ده‌سپێك
يه‌كێتیى ئه‌وروپا وه‌ك قهوارهيهكى سياسى له ڕووى پێكهاته و ستراكچهرهوه، جياوازه له قه‌واره‌كانى ديكه؛ به شێوه‌يه‌ك كه ئه‌و قه‌واره‌يه نه له شێوه‌ى ده‌وڵه‌تى "فيدراڵی"یه كه بتوانێت سه‌روه‌ریى خۆى به‌سه‌ر ته‌واوى ناوچه و هه‌رێمه‌كانیدا بسه‌پێنێت و، نه له شێوه‌ى "ڕێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تی"یه كه نوێنه‌رايه‌تیى ته‌واوى وڵاتان بكات، وه‌ك ڕێكخراوى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان. كه‌وابێ، يه‌كێتیى ئه‌وروپا قهوارهيهكى ههرێمييه له ڕووى تايبهتمهندیى سياسى و، شێوه‌ى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانی، نزيكه له شێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى "كۆنفيدراڵ"ی هه‌رێمى. هه‌ندێك له توێژه‌ران و ئهكاديميستهكان پێيان وايه كه يه‌كێتیى ئه‌وروپا ڕێكخستنێكى سياسیى هه‌رێمیى تايبه‌ته. هاتنه‌كايه‌ى ئه‌و ڕێكخستنه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، كه ده‌ست به چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه ده‌كات كه وڵاتانى ئه‌وروپا تاك به تاك نه‌يانتوانيوه چاره‌سه‌ری بكه‌ن. له‌و سۆنگه‌يه‌وه ئه‌و ڕێكخستنه ئه‌ركى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه به شێوه‌يه‌كى به‌كۆمه‌ڵ له ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
يه‌كێتیى ئه‌وروپا له چه‌ندين وێستگه‌ى مێژووييدا، بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسگهلێكى سياسى و ئه‌منى له چه‌ندين كيشوه‌ر و ناوچه‌ى جوگرافیى جياوازدا ڕۆڵى بينيوه، له‌وانه: پرسى ئێرله‌نداى باكوور، پرسى قوبرس، پرسى كۆسۆڤۆ، پرسى ڕێکكه‌وتننامه‌ى ساڵى 2015ى په‌يوه‌ست به "به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى"ی ئێران، پرسى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، هه‌روه‌ها هه‌وڵى يه‌كێتیى ئه‌وروپا بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كێشه ئاڵۆزه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر.
سيما و تايبهتمهندييهكانى يه‌كێتیى ئه‌وروپا
يه‌كێتیى ئه‌وروپا وه‌ك كهسايهتيیهكى نێوده‌وڵه‌تیى سه‌ربه‌خۆ، له‌سه‌ر سيسته‌مێكى ياسايیى تايبه‌ت به‌ڕێوه ده‌چێت، كه خاوه‌ن ئه‌و سيما و تايبهتهمهندييانهى خواره‌وه‌یه:
- يه‌كێتیى ئه‌وروپا بريتيیه له قهوارهيهكى سياسى و ياسايی و، خاوه‌ن چه‌ندين دامودهزگهى سه‌ربه‌خۆ؛ دوور له كاريگه‌ریى وڵاتانى ئه‌ندام له‌و يه‌كێتييه له‌سه‌ر ئه‌و دامودهزگهيانه.
- وڵاتانى ئه‌ندام له‌و يه‌كێتييه به شێوه‌يه‌كى ئازادانه و به‌پێی ياساكان، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى سه‌روه‌ریى ئه‌و يه‌كێتييه ده‌ست له هه‌ندێك سه‌روه‌ریى خۆيان هه‌ڵده‌گرن؛ تا بتوانێت ئه‌و ئه‌ركانه‌ى خۆى ڕاپه‌ڕێنێت كه پێى ڕاسپێردراوه.
- وڵاتانى ئه‌ندام له‌و يه‌كێتييه، پابه‌ندن به‌و برياڕانهى كه له لايه‌ن ده‌زگه‌كانى ئه‌و يه‌كێتييه ده‌درێت.
- ئه‌و ياسايانهى كه له په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ده‌رده‌چێت، به‌سه‌ر ته‌واوى وڵاتانى ئه‌ندام له يهكێتييهكهدا دهگشتێندرێن.
