مێژووی بیری سیاسیی سه‌ده‌ی بیسته‌م (لیبڕاڵیزم و كۆنسه‌رڤاتیزم) به‌رگی دووه‌م نووسه‌ر: حوسێن به‌شیرییه وه‌رگێڕانی: ناسر ئیبراهیم زاده
پێنووس: د. حوسێن به‌شیرییه (Hossein Bashiriyeh) له ساڵی 1953ی زایینی له شاری "هه‌مه‌دان"ی ئێران له‌دایك بووه. پرۆفیسۆر و لێكۆڵه‌ری به‌ناوبانگی زانسته سیاسییه‌كانه كه به باوكی كۆمه‌ڵناسیی سیاسیی ئێران ده‌ناسرێت. لێكۆڵینه‌وه‌كانی، زیاتر ده‌رباره‌ی تیۆرییه‌كانی شۆڕش و كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه. به‌كالۆریۆسی زانسته سیاسییه‌كانی له زانكۆی تاران وه‌رگرتووه و له ساڵی 1979ی زایینی له "ڕه‌فتارناسیی سیاسی" له زانكۆی ئێسێكس University of Essex له بریتانیا بڕوانامه‌ی ماسته‌ری به‌ده‌ست هێناوه و پاشان له ساڵی 1982ی زایینی له بریتانیا له زانكۆی لیڤه‌رپوولUniversity of Liverpool بڕوانامه‌ی دكتۆرای له "تیۆریی سیاسی" وه‌رگرتووه. له ساڵی 1983 تا ساڵی 2007 له ئێران كاری لێكۆڵینه‌وه و وه‌رگێڕان و وانه‌وتنه‌وه‌ی كردووه. له ساڵی 2008 چووه‌ته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له ویلایه‌تی نیویۆرك له زانكۆی سیراكیۆز Syracuse University كاری وانه‌بێژی و لێكۆڵینه‌وه ده‌كات. ناوبراو خاوه‌ن ده‌یان كتێبی پڕبه‌ها و هه‌روه‌ها وه‌رگێڕان و توێژینه‌وه‌ی زانستییه و ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕووناكبیران و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌دارانی ڕه‌وتی ڕیفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌بووه. ئه‌م كتێبه‌یش له دوو به‌رگدا، یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ناوبراو كه له زمانی فارسییه‌وه وه‌ڕگێردراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و به كتێبێكی هزریی به‌نرخ داده‌ندرێت. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت، ئه‌م به‌رهه‌مه هزرییه بخه‌ینه ڕوو. به بڕوای نووسه‌ر، هزری سیاسی، به‌پێچه‌وانه‌ی تیۆریی سیاسی، به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی یاسامه‌ندیی دیارده‌كاندا ناچێ و له چوارچێوه‌ی یاسا پۆزێتیڤه‌كانی زانست‌دا نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پابه‌نده به یاساكانی لۆژیك، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و گوته‌یه به‌و واتایه نییه كه هزری سیاسی، بێ گومان دژی ده‌سكه‌وته تیۆرییه‌كان و مه‌عریفه‌ی سیاسییه. هه‌روه‌ها هزره سیاسییه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی تیۆرییه‌كان"ههمهكییهت" تاووتوێی ده‌كه‌ن نه‌ك هه‌نده‌ك و، هه‌وڵ ده‌ده‌ن دیارده لێكبڵاوهكان به شێوه‌یه‌ك لێك بده‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكیان پێكه‌وه هه‌بێت. هزری سیاسی و ئایدۆلۆژیای سیاسی، گه‌لێك وێكچوویی و وێكنهچوویییان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌یه. نووسه‌ر، له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت هزره سیاسییه‌كانی هه‌ر سه‌رده‌مێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یۆتۆپیایی و شۆڕشگێرانهیش بن، ته‌نیا تا ئاستێكی زۆر سنووردار ده‌توانن مه‌یله‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ببه‌زێنن. ته‌نانه‌ت وێناندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی خه‌یاڵیش، ناتوانێ زۆر جیاواز بێ له دۆخی كۆمه‌ڵگای به‌رباس. كه‌ره‌سه‌ی خاوی یۆتۆپیاكانیش، له دۆخه‌كانی هه‌نووكه‌یی یان له ڕابردووه‌وه وه‌رده‌گیرێت. به‌و پێیه، ڕۆڵی كێشمهكێشهكان، مه‌یله‌كان و ڕیزبه‌ندییه‌كانی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی هه‌ر سه‌رده‌مێك له بیچمگرتن و درووستبوونی هزره سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، حاشاهه‌ڵنه‌گره. بۆ نموونه، له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا جه‌نگه جیهانییه‌كان، شۆڕش له سۆڤیه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم له ئه‌وروپا، زۆر كاریگه‌رییان له جۆراوجۆریی هزره سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا هه‌بووه و ته‌نانه‌ت "هزرخوڵقێن"ـیش بوون. له‌ناو كاریگه‌رییه به‌رچاوه‌كانی جه‌نگه جیهانییه‌كان له پانتای هزری سیاسی‌دا، به‌تایبه‌ت ده‌بێ باس له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه بكرێت: به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و هزره دژه ئه‌قڵانییه‌كان، سه‌رهه‌ڵدانی بۆچوونه پراگماتیستییهكان، خۆپاراستن له سه‌رقاڵبوون به سیسته‌مه فكرییه تۆكمه و گشتگیرەکان و به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی هزری ڕه‌خنه‌گرانه. به‌و شێوه‌یه، نووسه‌ر بڕوای وایه كه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به هزره‌كانه‌وه، ناكرێ به‌باشی له هزره سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بگه‌ین. هه‌روه‌ها نووسه‌ر ده‌ڵێت: به‌تایبه‌ت ناكرێت ئه‌و هزرانه‌ی ڕاشكاوانه خاوه‌نی لایه‌نی كرده‌یی و سیاسیین، به‌پێی چه‌مكه ئه‌بستراكته‌كان (به‌و جۆره‌ی له پۆلێنكردنه فه‌لسه‌فییه‌كاندا ده‌كرێ)، پۆلێن بكرێن. نووسه‌ر، له پێشه‌كیی ئه‌م كتێبه‌دا ده‌ڵێت ده‌بێ به‌كورتی ئاوڕێك له چه‌مكی هزری سیاسی و جیاكردنه‌وه‌ی له چه‌مكه هاوتاكانی بده‌ینه‌وه. "ڕیمۆن ئارۆن" نووسه‌ری فه‌ره‌نسی، گووتویه‌تی "هزری سیاسی، بریتییه له هه‌وڵدان بۆ دیاریكردنی ئامانجگه‌لێك كه تا ڕادده‌یه‌كی گونجاو ئه‌گه‌ری وه‌دیهاتنیان هه‌یه و هه‌روه‌ها دیاریكردنی ئه‌و كه‌ره‌سانه‌ی كه تا ڕادده‌یه‌كی گونجاو، ده‌كرێ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ت لێیان هه‌بێ كه ببنه هۆی گه‌ییشتن به‌و ئامانجانه". بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و پێناسه‌یه، ده‌بێ بڵێین كه بیرمه‌ندی سیاسی كه‌سیك نییه كه ته‌نیا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك بیروڕا و ئامانج بێ و ئامرازه‌كانی گه‌ییشتن به‌و ئامانجانه ده‌سنیشان بكا، به‌ڵكوو ده‌بێ بتوانێ به شێوه‌یه‌كی ئه‌قڵانی و لۆژیكی، به‌ڵگه بۆ بیروبۆچوونه‌كانی خۆی بێنیته‌وه، تا ئاستێك كه بیروڕاكانی، وه‌ك ڕا و تهفزیلاتی تاكه‌كه‌سی نه‌یه‌نه هه‌ژماركردن. نووسه‌ر له درێژه‌دا ده‌نووسێت، چه‌مكی هزری سیاسی، كاتێك ڕوونتر ده‌بێته‌وه كه له چه‌مكه‌كانی تر به‌تایبه‌ت "فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی"، "(تیۆریی سیاسی" و "ئایدۆلۆژیای سیاسی" جیای بكه‌ینه‌وه. هه‌رچه‌نده تێكه‌ڵاوییان زۆره وه‌ك چه‌مكگه‌لی