
2016-08-28
ڕێكخستنی سیاسی له عێراقی نوێ‌دا
Political Order in New Iraq
ئه‌م كتێبه، كۆكراوه‌ی چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداری گرنگ و زانستییه كه له لایه‌ن كه‌سانی پله‌به‌رزی ئه‌كادیمییه‌وه ده‌رباره‌ی جه‌نگی ئازادكردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام له پاش 2003 كراوه. ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر ئه‌رك و به ڕاسپارده‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماده و چاپ كراوه. ئه‌م بابه‌ته، ده‌رخه‌ری گرنگی و هه‌ستیاریی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كان و داهاتووی عێراقه بۆ ئێران و ناوچه‌كه. بۆیه‌شه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ زیاتر ئاشنابوون و ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند و ده‌رهاوێشته‌كانی ڕووخانی سه‌دام و سیسته‌می سیاسیی داهاتووی، ئه‌م كتێبه‌ی بۆ ئه‌كادیمی و دروستكه‌رانی بڕیار كۆ كردۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینی و سه‌ره‌نجه و نرخ و به‌های ئه‌م كتێبه زیاتر به‌رز ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك له نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م توێژینه‌وانه له‌سه‌ر داهاتووی عێراق و ڕێژه‌ی زۆری گۆڕانكارییه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان بۆ سیاسه‌تمه‌داران، زۆربه‌ی ئه‌نجام و پێشبینییه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وانه ڕاست و دروست ده‌رچوونه و وه‌كو ئه‌وه وایه كه ئه‌مساڵ نووسرابن.
له لایه‌كی تریشه‌وه، به‌شیكی گرنگ له‌م كتێبه ته‌رخان كراوه بۆ پێگه و داهاتووی كورد و پرسی ده‌وڵه‌تی كوردستان و داهاتووی فیدرالیزم و دیموكراسی و ململانێی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق و داهاتوو و مانه‌وه‌ی عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت، كه بۆ ئیمه‌ی كورد و ئه‌كادیمی و دروستكه‌رانی بڕیار، زۆر گرنگه كه ئاگاداری ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه بین و به‌رچاوڕوونیی زیاترمان هه‌بێت بۆ هه‌نگاونان له عێراق و ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت پرسی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی باشووری كوردستان، چونكه ئه‌م توێژینه‌وانه له لایه‌ن كه‌سانی پسپۆر و به‌ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه نووسراون. ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی دراوسێمان( كه خاوه‌ن نفووز و ده‌سه‌ڵاتی حاشاهه‌ڵنه‌گره له عێراقدا) ئه‌وه‌نده گرنگ بێت، ئه‌ی ده‌بێت گرنگییه‌كه‌ی بۆ ئێمه چه‌ند بێت؟
لێره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین، به‌كورتی، به‌شه جیاوازه‌كان و بیروڕاكانی نووسه‌رانی بخه‌ینه به‌ر دیدی ئێوه‌ی ئه‌كادیمی و خوێنه‌رانی به‌ڕێز و هه‌روه‌ها دروستكه‌رانی بڕیار له هه‌رێمی كوردستان-عێراق.
به‌شی یه‌كه‌م(Lawrence Freedman, War in Iraq: Selling The Threat, Survivial, vol.46, No.2, summer 2004, pp.7-50): له لایه‌ن لۆرێنز فریدمه‌ن، پڕۆفیسۆری لێكۆڵینه‌وه‌ی جه‌نگ و یاریده‌ده‌ری توێژینه‌وه‌ی كۆلێژی كینگزی له‌نده‌ن نووسراوه، به ناونیشانی: (جه‌نگ له عێراق: گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڕەشه). له‌م به‌شه‌دا، نووسه‌ر سه‌ره‌تا باس له هۆكار و چۆنیه‌تیی هێرشی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و بریتانیا بۆ سه‌ر عێراقی ژێر كۆنترۆڵی ڕژێمی سه‌دام ده‌كات. له باسی یه‌كه‌مدا به ناونیشانی(The decline of containment)، نووسه‌ر باس له سروشتی ئه‌م ڕژیمه و شكستی هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ له‌خۆگرتن و كۆنترۆڵكردنی سه‌دام و هه‌روه‌ها بڕیاری 688 و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی كوده‌تا بۆ له‌ناوبردنی سه‌دام ده‌كات، هه‌روه‌ها باس له دوو قۆناغی پێش 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001 و دوای 11ی سێپته‌مبه‌ر و گۆڕان له جۆری هه‌وڵه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردن و سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌هه‌مبه‌ر عێراق ده‌كات.
له باسێكی تردا، فریدمه‌ن، په‌یوه‌ندیی عێراق به ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده و ڕوانگه‌ی CIA و ئیداره‌ی ئه‌مریكی له‌م باره‌یه‌وه شی ده‌كاته‌وه. له باسی دواتردا نووسه‌ر باس له ستراتیژیی چه‌كه كۆكوژه‌كانی سه‌دام ده‌كات. فریدمان، له باسێكی تردا، دووباره بونیادنانه‌وه‌ی عێراق وه‌كو هیوا یاخود ڕاستییه‌ك، ده‌خاته به‌رباس و لێكدانه‌وه. فریدمه‌ن ڕۆڵی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاره‌كانی ده‌رباره‌ی عێراق و ته‌نانه‌ت كه‌موكوڕیی ئه‌م ڕێكخراوه له عێراق له م په‌یوه‌ندییه ده‌خاته ڕوو. له به‌شی كۆتاییدا، نووسه‌ر هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ و ئاسه‌واره‌كانی بۆ عێراق و ناوچه‌كه ده‌خاته به‌رباس و له ئه‌نجامدا ڕای خۆی له‌سه‌ر دروستبوون یاخود هه‌ڵه‌بوونی بڕیاری هێرشكردنه سه‌ر عێراق له 2003 به‌پێی زانیاریی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و ڕه‌فتاری دژبه‌رانه‌ی سه‌دام و هه‌روه‌ها ئه‌لقاعده ده‌خاته ڕوو.
