دیموکراسی بابەتێکی ڕێژەیییه، به‌ڵام له ته‌مه‌نی زیاتر لە دوو هه‌زار ساڵیی خۆیدا، به‌رده‌وام ڕووی له گه‌شه‌سەندن بووه. حوکمڕانیی سه‌ر به‌م چه‌مکه‌یش هه‌میشه جێی باس و لێدوان بووه، که سیسته‌می دیموکراسی له وڵاتێک‌دا چۆن به‌ڕێوه بچێت. شێوه‌ی داڕشتنی ده‌سه‌ڵات و میکانیزم، هەروەها ئه‌و چه‌مکانه‌ی که له کات و شوێنێکی دیاریکراودا ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتیک پێناسه ده‌که‌ن، کامانەن؟ له کۆتاییدا، به چ شێوه‌یه‌ک ئه‌م سیسته‌مه ده‌توانێت باشترین به‌ڕێوه‌به‌ری له وڵات‌دا سه‌قامگیر بکات، تا کۆمه‌ڵگه له گشت بواره‌کانیدا گه‌شه بستێنێت؟
دوو بۆچوون لەم بوارەدا هەمیشە جێی مشت‌ومڕ بوونە، ئاخۆ حکوومەتێکی تێکنۆکرات بێت کە بە ڕێگەی چەند پسپۆر و فەیلەسووفەوە وڵات ئیدارە بکەن، یان بە هۆی کەسانی لێهاتوو و شارەزاوە وڵات بەڕێوە بچێت؟ ئەگەر باس لە "حکوومه‌تی تێکنۆکراتی" دەکەین، پێویستە باس لە تەمەن و سەرهەڵدانی ئەم دەستەواژەیە بکەین کە ته‌مه‌نی به سه‌د ساڵ ناگات و له لایه‌ن ڕۆشنبیران و نووسه‌رانەوە هاتۆتە ناو زانسته سیاسییه‌کانه‌وه و گه‌ڵاڵه‌ی فکریی بۆ داڕێژراوە.
حکوومه‌تی "Technocracy" به‌و مانایه لێکدراوەتەوە که سیسته‌می سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێ به هۆی که‌سانی تێکنۆکراته‌وه به‌ڕێوه بچێت، که پێکهاته‌ی ئه‌مانه بریتی ده‌بن له ئه‌ندازیاران، ڕۆشنبیران، پیتۆڵ و کارناسان. به‌ڵام له جیهانی دیموکراسیی ناڕاسته‌وخۆدا (دیموکراسیی نوێنەرایەتی)، حکوومه‌تی تێکنۆکرات بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بووەتەوە که ئاخۆ حکوومه‌تی تێکنۆکراتیک ده‌توانێت جێگه‌ی حکوومه‌تی دیموکراتیک بگرێته‌وه؟
پێشینه‌ی "تێکنۆکراسی" بۆ سه‌رده‌می یۆنانییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ئه‌و کات به ناوی "techno" واته (هونه‌ر و زیره‌ک)ی و "kratos" به مانای ده‌سه‌ڵات لێکدرایه‌وه و بە "ده‌سه‌ڵاتی زیره‌که‌کان و هونه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری" ناوی ده‌رکرد. یه‌کێک له‌وانه ئه‌فلاتوون (428 – 348 پ. ز) پێی وابوو، کە "ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له لایه‌ن "ئێلیت" واتە هه‌ڵبژارده‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه به‌ڕێوه بچێت، هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وان به‌باشیی سه‌ریان له فه‌لسه‌فه‌یش ده‌ربچێت." ئه‌فلاتوون نه‌ک ته‌نیا له‌م بواره‌دا ئاڵقه‌یه‌کی گه‌لێک ته‌سکی بۆ چین و توێژه‌کانی سه‌رده‌می خۆی له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دروست کردبوو، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت له بواری فه‌لسه‌فه و فێرکردنیشدا ئه‌م بازنه ته‌سکه‌ی پاراستبوو و گرینگییه‌کی تایبه‌تی به "ئێلیت"ه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌دا. له‌سه‌ر ده‌رگه‌ی فێرگه به‌ناوبانگه‌که‌ی (ئه‌کادێمیا) دروشمی "که‌سێک که بیرکاری نه‌زانێت بۆی نییه بێته ژووره‌وه" چه‌مکی خەستی پاوان له لای ئه‌فلاتوون بوو، که هه‌م له بواری ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌وه و هه‌میش له بواری فێربوون و فێرکردن‌دا خۆی نیشان ده‌دا.
