی ئەمریكا. ئەمە لە كاتێكدایە  كە یەكێك لە پرسە گرنگەكانی ئەو لووتكەیە، چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی ھەڕەشە و مەترسییەكانی ئێران بووە؛ بەتایبەت ئێران بە یەكێك لەو دەوڵه‌تانە دادەنرێت كە ھەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە لەسەر ئاسایشی ئەمریكا، ئیسرائیل و دەوڵه‌تانی عەرەبی. كەواتە دەكرێت ئەو پرسیارە بكرێت: ئایا عێراق بەشێكە لەو ھاوپەیمانێتییه‌ی، بایدن ھەوڵ دەدات لە نێوان دەوڵه‌تانی عەرەبی و ئیسرائیل  دروستی بكات و زیاتر پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكاتەوە؟ ئایا بەڕاستی دەكرێت عێراق لە بەرەی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی دابنرێت؟ دروستبوونی حكوومەتی داھاتووی عێراق، چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر ئاراستە سیاسییەكانی عێراق  لەسەر ئاستی ناوچەكە؟

گومانی تێدا نییە كە  لە سەردەمی كازمی تا ڕاددەیەك عێراق سیاسەتێكی ھاوسەنگی لەسەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە كردووە كە لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمریكا ھاوئاراستە بووە. لەم چوارچێوەیەدا، عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵه‌تانی عەرەبی بەرەوپێش برد و كۆمه‌ڵێك ڕێككەوتنی بارزگانی و ئابووریی لەگەڵ ئەو دەوڵه‌تانە، بەتایبەت میسر و ئوردن و سعوودیا واژۆ كرد. ھەروەھا لە سەردانی ئەمجارەشدا ڕێككەوتن كراوە لەگەڵ دەوڵه‌تانی عەرەبی بۆ ئەوەی كارەبای ئەو دەوڵه‌تانە بە عێراقەوە ببەسرێته‌وه‌؛ ھەروەھا لە ڕووی گازی سروشتییەوە یارمەتیی عێراق بدرێت و كەمتر پشت بە گازی ئێران ببەستێت. لە لایەكی تریشەوە، لە سەردەمی كازمی، چوار گەڕی دیالۆگی ستراتیژی لە  نێوان ئەمریكا و عێراق بەڕێوه‌ چووه‌ كە جەختیان لەسەر بەھێزكردنی پەیوەندی كردووە لەسەر ھەموو ئاستەكان.

لەم چوارچێوه‌‌یەیشدا، دەكرێت بڵێین سیاسەت و ئەمریكا لە عێراقدا، بەردەوام بریتی بووە لەوەی كە  عێراق  لەسەر ئاستی ناوچەكە ڕۆڵی ھاوسەنگی بگێڕێت و نەبێتە بەشێك له‌ سیاسەت و ئەجێندای ئێران لە ناوچەكەدا. ھەروەھا ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت عێراق ھەوڵەكانی چڕ بكاته‌وه‌ بۆ ئەوەی سەروەری و سیادەی خۆی بپارێزێت و ڕێ لە دەستێوەردانی دەوڵه‌تانی ناوچەكە، بەتایبەتیش ئێران بگرێت. ھەروەھا ئەمریكا ھەوڵ دەدات عێراق نەبێتە كۆریدۆرێك  كە ئێران چەك و ھێز و میلیشیات ڕەوانەی سووریا و لوبنان بكات، یان  ھێزە پرۆكسییەكانی دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بەكار بھێنێت. تەنانەت لە دوا دیداری كازمی و بایدندا، لە راگەیێنراوێكدا كۆشكی سپیدا جەخت لەسەر ئەوە كرایه‌وه‌ كە ئەمریكا پاڵپشتیی عێراقێكی دیموكرات، سەقامگیر و یەكگرتوو دەكات- بە ھەرێمی كوردستانیشەوە. ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوە كرایه‌وه‌ كە دەبێت دامەزراوە سەربازییەكانی عێراق بەھێز بكرێن و دژایەتیی گەندەڵی بكرێت و، عێراق زیاتر بە دەوڵه‌تانی عەرەبییەوە گرێ بدرێت.

