
به‌راوردی بنه‌ما تیۆرییه‌كانی فێمێنیزم
په‌رویز ڕه‌حیم قادر- كۆلێژی یاسا و زانسته سیاسییه‌كان/ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین
پێشه‌كی:
بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه به‌گشتی به "فێمێنیزم" ناسراوه، یه‌كێك بووه له‌و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه ده‌توانین بڵێین چه‌ندین سه‌ده و به هه‌وراز و نشیوی زۆردا به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كانی ژنان تێ په‌ڕیوه. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا زیاتر هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی بووه و له لایه‌ن بیرمه‌ندان یاخود هه‌ندێ له ژنانه‌وه هاتۆته ئاراوه، به‌ڵام پاشان په‌ره ده‌ستێنێت و به‌ره‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی گشتگیرتر ده‌ڕوات. ڕاستییه‌كه‌ی به هۆی په‌رشوبڵاوی و جۆراوجۆریی داواكارییه‌كانی ژنانه‌وه، ئێمه ناتوانین به‌ڕوونی باس له تیۆرییه‌كی جێگیر و یه‌كانگیری فێمێنیستی بكه‌ین.
له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا و به هۆی بارودۆخه جۆراوجۆره‌كان و ژینگه‌ی تایبه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵێك داواكاری و ته‌نانه‌ت میتۆدی جۆراوجۆر به ناوی فێمێنیزم هاتۆته ئاراوه. به‌شێك له فێمێنیسته‌كان هه‌وڵیان داوه له چوارچێوه‌ی تیۆری و ڕوانگه زانستییه‌كانی تره‌وه داواكاری و ڕوانگه‌كانی حۆیان مانیفێست بكه‌ن؛ بۆ نموونه لیبراڵه‌كان، كۆمۆنیسته‌كان، سۆسیالیسته‌كان و هتد. بۆیه تێگه‌یشتن له‌و ڕه‌وته مێژوویییه و داواكارییه‌كانیان كه هه‌ندێ جار دژبهیهكیی تێدایه، بۆ تێگه‌یشتن له‌و چوارچێوه به‌رفراوانه، كه به فێمێنیزم ده‌ناسرێت، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئاشنابوونی زیاتر و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تییه.
فێمێنیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌ك، به هۆی كاریگه‌ریدانان و كاریگهریوهرگرتن له تیۆری و ڕوانگه‌كانی تری لیبراڵی و ماركسیستی و ...، له ڕوانگه‌ی زانستییه‌وه گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه؛ به‌م پێیه‌یش لێكۆڵێنه‌وه له جۆراوجۆری و جیاوازییه‌كانیان ده‌بێته هۆی ڕوونتربوونه‌وه‌ی ویست و ستراتیژی و ئامانجی ئه‌م ڕه‌وتانه، كه به فێمێنیزم ده‌ناسرێت. بۆیه گرنگه ئه‌وه بزانین كه ئێمه تیۆرییه‌كی فێمێنیستیمان نییه، به‌ڵكوو ده‌توانین باس له فێمێنیزمه‌كان بكه‌ین.
ئامانجی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه نیشان بدات فێمێنیزم تیۆرییه‌كی گشتگیری تۆكمه و پته‌وی سه‌ربه‌خۆ و یه‌كده‌ست نییه، به‌ڵكوو ئێمه ده‌توانین چه‌ندین جۆر و شێوازی تیۆریی فێمێنیستی ده‌ستنیشان بكه‌ین. بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌م پرسه، كه پرسی سه‌ره‌كیی توێژینه‌وه‌كه‌یه، بده‌ینه‌وه:
فێمێنیزم چییه و جۆره‌كانی ئه‌م تیۆرییه و جیاوازییه‌كانیان چین؟
بنه‌ماكانی تیۆرییه‌كانی فێمێنیزم یاخود خاڵی هاوبه‌ش و دژبه‌یه‌كیان چییه؟
ئایا ئێمه یه‌ك تیۆریی فێمێنیزممان هه‌یه یاخود چه‌ندین تیۆریی فێمێنیستی؟
به‌گشتی ئێمه ناتوانین باس له یه‌ك تیۆری یاخود یه‌ك جۆر و میتۆدی فێمێنیستی بكه‌ین، به‌ڵكوو چه‌ندین تیۆری و ڕوانگه‌ی فێمێنیستیمان هه‌یه. به‌م پێیه‌یش پرسی ژنان خاڵی هاوبه‌شیانه، به‌ڵام شێوازی لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م پرسه له‌ژێر كاریگه‌ریی تیۆرییه‌كانی تری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت زانستیدایه. بۆیه ئێمه ده‌كرێت بڵێین و دروستتر ئه‌وه‌یه كه باس له فێمێنیزمه‌كان یاخود تیۆرییه‌كانی فێمێنیزم بكه‌ین، نه‌ك یه‌ك تیۆریی تایبه‌ت و تاقانه‌ی فێمێنیزم.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، بێجگه له پێشه‌كی و ده‌ره‌نجام، له چوار به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ندین باس پێك هاتووه. به‌شی یه‌كه‌م تایبه‌ته به پێناسه و ناساندنی چه‌مكی فێمێنیزم. به‌شی دووه‌م، چه‌مكه‌كانی بواری مه‌عریفه‌ناسی خراونه‌ته ڕوو. له به‌شی سێیه‌مدا باس له شه‌پۆڵه‌كانی فێمێنیزم كراوه. له به‌شی چواره‌م و كۆتاییدا ڕوانگه و تیۆرییه جیاواز و جۆراوجۆره‌كانی فێمێنیستی خراوه‌ته به‌ر باس و شیكردنه‌وه.
١- پێناسه و ناساندنی فێمێنیزم
هه‌رچه‌نده له نووسراوه فێمێنیستییهكاندا جۆرێك له پابه‌ندی به پرس و بابه‌ته‌كانی ژنان بوونی هه‌یه، به‌ڵام پێناسه‌كردنی به‌پێی زه‌مینه و به‌ستێنی تیۆریی هه‌ر ڕوانگه‌یه‌ك جیاوازیی هه‌یه؛ بۆ نموونه به‌شێكیان له‌ژێر كاریگه‌ریی ماركسیزم، سۆسیالیزم، لیبراڵیزم، ده‌روونناسی، دێكانستراكشن و... تێڕوانینیان جیاوازه. بۆیه له "مافی ده‌نگدانی ژنان" تاوه‌كوو "ئازادیی ژنان" یاخود "ڕزگاریی ژنان" و "بزووتنه‌وه‌ی ژنان" ناوی لێ نراوه؛ هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان به (feminism) واته به (f)ی بچووك و هه‌ندێكی تریان به (Feminism) واته به (F)ی گه‌وره، كه بریتییه له سه‌رووتربوونی ڕه‌گه‌زی مێیینه، یاخود باڵاتربوونی ژن له‌سه‌ر نێرینه یان "پیاو". (قره‌باغی، 1383: 39).
فێمێنیزم له فه‌رهه‌نگه‌كاندا به دوو مانا هاتووه:
- بڕوابوون به‌وه‌ی كه ژنان پێویسته، له‌گه‌ڵ پیاواندا له ده‌رفه‌ت و پێگه‌یه‌كی شایسته و شیاو و یه‌كساندا بن.
- ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه به‌رگری له‌و بڕوایه ده‌كه‌ن و به‌دوای جێبه‌جێكردنی كرده‌ییی ئه‌و بیروباوهرانهدان (لرنر، 1374).