هاوبنه‌ماڵه دێنه هه‌ژماركردن. به بڕوای نووسه‌ر، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، به شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت په‌یوه‌ندیی به ده‌ره‌نجامه‌كانی حكوومه‌ت و ئامرازه شیاوه‌كانی گه‌ییشتن به‌و ده‌ره‌نجامانه و دواجار به باشترین جۆری حكوومه‌ته‌وه هه‌یه. بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، پێك هاتوون له چۆنیه‌تیی وه‌ده‌ستهێنانی هه‌قیقه‌ت، دادپه‌روه‌ری، بنه‌ماكانی خێر و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، پێداویستییه‌كانی ئازادی و یه‌كسانی، سه‌قامگیریی ژیانی سیاسی له‌سه‌ر پڕه‌نسیپه ئه‌خلاقییه‌كان، هۆ و پێویستیی بوونی حكوومه‌ت، هۆكاره‌كانی په‌یڕه‌ویكردنی هاووڵاتیان له ده‌سه‌ڵات و، شتی له‌و بابه‌ته. نووسه‌ر بڕوای وایه كه هزری سیاسی، به واتای نوێی وشه، خاوه‌نی ئۆگریی كه‌م و زۆر هاوشێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه و له‌و ڕووه‌وه زۆرتر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی نزیكه، نه‌ك بۆ نموونه له بیردۆز یان تیۆری، به واتا نوێیه‌كه‌ی. به‌م واتایه، هزری سیاسیی سه‌ده‌ی بیسته‌م، له ڕاستیدا درێژه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی كۆنه. به‌ڵام له ڕوانگه‌یه‌كی گرنگه‌وه جیاوازییان پێكه‌وه هه‌یه و جیاوازییهكهیشیان ئه‌وه‌یه كه هزری سیاسی، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كردهوهخوازانهتری هه‌یه و هۆگرییه ئهبستراكتهكانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، وه‌ك باسی هۆكار و پێداویستی و بنه‌ماكانی درووستبوونی حكومه‌تی وه‌لا ناوه. نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه جیاوازیی نێوان هزری سیاسی و تیۆریی سیاسی، زۆر ڕوونتره. تیۆریی داڕشتنی سیاسی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌دوای په‌ره‌سه‌ندنی زانسته‌كانی تر سه‌ری هه‌ڵداوه. له‌و جۆره تیۆریداڕشتنانهیشدا میتۆدی پۆزێتیڤی زانسته‌كان به‌كار ده‌بردرێ. تیۆریداڕشتنی پۆزێتیڤ و به‌دوور له لایه‌نه‌كانی ئاشكرای ئایدۆلۆژییه‌ك و فه‌لسه‌فی و به‌ده‌ر له توخمی ڕێگه‌پێدان و كرده‌وه و داشكانه‌وه به‌لای ڕاڤه‌كردن و ڕوونكردنه‌وه‌ی په‌تی، بێگومان وه‌ك هزری سیاسی نایه‌ته هه‌ژماركردن. بۆ نموونه، له نێوان ئه‌و تیۆرییانه‌ی سه‌باره‌ت به هۆ و به‌ستێنه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و سروشتی بزووتنه‌وه فكرییه فاشییه‌كان ڕۆدەنرێن و خودی هزره فاشیستییه‌كان، كه وێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دڵخواز به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، جیاوازییه‌كی سروشتی له‌ئارادایه. هه‌روه‌ها د.حوسێن به‌شیرییه له درێژه‌دا ده‌ڵێت: هزری سیاسی، ڕه‌نگه تا ڕادده‌یه‌ك لایه‌نی وه‌سفكردن یان ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌بێ، به‌ڵام له بنه‌مادا نۆرماتیڤه، واتا په‌یوه‌ندیی به چۆنیه‌تیی ڕێكخستنی ژیانی سیاسی به‌پێی پڕه‌نسیپه تیۆرییه‌كان یان پڕهنسیپهكانی ئه‌خلاقێكی تایبه‌ته‌وه هه‌یه. هزری سیاسی، له ڕووی ئه‌خلاقه‌وه په‌رۆشی دۆخی مرۆیییه و له‌و ڕووه‌وه زۆرتر له ئایدۆلۆژیای سیاسییه‌وه نزیكه، نه‌ك له تیۆریی