(بیری ماركسی) به‌رگی یه‌كه‌م نووسه‌ر: حوسێن به‌شیرییه وه‌رگێڕانی: ناسر ئیبراهیم زاده پێنووس: د. حوسێن به‌شیرییه(Hossein Bashiriyeh) له ساڵی 1953ی زایینی له شاری "هه‌مه‌دان"ی ئێران له‌دایك بووه. پرۆفیسۆر و لێكۆڵه‌ری به‌ناوبانگی زانسته سیاسییه‌كانه كه به باوكی كۆمه‌ڵناسیی سیاسیی ئێران ده‌ناسرێت. لێكۆڵینه‌وه‌كانی، زیاتر ده‌رباره‌ی تیۆرییه‌كانی شۆڕش و كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه. به‌كالۆریۆسی زانسته سیاسییه‌كانی له زانكۆی تاران وه‌رگرتووه و له ساڵی 1979ی زایینی له "ڕه‌فتارناسیی سیاسی" له زانكۆی ئێسێكس University of Essex له بریتانیا بڕوانامه‌ی ماسته‌ری به‌ده‌ست هێناوه و پاشان له ساڵی 1982ی زایینی له بریتانیا له زانكۆی لیڤه‌رپوولUniversity of Liverpool بڕوانامه‌ی دكتۆرای له "تیۆریی سیاسی" وه‌رگرتووه. له ساڵی 1983 تا ساڵی 2007 له ئێران كاری لێكۆڵینه‌وه و وه‌رگێڕان و وانه‌وتنه‌وه‌ی كردووه. له ساڵی 2008 چووه‌ته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له ویلایه‌تی نیویۆرك له زانكۆی سیراكیۆز Syracuse University كاری وانه‌بێژی و لێكۆڵینه‌وه ده‌كات. ناوبراو خاوه‌ن ده‌یان كتێبی پڕبه‌ها و هه‌روه‌ها وه‌رگێڕان و توێژینه‌وه‌ی زانستییه و ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕووناكبیران و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌دارانی ڕه‌وتی ڕیفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌بووه. ئه‌م كتێبه‌یش له دوو به‌رگدا، یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ناوبراو كه له زمانی فارسییه‌وه وه‌ڕگێردراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و به كتێبێكی هزریی به‌نرخ داده‌ندرێت. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت، ئه‌م به‌رهه‌مه هزرییه بخه‌ینه ڕوو. له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر ده‌ڵێت: ڕه‌نگه بكرێ بڵێین "كارڵ ماركس" یه‌كه‌م بیرمه‌ند بوو كه له ڕێگه‌ی ئه‌و وته به‌ناوبانگه‌یه‌وه پانتای هزری سیاسیی به واتا مۆدێرنه‌كه‌ی ڕوون كرده‌وه، كه ده‌ڵیت: "فه‌یله‌سووفه‌كان تا ئێستا به شێوازی جۆراوجۆر ته‌نیا جیهانیان لێك داوه‌ته‌وه، به‌ڵام بابه‌تی سه‌ره‌كی، گۆڕینی جیهانه". د. حوسێن به‌شیرییه، بڕوای وایه ئایدۆلۆژیا سیاسییه‌كان، ده‌بنه مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی به‌ڵێن و په‌یمان و گوێڕایه‌ڵی له‌ناو لایه‌نگراندا، ڕۆڵی پرۆپاگه‌نده‌یییان هه‌یه، هه‌ڵقووڵاوی پره‌نسیپه فكرییه سه‌ره‌تایییه‌كانن و، ده‌بێ وه‌ك كۆمه‌ڵێك حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها و نه‌گۆڕ قبووڵ بكرێن. به‌ڵام هزری سیاسی، هه‌رچه‌نده له هه‌ندی بواردا ئایدۆلۆژیكه، به‌ڵام به لای ناسینیشدا ده‌شكێته‌وه. ئایدۆلۆژیای سیاسی، ده‌یه‌وێ ئیمان و باوه‌ڕ بۆ لای خۆی ڕاكێشێ، به‌ڵام هزری سیاسی، خوازیاری بڕواپێكردن و یه‌قینه. له‌م ڕووه‌وه ئایدۆلۆژیا سیاسییه‌كان له ئایین نزیكترن تا له فه‌لسه‌فه یان تیۆریی سیاسی و، به‌تایبه‌ت به مه‌به‌ستی ڕاكێشانی باری سه‌ر‌نجی لایه‌نگران بۆ لای خۆیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن نكۆڵی له ئاڵوزییه‌كانی واقع بكه‌ن و ڕێگه‌چاره‌ی گرفته‌كان به شێوه‌یه‌كی ساكار ده‌خه‌نه ڕوو. نووسه‌ر ده‌ڵێ هزر، تیۆری، فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژیای سیاسی له ڕاستیدا جۆری نموونه‌یین و له جیهانی واقعیدا، به‌رده‌وام ئاوێته‌یه‌ك له‌وانه به‌دی ده‌كرێت. بۆ نموونه، فاشیزم زۆرتر ئایدۆلۆژیایه نه‌ك هزر و تیۆری و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، له هه‌مبه‌ردا، سۆسیالیزم وه‌ك ئایدۆلۆژیا توخمگه‌لی به‌هێزتری هزر و تیۆری (به واتا ماركسییه‌كه‌ی) له‌خۆ ده‌گرێت. به‌و واتایه، نه هزری سیاسیی بێخه‌وش هه‌یه و نه ئایدۆلۆژیا، چونكه له كاتی داكۆكیكردن، واتا له كاتی باس و خواس و مشتومڕدا، ده‌بێ هه‌ندێ هۆكار و به‌ڵگه بۆ چه‌سپاندنی پڕه‌نسیپه‌كانیان بخرێته ڕوو. به‌پێی ئه‌وه‌ی گوترا، ئه‌نالیزی وته‌زاكان و جه‌ختكردنی زیاتر له‌سه‌ر یه‌كیان، زۆرتر له ڕووی هۆكاری ئه‌كادیمییه‌كه‌وه شیاوی پاساودانه. به‌كورتی، ڕه‌وته فكرییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له پانتای سیاسی‌دا، كه لێره‌دا وه‌ك هزری سیاسی باسیان لێوه كراوه، به‌پێچه‌وانه‌ی وته‌زا هاوشێوه‌كانی وه‌ك ئایدۆلۆژیا، فه‌لسه‌فه و تیۆریی سیاسی، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی سیاسی هه‌بووه یان نا و، جوغزی كاریگه‌ری و دزه و ته‌شه‌نه‌كردنیان ته‌نیا كۆر و كۆبوونه‌وه ڕووناكبیرییه‌كان ده‌گرێته‌وه یان كۆمه‌ڵانی گه‌ل له ئایدۆلۆژیا، فه‌لسه‌فه و تیۆریی سیاسی ئه‌قڵانیتر و پشتئه‌ستوورتر به به‌ڵگه و ڕێكوپێكتر، كرده‌وه‌خوازتر و په‌یوه‌ستتر و، دواجار داشكاوه به لای ناسینی هه‌مه‌كییه‌تیی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا و هه‌روه‌ها نۆرماتیڤتر و ڕه‌خنه‌گرترن. هزره سیاسییه‌كان، به‌گشتی له مێژوودا به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی بكه‌رێكن، هه‌ر له‌و ڕووه‌وه، ڕه‌نگه بزووتنه‌وه‌گه‌لی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌وروپشتیاندا سه‌ر هه‌ڵبده‌ن. ئێستا، كه له دوا ساڵه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌ژین، گرنگیی پێداچوونه‌وه به ده‌سكه‌وته فكرییه‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌ده‌ی بیسته‌م، له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی مرۆڤدا، سه‌رده‌می گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بووه و، یه‌ك له وان پانتای ژیانی سیاسی. له‌م سه‌ده‌یه‌دا جیهان شایه‌دی گه‌لیك ڕووداوی گرنگ و به‌رچاو بووه، وه‌ك: ڕوودانی جه‌نگه گه‌وره‌كان، هه‌ره‌سهێنانی ئیمپراتۆرییه‌كانی پاشماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی بازاڕی سه‌رمایه‌داری له ئاستی جیهاندا، سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه نێونه‌ته‌وه‌یییه‌كان، سه‌رهه‌ڵدانی هۆشیارییه‌كی یه‌كجار زۆر سه‌باره‌ت به كه‌له‌به‌ری نێوان وڵاتانی پێشكه‌وتووی پیشه‌سازی و وڵاتانی دواكه‌وتوو، سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ساردی ئایدۆلۆژیی نێوان