ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت: مەترسی و ھەڕەشەكان بۆ سەر ھەرێم و سوننەكان

نەوزاد هێتوتی،  دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

چوارچێوەی ھەماھەنگی و كێشە ناوخۆیییەكانی

ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، لە گرووپ و ھێزە جیاوازەكان پێك دێن كە لە زۆر ڕووەوە  دیدگه‌ و بۆچوونیان زۆر لێكجیاوازن و تەنانەت ھه‌ندێكیان ڕكابەری سەرسەختی یەكترن. بەڵام زۆر ھۆكار وای كردووە كە چوارچێوەی ھەماھەنگی وەك كیانێكی یەكگرتوو بمێنێته‌وه‌، بەتایبەت دوای ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 . دەركەوتنی سەدر وەك ھێزێكی كاریگەر لەسەر گۆڕه‌پانی ساسیی شيعەكان و بەدەستھێنانی زۆرترین كورسی و ھەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە لە دەرەوەی لایەنەكانی تری شيعە، وای كرد ھەموویان ھەست بە مەترسی بكەن و لە دەوری یەكتر كۆ ببنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی سەدر و پاراستنی پێگەی خۆیان.

ھۆكاریكی دیكە، پەیوەندیی بە فاكتەری ئێرانییەوه‌ ھەبووە. لەم ڕووەوە، ئێران ڕۆڵێكی زۆری ھەبووە لەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی-سەرەڕای جیاوازییەكان-وەك ھاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو بمێنێته‌وه‌ و لێكترازان لە نێوان لایه‌نەكانی ناو ھاوپەیمانێتییەكە ڕوو نەدات. تاكوو ئێستایش ئێران ھۆكارێكی ھەرە سەرەكییە بۆ ڕێگەگرتن لە لێكترازان لە نێوان ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی. ئێران ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ھاوپەیمانی ھەرە سەرەكیی خۆی دەبێنێت و لە ڕێگەی ئەو ھێزانەوە تا ڕاددەیەكی زۆر كۆنترۆڵی عێراقی كردووە. ھەروەھا دەبێت ئاماژە بەو خاڵەیش بكەین كە تۆمارە دەنگییەكانی ئەم دوایییەی مالیكی، گرژی و ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوی ھەماھەنگیی توندتر كردووە. بەتایبەت مالیكی لە تۆمارە دەنگییەكاندا ھێرشی توند دەكاتە سەر ھادی عامری و، بە كەسێكی لاواز ناوی دەبات؛ ھەروەھا ھێرش دەکاتە سەر ھه‌ندێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی. بێ گومان ئەمەیش بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەریی لەسەر ئەوە ھەبووە ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی قووڵتر ببنه‌وه‌.

لە دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی زیاتر دەركەوتن بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە كاندیدی سەرۆكوەزیران، چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ سەدر و ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لە لایەك نووری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و خەزعەلی، سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیب و عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، لەگەڵ  ئەوەدا نین لەگەڵ سەدر بە سازش كێشەكان چارەسەر بكەن. واتە لەگەڵ ئەوە نین كە لەسەر كاندیدێكی ھاوبەش-بەدەر لە محه‌مەد شیاع سوودانی- كە سەدریش پیێ ڕازی بێت، ڕێككەوتن بكەن. لە لایەكی ترەوە، ھادی عامری، سەرۆكی لسیتی فەتح، حەیدەر عەبادی، سەرۆكی لسیتی نەسر و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شه‌عبی لەگەڵ ئەوه‌دان لەگەڵ سەدر ڕێككەوتن بكرێت. بۆیە ئێستا ناكۆكییه‌كی زۆر ھەیە لە نێوان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی.

لە 19ی سپتەمبەری 2022 چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە دووبارە جەختیان لەسەر كاندیدبوونی سوودانی كردەوە وەك تاكە كاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ حكوومەتی داھاتوو و، ئەمەیش لەلایەن سەدرەوە ڕەت دەكرێتەوە. ھەروەھا، لە كاتی ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە لە 25ی سێپتەمبەری 2022 لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و كورد و سوننەكان دروست بووە، یەكێك لە خاڵە ھەرە گرنگەكان جەختكردنە لەسەر كاندیدكردنی سوودانی وەك بەربژێری ھاوپەیمانێتییەكە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران. لە یەكەم ھەوڵدا ئەو ھاوپەیمانێتییه‌ توانی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بە نزیكەی 222 ده‌نگ، دووبارە متمانە بە حەلبووسی بدات وەك سەرۆكی پەرلەمان و، پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ڕەت كردەوە.

