خستنەڕووی پرس
بنیاتنانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، یەکێکە لە ڕێگەکانی باش بەڕێوەبردن و پێشخستنی کەرتی نەوت و گاز لە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و گازدا. بۆیە دەبێت ئامانجی سەرەکیی حکوومەتەکان لە دامەزراندنی کۆمپانیا نیشتمانییەکاندا، خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ململانێی گرووپ و لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە بێت. بەڵام کاتێک خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی بۆ پرۆژەیاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی دەکەین، کە ئێستا حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ بەنیازن دووبارە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیی پێ دابمەزرێننەوە، بۆمان دەردەکەوێت بنیاتنانەوەی ئەو کۆمپانیایە، بەو جۆرەی لەناو ماددەکانی ئەو یاسایەدا هاتووە، ئەوەندەی ململانێکان لە نێوان حکوومەتى ناوەندی لەگەڵ هەرێم و پارێزگەکان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە قووڵ دەکاتەوە، ئەوەندە نابێتە هۆکارێک بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە لایەک و بەغدا و پارێزگە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە لایەکی تر. لەوەیش زیاتر، بەشێک لە ماددەکانی ناو یاساکە، پێچەوانەی دەستوور و
ئەرشیف