- وڵاتانى ئه‌ندام سه‌باره‌ت به هه‌ندێك بڕيار كه به سه‌روه‌ریى ئه‌و وڵاتانه‌وه په‌يوه‌ست بێت، ده‌توانن ئه‌و بڕيارانه ڕه‌ت كه‌نه‌وه ياخود قبووڵى كه‌ن، وه‌ك: بڕيارى دراوى ئه‌وروپیى هاوبه‌ش؛ كه هه‌ندێك وڵات پێى ڕازی بوون، به‌شێكى ديكه‌یش له‌و وڵاتانه ڕه‌تيان كرده‌وه.
ستراتيژييه‌تى نوێی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به عێراق و هه‌رێمى كوردستان
له 8ى مانگى يه‌كى 2018، يه‌كێتیى ئه‌وروپا ستراتيژييه‌تى خۆى سه‌باره‌ت به عێراق به شێوه‌يه‌كى فه‌رمى بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵى داهاتوو ڕاگه‌ياند. له‌و ستراتيژييهتهدا كۆمه‌ڵێك پێشنيار ده‌خرێته به‌ر ده‌ستى دروستكه‌رانى بڕيار له عێراق، تا جێبه‌جێیان بكات. ئه‌و پێشنيارانه زێتر گوزارشتن له بنه‌ماكانى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى يه‌كێتیى ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنى ئه‌وروپييه‌كان به‌رامبه‌ر پڕۆسه‌ى حوكمڕانی له عێراق و، ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى كه دێنه به‌رده‌م ئه‌و پڕۆسه‌يه، كه په‌يوه‌ستن به كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگى سياسى، ئه‌منى، ئابوورى، ڕهوشهكانى مافى مرۆڤ، پرسى ديموكراسييه‌ت و پرسى ئیتنيكییهوه.
بۆچى له‌و ئانوساته‌دا ئه‌وروپا ئه‌و ستراتيژييهته ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟
- نه‌مانى داعش: له ماوه‌ى سێ ساڵى ڕابردوودا عێراق و هه‌رێمى كوردستان به هۆى جه‌نگى داعشه‌وه، ببوونه جێى بايه‌خى زۆرێك له ناوه‌نده گرنگه‌كانى بڕيار، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ناوچه‌كه. هه‌روه‌ها به‌و هۆيه‌وه سياسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمى سه‌رقاڵى پرسى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى "داعش" بوون له عێراق و سووريا. له‌و سۆنگه‌يه‌وه كاتێك كه داعش له عێراق كۆتاییى پێ دێت، ئه‌وروپييه‌كان زۆر بهلايانهوه گرنگه بزانن كه ئایينده‌ى سياسى و پرسى حوكمڕانی له‌و وڵاته به كوێ ده‌گات؟
- ڕووداوى 25/9/2017: ئه‌وروپييه‌كان له‌سه‌ر پرسى "ڕيفراندۆم"ى باشوورى كوردستان هه‌ڵوێستێكى ديپلۆماسييان هه‌بوو، نه‌ك سياسى. به ديوێكى ديكه، ئه‌وروپييه‌كان وه‌ك پره‌نسيپ له‌گه‌ڵ مافى كورد بوون بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌ربه‌خۆيى، وه‌لێ له ڕووى كردارييهوه پێيان وابوو كه هێشتا كاتى ئه‌وه نه‌هاتووه كورد ئه‌و مافه‌ى خۆى ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌مه‌يش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك بوو، له‌وانه: بارى ناسه‌قامگيرى ئاسايشى عێراق به هۆى داعش و، كێشه سياسی و ئیتنیكییه‌كان؛ ئه‌و وڵاته ئيدى به‌رگه‌ى هه‌لومه‌رجێكى له شێوه‌ى جيابوونهوهى هه‌رێمى كوردستان ناگرێت، كه ده‌بێته مايه‌ى داڕمانى گشتیى ئه‌و وڵاته. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى يه‌كێتیى ئه‌وروپا، ڕه‌وتى سه‌ربه‌خۆى گه‌لان و ههرێمهكانيش له‌وێ سه‌رى هه‌ڵدا، وه‌ك: داواى "كه‌ته‌لۆنييه‌كان" بۆ جيابوونهوه له ئيسپانيا. ئه‌مه‌يش هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى نوێ بوو بۆ مانه‌وه‌ى يه‌كێتیى ئه‌وروپا ياخود ڕووخاندنى ئه‌و يه‌كێتييه وه‌ك قهوارهيهكى سياسیى يه‌كگرتوو، به‌تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى كه بريتانيا بڕياری دا له‌و يه‌كێتييه پاشه‌كشه بكات؛ ئه‌مه سه‌ربارى كاريگه‌ریى سه‌رهه‌ڵدانى ڕه‌وتى توندڕه‌وه‌كان له فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانى ديكه. له‌و سۆنگه‌يه‌وه، وڵاتانى ئه‌وروپى پێيان وابوو كه هه‌ر پاڵپشتييهك بۆ ڕيفراندۆمى باشوورى كوردستان، گه‌لانى سه‌ربه‌خۆخواز له ئه‌وروپا له‌سه‌ر پرسى سه‌ربه‌خۆییى ههرێمهكانيان زێتر گه‌رم ده‌كات و، دهيانجووڵێنێت. له لايه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ئه‌وروپييه‌كان پێيان وابوو كه سه‌ربه‌خۆيیى باشوورى كوردستان، ده‌رفه‌تى زێتر دهڕهخسينێت تا وڵاتانى دراوسێی عێراق ده‌ست له دۆخى ناوخۆى ئه‌و وڵاته وه‌ربده‌ن. دواجار عێراقيش هاوشێوه‌ى "سووريا" ده‌بێته قه‌يرانێكى گه‌وره‌ى سياسى و ئه‌منى، كه ڕه‌نگه كاريگه‌رى بخاته سه‌ر ئاسايش و ئاشتیى نێوده‌وڵه‌تى.
- ڕووداوى 16ى ئۆكتۆبه‌ر: ئه‌و ڕووداوه سروشتى ململانێكانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدای، له ململانێى سياسییه‌وه گۆڕى بۆ پێكدادانى سه‌ربازى. ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه له په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌و دوو ناوه‌نده‌ى بڕيار له عێراق، هه‌ر زوو ئهوروپييهكانى هێنايه سه‌ر خه‌ت، تا ڕێگرى له سياسه‌تى بنكۆڵكردن بكه‌ن كه حكوومه‌تى عێراق له دژى هه‌رێمى كوردستان پياده‌ى كرد. ئه‌وروپييه‌كان پێيان وايه كه له‌باربردنى پێگه‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و بنكۆڵكردنى ئه‌و هه‌رێمه له ڕووى سياسى، ديپلۆماسى و ئابوورییه‌وه، زيانێكى گه‌وره به ئاسايشى عێراق به‌گشتى و ئاشتیى كۆمهڵايهتیى نێوان پێكهاته‌كان به‌تايبه‌تى ده‌گه‌یه‌نێت؛ ئه‌مه‌يش ڕێك پێچه‌وانه‌ى بنه‌ما و پره‌نسيپه‌كانى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى يه‌كێتیى ئه‌وروپايه. بۆيه هه‌ر زوو فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانيا جه‌ختيان له‌سه‌ر گه‌ره‌نتيكردنى مافه دهستوورييهكانى هه‌رێم كرده‌وه و، داوايان له به‌غدا كرد كه ڕێز له‌و مافانه‌ى هه‌رێم بگرێت كه ده‌ستوورى ئه‌و وڵاته دانى پێدا ناون.
- ئایينده‌ى كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان و، پرسى پێكه‌وه‌ژيان له نێوان ئه‌و پێكهاتانه: ئه‌وروپييه‌كان پێيان وايه كه هێشتا مه‌ترسى هه‌يه بۆ سه‌ر پێكهاته‌كانی وه‌ك كريستيانه‌كان، ئێزيدييه‌كان و پێكهاته‌ى ديكه له عێراق، چونكه هێشتا ئاسۆى سهقامگيریى سياسى له عێراق ديار نييه. هه‌روه‌ها پرسى ديموكراسييه‌ت له عێراق هێشتا ڕه‌گى دانه‌كوتاوه و، سيتسهمى سياسى له عێراق هێنده‌ى له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنى سياسیى نێوان هێز و لايه‌نه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت، هێنده له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور به‌ڕێوه ناچێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵات له عێراق خه‌سڵه‌تى شيعهگهرايیى پێوه دياره؛ كه ئه‌مه‌يش ترسێكى گه‌وره له‌سه‌ر ئایينده‌ى پێكهاته‌كانى ديكه دروست ده‌كات. بۆيه كاتێك كه "نێچيرڤان بارزانى" سه‌ردانى ڤاتيكان ده‌كات، "پاپاى ڤاتيكان" له‌سه‌ر پرسى كريستيانه ئاواره‌كانى ده‌ستى داعش هه‌ڵوه‌سته ده‌كات.