لێرەدا دیارە لە یەكێك لە  خاڵە جیاوازەكانی نێوان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، پرسی كاندیدبوونی كازمییە وەك كاندید سازش لە نێوان لایەنەكاندا. وەك باسمان كرد ئەمە لەلایەن لایەنە توندڕەوەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، وەك مالیكی و خەزعەلی، ڕەت دەكرێتەوە.

بەڵام ھەندێك لایەنیش، وەك لیستی فەتح، كێشەیان لەسەر ئەوە نییە بۆ ماوەیەكی كاتی كازمی بمێنێتەوە. لە لایەكی تریشەوە، ھەندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە ھەڵوێستی ئێران بەو ئاراستەیەیه‌، كە شيعەكان لێك نزیك بكاتەوە و ناكۆكییەكانی نێوانیان چارەسەر بكرێن. لەم ڕووەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس، ھەوڵەكانی چڕتر كردۆته‌وه‌ بۆ ئەوه‌ی لایەنەكان لێك نزیك بكاتەوە. بە ھەمان ئاراستەیش، بۆ زیاتر لێكنزیككردنەوەی لایەنە شيعەكان، نوێنەری حزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق، محه‌مه‌د كەوسەرانی، ھەوڵی ناوبژیوانی دەدەن و ھەوڵ دەدەن ڕێگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لایەنە شیعەكان بگرن. بەتایبەت ناكۆكییەكان لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی گەیشتوونەتە ئاستێك، ئێستا مەترسیی دابەشبوون و لێكترازان ھەیە؛ بەتایبەت ھادی عامری ھەڕەشەی دەرچوون لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەكات.

چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت

دوای ئەوەی ھاوپەیمانیی سێقۆڵیی نێوان پارتی، ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان بە سەرۆكایەتیی حەلبووسی و تەیاری سەدری شكستی ھێنا و نەیانتوانی حكوومەتی زۆرینە دروست بكەن، لە گۆڕانێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراودا، پارتی و ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان ھاوپەیمانێتییه‌كی نوێیان لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕاگەیاند كە بە "ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت" ناسراوە. لە 26-09-2022 هیشام ڕوکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری ماڵیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە "تۆڕی میدیاییی ڕووداو"ی ڕاگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی سەروەریی و عەزم و بابلیون ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ."

شایانی باسە ئەم ھاوپەیمانێتییە پێك هاتووە لە: عەزم، سیادە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بابلیۆن، هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی. بێ گومان ئامانجی سەرەكیی ئەو ھاوپەیمانێتییە بریتییه‌ لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی نۆی كە لەلایەن چوارەچێوەی ھەماھەنگییەوە سەركردایەتی دەكرێت. ھەرچەندە باسی ئەوەیش دەكرێت، ئەو حكوومەتەی دروست دەبێت تەنیا بۆ دوو ساڵ دەبێت و دواتر ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا دەكرێت. شایانی باسە ئەو ھاوپەیمانێتییە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە بەرەی دژایەتیكردنی سەدر و داواكارییه‌كانی؛ بەتایبەت ئەگەر ڕەچاوی داواكارییەكانی سەدر نەكرێت كە ئەویش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەرلەمان و بەردەوامیی حكوومەتی كازمییە تاكوو ھەڵبژاردن دەكرێت. ھەروەھا سەدر پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، دەبێت یاسای ھەڵبژاردنەكان وەك خۆی بمێنێته‌وه‌ و دەستكاری نەكرێت.

