چاوه‌ڕوانییه‌كانی جیهان له‌ دۆناڵد ترامپ: ڕووسیا

2016-12-01

چاوه‌ڕوانییه‌كانی جیهان له‌ "دۆناڵد ترامپ": ڕووسیا

 

پێنووس: سه‌ره‌كیترین داواكاری و چاوه‌ڕوانیی ڕووسیا له‌ سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌مریكا، بریتییه‌ له‌:

  1. ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی پرسی قه‌یرانی سووریا، درێژه‌ به‌ دانوستاندنه‌كان بدات.
  2. ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر پرسه‌ ستراتیژییه‌كانی دژه‌تیرۆریزم درێژه‌ به‌ هاوكاری و به‌شدارییان بده‌ن.
  3. كۆبوونه‌وه‌ی باڵای سه‌رۆكه‌كانی هه‌ر دوو وڵاتی ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌ یه‌كه‌مین ده‌رفه‌تی گونجاو، دوای بیستی مانگی یه‌كی ساڵی 2017 به‌ڕێوه ‌بچێت.

گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست و گرفتی به‌رده‌م په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا چییه‌؟

بێ گومان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا، یه‌كێك له‌ گرنگترین په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌كانه‌ بۆ جیهان، كه‌ كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی گرنگی له‌سه‌ر پرسه‌كانی وه‌ك "بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی كۆكوژ" و "بارگرژی و ململانێیه‌ ناوچه‌یییه‌كان" و "بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ئاسایش و ئاشتی له‌ هه‌موو جیهاندا" هه‌یه‌. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، ئه‌م پەیوه‌ندییه‌ له‌ قۆناغێكی زۆر ئه‌سته‌م و مه‌ترسیداردایه‌ و، ده‌توانێت زۆر به‌سانایی به‌ره‌و پێكدادان له ‌نێوان نوێنه‌ره‌كانیان یاخود پێكدادانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌م دوو هێزه‌ ئه‌تۆمییه‌ بڕوات.

ڕێوشوێنی "پووتین" بۆ ‌نووساندنی نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا به‌ خاكی ڕووسیاوه‌، ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕوونه‌ له‌ بوونی كێشه‌ و گرفت له‌ سیسته‌می ئاسایشی و ڕێكخستنی گشتیی ئه‌وروپا له ‌پاش جه‌نگی سارد. بێجگه‌ له‌و كرده‌وانه‌، ڕه‌فتاری ڕووسیا له‌ پشتیوانیكردن له‌ شۆڕشگێڕه‌ چه‌كداره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا، بۆته‌ هۆی لاوازیی زیاتری ئۆكراینا له‌ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی ئابووریی لاواز و له‌رزۆكی ئه‌م وڵاته‌ و، ئه‌مه‌یش دیسانه‌وه‌ بۆته‌ هۆی ڕۆییشتی ڕه‌وتی په‌ره‌پێدانی ئۆكراینا به‌ره‌و ئاراسته‌ی دامه‌زراوه‌ ڕۆژاوایییه‌كان. ئابڵووقه‌ ئابوورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا و، سیاسه‌تی په‌راوێزخستنی دیپلۆماسی له‌دژی ڕووسیا، نه‌یتوانیوه‌ بچووكترین گۆڕانكارییه‌ك له‌ ڕه‌فتار و سیاسه‌ته‌كانی ڕووسیا دروست بكات. له ‌به‌رامبه‌ردا، ڕووسیا له ‌ڕیگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی به‌هێزی سه‌ربازیی خۆی له‌ جه‌نگی ناوخۆی سووریا و، پاڵپشتی له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، واشنتۆنی هێنایه‌ سه‌ر مێزی دانوستاندن. هه‌روه‌ها به‌پێی چه‌ند ڕاپۆرتێك، ڕووسیا له‌ مییانه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ستیاری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا له ‌ساڵی 2016دا، چه‌ندین هێرشی سایبه‌ریی له‌ دژی به‌شێك له‌ ئامانجه سیاسییه‌ زۆر‌ گرنگه‌كانی ئه‌و وڵاته،‌ ئه‌نجام داوه‌.