فێمێنیزم وشه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسییه؛ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه فۆرم وه‌رده‌گرێت. له ساڵی 1837 ئه‌و وشه‌یه دێته ناو ده‌سته‌واژه كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی فه‌ڕه‌نسییه‌وه. هه‌رچه‌نده مێژوو فه‌رمییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1630 و له ساڵی 1780ه‌وه وه‌كوو كۆششێكی به‌كۆمه‌ڵ دێته ئاراوه. بۆیه هه‌ندێ لایه‌ن بڕوایان وایه كه فێمێنیزم ڕه‌وتێكه كه لایه‌نگری به‌رفراوانبوونی ماف و ڕۆڵی ژنانه و، هه‌ندێكی تریش له‌و بڕوایه‌دان كه ئه‌وه كاردانه‌وه‌یه‌كه له هه‌مبه‌ر جیاكاری دژی ژنان. به‌م پێیه، فێمێنیست كه‌سێكه كه بڕوای وایه ژنان به هۆی ڕه‌گه‌زه‌كه‌یانه‌وه تووشی جیاكاری بوونه و، به‌م شێوه‌یه، پێویسته گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له سیسته‌می ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بكرێت (خسروپناه، 1388 :102).
چه‌مكی Feminine به مانای مێیینه و ژنانه دێت و، Female به مانای ڕه‌گه‌زی مێینه و ژن دێت. هه‌روه‌ها بۆ وشه و چه‌مكی فێمێنیزم ده‌توانین ئاماژه به "ژنگه‌رایی" و "ژنانهدیتن" و "ژنسالاری" و "ژن-ته‌وه‌ری" و "ژنایه‌تی" و" بزووتنه‌وه‌ی ژنان" و "لایه‌نگری له مافی ژنان" و بڕابوون به یه‌كسانیی ژن و پیاو و ...، بكه‌ین (نجفی، 1388: 101).
جۆرج ڕیتزر ده‌ڵێت: "تیۆریی فێمێنیستی، لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی ژنان كه به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ یاخود فه‌رمی، سیسته‌مێكی هزریی به‌رفراوان و گشتی ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونی مرۆیی له ڕوانگه‌ی ژنێكه‌وه ده‌خاته ڕوو و، له ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه، خوێندنه‌وه بۆ پێگه و ئه‌زموونی ژنان له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كات و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌كرێت جیهانێكی باشتر بۆ ژنان دروست بكرێت" (ڕیتزر، 1377: 640).
ڕێبێكا وێست (Rebecca West) كه به یه‌كێك له فێمێنیسته‌كان داده‌ندرێت ده‌ڵێت: "من خۆم هیچ كاتێك نه‌متوانیوه له‌وه تێ بگه‌م كه فێمێنیزم مانای چییه و ته‌نیا ئه‌وه ده‌زانم كه كاتێك هه‌سته‌كانم ده‌رده‌بڕم، كه من له له‌شفرۆشێك جیا ده‌كاته‌وه، به من ده‌ڵێن فێمێنیست." خاتوو "ژیل استێفن سن" بڕوای وایه: "فێمێنیزم كۆمه‌ڵێك له هزری گۆڕانكاریخوازیی به‌ربڵاو، به‌ڵام پرشوبڵاوه، كه ناكرێت بڵێین ئایدیۆلۆژییه. بۆیه ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ستكردن به نادادپه‌روه‌رییه له لایه‌ن ژنانه‌وه، به‌و هۆیه‌ی كه دژی پێدانی به‌شێك له‌و مافانه‌ن كه دراوه‌ته پیاوان، ته‌نیا به هۆی ئه‌وه‌ی كه پیاون و، نه‌دراوه‌ته ژنان، ته‌نیا به هۆی ئه‌وه‌ی كه ژنن."
هه‌روه‌ها زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه فێمێنیزم به بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن، به‌ڵام فێمێنیزم هه‌م ئایدیۆلۆژییه و هه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌م مانایه‌ی كه جه‌خت له‌سه‌ر به‌های یه‌كسانی ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان ده‌كاته‌وه و ئایدیۆلۆژییه‌كانی دژه‌ژن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه، چونكه هه‌وڵێكی ڕێكخراوه به مه‌به‌ستی گۆڕانكاری له سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه له‌سه‌ر ژێرده‌ستبوونی ژنان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه (نجفی، 1388: 103).
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه پێناسه‌یه‌كی گشتگیر و یه‌كگرتوو له فێمێنیزم بوونی نییه، ئه‌وه‌یه كه فێمێنیزم بزووتنه‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و تاقانه نییه. هه‌موو فێمێنیسته‌كان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ژنان ژیردهستهن و پێویسته بۆ ڕزگاری و ئازادییان ستراتیژییه‌ك بگیرێته به‌ر. به‌ڵام ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌و سته‌م و زۆڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه و، هه‌روه‌ها ستراتیژییه‌كانی گه‌یشتن به ئازادی و ڕزگاری، له نێوانیاندا ناكۆكی و جیاوازیی قووڵ و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه (منصورنژاد، 1381: 248).
فێمێنیسته سهرهتایییهكان باسیان له ماف و یه‌كسانیی ژن ده‌كرد، به‌ڵام له ده‌یه‌ی 1960ه‌وه ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌گه‌ڵ قوتابخانه سیاسی و هزرییه‌كانی دیكه تێكه‌ڵ بوو و بۆ لیبراڵ فێمێنیزم، فێمێنیزمی ماركسیستی، ڕادیكال فێمێنیزم و سۆسیال فێمێنیزم دابه‌ش بوو.
٢- چه‌مكه‌كانی بواری مه‌عریفه‌ناسیی فێمێنیزم
لێره‌دا پێویسته له بواری مه‌عریفه‌ناسیی فێمێنیستیدا جیاوازی له نێوان چه‌ند چه‌مكێكدا بكه‌ین، بۆ نموونه:
٢-١- Feminity:
به‌شێك له بیرمه‌ندانی ئه‌م بواره، له‌و بڕوایه‌دان كه كۆمه‌ڵه تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، به‌تایبه‌ت له ڕوانگه‌ی ده‌رووونی-كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ده‌درێته پاڵ ژن، تایبه‌تمه‌ندییه‌كه كه له‌ژێر كاریگه‌ریی فاكته‌ره ژینگهیییهكاندایه. به‌ڵام به‌شێكی تر له بیرمه‌ندان له‌و بڕوایه‌دان كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژن و پیاو له‌ژێر كاریگه‌ریی فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و كهلتوورییهكاندایه. به‌م پێیه‌یش به بڕوای ئه‌وان، پهسیڤبوون و هه‌ست و سۆز و ناسكی و پاك و خاوێنی و ... كه ده‌درێته پاڵ ژنان، جیهانی نین. له به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌كان ژنان توندوتیژ و شه‌ڕكه‌رن، له كاتێكدا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگه‌كانی تر دراوه‌ته پاڵ ژنان، لێره‌دا ده‌دریته پاڵ پیاوان (ساروخانی، 1370: 265).
٢-٢- Feminization:
ئه‌م چه‌مكه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه كاتێك داخوازی و داواكاریی زۆربه‌ی ژنان ده‌رباره‌ی كاركردن و دامه‌زراندن له پیشه و بواره جۆراوجۆره‌كاندا دێته دی، ده‌گوترێت كه ئه‌م پیشانه "به‌ژنانه" كراون. بۆیه په‌ره‌سه‌ندنی كاركردن و دامه‌زرانی ژنان له پیشه دیاریكراوه‌كان، به مانای بهپرۆڵتاریاییبوونی ئه‌و پیشانه ده‌زانن؛ به‌و هۆیه‌ی كه كاتێك پێویستی به پسپۆری و شاره‌زایی له كار كه‌متر بوویه‌وه، ئه‌و كاته دامه‌زراندنی ژنان بۆ خاوه‌نكاره‌كان تێچووی كه‌متر بوو (ابركرامبی، 1367: 155).