ئەوانەی لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا زیاتر پێداگری و پشگیری لەو ھاوپەیمانێتییە دەكەن بریتین لە: مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، خەزعەلی، سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەھلی ھەق و، سەرۆكی تەیاری حیكمەی عەمار حەكیم. بەڵام سەرۆكی لیستی فەتح، ھادی عامری و لیستی نەسر بە سەرۆكایەتیی عەبادی لەگەڵ ئەوەدان پێش ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ كورد و سوننە، دەبێت ڕەزامەندیی سەدری لەگەڵ بێت و، نابێت بێ ڕەزامەندیی سەدر ئەو ڕێككەوتننامەیە بكرێت. ھەروەھا ھەندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە لایەنی كوردی و سوننەكانیش پێشمەرجیان ئەوەیە كە، دەبێت سەدر ڕازی بكرێت بەر لە پێكھێنانی حكوومەت. بە ھەر  حاڵ، دەكرێت ئەو ھاوپەیمانێتییەیش ببێتە كارتێكی گوشار بۆ ئەوەی سەدر لە بەشێك لە داواكارییەكانی خۆی بێتە خوارەوە؛ بەتایبەت باسی ئەوە دەكرێت بڕیارە شاندێكی ھاوبەشی كوردی، سوننی و شيعە سەرەدانی سەدر بكەن و لەسەر پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كیشەكان گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت.

گرنگترین خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە

ھەرچەندە بەندەكانی ئەو ڕێككەوتنە بەئاشكرا و بەفەرمی ڕانەگەیه‌نراون، بەڵام بەشێك لەناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكە بۆ دەزگه‌كانی ڕاگەیاندن ئاشكرا بووە. بەندەكانی ڕێككەوتنەكە دەكرێت لە سێ تەوەری سەرەكیدا خاڵبەندی بكەین: یەكەم، لەسەر ئاستی عێراق بە شێوەیەكی گشتی باسی ھەوڵدان بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی دەكات. ھەروەھا لەناوەندەكانی بڕیارداندا ڕەچاوی ھاوسەنگی بكرێت. ھەروەھا جەخت دەكات لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دوای ساڵێك لە ھەمواركردنی یاسای ھەڵبژاردنەكان و پێدانی پارەی پێترودۆلار بە پارێزگاكان و دروستكردنی حكوومەت بەپێی پڕه‌نسیپی ھاوسەنگی و لەبەرچاوگرتنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەكان.

تەوەری دووەم، بریتییە لە داواكارییەكانی ھەرێم كه‌ خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە: یەكەم، لە ماوەی 6 مانگدا لە دوای دروستكردنی حكوومەت، بە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد و پشتبەستن بە دەستوور، یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان دەربكرێت. دووەم، پشتبەستن بە یاسای بوودجەی 2021 بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا لە داڕشتنەوەی یاسای 2023 ئەمە وەك پڕه‌نسیپ وەربگیرێت؛ بە شێوه‌یەك مافی ھەرێم پارێزراو بێت و، نابێت بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ كورد یاسای بوودجەی 2023 پەسەند بكرێت. سێیەم، ڕێككەوتنی شەنگال بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناچەكە بخرێتە واری پراكتیكییەوە. چوارەم، ئیدانەكردنی ھەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ھەر ناوچەیەكی عێراق و ئیدانەكردنی ھەر لایەنێك كە ھێرش دەكاتە سەر ھەرێمی كوردستان. پێنجەم، پێویستە مادده‌ی 140ی دەستوور تایبەت بە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان كارا بكرێت و قەرەبووی زیانلێكەوتووەكان بكرێته‌وه‌. شەشەم، كار بكرێت بۆ دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی. تەوەری سێیەم تایبەتە بە داواكارییەكانی سوننەكان كە بریتین لە چارەسەركردنی دۆسیەی بێسەروشوێنبووەكان و پابەندبوون بە دەركردنی یاسای لێخۆشبوون، ھەڵوەشاندنی دەستەی دادوەری و لێپرسینەوە، واتە یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس. كشانەوەی ھێزەكانی حەشدی شەعبی و ھێزە فەرمییەكان لەناوەندی شارەكانی عەرەبە سوننەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ جێگە و شوێنی خۆیان.

ھۆكارەكانی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە  

گومانی تێدا نییە ئەو ڕێككەوتننامەیەی واژۆ كراوە لە ڕووی تیۆرییەوە بۆ كورد و سوننەكان ڕێككەوتنێكی باشە و خاڵی گرنگی تیدایە. بێ گومان زۆر ھۆكار ھەن بۆ ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەو ڕێككەوتننامەیە واژۆ بكەن و ئامادە بن ھەمبەر كورد و سوننە نەرمی بنوێنن؛ یەكەم، سوودوەرگرتن لەو ڕێككەوتنە بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان لە حكوومەتی داھاتوودا. دیارە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی وای دەبینن كە دەرفەتێكی گرنگ ھەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستكردنی حكوومەته‌وه‌، پێگەیان لەناو حكوومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا زیاتر بەھێز بكەن؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنەكانی ساڵی پێشوودا تووشی شكستێكی گەورە ھاتن و ھەڕەشەی گەورەیان لەسەر ھەبووە لەوەی لە پرۆسەی سیاسی دوور بخرێنەوە. دووەم، كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان دەرفەتێكی زێڕینی داوه‌تە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستكردنی حكوومەته‌وه‌ كار بۆ لاوازكردنی پێگەی نەیارەكانیان بكەن. دیارە ئێستا شەقامی عێراقی و شيعە لە ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ناڕازین و پێگەی جەماوەرییان زۆر لاوازه‌.

