نووسینی: نیک دەیڤس

 

هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ چەکداماڵینی میلیشیا عێراقییەکانی پشتیگیریكراو لەلایەن ئێرانەوە تا ۳۰ی ئەیلوول، نەبوونە هۆی هێنانەدیی ئامانجی خوازراوی ئەمریکا؛ ئەوەیش نەک بەهۆی کەمیی گوشارەکان، بەڵکوو بەهۆی پێكناكۆكی (تناقض)ێکی قووڵ لە سیاسەتی ئەمریکادا. لە ساڵی ۲۰۰۳وە، ئەو ڕێکارانەی ئەمریکا کە بەئاشکرا بە ئامانجی هێنانی سەقامگیری بۆ عێراق دەخرانە ڕوو، بەردەوام بوونەتە هۆی تێکدانی سەقامگیرییەکەی. ئەو ئاڵۆزییانەی لەمەوە کەوتوونەتەوە، هێز و پێگەی میلیشیاکانیان بەهێزتر کردووە. سەرۆک ترەمپ درێژە بە هەمان ڕێباز دەدات؛ ئەویش وەک پێشینەکانی خۆی، زیاد لە پێویست پشت بەو بیرۆکەیە دەبەستێت کە هێزی ئەمریکا دەتوانێت لە مەودای درێژخایەندا دیمەنی سیاسیی دابەشبووی عێراق بۆ خواستەکانی خۆی دەستەمۆ بکات.

 

گوشارەکانی ئەمریکا و سنووری کاریگەرییان

ئیدارەی ترەمپ گوشارێکی زۆری خستە سەر حکوومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێکار دژی میلیشیاکان. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌، گەیشتنی عێراقی بە بەشێک لە نەختینەی دۆلاری داهاتی نەوتەکەی هەڵپەسارد، کە لە ساڵی ۲۰۰۳وە لە بانکی یەدەگی فیدراڵیی نیویۆرک دانرابوو؛ لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی، گەیاندنی ئاگاداركردنه‌وه‌یەکی ڕوون بوو بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ، عەلی ئەلزەیدی. زەیدی وەک کاندیدێکی قبووڵکراو دەرکەوت، دوای ئەوەی ترەمپ بژاردەی یەکەمی هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری ڕەت کردەوە کە سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نووری مالیکی بوو. ترەمپ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد کە عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکیدا "نوقمی هەژاری و پشێوییەکی تەواو بووە." لەبەرامبەردا، زەیدی بەڵێنی دا تا ۳۰ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ چەکی میلیشیاکان دابماڵێت، پێش ئەوەی دواتر مۆڵەتەکە بۆ حوزەیرانی ٢٠٢٧ درێژ بكرێتەوە. واشنتۆن و بەغدا هیوادارن کشانەوەی کۆتاییی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ببێتە هۆی لاوازکردنی گێڕانه‌وه‌ی بەرگریی میلیشیاکان و، بەوەیش دەرفەتەکانی چەکداماڵینیان بەهێزتر بکات.

 

بەڵام گوشارەکانی ئەمریکا ناتوانێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئاڕاستەکانی دەوڵەتی عێراقدا دروست بکات؛ چونکە هەر هەوڵێک لەلایەن زەیدییەوە بۆ پەراوێزخستنی میلیشیاکان لە دیمەنی سیاسیی عێراق، دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ. ئەو کارتە گوشارانەی واشنتۆن هەیەتی، تەنیا دەبنە هۆی پابەندبوونێکی ڕواڵەتی لە مەودای کورتدا، لەبری دروستکردنی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە دەوڵەتدا لە مەودای درێژخایەندا؛ چونکە زۆرێک لە ناوەندەکانی هەژموون لە عێراق تەنیا ئه‌وه‌نده‌ پابەندبوون نیشان دەدەن، کە بەس بێت بۆ خۆدزینەوە لە وردبینیی ئەمریکا بەرامبەر ڕەفتارەکانیان، بە مەبەستی دەستکەوتنی کات تا سەرنجی ئیدارەی ئەمریکا بۆ بابەتەکانی دیکە ڕابكێشرێت. ڕەنگە هەر ئەمەیش هۆکاری بەڵێنەکەی قەیس ئەلخەزعەلی بێت لە حوزەیراندا بۆ چەکداماڵینی گرووپەکەی "عەسائیبی ئەهلی هەق"، چونکە گرووپەکە تا ئێستا چەکەکانی ڕادەست نەکردووە و هیچ ئاماژەیەکی بەرجەستەیش نییە کە ئەوە بکات.