٢-٣- Postfeminism:
ئه‌م چه‌مكه له ڕاگه‌یاندنه گشتییه‌كاندا به‌كار دێت، تاوه‌كوو نیشان بده‌ن كه چیتر پێویستی به بزووتنه‌وه‌ی فێمێنیستی نه‌ماوه؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه ژنان گه‌یشتوونه‌ته یه‌كسانی و به‌رامبه‌ریی یاسایی. ئه‌م چه‌مكه، نابێت له‌گه‌ڵ فێمێنیزمی پۆست-مۆدێرن تێكه‌ڵ بكرێت. هه‌ندێك جاریش چه‌مكی پاش- فێمێنیزم له به‌ستێنی ڕێژهییگهراییی پۆست-مۆدێرنه‌كان به‌كار دێت، ئه‌مه‌شه بۆ ئه‌وه‌یه كه دژی جه‌وهه‌رگه‌رایی و ڕوانگه‌ی تاكانه بۆ ژن ڕاوه‌ستن. به‌م پێیه جیاوازییه‌كانی ژنان ئه‌وه‌نده به‌رفراوان و به‌ربڵاو دێنه به‌رچاو، كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژنان دروست نه‌بێت. بۆیه ده‌توانین چه‌مكی پاش- فێمێنیزم به مانای لاوازكردن و ڕه‌خنه‌گرتن له فێمێنیزم پێناسه بكه‌ین؛ به‌م پێیه پاش- فێمێنیزم، ده‌مانباته‌وه بۆ جیهانی پێش فێمێنیزم (هام و گمبل، 1382: 343).
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین فێمێنیزم به له‌دایكبووی سروشتیی هزریی مرۆڤگه‌رایی یاخود "هیومانیزم" بزانین. لێره‌وه دوو شێواز له خوێندنه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پرسی ژنان، بزووتنه‌وه فێمێنیستییهكانی خێراتر كرده‌وه:
- ڕوانگه‌ی تیۆری: به‌گشتی ژن له‌و ڕوانگه‌یه‌وه به مرۆڤێكی پله دوو داده‌ندرا. ئه‌م جۆره له تێڕوانین بۆ ژن، له به‌رهه‌مه‌كانی بیرمه‌ندانی ڕۆژاوایی‌دا ده‌بینرێت و، هه‌روه‌ها له بیروبڕواكانی ئایینی مه‌سیحی.
- ڕوانگه‌ی كرده‌یی (عه‌مه‌لی): زۆربه‌ی مافه‌كانی تاك و مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌كوو مافی خاوه‌ندارێتی و مافی ده‌نگدان و ... ژنانی لێ بێبه‌ش كرابوو؛ به شێوه‌یه‌ك كه تاوه‌كوو ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له ئه‌مریكا و بریتانیا ژنان مافی ده‌نگدانیان نه‌بوو (بیات، 1381: 425).
٣- شه‌پۆڵه‌كانی فێمێنیزم
٣-١- شه‌پۆڵی یه‌كه‌م
هه‌رچه‌نده ناتوانین كاتێكی دیاریكراو بۆ ده‌ستپێكردنی بزووتنه‌وه‌ی فێمێنیزم ده‌ستنیشان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه ڕوونه كه ئه‌م چه‌مكه تا كۆتاییی سه‌ده‌ی نۆزده نه‌هاتبووه ئاراوه؛ هه‌رچه‌نده له سه‌ده‌ی 14 به‌دواوه هه‌ندێ نووسراو له‌باره‌ی مافه‌كانی ژنان ده‌بینرێت و نووسراوه. له كه‌سانی به‌ناوبانگ له شه‌پۆڵی یه‌كه‌م، ده‌توانین ئاماژه به "مێری ئاستیل 1666-1731" بكه‌ین. ئه‌م نووسه‌ره بریتانییه، ئامۆژگاری ژنانی ده‌كرد كه خۆیان له هاوسه‌رگیری بپارێزن و زه‌ینیان گه‌شه پێ بده‌ن و له ژیانێكی به‌بێ پیاوان چێژ وه‌ربگرن. له شه‌پۆڵی یه‌كه‌مدا خه‌باتی فێمێنیسته‌كان سه‌ره‌تا له‌سه‌ر چاكسازی له بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ژنان چڕكرابوویهوه و، زیاتر له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ده‌نگدان به ژنان و خوێندن و كاركردن و پێدانی مافی به‌خێوكردنی مناڵان ده‌سووڕایه‌وه.
پاش شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1789، گه‌لاڵه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسا په‌سند كرا، كه تیایدا مافی ژنان به‌فه‌رمی نه‌ناسرابوو. پاشان "ئۆلیمپ دێگۆنگ" له سیاسه‌تمه‌دارانی فه‌ڕه‌نسا، پرۆژه‌یه‌كی برده په‌رله‌مان كه تیایدا باس له مافی كاری ژنان و مافی یاسایی له بنه‌ماڵه و خێزان و مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و په‌رله‌مانێكی سه‌ربه‌خۆ، كرابوو. ئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه فێمێنیستییه‌كان هه‌بوو.
پاشان "ماری ڤۆڵستۆن كرافت" له كتێبی "ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ژنان"، له ساڵی 1792، جیاوازییه جه‌وهه‌رییه‌كانی نێوان ژنانی ڕه‌ت كرده‌وه و، ئه‌م جیاوازییانه‌ی به به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی زانی. ئه‌م بیرۆكه‌یه پاشان له لایه‌ن "جۆن ستوارت میل" له كتێبی "به‌كه‌نیزه‌كردنی ژنان" له ساڵی 1869 خرایه ڕوو. جه‌ختی میل له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه ژنان لێهاتوویی و شایسته‌بوونی زۆریان تێدایه، كه له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه ده‌توانن پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له كۆمه‌ڵگه‌دا بدۆزنه‌وه. به‌م پێیه گرنگیپێنه‌دان به مافی ژنان له یاساكان و و ڕوانگه‌یه‌كی پڕ له سووكایه‌تی به ژنان، هۆكاری سه‌ره‌كیی دروستبوونی شه‌پۆڵی ژنان بوو. ئه‌م شه‌پۆڵه تا ساڵی 1920، توانیی له ڕۆژاوا مافی ده‌نگدان بۆ ژنان ده‌سته‌به‌ر بكات (ركنی لموكی، 1385: 62).
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی ئاماژه‌یه، هه‌ر له‌م شه‌پۆڵه‌دا بوو كه فێمینیزمی لیبراڵی سه‌ره‌تایی و فێمێنیزمی ماركسیستی و فێمێنیزمی سۆسیالیستی دروست بوو. جیاوازیی فێمێنیزمی لیبراڵی سه‌ره‌تایی (كه كرافت نوێنه‌ری سه‌ره‌كیی بوو) له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو جۆره‌ی تری فێمێنیزم، له‌وه‌دا بوو كه كرافت ڕوانگه‌یه‌كی چاكسازیخوازانه‌ی هه‌بوو و بڕوای به شۆڕش نه‌بوو؛ به‌م واتایه كه بڕوای به جیاوازییه‌كانی نێوان ژن و پیاو هه‌بوو، به‌ڵام له نایه‌كسانییه‌كانی ژنان و پیاوان له بنه‌ماڵه و كۆمه‌لگه‌دا ناڕازی بوو.