ئەگەر حكوومەتی داھاتوو سەر بە ئەوان نەبێت، ئەگەری زۆرە تووشی شكستێكی گەورە ببن. كەواتە ئەوان دەیانەوێت بە ھەر نرخێك بێت- ئەگەر بە سازشكردنیش بێت بۆ كورد و سوننە-، دووبارە جلەوی دەسەڵات بگرنە دەست و لە ڕێگەی دروستكردنی حكوومەت گۆڕانكاریی ڕیشەی لە عێراقدا بكەن؛ بەتایبەت ئێستا عێراق داھاتێكی زۆری لەبەردەستە و نرخی نەوت زۆر بەرز بووه‌تەوە و ئەگەری زۆر ھەیە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، سەروەت و سامان و دەسەڵاتی دەوڵەت بەكار بهێنن بۆ كڕینی دەنگی خەڵك، گوشاردروستكردن و زیاتر كۆنترۆڵكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گۆڕینی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن.

سێیەم، دروستكردنی ھاوپەیمانیی سیقۆڵی لە نێوان سەدر، پارتی و سوننەكان، زەنگێكی مەترسیدار بووە بۆ لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی. ئەوان ترسی گەورەیان لێ نیشتووه‌ كە ئەگەر لەگەڵ پارتی و سوننەكان ڕێككەوتن نەكەن، نەك ھەر دەرفەتی دروستكردنی حكوومەت لەدەست ده‌دەن، بەڵكوو لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا زیاتر پێگەیان دابەزێت و لە دەسەڵات دوور بخرێنه‌وه‌؛ بەتایبەت لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ھاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەكێتی و ھاوپەیمانیی عەزم، نەیاندەتوانی نیسابی یاسایی تەواو بكەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، دواتریش پێكهێنانی حكوومەت. بۆیە بەنەچاریش بێت پێویستیان بە پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە ھەبووە.

چوارەم، دابەشبوونی ناوماڵی شیعە، یەكێكی تره‌ لە ھۆكارەكانی سازشكردن بۆ كورد و سوننەكان. لە دوای 2003 ئەمە یەكەم جار بووە شیعەكان بەو شێوەیە دابەشبوون لە نێوانیان ڕوو دەدات. تەنانەت ھەموو ھەوڵەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، شكستی ھێنا لەوەی بتوانن ناوماڵی شیعە ڕێك بخەن. بۆیە بۆ ڕێگرتن لە بەھێزبوونی ھەژموونی سەدر و لاوازكردنی، پەنایان بردووە بۆ ئەو سازشكردنە بۆ كورد و سوننە.

پێنجەم، سیاسەتی ناجێگیری سەدر و بڕیارە لەناكاوەكانی و ڕاوێژنەكردن بە ھاوپەیمانەكانی، دیسان كاریگەریی ھەبوو لەسەر ھەنگاوی پارتی و سوننەكان. بەتایبەت بە درێژاییی ئەو چەند مانگەی كە ھاوپەیمانی ھەبووە لە نێوان پارتی، سوننەكان و تەیاری سەدر، لە زۆر پرس و ھەنگاودا سەدر پرسیان پێ نەدەكردن، بەتایبەت لە كاتی كشانەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی. بۆیە ئەوەیش وای كرد  پارتی و سوننەكان زۆر متمانەیان بە سەدر نەمێنێت و، مامەڵەكردن لەگەڵی زۆر قورس بێت. بە ھەمان ئاراستەیش، سەدر نەك ھەر لە ھەنگاوەكانیدا زۆر پرسی بە ھاوپەیمانەكانی نەدەكرد، بەڵكوو زۆر جاریش كە گوشار لەسەر سوننەكان و كورد دروست بووە، سەدر ھەڵوێستی نەبووە؛ بەتایبەت سەبارەت بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی سەبارەت نەوت و گازی ھەرێم، كە سەدر ھیچ ھەڵوێستێكی نەبووە. ئەمە لە كاتێكدا بووە ئەم بڕیارە زیاتر سزادانێكی سیاسیی ھەرێم بووە بەھۆی ھاوپەیمانیكردن لەگەڵ سەدر.