به‌شی دووه‌م له‌لایه‌ن "ئه‌ندێریاس وایمه‌ر"، پڕۆفیسۆری كۆمه‌ڵناسیی زانكۆی كا‌لیفۆرنیا له لۆسه‌نجلێس به ناونیشانی: (دیموكراسی و ململانێی ئه‌تنیكی- ئایینی له عێراق) نووسراوه. (Andreas Wimmer, Democracy and Ethno-Religious Conflict in Iraq, Survival, Vol.45, No. 4, Winter 2003-2004, pp. 111-134)
سه‌ره‌تا، نووسه‌ر باس له دۆخی جه‌نگ له عێراق و به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ سۆماڵی و سیرالیۆن و كۆڵۆمبیا و زئیر و، هه‌روه‌ها باسی پێویستیی دووباره داڕشتنه‌وه و بونیادنانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و په‌یوه‌ندییان به دیموكراسییه‌وه، كه به‌ڵێنی سه‌رۆك جۆرج بۆش بوو، ده‌كات. نووسه‌ر، ئاسته‌نگه‌كانی بونیادی دیموكراسی له عێراق ده‌خاته ڕوو. له باسی یه‌كه‌مدا به ناونیشانی: "دیموكراسی و ململانێی نه‌ته‌وه‌یی"، وایمه‌ر ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه دیموكراسی به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌سازان له نێوان نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تێكدا دروست بكات و كۆتایی به ململانێكان بێنێت.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی لێكترازانه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان له عێراق، له باسی دووه‌مدا نووسه‌ر له ژێر ناونیشانی "سه‌رهه‌ڵدانی پرسی نه‌ته‌وه‌یی له عێراق"، هه‌وڵ ده‌دات تیشك بخاته سه‌ر هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئه‌م پرس و كێشه‌یه له بونیادی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی عێراق. له باسێكی تردا، نووسه‌ر، بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕه‌گ و ڕیشه‌كانی ئه‌م ململانێیه، باس له "به‌عه‌ره‌بیكردنی ده‌وڵه‌ت" له عێراق ده‌كات له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له 1921 تاوه‌كو 1932 و پاشان له 1932 تاوه‌كو 1958 و ڕۆڵی سوپا، قوتابخانه و دامه‌زراوه‌كانی تری حكوومی ده‌خاته ڕوو.
پاش ئه‌وه، وایمه‌ر له باسێكدا به ناونیشانی "شۆڕشه‌كانی كورد و شیعه‌كان"، به‌رهه‌ڵستیی كورد و شیعه‌كان به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سڕینه‌وه و په‌راوێزخستن ده‌خاته به‌ر لێكۆڵینه‌وه و، باس له به‌هێزبوونی ناسیۆنالیزمی كوردی و شیعه‌گه‌راییی سیاسی ده‌كات و ڕوونی ده‌كاته‌وه كه پاش 1991، چۆن ئه‌م لێكترازانه به هۆی سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی حكوومه‌ته‌كانی عێراق له نێوان كورد و عه‌ره‌ب له لایه‌ك و سوننه و شیعه له لایه‌كی تره‌وه، دیسان خۆی ده‌رده‌خاته‌وه. له باسێكی تردا، نووسه‌ر به‌پێی ئه‌م مێژوو و لێكدانه‌وه‌یه، دۆخی ئێستای عێراق پاش 2003 ده‌خاته به‌ر باس. له باسێكدا به ناونیشانی "دیزاینكردنی دامه‌زراوه دیموكراتیكه‌كان بۆ عێراق"، وایمه‌ر باس له به‌ربه‌سته مێژوویی و كه‌لتووری و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی به‌رده‌م دیموكراسی له عێراق ده‌كات. باسێكی تر، به ناونیشانی "فیدرالیزم: چه‌ند و چۆن؟"، نووسه‌ر ئاست و ڕێژه و چۆنیه‌تیی بونیادنانی ئه‌و فیدرالییه‌ته بۆ عێراق، بۆ كۆتاییهێنان به ململانێ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان ده‌خاته ڕوو.
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌ره‌نجه، نووسه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه له‌وانه‌یه كوردستان دوو فیدرالییه‌تی پێویست بێت، ئه‌ویش به هۆی ناكۆكیی نێوان یه‌كێتیی نشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان. هه‌روه‌ها خاڵێكی زۆر گرنگ كه وایمه‌ر ئه‌و كاته باسی لێوه ده‌کرد ئه‌وه‌یه كه بۆ دووركه‌وتنه‌وه له جه‌نگ له نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه فیدراڵییه‌كان، كه بووه هۆی لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یۆگۆسلاڤیا، پێویسته له عێراق" فیدرالیزمی دارایی" بێته ئاراوه. له باسی كۆتاییدا، نووسه‌ر باس له "خشته‌ی كات و پاڵپشتیی ده‌ره‌كی" بۆ گواستنه‌وه به‌ره‌و دیموكراسی ده‌كات. به‌م مانایه كه پێویسته له ده‌ره‌وه‌یش یارمه‌تیی دامه‌زراوه دیموكراسییه‌كان و دامه‌زراندنی دیموكراسی له ناوخۆی عێراق بدرێت، به هۆی نه‌بوونی كه‌لتوور و نه‌ریتی دیموكراسی و دامه‌زراوه‌ی پێویست بۆ جێگیركردنی دیموكراسی له عێراقدا. هه‌رچه‌نده نایشارێته‌وه كه له‌وانه‌یه ئه‌م پرۆسه‌یه زۆر دوور و درێژ و ناڕوون بێت و ته‌نانه‌ت سه‌ركه‌وتوویش نه‌بێت.
