هەولێری هاوپەیمان، بەرگریی ئاسمانیی نییە!

قەرەنی قادری

لە (١٤-٤-٢٠٢١)دا، جارێکی تر هێرشی مووشەکی کرایە سەر "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر". بەپێی دەنگوباسەکان، هێرشەکەی ئەم جارە بە ڕێگەی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" (درۆن)ه‌وه‌ بووە. ئەم شێواز و کەرەسە نوێیە بۆ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، باس لە پڕچەککردنی ئەو هێزانە دەکات کە لە چوارچێوەی "حەشدی شەعبی"دا ڕێک خراون، نزیکن لە کۆماری ئیسلامی و بە هێزی "دەرەوەی یاسا"یش ناویان دەرکردووە. لە عێراقدا ئەو هزرە بەهێزە کە دەبێ ئەمریكییەکان عێراق جێ بێڵن. لە ٥-١-٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا کە هێزە ئەمریکییەکان دەبێ لە عێراق بچنە دەرەوە و، ئەمەیش بوو بە بڕیارێکی یاسایی و سیاسی لەو وڵاتەدا. بەڵام لە پاڵ ئەمەیشدا هێرشی چەکداریی  هێزەکانی "دەرەوەی یاسا" بۆ سەر بنکە سوپایییەکانی ئەمریکا بە مەبەستی تەنگەتاوکردنی هێزە ئەمریکییەکان و خێراکردنی پرۆسەی چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان، بوو بە بەدیلی دووەم بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق. جێی ئاماژەیە، لەو کاتەوە کە "جۆ بایدن" جڵەوی سیاسەتی لە کۆشکی سپی بەدەستەوە گرتووە تا ئێستا، نزیک بە (٢٠) جار هێرش کراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان.

بۆ لێدانی بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق کەڵک لە مووشەک وەردەگیرێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان ئاراستەیەکی نوێی سوپایی یان گۆڕینی تاکتیکی جه‌نگ و کەرەسەی نوێ (وەکوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بەکار دەهێندرێت. ئەمەیان جیا لە کردەوەی سوپایی، هەڵگری پەیامێکی سیاسییە کە دەکرێت لە پانتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بخوێندرێتەوە. کۆماری ئیسلامی زۆر بەجددی و خەستییەوە ئەو پرۆژەیەی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی ڕێک خستووە؛ واتە پڕچەککردنی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەویش بە دروستکردنی نیمچەحکوومەتێک لەناو حکوومەتدا. ئەو پڕۆژەیە بۆ حوسییەکانی یەمەنیش هەر دروستە. ئێستا نۆرەی حەشدی شەعبی و گرووپە ڕەسمی و ناڕەسمییەکانی سەر بە حەشدی  شەعبییە و لەناو ئەو چوارچێوەیەدا جێ دەگرنەوە کە بۆ حزبوڵڵای لوبنان دروست کراوە. مەبەستی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی، دروستکردنی سێ هاوکێشەی بەهێز و پڕچەککراوە لەناو سێ دەوڵەتەدا.

بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ "دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان"، واتە کارکردن بە ڕێگەی یاسایییەوه‌؛ لە لایەکی تریشەوە هێرشی چەکداری بۆ سەر بنکە و تەنانەت باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هەروەها بۆ سەر بنکەی سوپاییی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بوونەتە دوو ئاڕاستەی تەواوکەری یەکتر لە گۆڕەپانی سیاسەت لە عێراقدا. گەرچی ڕوونە کە بڕیاردەرانی کۆبوونەوەی (٥-١-٢٠٢٠)ی پەرلەمانی عێراق کێن، بەڵام هەوڵ دەدرێت هێرشکەرانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە هێزێک ڵە "دەرەوەی یاسا" ناو ببه‌ن!؟

لە (٢-٤-٢٠٢١)دا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی "عەسائیبی ئەهلی حەق" گوتی: "هیچ دەرفەتێك بۆ مانەوەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە "عەین ئەسەد" و تەنانەت بنكەی سەربازیی هەریر لە هەولێر و هیچ سووچێكی عێراق نەماوە." ئەم پەیامەی خەزعەلی دەربڕینێکی کراوەیە؛ هەم بۆ پەرلەمانتاران دەبێت و هەمیش بۆ گرووپە تێکدەرەکان لە عێراقدا. بەڵام کاکڵی پەیامی قەیس خەزعەلی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دوور بخاتەوە و بێبەشی بکات لە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەمریکا. سێرەی پەیامی قەیس خەزعەلی، ڕووی لە هاوپەیمانیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە. ئەو هەڵوێستەی قەیس خەزعەلی لە چوارچێوەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بۆ عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی دەبێتەوه‌، چونکە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمێنن؛ "بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق"یش یەکێکە لە جێبەجێکارانی ئەو ستراتیژییە!

چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا بڵاو کرایەوە کە لە "باکووری عێراق" (هەرێمی کوردستان) زەبر لە بنکەی سیخوڕیی ئیسڕائیل دراوە." کاتێک کۆی ئەو هەواڵانە و پازلی ڕووداوەکان لە پاڵ یەکتردا ڕیز بکەین، هەوڵێکی ئاراستەکراو ئەوەیە دیمەنێک لە لای ڕای گشتیی عێراق دروست بکەن کە "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئەمریکای داگیرکار و ڕژێمی داگیرکەری قودس."

حەسەن داناییفەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ته‌سنیم" (تسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران، سەبارەت بە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت: "هێرش بۆ سەر بنکە سوپایییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان هەر لە ئاراستەی هێرشكردنه‌ بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و، گەنجانی عێراقیش قبووڵی ناكه‌ن هێزی سوپاییی بیانی لە وڵاتەکەیاندا هه‌بێت."

چڕیی ئەو هێرشانەیش لە کاتێکدایە کە هەر ئێستا دانوستانی ئەتۆمی بۆ "ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی ١+٥" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە بەبێ ئەمریکا لەگەڵ ئەوروپییەکاندا بەڕێوە دەچێت. هەر دوێنی بوو کە "جۆزێپ بوورل"، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا باسی لە "پێشکەوتن"ی دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا کرد.

کۆماری ئیسلامییش بۆ ئەوەی براوەی دانوستانەکە بێت، پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە ئاستی ٦٠%؛ هەروەها بە ڕێگەی ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە لە کۆماری ئیسلامییەوە نزیکن، دەستی داوەتە هێرش و کاری تێکدەرانە بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئیمتیازی زیاتر لە کۆبوونەوەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی وەربگرێت؛ هەروەها ئەوروپییەکانیش بخەنە سەر دووڕێیانی هەڵبژاردن لە نێوان دۆسیەی ئەتۆمی و هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە گۆیا "لە دەرەوەی یاسا"ن. بەڵام ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپییەکان لەو نێوەدا بێدەنگ بن یان تەنیا مەحکوومی بکەن، هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت.

تاکتیکی هێرش بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، ئیستا چووەتە ناو قۆناغێکی ترەوە، ئەویش قۆناغی گوشار و دەسکەوتی زیاترە بۆ کۆماری ئیسلامی. لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کاتێک لە (١٤-٤-٢٠٢١)دا کە هێرش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەیاننامەی هاوبەشی پێنج وڵات تەنیا باس لە مەحکوومکردن دەکات:  "‎حکوومەتەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا  بە توندترین شێوە  ھێرشەکانی ١٤ی ئەم مانگە مەحکووم دەکەین کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دران. پێکەوە لە ڕێی حکوومەتەکانمانەوە پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکانی حکوومەتی عێراق دەکەین لەبارەی ھێرشەکان بۆ دڵنییاییدان کە ئەوانەی ھێرشەکانیان ئەنجام داوە بەرپرسیار دەبن لە بەرانبەر کارەکانیاندا." لەم هەڵوێستەدا کاری ئەو پێنج وڵاتە، کە هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانن، تەنیا مەحکوومکردن و پێشتیوانی لە لێکۆڵینەوەیە کە "لەوانەیە" بکرێت، بەڵام تا ئێستا نموونەیەکی لێبڕاو و شێلگیر لەو بوارەدا نەبووە!

خاڵێکی تر کە زۆر گرینگە، ئەوه‌ چەندان جارە هێرش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەو هێرشانە سێ ئامانج دەپێکن؛ یەکەم دژ بە هێزەکانی ئەمریکای هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی زەبر لەو هاوپەیمانییە بدەن. دووەم، شادەماری پەیوەندیی هەرێمی کوردستان بە دەرەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە و، ڕێگەی هاتوچۆی شاندی بیانی، حکوومی، بازرگانی، ئابووری، دیپلۆماسی و هاتوچۆی هاووڵاتیانە بۆ وڵات. سێیەم، دەخوازن ئەوە پیشان بدەن کە هەرێمی کوردستان سەقامگیر نییە و هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییەیش بوونی هێزەکانی ئەمریکایە. هەر بۆیە پێویستە و دەبێ هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی هاوپەیمانانەوە سنوورێکی ڕوون بۆ ئەو گرووپە دەسکرد و میقاتکراوانە دابنێت؛ هەروەها چەشنێک لەو سیستەمە بەرگرییەی کە ئەمریکا لە بەغدا و لە دەوروبەری باڵوێزخانەکەی دای ناون، لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش دای بمەزرێنێت و هەولێری هاوپەیمان بپارێزێت، چونکە تەنیا بە مەحکوومکردنی هێرشی "گرووپی لە یاسادەرچوو" یان ئەو گرووپانەی "لە دەرەوەی یاسا"ن، کێشەکان نەك تەنیا چارەسەر نابن، بەڵکوو هەم کەڵەکە دەکرێن و هەمیش ئەو گرووپە پڕچەککراو و ئاراستەکراوانه‌ لە کاری خۆیاندا بەردەوام دەبن!