گرنگیی سەردانەكەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین*


لە 10ی نیسانی 2021 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ زۆربەی بەرپرس و سەركردە سیاسییەكانی عێراق، بە شيعە و سوننەوە، كۆ بووەوه‌. ھەروەھا بارزانی دیداری گرنگی ھەبووە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرۆككومار و سەرۆكی پەرلەمان. بارزانی لە سەردانەكەیدا زۆر بابەت و پرسی پەیوەست بە عێراق، ھەرێم و ناوچەكەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا گفتوگۆ كرد. بێ گومان كاتی سەردانەكەی بارزانی زۆر گرنگ بووە؛ بەتایبەت سەردانەكە لە كاتێكدا بوو كە عێراق لە بەردەم كێشە و قەیرانی گەورەدایە و بارودۆخی عێراق لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە باش نییە. عێراق بەھۆی ململانێی ھێز و لایەنە سیاسییەكان، ھەڕەشەی میلیشیاكان و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ھەرێمی لە كاروباری عێراق، ناكۆكییەكانی بەردەوامی نێوان ھەرێم بەغدا و ناڕەزایی و خۆپێشاندانەكانی خەڵك لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە بارودۆخێكی ناسەقامگیردایە. بە ھەمان ئاراستەیش، سەردانەكەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە كاتێكدا بووە كە دیالۆگی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و ئەمریكادا بەڕێوە چوو؛ ھەروەھا لە مانگی ئۆكتۆبەریشدا پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ئارادایە، كە بێ گومان  ئەم دوو فاكتەرەیش كاریگەریی ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. بۆیە، سەردانی بارزانی لەم كاتەدا بۆ بەغدا، گرنگیی تایبەتی خۆی ھەبووە كە لێرەدا دەكرێت بەكورتی ئاماژە بە چوار خاڵ بكەم:

یەكەم، سەردانەكەی بارزانی دوای ئەوە دێت كە پەرلەمان بوودجەی ساڵانەی عێراقی پەسەند كرد و دوای ململانێیەكی توند، بەشە بوودجەی ھەرێم تێیدا جێگیر كراوە. بەڵام لێرەدا نیگەرانییەك ھەیە كە لەوانەیە ئەم ڕێككەوتنە نەكەوێتە واری پراكتیكییەوە؛ بەتایبەت ھەندێك لایەن باسی ئەوە دەكەن كە ھەرێم لەوانەیە پابەند نەبێت بە بەندەكانی پەیوەست بە بوددجەی عێراقەوە. تەنانەت بۆچوونێكی تریش ھەیە كە پێی وایە لەوانەیە ھەندێك لایەنی عێراقی گوشار لەسەر حكوومەتی كازمی دروست بكەن بۆ ئەوەی بەندەكانی بوودجە- بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە ھەرێمەوە- وەك خۆی پراكتیزە نەكات. بۆیە، سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا گرنگە، بۆ ئەوەی ھەم پەیامێك بداتە لایەنە عێراقییەكان كە ھەرێم ئامادەیە ئەوەی لەسەریەتی سەبارەت بوودجەی عێراق جێبەجێ بكات؛ لە لایەكی تریشەوە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ھەماھەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكرێت تاكوو بەشەی بوودجەی ھەرێم وەك خۆی ڕەوانە بكرێت و حكوومەتی بەغدا نەكەوێتە ژێر گوشاری ھەندێك ھێز و لایەن كە مەبەستیانە تەگەرە بخەنە بەردەم ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا. تەنانەت لە بەیاننامەكەی سەرۆکی هەرێمیشدا بەڕوونی  ئاماژە بەو خاڵە كراوه‌، كە دەبێت سامانی عێراق بەگوێرەی میكانیزمەكانی دەستوور دابەش بكرێت.

دووەم، خاڵێكی دیكەی گرنگ، پەیوەندیی بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ھەیە. بارزانی لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەكاندا، باسی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی عێراقی كردووە كە بڕیارە لە مانگی ئۆكتۆبەردا بەڕێوە بچێت. بێ گومان ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو ھەم بۆ عێراق و ھەم بۆ ھەرێم و ته‌نانەت بۆ دەوڵەتانی ناوچەكه‌ و ئەمریكایش، گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە. بۆیە، ھەر لایەنێك مەبەستیەتی پێگەی خۆی  لە پرۆسەكەدا بەھێزتر بكات. بەتایبەت ئەم ھەڵبژاردنە، دەكرێت لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ ھەڵبژاردنەكانی پێشوودا جیاواز بێت و، دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە عێراقدا. دیارە ھەر لە ئێستایشەوە شەڕێكی سیاسیی گەرم لە بەغدا لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێگەیان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا بەھێز بكەن و زۆرترین كورسی كۆ بكەنەوە. بێ گومان یەكێك لە ئەمرازەكانی بەھێزكردنی  پێگەكەیان، بریتییە لە دروستكردنی ھاوپەیمانی و تەحالفاتی سیاسی. ھه‌روەھا چاوەڕێ ئەوە دەكرێت ھەندێك لیستی تازە و بەھیزێش لە عێراقدا دروست ببن و بەشداری له‌ پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا بكەن. بەتایبەت ھەواڵەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە مستەفا كازمی لیستی تایبەت بە خۆی دەبێت.