به‌شی سێیه‌م له كتێبه‌كه، به ناونیشانی"ئایا فیدرالیزم عێراق سه‌قامگیر ده‌كات؟"، له لایه‌ن توێژه‌ر"داڤن برانكاتی"، له ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسه‌تی دیموكراتیك له زانكۆی پرینستۆن نووسراوه.
(Dawn Brancati, Can Federalism Stabilize Iraq? The Washington Quarterly, Vol. 27, No. 2, spring 2004, pp. 7-21.)
له پێشه‌كیدا، نووسه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌مریكا، نۆ مانگ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پلانی جه‌نگ كاتی دانابوو به‌ڵام ته‌نیا بیست و هه‌شت ڕۆژ 28، كاتی بۆ ئاشتی ته‌رخان كرد. به بڕوای نووسه‌ر، بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێك كه دیموكراتیك بێت، پێویسته هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان له‌خۆ بگریت و به‌م پێیه‌یش فیدرالیزم ده‌توانێت ئه‌و مۆدێله بێت كه كۆتایی به جه‌نگ و خوێنڕشتن بێنێت له عێراقدا. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه جه‌نگ و توندوتیژی به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كوو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق.
له باسێكدا به ناونیشانی "دابه‌شكردنی هێڵه‌كان له عێراق"، نووسه‌ر بڕوای وایه كه ئه‌م هێڵه مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یییانه، ده‌بێت ئه‌و ناسنامانه بپارێزێت، چونكه دۆخی عێراق زۆر له دۆخی بۆسنیا دژوارتره. مێژووی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌كانی تر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌وه، بارودۆخه‌كه‌ی زۆر ئاڵۆزتر كردووه. به‌م مانایه كه فیدرالیزم ده‌توانێت ئه‌و هێڵه بێت كه ڕێگه له قووڵبوونه‌وه‌ی پێكدادان و ناكۆكییه مه‌زهه‌بی و ئه‌تنیكییه‌كان بگرێت.
له باسێكی تردا به ناونیشانی" زه‌مینه‌ی هاوبه‌ش"، توێژه‌ر به‌رواردێك له نێوان دۆخی پێكهاته جۆراوجۆره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی به‌لژیكا و سویسرا و كه‌نه‌دا و هیندستان و ئیسپانیا ده‌كات و، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه فیدرالیزم ده‌توانێت له ڕووی سیاسییه‌وه ببێته هۆی به‌هێزبوونی پارته سیاسییه میانڕۆكان. هه‌روه‌ها نووسه‌ر باس له مه‌ترسیی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی عێراق له فیدرالیزم، به‌تایبه‌ت كورده‌كان ده‌كات. به‌ڵام بڕاوی وایه كه پێویسته ئه‌مریكا پاڵپشتی له فیدرالیزمی عێراق بكات. ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌ره‌نجه، نووسه‌ر بڕوای وایه كه پاشه‌كشه و ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق، دۆخی عێراق به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌بات و شكست به هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بونیادنانی دیموكراسی و سه‌قامگیری و فیدرالیزم دێنێت. له باسێكی دیكه‌یدا، نووسه‌ر باس له به‌هێزكردنی خاڵه ئه‌رێنییه‌كان و سڕینه‌وه‌ی خاڵه نه‌رێنییه‌كان ده‌كات. به‌م مانایه كه پێویسته هێزه سیاسی و ئابوورییه‌كان به شێوه‌ی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراقدا دابه‌ش بكرێت. واته، پێویسته ده‌سه‌ڵاته هه‌رێمییه‌كان هێزی سیاسی و داراییی زۆریان هه‌بێت. بۆ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی پێویستیی ئه‌مه‌یش، توێژه‌ر نموونه‌ی شكستی فیدرالیزمی نایجیریا و ئه‌ندۆنیزیا و مالیزیا دێنێته‌وه كه پێنه‌دانی ده‌سه‌ڵاتی پێویست به هه‌رێمه فیدرالییه‌كان، بووه هۆی شكستی فیدرالیزم و به‌هێزبوونی ویستی جیابوونه‌وه‌خوازی.
هه‌روه‌ها نووسه‌ر بڕوای وایه كه پێویسته بێجگه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و پاره و به‌رگری، ئه‌وانه‌ی تر بدرێته ده‌سه‌ڵاته خۆجێیییه‌كان و هه‌رێمه فیدرالییه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌و پێكهاتانه‌یش بۆ گه‌ره‌نتی و متمانه له مانه‌وه‌ی خۆیان، سوپای تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت. هه‌روه‌ها توێژه‌ر، باس له دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه و یه‌كسانی داهاتی عێراق له نه‌وت ده‌كات بۆ سڕینه‌وه‌ی جیاكارییه‌كان و، ته‌نانه‌ت پرسی كه‌ركووك ده‌خاته ڕوو.
نووسه‌ر له باسێكی تری‌دا به ناونیشانی "سنووره ناوچه‌یییه‌كان به درێژاییی هێڵی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ك له‌نێو ئه‌و هێلانه"، باس له گرنگیی ئه‌و پرسه بۆ كه‌مكردنه‌وه و كۆتاییهێنان به توندوتیژی و پێكدادان له عێراق ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه و مه‌ترسییه‌كان بۆ دابه‌شبوونی عێراق. به‌م مانایه كه نووسه‌ر، هه‌ردوو ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانی داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه "له‌نێو یاخود له‌نێوان" ئه‌و سنووره مه‌زهه‌بی- نه‌ته‌وه‌یییانه ده‌خاته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و، نموونه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی سه‌ركه‌وتوو و شكستخواردوو له‌و بواره‌دا ده‌خاته ڕوو.