سیاسی (یان به واتایه‌كی باشتر، تیۆری سه‌باره‌ت به دیارده سیاسییه‌كان، كه زۆرتر ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌وه). له هه‌مبه‌ردا، تیۆریسیه‌نی سیاسی، به‌ڕواڵه‌ت جه‌خت ده‌كاته سه‌ر "ڕێژه‌ییبوونی به‌هاكان" و ڕه‌نگه ده‌ردناس بێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ركه‌ر نییه. "جۆن دێیوی" فه‌یله‌سووفی ئه‌مریكی گوتوویه‌تی" تاوتوێكردنی پرسه مرۆیییهكان هاوڕێ له‌گه‌ڵ سه‌ركۆنه‌كردن یان په‌سه‌ندكردنی ئه‌خلاقی و هه‌روه‌ها به‌پێی چه‌مكه‌كانی وه‌ك ناڕاستی و ڕاستی، ڕه‌نگه گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ری به‌رده‌م ڕێگه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی مێتۆده دروسته‌كان بووه له پانتاییی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا". به‌و واتایه، ڕه‌نگه هزری سیاسی، ڕێگر بێ له به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی تیۆریی سیاسی، به‌ڵام به هه‌ر حاڵ، ئه‌ركی هزری سیاسی ته‌نیا شیكاری زانستی نه‌بووه، به‌ڵكوو گۆڕینی ڕاسته‌قینه بووه، هاوڕێ له‌گه‌ڵ سه‌ركۆنه‌كردن یان پێداگریی ئه‌خلاقی.
ئه‌م كتێبه (به‌رگی دووه‌م) له (2) به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند باس (وتار)ێك پێك هاتووه، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه: به‌شی یه‌كه‌م: لیبڕاڵیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وتاری یه‌كه‌م: به‌ستێنه مێژوویی و فكرییه‌كانی لیبڕاڵیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وتاری دووه‌م: نه‌وه‌ی كۆنی لیبڕاڵ-دیموكراته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م وتاری سێیه‌م: كارڵ پوپه‌ر وتاری چواره‌م: فرێدریش هایك وتاری پێنجه‌م: ئایزایا به‌رلین وتاری شه‌شه‌م: جۆن ڕاوڵز وتاری حه‌وته‌م: هانا ئارێنت وتاری هه‌شته‌م: لیبڕاڵیزم و ئایدۆلۆژیا و مه‌عریفه‌ی زانستی به‌شی دووه‌م: كۆنسه‌رڤاتیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وتاری یه‌كه‌م: پڕه‌نسیپ و قۆناغ و جۆره‌كانی كۆنسه‌رڤاتیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وتاری دووه‌م: نه‌وه‌ی كۆنی كۆنسهرڤاتهكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م وتاری سێیه‌م: ئۆرتێگا یی گاسێت وتاری چواره‌م: دوو ژۆڤهنهل، مۆنییه، وه‌یل وتاری پێنجه‌م: لیۆ شتراوس: فه‌یله‌سووفی كۆنسه‌رڤاتیڤ وتاری شه‌شه‌م: مایكل ئۆكشات وتاری حه‌وته‌م: چۆنیه‌تیی پێوه‌ندیی نێوان ئایین و مۆدێڕنیته له ڕۆژاوادا وتاری هه‌شته‌م: له كۆنسهرڤاتیزمهوه تا هێرمێنوتیك و پۆستمۆدێرنیزم
بۆ زانیاریی زیاتر و دابه‌زاندنی كتێبه‌كه، بڕوانه: حۆسێن به‌شیرییه، مێژووی بیری سیاسیی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌رگی دووه‌م، لیبرالیزم و كۆنسه‌رڤاتیزم، وه‌رگێڕانی: ناسر ئیبراهیم زاده، هه‌ولێر: خانه‌ی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه (چاپخانه‌ی موكریانی)، 2013.
لینکی دابەزاندنی کتێبەکەhttp://www.mukiryani.com "History of Political Thought in the 20th Century" [2 volumes]; vol I, Marxist Thought; vol. II, Liberal and Conservative Thought (Tehran: Nay Press, 1994-96).
|
ئەرشیف