
2016-09-28
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی سه‌ده‌ی بیسته‌م
Twentieth century political philosophy
Donald Atwell Zoll
نووسه‌ر: دۆناڵد ئهتوێڵ زۆڵ
دۆناڵد زۆڵ، لێكۆڵه‌ری ئه‌مریكیی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له زانكۆی ویلایه‌تی ئاریزۆنا (Arizona State University)، ئه‌م كتێبه‌ی وه‌ك باسێكی چڕ‌وپڕ له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ڕۆژاوا له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا نووسیوه. هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبه توێژینه‌وه‌یه‌كی ورد و قووڵه له‌سه‌ر سیسته‌م، قوتابخانه و تیۆری و مه‌عریفه فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت، به ئاماژه‌دان به ڕیشه و په‌یوه‌ندییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده‌می زایینی‌دا.
نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌م سه‌ده‌یه‌دا ڕوانگه‌ی هزریی جۆراوجۆر له بواره‌كانی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌وڵیان داوه وه‌ڵامی ئه‌و پرس و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییانه بده‌نه‌وه كه كاردانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی پێویستییه‌كانی سه‌رده‌مه و، له پانتاییی ئایدیۆلۆژی و ڕوانگه چه‌په‌كان، پارێزگاره‌كان، لیبراڵه‌كان و میانڕهوهكاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه.
نووسه‌ر له درێژه‌دا ده‌ڵێت: ئه‌مانه‌یش، له "ژیان ته‌وه‌ری"، تاوه‌كوو شۆڕشی فرۆیدی و پارێزگاری و فاشیزم ده‌گرێته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م هه‌وڵانه، گه‌ڕانه له ڕیشه و بنچینه و بنه‌ماكانی ئایدیاڵخوازی و بنه‌ماخوازی، تا دیموكراسیی جه‌ماوه‌ری و سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم. له ڕه‌هه‌ندێكی تریشه‌وه، له لیبرال دیموكراسی و فره‌یییه‌وه بۆ نوخبه‌گه‌رایی و پێداچوونه‌وه‌خوازی له لایه‌ك و، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه له پۆزیتیڤیزمی نوێ و بنه‌ماخوازیی نوێیه‌وه، تا ڕه‌سه‌نایه‌تیی بوون و داهاتووگه‌رایی.
نووسه‌ر بڕوای وایه كه فۆرمی هزره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستییه‌یه كه ئه‌م سه‌ده‌یه له ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نووسی دوایین ئه‌زموونی هزر و بیره پێكناكۆكهكاندا له پێشكه‌شكردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو له هه‌مبه‌ر گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆژه‌ی ناته‌واوی مۆدێرێنیتهدا، دهرفهتخوڵقێن بووه. به‌م پێیه‌یش، پشكی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م له ژیانی هزریی سه‌رده‌می نوێ‌دا، به‌شدارییه‌كی بێوێنه‌یه. له‌م ڕوووه‌وه لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌یان له قۆناغه‌كانی گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنی هزری نوێ، تێگه‌ییشتن له هۆكاری دابڕان و به‌رده‌وامی له‌نێو ڕابردووی هزری مۆدێرن، ڕوانگه‌ی داهاتووی ئه‌م هزره ڕوونتر ده‌كاته‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی، هه‌وڵی نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا، به‌رزكردنه‌وه و نیشاندانی ڕۆڵ و پێگه‌ی هزر و بیركردنه‌وه و ئه‌قڵانییه‌ته بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی و ڕه‌خنه‌گرتن له نائه‌قڵانییه‌ت و دژه ئه‌قڵانییه‌كان؛ به‌م پێیه‌یش، ته‌سككردنه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان هزری فه‌لسه‌فی و تیۆری له‌گه‌ڵ بواری كرده‌یی و واقعیی سیاسه‌تدا، یاخود به دیوێكی تردا، نزیككردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سووف و دهوڵهتمهدارهكان له یه‌كتری.
نووسه‌ر له ئاگاداركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ران له نیگه‌رانیی خۆی، له دووركه‌وتنه‌وه‌مان له ئه‌قڵ و، باوه‌ڕ به بێسوودیی ئه‌قڵانییه‌ت، ئاماژه به‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت: تا ئه‌و كاته‌ی كه ئێمه نه‌توانین له نێوان ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌لسه‌فییان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له لایه‌ك و، ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه كه‌م و زۆر، هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسیی ڕۆژانه‌مانی له‌سه‌ریان پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، سازش و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ك پێك بێنین، به‌ته‌واوی له به‌رده‌م ئه‌وه‌داین كه له‌ژێر گوشاره‌كانی ژیاندا، به‌بێ هه‌بوونی توانای كۆنترۆڵ و ئاراسته‌كردنیان، تێ بچه‌قین و ته‌نیا ناڵه و هاتوهاوار بكه‌ین.
به‌م پێیه‌یش، نووسه‌ر زۆر گه‌شبینه به داهاتووی ئه‌قڵانییه‌تی مرۆڤ و ده‌ڵێت: سه‌ده‌ی بیسته‌م، وه‌ك هه‌ر سه‌ده‌یه‌كی تری مێژوویی، به هه‌موو شانازی و شهرمهكانییهوه، به نه‌زانی و زانایییه‌وه، هه‌موو كاتێك له‌گه‌ڵ به‌ڵێن و موژده‌ی داهاتوویه‌كی گه‌شدا هاوته‌ریب بووه. ئه‌م به‌ڵێنه‌یش، وه‌كوو هه‌میشه، ته‌نیا به یارمه‌تیی بیر و هزری مرۆیی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. هه‌ر چه‌نده‌یش، سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌گه‌ڵ شێتایه‌تی و تاوانه‌كان و نائه‌قڵانییه‌تی مرۆڤدا، تا ئاستی نه‌مان و سڕینه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ڕۆییشتووه، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌وه ئه‌قڵ و هزری مرۆڤه‌كان بووه كه ڕێگه‌ی لێ گرتووه و كۆتایی به‌م كاره‌ساتانه هێناوه.
ئه‌م كتێبه له (10) به‌شی سه‌ره‌كی پێك هاتووه.
به‌شی یه‌كه‌م: دۆخی ئه‌سته‌می فه‌یله‌سووف
به‌شی دووه‌م: پردی په‌یوه‌ندیی ژیانباوهڕی: شۆڕشی فرۆیدی
به‌شی سێیه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی مێگه‌لی سه‌ره‌تایی: فاشیزم
به‌شی چواره‌م: یۆتۆپیای ماتریالیستی: كۆمۆنیزم
به‌شی پێنجه‌م: هێزی ڕاكێشانی زانست: پۆزیتیڤیزمی نوێ
به‌شی شه‌شه‌م: سه‌ده‌ی خه‌ڵكی ئاسایی: دیموكراسیی پۆپۆلیستی
به‌شی حه‌وته‌م: پاشه‌كشه‌ی سه‌لیقه و حه‌ز: پارێزگاری
به‌شی هه‌شته‌م: هاواری نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ: ئێگزیستانسیالیزم
به‌شی نۆیه‌م: جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕی: ڕادیكالیزمی نوێ
به‌شی ده‌یه‌م: داهاتووگه‌رایی
سه‌رچاوه:
دونالد اتول زول، فلسفه سیاسی قرن بیستم، مترجم: دكتر محمد ساوجی، تهران: نشر اگه، 1387.
ئەرشیف