بۆیه، نووسه‌ر، باسێكی گرنگ له‌سه‌ر كه‌ركووك ده‌كات و پێشنیار ده‌كات كه كه‌ركووك بۆ كۆتاییهێنان به بارگرژی و توندوتیژی و ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی جه‌نگ له نێوان كورد و حكوومه‌تی ناوه‌ندیدا، بخرێته‌وه سه‌ر ئه‌و هه‌رێم و ناوچه‌یه‌ی كه له‌ژێر كۆنترۆڵی كورده‌كاندایه. به‌ڵام میكانیزمی گونجاویش بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێی توركیا و عێراقییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه ده‌خاته ڕوو.
له دوا باسیدا، توێژه‌ر به ناونیشانی "نه هه‌ر سیسته‌مێکی فیدراڵی"، باس له‌وه ده‌كات كه شكستی ئه‌زموونی فیدراڵی له عێراق نه‌ك ته‌نیا مه‌ترسیی بۆ هه‌موو عێراق هه‌یه، به‌ڵكو كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی ئاسایش و ئاشتی له ناوچه‌كه و ده‌وڵه‌تانی تر هه‌یه و له‌وانه‌یه ببێته هۆی تێكچوونی ئاشتی و ئاسایشی ناوچه‌كه و زیاتربوونی بارگرژیی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی توندڕه‌وی ئایینی له ناوچه‌كه‌دا. به‌ڵام، پێویسته ئه‌م فیدرالییه‌ته تایبه‌ت بێت و ڕه‌چاوی بارودۆخی تایبه‌تی پێكهاته‌كانی عێراقی كردبێت و ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتر بداته هه‌رێمه‌كان و كه‌ركووكیش بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و، ئه‌مه، پارته ناسنامه‌گه‌را توندڕه‌وه‌كان لاواز ده‌كات.
به‌شی چواره‌م به ناونیشانی "دروستكردنی عێراقێكی دیموكراتیك: ده‌رفه‌ته‌كان و به‌ربه‌ست و هه‌ڕه‌شه‌كان)، له لایه‌ن "دانیه‌ل بایمه‌ن"، مامۆستای لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی له زانكۆی جۆرج تاون و توێژه‌ری باڵای لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دامه‌زراوه‌ی بروكینگز، نووسراوه.
(Daniel Byman, Constructing a Democratic Iraq: Challenges and Opportunities, International Security, Vol. 28, No. 1, Summer 2003, pp. 47-78.)
له پێشه‌كیدا، نووسه‌ر تیشك ده‌خاته سه‌ر وته‌كانی كاربه‌ده‌ستان و ستراتیژیسته‌كانی ئه‌مریكا له به‌شداریی هه‌موو عێراقییه‌كان له بونیادنانی عێراقێكی دیموكراتیك له پاش ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام و بۆیه به‌م پرسیاره ده‌ست پێ ده‌كات كه به هۆی نه‌بوونی زه‌مینه و كه‌لتوور و دامه‌زراوه‌ی دیموكراسی و ناكۆكیی قووڵی پێكهاته‌كان له عێراقدا، ئایا ئه‌وه ده‌كرێت؟ بۆیه‌یش نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا به‌ربه‌ست و مه‌ترسییه‌كان له‌م پرۆسه‌یه‌دا (دیموكراتیزه‌كردنی عێراق) ڕوون بكاته‌وه.
گرنگترین ئه‌و به‌ربه‌ست و هه‌ڕه‌شانه‌یش بریتین له: بوونی حكوومه‌تێكی لاواز و دروستبوونی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی و نه‌بوونی ناسنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی یه‌كگرتوو له نێوان پێكهاته‌كانی عێراق و ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی نه‌رێنیی توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران و، نه‌بوونی كه‌لتوور و نه‌ریتی دیموكراسی و ئه‌گه‌ری زیاتربوونی ڕۆڵی نوخبه‌كانی لایه‌نگری جه‌نگ و توندوتیژی.
له باسی یه‌كه‌مدا، نووسه‌ر له‌ژێر ناونیشانی "چاكه و باشییه‌كانی دیموكراسی"، هه‌وڵ ده‌دات دیموكراسی وه‌كو شێواز و مۆدێلێكی حوكمڕانی بۆ سڕینه‌وه‌ی بارگرژی و جیاكاری و پێكه‌وه‌ژیانی هاووڵاتی و ناسنامه‌كانی عێراق له ڕێگه‌ی به‌شداری و هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌قینه و بێگه‌رد و ئازاده‌وه بخاته ڕوو.
له باسی دووه‌مدا، توێژه‌ر به ناونیشانی "به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م دیموكراسی له كۆمه‌ڵگه دابه‌شبووه‌كاندا"، باس له‌وه ده‌كات كه دیموكراسی، سه‌ره‌ڕای بوونی خاڵی زۆری ئه‌رێنی، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه فره‌پێكهاته‌كاندا كه به‌سه‌ر هێڵه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی و نه‌ژادی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كاندا دابه‌ش بووه، كار ناكات. به‌م واتایه كه هه‌میشه مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه كه پێكهاته‌ی زۆرینه، له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئامراز و ڕێوشوێنه دیموكراسییه‌كانه‌وه "زۆرداریی زۆرینه" دروست بكات. ئه‌مه‌یش ده‌نگ و ناسنامه‌ی كه‌مینه‌كان ده‌خاته په‌راوێزه‌وه. به بڕوای نووسه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه كه هه‌میشه كه‌مینه‌كان، میكانیزمی زۆرینه و كه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردن له دیموكراسیی زۆرینه- كه‌مینه‌دا ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
له عێراقیش، به هۆی زۆرینه‌بوونی پێكهاته‌ی شیعه، هه‌میشه ئه‌و مه‌ترسییه له ئارادایه. بۆیه، كورد و سوننه، ئه‌م جۆره له دیموكراسی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه. له باسێكی تردا به ناونیشانی "چاوه‌ڕوانی و مه‌ترسییه‌كان له مۆدێلێكی فیدراڵ"دا، توێژه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه هه‌م عێراقییه‌كان و هه‌م ئه‌مریكییه‌كان له‌م مه‌ترسییانه ئاگادارن و بۆیه‌شه پێش ڕووخانی سه‌دام، لایه‌نه‌كان پێداگرییان له‌سه‌ر پێكهێنانی سیسته‌مێكی فیدراڵی له پاش سه‌دام ده‌كرده‌وه. به‌ڵام نووسه‌ر، مه‌ترسییه‌كانیش بۆ لاوازبوونی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له عێراق، به هۆی فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه نه‌ك جوگرافیا، ده‌خاته به‌ر باس.
له باسێكی تردا، نووسه‌ر باس له " مه‌ترسییه‌كانی قۆناغی گواستنه‌وه" ده‌كات. به‌م واتایه كه نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات باس له په‌یوه‌ندیی ناسه‌قامگیری و پرۆسه‌ی به‌دیموكراسیكردنی ده‌وڵه‌تان بكات و نموونه‌ی بۆ دێنێته‌وه. توێژه‌ر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا، نوخبه و ناسنامه‌كان هه‌ست به ئاسایش ناكه‌ن چونكه حكوومه‌تێكی لاواز، بوونی هه‌یه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یش له ئارادایه كه هه‌ندێ له نوخبه‌كان ئه‌م ده‌رفه‌ته بقۆزنه‌وه. له باسیكی تردا، توێژه‌ر "مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی بوونی حكوومه‌تیكی لاواز له عێراق" ده‌خاته ڕوو.
هه‌روه‌ها له باسێكی تردا "نه‌بوونی ناسنامه‌یه‌كی یه‌كپارچه و هاوبه‌ش"، وه‌كو مه‌ترسییه‌ك بۆ دیموكراسی له عێراق پێناسه ده‌كات، كه له ڕووی مێژووییه‌وه بوونی هه‌بووه و ئێستایش ئه‌م لێكترازانه چالاك بووه. بۆیه، فاكته‌ره هاوبه‌شه‌كانی نه‌ته‌وه‌سازی وه‌كو په‌روه‌رده و فێركردن و زمان و مێژوو، لێره‌دا ناتوانرێ كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێت.
له باسێكی تردا، به ناونیشانی "ململانێكانی نێو سنووره‌كان له عێراق" نووسه‌ر باس له‌و هێله پێكدادانە نه‌ته‌وه - مه‌زهه‌بییه‌ی سنووری نێوان پێكهاته‌كانی عێراق ده‌كات. به بڕوای توێژه‌ر، خاڵێكی تری ئه‌و سنوورانه به‌ربه‌ست و مه‌ترسین له به‌رده‌م دیموكراتیزه‌بوونی عێراق و ئه‌گه‌ری پێكدادان زیاتر ده‌كه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها نووسه‌ر مه‌ترسیی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی عێراق، وه‌كو مه‌ترسییه‌ك بۆ داهاتووی عێراق ده‌ناسێنێت، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی سوننه و ئێران. توێژه‌ر، له باسێكی تری‌دا، ڕۆڵی نوخبه‌كان بۆ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له عێراق ڕوون ده‌كاته‌وه و به گرنگی ده‌زانێت. چونكه ئه‌و نوخبانه ده‌توانن به هۆی مه‌ترسیی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، ڕێگه له دیموكراتیزه‌بوونی عێراق بگرن. بۆ نموونه سوننه‌كان، كه له سه‌رده‌می به‌عسدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه و ئێستا له‌ده‌ستیان داوه.
خاڵێكی تر، كه توێژه‌ر تیشكی ده‌خاته سه‌ر، له باسێكدا به ناونیشانی "نه‌بوونی نه‌ریتی دیموكراسی"، وه‌كو مه‌ترسییه‌ك بۆ به‌رده‌وامنه‌بوونی دیموكراتیزه‌كردن ده‌ناسرێت. به هۆی نه‌بوونی ئه‌م نه‌ریته له عێراقیش، به‌رده‌وام مه‌ترسیی پاشه‌كشه‌ی ڕه‌وتی دیموكراسی له عێراقدا هه‌یه. هه‌روه‌ها نووسه‌ر، باس له‌وه‌یش ده‌كات كه پێش ڕووخانی سه‌دام، هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی شه‌رعی و نیشتیمانیی عێراقی سه‌رتاسه‌ریی ئۆپۆزیسۆن، كه بڕوای قووڵی به دیموكراسی هه‌بێت، بوونی نه‌بووه.