 

دوو پێشهاتی دیکەیش سنووری کاریگەریی گوشارەکانی ئەمریکا ڕوونتر دەکەنەوە:

  • یەکەم: بەپێچەوانەی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەو میلیشیایانەی پەیوەندیی قووڵتریان لەگەڵ ئێراندا هەیە، وەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، تەنانەت پابەندبوونێکی ڕواڵەتییشیان بۆ داواکاریی چەکداماڵین نیشان نەداوە. لە کۆتایییەکانی تەممووزدا، کاتێک هێزە عێراقییەکان نێردران بۆ پشکنینی بارەگایەکی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی نوجەبا بە مەبەستی گەڕان بەدوای مووشەکدا، چەکدارانی میلیشیاکە تەقەی ئاگادارکردنەوەیان کرد و فەرمان بە هێزەکان کرا بکشێنەوە.
  • دووەم: باڵە سیاسییەکانی میلیشیاکان لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵات لە عێراقدا، لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا خاوەنی هەژموونێکی بەهێز و قووڵن. باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەق (سادقوون)، دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەماندا سێ هێندە کردەوە. هەروەها دوو وەزارەتی گرنگی سەرچاوەکانی ئاو و گواستنەوە، سپێردران بە "ڕێکخراوی بەدر"ی پشتیوانکراو لەلایەن ئێرانەوە. فراکسیۆنەکانی تری هاوشێوەیش بڕبڕەی پشتی سەرەکیی "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی شيعين کە زەیدییان بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران هەڵبژارد؛ ئەوەیش مەودای مانۆڕدانی زەیدی بەرتەسک دەکاتەوە.

 

پێكناكۆكیی پرسی میلیشیاکان

دەستەوەستانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناچارکردنی میلیشیاکان بۆ چەکداماڵین، ڕەنگدانەوەی پێكناكۆكییه‌كی درێژخایەنە لە سیاسەتەکەیدا؛ سەرۆک ترەمپ، وەک پێشینەکانی، جەخت لەسەر چەکداماڵینی میلیشیاکان دەکاتەوە، لە کاتێکدا بەردەوامە لە خۆشکردنی ئەو دۆخانەی، ڕێگە بەو میلیشیایانە دەدەن هەژموونی خۆیان قووڵتر بکەنەوە.

ئەم تێڕوانین یاخود ئاراسته‌یه‌ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲۰۰۳؛ کاتێک بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی سوپای عێراقی سەر بە ڕژێمی بەعس، بووە هۆی دروستبوونی بۆشایییەکی ئاسایشی، کە دواتر بە شێوەیەکی بەشەکی لەلایەن میلیشیا شيعییەکانی وەک ڕێکخراوی بەدر و سوپای مەهدیی سەر بە موقته‌دا سه‌در و دواتریش عەسائیبی ئەهلی هەق پڕ کرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ناوی پاراستنی سەقامگیرییەوە پشتیوانیی لە نووری مالیکی کرد. بەڵام سیاسەتەکانی مالیکی کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەنگ و ڕووی تائیفەگەرییان زیاتر وەرگرت ـــــــــ لەوانەیش سەرکوتکاریی سەربازیی حکوومه‌تەکەی دژی خۆپێشاندەرانی سوننە ــــــــ هاوکار بوون لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ هەڵکشانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). جەنگی دژی داعش، بووە هۆی بەهێزبوونی ئەم میلیشیایانە و بەخشینی شەرعییەتی سیاسی پێیان و، دواتریش پێگەی دامەزراوەیی و دارایییان لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا چەسپا.