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەمریكا تاچەند كاری كردووە بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەی سەرەوە دەستەبەر بكات؟ یاخود ئەمریكا تاچەند سەركەتوو بووە لەوەی عێراق نەبێتە ناوچەی نفووزی ئێران یاخود ڕێ لە دەستێوەردانەكانی ئێران بگێرێت؟ بێ گومان ئەمریكا لەم ڕووەوە سەركەتوو نەبووە و نەیتوانیوه‌ وەك پێویست كار بكات بۆ ئەوەی كاریگەری و ھەژموونی ئێران لەسەر عێراق كەم بكاته‌وه‌. تەنانەت لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 ، ئەمریكا وەك پێویسیت كاری نەكرد بۆ ئەوەی حكوومەتێك دروست ببێت، كه‌ دوور بێت لە كاریگەریی و دەستێوەردانەكانی ئێران. لەم ڕووەوە،  ئەمریكا دەیتوانی زیاتر یارمەتیی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بدات بۆ ئەوەی حكوومەت دروست بكەن و، گوشار لەسەر ھەندێك لایەنی سیاسی دروست بكات بۆ ئەوەی بەربەست لە بەردەم ئەو حكوومەتەدا دروست نەكەن. بەڵام ئەمریكا نەك ھەر ئەمەی نەكرد، بەڵكوو  چاوپۆشیی كرد لەوەی ئێران بە ھەموو ھێزی خویەوە لە ڕووی سیاسی، ئابووری، دادگاكان و تەنانەت سەربازییەوە دەستێوەردان بكات و گوشار له‌سەر كورد و سوننەكان و تەنانەت نەیارە شيعەكان دروست بكات. ئەنجامەكەیش بووە ھۆی ئەوەی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی لە پێكهێنانی حكوومەت سەركەتوو نەبێت.

بێ گومان نەبوونی ڕۆڵی بەھێزی ئەمریكا و زۆربوونی دەستێوەردان و گوشارەكانی ئێران،  بووە ھۆی شكستھێنانی پێكھێنانی حكوومەتی زۆرینە و، دواتریش  كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق. ئەمەیش ڕاستەوخۆ بووە ھۆی بەھێزبوونی بەرەی ئێران و گرووپەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی. ئێستایش چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵەكانیان چڕ كردۆته‌وه‌ بۆ دروستكردنی حكوومەتی داھاتوو، كە بێ گومان ئەگەر سەركەوتوو بن، ئەو حكوومەتە لە سیاسەت و بەرنامەكانی ئێران دەرناچێت. ئەمەیش نەك ھەر ھەموو ئەو ھەنگاوانەی كازمی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەوڵه‌تانی عەرەبی ھاوێشتوویەتی پێچەوانە دەبنەوە، تەنانەت ئەگەری ئەوە ھەیە گوشارەكان زیاتر ببن بۆ ئەوەی ئەمریكا بەتەواوەتی لە عێراق دەربكرێت. لەبیرمان نەچێت لەژێر گوشاری ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بووە لە 2020، پەرلەمانی عێراق داوای كرد ھێزەكانی ئەمریكا بەتەواوەتی بكشێنەوە. ھەروەھا گوشاری زۆریان لەسەر كازمی دروست كرد بۆ ئەوەی بەشداریی لووتكەی جەددە نەكات. بۆیە ئەوەی لێرەدا دیار نییە ئەوەیە: ئەگەر ھێزەكانی نزیك لە ئێران حكوومەتیان پێك ھێنا، سیاسەتی ئیدارەی بایدن چی دەبێت یاخود چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانێك دەكات كە لە ئێران نزیك بێت یان بەرنامە و ئەجێنداكانی ئەو وڵاتە پراكتیزە بكات؟