له باسی كۆتاییدا، نووسه‌ر باس له گه‌شبینی بۆ داهاتوو ده‌كات و نموونه‌ی هه‌رێمی كوردستان دێنێته‌وه كه سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین كێشه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ڕابردوو، به‌ڵام هه‌وڵی دیموكراتیزه‌بوون و گه‌شه‌پێدانی سیاسی و ئابووری ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها، نووسه‌ر بڕوای وایه كه به پاڵپشتی و یارمه‌تیی ئه‌مریكا و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ده‌كرێ عێراقیش دیموكراتیزه بكرێت. ئه‌مه‌یش به چه‌ند هه‌نگاوی یه‌كه‌م: پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه ئاسایشییه‌كان و توندوتیژی. دووه‌م: ڕێگه‌گرتن له ده‌ستێوه‌ردانی دراوسێیه‌كانی عێراق له كاروباری ناوخۆییی عێراق، به‌تایبه‌ت ڕۆڵی سلبیی ئێران له عێراق و پاشان توركیا. سێیه‌م:ڕۆڵی نوخبه میانڕه‌وه‌كان له عێراق و پاڵپشتییان له لایه‌ن ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانییه‌وه. بۆیه، نووسه‌ر ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه، شكستی دیموكراتیزاسیۆن له عێراق، ده‌توانێت كاریگه‌ری و ئاسه‌واری وێرانكه‌ر و مه‌ترسیداری نه‌ك بۆ عێراق، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ناوچه‌كه هه‌بێت.
به‌شی پێنجه‌می كتێبه‌كه، تایبه‌ته به نووسینی " هادی ئه‌لیس" به ناونیشانی "داخوازیی كورده‌كان بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و داهاتووی عێراق).
(Hadi Elis, The Kurdish Demand for Statehood and the Future of Iraq, the journal of social, political, and economic studies, summer 2004, Vol. 29, No. 2, pp. 191-209.)
نووسه‌ر، له پێشه‌كیدا باس له‌وه ده‌كات كه بۆ دووه‌مین جاره كه پرسی عێراق به نێوده‌وڵه‌تی ده‌كریت؛ یه‌كه‌میان له پاش لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و، ئێستا به هۆی نه‌مانی ڕژێمی سه‌دام. هه‌روه‌ها ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ڵه‌ی دروستكردنی عێراق، ئه‌وه‌ی لێ كه‌وتۆته‌وه كه به ده‌وڵه‌تی شكستخوادروو ده‌ناسرێت. كورده‌كانیش نیشانیان داوه كه به‌مه ڕازی نه‌بوونه. له باسی یه‌كه‌مدا، نووسه‌ر" زه‌مینه‌ی میژوویی" ده‌خاته ڕوو و باس له كورده‌كان و مێژوویان ده‌كات و پاشان باس له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له عێراق ده‌كات.
له باسێكی تردا، نووسه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤدۆستانه له ساڵی 1991 له كوردستانی عێراق، وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكوومه‌تی سه‌دام و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له كوردستان و پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. له باسی سێیه‌مدا، توێژه‌ر "پرسی ئۆتۆنۆمی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و دانپێدانان به دیفاكتۆی ده‌وڵه‌تی كوردی" ده‌خاته ڕوو. لێره، نووسه‌ر ئاماژه به هه‌موو ئه‌و ڕێككه‌تننامه نێوده‌وڵه‌تی و فاكته‌ر و ڕه‌گه‌زانه ده‌كات، كه وا ده‌كات هه‌رێمی كوردستان وه‌كو "ده‌وڵه‌ت" بناسرێت.
هه‌روه‌ها نووسه‌ر، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان به فاكته‌ری سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌ناسێنێت. له باسی چواره‌مدا، نووسه‌ر هه‌ڵوێستی عه‌ربه سوننه و شیعه‌كان له‌م باره‌یه‌وه ده‌خاته ڕوو. له باسی پێنجه‌میشدا هه‌ڵوێستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌م باره‌یه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه، وه‌كو توركیا، سووریا، ئێران، توركیا، یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئه‌مریكا و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. له باسی كۆتاییشدا، توێژه‌ر دید و بۆچوونی خۆی بۆ داهاتووی نادیاری ئه‌م پرسه ده‌خاته ڕوو و ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ره‌نجه، ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر باس له‌وه ده‌كات (به‌پێی مێژووی نووسینی بابه‌ته‌كه)، كه ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوی ماف و داواكاری و ویستی كورده‌كان نه‌كرێ، ئه‌وه هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كورده‌كان جگه له جیابوونه‌وه و كشانه‌وه له عێراق نامێنیته‌وه؛ چونكه به‌شداری له حكوومه‌تی تازه دامه‌زراوی عێراق، پێگه‌ی كورده‌كانی لاواز كردووه. هه‌روه‌ها ناوبراو، ئیسلامییه ڕادیكاڵه‌كان و به‌عسییه‌كان به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ داهاتووی عێراق ده‌زانێت.
به‌شی شه‌شه‌می كتێبه‌كه به ناونیشانی "ده‌رهاوێشته ناوچه‌یییه‌كانی دووباره ژیانه‌وه‌ی شیعه له عێراق)، له لایه‌ن "وه‌لی نه‌سر"، پڕۆفیسۆر له سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باشووری ئاسیا له به‌شی كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له قوتابخانه‌ی باڵای زانسته ده‌ریایییه‌كان له مانتێری كا‌لیفۆرنیا.
(Vali Nasr, Regional Implication of Shia Revival in Iraq, The Washington Qurterly, Vol. 27, No. 3, Summer 2004, pp. 7-24.)
له سه‌ره‌تادا، نووسه‌ر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، كه به ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام هاوسه‌نگیی هێزی تائیفی له ناوخۆ و ناوچه‌كه تێك چووه. كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه ده‌بێت. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه‌یش توێژه‌ر له ڕووی مێژوویییه‌وه پێگه و دۆخی شیعه‌كان له عێراق و ناوچه باس ده‌كات. له باسێكی تردا، "میراتی شیعیی ناوچه‌كه"، نووسه‌ر باس له دابه‌شبوونی شیعه‌كان له ناوچه‌كه و جیهانی ئیسلام و ڕێژه و دۆخ و پێگه‌یان به‌تایبه‌ت پاش شۆڕشی ئیسلامی-شیعیی ئێران ده‌كات. هه‌روه‌ها باس له " كاردانه‌وه‌ی سوننه‌كان" له پاش شۆڕشی شیعی-ئیسلامیی ئێران ده‌كات و له باسێكی تردا ئاماژە بە كاردانه‌وه‌یان له ده‌وڵه‌ته جۆراوجۆره سوننه‌كان له هه‌مبه‌ر سیاسه‌ت و گوتاری سیاسی– ئایینیی خومه‌ینی ده‌كات.