جه‌مسه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، دامه‌زرانی ڕێكخراوه جیهانی و ناوچه‌یییه‌كان بۆ به‌رگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی جه‌نگه جیهانییه‌كان، به‌رپابوونی شۆڕشه گه‌وره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ره‌سهێنانی كۆمۆنیزمی ده‌وڵه‌تی، قه‌یران و گۆڕانكاری له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، دروستبوونی بونیادی ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی، گۆڕانی سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازی بۆ سه‌رمایه‌داریی دارایی، به‌رفراوانبوونی بزووتنه‌وه كرێكارییه‌كان، سه‌رهه‌ڵدانی دژ‌كرده‌وه دژی مۆدێرنیزم له چوارچێوه‌ی تۆتالیتێریزمی ڕاست و بزووتنه‌وه فاشییه‌كاندا، به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی هێزی ناسیۆنالیزم و بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستی و سه‌ربه‌خۆییخوازه‌كان، سه‌رهه‌ڵدانی ڕێكخراوه سیاسییه جه‌ماوه‌رییه‌كان و بزووتنه‌وه‌كانی ڕێكخستنی به‌كۆمه‌ڵ له چوارچێوه‌ی ئایۆدۆلۆژیا سیاسییه جۆراوجۆره‌كاندا، سیاسیتربوونی هه‌ندێ له سیسته‌مه فكری و ئایینییه كۆنه‌كان له هه‌مبه‌ر پرس و بابه‌ته‌كانی سه‌رده‌می نوێ‌دا، جێگرتنی جیهان له سه‌ره‌تای شه‌پۆلی سێهه‌می مۆدێرنیزاسیۆن و به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی خێرای كه‌ره‌سته‌كانی په‌یوه‌ندیگرتنی ئاڵۆز، گۆڕانی جۆری ژیانی ڕكابه‌رانه، ڕه‌گداكوتانی سێكولاریزم بۆ ناو لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی ژیان، گه‌شه‌كردنی ئه‌قڵانیه‌تی ئامرازی و بیرۆكراتیزه‌بوونی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، گۆڕانی سیمبۆله‌كانی ژیانی سێكسی، به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی ژنان و ...هتد. له‌ناو ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه‌دا، بێ گومان هه‌ندێكیان هه‌م كاریگه‌ریی زۆرتریان له‌سه‌ر دروستبوون و گۆڕانی هزری سیاسیی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌بووه و هه‌میش له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودا بوون. هزره سیاسییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ته‌وه‌ری مه‌یله سه‌ره‌كییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بیچم ده‌گرن و كاریگه‌ریشیان به‌سه‌ریان ده‌بێت. به‌و واتایه، هزره سیاسییه‌كان (ڕه‌نگه به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌زگا فه‌لسه‌فییه‌كان) پیرۆز و ئاسمانی نه‌بن و بۆ تێگه‌یشتنی ڕاست و دروست لێیان، ده‌بێ دیالێكتیكی هزر و واقیع تاووتوێ بكرێت. شۆڕشی ڕووسیا، به‌ستێنێكی به‌پیت و به‌ره‌كه‌تی بۆ سه‌رهه‌ڵدان و لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر و دژ به یه‌كتر له‌مه‌ڕ ماركسیزم پێك هێنا. ڕاستییه‌كه‌ی، ناسینی ماركسیزمی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌بێ ئاوڕدانه‌وه له كاریگه‌ریی ئه‌و مشتومڕانه‌ی له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕووسیادا هاتنه كایه‌وه، كارێكی دژواره. له لایه‌كی