ئامانجى ئه‌وروپييه‌كان له‌و ستراتيژييهته
- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر پاراستنى يهكپارچهيیى خاكى عێراق و ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریى ئه‌و وڵاته.
- بره‌ودان به ڕه‌وشى ديموكراسييه‌ت له عێراق و، گه‌شه‌پێكردنى پايه‌كانى ديموكراسى له‌و وڵاته.
- بره‌ودان به حوكمى ده‌ستوور، له‌برى حوكمى هێز.
- هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر پێويستبوونى سوپايه‌كى نيشتمانیى دوور له هێزى ميليشياكان.
- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ شوێنى خۆيان.
- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ئامرازى ئاشته‌وايى و ديپلۆماسى.
- ده‌رخستنى تواناى يه‌كێتیى ئه‌وروپا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و، بينينى ڕۆڵى نێوه‌ندگير.
هه‌ولێر و به‌غدا له تاى ته‌رازووى ئه‌و ستراتيژييهتهدا
ئه‌گه‌ر به شێوه‌يه‌كى بابه‌تى بڕوانينه ئه‌و ستراتيژييهته نوێیه‌ى ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وا ده‌كرێت وه‌ك ده‌سپێكى شيكردنهوه و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئێمه بۆ بابه‌ته‌كه، ئاماژه به‌وه بكه‌ين كه ئه‌م ستراتيژييهته هه‌ر دوو لاى ململانێكه (هه‌ولێر و به‌غدا) وه‌ك تاى ته‌رازوو، له ئه‌رك و ماف‌دا يه‌كسان و هاوسه‌نگ كردووه. به ديوێكى ديكه، ئه‌ركى هه‌ولێرى له به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ریى به‌غدا دياری كردووه، له هه‌مان كاتيشدا ئه‌ركى به‌غداى بۆ پێدانى مافه‌كانى هه‌ولێر دياری كردووه. كاتێك ئه‌وروپييه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر يهكپارچهيیى خاكى عێراق ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه ماناى ئه‌وه‌يه كه پێويسته هه‌ولێر ڕێز له سه‌روه‌ریى خاكى عێراق بگرێت و، بۆى نييه داواى جيابوونهوه بكات. وه‌لێ له هه‌مبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ى هه‌ولێر، هاوكات ئه‌ركى به‌غدایش ئه‌وه‌يه كه ڕێز له مافه دهستوورييهكانى هه‌رێمى كوردستان بگرێت و، له‌و نێوه‌نده‌یشدا هه‌موو پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان، به كێشه‌ى ناوچه كێشهلهسهرهكانيشهوه، وه‌ك كه‌ركووك و شنگال و ناوچه‌كانى تر، له‌سه‌ر بنه‌ماى هێزى ده‌ستوور يهكلايی بكرێنه‌وه، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى هێزى سه‌ربازى.
له لايه‌كی تریشه‌وه ئه‌و ستراتيژييهته، عێراقى خستۆته سه‌نگى مه‌حه‌كه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و ئامانجانه‌ى كه ئه‌وروپييه‌كان له‌و ستراتيژييهته نوێيه‌دا هه‌يانه و، پێيان وايه كه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وروپييه‌كان بتوانن يارمهتیى حكوومه‌تى عێراق بده‌ن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق له ئایينده‌دا، پێويسته به‌غدا به ده‌ستوور و بنه‌ما ديموكراسييهكانهوه پابه‌ند بێت. له‌و ڕووه‌وه، له كاتى ڕاگه‌ياندنى ئه‌و ستراتيژييهتهدا "فيدێريكا مۆگرينى"، سه‌رۆكى كۆمیسيۆنى ئه‌وروپا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "له دواى نه‌مانى داعش، پێويسته به‌غدا ڕێز له مافه بنه‌ڕه‌تييه‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق بگرێت، هه‌روه‌ها پێويسته ڕێز له ده‌ستووریش بگرێت." واته ئه‌گه‌ر به‌غدا ڕێز له مافى پێكهاته‌كان نه‌گرێت، ئه‌وا ئه‌وروپا ناتوانێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شاره وێرانبووهكانى، كۆمه‌ك پێشكه‌شی ئه‌و وڵاته بكات.