شەشەم، ھەڕەشە و گوشارەكانی ئێران و ھێزەكانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ سەر پارتی و سوننەكان، دیسان ھۆكاریكی تری دروستكردنی ئەو ھاوپەیمانێتییه‌ بوو. لە ماوەی دروستكردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ سەدردا، ھەردوو لایەنی كورد و سوننە كەوتنە ژێر ھەڕەشە و گوشارەكانی ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێران بۆ دووركەوتنەوە لە سەدر. لەم ڕووەوە، ھەموو كارتێكیان لە ڕووی سیاسی، دادگه‌كان، ڕاگەیاندن، سەربازی و ئابوورییەوە دژی ھەرێم و سوننەكان بەكار ھێنا؛ بەتایبەت بە سوودوەرگرتن لەو دەوڵەتە قووڵەی كە لە عێراقدا دروستیان كردووە. ئەمە لە كاتێكدا بوو لە بەرامبەر ئەو گوشارانەدا، دەوڵەتە دۆست و ھاوپەیمانەكانی وەك ئەمریكا، وەكوو پێویست یارمەتیی كورد و سوننەیان نەدا و پاڵپشتییان نەكردن. ئەمەیش وای كردووە كە پارتی و سوننەكان پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بكەن و لەژێر گوشار و ھەڕەشەكانی ئێران و ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ھەروەھا ھەڵوێستە ناجێگیرەكانی سەدر دووبارە ڕوو لە ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بكەن و، پێیان وابێت تەنیا بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوان دەتوانن گه‌ره‌نتیی پێگە و مافەكانیان بكەن. بەتایبەت وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێ كرد، لە زۆر خاڵدا چوارچێوەی ھەماھەنگی ئامادە بوونە سازش بۆ كورد و سوننە بكەن.

مەترسییەكانی ڕێككەوتنەكە

ھەرچەندە وەك ئاماژەمان پێ كرد ڕێككەوتنه‌كه‌ی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و كورد و سوننەكان ھەندێك خاڵی باشی بۆ كورد و سوننەكان تێدایە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ دەكرێت؟ مەترسییەكان و دەرھاوێشتەكانی ئەم ڕێككەوتنە چی دەبێت بۆ كورد و سوننەكان و تەواوی پرۆسی سیاسی لە عێراقدا؟ یەكەم، خاڵی ھەرە لاوازی ئەو ڕێككەوتننامەیە لەوەدایە كە ھیچ گه‌ره‌نتییەك نییە بۆ جێبه‌جێكردنی بەندەكانی و، ھیچ میكانیزم و نەخشەڕێگەیەكی دیاریكراو نییە بۆ پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكە. ئەمەیش وا دەكات گومانی زۆر ھەبێت لەسەر پاڵنەرەكان و ھۆكاره‌كانی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە و سازشكردنی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ كورد و سوننەكان. دووەم، ئەو لایەنەی شيعە كە ڕێككەوتنیان لەگەڵدا كراوە، بە درێژاییی 19 ساڵ لە عێراقدا دەسەڵاتدار بوون و ھەموو دەسەڵاتێكیان ھەبووە و پێشتر بە دەیان ڕێككەوتن و تێگەیشن لەگەڵیان كراوە، بەڵام ھیچ كات ئەو ھێزانە پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیان و ھەموو ڕێككەوتنەكانیان بۆ خۆبەھێزكردن و دواتریش ڕووبەڕووبوونەوەی كورد و سوننەكان بەكار ھێناوە. جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە: دوای 19 ساڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ھێزانە، بێ ئەوەی ھیچ بەرھەمێكی ھەبێت، ئەو ھۆكار و پاڵنەرانە چین كە كورد و سوننە دڵخۆشن بەوەی  ئەم جارە ھێزە شیعەكان پابەند دەبن بە بەڵێنەكان یان وەك پێشوو بەندەكانی ڕێككەوتنەكە پێشێل ناكەن؟ لەبیرمان نەچێت بە درێژاییی 19 ساڵ، ئەو ھێزە شیعانە كاتێك ھەستیان بە لاوازی كردبێت یان ھەستیان بەوە كردبێت كە پێویستیان بە كورد یان سوننە ھەیە، ئامادە بوون ھەموو سازشێك بكەن، بەڵام دواتر كە بەھێز بوون، ڕێك بەپێچەوانە ڕەفتاریان كردووە.