كرافت، گرنگیی به بونیادی فیزیۆلۆژیی ژنان و پیاوان نه‌ده‌دا، به‌ڵام دژی مێینه‌بوون بوو؛ به‌و واتایه‌ی كه له‌ژێر سایه‌ی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌تی ژنانه‌وه دروست بكرێت. به‌م پێیه‌یش ئاراسته‌ی وتهكان و ئامۆژگارییه‌كانی كرافت، خودی ژنان بوون، كه پێویسته په‌ره به توانا ئهقڵییهكانیان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دایك و هاوسه‌رێكی باشتر بن. بۆیه كرافت هیچ كاتێك باسی له مافی ده‌نگدانی ژنان نه‌كرد. به‌ڵام فێمێنیسته كۆمۆنیست و سۆسیالیسته‌كان، زیاتر بیریان له شۆڕش ده‌كرده‌وه (خسروپناه، 1388: 106).
٣-٢- شه‌پۆڵی دووه‌م
چه‌مكی شه‌پۆڵی دووه‌م له لایه‌ن "مارشا لییه‌ر" (Marsha Lear) داهێنرا، كه ئاماژه‌یه‌كه به دروستبوونی گرووپه‌كانی ژنان له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له كۆتاییی ده‌یه‌ی 1960. چه‌مكی شه‌پۆڵی دووه‌م، ده‌ربڕی كۆتاییهاتنی شه‌پۆڵی یه‌كه‌م له ده‌یه‌ی 1920 و دروستبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌یه. بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی ژنان له شه‌پۆڵی دووه‌م، زۆر جیاوازتره له شه‌پۆڵی یه‌كه‌م؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه بواره‌كانی ئازادیی ژنانی له سیاسه‌ت و ئابووری، بۆ هه‌سته سێكسییه‌كان و جه‌سته و هه‌سته‌كان و بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه پێشتر تایبه‌ت و خێزانی بوو، گواسته‌وه. ئه‌م كاره‌یش له ڕێگه‌ی دروستكردنی ڕێكخراو و حزبی سیاسیی ژنان، خێراتر بوویه‌وه.
ئه‌م شه‌پۆڵه نزیكه‌ی سێ ده‌یه‌ی خایاند؛ واته تاوه‌كوو كۆتاییی ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كه تیایدا فێمێنیسته‌كان خوازیاری شۆڕشێكی بنه‌ڕه‌تی به ئاراسته‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانیی ته‌واوی ژن و پیاو له هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌ت پێگه و ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ده‌ستهێنانی پیشه و داهاتی گونجاو شیاو و خوێندن و سیاسه‌ت و... كاریان كرد. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه فێمێنیسته‌كانی شه‌پۆڵی یه‌كه‌م، خوازیاری چاكسازی له بارودۆخی ژنان بوون، به‌ڵام فێمێنیسته‌كانی شه‌پۆڵی دووه‌م، خوازیاری شۆڕشێكی بنچینه‌یی له دۆخی ژنان بوون.
ده‌توانین ڕێبه‌رایه‌تیی شه‌پۆڵی دووه‌م بخه‌ینه پاڵ "سیمۆن دۆبۆڤار "(Simone de Beauroir)، فه‌یله‌سووفی ژنی فه‌ڕه‌نسی له ساڵی 1949، كه له كتێبی "ڕه‌گه‌زی دووه‌م"دا ده‌ڵێت: "هیچ كه‌س وه‌كوو ژن له‌دایك نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێته ژن" (هام و گمبل، 1382: 52). كتێبه‌كه‌ی دۆبۆڤار له‌سه‌ر بنه‌مای بیروبڕوای ماركسیستی بوو. له‌م كتێبه‌دا وه‌ڵامی پرسیاری "ژن چییه؟" درایه‌وه و، هه‌ر له‌م كتێبه‌دا دۆخی هه‌نووكه‌یی ژنان وه‌كوو بوونه‌وه‌رێكی بێ ناسنامه و توواوه له ئه‌وانی تر، وه‌كوو پیاوان و مناڵان پێناسه كرا یاخود ناسێنرا. بیر و بۆچوونه‌كان و هزری دۆبۆڤار، پاشان بوو به یه‌كێك له گرنگترین سه‌رچاوه‌كانی كاریگه‌ر له‌سه‌ر فێمێنیزمه ڕادیكاڵه‌كان.
له به‌رامبه‌ری دۆبۆڤاردا بیر و بۆچوونه‌كانی "بتی فریدن" هه‌ن، كه سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ژنی ماڵه‌وه، دامه‌زراوه‌ی خێزان، به دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ڕه‌تی ده‌زانێت. "فریدن" بڕوای وابوو كه بنه‌ماڵه و خێزان، پێویسته خاوه‌ن پێگه‌یه‌ك بن كه تاكی ئه‌قڵانی و یه‌كسان تیایدا بوونی هه‌بێت (خسروپناه، 1385: 107).
دروشمی ژنان به‌بێ پیاوان و ڕه‌فتاركردنی پیاوانه له لایه‌ن ژنانه‌وه، له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م شهپۆڵهیه. دروشمی سه‌ره‌كیی ئه‌م شه‌پۆڵه، جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر "سه‌ڵتبوون" و "بهخراپزانینی هاوسه‌رگیری و ڕۆڵی دایكایه‌تی و هاوسه‌ربوون" و "هاندانی ژنان بۆ به‌شداری له چالاكییه ئابوورییه‌كان" و هتد.
دروستبوونی دوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی، توندوتیژییه‌كانی ئه‌م شه‌پۆڵه‌ی به‌هێز كرد. چونكه له لایه‌ك كوشتار و توندوتیژی، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه حه‌ز و ویست بۆ نه‌رمونیانی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژنانه زیاتر ببێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه پێویستی به هێزی كار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی وێرانییه‌كانی جه‌نگ، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه سیاسه‌تمه‌دارانی ڕۆژاوایی ڕۆڵێكی زیاتر بده‌نه ژنان.
هه‌روه‌ها په‌سه‌ندكردنی چه‌ندین ڕێككه‌وتننامه و جاڕنامه‌ی جیهانی له قازانجی ژنان، وه‌كوو "جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ" له ساڵی 1948 و ڕێككه‌وتننامه‌ی "مافه سیاسییه‌كانی ژنان" له ساڵی 1952 و ڕێككه‌وتننامه‌ی "ڕه‌زامه‌ندی بۆ هاوسه‌رگیری" له ساڵی 1962 و ڕێككه‌وتننامه‌ی "سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی جیاكاری له دژی ژنان" له ساڵی 1979، به‌شێكن له‌و به‌ڵگه‌نامه یاسایییانه. ئه‌م ڕه‌وته تا ئه‌و ئاسته پێشه‌وه چوو، كه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ساڵه‌كانی 1976 تاوه‌كوو 1985ی زایینیی به "ده‌یه‌ی ژنان" ناو لێنا.
ده‌توانین شه‌پۆڵی دووه‌م، به ڕادیكاڵترین شه‌پۆڵی بزووتنه‌وه‌ی فێمێنیستی بزانین (ركنی لموكی، 1385: 64)؛ چونكه ڕوانگه‌ی ئه‌م شه‌پۆڵه به‌ره‌و ژنان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان بوو. ئه‌م شه‌پۆڵه بڕوایان وا بوو كه ڕه‌گه‌زی سه‌رووتر (نه‌ك یه‌كسان و به‌رامبه‌ر له‌گه‌ڵ پیاوان) بریتییه له ڕه‌گه‌زی ژن و، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژنانه باڵاترین تایبه‌تمه‌ندین بۆ درێژه‌پێدانی ژیانی مرۆیی. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، هه‌ست و سۆز به‌رزترین تایبه‌تمه‌ندین و، ئه‌وه‌یش ده‌بێته هۆی دروستكردنی جیهانێكی پڕ له ئاشتی و دادپه‌روه‌ری. به‌م پێیه‌یش له‌گه‌ڵ فێمێنیسته لیبراڵه‌كان دژایه‌تییان ده‌كرد، كه كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌قڵانییان بۆ ژنان له‌گه‌ڵ مافی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوان داوا ده‌كرد. (خسروپناه، 1385: 108).