سه‌رۆككۆماری نوێی ئه‌مریكا بۆ هه‌ڵگرتنی به‌ربه‌رسته‌كان، پێویسته‌ چ ڕێوشوێنێك بگرێته ‌به‌ر؟

له‌ مییانه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2016دا، دوو ڕوانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌رباره‌ی ڕووسیا، دروست بوون. له ‌لایه‌ك دۆناڵد ترامپ سه‌رۆككۆماری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه‌ دوای سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردندا، هه‌ڵسوكه‌وتێكی چالاكانه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌ست پێ ده‌كات و، هه‌وڵ ده‌دات له‌سه‌ر هه‌ندێ پرسی وه‌كوو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، هاوكاریی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا په‌ره ‌پێ بدات. به‌ڵام له ‌لایه‌كی تر، كۆنگرێسی ئه‌مریكی و نوخبه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا، له‌سه‌ر ڕوانگه‌یه‌كی دوژمنكارانه‌تر له‌گه‌ڵ ڕووسیا گه‌ییشتنه‌ ڕێككه‌وتن و، ته‌نانه‌ت له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ندێ كه‌س زمانێكی ئه‌وتۆی زبریان له ‌هه‌مبه‌ر پووتین و ڕووسیا به‌كار هێنا، كه‌  جه‌نگی ساردی وه‌بیر ده‌هێنایه‌وه‌. له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ "ترامپ" له‌ مانگه‌كانی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كاربوونی خۆیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وله‌وییه‌ته‌ سیاسییه‌ گرنگه‌ ناوخۆیییه‌كاندا (وه‌كوو وه‌رگرتنی متمانه‌ بۆ ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی و، دادگه‌ی باڵای ئه‌مریكا)  ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌، زۆر ئه‌سته‌م دێته‌ پێش چاو، كه‌ "ترامپ" له‌و ماوه‌یه‌دا گۆڕنكارییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئۆباما، كه‌ به‌ ئاراسته‌ی په‌راوێزخستن و گوشارخستنه‌سه‌ر ڕووسیا گرتوویه‌ته‌ به‌ر، پێك بێنێت  و، له‌م سیاسه‌تا‌نه‌ پاشگه‌ز ببێته‌وه‌. به‌ڵام ئیداره‌ی "ترامپ"، ده‌توانێت دانوستاندنی نهێنیی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ته‌نانه‌ت له‌ قۆناغی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتیشدا، ئه‌نجام بدات.

به ‌دریژاییی ساڵی داهاتوو، "ترامپ" ده‌توانێت هه‌وڵه‌كانی به‌ ئاراسته‌ی په‌یوندیی چالاكانه‌تر له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌ست پێ بكات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماریی "ترامپ"دا، هاوكاری و په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵتر له ‌نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیادا دروست نه‌بێت، بێ گومان دروستكردنی ئه‌و ئاسته‌ له‌ هاوكاری و په‌یوه‌ندی له ‌نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا، ڕێژه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هه‌ستیار و ژیانییه‌كانی ئه‌مریكا له‌خۆ ده‌گرێت.  بۆ ده‌ستپێكردن، پێویسته ئیداره‌ی نوێی‌ ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هه‌ستیار و ژیانییه‌كانی خۆی وه‌كوو: كۆنترۆڵ و به‌ڕێوه‌بردنی پێكدادانه‌ ناوچه‌یییه‌كان، پرسی ڕێگه‌گرتن له ‌بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی، پاراستنی بازرگانیی ئازاد و هاوسه‌نگیی هێز له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، بخاته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبینییه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا، پێویسته‌ ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكات كه‌ پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ نوێیه‌كان، تا چ ئاستێك له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا‌ و، به‌ ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی ئه‌مریكادان‌.

دووه‌م، پێویسته‌ ئیداره‌ی ترامپ له‌ سیاسه‌ته گشتییه‌‌كانیدا له ‌هه‌مبه‌ر مۆسكۆ، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دووباره‌ ئه‌نجام بدات و، هاوسه‌نگییه‌ك له ‌نێوان به‌كارهێنانی ئامرازه‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ره‌كان و ئامرازه‌كانی ڕێگه‌گرتندا دروست بكات. ئه‌مریكا به‌ درێژاییی ئه‌و ماوه‌یه،‌ بۆ متمانه‌پێدان به‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ "ناتۆ"دا و، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، چه‌ندین ڕێوشوێنێكی له‌ دژی ڕووسیا گرتۆته ‌به‌ر، كه‌ توانیویه‌تی ڕێگری له‌ كرده‌وه‌ ده‌ستدرێژیكارانه‌كانی مۆسكۆ بكات، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش ڕێوشوێنه‌كانی تر، وه‌ك سزا و ئابڵووقه‌كان و په‌راوێزخستنی دیپلۆماتیك، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌كانی ڕووسیا نه‌بووه‌ و، ته‌نیا بۆته‌ هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ و جیابوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕووسیا له‌ ڕۆژاوا. له‌ كۆتاییدا، پێویسته‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌ڵێنه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات و، چ له‌ كرده‌وه‌ و چ به‌قسه‌، یارمه‌تیی هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كانمان بكات و، ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ سووده‌كانی بازاڕی ئازاد و دیموكراسیی لیبراڵ وشیار كاته‌وه‌.