سێیەم، یەكێكی تر لە خاڵە لاوازەكانی ئەم ڕێككەوتنە ئەوەیە، سەركردەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر ئەم ڕێككەوتنە یەكدەنگ نین. بەتایبەت ھادی عامری و ھاوپەیمانیی نەسر پێیان وایە ئەم ڕێككەوتنە بەبێ سەدر سەر ناگرێت. ئەمەیش وا دەكات لە ئاییندەدا و دوای دروستكردنی حكوومەت زۆر بەئاسانی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییه‌ بدزنەوە و ڕێككەوتنەكە جێبه‌جێ نەكەن؛ بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ سەدر ڕێككەوتنیان كرد یان لایەنە شیعەكان دووبارە لێكنزیك بوونەوە. چوارەم، ھەندێك لە ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەمە گەمەیەكی سیاسی بێت لەگەڵ كورد و سوننەكان، زیاتر لەوەی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ئامادە بن ئەو بەندانە جێبه‌جێ بكەن. لێرەدا مەترسیی ئەوە ھەیە كە ڕێككەوتنە تەنیا بۆ ئەوە بێت ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكەن نەك پابەندبوون بە بەندەكانی ڕێككەوتنەكە. وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئێستا ئەوان زۆر پێویستیان بە یارمەتیی كورد و سوننە ھەیە، چونكە ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بەھۆی قەناعەتكردنی ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی نییە بە مافەكانی كورد و سوننە، بەڵكوو بەھۆی ئەوەیە دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتە ببینن بۆ دروستكردنی حكوومەت و كۆنترۆڵكردنی پرۆسەی سیاسی و گۆڕینی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكان.

پێنجەم، بە ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، نەك ھەر ھاوپەیمانیی سێقۆڵی كۆتاییی پێ ھاتووە، بەڵكوو بەم ڕێككەوتنە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەكەونە بەرەی دژایەتیكردنی سەدرەوە. سەدر وا ھەست دەكات كورد و سوننە خیانەتیان لێ كردووە. ئەمە بەو مانایە نییە كە سەدر لە ھەنگاوەكانیدا زۆر ھەڵەی نەكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سەدر چاوەڕێی ئەوە بووە، لە كاتی لاوازیدا كە گوشاری زۆری لەسەر ھەبووە، كورد و سوننە پشتی تێ نەكەن یان ھەر ھیچ نەبێت بێلایەن بمێننه‌وه‌ و ڕێگە نەدەن حكوومەت بكەوێتە دەست چوارچێوەی ھەماھەنگی؛ چونكە دەزانێت ئەو حكوومەتە لە دژی سەدر و تەیارەكەی بەكار دەھێنرێت. ئەمەیش مەترسیی ئەوە دروست دەكات تەیاری سەدری لە داھاتوودا زیاتر دژایەتیی كورد و سوننە بكات. ئەمە بەدەر لەوەی لەوانەیە ھەر لە بنەڕەتەوە سەدر ڕێگە نەدات ئەو حكوومەتە دروست بێت و لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە پرۆسەكە پەك بخات؛ یان لەوانەیە ئەم ھەنگاوەی سوننە و كورد لایەنه‌ شيعەكان یەك بخات و ئەوكاتیش كارتی سوننە و كورد زۆر لاواز دەبێت.