٣-٣- شه‌پۆڵی سێیه‌م
شه‌پۆڵی سێیه‌م، چه‌مكێكه بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه و ژیاندنه‌وه‌ی خه‌باتی فێمێنیستی، كه خوازیاری جیاكردنه‌وه‌ی خۆیانن له‌گه‌ڵ چه‌مك و ڕوانگه‌ی پاش-فێمێنیستی. شه‌پۆڵی سێیه‌م، هه‌ر به‌و ڕادده‌یه‌ی گرنگی به پرسی ژنان ده‌دات، به هه‌مان ئاست و ڕاددهیش گرنگی به سڕینه‌وه‌ی جیاكاریی ئێتنیكی و ڕه‌گه‌زی و نه‌هێشتنی نایه‌كسانیی ئابووری ده‌دات. ئه‌م شه‌پۆڵه زیاتر له ساڵی 1992 چالاك بوو.
به‌ڵام له ڕاستیدا به هۆی كار و كرده‌وه‌ی ڕادیكاڵی شه‌پۆڵی دووه‌م، چه‌ندین گرفت و كێشه بۆ خودی ژنان دروست بوو. دروستبوونی توندوتیژی له خێزان و شوێنی كار و نه‌بوونی ئاسایشی ڕه‌گه‌زی و سه‌قامگیری و دروستبوونی نائارامیی زه‌ینی بۆ ژنان، له ئاسه‌واره نه‌رێنییه‌كانی شه‌پۆڵی دووه‌م بوون. ئه‌مه‌یش وای كرد كه فێمێنیسته‌كان شه‌پۆڵی سێیه‌م بنیات بنێن. به‌م شێوه‌یه، جیهانی ڕۆژاوا له ده‌یه‌ی 90ی سه‌ده‌ی ڕابردوو، دووباره پێداچوونه‌وه‌ی به ڕۆڵی نه‌ریتیی خێزان كرد. له كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌م شه‌پۆڵه، ده‌توانین ئاماژه به "جمین گریز"، نووسه‌ری ئۆسترالی و، "جین بێتكه ئه‌لشتاین"، فه‌یله‌سووفی ئه‌مریكی بكه‌ین، كه پرسی ژیاندنه‌وه‌ی دایكایه‌تییان دووباره خسته ڕوو.
یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی لاوازبوونی شه‌پۆڵی دووه‌م و دروستبوونی شه‌پۆڵی سێیه‌م، ڕه‌خنه‌ی ژنانی كه‌مینه‌كان بوو كه گرنگییان پێ نه‌درابوو. بۆ نموونه فێمینیسته ڕه‌شپێسته‌كان، كه خوازیاری پاراستنی ناسنامه‌كه‌یان بوون. هه‌روه‌ها دروستبوونی ڕوانگه‌ی پۆستمۆدێرنیزم، یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه بوو كه شه‌پۆڵی سێیه‌می به‌هێزتر كرد. بۆ نموونه فێمێنیسته پۆستمۆدێرنه‌كان له‌و بڕوایه‌دان كه ڕه‌هایی له بیركردنه‌وه به مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له ژنان ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو نییه، چونكه ڕێبازی ژنان بۆ د‌رك و تێگه‌یشتن له خۆیان فره‌ڕه‌هه‌ند و جۆراوجۆره. هۆكارگه‌لێك وه‌كوو ته‌مه‌ن، ئێتنیك، چین، نه‌ژاد، كه‌لتوور، ڕه‌گه‌ز، ئه‌زموون و ... ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه نهتواندریت ئایدیۆلۆژییه‌كی یه‌كانگیر و گشتی بۆ فێمێنیزم دروست ببێت.
به‌م پێیه ئه‌م بیرۆكه‌یه له شه‌پۆڵی سێیه‌مدا سه‌ری هه‌ڵدا، كه پێویسته ژنان له ڕێگه‌ی دروستكردنی زمان و شێوازی جۆراوجۆر، هزر و تێگه‌یشتنێكی جیاواز له ناسنامه‌ی خۆیان پێك بهێنن؛ تاوه‌كوو ناسنامه‌ی خۆیان له مانا و واتا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی پیاوان، كه به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوون، ڕزگار بكه‌ن. ئه‌م شه‌پۆڵه بڕوای وایه كه ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی كه به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه، به هۆی بوونی كه‌لتووری پیاوسالارییه. به‌م پێیه بۆ ڕزگاربوون له‌و كه‌لتووره، پێویسته جیهان له گۆشه‌نیگایه‌كی ژنانه‌وه ببینرێت و، جیهانی لێكدانه‌وه‌یی و ڕاڤه‌یی (ته‌فسیری)ی ژنان بخرێته ڕوو. له‌م شه‌پۆڵه چه‌ندین لقی فێمێنیزم وه‌كوو: مه‌عریفه‌ناسیی فێمێنیستی، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی فێمێنیستی، ئیلاهییاتی فێمینیستی و... دروست بوو (ڕكنی لموكی، 1385: 65).
٤- به‌راوردی ڕوانگه و تیۆرییه فێمێنیستییه‌كان
٤-١- فێمێنیزمی لیبراڵ
ئه‌م ڕوانگه‌یه زۆر زووتر له ڕوانگه‌كانی دیكه، واته نزیكه‌ی سێ سه‌ده پێش، له ئه‌وروپا سه‌ری هه‌ڵدا. هزر و ڕوانگه‌ی لیبراڵیزم، له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری گه‌شه‌ی سه‌ند. ئه‌م ڕوانگه‌یه به‌دوای دروستكردنی یه‌كسانیی جه‌وهه‌ریی له‌نێوان مرۆڤهكانهوهیه، به‌م پێیه‌ش خوازیاری دیموكراسی و ئازادییه سیاسییه‌كان بوون. له ڕوانگه‌ی ئه‌م فێمێنیستانهوه، سه‌ربه‌خۆییی دارایی و خوێندن و ڕه‌خساندنی هه‌ل و ده‌رفه‌تی یه‌كسان، گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه (نجفی، 1382: 115).
لایه‌نگرانی ئه‌م ڕوانگه‌یه، بڕوایان وایه كه له ڕێی هه‌مواركردنه‌وه و چاكسازی له یاسا و بونیاده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ده‌تواندرێت ئامانجه یه‌كسانیخوازه‌كان بپێكرێن. ئه‌م كه‌سانه كه له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی لیبراڵیزم، تیۆریی خۆیان بینا كردووه، بڕوایان به بنه‌مای ئازادیی ڕه‌فتار و كرده‌وه و چێژوه‌رگرتن و ڕه‌زامه‌ندیی خود-ته‌وه‌رانه هه‌یه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌دا، ده‌توانین ئاماژه به چه‌ند بیرمه‌ندێكی وه‌كوو: "مێری ئاستیل1667-1731" و "ماری ڤۆڵستۆن كرافت 1759-1797" و " جۆن ستوارت میل 1806-1873" و " بتی فریدان" له سه‌ده‌ی بیسته‌م، بكه‌ین. فێمێنیسته لیبراڵه‌كان، به‌بێ ئه‌وه‌ی خوازیاری شۆڕشێك له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بن، ته‌نیا خوازیاری به‌فه‌رمیناسینی یه‌كسانیی مافه‌كانی ژنان له‌گه‌ڵ پیاوانن. ئه‌م كه‌سانه بڕوایان وایه كه جیاوازیی نێوان دوو ڕه‌گه‌ز، زاتی نییه، به‌ڵكوو ده‌رهاوێشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیبوون و پێدانی ڕۆڵه ڕهگهزییهكانه؛ به‌و واتایه‌ی كه ئه‌م بیروباوه‌ره ته‌نیا دروستكراوی یاساكانی ده‌ستی مرۆڤه، كه جیاوازی ده‌خاته نێوان ژن و پیاو. به‌م پێیه‌یش ئه‌مانه له ڕیگه‌ی گۆڕینی یاساكانه‌وه ده‌گۆڕدرێت.