تر، سه‌رهه‌ڵدانی گه‌وره كۆمپانیا بازرگانییه پاوانكاره‌كان و سه‌رمایه‌داریی دارایی، درووستبوونی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی بازرگانه بچووكه‌كان، ورده بورژوازی، چینه كرێكاری و چینه كۆنباوه‌كان. سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ندیكالیزم و فاشیزم وه‌ك دژ‌كرده‌وه له هه‌مبه‌ر ئاڵۆگۆرییه‌كی ئه‌تۆدا شیاوی شرۆڤه‌یه. هه‌روه‌ها ناكرێ كاریگه‌ریی فاشیزم له سه‌رهه‌ڵدانی هزره سیاسییه دژه تۆتالیتێرییه‌كان له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌به‌رچاو نه‌گیرێت. پاش سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم و كه‌وتنه‌وه‌ی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌زموونی تاڵی فاشیزمدا، ڕووناكبیرانی كۆچبه‌ری ئه‌ڵمانی، به بنه‌مای هزره سیاسییه باوه‌كاندا چوونه‌وه و به‌رهه‌مێكی به‌رچاویان له هزری سیاسیی دژه تۆتالیتێری خوڵقاند. له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندیی نێوان هزره سیاسییه‌كان و واقیع و به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له هه‌مان كاتدا پێوانه‌یه‌ك بۆ پۆلێنكردنی هزره‌كان به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. نووسه‌رانی تر، له پۆلێنكردنی هزره سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا زۆر جار پێوانه‌ی فه‌لسه‌فی، ئه‌پیستێمۆلۆژی، مێژوویی و ته‌نانه‌ت جوگرافیایییان به‌كار هێناوه. پێوانه‌گه‌لێكی ئه‌وتۆ، هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه له ڕووی ئاسانكردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هزرانه‌دا سوودبه‌خش بن، به‌ڵام تێگه‌یشتنێك به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن كه ته‌نیا پشت به ئه‌نالیز، به واتا لۆژیكییه‌كه‌ی وشه‌وه ده‌به‌ستێ و له توانایان به‌ده‌ره كه بتوانن تێكه‌ڵاوی یان دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و سیاقی گشتیی هزره سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌ده‌سته‌وه بده‌ن. بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی پۆلێنكردنێكی ماناداری ئه‌و هزرانه، لێره‌دا چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵبژێردراوه كه له‌سه‌ر یه‌ك، وا دیته به‌رچاو، ڕوونكه‌ره‌وه‌ی سروشتی هزره‌كان بن: یه‌كه‌م، دابه‌شكردنی هزره‌كان به‌پێی ته‌وه‌ری یۆتۆپیایی یان ئایدۆلۆژیبوون، به‌و واتایه‌ی "كارڵ مانهایم" بیرمه‌ندی ئه‌ڵمانی، كه له كتێبی "ئایدۆلۆژیا و یۆتۆپیا" و نووسینه‌كانی تری‌دا به‌كاری هێناوه. دووه‌م، چه‌پ یان ڕاستبوون به واتای گشتیی وشه، كه به درێژاییی سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌ك یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی هزر و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كان هاتۆته هه‌ژمار. سێیه‌م، دیموكراتی یان ده‌سه‌ڵاتخوازبوون، كه چاودێره به‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ڕێكخستنی ئۆرگانیزمی كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و جۆری په‌یوه‌ندی و سنووری ده‌ستڕۆیشتوویی