شەشەم، ئەو ڕێككەوتنە بە شێوەیەكی ئاشكرا دەبێتە ھۆی بەھێزكردنی پێگەی ھێز و گرووپە میلیشیاكان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن و ھیچ باوەڕێكیان بە پرۆسەی سیاسی، دەستوور و ھاوبەشی و شەراكەت نییە. ئەمەیش مانای وایە ئەم ھەنگاوه‌ نەك ھەر خزمەتی پرۆسەی دیموكراسی ناكات یان نابێتە ھۆی بەھێزكردنی سەروەری و سیادەی عێراق یان سنووردانان بۆ ھێز و گرووپە میلیشیاكان، بەڵكوو حكوومەتیش دەكەوێتە خزمەتی ھێزە میلیشیاكان. ئەمەیش مانای وایە ھیچ ھێوایەك نامێنێت بۆ ئەوەی لە عێراقدا ھەنگاو بەرەو چاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی بھاوێژرێت، یان كار بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی دەستوور و بەدامەزراوەییكردنی عێراق. بەپێچەوانەوە دەوڵەتی قووڵ زیاتر لە عێراقدا دەچەسپێت و دامەزروەكانی دەوڵەت زیاتر دەكەونە ژێر ھەژموونی ھێزەكانی میلیشیاكان. لەمەیش مەترسیدارتر ئەوەیە، لەوانەیە حكوومەتی داھاتوو داوای دەرچوونی ئەمریكا لە عێراقدا بكەن و گوشارەكانیان لەم ڕووەوە زیاتر دەكەن و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، مەترسیی زیاتر لەسەر پێگەی كورد و سوننە لە عێراقدا دروست دەبێت؛ بەتایبەت بە دەرچوونی ئەمریكا، دەستی ئێران و ھاوپەیمانەكانی زیاتر كراوە دەبێت بۆ دژایەتیكردنی كورد و سوننەكان.

لە كۆتاییدا دەكرێت ئاماژە بەو خاڵە بكەم؛ ئەو ھەوپەیمانێتییه‌ نابێتە ھۆی ڕێزگرتن له‌ دەستوور و بەھێزكردنی پرۆسەی دیموكراسی، بەڵكوو دەبێتە ھۆی لاوازكردنی پرۆسەی دیموكراسی. دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەونە خزمەت لایەنێك كە ھیچ باوەڕیان بە بەھا و پڕه‌نسیپەكانی دیموكراسی نییە؛ زیاتر كار دەكەن بۆ دروستكردنی كێشە و قەیران لە عێراقدا. ئەمانە سامانی دەوڵەت و ھێزەكەی بەكار دەھێنن بۆ ئەوەی كاریگەری بخه‌نه‌ سەر پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە عێراقدا ئەنجام بدەن. ئەمەیش دەرفەت بۆ سەرھەڵدانی ھێزە میانڕەوەكان كەمتر دەكات، بەتایبەت لەناو شەقامی شيعەدا؛ تەنانەت ئەگەری ئەوە ھەیە ئەم حكوومەتە ھەمان سیناریۆی سەردەمی مالیكی دووبارە بكاتەوە. بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانی تشرینییەكان لە 2019، ھیوایه‌ك ھەبووە بۆ گۆڕانكاری لە عێراقدا و دەركەوتنی ھێزی میانڕەو لەناو شەقامی شیعەدا كە عێراق بە ئاراستەیەكی باشتردا ببات.

بە شێویەكی گشتی ڕاگەیاندنی ئەو ھاوپەیمانێتییە، پەلەپەلی زۆری پێوە دیارە و نەدەبوو كورد و سوننەكان بەو ئاسانییە بكەونە ژێر كاریگەریی بەڵێنەكانی مالیكی و لایەنەكانی تری ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی. لەم قۆناغەدا زۆر گرنگ بووە جەخت لەسەر چارەسەرێكی مامناوەند كرابایه‌وه‌، كە ئەوەیش بریتی بووە لەوەی لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان ھەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراقدا بكرێت؛ ھەروەھا دروستكردنی حكوومەتێك كە بێلایەن بێت و سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگی نەبێت. دوای ھەڵبژاردنەكان ھاوكێشەكان زیاتر ڕوون دەبوونەوە و تەنانەت ئەگەری گۆڕینی ھاوكێشە سیاسییەكان ھەبووە لە بەرژەوەندیی لایەنە میانڕەوەكان، بەڵام ئەو ھاوپەیمانێتییە دەبێتە ھۆی ئەوەی ھێزە توندڕه‌و و كلاسیكییە شيعەكان دووبارە پێگەی خۆیان بەھێز بكەنەوە. ته‌نانەت ئەمە دژی خواستی ئەمریكییەكانیشە، كە لە دوا سەردانەكەیاندا داوایان كردبوو كە كازمی وەك سەرۆكی حكوومەت بمێنێتەوە تاكوو ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت. بۆیە، ئەو ھاوپەیمانێتییە لەوانە زۆر لە دۆستەكانی عێراق و ھەرێم بێهیوا بكات و پشت لە عێراق بكەن.