ئایا پێویسته‌ "ترامپ" به ‌دوای دانیشتن له‌گه‌ڵ "پووتین" و ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی دوولایه‌نه‌ له ‌نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا بێت؟

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، بۆته‌ هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ و دروستبوونی چاوه‌ڕوانیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و دروستبوونی ناكۆكی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكادا، ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له ‌جیاتی ته‌ركیزكردن و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان، هه‌میشه جه‌خت و ته‌ركیز‌یكی زۆر له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌ كه‌سێتییه‌كانی ڕێبه‌رانی مۆسكۆ و واشنتۆن، كراوه‌ته‌وه‌‌. به‌ڵام "ترامپ" هه‌ر له‌و ده‌ستپێكه‌ی كاره‌كه‌یدا، حه‌ز و ویستێكی زۆری بۆ ئه‌نجامدانی دانوستاندن و كۆبوونه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ "پووتین"، سه‌رۆككۆماری ڕووسیا، نیشان داوه‌‌. له‌م ڕووه‌وه،‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌یش وه‌كوو جیاوازییه‌ك بێت له‌ نێوان ڕێبه‌رانی سیاسیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا. له ‌ڕاستیدا ده‌ربڕینی ئه‌م حه‌ز و ویسته،‌ دوولایه‌نه‌ بووه‌ و، "پووتین"یش له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی "ترامپ"دا، كاردانه‌وه‌یه‌كی ڕێزدارانه‌ی له‌خۆی نیشان داوه‌. به‌ڵام نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌یش له‌م باره‌یه‌وه‌ له ‌ئارادایه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به ‌درێژاییی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا ڕێوشوێن و مۆدێڵێكی تایبه‌ت، به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مریكادا زاڵ بووه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنی كاری سه‌ر‌ۆككۆماری نوێی ئه‌مریكادا، په‌یوه‌ندییه‌كی باش له ‌نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا دروست بووه‌، به‌ڵام به‌ره ‌به‌ره‌ و له ‌ساڵه‌كانی دواتردا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ به‌ره‌و ساردی و بێمتمانه‌یی و دوژمنایه‌تیی ئاشكرا ڕۆییشتووه‌. له ‌ئێستایشدا، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ له ‌ئارادایه‌ كه‌ یه‌كه‌مین چاوپێكه‌وتن و دانیشتنی نێوان "پووتین" و ترامپ" له‌سه‌ر ئه‌و مۆدێڵه‌ی دوو ده‌یه‌ی دوایی‌ بڕوات و، گه‌رمی و نزیكبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ساڵی یه‌كه‌م، قۆناغ به ‌قۆناغ له‌ ساڵانی دواتردا، جێگه‌ی خۆی بداته‌ بێمتمانه‌یی و بارگرژی.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی ڕووسیا و ئه‌مریكا، پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌مین ده‌رفه‌تی پاش بیستی مانگی یه‌كی ساڵی 2017، به‌ڕێوه‌ بچێت. به‌بێ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌، هیچ كام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌، ده‌رفه‌ته‌كانی دروستبوو بۆ په‌‌یوه‌ندیی زیاتر، كۆنترۆڵی بارگرژی و پێكدادانه‌كان و، ته‌نانه‌ت هاوكارییه‌كانیش به‌جددی وه‌رناگرن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ربڕین و گوته‌ی دوژمنانه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی دوو وڵاتدا زاڵ بێت، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ڕێبه‌رانی ڕووسیا و ئه‌مریكا به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی و سیاسییان له ‌هه‌مبه‌ر ڕێگه‌گرتن له‌ قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یران و جه‌نگ له‌ سووریا و ئۆكراینا، ڕێگه‌گرتن له‌ فراوانخوازیی ئه‌تۆمیی ئێران و كۆریای باكوور، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردن و دروستكردنی سنوورێك بۆ جبه‌خانه‌ مه‌زنه‌كانی هه‌ردوو وڵات و ڕێگه‌پێدان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ لێی، له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

سه‌رچاوه‌:

https://www.wilsoncenter.org