ئەمڕۆش، بە هەڵبژاردنی هەڵگیرساندنی جەنگ دژ بە ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکان گەڕاوەتەوە بۆ گێڕانی ڕۆڵێک کە زیاتر بە ئاراستەی تێکدانی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، چونکە ململانێیەکی هەرێمیی هەڵگیرساند کە پەڕییەوە بۆ عێراق. ئەمەیش گوتاری ئایدیۆلۆژیی زیندووی کردەوە کە میلیشیا عێراقییەکان بۆ کۆکردنەوە و هاندانی لایەنگرانیان پشتی پێ دەبەستن، لە هەمان ئەو کاتەی واشنتۆن گوشارەکانی بۆ چەکداماڵینیان چڕتر دەکاتەوە. سەبارەت بەو میلیشیایانەی کە بەئاشکرا ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی له‌ كه‌نداو دەکەنە ئامانج، جەنگەکە هەستێکی نوێی بە گرنگیی بوونیان و دەرفەتێکی پێ بەخشین، بۆ نیشاندانی توانایان لە تێکدانی سەقامگیری، لەوانەیش دروستکردنی کەلێن و ناکۆکی لەنێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێیدا. ئەمەیش لەو ئاڵۆزییانەدا ڕوون بووەوە کە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیا بۆ سەر عێراق کەوتنەوە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی درابوونە پاڵ میلیشیا عێراقییەکان  کە ژێرخانی وزەی سعوودیایان کردبووە ئامانج.

لە هەمان کاتدا، میلیشیاکانی وەک عەسائیبی ئەهلی هەق ـــــــ کە هێرشی ئاسمانیی سنوورداریان کردووەتە سەر ئامانجە ئەمریکییەکان و بەڵێنی چەکداماڵینیشیان داوە ـــــــ دەتوانن خۆیان وەک گرووپێکی تا ڕاددەیەک سەربەخۆ لە ئێران نیشان بدەن، لە کاتێکدا باڵە سیاسییەکانیان بەدوور لە چاوی کامێراکان، بەردەوامن لە ڕیشەدارکردنی هەژموونیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وێرانکاری و زەرەر و زیانە ئابوورییانەی جەنگەکە جێی هێشتوون، چاوەڕوان دەکرێت وتاری بەرەنگاربوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ئامرازێکی کاریگەر بمێنێتەوە کە میلیشیاکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی جەماوەری پشتی پێ دەبەستن. بەم شێوەیە، وا دیارە جەنگەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی میلیشیا عێراقییەکان نەک لاوازکردنیان و، ترەمپ لەم ڕووەوە درێژەپێدەری ڕێبازی پێشینەکانیەتی، نەک ستراتیژییه‌کی جیاوازی هەبێت.                        

ڕوانین بۆ داهاتوو

میلیشیاکان تا ئیستا گەورەترین سوودمەندن لە دۆخی ئاڵۆزی و پشێویی عێراقدا. لە ڕوانگەی بەغداوە، ئەمە هۆکارێکی زیادەیە کە وا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات بەپەلە هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگی دژی ئێران بدات، بەهۆی ئەو مەترسییەی لە هەڵکشانی توندوتیژیدا هەیەتی کە لەلایەن میلیشیاکانەوە لە عێراقدا گەشەی پێ دەدرێت. هێنانەدیی ئاشتی بەتەنیا نابێتە هۆی زیاتربوونی ئامادەییی میلیشیاکان بۆ چەکداماڵین، بەڵام مەرجێکی سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئەو ژێرخانەی، کە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتی عێراق پێویستە؛ چونکە پڕۆژەکانی وەک هێڵی بۆڕیی کەرکووک-بانیاس لە سایەی بەردەوامیی جەنگدا ناتوانرێت سەرلەنوێ بنیاد بنرێنەوە. هەروەها کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەو وتارەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا کە میلیشیاکان پشتی پێ دەبەستن.

ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت میلیشیاکان هەڵبوەشێنێتەوە، ڕێک وەک چۆن زەیدییش ناتوانێت ئەوە بکات. ئەوەی پێویستە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا بیکەن، دانپێدانانە بەوەی کە لە کاتێکدا هەوڵی چەکداماڵینی میلیشیاکانیان داوە، لە هەمان کاتدا هاوکار بوون لە ڕەخساندنی دۆخێک کە ڕێگەیان پێ دەدات هەژموونی خۆیان بەهێزتر بکەن. تەنیا لەو کاتەدا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت خشتەیەکی کاتیی واقعیتر بۆ چەکداماڵین دابنێت. چونکە مۆڵەتی ۳۰ی ئەیلوول تێ پەڕی، بێ ئەوەی ئامانجە خوازراوەکە بێتە دی؛ بەمەیش متمانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراقدا سەرلەنوێ لەق بووەوە.

بە هەمان شێوە، لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران نابێتە هۆی لاوازبوونی میلیشیا عێراقییەکان؛ چونکە ئەم میلیشیایانە تەشەنەیان کردووەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و، دیمەنی سیاسییان سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە کە دوای ساڵی ۲۰۰۳ هاتە ئاراوە و، بوونەتە خاوەنی تۆڕی تایبەتی خۆیان لە شوێنکەوتووان و سوودمەندان و، وتاری ئایدیۆلۆژی و دینامیکییەتی خۆیان کە بەردەوامیی هەژموونیان مسۆگەر دەکات. خۆبەدوورگرتنی عەسائیبی ئەهلی هەق لە بەشداری لە "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەمریکییەکان، ڕەنگدانەوەی لێهاتوویییانە لە مانۆڕداندا، نەک لاوازییان. هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش هەستی دژەئەمریکای کەم نەکردووەتەوە، بەتایبەت لە سایەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە چوارچێوەی جەنگی دژی ئێراندا. دژایەتیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەوڵدان بۆ کەڵەکەکردنی سەروەت و هەژموون ــــــ بە شێوازێک کە لە توانای دەوڵەت بەدەر بێت بۆ ڕاگرتنی ـــــــ وەک دوو بزوێنەری سەرەکیی ئەم میلیشیایانە دەمێننەوە، چ ڕژێمی ئێران بمێنێتەوە چ بڕووخێت. پاش ئەوەی میلیشیاکان لەدوای داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی ۲۰۰۳دا توانییان بگەنە دەسەڵات، وا دیارە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا خۆڕاگر دەبن و لە سنووری کۆنتڕۆڵی ئێرانیش تێ دەپەڕن.

 

سەرچاوە

Davies, N. (2026, October 13). لماذا لا تستطيع الضغوط الأميركية نزع سلاح الميليشيات العراقية؟ [Why US pressure cannot disarm Iraqi militias?]. Kalam Chatham House. <<https://kalam.chathamhouse.org/ar/%d9%84%d9%85%d8%a7%d8%b0%d8%a7-%d9%84%d8%a7-%d8%aa%d8%b3%d8%aa%d8%b7%d9%8a%d8%b9-%d8%a7%d9%84%d8%b6%d8%ba%d9%88%d8%b7-%d8%a7%d9%84%d8%a3%d9%85%d9%8a%d8%b1%d9%83%d9%8a%d8%a9-%d9%86%d8%b2%d8%b9-%d8%b3/>>.

 

 

نووسەران

© هەموو مافەکان بۆ خانەی هزریی کوردستان پارێزراوە.