و ئه‌ركه‌كانی تاك و حكوومه‌ت له هه‌مبه‌ر یه‌كتردا. چواره‌م، په‌یوه‌ندیی هزره‌كان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌ره‌كییه‌كان، كه وه‌ك پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان سه‌رچاوه‌ی پشتگیری له‌و هزرانه، دێنه هه‌ژمار. "مانهایم" له كتێبی ئاماژه‌پێكراودا، پێی وایه هزره سیاسییه‌كان و گۆڕانی ناوخۆیان، پاشكۆی گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و مێژوویییه‌كانه. به‌و واتایه كه "كلیلی تێگه‌یشتن له گۆڕانی هزره‌كان، ده‌بێ له ئاڵۆگۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چاره‌نووسی ئه‌و چینانه‌دا بدۆزرێته‌وه كه هه‌ڵگری ئه‌و هزرانه‌ن". ناوبراو بۆ پێشاندانی په‌یوه‌ندیی نێوان جیهانی هزر و ژیانی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌وتۆته تاووتوێكردنی هزری كۆنه‌پارێزی (كۆنسێرڤاتیزم) به‌تایبه‌ت له ئه‌ڵمانیای پاش شۆڕشی فه‌ره‌نسا. به بۆچوونی ناوبراو، هزری كۆنه‌پارێزانه دژ‌كرده‌وه‌یه‌كی فكری بوو، به ڕووی ڕه‌وتی وێرانبوونی جیهانی كۆن، كه له ئاكامی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌قڵخوازی و سه‌رمایه‌داریدا به‌گوڕتر ببوو. له‌م ڕووه‌وه، هه‌ڵگرانی هزری كۆنه‌پارێزانه ئه‌و گرووپانه بوون كه كهو‌تبوونه ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌قڵانیه‌تی كاپیتالیستانه. "مانهایم" له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، به‌تایبه‌ت باس له ورده بورژوازی، جوتیاران و ئه‌رێستۆكراته‌كان ده‌كات. به‌و شێوه‌یه كۆنه‌پارێزی له دژی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری، سه‌ری هه‌ڵدا و كه‌وته دژایه‌تیكردنی ده‌سكه‌وته‌كانی، بۆ نموونه هزری مافه سروشتییه‌كان، گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌ریی گه‌ل. "مانهایم" له ده‌ره‌نجامی باسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ناكۆكیی سیاسی، ژیرخانی ئایدۆلۆژی و فه‌لسه‌فه‌یه، شكڵ و شێوه ده‌داته ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی جیهانبینیی گرووپ". به بۆچوونی ناوبراو بارودۆخی ژیان و ناكۆكیی به‌رژه‌وه‌ندیی چین و گرووپه باڵاده‌ست و بنده‌سته‌كان، ده‌بنه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بۆچوونه فكرییه دژ‌یه‌كه‌كان كه وه‌ك "ئایدۆلۆژیا و یۆتۆپیا" ناویان ده‌با. ئایدۆلۆژیا، به‌رهه‌می چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و پاساوده‌ری دۆخی هه‌نووكه‌یییه و ڕه‌نگه ببێته جیهانبینیی سه‌رده‌مێك. له هه‌مبه‌ردا، یۆتۆپیا، ده‌ڕبری ئامانج و هیواكانی چینه بنده‌ست و بێده‌سه‌ڵاته‌كانه. ئایدۆلۆژیا هۆكاری پێكهاتنی سه‌قامگیریی سیاسییه، به‌ڵام یۆتۆپیا به‌ستێنی فكریی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان، ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. به‌هه‌ر حاڵ، سه‌رجه‌م شێوازه فكرییه‌كان، وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی بوونی به‌شه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه له ڕه‌وتی گرژییه سیاسی و مێژوویییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، دێنه هه‌ژمار. یۆتۆپیا، ڕه‌نگه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ویسته‌كانی چینه بنده‌سته نوێیه‌كان، یان چینه ڕووه‌و‌نه‌مانه‌كان بێت. به‌پێی جیاكارییه‌كه‌ی "مانهایم" له نێوان ئایدۆلۆژیا و یۆتۆپیادا، ده‌كرێ له ڕوانگه‌یه‌كه‌وه هزره سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به دوو ده‌سته دابه‌ش بكرێن: یه‌كه‌م،هزره یۆتۆپیایییه‌كان، واتا ئه‌وانه‌ی به زۆری به‌دوای ڕه‌تكردنه‌وه و گۆڕینی دۆخی هه‌نووكه‌یییه‌وه بوونه و، دووه‌م، هزره ئایدۆلۆژیایییه‌كان، كه به جۆرێك له جۆره‌كان پاساوده‌ری دۆخی هه‌نووكه‌یین. به‌و شێوه‌یه هزره ده‌ركه‌وتووه‌كانی ده‌وروپشتی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، هه‌ر هه‌موویان، به‌تایبه‌ت سۆسیالیزم، سۆسیال دیموكراسی، سه‌ندیكالیزم و تا ڕادده‌یه‌ك ئه‌نارشیزمیش، به‌م واتایه یۆتۆپیایی بوونه. به‌پێی ته‌وه‌ری دووه‌می پۆلێنكردنی هزره سیاسییه‌كان، واتا چه‌پ یا ڕاستبوون، ده‌كرێ باس له هزره پۆتۆپیایییه ڕاستئاژۆكانیش بكرێت. هزره ڕاستئاژۆ ڕادیكاڵه‌كان، به‌تایبه‌ت هزره فاشیستییه‌كانیش، وه‌ك هزری یۆتۆپیایی دێنه هه‌ژمار كه هیوا و ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه ورده بورژوایییه‌كان و چینه كۆنه‌كان پێشان ده‌ده‌ن. له ئه‌نجامی هه‌ڵوێسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ورده بورژوایی و چینه كۆنه‌كان و دژهكرده‌وه‌یان له به‌رامبه‌ر كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه له ده‌ست بورژوازی گه‌وره‌دا و به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و سێكولاریزمدا، گه‌لێك بۆچوونی فاشیستییانه له‌دایك بوون. بزووتنه‌وه یۆتۆپیایییه‌كانی ورده بورژوازی، هه‌رچه‌نده به هۆی هه‌ندێ هۆكاری بونیادییه‌وه كه‌مده‌وامتر بوونه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی هه‌ندێ ئه‌فسانه‌ی به‌هێزدا، توانیویانه ئامانجه‌كانی هه‌ندێكی تر له چینه كۆنه‌كان زیندوو بكه‌نه‌وه. هه‌ڵبه‌ت، دواجار ورده بورژوازی، هه‌ندێ جار له‌ژێر هه‌ژموونی چینه كۆنه‌كاندا بوو، به‌ڵام زۆرتر كه‌وته ژێر هه‌ژموونی چینه نوێیه‌كان. به هه‌ر حاڵ، فاشیزم، هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی نه‌بووه، به‌ڵكوو وه‌ك بۆچوونێكی به‌رده‌وام له هزری سیاسی‌دا دێته هه‌ژمار، كه هه‌ڵقووڵاوی هه‌ڵوێسته كۆمه‌ڵایه‌تییه تایبه‌ته‌كانه. به‌گشتی ئه‌و گرووپانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هه‌ڵوێستانه دامه‌زراون، به ده‌ست ده‌ركه‌وته‌كانی ژیانی مۆدێرنه‌وه ئازاریان چێشتووه و له‌و ڕووه‌وه هه‌ندێ هاوده‌ستییان له‌ناو چینه كۆنه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ناو جوتیارانیشدا بۆ خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، بزووتنه‌وه‌ی فكریی ڕاستی ڕادیكاڵ، له‌چاو بزووتنه‌وه‌ی فكریی چه‌پی ڕادیكاڵ، كه به بزووتنه‌وه‌ی كرێكارییه‌وه پشتئه‌ستوور بووه، یه‌كڕیزی و ده‌وامێكی كه‌متری هه‌بووه. هزره گه‌ڵاڵه‌بووه‌كانی ده‌وروپشتی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، داهاتووی