له ڕه‌وتی زه‌مەندا، ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئه‌فلاتوون جێی باس بوو و هاوکاتیش په‌ره‌ی پێ ده‌درا. "سه‌ن سیموون"ی فه‌ڕه‌نسی (1760-1825)، سۆسیالیستی پێش مارکس (١٨١٨-١٨٨٣)، باسی له‌وه ده‌کرد که له داهاتوودا، ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته ده‌ست "پیتۆڵان" و "ئه‌ندازیاران"ی کۆمه‌ڵگه‌وه.
له ساڵی 1932 و له سه‌رده‌می قه‌یرانی ئابووری له ئه‌مریکادا، له زانستگه‌ی کۆڵۆمبیا لە لایه‌ن چه‌ند ڕۆشنبیرێکه‌وه کۆمیته‌ی تێکنۆکراسی ڕاگه‌یێندرا. ئه‌م کۆمیته‌یە پێی وابوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌م قه‌یرانه ئابوورییه ڕزگاری بێت، پێویسته تێکنۆکراته‌کان وڵات به‌ڕێوه به‌رن. حکوومه‌تی تێکنۆکراتیی ئه‌م نووسه‌رانه په‌یوه‌ندیی به قه‌یرانی ئابوورییه‌وه هه‌بوو که ئه‌ویش، ده‌بێ ئه‌ندازیاران و کارناسان وڵات به‌ڕێوه به‌رن. ئه‌مە ته‌نیا گه‌ڵاڵه‌یه‌کی فکری بوو و به‌س. پێویسته ئه‌مه‌ش بگوترێت، که ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه به‌ته‌واوه‌تی له لایه‌ن حوکمڕانانی ئه‌مریکاوە وه‌لاوە نه‌نرا، بەڵکو تەنیا له بواری ئابوورییەوە به داڕشتنی پلان و ڕاوێژکردن، که‌ڵک له تێکنۆکراته‌کان وه‌رگیرا، به‌ڵام حکوومه‌ت هه‌روا له لایه‌ن سیاسەتوانانه‌وه به‌ڕێوه دەچوو.
بەم هۆیەوە، جارێکی تر ململانێ له نێوان "ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندازیاران" (حکوومه‌تی تێکنۆکراسی) و "حکوومه‌تی دیموکراسی" سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و ئه‌و باسه‌یش هاته‌وه گۆڕێ، که کاتێک حکوومه‌تی دیموکراسی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن پێک دێت و ئه‌م حکوومه‌ته‌یش ده‌بێ له به‌رامبه‌ر هاووڵاتیاندا وه‌ڵامده‌ر و به‌رپرسیار بێت، هه‌روه‌ها حکوومه‌تی دیموکرات، که ده‌بێ گوێ له هه‌موو چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگه بگرێت، ئایا "حکوومه‌تی تێکنۆکراسی" ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌ن؟ ئه‌م باسه به زه‌ره‌ری تێکنۆکراته‌کان شکایه‌وه.
دیموکراسیی ناڕاسته‌وخۆ و ده‌سه‌ڵاتی لێهاتووەکان
له سیستەمی دیموکراسیی ناڕاسته‌وخۆدا (دیموکراسیی نوێنه‌رایەتی) که له لایه‌ن حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت و له‌م سه‌رده‌مه‌یشدا، به ڕێژه و پله‌ی جۆراوجۆر له وڵاته دیموکراته‌کاندا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئەم شێوە حوکمڕانییە له‌سه‌ر بنه‌مای پێنج خالی گرینگ، سیسته‌می سیاسیی وڵات به‌ڕێوه ده‌بات.
1- سیسته‌می ململانێی حیزبی بۆ گه‌ییشتن به ده‌سه‌ڵات، که زۆرینه و که‌مینه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه (دەسەڵاتی زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە). 2- هه‌ڵبژاردنی ڕێکوپێک (له کاتی خۆیدا) ، ڕه‌وا و ئازاد. 3- ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ. 4- ڕاگه‌یاندنی ئازاد. 5- پشتیوانی له مافی مرۆڤ.