له‌م ڕوانگه‌یه‌دا ڕه‌گه‌زی مرۆڤ، دهستنیشانگهری مافه‌كانی نییه و، ته‌نیا مرۆڤ بوونی هه‌یه نه‌ك ڕه‌گه‌ز. بۆیه، پێویسته یاسای مه‌ده‌نی به شێویه‌كی به‌رابه‌ر و یه‌كسان دابڕێژرێت و ده‌رفه‌ته‌كانی خوێندن و فێركردن و كاركردن به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان ده‌ستنیشان بكرێن (منصورنژاد، 1381: 257).
٤-٢- فێمێنیزمی ماركسیستی
تیۆریی فێمێنیزمی ماركسیستی (ماركسیزم-فمێنیزم) له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا و له‌سه‌ر بنه‌ماكانی بیر و ڕای "كارڵ ماركس 1818-1883" ده‌رباره‌ی ژن و، هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ی "فرێدریك ئێنگڵس 1820-1995" له كتێبی "بنه‌چه و ڕه‌چه‌ڵه‌كی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت، بنه‌ماڵه و ده‌وڵه‌ت" بینا كراوه. "ئێنگڵس" به گرنگیدان به پێگه‌ی ژنان له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، دژی دابه‌شكردنی ڕه‌گه‌زیی كار بوو و، به‌م پێیه ژنان به چه‌وساوه ده‌زانێت. له ڕوانگه‌ی ناوبراوه‌وه یه‌كه‌مین مه‌رجی ڕزگاریی ژنان، گه‌ڕانه‌وه‌یانه له ماڵه‌وه بۆ بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌دا سیسته‌می خێزان پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نییه و، بنه‌ماڵه فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه بۆ گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری و په‌روه‌رده‌ی منداڵان بۆ قبووڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ربه‌ستێك له به‌رده‌م كاری به‌رهه‌مهێنه‌ر له لایه‌ن ژنانه‌وه (نجفی، 1382: 117). بۆیه ئه‌م فێمێنیستانه داوایان له ژنان ده‌كرد كه تاوه‌كوو له‌ناوچوونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، له خستنه‌ڕووی پرسی ژنان خۆیان ببوێرن. "مادام كۆلۆنتای" له بیرمه‌ندانی به‌ناوبانگی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌یه له سه‌رده‌می شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917 له ڕووسیا. هه‌روه‌ها "هوسیانگ نینگ 1879-1927" ڕێبه‌ری فێمێنیسته‌كانی شۆڕشگێری چین بوو.
لایه‌نگرانی ئه‌م ڕوانگه‌یه بڕوایان وایه كه دروستبوونی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت، ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له پێشێلكردنی مافه‌كانی ژناندا هه‌بووه. به‌م شێوه‌یه‌یش، پێویسته نه‌زمی بورژوازی، خاوه‌ندارێتی و بنه‌ماڵه‌ی بورژوازی له‌ناو بچێت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، سیسته‌می بنه‌ماڵه و خێزان گه‌وره‌ترین دوژمنی ئازادیی ژنانه. ژن له بنه‌ماڵه‌دا بریتییه له خزمه‌تكار و ئه‌سیر. بۆیه ژنان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی، پێویسته سه‌ره‌تا له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه بێنه ده‌ره‌وه و له كۆمه‌ڵگه‌دا خه‌ریكی چالاكییه گشتییه‌گان بن. ماركسیسته فێمێنیسته‌كان بڕوایان وایه كه خه‌باتی فێمێنیستی، پاشكۆی خه‌باتی چینایه‌تییه. به‌م پێیه، فێمێنیسته ماركسیسته‌كان پێش ئه‌وه‌ی فێمێنیست بن، ئه‌وا ماركسیستن. فێمێنیسته ماركسیسته‌كان ده‌یانه‌وێ شیكردنه‌وه‌ی ماركسیستی له كۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ژێرده‌سته‌ییی ژنان تێكه‌ڵاو بكه‌ن (ڕكنی لموكی، 1385: 66).
٤-٣- فێمێنیزمی ڕادیكاڵ
ئه‌م ڕوانگه‌یه له ساڵی 1960 له ئه‌مریكا سه‌ری هه‌ڵدا. گرووپێك له ژنان "بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریده‌ری ژنان"یان دامه‌زراند كه پیاوی تێدا نه‌بوو؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه بڕوا و متمانه‌یان به هاوكاریی پیاوان نه‌بوو. له ساڵی 1969، ڕاگه‌یاندراوێكی توندیان له دژی پیاوان بڵاو كرده‌وه: "ژنان چینی چه‌وساوه‌ن... ئێمه پیاوان به هۆكاری ئه‌و سته‌مه ده‌زانین كه له دژی ئێمه به‌ڕێوه ده‌چێت. سه‌رووتربوونی ڕه‌گه‌زی نێرینه، بنه‌ڕه‌تیترین جۆری سوڵته‌یه... هه‌موو پیاوان زوڵمیان له دژی ژنان ئه‌نجام داوه... ئێمه نه شۆڕشمان ده‌وێت و نه خوازیاری چاكسازین، ته‌نیا خوازیاری ئه‌و شته‌ین كه به قازانجی ژنان بێت."
ئه‌مه به‌شێك له مانیفێستی گرووپێك به ناوی"گۆره‌وی سووره‌كان" له نیویۆرك بوو. یه‌كێك له تیۆریسیه‌نه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌م ڕوانگه‌یه به ناوی "شولامیت فایرستۆن" له ساڵی 1971 "دیالێكتیكی ڕه‌گه‌زایه‌تی"ی نووسی. به بڕوای ناوبراو، بۆ ئازادیی ژنان شۆڕشی بایۆلۆژی پێویسته، نه‌ك شۆڕشی ئابووری؛ به‌م واتایه كه پێویسته ژنان ئامرازی وه‌چه‌خستنه‌وه و زاوزێ كۆنترۆڵ بكه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌توانین ئاماژه به بیر و ڕاكانی " كیت میلت" بكه‌ین كه له ساڵی 1970دا كتێبی "سیاسه‌ته ڕه‌گه‌زییه‌كان"ی نووسی (نجفی، 1382: 119).
لایه‌نگرانی ئه‌م ڕوانگه‌یه، خوازیاری گۆڕانكاریی بنچینه‌یی و بنه‌ڕه‌تین له تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه له هه‌مبه‌ر ژناندا. ئه‌م كه‌سانه بڕوایان وایه كه خراپترین جۆری سته‌م له جیهاندا، چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان و دروستكردنی جیاكارییه له نێوان ژنان و پیاوان. ڕیشه‌ی ئه‌م زوڵم و چهوساندنهوهیهیش نه له بڕیار و یاساكان، به‌ڵكوو له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی مرۆییی ژناندایه. "شا‌رلۆت پركنیز گیلمهن" و "ئێما گۆڵدمان" و "مارگارێت سینگر"، وه‌كوو فێمێنیستی ڕادیكاڵ بڕوایان وابوو كه پێویسته ژنان كۆنترۆڵی هه‌موو ژیان و جه‌سته‌ی خۆیان به‌ده‌سته‌وه بگرن. تیۆرییه سه‌ره‌كییه‌كانی فێمینیزمی ڕادیكاڵ، به هه‌وڵی گرووپه جۆراوجۆره‌كان له شاری نیویۆرك له كۆتایییهكانی ده‌یه‌ی 1960 و 1970كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، شكڵی گرت. ئه‌م گرووپانه ئامانجی خۆیان له‌م ڕوانگه‌یه، بۆ ڕووخاندنی سیسته‌می پۆلێنكردنی ژن و پیاو له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان ده‌ستنیشان كرد.