خۆیان به سه‌ركه‌وتنی چین یان هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ و سه‌رهه‌ڵدانی مرۆڤی نوێوه گرێ ده‌دا، له كاتێكدا یۆتۆپیای ڕاستئاژۆی ڕادیكاڵ خه‌ریكی بووژاندنه‌وه و پاساودانی به‌رژه‌وه‌ندییه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی هه‌ندێ له‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییانه بووه كه به‌ره‌و نه‌مان ده‌چوون. له هه‌مان كاتدا هزره ڕاسته ڕادیكاڵه‌كان و هزره كۆنه‌پارێزه‌كان، له ڕووی نزیكیی هه‌ڵوێسته‌كانی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه پشتیوانه‌كانیان، په‌یوه‌ندییه‌كی شاراوه (نه‌هێنی) و قووڵیان پێكه‌وه هه‌بووه و له‌و ڕووه‌وه هزره كۆنه‌پارێزه‌كانیش خاوه‌ن تێكچنراوه‌یی و جۆراوجۆریی تایبه‌ت به خۆیانن. له لایه‌كی تره‌وه، سیمبۆله‌كانی هزره "ئایدۆلۆژییه‌كان" به واتای به‌رباسی "مانهایم"، ده‌كرێ له لیبرال دیموكراسی و جۆره‌كانی كۆنه‌پارێزی و لیبرالیزمی نوێ‌دا بدۆزرێنه‌وه كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كانی گرووپه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و چینه نوێیه‌كان له ناوخۆی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا هاوشانن. به‌و شێوه‌یه، نووسه‌ر بڕوای وایه كه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به هزره‌كانه‌وه، ناكرێ به‌باشی له هزره سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بگه‌ین. هه‌روه‌ها نووسه‌ر ده‌ڵێت: به‌تایبه‌ت ناكرێت ئه‌و هزرانه‌ی ڕاشكاوانه خاوه‌نی لایه‌نی كرده‌یی و سیاسیین، به‌پێی چه‌مكه ئه‌بستراكته‌كان (به‌و جۆره‌ی له پۆلێنكردنه فه‌لسه‌فییه‌كاندا ده‌كرێ)، پۆلێن بكرێن. ئه‌م كتێبه (به‌رگی یه‌كه‌م) له (10) به‌شی سه‌ره‌كی پێك هاتووه، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه: به‌شی یه‌كه‌م: ماركسیزمی ئۆرتۆدۆكس به‌شی دووه‌م: ڕێڤیزیۆنیزم له ماركسیزم‌دا به‌شی سێیه‌م: ماركسیزمی شۆڕشگێڕانه به‌شی چوارم: لینین، لینینیزم و ماركسیزمی سۆڤیه‌ت به‌شی پێنجه‌م: ماركسیزمی فه‌لسه‌فی و ئایدیالیسته هیگڵییه‌كان به‌شی شه‌شه‌م: ماركسیزمی ڕه‌خنه‌گرانه به‌شی حه‌وته‌م: ماركسیزمی بوونگه‌را به‌شی هه‌شته‌م: ماركسیزمی بونیادگه‌را به‌شی نۆیه‌م: ماركسیزم و ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری به‌شی ده‌یه‌م: ماركسیزم و پرسی ئیستیعمار، پاشكۆیی و دواكه‌وتوویی له كۆتاییشدا، نووسه‌ر كۆبه‌ندی ماركسیزمی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌خاته ڕوو.
بۆ زانیاریی زیاتر و دابه‌زاندنی كتێبه‌كه، بڕوانه: حۆسێن به‌شیرییه، مێژووی بیری سیاسیی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، بیری ماركسی، وه‌رگێڕانی: ناسر ئیبراهیم زاده، هه‌ولێر: خانه‌ی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه(چاپخانه‌ی موكریانی)، 2013. لینکی دابەزاندنی کتێبەکە http://www.mukiryani.com
"History of Political Thought in the 20th Century" [2 volumes]; vol I, Marxist Thought; vol. II, Liberal and Conservative Thought (Tehran: Nay Press, 1994-96).
|
ئەرشیف