به گوێره‌ی ئه‌م سیسته‌م و پێناسانه، "حکوومه‌تی تێکنۆکراسی" ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێوه به‌رێت، به‌ڵكو له مێژووی مۆدێرنی ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌دا، شێوه‌یه‌ک له حکوومه‌ت له وڵاته پێشکه‌وتووکانی ئه‌ورووپا، ئه‌مریکا و شوێنه‌کانی دیکە پێک هاتووە، که به حکوومه‌تی "Meritocracy" واته حکوومه‌تی لێزان و لێوه‌شاوەکان ناوی ده‌رکردووه. له حکوومه‌تی "لێزان و لێهاتووەکان"دا که‌سانی خاوه‌ن توانا و لێوه‌شاوه به‌ڕێوه بەرن. مێژووی خزمه‌ت و پلەی خوێندەواری له دامه‌زراوه حکوومی و ناحکوومییه‌کان، هەروەها لێوه‌شاوه‌یییان بنه‌مایه بۆ گه‌ییشتن به ده‌سه‌ڵات. پله‌ی خوێنده‌واری و ئه‌زموون له بواری کاروباری سیاسی، دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کین بۆ شێوه حکوومه‌تی "Meritocracy"، که له‌مێژه له ئه‌ورووپادا حوکمڕانی دەکات.
هۆکاره‌که‌یشی ڕێک بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له کاتی هه‌ڵبژاردندا، کاتێک حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌رنامه‌ی کاریان بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشکه‌ش به هاووڵاتیان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵه که‌سی به‌توانایش له ناو حیزبه‌که‌یاندا بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده ده‌که‌ن. چاوخشاندنێکی خێرا به جوگرافیای سیاسیی ئه‌ورووپا ئه‌مه ده‌رده‌خات، که وه‌زیر، جێگر و سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌م وڵاتانه گشتیان سه‌رۆک و ئه‌ندامانی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانن، که ئاڵقه‌ی سه‌ره‌کیی بەڕێوەبەریی وڵات له‌ده‌ست ئه‌وانە. له بواری ڕاوێژکاریشدا له‌سه‌ر بنه‌مای (زیره‌کی، لێوه‌شاوه‌یی و توانایی)ی که‌سه‌کانی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و لە مەیدانی بیرکردنەوە و بڕیاردانیشدا دەوری زۆر گرینگ دەگێڕن.
به‌ڵام له پاڵ ئه‌مه‌یشدا، سه‌رتاپای دامه‌زراوه حکوومییه‌کان به‌حیزبی ناکه‌ن، به‌ڵکو لە ئاستی خوارەوەی دامه‌زراوه‌کاندا دەور بە که‌سانی پسپۆر، کارناسان، هه‌روه‌ها له بواری ئابووریشدا، شوێن بە ئه‌ندازیاران ده‌درێت. واته که‌سێکی لێوه‌شاوه و گونجاو بۆ شوێنێکی گونجاو.
بێ‌شک ناکرێت مێژووی دیموکراسی، پێشکه‌وتن و گەشە جیهانییەکەی له هه‌رێمی کوردستان گرێ بده‌ین، یا وێکچووی بکه‌ین و لە کۆتاییدا دەقاودەق لە هەرێمی کوردستان پیادەی بکەین. پێویستە و دەبێ دیموکراسی بە گوێرەی ڕێژە و ڕەوتە مێژوویییەکەی سەیری بکرێت، به‌ڵام ده‌کرێت و پێویسته له وڵاتی ئێمه‌یشدا گشت دامه‌زراوه حکوومییه‌کان به ڕاوێژکاره‌کانیشیانه‌وه بیرێکی جددی له (لێوه‌شاوه‌یی، زیره‌کی و توانایی)ی ئه‌و که‌سانه بکەنەوە، که له داموده‌زگه حکوومییه‌کاندا داده‌مه‌زرێن. مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ژیرانه، (لێوه‌شاوه‌یی، زیره‌کی و توانایی)ی ئه‌و که‌سانه‌یه که حوکمڕانیی وڵات ده‌که‌ن. بەرپرسیارەتی لە بەرامبەر کارەکان و وڵامدەریی لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا، دوو بنەمای هەرە سەرەکین لە حکوومەتی لێهاتوو و لێوەشاوەکاندا.
ئەرشیف