به‌م پێیه ئه‌م ڕوانگه‌یه، خوازیاری به‌ناوه‌ندیكردنی ڕه‌گه‌زی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی داهاتووی مرۆڤایه‌تی و په‌راوێزخستنی ڕه‌گه‌زی پیاو یاخود نێرینه‌ن. تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه بڕوایان وایه كه ئارمانج (ئایدیاڵ)ی مرۆڤایه‌تی بریتییه له ئارمانجی ژنانه. به‌م پێیه‌یش ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندیی ژنانه‌یه كه به‌ها و گرنگیی هه‌یه و، پێویسته به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ بێت. بۆیه پێویسته ژنان له كۆتوبه‌ندی هاوسه‌رگیری و دایكایه‌تی ڕزگاریان بێت (هام و گمبل، 1382: 363).
بۆیه فێمێنیسته ڕادیكاڵه‌كان بڕوایان وایه كه ده‌بێت ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ژنانه و فێمێنیستی له بواره‌كانی ئه‌ده‌بیات، مێژوو، مووزیك، مه‌عنه‌وییات، خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستی و پزیشكییه‌كان، ڕه‌گه‌زایه‌تی، كار و ته‌كنه‌لۆژی بخرێته ڕوو. ڕوانگه‌كانی "سیمۆن دۆبۆڤار" زۆر له لایه‌ن ڕادیكاڵه فێمێنیسته‌كانه‌وه كه‌ڵكی لێ وه‌گیراوه.
٤-٤- سۆسیال فێمێنیزم
ڕوانگه‌ی سۆسیال فێمێنیزم له ده‌یه‌ی 1970 له ئاوێته‌كردن یاخود تێكه‌ڵاوكردنی دوو ڕوانگه‌ی ماركسیزم- فێمێنیزم و ڕادیكاڵ- فێمێنیزم هاتۆته ئاراوه. ئه‌م ڕوانگه‌یه بڕوای وایه كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی پیاوسالارانه، كه كرێكاران و ژنان ده‌چه‌وسێنێته‌وه، ژنان وه‌كوو هاووڵاتیی پله دوو هه‌ژمار ده‌كات.
به‌م پێیه‌یش، به‌ناچاری، پێویسته هه‌م خاوه‌ندارێتیی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و هه‌میش ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی بگۆڕدرێت؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕیشه‌كانی سه‌ركوتكردنی ژنان له كۆی سیسته‌می ئابووریی سه‌رمایه‌داریدا خۆی حه‌شار داوه. سۆسیال فێمێنیزم به‌پێچه‌وانه‌ی فێمێنیزمی ڕادیكاڵ، بڕوای به‌وه نییه كه سه‌ركوتكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابووری له پله‌ی دووه‌مدایه و، به‌پێچه‌وانه‌ی فێمێنیسته ماركسیسته‌كانیش، بڕوای به‌وه نییه كه سه‌ركوتكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان به هۆی ڕه‌گه‌زه‌كه‌یانه‌وه گرنگیی لاوه‌كیی هه‌یه و، خه‌باتی چینایه‌تی ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كیی هه‌یه. به‌م پێیه‌یش دروشمی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕوانگه‌یه ئه‌وه‌یه كه، هه‌م پێویسته له‌گه‌ڵ سیسته‌می ئابووریی سه‌رمایه‌داریدا به‌ربه‌ره‌كانێ بكرێت و، هه‌میش له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان.
بۆیه له ڕوانگه‌ی ئه‌م فێمێنیستانهوه پێویسته له سه‌ره‌تادا پێناسه باو و زاڵه ئابوورییه‌كان بگۆڕدرێت (وه‌كوو ئه‌م چالاكییانه‌ی كه پێشووتر به پاره نه‌بووه، وه‌ك ئه‌ركه‌كانی منداڵبوون و به‌خێوكردنی مناڵ)؛ بۆیه پێویسته چالاكییه‌كانی ژنان له چوارچێوه‌ی چه‌مكه ئابوورییه‌كاندا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت تاوه‌كوو ژنان ببنه خاوه‌ن داهاتی خۆیان؛ به‌م ڕیگهیهیشهوه ده‌سه‌ڵاتی پیاوان له‌ناو ده‌چێت. هه‌روه‌ها ئه‌وان بڕوایان وایه كه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان، پێویسته چۆنیه‌تیی تێڕوانین بۆ سیسته‌می كار و خوێندن و فێركردن و سه‌رپه‌رشتی له مناڵان و هه‌موو بواره‌كانی تایبه‌ت به ژنان، بگۆڕدرێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌دا ده‌توانین ئاماژه به بیرمه‌ندانی وه‌كوو "هایدی هارتمه‌ن" و " لیدیا سارجێنت" و " لیندا گۆردۆن" و " ڕۆزا لین پچسكی" بكه‌ین (ركنی لموكی، 1385: 69).
"جولیت میشل"، له بیرمه‌ندانی ئه‌م ڕوانگه‌یه، بڕوای وابوو كه ناكرێت جۆری سته‌م له دژی ژنان، ته‌نیا له ڕه‌هه‌ندی ماددییه‌وه لێك بدرێته‌وه، به‌ڵكوو پێویسته له ڕوانگه‌ی ده‌روونناسانه و كهلتووریشهوه لێی تێ بگه‌ین. به‌م مانایه كه ژنان له سێ ڕه‌هه‌نده‌وه له‌ژێر سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌دان: زاوزێ، جۆری په‌روه‌رده‌كردنی مناڵان بۆ ژیانی كۆمه‌ڵگه و به‌رجه‌سته‌كردن و ده‌رخستنی ڕه‌گه‌زی ژنانه‌ی خۆیان. له لایه‌كی تره‌وه، "هایدی هارتمه‌ن" بڕوای وابوو كه ناكرێت ته‌نیا جه‌خت و ته‌ركیز له‌سه‌ر په‌یڕه‌وی ژنان له بواری ئابووریدا بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێت له جه‌بهه‌ی ماڵه‌وه‌یش ئه‌م خه‌باته به‌رده‌وام بێت؛ چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین، ئه‌وه پاش تێپه‌ڕاندنی سیسته‌می ئێمپریالیزم بۆ سۆسیالیزم، باوكسالاری هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت (نجفی، 1382: 122).
٤-٥- فێمێنیزمی پۆست‌مۆدێرن
ڕوانگه‌ی هزریی پۆستمۆدێرنیزم (Post-modernism) به‌رهه‌می هزر و تیۆرییه‌كانی كۆمه‌ڵێك له فه‌یله‌سووفه‌كانی ئه‌م سه‌ده‌ی دوایییه. بیرمهدانێك وه‌كوو "كانت" و "هیۆم" و "نیچه" و ...، به شك و گومانه‌وه ڕوانیویانه‌ته هێزی ئه‌قڵ (ئاوه‌ز) له تێگه‌یشتن له هه‌قیقه‌ت و، ڕوانگه‌ی هزریی مۆدێرنیته‌یان، كه له چه‌ند سه‌ده‌ی دواییدا زاڵ بووه، بردۆته ژێر پرسیاره‌وه. پۆستمۆدێرینیستهكان بانگه‌شه‌ی لایه‌نگرانی هه‌ر ڕوانگه‌یه‌كی هزری، كه بڕوای به تێگه‌یشتن و زانینی ته‌واوی حه‌قیقه‌ت بێت، ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و، پێیان وایه ئه‌مه فریوكارییه، چونكه واقع زۆر له‌وه ئاڵۆزتره كه میتۆدێكی ڕاست و دروستمان بۆ بینینی جیهان له‌به‌رده‌ست بێت.ئه‌م ڕوانگهیهیش گواسترایه‌وه بۆ فێمێنیسته‌كان، كه به‌دوای دروستكردنی قوتابخانه و تیۆرییه‌كی تایبه‌ت بوون بۆ به‌رگری له ژنان و خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له پرس و كاروبارهكاریان (نجفی، 1382: 126).