له باسێكی تردا، ناوبراو باس له سعوودیا و پرسی وه‌هابیه‌ت و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی توندڕه‌وی شیعه و سوننه له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا ده‌كات. له باسێكی تردا نووسه‌ر باس له "به‌ربه‌سته‌كانی عێراقی شیعی!" و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئیڕان و ڕۆڵی ناوه‌نده ئایینییه‌كان و مه‌لاكانی شیعه و مه‌رجه‌عه ئایینییه‌كان ده‌كات. توێژه‌ر له باسێكی تردا، ده‌رهاوێشته ناوچه‌یییه‌كانی ئه‌م گۆڕانكارییانه ده‌خاته ڕوو و، ئه‌م ژیانه‌وه‌یه‌ی شیعه و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا شی ده‌كاته‌وه.
له باسی كۆتاییشدا، توێژه‌ر، ده‌رهاوێشته سیاسییه‌كانی ئه‌م ژیانه‌وه‌یه له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تائیفه‌گه‌رایی و توندڕه‌ویی ئایینی ده‌خاته ڕوو و پێشنیاز ده‌كات كه ئه‌مریكا له هه‌مبه‌ر سوننه‌كان پاڵپشتی له شیعه‌كان بكات بۆ هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی نفووزی سوننه‌كان له جیهانی ئیسلام و ناوچه‌كه و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئه‌لقاعیده و گروپه توندڕه‌وه سوننه‌كان.
به‌شی حه‌وته‌می كتێبه‌كه به ناونیشانی "په‌ره‌سه‌ندنی سیاسیی شیعه له عێراق: حزبی ئیسلامیی دعوه وه‌ك نموونه) له‌لایه‌ن "ڕاجێر شاناهان"، توێژه‌ر له دامه‌زراوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسیا و پاسێفیك له زانكۆی سیدنیی ئۆسترالیا و وانه‌بێژ له به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی هه‌مان زانكۆ، نووسراوه.
(Rodger Shanahan, Shia Plolitical Development in Iraq: The Case of The Islamic Da Wa Party, Third World Quarterly, Vol. 25, No. 5, pp. 943-954, 2004.)
توێژه‌ر له پێشه‌كیدا باس له ده‌رهاوێشته‌كانی ڕووخانی به‌عس له عێراق و هاتنه‌سه‌ركاری شیعه‌كان ده‌كات و له‌م ناوه‌نده‌یشدا ڕۆڵی حزبی الدعوه له نێو گرووپه شیعه‌كانی تر، ده‌خاته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه. له باسی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر مێژووی دروستبوونی ئه‌م حزبه و ڕه‌گ ڕیشه و هۆكاری دروستبوون و گۆڕانكارییه‌كانی و قۆناغه گرنگه‌كانی ژیانی ئه‌م حزبه، ده‌خاته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه. له باسێكی تردا باس له ئایدۆلۆژیای ئه‌م حزبه ده‌كات.
له باسی سێیه‌مدا، توێژه‌ر باس له ڕێكخراو و ڕێكخستنی ئه‌م حزبه ده‌كات. هه‌روه‌ها له باسی چواره‌م، باس له په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م حزبه ده‌كات. له باسی پێنجه‌مدا نووسه‌ر ڕۆڵ و پێگه‌ی الدعوه له عێراقی پاش سه‌دام و، ده‌ره‌نجامه‌كان و داهاتووی ئه‌م حزبه و حزبه ئیسلامییه‌كان له عێراق ده‌خاته ڕوو.
به‌شی هه‌شته‌می كتێبه‌كه به ناونیشانی "عێراق: به‌ربه‌سته‌كان، پێشكه‌وتنه‌كان و ڕوانگه‌كان"، له لایه‌ن " ئه‌دید داویشا" پڕۆفیسۆری زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی مه‌یامی له ویلایه‌تی ئۆهایۆ له ئه‌مریكا، نووسراوه.
(Adeed Dawisha, Iraq: Setbacks, Advances, Prospects, Journal of Democracy, January 2004, Vol. 15, No. 1, pp. 5-20.)
نووسه‌ر، له پێشه‌كیی توێژینه‌وه‌كه‌یدا باس له ئامانجی توێژینه‌وه‌كه‌ی ده‌كات كه بریتییه له ده‌ستنیشانكردنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌دیموكراسیكردنی عێراق و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی عێراق و گۆڕانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوه‌ن لانی كه‌می دیموكراسی و هه‌ڵسه‌نگاندنی گۆڕانكارییه‌كان له پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و له كۆتاییدا، هه‌لومه‌رجی دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی جێگیری دیموكراتیك له عێراقدا.
له باسی یه‌كه‌م، نووسه‌ر ده‌چێته سه‌ر كێشه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك و دروستبوونی ڕێكخراو و گرووپی توندڕه‌وه‌ی چه‌كدار. هه‌روه‌ها نووسه‌ر هۆكاری به‌رگرییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوننه‌كان له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ده‌خاته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه. له باسێكی تردا، توێژه‌ر باس له ئه‌نجوومه‌نی حوكمڕانی و كابینه‌ی كاتیی عێراق و ڕه‌وایه‌تیی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه و هۆكاری ڕه‌خنه‌گرتن و دژایه‌تیی ئه‌م كابینه‌یه ده‌كات.