"نيڤين ميميكا"، سه‌رۆكى كۆمیسيۆنى هاريكارى و گه‌شه پێدانى نێوده‌وڵه‌تیى سه‌ر به يه‌كێتیى ئه‌وروپا، گوتی كه "هه‌ر كاتێك به‌غدا ڕای گه‌ياند كه پاپه‌نده به دابينكردنى ئایيندهيهكى سياسیى سه‌قامگير بۆ عێراقييه‌كان، ئه‌وا يه‌كێتیى ئه‌وروپا ده‌ستبه‌جێ يارمهتیى عێراق ده‌دات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى؛ ته‌نانه‌ت له بواره‌كانى گه‌شه‌سه‌ندنى سياسى، دادوه‌رى و خوێندنيش."
ده‌ره‌نجام
ئه‌و بۆچوونه‌ى كه به‌ڕه‌هايى پێى وايه له سياسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و په‌يوه‌ندييه نێودهوڵهتييهكاندا "مۆڕاڵ" هيچ بايه‌خى نييه و ته‌نیا بهرژهوهندييهكان له‌و كايهدا ڕۆڵ ده‌بينن، ئه‌وا تا ڕاددهيهكى زۆر ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌يه، به‌تايبه‌تى ئه‌گه‌ر له پێودانگى ئه‌وروپييه‌كان هه‌ڵى بسهنگێنين، چونكه ئه‌وه‌ى له ستراتيژييه‌تى نوێی يه‌كێتیى ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به عێراق هاتبوو، زێتر مۆڕاڵه؛ كه وه‌ك ئاماژهیشم پێ كردبوو جهختكردنهوهيه له‌سه‌ر ئامانجه مرۆييیهكان و به‌ها مۆڕالييهكان، نه‌ك بهرژهوهندييه ماددییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه.
وه‌لێ پشتيوانيكردنى يه‌كێتیى ئه‌وروپا بۆ لايه‌نێكى ململانێ له‌سه‌ر حسابى لايهنهكهى تر (هه‌ولێر و به‌غدا)، واته مه‌به‌ست لێى تێكدانى تاى تهرازووهكهيه، ئه‌وا ده‌وستێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى كه كام لايه‌ن له‌و دوو لايه‌نه ئه‌ركى خۆى به‌و شێوه‌يه‌ى كه بۆى دياری كراوه جێبه‌جێ ناكات. ئه‌وه‌یشى كه ڕوونه زێتر ئه‌وه‌يه، كه به‌غدا نايه‌وێت به‌و ستراتيژيیهتهى ئه‌وروپا پابه‌ند بێت؛ ئه‌وه‌تا به‌غدا ڕێگرى له وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌لژيكا ده‌كات بۆ سه‌ردانكردنى هه‌رێمى كوردستان و، پێشتريش ڕێگریى كردبوو له سه‌ردانى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
مكوڕبوونى به‌غدا له‌سه‌ر پيادهكردنى سياسه‌تى بنكۆڵكردنى هه‌رێمى كوردستان و گۆشهگيركردنى ئه‌و هه‌رێمه، ده‌بێته مايه‌ى پێداچوونه‌وه‌ى ئه‌وروپييه‌كان به ستراتيژييه‌تى خۆيان له هه‌مبه‌ر عێراق و، گۆڕينى ڕۆڵى ئه‌وان له ڕۆڵى نێوهندگيرهوه بۆ ڕۆڵى لايهنگیریكردنى هه‌رێم؛ ئه‌مه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه له جياتى ئه‌وه‌ی گوشار بخه‌نه سه‌ر به‌غدا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ڵوێست له دژى به‌غدا وه‌رگرن.
ئەرشیف