له پاش ده‌یه‌ی حه‌فتای سه‌ده‌ی بیسته‌م، گرووپێك به ناوی فێمێنیسته نوێیه‌كان كه له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕوانگه پۆستمۆدێرنیستییهكاندا بوون، ده‌ركه‌وتن، كه به پاڵپشتیی دهروونناسیی ڕهفتارگهرایانه له‌سه‌ر پاراستنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژنایه‌تی جه‌ختیان ده‌كرده‌وه. ده‌كرێت فێمێنیزمی پۆست‌مۆدێرن به شێواز و جۆرێك ڕه‌خنه‌گرتن له ڕوانگه ڕادیكاڵهكانی فێمێنیسته‌كان دابنێین.
فێمێنیسته پۆستمۆدێرنه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر جیاوازییه‌كانی نێوان خودی ژنان ده‌كه‌نه‌وه، بۆ نموونه ده‌ڵێن هه‌ر شتێك كه له‌وانه‌یه بۆ به‌شیك له ژنان بگونجێت، له‌وانه‌یه بۆ به‌شێكی تر له ژنان گونجاو و له‌به‌رده‌ست نه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وان بیر و بڕواكانی فێمێنیسته ڕادیكاڵه‌كان به ناواقعی و خه‌یاڵی ده‌زانن و، ته‌نانه‌ت به شێوازێكی نوێ له چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان ده‌زانن. هۆكاری ئه‌مه‌یش گرنگیپێنه‌دانی فێمێنیسته ڕادیكاڵه‌كان بوو به جیاوازبوونی هه‌لومه‌جی ژنان و له به‌رچاونه‌گرتنی بارودۆخی كۆمه‌لگه جیاوازه‌كان و جیاوازیی نێوان كه‌لتووره‌كان.
فێمێنیسته پۆستمۆدێرنه‌كان بڕوایان وایه كه هاوسه‌ر و مناڵ و بنه‌ماڵه، پێویستییه‌كی ژنانه، كه ناتواندرێت پشتگوێ بخرێت. بۆیه ئه‌وه‌ی كه ده‌بێته هۆی كۆیلایه‌تیی ژن، ئه‌وانه نین، به‌ڵكوو چه‌ندین جۆری تایبه‌ت له په‌یوه‌ندییه‌كانه كه به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاوه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، تیۆریی سه‌ره‌كیی فێمێنیسته پۆستمۆدێرنه‌كان، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌ڕه‌هایی وێناكردنی بواره‌كانی تره، كه فێمێنیسته‌كان بینایان كردووه؛ بۆیه به بڕوای ئه‌وان، پێویسته ڕه‌چاوی ڕێژه‌گه‌رایی له خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ژنان له كۆمه‌ڵگه جیاواز و جۆراوجۆره‌كاندا بكرێت. بۆیه پێویسته ئه‌م تیۆرییه فێمێنیستییانه، هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زه‌كانی فره‌یی و چهندڕهههندێتی بن. پێشنیازی دیاریكراویشیان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی جیاكاری له دژی ژنان، بریتی نییه له په‌راوێزخستن و سڕینه‌وه‌ی بواره‌كانی هاوسه‌رگیری و بنه‌ماڵه و ڕۆڵی دایكایه‌تی و...، به‌ڵكوو سڕینه‌وه‌ی ڕوانگه و ڕه‌فتاره جیاكارانهكانی نێوان كوڕان و كچانه، هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایكبوونه‌وه تاوه‌كوو گه‌وره‌بوون له بنه‌ماڵه و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا (ركنی لموكی، 1385: 70).
بۆیه به بڕوای فێمێنیسته پۆستمۆدێرنه‌كان، ناسنامه‌ی ژنان له چه‌ندین ڕه‌گه‌ز و فاكته‌ری جۆراوجۆر و جیاواز پێك هاتووه وه‌كوو: ته‌مه‌ن، ئێتنیك، چین، نه‌ژاد، كه‌لتوور، ئایدیۆلۆژی و هتد. ئه‌مه‌یش گاریگه‌ری له‌سه‌ر ویست و داواكاری و پێداویستییه‌كانیان داده‌نێت. هه‌رچه‌نده ئێمه ده‌توانین ئاماژه به چه‌ندین ڕوانگه و جۆری تری تیۆریی فێمێنیستی بكه‌ین وه‌كوو: فێمێنیزمی بنهماڵهگهرا، فێمێنیزمی ژنگهرا، ئێكۆفێمێنیزم، فێمێنیزمی ڕه‌شه‌كان و هتد.
ده‌ره‌نجام:
فێمێنیزم وه‌كوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و مافخوازانه‌ی ژنان، به چه‌ندین قۆناغدا تێ په‌ڕیوه. ئه‌وه‌ی كه گرنگه، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی به شێوه‌ی فه‌رمی له چه‌ند سه‌ده له‌مه‌وبه‌ره‌وه، به‌پێی گۆڕانكارییه‌كان ئه‌م بزووتنه‌وه و ڕوانگهیهیش تووشی گۆڕانكاری بووه. به‌و مانایه‌ی كه به‌پێی ههلومهج و بارودۆخی ژنان، جۆر و شێوازی داواكاری و خوێندنه‌وه بۆ پرسه‌كانی ژنان، به‌رز و نزمیی تێدا بووه.
ئه‌وه‌ی كه گرنگه ڕاوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه، ئه‌م بزووتنه‌وه و هزره، له‌ژێر كاریگه‌ریی هزر و ڕوانگه‌كانی سه‌رده‌می خۆی بووه و كاریگه‌ریی لێ وه‌رگرتوون و، هه‌رچه‌نده به ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر، ته‌نانه‌ت كاریگه‌رییشی له‌سه‌ر داناون. خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌گشتی باس له فێمێنیزم ده‌كه‌ین، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی، ئێمه ناتوانین تیۆرییه‌كی فێمێنیستیی گشتگیر و تاقانه ده‌ستنیشان و به‌رجه‌سته بكه‌ین.
بۆیه باشتر وایه باس له تیۆرییه فێمێنیستییه‌كان یاخود فێمێنیزمه‌كان بكه‌ین. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاریگهریوهرگرتنی ئه‌م تیۆرییه تایبه‌ته، له ڕوانگه و تیۆری و واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری و زانستی و ...، له هه‌ر قۆناغ و سه‌رده‌مێكدا. له كۆتاییشدا ده‌توانین ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانیان، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه سته‌م و نادادپه‌روه‌ری و به‌گشتی له هه‌ر كۆمه‌لگه و سیسته‌مێكی ئابووری و سیاسی و كه‌لتووریدا كێشه و گرفتێك له بواری ژنانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام چۆنیه‌تیی تێگه‌یشتن و ئامراز و میكانیزمه‌كانی سڕینه‌وه‌ی ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه، جیاوازن.
ئەرشیف