پاشان له باسێكی تردا، نووسه‌ر باس له چۆنیه‌تیی دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕۆڵی پارته سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و په‌یوه‌ندییان به نه‌ته‌وه و ناسنامه‌كان ده‌كات. له باسێكی تردا، توێژه‌ر چۆنیه‌تیی دروستبوونی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان و هه‌روه‌ها به‌شداری و هه‌ڵبژاردن و به‌ربه‌سته‌كانی له عێراق، ده‌خاته به‌رباس و لێكدانه‌وه. له باسی كۆتاییدا، توێژه‌ر ڕوانگه و چاوه‌روانییه‌كان بۆ داهاتوو ده‌خاته ڕوو. هه‌روه‌ها له‌م باسه‌دا، نووسه‌ر ئاماژه به هه‌ڵه‌ی هاوپه‌یمانان و ئه‌نجوومه‌نی حوكم ده‌كات و ئاماری دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی ڕێژه‌ی پاڵپشتی و ئۆمێد به داهاتوو له نێو هاووڵاتیانی عێراق ده‌خاته ڕوو. نووسه‌ر له ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌یشدا، چه‌ند پێشنیازێك بۆ سه‌ركه‌وتنی دیموكراسی له عێراق پێشكه‌ش ده‌كات.
به‌شی نۆیه‌م و به‌شی كۆتاییی ئه‌م كتێبه له ژێر ناونیشانی "ڕۆڵی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه‌سازیدا: له ئه‌ڵمانیاوه بۆ عێراق)، له لایه‌ن "جه‌یمز دوبینز" نووسراوه، كه نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك كلینتۆن له ده‌وڵه‌تانی سۆماڵی و بۆسنیا و كۆسۆڤۆ بووه. له پاش ڕووداوی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001، بوو به نوێنه‌ری جۆرج بۆش له ئه‌فغانستان. هه‌روه‌ها ناوبراو باڵیۆزی ئه‌مریكا بووه له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئێستا به‌رپرسی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسه‌تی به‌رگری و ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌یییه له دامه‌زراوه‌ی RAND.
(James F. Dobbins, Americas Role in Nation-Building: From Germany to Iraq, Survival, Vol. 45, No. 4, Winter 2003-2004, pp. 87-110.)
نووسه‌ر له پێشه‌كیی ئه‌م نووسینه‌دا، باس له‌وه ده‌كات كه عێراق شه‌شه‌مین ئه‌ركی گرنگی ئه‌مریكایه بۆ نه‌ته‌وه‌سازی، بۆ نموونه ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م و سوماڵی و هائیتی و بۆسنیا و كۆسۆڤۆ پاش جه‌نگی سارد و، ئه‌فغانستان و عێراق پاش 11ی سێپته‌مبه‌ر. به‌ڵام ئه‌مریكا نه‌یتوانیوه سوود له ئه‌زموونه‌كانی پێشووتری وه‌ربگرێت، چونكه هه‌ر وڵاتێك دۆخێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، سه‌ره‌ڕای خاڵی هاوبه‌ش له نێوانیاندا. له باسی یه‌كه‌مدا، نووسه‌ر به ناونیشانی " له ئه‌ڵمانیاوه بۆ ئه‌فغانستان"، هه‌وڵ ده‌دات بارودۆخی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێ دراوه، ڕوون بكاته‌وه.
له باسی دووه‌مدا، توێژه‌ر باس له فاكته‌ری بوونی سه‌ربازی ئه‌مریكا ده‌كات. له باسی سێێه‌مدا، نووسه‌ر ڕۆڵی پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێژه‌ی كوژراوان و هۆكاره‌كانی ده‌خاته ڕوو. له باسێكی تردا، نووسه‌ر خشته‌ی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌و وڵاتانه، له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌راورد ده‌كات. باسێكی تر، ته‌رخان كراوه بۆ ئه‌نجامه‌كانی جه‌نگ و ئاوداره‌كانی جه‌نگ و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سه‌قامگیری و دیموكراسی و نه‌ته‌وه‌سازی. نووسه‌ر باسێك ته‌رخان ده‌كات بۆ خستنه‌ڕووی یارمه‌تییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و یارمه‌تیدانی باشتركردنی دۆخی ئابووریی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه.
نووسه‌ر، له باسێكی تردا، فاكته‌ر و ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌و ده‌وڵه‌تانه، به‌پێی ئامار، پێكه‌وه به‌راورد ده‌كات. هه‌روه‌ها ناوبراو درێژیی كاتی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، وه‌كو فاكته‌رێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌خاته به‌رباس و له كۆتاییدا ئه‌نجامه‌كان ده‌خاته ڕوو. له گرنگترینی ئه‌و ئامانجانه ئه‌وه‌یه، كه پێویسته ئه‌مریكا كاتی پاشه‌كشه‌كردن له عێراق دیاری نه‌كات چونكه به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه نه‌ته‌وه‌سازی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و سه‌ركه‌وتوو نابێت. هه‌روه‌ها، ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له بۆشاییی دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كاندا ئه‌وه به‌خێرایی گرووپی توندڕه‌و، ئه‌و جێگه و بۆشایییه پڕ ده‌كه‌نه‌وه.
تێبینی:
توێژینه‌وه‌كانی ئه‌م كتێبه، له زمانی ئینگلیزییه‌وه وه‌ڕ‌گێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی و له لایه‌ن ناوه‌ندی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌م ناونیشانه چاپ كراوه:
((به كوشش: حاجی یوسفی، امیر محمد و سلطانی نژاد، احمد،(سامان سیاسی در عراق جدید)، تهران: مركز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجه، چاپ: دووم، 1387. ))
بۆ دابه‌زاندنی كتێبه‌كه:
http://www.hvm.ir/files/book/politics-in-iraq.pd
ئەرشیف