كەواتە سەردانەكەی بارزانی نەك ھەر گرنگە بۆ خاوكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ھەرێم لەگەڵ بەغدا، بەڵكوو پێدەچێت لەم سەردانەدا بارزانی لەسەر ئەگەری دروستكردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەندێك لایەنی عێراقی قسە و باسی كردبێت. لەم ڕوانگەیەوە سەردانەكە دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی "پارتی" بتوانێت گەمەیەكی سیاسیی باشتر و بەھێزتر لە بەغدا بكات. بەتایبەت ھەندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە پارتی و لیستی سەدر لە یەكەوە نزیكن و ئەگەری ئەوە ھەیە لە ھەڵبژاردنەكانی ئاییندەدا شێوازێك لە ھاوپەیمانی لە نێوانیان دروست ببێت. لەم ڕووەوە، عەلا ڕوبەیعی، پەرلەمانتاری سائیروون، کە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدردا کردبوو، ئاماژەی بەوە كرد كە "دەتوانن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دروست بکەن."

سێیەم، ناكۆكییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەگشتی و پرسی ناوچە جێناكۆكەكان و دۆسیه‌ی شەنگال، بەتایبەت تەوەرێكی دیكەی گرنگی گفتوگۆی نێوان بارزانی و حكوومەتی عێراق بووە. حكوومەتی عێراق و ھەرێم لە ئۆكتۆبەری 2020  ڕێككەوتنیان كردووە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شەنگال و، ھەروەھا ھەوڵ دراوە بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكەیش ئاسایی بكرێتەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق توانای پراكتیزەكردنی ڕێككەوتنەكانی نییە. بەتایبەت وەك زۆر جاران ئاماژەمان پێ كردووە، كازمی نە حزبێكی سیاسیی ھەیە و نە ھیچ بەرەیەكی بەھێز لە عێراقدا پاڵپشتیی حكوومەتەكەی دەكات. بەپێچەوانەوه‌، بەشێكی زۆر لە لایەنە شيعەكان، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن و ھێزە میلیشیاكان، دژی حكوومەتی كازمین و بە ھیچ شێوەیەك پابەندی بڕیار و فەرمانەكانی حكوومەت نین. لێرەدا دیداری بارزانی لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەكان، دەكرێت ھاوكار بێت بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەكان بتوانن بە پشتبەستن بە بنەماكانی دەستوور و دیالۆگی ھەمەلایەن كار بۆ چارەكردنی، ئەگەر نەڵێین ھەمووی، بەشێك لە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بكه‌ن.

چوارەم، ماوەیەكی زۆرە یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی پارتی لە بەغدا ئەوە بووە كە زۆر گرنگیی  بە بەغدا نەداوە یان وەك پێویست لە بەغدا بوونی نەبووە. بێ گومان ئەمەیش بۆشایییەكی گەورەی دروست كردووە كە دواتر لایەنەكانی دژە-پارتی زۆر بەباشی ئه‌مه‌یان دژی ھەرێم و پارتی بەكار ھێناوە. بۆیە لەوانەیە پارتی ھەستی بەوە  كردبێت كە گرنگە لە پێگەیەكی بەھێزەوە لە بەغدا بوونی ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت گەمەیەكی سیاسیی باشتر بكات، ھەم  بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێم بەھێز بكات و ھەم ڕێگە لەوە بگرێت ھەندێك لایەن پیلان دژی ھەرێم یان پارتی لە بەغدا بگێڕن. ڕاستە بەشێكی زۆر لە ھێزە سیاسییەكانی شيعە،  بەتایبەت  ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن، دژایەتیی كورد دەكەن، بەڵام زۆر ھێز و لایەنیش ھەن لەناو سوننە و  شيعەیشدا  دژی كورد نین و، دەكرێت پێكەوە كار و بەرنامەی ھاوبەشیان ھەبێت. تەنانەت لە ناوماڵی شيعەیشدا ناكۆكیی زۆر ھەن و كورد دەتوانێت ئەگەر بە تەكتیكیش بێت سوودی لێ ببێنیت. لەم چوارچێوەیەدا سەردانەكەی بارزانی، دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی پارتی سەبارەت چۆنێتیی گەمەكردن لەگەڵ بەغدا، بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە و ئاماده‌یییه‌كی باشتری لە بەغدا ھەبێت؛ بەتایبەت مادەم كورد بەشێكە لە عێراق، تا ئەو كاتەی لە عێراق جیا دەبێتەوه‌، دەبێت بە قورسایییەكی زۆرەوە لە بەغدا بوونی ھەبێت.

 

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین.