1

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، “ویلایەتی دووەم” یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)

 

ن: عەلی سەرای

و: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

جەنگی ساردی نێوان نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی لە گەڕدایە. هەردوو لا بەخێرایی بەرەو شەڕگەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەڕۆن. وەک سیاسییەکانی حزبی “دەعوەی ئیسلامی” و “چوارچێوەی هەماهەنگی” بۆی دەچن، لەوێدا ململانێکە بەئازار و کراوە دەبێت، مەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا ڕوو بدات.

وا گریمانە دەکرێت ساڵی داهاتوو، عێراقییەکان نوێنەرانی خۆیان لە پەرلەمان هەڵبژێرن، بەڵام سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نووری مالیکی، هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا یاریکەرەکان دانوساندن لەسەر یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن، دەکەن؛ بە جۆرێک لەگەڵ گۆڕاوەکان و هەوڵەکانی سوودانیدا بۆ کێشمەکێش لەگەڵ پیاوە گەورەکاندا، دیارترین گۆڕاوی ناو گەمەکەیە.

گەرچی زۆرن ئەوانەی گومان دەکەن لەوەی دەنگدانی پێشوەختە ئەنجام بدرێت؛ بەڵام ڕەنگە هەر ئاماژەکردن بۆی، خۆی لە خۆیدا کارتێکی گوشار بێت بۆ سەر سوودانی و لە ژینگەی جەنگی نەرمدا بەکار بهێنرێت، چونکە ئەوەی لە وادەی هەڵبژاردن گرنگترە، یاسا نوێیەکەیەتی.

مالیکی لە هەموو سیاسییەکانی تر زیاتر شەیدای داڕشتنی یاسایە. کەسانی نزیک لێی و خەڵکانێک كە لە نووسینەوەی داڕشتە و پێشنیارەکاندا لە بەرژەوەندیی ئەو کاریان کردووە، دەڵێن ئەم پیاوە بیر لە “نانەوەی تەڵە” بۆ سوودانی دەکاتەوە، چونکە ئەو بە هیوای ئەوەیە بۆ جاری دووەم، پۆستەکەی وەربگرێتەوە، زیاتر لەوەی خۆی سەرقاڵ بکات بە بەختی تایبەتی خۆی لە پەرلەمانی داهاتوودا.

مالیکی “باوکی دامەزرێنەر”

مالیکی وەها سەیری خۆی دەکات کە دروستکەری پادشا بێتاجەکانە. ئەو پادشایانەی لای ئەو کار دەکەن، لە خزمەتی پڕۆژەیەکدان کە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێ کردووە؛ ئەو ڕۆژەی بارودۆخ و چارەنووس تاجی سەرۆکایەتیی حکوومەتیان کردە سەری. ئەوکات وەک جێگرەوەیەکی نەناسراو بۆ ئیبراهیم جەعفەری هات، کە هاوکێشە ئێرانی – ئەمریکییەکە، لە عێراق ڕەتی کردبووەوە.

مالیکی زۆر لەوانی تر زیاتر فێری هونەرەکانی سیاسەت بووە. کەسانێک کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کاریان لەگەڵدا کردووە یان دژایەتییان کردووە، دەڵێن زۆر شارەزای هاتوچۆ و گوێزانەوەی تەڕدەستانەیە لە نێوان جەمسەرەکاندا؛ لەپاڵ ئەوەیشدا زۆر لایەنگیری مەزهەبەکەیەتی”؛ ئەم دوو خاڵە “شیعە هەلپەرست و ترساوەکانیش” بەرەو لای ئەو کێش دەکەن.

تەنانەت دوای ئەوەی لە حکوومەتیش چووە دەرەوە، هەروەک باوکی پڕۆژەی سیاسیی شیعە مایەوە. هەر کاتێک سیستەمەکە دووچاری هەڕەشە ببێت، حزبەکانی ئەو “تائیفە”یە هانای بۆ دەبەن؛ تەنانەت ئەگەر هەڕەشەکە لەناو شیعە خۆیشییەوە بێت. ئیتر وەک سەرکردەیەکی پێشووی حزبی دەعوە دەڵێت، مالیکی خۆی “باوکی دامەزرێنەرە و هەموو ئەوانی تر کوڕ و نەوەن.”

مالیکی خۆی وەک “ڕزگارکەری شیعەی عێراقی هاوچەرخ” ناساندووە. کاتێک موقتەدا سەدری سەرکردەی ڕەوتی سەدر هەوڵی دا لێیان هەڵبگەڕێتەوە و لە حکوومەت دەریان بکات، هەروەها کە هاوپەیمانێتیی سوننە و کورد (٢٠٢٠) هەوڵی خۆیان دا، هەر مالیکی بوو کە سەرلەنوێ شیعەکانی کۆ کردەوە. بە ڕای زۆر کەس، لەو کاتەوەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی پێک هاتووە، ڕۆڵی مالیکی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا  بووەتە هۆی ئەوەی وەک سەرپەرشتیاری دەوڵەتی قووڵی شیعە، دەربکەوێت. لە عەقڵی مالیکیدا، ئەو تاکە قووڵایییەتی.

سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، چاوەڕوانیی ئەوەی لە هاوپەیمانەکانی هەیە بەسەر پێگە مێژوویییەکەی ئەودا و سنووری سەرۆکایەتییەکەیدا باز نەدەن، بەڵام ئەگەر کەسانێک کە مالیکی خۆی دروستی کردوون و پڕۆژە سیاسییەکەیانیشی بۆ خوڵقاندوون، لێی هەڵبگەڕێنەوە، چی ڕوو دەدات؟ ئەگەر سوودانی بڕیاری دا خۆی بۆ جاری دووەم بپاڵێوێتەوە، چی دەبێت؟

“کوڕە گومڕاکە”

کاتێک هێزەکانی ئەمریکا عێراقیان داگیر کرد و ڕژێمی “سەددام حسێن”یان ڕووخاند، سوودانی ئەندازیاری کشتوکاڵ بوو؛ لە پارێزگای میسانی باشوور کاری بۆ حکوومەت دەکرد. ئەو فەرمانبەرێکی پلەبەرز بوو و، کوڕی خێزانێکی شیعەی ئۆپۆزیسیۆن بوو، بۆیە کرا بە ڕێکخەر لە نێوان ئیدارەی شار و دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ئەمریکی لە بەغدا، بۆ بەڕێکردنی کاروبارەکان.

لە ساڵانی دواتردا، سوودانی پلە بە پلە لە ئیدارەی گشتیدا سەر کەوت. ئاشکرا بوو کە ئەم پیاوە شارەزای ژیانی ناو دامەزراوە حکوومییەکانە و، دەتوانێت لە بەردەم هەڵکشان و داکشانەکانیدا خۆی ڕابگرێت. وەک ژمارەیەک لەو سیاسییانەی لایەنگری ئەون، دەڵێن؛ بە شێوەیەکی زۆر شارەزا و لێزانانە دەزانێت ڕەفتار بکات.

وا دیارە مالیکی درکی بەوە کردووە کە سوودانی “پیاوە گونجاوەکە”یەتی. ئیتر لە حکوومەتەکانی دواتردا وەک ڕوکنێکی جێگیر وا بوو؛ لە سێ حکوومەتدا وەزیری مافی مرۆڤ و بازرگانی و کار و پیشەسازی بووە. پیاوی ڕیزی دووەم یان کەمێک خوارتر بوو، بەڵام لە ڕووکاری گشتیی پڕۆژەی شیعەدا، بە درێژاییی ساڵان دیار بووە.

لە ساڵی ٢٠١٩، سەدان هەزار لاوی شیعە ناڕەزایییان بەرامبەر حکوومەت دەربڕی. سوودانی لە پاپۆڕی حزبی دەعوە دابەزی و سواری بەلەمێکی بچووک بوو. حزبی “ڕەوتی دووفورات”ی دامەزراند و هەوڵی دا بچێتە ناو یانەی گەورەپیاوانی شیعەوە. دوای دوو ساڵ و بە ڕێکكەوتنێکی قورس، کرا بە سەرۆکی حکوومەت.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سوودانی چووە ماڵی هادی عامری و کاغەزێکی پێ بوو؛ چەند خاڵێکی تێدا بوو کە داوای دەکرد سەرپەرشتیارانی حکوومەت لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” پێیانەوە پابەند ببن. مالیکی و قەیس خەزعەلی، سەرکردەی جووڵانەوەی “عەسائیبی ئەهلی هەق” لای خۆیانەوە خاڵەکانی خۆیان خستە بەردەمی سوودانی تا لە ماوەی پۆستەکەیدا جێبەجێیان بکات.

ناوەرۆکی ئەو نامەیەی درایە دەستی سوودانی، پەرچکردنەوەی “عەقڵی مالیکی” بوو، کە دواتر دزەی کردە ناو گوتاری “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە؛ بەوەی “ئەندازیارێکی کشتوکاڵ ڕاسپێردراوە ئەرکی سەرۆکوەزیران وەربگرێت.” سوودانی ویستی لەوە زیاتر و گەورەتر بێت. بە هێمنی لە حکوومەت دەسبەکار بوو، چونکە ڕۆژانی سەرەتای تەرخان بوو بۆ پاکتاوکردنی کەلتووری مستەفا کازمی پێش خۆی. لانیکەم ڕێنماییەکانی ‘چوارچێوە’ جەختیان لەسەر ئەوە دەکرد.

خواستەکانی سوودانی

دواتر سوودانی بە ئاماژەیەکی بەهێزەوە خواسەکانی خۆی ئاشکرا کرد. خۆی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی وەها پێشکەش کرد، کە دەیانەوێت تەرکیز بکەنە سەر خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان؛ ئەمەیش دوای ئەوەی بوودجەیەکی سێینەی بە پشتیوانییەکی داراییی گەورەوە بۆ زامن کرا.

بە نیسبەت چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، حکوومەتێک خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، مەترسیی سیاسیی نییە؛ بگرە وەک سیاسییە شیعەکان دەڵێن، “لە خوڵقاندنی قورسایییە سیاسییەکاندا” ئەمە هیچ مانایەکی نییە. ئەوان ئەمە وەک “خزمەتکردنێکی پێچەوانەی بە قازانجی خۆیان” دەبینی، لەگەڵ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی خواستەکانی سوودانیدا. ژمارەیەک سیاسەتمەدار دەڵێن دوای دوو ساڵ لە فەرمانڕەواییکردن، سوودانی کۆنترۆڵێ نزیکەی ٥٠ پەرلەمانتاری کردووە کە بەکردەوە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” جیا بوونەتەوە؛ ئاماژەیش دەکات بۆ ئەوەی هەر پەرلەمانتارێکی پێشوو ئەگەری ئەوەی هەیە لە بارستە نوێیەکەی سوودانیدا لە پەرلەمانی داهاتوو، ئامادە ببێت.

ئەو زەبرە پڕئازارەی بەر چوارچێوە و مالیکی کەوت – سوودانی هیوادارە وا بێت – هاوپەیمانێتیی سوودانییە لەگەڵ سێ پارێزگارە بەهێزەکەدا: ئەسعەدی عیدانی لە بەسرە، محەمەد مەیاحی لە کوت، نەسیف خەتابی لە کەربەلا. هەرسێکیان لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” هەڵگەڕاونەتەوە. “شەرق ئەوسەت” قسەی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی شیعەدا کرد، کە سەرقاڵی خەمڵاندنی بکەرەکانن بە ژمارە؛ ئەوان قورساییی سوودانییان بە نزیکەی ٦٠ پەرلەمانتارەوە بە زیاتر خەمڵاند. خەڵکانێک هەن گەشبینن بەوەی قورسایییەکە لەمەیش زیاتر بێت.

دانراوەکانی ناو حیسابی مالیکی

لە ئاداری ڕابردوودا، مالیکی ڕێگەی لە سوودانی گرت. بۆ باسکردنی چارەنووسی سوودانی، خۆی بە نموونە هێنایەوە. لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: “لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ دا ١٠٣ کورسیم بردەوە و نەبوومە سەرۆکی حکوومەت (…) چونکە سازانی سیاسی ڕووی نەدا؛ ئێستا مانای چییە کەسێک ٦٠ کورسی بەدەست بهێنێت؟ هیچ! بەتەنیا ژمارەکان بەس نین.

بە گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە، مالیکی بەکردەوە براوە بوو، بەڵام چونکە نەیتوانی کۆڕاییی شیعە و کورد بەدەست بهێنێت، ناچار بوو حەیدەر عەبادی لە ڕیزەكانی دەعوە دەربهێنێت وەک بەدیلێک بۆ “ڕیزی دووەم” کە سیمایەکی نەرم بوو وەک سوودانیی ئێستا. جیاوازییەکە ئەوەیە کە عەبادی گەرچی بە بوودجەیەکی نیمچەبەتاڵەوە ئەرکی جەنگی دژی داعشی کەتبووە ئەستۆ، هەر گەڕایەوە بۆ ناو ڕیزەکانی “چوارچێوە” و بەدەگمەن نەبێت سەرچڵیی زیاتری نەدەکرد.

بۆچی مالیکی پێداگریی دەکات لەسەر تەسککردنەوەی بوار لە بەردەم سەرۆکوەزیرانی ئێستادا؟ سەرکردەی هاوپەیمانیی “دەوڵەتی یاسا” پێی وایە کە “شتێکی قبووڵکراو نییە کەسێک سەر بە تۆ بێت، کەچی پارە لە کۆمپانیایەک ڕابکێشێت کە هی تۆیە.” سیاسییەکی ئاگادار بەم سادەیییە باسی ئەوە دەکات کە ئێستا مالیکی چۆن بیر دەکاتەوە.

مالیکی پێی وایە کە سوودانی لە ڕەسیدی سیاسیی ئەو دەبات، ئامڕازەکانی دەوڵەتی قووڵ بەکار دەهێنێت، دەست بۆ جەماوەرە تایبەتەکەی ئەو دەبات، لە دەرەوەی هاوکێشەکە، لە دەرەوەی گرنگترین هاوپەیمانیی عێراق، هاوپەیمانیی نوێ دروست دەکات. کە مالیکی چاودێریی ئەم گۆڕانکارییانە دەکات، بیری دەکەوێتەوە کە ئەو خۆی “سوودانیی دروست کرد و، دەبێت هەر خۆیشی بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو سیستەمەکە”. ئەوەی ڕاستی بێت، ئەو باوەڕی بەمە هەیە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ئێستادا مالیکی ناتوانێت شەڕێکی کراوە لەگەڵ سوودانی بکات، چونکە نەریتەکانی ڕەوتی ڕاستڕەوی شیعەی عێراق و پێویستییەکانی گەشەکردن و گەشانەوەی دەستیان گرتووە، هەروەها سەرۆکی حکوومەتیش چیتر ئەوەندە ئاسان نییە؛ ئێستا هەمان ئەو کەسە نییە کە بە وەرەقەی “ماف و ئەرکەکانەوە” خۆی کرد بە ماڵی عامریدا. ئێستا بووە بە چەقێک بۆ سازانی ئێرانی – ئەمریکی؛ ئەمەیش باشترین ڕۆڵە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بیگێڕێت. ئەی مالیکی لەو پۆستەدا هەر وا نەبوو؟

ئەوەی مالیکی دەتوانێت لە ئێستادا بۆ خستنی سوودانیی کۆنە هاوڕێی بیکات، ئەوەیە – لە مەودای دووردا – یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابڕێژێت کە سەرۆکی حکوومەت لە هەموو دەستڕۆیشتوویی و توانایەک تا سامانی دەسەڵات لە هەڵبژاردندا بەکار بهێنێت، دابماڵێت. خۆیشی هەر وا دەڵێت؛ دەیەوێت سوودانی لەو دەرفەتە بێبەش بکات کە مالیکی خۆی لە ساڵی ٢٠١٠دا هەیبوو.

سەرچاوەکان دەڵێن دوو مانگە پسپۆڕانی هەڵبژاردن لەگەڵ مالیکیدا کار دەکەن بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن و ئێستا لە قۆناغێکی پێشکەوتوودان، بەتایبەتی دوای بەشداریکردنی یاریکەرانی سوننە و کورد لە کەشوهەواکەدا. بەڵام جێگەی سەرنجە کە مالیکی ئامادەیە بۆ داڕشتنی یاسایەک کە بردنەوەی بۆ فەراهەم ناکات، بەڵکوو دۆڕانی سوودانیی بۆ مسۆگەر دەکات.

لە مەودای نزیکدا، مالیکی هەوڵی ئەوەیش دەدات هاوپەیمانانی سوودانی ڕاو بکات و بیانخاتە داو. بڕیاردروستکەرانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن، کاتێک سوودانی دەگاتە کۆتا مەترەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو، شانسی دەبێت ئەگەر بتوانێت یەکێک لە سێ پارێزگارە بەهێزەکە لای خۆی بهێڵێتەوە. وەک سیاسییەکی عێراقی دەڵێت: “مالیکی هەرسێکیان دەڕووخێنێت.”

سوودانی ئاسان نییە

سەرۆکی حکوومەت دەزانێت کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شیعەکان ڕووبەڕووی دینامیزمێکی نوێ دەبنەوە، کە ڕەنگە تێیدا داڕشتەی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کۆتایییەکەی بگاتە لەتبوون و گۆڕانیان بۆ چەقی قورساییی نوێ؛ بەشێک لە پلانەکەی سوودانی ئەوەیە سەرۆکی یەکێکیان بێت. سوودانی دەتوانێت ڕێگە لە یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن بگرێت و هەوڵەکانی حزبی دەعوە پووچەڵ بکاتەوە. کەسانێکی نزیک دەڵێن: “سەرۆکی حکوومەت وتووێژێكی قورس لەگەڵ سوننە و کورددا دەکات. کۆمەڵێک سازشی نوێ هەیە کە ڕەنگە قایلیان بکات چێشتخانەکەی مالیکی جێ بهێڵن.”

گەرچی لە عێراق هێشتنەوەی هاوپەیمانان زامن نییە، بەڵام سوودانی هەوڵ دەدات لای خۆی بیانهێڵێتەوە؛ هاوکاتیش کار دەکات بۆ ڕاکێشانی پاڵیوراوی زیاتر لەناو شیعە بەهێزەکاندا، بەتایبەتی پارێزگاران و سەربازییەکان. “سوودانی لە مالیکییەوە فێر دەبێت” و بەشێک لە ئاژاوەکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی “لەخۆباییبوونی باوانی دامەزرێنەر و، بێزاربوونیانە لە جەسارەتی قوتابییەکان”. سەرکردەیەکی شیعە دەڵێت، سوودانی تاکە یاخی نییە؛ خەزعەلییش لە هەوڵیدا بۆ تێپەڕین لە مالیکی، هەمان ڕێگە دەگرێتە بەر.

ئەو کە ئاگاداری کەشوهەوای جەنگی ساردە لەگەڵ مالیکیدا و مەیلی بە لای سوودانیدایە، دەڵێت “سوودانی خۆی وەک شەریکێکی متمانەپێکراو پێشکەشی یاریکەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە، بە ئێرانیشەوە، دەکات.” لەسەر ڕێگەی شەریکایەتیی پڕبەڵێن و پێوەست بە ڕێکكەوتنەکانی هێورکردنەوەوە ڕادەوەستێت، لە پەیوەندیدا بە شێوەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بناغەکەی پاراستنی لانی کەمی سەقامگیرییە لە عێراق.

“سێدارەکانی” هەڵبژاردن

لە کۆتا ساڵی تەمەنی حکوومەتدا، جەنگی نەرم شێوەیەکی گەرمتر وەردەگرێت. زۆرێک وا گومان دەبەن پشێوییەکانی ئەم دوایییەی عێراق لەسەر “کەیسەکانی گەندەڵی و تێوەگلانی کارمەندانی حکوومەت لە فایلی گوماناوییەوە” بەتەنیا هەر خۆگەرمکردن و ئامادەکارییە بۆ ئەوەی ڕوو دەدات. مالیکی و سوودانی ڕووبەڕووبوونەوەی سنوورداریان هەبووە. سوودانی چەند گێمێکی بردەوە، بەڵام سەرکردەی “دەوڵەتی یاسا”ش چەند خاڵێکی تۆمار کرد.

سیاسییەکی کورد نموونەیەک بۆ ئەمە دەهێنێتەوە: “لە چەند مانگی ڕابردوودا، سوودانی هەوڵی دا بە یاریدەی براوەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکان، دەستی بگاتە هەردوو حکوومەتی ناوخۆییی دیالە و کەرکووک، بەڵام مالیکیی شارەزا و لێزان، پۆستی پارێزگاری لە یەکەمیاندا یەکلایی کردەوە و لە دووەمیشدا سازانەکانی سوودانیی شکاند.” سیاسییەکی سوننەی بەشدار لە دانوسانە نهێنییەکاندا دەربارەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن، دەڵێت: “لە ئێستا بەدواوە، سێدارەکانی هەڵبژاردن هەڵدەخرێن” و، پێشبینیی نەخشەیەکی نوێ بۆ شیعە دەکات کە کاریگەریی لەسەر هێزە سوننە و کوردەکان دەبێت.

لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوەی سیاسییە شیعەکان دەربارەی جەنگی نەرمی نێوان سوودانی و مالیکی دزەی پێ دەکەن و ئەوەی خەریکە هەوڵەکانی ئێسکشکاندن پێی بگات، پەردە لەسەر نیگەرانییەکانی ڕەوتی ڕاستڕەوی شیعە هەڵدەماڵن کە دوای دوو ساڵ لە دەسڕۆیشتوویی و بەخۆنازین، ترسی لە ئاییندە هەیە.

مالیکی لاریی نییە لەوەی سوودانی سەرۆکی بارستەیەکی بچووکی پەرلەمانی داهاتوو بێت. سەرکردەیەکی چوارچێوە دەڵێت: “نموونەکەی عەمار حەکیم و هادی عامری و ئەوانی تر کە لە خولگەی دە کورسیدا بخولێنەوە، خراپ نییە” چونکە ئێستا شەڕەکە “گەمەی ژمارەکان”ە؛ هەموو شتێک بۆ دیاریکردن و ڕێگریکردن وەگەڕ دەخرێت بۆ ئەوەی شتی ناکاو ڕوو نەدات. “دەسەڵاتی ژمارەکان سەر دەکەوێت” چونکە باوەڕە باوەکەی شیعە ئەوەیە کە کاریگەریی فاکتەرە کلاسیکییەکانی ناو دیمەنی هەڵبژاردن، وەک مەرجەعییەتی ئایینی و ئەمریکییەکان؛ لە پووکانەوەدان. “لەبارەی ئیرانیش وای پێ باشترە لە دوا ساتدا و دوای ئارامگرتن و چاودێرییەکی زۆر، ئینجا دەستێوەردان بکات.”

بەڵام سەرکردەکانی شیعە چاوەڕێی چین لە کۆتاییی ئەم جەنگە؟ زۆرێك باس لە سێ بژاردە دەکەن: سوودانی خۆی ڕابگرێت، یان بە سەرپەرشتیی لایەنێکی سێیەم، لەگەڵ مالیکی ڕێک بکەوێت، یاخود یەکێکیان زەبری قورسی بەربکەوێت و بکرێتە دەرەوە.

سەرچاوە:

https://aawsat.com




حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

كابینەی محەمەد شیاع سوودانی كە حكوومەتی چوارچێوەی شیعییە، مانگێكی دی پێ دەنێتە كۆتا ساڵی تەمەنی دەستووریی خۆی، كەچی بە شێوەیەكی پێشوەختە و بەر لە گەیشتن بە ئۆكتۆبەری 2025 گیرۆدەی چەند دۆسیەیەكی هەستیار و ئاڵۆز بووە كە شەقامی سیاسی و میدیاییی عێراقی بەگەرمی سەرقاڵ كردووە. دیارترین ئەو دۆسیانەیش سیخوڕیكردن بەسەر بەرپرسان و لێكەوتە و درێژكراوەكانی “دزیی سەدە”یە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، ڕكابەرانی سوودانی لەوانەش مالیكی دەیانەوێت ئەمە بقۆزنەوە بۆ ناچاركردنی حكوومەت بە دەستلەكاركێشانەوە یان سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لە دوا دەركەوتنیشیدا (8ی سێبتەمبەر) سەرۆكوەزیران بەرگری لە حكوومەتەكەی كرد و هێمای بۆ ئەوە كرد، لە دەرەوەی هێزە شیعەكانیش بنكەی سیاسیی ئەو “هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت”ە كە هیی نوێنەرانی هەر سێ پێكهاتەكەی عێراقە.  ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر ئەو پەرەسەندنانە و، لێكەوتە گریمانكراوەكانی لەسەر دۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ بكات.

تۆڕی سیخوڕیكردن لەسەر مۆبایلی بەرپرسان

بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەكان بەم دوایییانە تۆڕێكی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا دەستگیر كراون؛ هەندێك لەوانەیش پلەیان ئەفسەرە. تۆڕەكە گوێیان لە مۆبایلی بەرپرسان گرتووە و سیخوڕییان كردووە بەسەریانەوە؛ بەوەیش تۆمەتبارن كە لەپشتەوە سوپای ئەلیكترۆنییان هەیە بۆ هەراسانكردن و دزەپێكردنی زانیاریی تایبەت. لە پەنا ئەوەیشدا هەڕەشە لە كەسایەتییەكان دەكەن كە دەبێت ملكەچیان بن ئەگەرنا نهێنییەكانیان ئاشكرا دەكەن. سەرۆكی تۆڕەكەیش كەسێكە بە ناوی “محەمەد جوحی” كە جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئۆفیسی سەرۆكوەزیران، محەمەد شیاع سوودانییە و سكرتێری تیمی حكوومەت و بەرپرسی پەیوەندیكردنە لەگەڵ پەرلەمانتاران[1]

ئەو زانیارییانەی لەناوەندی سیاسیدا بڵاوە، ئاماژە بەوە دەكەن، ئامانجی ئەم تۆڕە بە پلەی یەكەم، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری “فایەق زێدان” و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی باڵای شیعە بووە[2]؛ جگە لە زێدانیش ئەوانەی كراونەتە ئامانج  لە سیخوڕییە ئەلیكترۆنییەكە، بریتین لە: نووری مالیكی و یاسر سخێلی زاوا و بریكارە بازرگانییەكەی، هادی عامری، موحسین مەندەلاوی، محەمەد حەلبووسی، حەیدەر عەبادی، هەروەها كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی و ڕاوێژكار و بەرپرسی دیكەی ئەمنی[3].  ژمارەیەك لە ئەندامەكانی تۆڕەكەیش فەرمانبەری ئۆفیسی سوودانی و ئەفسەری دەزگەی هەواڵگریی عێراقن، لەوانەیش: عەبدولكەریم سوودانی، سكرتێری سەربازیی سەرۆكوەزیران، خالید یەعقووبی، ڕاوێژكاری ئەمنیی سوودانی، ئەحمەد سوودانی خزمی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری بەوەكالەت، لەگەڵ 11 كەسی تەكنیكی لە دەزگەی هەواڵگری كە سەر بە هۆبەی مۆنیتەرینگی هونەرین لە دەزگەی هەواڵگریی عێراقی، لەگەڵ وێنەگرێكیش لە ئەنجومەنی وەزیران؛ سەرجەمیشیان توانا و ئامێرەكانی دەزگەی هەواڵگرییان لە كارەكەیان بەكار هێناوە[4]، بەتایبەت ئەپی تایبەت بە گوێگرتن كە لە بنەڕەتدا پێویستی بە فەرمانی دادگە هەیە. ئەوەیش بڵاوە، كە ئاشكرابوونی تۆڕەكە بەهۆی هەڵەی تەكنیكیی یەكێك لە ئەندامەكانییەوە بووە.

دەنگدانەوەی ئەم هەواڵە كە لە هەندێك میدیا پێی دەگوترێت “سوودانی _گێت” وەك ئاماژەیەك بۆ “ڕیسواییی واترگێت”ی ئەمریكا (1968) كە “ڕیچارد نیكسۆن”ی لە كورسیی سەرۆكایەتیی ئەمریكا داگرت، سەرۆكوەزیرانی عێراقی بەچڕی خستۆتە خانەی تۆمەتباركردن و، لەگەڵ بنكە سیاسییەكەی كە هێزە شیعەكانن تووشی كێشەی كردووە. ئەگەری ئەوەیش هەیە لێكەوتەی ئەمە درێژ ببێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانی و هاوكاریی دەزگەی هەواڵگری دەكەن وەك دامەزراوەیەكی ئەمنیی عێراقی، لەپێش هەموویانەوە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؛ چونكە “مایكل نایتس” كە توێژەرێكی دێرینی “پەیمانگەی واشنتۆن”ە، لە وتارێكدا باسی لەوە كردووە كە، ئەوەی ئاشكرا بووە “تەقینەوەی گەندەڵی سیاسییە لە باشترین دەزگەی هەواڵگریی عێراقیدا كە لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانەوە ئاراستەكراوە”. ناوبراو جەخت لەوە دەكاتەوە پێشهاتەكە ئەوە دەخوازێت ئەمریكا پرۆسەی زانیاریگۆڕینەوەی خۆی لەگەڵ دەزگەی هەواڵگری هەموار بكاتەوە؛ ئەگەریش ئەوە سەلمێنرا كە سوودانی ئاگادار بووە یان لەگەڵ بزووتنەوەی عەسائیب كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە، هەماهەنگیی هەبووە بۆ سیخوڕییەكە، ئەوە “پێویستە ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لە سوودانی بگۆڕێت[5].”

بەپێچەوانەی ئەمەیشەوە بزووتنەوەی عەسائیب لە ئێستادا هەڵمەتێكی میدیایی لە دژی نووسینگەی سەرۆكوەزیران بەڕێوە دەبەن و پەرلەمانتارێكی ئەم حزبە (عەلی جەمالی) لە میدیای فەرمیی عەسائیبەوە  باسی لەوە كردووە، گوێگرتن لە مۆبایلی بەرپرسان مەرجەعە ئایینییەكان و باڵیۆزخانەی ئێرانیشی گرتووەتەوە. ناوبراوجەختی لەوەیش كردووەتەوە سیخوڕییەكە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە ئاراستە كراوە و درۆنیشی تێدا بەكار هاتووە[6]. بەپێی ئاماژەكانی میدیای عەسائیبیش بێت، ئەمینداری حزبەكە (قەیس خەزعەلی) نیگەران و قەڵسە لە سوودانی، چونكە پێیان وایە ئەوان ڕێگەیان خۆش كردووە ببێتە سەرۆكوەزیران، كەچی ئێستا تیمەكانی، سیخوڕییان بەسەرەوە دەكەن!

لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمیشدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق “ئیلینا ڕۆمانۆڤسكی” جگە لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، چاوی بە ژمارەیەك لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی كەوت (حەكیم و مالیكی و عەبادی)[7]. یەكانگیربوونی وادەی دیدارەكانیش لەگەڵ ئەم قەیرانە، دەشێت ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەم دۆسیەیە و لێكەوتەكانی ئاشكرابوونی دۆسیەی تری گەورەی گەندەڵی بێت.  

دەزگەی هەواڵگریی عێراق كە لە بازنەی تۆمەتباركردندایە، لە بەیاننامەیەكدا پاكانە بۆ خۆی دەكات و هەڕەشەی پەنابردنە بەر تۆماركردنی سكاڵای كردووە[8].  لای خۆیشییەوە “محەمەد شیاع سوودانی” لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی “چوارچێوەی شیعی”دا “چووەتە ژێر باری لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە “بسەلمێنرێت کەمتەرخەم بووە[9].” بەڵام هیچ لەمانە ئەو ڕاستییە ناگۆڕن كە ئەم دۆسیەیە كاریگەریی زۆری لەسەر پێشڕەویی سوودانی و حكوومەتەكەی داناوە بە بەڵگەی تۆنی توندی بەیاننامەكانی حكوومەت و حزبەكەی سوودانی (تیار الفراتین) كە میدیاكان بە گەورەكردنی دۆسیەكە تۆمەتبار دەكەن؛ هەروەها هەندێك زانیاریی تایبەتیش باس لەوە دەكەن كێشە و بێنەوبڕۆی زۆر ڕووی داوە لە ڕادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكیی دۆسیەی تۆڕی گوێگرتنەكە (محەمەد جوحی) لەلایەن ئۆفیسی سوودانییەوە[10].

 هەندێك لە ڕاوێژكارەكان نایشارنەوە كە “گرووپێك لە فەرمانبەرانی سەرۆكوەزیران، دەشێت گرووپێكی گوشاریان دروست كردبێت و ئەگەری ئەوەیش هەیە زیادەڕۆیی ڕووی دابێت، بەڵام بەبێ ئاگاداریی سەرەوە[11].” هەر ئەمەیش بەسە ببێتە چەكێك بەدەست ڕكابەرەكانی سوودانییەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، بەتایبەت كە گرووپەكە لەناو لووتكەی هەڕەمی دەوڵەت و لە ئۆفیسی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندان.

هەراوزەنای سەرۆكی دەستپاكیی عێراق لە هەولێر

هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی دۆسیەی “سیخوڕیكردن”، ڕۆژی 4ی سێپتەمبەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، حەیدەر حەنون، لە شاری هەولێر و لە سەروبەندی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ دەستەی دەستپاكیی هەرێم، كۆمەڵێك بۆمبی میدیاییی تەقاندەوە؛ بەشێك لەوانەیش درێژكراوەی ئەوەیە كە پێی دەگوترێت “دزیی سەدە” و بردنی 3.7 ترليۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) پارەی سپاردەی باجی كۆمپانیا بیانییەكان. حەنون بەتووڕەیی و هەڵچوونی زۆرەوە باسی لەوە كرد، هەڕەشەی لەسەرە و  كۆمەڵێك كەیسیشی ئاشكرا كرد لەوانە:

_ نوور زوهێر كە تۆمەتباری سەرەكیی “دزیی سەدە”یە، 114 چەكی بانكیی تەزویر كردووە؛ لە ڕێگەی هەر چەكێكیشەوە بڕێك پارەی “سپاردەكانی باج”ی لا داوە بۆ خۆی. دەبوو لە لێكۆڵینەوەكاندا 114 ماددەی یاساییی بۆ بكرێتەوە، كەچی لە دادگەی دەستپاكی، تەنیا یەك تۆمەتی ئاراستە كراوە؛ ئەو 113 دۆسیەكەی تری لەلایەن دادوەری دەستپاكییەوە كە ناوی “زیا جەعفەر”ە، فەرامۆش كراوە! سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە كاتێكدا كە تووڕەییی لێ دەباری، ئەوەیشی دركاند كە لە سەردەمی حكوومەتی كازمیدا ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگەی فیدراڵی هەر یەك 600 مەتر زەوییان وەرگرتووە؛ ئامانج لەمەیش “بۆ كڕینی پاڵپشتییان” بووە.

_ نوور زوهێر 724 دۆنم زەویی لە شەتولعەرەب بردووە كە موڵكی وەزارەتی دارایین و بەهایەكی بەرزیان هەیە. ئەم زەوییانە بە ناوی خوازراوەوە تۆمار كراون، پاشان كراون بە موڵكی زوهێر (دۆسیەی 2175/ ق/ 1/ 2023). سەرباری دەرچوونی فەرمانی گرتنیشی، كەچی ناوبراو لە بەسرەوە براوە بۆ بەغدا، لەوێیشەوە بزر بووە! ئێستایش لە دوبەی و لوبنان دەردەكەوێت و لە دەرەوەی عێراق دەژی.

_ لە دۆسیەی ژمارە 1293 ی دەستپاكییشدا “نوور زوهێر” تۆمەتباری یەكەمە لە بردنی سپاردەكانی باج، كەچی چاوپۆشیی لێ كراوە. زیاتر لە 30 تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە هەن، كەچی چارەنووسی دۆسیەكان نادیارن و نازانرێت بۆ دادگەیی ناكرێن؟!

_ گرێبەستێك لەگەڵ نوور زوهێر كراوە بۆ ڕاكێشانی هیڵی ئاسن لە عێراق بایی 18 ملیار دۆلارە. ئەوەی گرێبەستی كردووە لەگەڵی، بەڕێوەبەرێكی گشتییە. دەستەی دەستپاكی، ئەمەی ڕەوانەی دادگە كردووە، بەڵام لەوێش بێدەنگیی لێ كراوە[12].

لە وەڵامی ئەم دۆسیە ئاشكراكردنانەی حەنون و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا كە دیارە بە مەبەست دەرەوەی بەغدای هەڵبژارد بۆ سازكردنی (هەولێر)، ڕاوێژكاری سیاسیی سەرۆكوەزیران، “فادی شەممەری”، دانی بەوەدا نا  “هەرچەندە نوور زوهێر لە دۆسیەیەکی گەورەدا تۆمەتبارە، بەڵام هێشتا بەئازادی و بە ناوی کۆمپانیا و ناونیشانی جیاوازەوە بەردەوامە لە كاركردن.” لەبارەی گەندەڵییەكانی پڕۆژەی هێڵی ئاسنیشەوە ڕاوێژكارەكەی سوودانی باسی لەوە كرد، ئەوە دەرفەتێکی وەبەرهێنانە بۆ گۆڕینی هێڵی ئاسنی ئێستای عێراق بۆ شەمەندەفەری خێرا. سەرۆکوەزیران لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە (2023) هەنگاوی ناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە؛ لە مانگی تەممووزی ڕابردوویشدا فەرمانی داوە بەتەواوەتی پرۆژەکە ڕابگیرێت و، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شەمەندەفەرەکەیش ڕەوانەی دادگەی دەستپاکی کراوە[13].

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نزیك لە سوودانی، ناوبراو هەوڵی داوە سەرۆكی دەستپاكی پەشیمان بكاتەوە لە كۆنگرەكەی و، ڕازی نەبووە لەسەر دەركەوتنی، بەڵام سەركەوتوو نەبووە[14]. ئەوانەیشی لەگەڵ سەرۆكوەزیران كار دەكەن، جەخت لەوە دەكەنەوە “كارەكەی حەنون هەڵەیە و سوودانی پێی ڕازی نییە؛ نەدەبوو لە هەولێر كاری وا بكات[15].” بەڵام پەرلەمانتارێكی دیاری عەسائیب جەخت دەكاتەوە كۆنگرەكەی حەیدەر حەنون لە هەولێر بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسیەی سیخوڕی و گوێگرتنە تەلەفۆنییەكە بووە؛ هەڵچوونەكانیش دروستكراو و بەرنامەبۆداڕێژراو و كاری هەندێك لە ڕاوێژكارانی سوودانییە بۆ شاردنەوەی دۆسیە هەستیارەكەی تۆڕە سیخوڕییەكەی ناو سەرۆكایەتیی وەزیران[16].

لە بەرامبەر ئەو گوشارانەیش کە لەسەر حكوومەتەكەی هەن، سوودانی لە وتارێكی تۆماركراودا (8ی سێبتەمبەر) بە توڕەیی جەختی لەوە كردەوە ڕكابەرەكانی چەند شتێك بەكار دەهێنن لە بەرامبەری؛ تەشویش، خۆڵلەچاوكردن، چەواشەكاری، تۆمەتباركردن و چاوپۆشی لە گەندەڵی بەكار دەهێنن، هەوڵی دا پێش لایەنە شیعەكانیش بكەوێت بە داواكردنی هەموار لە كابینەكەی بێ ئەوەی بچێتە وردەكارییەوە و داوای لە پەرلەمانیش كرد، سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت.

ئەگەر و پێشهات و سیناریۆ بەردەستەكان

لە پاش گەورەبوون و دەنگدانەوەی هەردوو دۆسیەی “گوێگرتن لە پەیوەندییەكانی بەرپرسان”، ئاشكرابوونی چەند دۆسیەیەكی تری گەندەڵی، لەوانەیش 18 ملیار دۆلاری هیڵی شەمەندەفەر و تێوەگلانی سیستەمی دادوەری لە وەرگرتنی زەویی 600 مەتری، چەند ئەگەر و پێشهاتێك ڕووبەڕووی دۆخە سیاسییەكە بوونەتەوە كە دیاترینیان ئەمانەن:

1_ هەرەسی سیستەمە سیاسییەكە:

بەپێی هەندێك سەرچاوە، چوارچێوەی شیعی بەكردەیی ترسی ئەوەیان هەیە كەڵەكەبوونی ئەم دۆسیانە ببێتە هۆی هەرەسی سیستەمی سیاسیی عێراق[17]، بەتایبەت كە دەركەوت جگە لە حكوومەت، دەسەڵاتی دادوەرییش چوونەتە بازنەی تۆمەتەوە بە چاوپۆشی لە گەندەڵكاران و وەرگرتنی زەویی گرانبایی. لە ئێستادا ئەم سیناریۆیە تا ڕاددەیەك بەدوور دەزانرێت چونكە سەرجەم لایەنە تۆمەتبار و پەیوەندیدارەكانی حوكمڕانی، ئەزموونیان هەیە لە گۆڕینەوەی بەرژەوەندی و بێدەنگیكردن لە یەكتر. ئەگەر بەر لەم قەیرانانەی ئێستایش نەگرن كە دووچاریان بووەتەوە، ئەوكات هێزی تری وەك موقتەدا سەدر و ڕەوتەكەی، هەوڵ دەدەن ببنە جێگرەوەی هێزە شیعەكانی ئێستا و هەوڵ دەدەن حوكمڕانییەكی تاكڕەو لە عێراق بەرپا بكەن. 

2_ مەرگی بنەماكانی دەوڵەتداری:

بەهۆی گەورەیی و قورسیی دۆسیەكان و بێدەنگمانەوەی لایەنە پەیوەندیدارە سەرەكییەكانەوە، بۆچوونێك هەیە پێی وایە لەمە بەدوا قۆناغی “مەرگی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی نا _ دەوڵەت” دەست پێ دەكات[18]. لەم قۆناغە گریمانكراوەدا دەستە و گرووپ و تاقمەكان، دەست بەسەر تواناكانی دەوڵەتدا دەگرن؛ بەهێزەكان لاوازەكان پەراوێز دەخەن و پێشڕەوییش بۆ ئەوانە دەبێت كە پێگە و چەك و پارەیان زیاترە. ئەم سیناریۆیەیش زیاتر لە ئەزموونی لیبیا و سووریا و لوبنان دەچێت و تێیدا دەوڵەت لە پرۆژەیەكی كۆكەرەوەی ناوەندییەوە، دەبێتە چەند جەمسەرێكی كاریگەری ڕكابەر كە دەوڵەت و بەرێوەبردن لە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی بەتاڵ دەكەنەوە. ئەم ئەگەرە بۆ تەقینەوەی جەماوەری یان قۆستنەوەی لەلایەن هێزی ڕكابەرەوە مەترسیدارە؛ لەمەیشدا چاوەكان و ئاماژەكان هەر لەسەر ڕەوتی سەدرن.

3_ گۆڕانی هاوكێشەی هێز لە نێوان سوودانی و مالیكی

دوو سەرەكیترین ڕكابەری نێو چوارچێوەی شیعیی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و باڵە جیابووەوەكەی حزبی دەعوەن كە ڕەوتەكەی سوودانییە، چونكە هەردووكیان بنكەیان هاوبەشە و دەنگدەرەكانیان خەڵكی ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتن. لەپاش كەڵەكەبوونی قەیرانەكانی ئەم دوایییەیش عەسائیب لە سوودانی كەوتوونەتە تەقە و پشتیوانیی جارانی ناكەن و بگرە هەڵمەتیشی دەكەنە سەر. لە سایەی ئەم دۆخەیشدا ئەگەری زاڵ ئەوەیە، گرووپی مالیكی و ڕكابەرەكانی تری سوودانی ئەم دەرفەتانە بقۆزنەوە بۆ لاوازكردنی ناوبراو و سەپاندنی كۆتوبەندی زیاتر بەسەریدا، بەتایبەت پاش ئاشكرابوونی تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای ئەمنی لە عەشیرەتی سوودانی لە دۆسیەی “گوێگرتنی مۆبایل”. ئەمەیش بەڕوونی لە هەندێك لێدوانی بەرپرسانی هاوپەیمانییەكەی مالیكیدا ئاماژەی پێ كراوە كە حكوومەتی ئێستا شكستخواردووە[19]؛ هەمان شتیش لە گوتاری فەرمیی عەسائیبدا هەیە.

4_ ئاوابوونی خۆری سوودانی:

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەستێرەگەشەی ئاسمانی سیاسی لە عێراق كەسایەتیی سەرۆكوەزیران و پرۆژە ئاواكارییەكانی بوو لە بەغدای پایتەخت (پرد و شاری نیشتەجێبوون و میترۆ و هتد)[20]، بەڵام لەپاش كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و تەقینەوەی لە فەزای میدیاییدا، باوەڕی زاڵ ئەوەیە كە سوودانی باجی گەورەی قەیرانەكان بدات و لانی كەم بێبەش بێت لە ویلایەتی دووەم. لە ئێستایشدا چارەنووسی سوودانی پرسیاری سەرەكی و گەورەی قۆناغەكەیە، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەوەیش ئاشكرا بووە كە جگە لە مالیكی، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیب، دژایەتیی دەكات. هۆكاری ئەمەیش دۆسیەی سیخوڕیكردنەكەیە، چونكە عەسائیب پێیان وایە بە ئاگاداریی سوودانی خۆی بووە و درۆنی ئەمریكاش تێیدا بەشدار بووە[21]؛ بەڵام ڕاوێژكارەكانی سوودانی جەخت لەوە دەكەنەوە مەسەلەكە “خراپ لەیەكگەیشتنە و دەڕەوێتەوە”[22]. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێك دۆسیەی تر هەن، دەكرێت ببنە هۆی لاوازكردنی سوودانی، لەوانەیش: دابەزینی نرخی نەوتی عێراق بۆ خوار 70 دۆلار/ بەرمیل؛ لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەمەیشدا شارەزایانی ئابووری پێیان وایە لە ماوەی دوو مانگدا دواكەوتنی مووچەی بەدوادا دێت (مانگانە 7.5 ترلیۆن دیناری پێوستە) چونكە هەناردە كەم بووەتەوە بۆ ڕۆژانەی 3.3 ملیۆن بەرمیل و لە داهاتەكەیشی (9 ترلیۆن دینار) مووچە و كرێی كۆمپانیاكان و پارەی كۆبوونی خۆراك دابین دەكرێت و، ئەو بڕە پارەیە بەشی ئەمانە ناكات[23].

5_ گەڕانەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین

پێنجەم ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەری و گەنجانەكانی تشرینی لەسەر دەرگەیە كە داوای گۆڕینی سیستەمی دەكرد و كوژراو و برینداری زۆری لێ كەوتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێك هۆشداری باس لەوە دەكەن سەرهەڵدانی “دووەم تشرین” لە 2024دا ئەگەری زۆرە؛ ئەمەیش دەدەنە پاڵ زانیاریی هەواڵگری و ڕاپۆرتی ئەمنی[24]. ئەوەیشی پشتیوانی ئەم ئەگەرەیە، دەركەوتنی ئەم دۆسیانەی گەندەڵی و، هەروەها هەڕەشەی گەنجان و بێكارەكانی شاری بەسرەیە كە تشرین دووبارە دەكەنەوە[25].

لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغدا، گرژی و برینداربوون و پەلاماردانی تێ كەوت [26]؛ ئەمەیش لە تشرینی 2019 دەچوو. ئەوانەی باس لە سیناریۆی تشرینێكی تر دەكەن كە سیستەمی سیاسیی هێنایە لەرزە، باس لەوەیش دەكەن وڵاتانێك پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكەن و لە ئێستاوە كۆمەكی پەیج و چالاكییەكانیان دەكەن[27]. نوێنەرانی كۆمەڵێك چالاكی مەدەنییش لای خۆیانەوە سەرقاڵی تاوتوێكردنی چۆنێتیی زیندووكردنەوەی ساڵیادەكەن كە دەشێت بە خۆپیشاندان و مانگرتن بێت[28]، بەڵام لایەنی حكوومی پێی وایە ئەم هۆشدارییانە زیاتر بۆ ترساندن و گەورەكردنی میدیایییە، ئەگەرنا هیچ مەترسییەكی گەڕانەوەی تشرین لە گۆڕێ نییە و زەمینەكەی لەبار نییە[29]. لە حاڵەتی گەڕانەوەی تشرینیشدا زەقترین یادەوەری جگە لە كوشتن و بڕین، كەوتنی حكوومەتی عەبدولمەهدی بوو لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران و، ئەمەیش ئەگەرێكە لە بەردەم حكوومەتی سوودانی.

6_ كپكردنەوەی گرژییەكان بە شێوەی كاتی

ئەم سیناریۆیە كە زیاتر ڕێتێچووە، هێوركردنەوەی گرژییەكانی چەند هەفتەی ڕابردووە تا ئەو كاتەی شێوازی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2025 ڕوون دەبێتەوە ئەگەر هات و لەناو چوارچێوەی شیعی وادەكەی پێش نەخرێت. لەم دۆخی هێوركردنەوەیەدا ئەگەر سوودانی لەژێر باڵی چوارچێوەی شیعیدا بمێنێت و ڕازی بێت وەك ژمارەیەكی مامناوەند لە ڕیزی هێزە شیعەكاندا درێژە بە كاری سیاسی بدات و لە ئێستاوە لەسەر ویلایەتی دووەم پێداگر نەبێت، ئەو گوشار و هەڕەشانەی ئێستای لەسەر نامێنێت، بەڵام ئەگەر پشتئەستوور بە پێگە و دەستكەوتەكانی، بیەوێت ڕكابەریی مالیكی بكات یان عەسائیب لە دژی بەردەوام بن، ئەوكات دۆخی سیاسیی شیعی دەكەوێتە بەردەم كێبركێ و ململانێیەكی نوێی توندەوە كە جەمسەرە سەرەكییەكانی، مالیكی و سوودانی لە لایەك و هێزە چەكدارەكانی شیعە لە لاكەی تر و سەدریش لە دەرەوەی ئەم بازنەیەوە دەبێت.

ئەوەیشی سیناریۆی هێوركردنەوەی كاتی بەهێزتر دەكات، هاتنەسەرخەتی زیاتر لە لایەنێكە بە ئاراستەی هێوركردنەوەی گرژی و پێكدادانەكانی ئەم دوایییە، لەوانەیش: سەرۆكایەتیی كۆمار و سەركردایەتیی باڵای چوارچێوەی شیعی و دەسەڵاتی دادوەری؛ ئەمەی كۆتایی (دادوەری) لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە جەختی كردەوە لەوەی زۆر لەو شتانەی لەبارەی سیخوڕیكردنەكەوە دەگوترێن، زیاتر شرۆڤە و لێكدانەوەن و لە زانیاریی وردەوە سەرچاوە ناگرن[30].

لە چەند ڕۆژی ڕابروویشدا بەریەككەوتنە میدیایییەكان لەنێو ماڵی شیعیدا هێورتر بوونەتەوە و، باڵیۆزی ئێرانیش لە عێراق لە میدیا ناوخۆیییەكاندا جەخت لە پاراستنی ئۆقرەیی دەكاتەوە و نەیشیشاردەوە ئەوان تەنانەت هاوكار بوون بۆ ئەوەی گرووپە چەكدارەكانی عێراق و ئەمریكاش بچنە دۆخی ئاگربەست؛ ئەمەیش لە بەرژەوەندیی حكوومەتی سوودانییە لە سایەی جەنگی غەززەدا[31].  

كۆبەند

سەركردایەتی و ڕێبەرایەتیی حكوومی و سیاسیی سوودانی و مانەوەی بۆ خولی ئاییندە، لە بەردەم تاقیكردنەوەی قورسدایە؛ كۆی كابینەكەیشی لە بەردەم ئالنگاری و ئەگەری جۆراوجۆردان. جیاواز لە هەڵكشانی بەرچاوی سەرۆكوەزیرانیش لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دۆسیەكانی ئاواكاری و بنیاتنان و سەردانی وڵاتان، شانسی بەرەو داكشانی بەرچاو چووە و قەیرانە گەورەكان خستوویانەتە بەردەم كۆمەڵێك ئەگەر و پێشهات كە هەندێكیان سەختن. جگە لە دۆسیە ئابڕووبەرەكانی گەندەڵی و ئاڵۆزبوونی قەیرانەكانی سیخوڕیكردنیش، حكوومەت لەژێر هەڕەشەی پاشەكشەی نرخی نەوتدایە. سەرجەم ئەمانەیش لێكەوتەیان لەسەر نەخشەی سیاسیی قۆناغی داهاتووی عێراق دەبێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كە ئێستا سەرچاوەی داهاتەكەی لە بەغدایە و خۆیشی لە دابەشبوون و كێبركێی سەختی قۆناغی پێش هەڵبژاردندایە. بۆ تێگەیشتن و ئاییندەبینیی قۆناغەكەیش، پێویستە لایەنە كوردییەكان شەڕی ناوخۆی هەڵبژاردن، سەرقاڵیان نەكات لە بەدواداچوون و چاودێریی بەردەوامی پەرەسەندنی ڕەوش لە بەغدا.

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

[1]  https://bit.ly/4gugGLJ

[2]  https://bit.ly/4gcMCE3

[3]  https://bit.ly/3MBFCCZ

[4] https://bit.ly/3MBFCCZ

[5]  https://bit.ly/3ZdIIVm

[6]  https://bit.ly/3XkVwH1

[7]  https://bit.ly/3XyuKvW

[8]  https://inis.gov.iq/

[9]  https://bit.ly/4efBhRW

[10]  https://2u.pw/y7d3iwx4

[11]  https://bit.ly/3AVpfyD

[12]  https://bit.ly/3Zfv2sP

[13]  https://bit.ly/4dRGu2h

[14]  https://bit.ly/4gcaGa1

[15]  https://bit.ly/3Tjcrsa

[16]  https://bit.ly/47jDLMP

[17]  https://bit.ly/3MB04UB

[18]  https://bit.ly/3MDmZ1E

[19]  https://bit.ly/3TkANlf

[20]  بڕوانە: https://penus.krd/?p=3905

[21]  https://bit.ly/47j2T6k

[22] https://bit.ly/4dURPia

[23]  https://bit.ly/3MCKWGo

[24]  https://bit.ly/4dQe7BN

[25]  https://bit.ly/47gL3km

[26]  https://bit.ly/4gi62HO

[27]  https://bit.ly/4dQe7BN

[28]  https://bit.ly/3Zh7wM5

[29] https://bit.ly/4dURPia

[30]  https://bit.ly/3Tg6Ra7

[31]  https://bit.ly/3ZbNgM3




11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy)

وەرگێڕان: پێنووس

ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە کۆشکی سپی، سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دووەمی چی دەبێت؟ کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی نۆڤەمبەردا زۆر جار لە وتارەکانیدا هەڵوێستی بێپێوانە و بێئامادەکاریی خستۆتە ڕوو. بۆ نموونە لەم دوایییانەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت تەنیا لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بهێنێت. بەڵام بەبێ گوێدانە ژاوەژاو و بانگەشەی هەڵبژاردن، یەکێک لە ڕێگەکانی هەڵسەنگاندنی کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دووەمی ترامپ، لێکۆڵینەوەیە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە بازنەی دەوروبەری ترامپ.

ئەو ڕاوێژکارانە کێن کە ترامپ گوێ لە قسەکانیان دەگرێت؟ هەروەها سەرچاوەی ئەو بیرۆکانەی کە جیهانبینیی ئێستای سەرۆکی پێشوو پێک دەهێنن چییە و لە کوێیە؟ بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لە ڕۆژ و هەفتەکانی پێش ٥ی تشرینی دووەم، ئەم لیستەی خوارەوە دەتوانرێت بە ڕێنمایییەکی بەسوود هەژمار بکرێت. ئەمانە ئەو کەسانەن کە بۆچوون و ڕوانگەکانیان دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ هەبێت:

ئێلبریج کۆلبی (Elbridge Colby)

ئێلبریج کۆلبی، یەکێک دەبێت لە بەرپرسە باڵاکانی بواری بەرگری لە ئیدارەی دووەمی ترامپدا. ئێلبریج کۆلبی دەنگبەرزترین و ڕەنگە قایلکەرترین دەنگە لە واشنتۆن کە بانگەشە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئەمریکا لە ئەوروپا و ناتۆ و ڕووسیاوە دەکات بەرەو ئالنگاریی ڕوو لە گەشەی چین. کۆلبی زیاتر لە ساڵێک لە ئیدارەی ترامپ وەک جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری کاری کردووە؛ لەو ماوەیەدا یارمەتیی وەرچەرخانی درەنگوەختی ئەمریکای داوە بەرەو ئاسیا. پاشان پەیوەندیی بە جەنگاوەرە دێرینەکانی ئیدارەی ترامپەوە کرد لە دیزاینکردنی دەستپێشخەرییەکی ماراسۆنی، کە لەلایەن دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی ئەمریکی لەسەر کێبڕکێی زلهێزەکان خرایە ڕوو. ئەگەر لە ئیدارەی داهاتووی ترامپدا چانسی وەرگرتنی پۆستێکی دیکەی لە بواری کاروباری بەرگری یان تەنانەت پۆستێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ ڕەخسا، ئەوا پێداگری لەسەر بیرۆکە سەرەکییەکەی دەکاتەوە: کە کێشەی سەرەکیی ئەمریکا، چینە نەک ڕووسیا.

ساڵانێک کۆلبی لە زنجیرە گوتار و کتێب و وتارەکانیدا داوای لە ئەمریکا کردووە کە لە سەرچاوە سنووردارەکانی بەرگریی خۆی کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بکات کە دەسەڵاتێکی هەژموونی دوژمنکارانە دەست بەسەر ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمندا بگرێت. لە ئێستادا چین زۆرێک لە دراوسێ بچووکەکانی لە ڕووی ئابوورییەوە خستۆتە ژێر گوشارەوە و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هەرێمەکە لە ناوچەکانی وەک دەریای باشووری چین. بەڵام تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە تایوانە. هەوڵی چین بۆ دووبارە لکاندنی دوورگەکە بەزۆر، بە مانای ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و لەوانەیە لەگەڵ ژاپۆنیش بێت. ئەگەر ئەمە سەر بگرێت، دەستی چین دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی بەسەر زەریای هێمندا زاڵ بێت کە بە گرنگترین ناوچەی ئابووری لە جیهاندا دادەنرێت.

بێ گومان ڕەنگە یاسادانەرانی ئەمریکی لە ئیدارەی داهاتووی ترامپ یان هاریسدا، ستراتیژییەک لە بواری بەرگریدا قبووڵ نەکەن کە تەنیا سەرنجی لەسەر ئاسیا بێت. بەڵام، بە گوێرەی کۆبەندی دەستەی لێکۆڵینەوەی بەرگریی کۆنگرێس لە مانگی تەممووزدا، ئەمریکا دەبێت خۆی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی لە هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا ئامادە بکات.

فرێد فلیتز (Fred Fleitz)

سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامێکی دێرینی کۆمەڵگەی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکایە، بەڵام فرێد فلیتز لایەنگرێکی سەرسەختی ئایدیۆلۆژیای دژەدامەزراوەیی (MAGA/ جارێکی دیکە گەورەیی بۆ ئەمریکا دەگەڕێنینەوە)ی ترامپە کە لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا واشنتۆنی تێک دا. فلیتز کەسایەتییەکی دێرینە لە ئیدارەی ترامپ؛ وەک یەکێک لە ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکی پێشوو لە ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوتووە.

فلیتز، هاوشانی کیس کیلۆگ (Keith Kellogg)، ڕەشنووسی پلانێکیان بۆ ترامپ ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت ئەگەر جارێکی دیکە وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە. ئەم پلانە پێویستی بە گوشارە لەسەر ئۆکراینا و ڕووسیا بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن و نێوەندگیری بکرێت بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە بەرەکانی جەنگی ئێستا کە لە کاتی دانوستانەکاندا بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەم پلانە، ئیدارەی داهاتووی ترامپ بە هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا، گوشار دەخاتە سەر ئۆکراینا و، لەلایەکی دیکەوە بە هەڕەشەی زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا، گوشار دەخاتە سەر ڕووسیاش بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی ئاشتی.

فلیتز زیاتر لە دوو دەیە لە پۆستەکانی سی ئای ئەی، دەزگەی هەواڵگریی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران کاری کردووە. هەروەها نزیکە لە کەسایەتیی مشتومڕاوی پارێزگارە نوێیەکان، جۆن بۆڵتۆن و، وەک سەرۆکی نووسینگەی بۆڵتۆن لە ئیدارەکانی جۆرج بوش و دۆناڵد ترامپ کاری کردووە کاتێک جێگری کۆنترۆڵی چەک لە وەزارەتی دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بووە. هەرچەندە ترامپ باسی لەوە نەکردووە، ئەگەر بێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، پێکهاتەی پۆستە سەرەکییەکانی ئیدارەکەی چۆن دەبێت، بەڵام زۆرێک لە کۆمارییەکان دەڵێن فلیتز یەکێکە لەو کەسانەی لە لووتکەی لیستەکەی ترامپدایە.

ڕیک گرێنێل (Ric Grenell)

لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای پێشکەشکردنی بڕوانامەی دیپلۆماسیی خۆی بە فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، لە ساڵی ٢٠١٨، ڕیک گرێنێل، باڵیۆزی نوێی ترامپ لە بەرلین، لە تویتێکدا داوای کرد ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییانەی کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن، پێویستە “دەستبەجێ کارەکانیان کۆتایی پێ بهێنن.” هەر لەوێیشەوە بوو کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو خاوبوونەوە ڕۆیشت.

ناکۆکییەکانی گرێنێل لەگەڵ حکوومەتی ئەڵمانیا کاتێک ئاشکرا بوو کە هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەو وڵاتە کرد بەهۆی کەمیی خەرجیی بەرگریی ئەڵمانیا و سەپاندنی سزا بەسەر بۆڕیی نۆرد ستریم-2، کە دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پشتبەستنی بەرلین بە وزەی ڕووسیا. ڤۆڵفگانگ کوبیسکی (Wolfgang Kubicki)، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، گرێنێلی بەوە تۆمەتبار کرد کە وەک ئەوەی ئەمریکا “هێشتا دەسەڵاتێکی داگیرکەر بێت” مامەڵە دەکات. ئەم دەرچووەی زانکۆی هارڤارد، دواتر وەک نێردەی تایبەت بۆ باڵکان دەستنیشان کرا؛ لەو شوێنەی کە تۆمەتبار کرا بە دانانی زەمینە بۆ داڕمانی حکوومەتی کۆسۆڤۆ و کاتێکیش کە بوو بە بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لە ئەمریکا، بووە یەکەم هاوڕەگەزخواز کە پۆستێکی لەسەر ئاستی کابینەی حکوومەت بەدەست هێنابێت.

کیس کیلۆگ (Keith Kellogg)

کاتێک مایکل فلین (Michael Flynn) تەنیا پاش تێپەڕاندنی ٢٢ ڕۆژ بەسەر ئیدارەی ترامپ، لە دوای ئەوەی کە تۆمەتبار کرا بە درۆکردن سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمریکا، لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دوور خرایەوە، کیس کیلۆگ، ​​یەکێک بوو لە یەکەم کاندیدەکان بۆ جێگرتنەوەی. هەرچەندە کیس کیلۆگ بۆ ئەو پۆستە دانەنرا و لە بری ئەو جەنەڕاڵێکی تری سێ ئەستێرە بە ناوی هێربێرت مەکماستەر (H.R. McMaster)، بوو بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. لە بری ئەوە، کیلۆگ ڕاوێژی دەدایە مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەک سەرۆکی ئەرکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرا. کیلۆگ لەم پێگەیەدا لە هەندێک لە گرنگترین ساتەکانی سەرۆکایەتیی ترامپدا ڕۆڵی هەبووە. کیلۆگ ​​ئاماژەی بەوەیش کردووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە تەممووزی ٢٠١٩دا “هیچ شتێکی هەڵە و نادروست”ی نەبیستووە کە تیایدا ترامپ داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە لێکۆڵینەوە لە بایدن بکات. هەروەها بە شێوەیەکی تایبەت داوای لە مایک پێنس کردووە کە “ئەمشەو” ڕەوایەتیی هەڵبژاردنەکە پشتڕاست بکاتەوە لە کاتێکدا کۆمەڵێک لە لایەنگرانی ترامپ هێشتا لە بینای کۆنگرێسدا بوون. بەڵام کیلۆگ ​​لە کێبڕکێی ناوخۆییی کۆمارییەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا ترامپی لە پێنس پێ باشتر بوو؛ ڕەخنەی لە پێنس گرت بەهۆی ئەوەی گرنگیی بە “مانۆڕکردنی سیاسی” و بەرجەستەکردنەوەی کەسیی خۆی داوە (پێنس لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە، بەڵام پشتیوانیی خۆی بۆ ترامپ ڕانەگەیاند).

لەو کاتەوە، کیلۆگ ​​هەوڵی دا ببێتە ئەندامێکی سەرەکی لە دامەزراوەی هزریی سیاسەتی ئەمریکا یەکەم (America First Policy Institute)، کە ناوەندێکی بیرکردنەوە و هزریی بەشی ئاسایشی نیشتمانیی تیمی ترامپە. هەروەها کیلۆگ ​​هەوڵی دا بە خستنەڕووی پلانێکی ورد، قورساییی زیاتر بە بەڵێنەکەی ترامپ بدات کە لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت.

ڕۆبێرت لایتهایزەر (Robert Lighthizer)

کەم ستافی ئیدارەی پێشووی ترامپ هەن کە هێشتا کاریگەرییەکی زۆریان هەبێت لە دانانی ئەو سیاسەتانەی کە ترامپ دەیەوێت. بەڵام ڕۆبێرت لایتهایزەر، نوێنەری بازرگانیی ترامپ، ڕاوێژکاری ئێستا و ڕەنگە وەزیری داهاتووی گەنجینەی ئەمریکا، توانیی پێگەیەکی کاریگەر لەم شێوەیە لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی بە گرتنەبەری ڕوانگەی بازرگانیی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، کە یارمەتیدەر بووە لە داڕشتنی سیاسەتی ئیدارەی بایدن بۆ شەڕە بازرگانییەکان.

لایتهایزەر پارێزەرێکی دێرینی کاروباری بازرگانییە و لە ئیدارەی ڕۆناڵد ڕێگان دەستی بە کاری حکوومی کردووە و بیرۆکە چەقبەستوو و نالەبارەکانی ترامپی لەبارەی بازرگانی و ئابوورییەوە،  تا ڕاددەیەک کردووە بە سیستەمێکی یەکگرتوو. ئێستا لایتهایزەر بەتامەزرۆیییەوە لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ترامپەوە دەیەوێت ئەو سیاسەتانە پەیڕەو بکاتەوە کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا پەیڕەوی دەکرد.

تاریفە گومرگییە بەناوبانگەکانی یەکەمین ئیدارەی ترامپ لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم و چەندان بەرهەمی دیکە کە لە چینەوە هاوردە دەکران، دەرەنجامی ڕوانگەی لایتهایزەر بوو و ئەمەیش تەنیا سەرەتایەک بوو. ئەو پێی وایە زیادکردنی باج لەسەر بەکاربەران و بازرگانانی ئەمریکی بۆ ئەو بەرهەمانەی کە هاوردەی دەکەن، وایان لێ دەکات کە کەمتر هاوردە بکەن. لە ڕوانگەی ئەوەوە، لە جیهانێکی ئایدیاڵدا، پێویستە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەرهەمی زیاتر بەرهەم بهێنن و هەناردەی بکەن.

جۆن مەک ئێنتی (Johnny McEntee)

لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠ لە کاتێکدا ترامپ بۆ سەرکەوتنی دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەوڵدا بوو، کۆشکی سپی ئیمەیڵی بۆ بەرپرسانی پێنتاگۆن نارد بۆ ئەوەی بۆ دامەزراندن لە پۆستەکان لە ئیدارەی دووەمی ترامپ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە چاوپێکەوتن بکەن کە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجام دەدرا. بەڵام دوای شەپۆلێک لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی باڵا، لە کاتێکدا کۆشکی سپی هەوڵی دەدا بۆچوونەکانی بەسەر وەزارەتی بەرگریدا بسەپێنێت، بەرپرسان درکیان بەوە کرد کە ئەو چاوپێکەوتنانە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی دڵسۆزییانەن بۆ خودی ترامپ. ئەو کەسەی کە داڕێژەری ناردنی ئیمەیڵەکە بووە، جۆن مەک ئینتی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کارمەندانی سەرۆکایەتیی کۆشکی سپی بوو.

ئەوەی ڕاستی بێت، زۆرێک لە دامەزراندنەکان لە ئیدارەی یەکەمی ترامپ لە کەسایەتییە تەقلیدییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆمارییەکان بوون؛ کەسانێک کە ڕوانگەیەکی نێودەوڵەتییان هەیە، کە لایەنگری بازرگانی و لایەنگری ناتۆ و لایەنگری هاوپەیمانیی ئەمریکا بوون. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، جۆن مەک ئینتی یارمەتیی ترامپی دا بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە زیاتر ئارەزووی بزووتنەوەی “گەڕاندنەوەی گەورەیی بۆ ئەمریکا”یان هەبوو، بگەیەننە پۆستە سەرەکییەکان. لەو کاتەوە تاقیکردنەوەی دڵسۆزی، بووەتە پرۆسەیەکی ستاندارد لە جیهانی ترامپدا. لە ئێستادا جۆن مەک ئینتی لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی هێریتاج (Heritage Foundation) کار دەکات؛ لەوێ یارمەتیی پێشخستنی پڕۆژەی ٢٠٢٥ دەدات، کە دەستپێشخەرییەکی سیاسییە کە ترامپ بیری لێ دەکاتەوە.

کریستۆفەر میلەر (Christopher Miller)

کریستۆفەر میلەر دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ وەک وەزیری بەرگریی ترامپ بەوەکالەت دەستنیشان کرا، هەڵەی زۆری کرد. میلەر لە سەرەتای ڕێگەی سەرکەوتن بە پەیژەکانی چوونەناو پێنتاگۆن، کەوتە سەر زەوی. پاشان دوو ڕۆژ دوای ئەوە کاتێک هەستا بۆ ئەوەی یەکەم وتاری گشتی لە مۆزەخانەی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا پێشکەش بکات، دەقی وتارەکەی لەژێر کورسییەکەی بەجێ هێشت. ترامپ، میلەری لە ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆرەوە گواستەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، بۆ ئەوەی جێگەی ئێسپەر (Esper) بگرێتەوە. ترامپ کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای ئەوەی لە میدیاکانەوە بانگەوازی ئامادەبوونی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا دەستی پێ کرد، لە تویتێکدا ڕای گەیاند کە ئێسپەری لە کارەکەی دوور خستۆتەوە.

لە ماوەی دوو مانگدا دوای دەستبەکاربوونی میلەر، پێنتاگۆن ئەرکی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان، سووریا و سۆماڵ پێ سپێردرا. میلەر بەهۆی ئەوەی ڕێگەی نەدا بە جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێرشکردنە سەر بینای کۆنگرێس (Capitol) لە ٦ی ١ی ٢٠٢١ لەلایەن لایەنگرانی ترامپەوە بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر دوای ئەوەی پێنتاگۆن ئاگاداری کردەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوان بووەوە.

ستیڤن میلەر (Stephen Miller)

لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا، ستیڤن میلەر وەک ئەندازیاری گرتنەبەری سیاسەتە توندڕەو و مشتومڕاوییەکانی کۆچبەریی سەرۆک ترامپ، ناوی خۆی تۆمار کرد. ئەگەر ترامپ لە مانگی نۆڤەمبەردا سەر بکەوێت، ئەوە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە پشت بە میلەر ببەستێت، کە پێشتر پێشنیاری نوێ و بەرفراوانی پێشکەش کردووە بۆ چاکسازی لە سیاسەتەکانی کۆچبەریی ئەمریکا و سەرکوتکردنی کۆچبەران.

میلەر ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە داڕشتنی پلانەکانی سەرۆکایەتیی ترامپ وەک ڕاوێژکاری باڵا و ڕێکخەری وتارەکانی ترامپ لەو کاتەدا. ناوبراو پاڵپشتیی هەندێک لە پلانە مشتومڕاوییەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کردووە، لەوانە؛ سیاسەتی جیاکردنەوەی خێزانە کۆچبەرەکان و قەدەغەکردنی گەشتی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێکی موسڵمان بۆ ئەمریکا. میلەر هەروەها داوای جێگیرکردنی هێزەکانی کرد بۆ داخستنی سنووری باشووری ئەمریکا و، پێشنیاری قەدەغەکردنی ڤیزەی خوێندکارانی بۆ هاووڵاتیانی چینی کرد.

ڕۆبێرت ئۆبراین (Robert O’Brien)

ترامپ لە دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بە سێ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیدا تێ پەڕی بۆ ئەوەی دواجار بگاتە ڕاوێژکارێک کە بتوانێت تا کۆتاییی خولی چوار ساڵەی لەگەڵیدا بێت. ئەم کەسە کەسێکی تر نەبوو جگە لە ڕۆبێرت ئۆبراین. ئۆبراین کە پارێزەرێکی خەڵکی لۆس ئەنجلێسە، ڕۆڵی خۆی لە کۆشکی سپی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ بابەتی بارمتەکان دەست پێ کرد. ئۆبراین هاوکار بوو بۆ ئازادکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە زیندانەکانی تورکیا و یەمەن؛ بەو پێیەی ئیدارەی ترامپ دۆخی نالەباری ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کرابوون، لە پێشینەی کارەکانی دانابوو.

هەروەها ئۆبراین سەرکردایەتیی هەوڵەکانی ئیدارەی ترامپی کرد بۆ لۆبیکردن لەگەڵ حکوومەتی سوید بۆ ئازادکردنی ڕاپەڕی ئەمریکی، ئاساپ ڕۆکی (A$AP Rocky) دوای ئەوەی ڕاپەڕێکی دیکەی ئەمریکی بە ناوی کانیە وێست (Kanye West) داوای کرد. بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، ڕۆکی بە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کەسێک سزا درابوو.

کاش پاتەل (Kash Patel)

لە ماوەی خولی یەکەمی ترامپدا، کاش پاتەل لە کارمەندێکی نەناسراوی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەرز بووەوە بۆ ئەوەی لە مانگەکانی کۆتاییی ئیدارەی ترامپدا ببێتە سەرۆکی ئەرکان و وەزیری بەرگری بەوەکالەت، سەرەڕای ئەوەی کە ئەزموونێکی زۆری سەربازیی نەبوو. پاتەل وەک یاریدەدەرێکی نوێنەر دیڤین نونێس (Devin Nunes) کە ئەوکات سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن تیمەکەی ترامپ پەیوەندییەکی نادروستیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ڕووسیا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا هەبووە.

دوای ئەوەی ماوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەک بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کار دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک سەرۆکی ڕاوێژکاری بەرپرسی هەواڵگریی نیشتمانی دەستنیشان کرا و ڕۆڵێکی گرنگی لە هێرشەکانی ترامپ بۆ سەر کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکی و گوشارەکانی سەر دەزگە هەواڵگرییەکان هەبوو بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هەوڵی ڕووسیا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمریکا.

مایک پۆمپیۆ (Mike Pompeo)

مایک پۆمپیۆ یەکێک بوو لەو دەگمەن بەرپرسانەی کابینەی ترامپ کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا هەبوو. ترامپ، پۆمپیۆی کە ئەوکات نوێنەرایەتیی کانزاسی لە کۆنگرێس دەکرد، لە نەناسراوی دەرهێنا و وەک بەڕێوەبەری سی ئای ئەی دەستنیشانی کرد. وەک سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، پۆمپیۆ بە گەشتێکی نهێنی بۆ کۆریای باکوور هاتە ناو گۆڕەپانی دیپلۆماسی بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ترامپ و سەرۆکی ئەو وڵاتە، کیم جۆنگ ئون.

لە ساڵی ٢٠١٨دا ترامپ تیلەرسۆنی لە کارەکەی دوور خستەوە و لە شوێنی ئەو، پۆمپیۆی لە وەزارەتی دەرەوە دانا. پۆمپیۆ لەم پۆستەدا وریا بوو کە وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە بازنەی نزیکی ترامپدا بمێنێتەوە. پۆمپیۆ کۆمارییەکی سەرسەخت بوو، هەروەها کەسایەتییەکی سەرەکی بوو لە پاڵنانی ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ئەندازیاری سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (ترامپ) لەگەڵ چین بوو کە ئێستاکە ئەم سیاسەتە پشتیوانیی هەردوو حزبەکەی هەیە.

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com




یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی “ئەنجومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیژیی نێوان تورکیا و میسر” سەردانی ئەنقەرە بکات. یەکەم سەردانی سیسی بۆ تورکیا کە لە ساڵی 2013 بە کودەتایەک لە میسر هاتە سەر دەسەڵات، زۆر گرنگە، چونکە ئەوە نیشاندەری گۆڕانە  لە “دوژمنایەتیی گەورە”وە بۆ “دۆستایەتیی گەورە” لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و قاهیرەدا. لەم دیدارەدا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سیسی چەندان ڕێککەوتننامە واژۆ دەکەن کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەرەو ئاستێکی نوێ بەرز دەکەنەوە. هەروەها لە دیدارەکەدا پرسەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لیبیا و غەززە تاوتوێ دەکەن.

ئامانجی هاوبەش: زیادکردنی قەبارەی بازرگانی بۆ ١٥ ملیار دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵدا

بڕیارە سەرۆککۆماری میسر لەگەڵ شاندێکی گەورە کە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تێدایە، گەشت بۆ ئەنقەرە بکات. سەردانەکەی سیسی بۆ ئەنقەرە، دوای سەردانەکەی ئەردۆغان دێت بۆ قاهیرە لە مانگی شوباتدا کە هەردوو وڵات بە مێژوویی وەسفیان کرد. ئەردۆغان و سیسی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی “ئەنجومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیژی” دەکەن کە لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت. پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی “ئەنجومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیژی” کە بۆ یەکەم جارە پێک دێت، هەنگاو بنرێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە دووقۆڵییەکان و هاوکاریی هەردوو وڵات لە بوارەکانی وەک گەشتیاری، گواستنەوە، وزە، گەشتیاری و، پیشەسازییەکانی بەرگری. هەردوو سەرکردە لە کۆبوونەوەی ١٤ی شوباتدا ئامانجی زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بۆ ١٥ ملیار دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵدا دانا.

وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا و میسر، هاکان فیدان و بەدر عەبدولعاتی، سەرەتای مانگی ئاب لە قاهیرە کۆ بوونەوە. هەردوو لا ڕایان گەیاندووە کە کار لەسەر ئەو پرسانە دەکەن کە پەیوەندییان بە فراوانکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی تورکیا و میسر و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی کەشتیی ڕۆ-رۆ(Roll-on/roll-off) بۆ گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە لە نێوان مێرسین و ئەسکەندەریە هەیە.

٢٠١٣-٢٠٢٤: گۆڕانکاریی گەورە

ڕاستییەكەی، بەها ڕەمزییەکانی سەردانەکەی سیسی بۆ تورکیا بەقەد ناوەڕۆکی ئەم گەشتە گرنگە. دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٣، ساردترین قۆناغی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسر دەستی پێ کرد؛ ئەو پەیوەندییەی کە ساڵی داهاتوو (٢٠٢٥)، دەبێتە پەیوەندییەكی ١٠٠ ساڵە. سیسی کە بڕیارە لە ئەنقەرە بە پرۆتۆکۆڵی فەرمی پێشوازیی لێ بکرێت، لە ٣ی تەممووزی ٢٠١٣ لە کودەتایەکی سەربازیدا محەمەد مورسی، یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسری لە کار لا برد و، دواتر بووە سەرۆککۆماری میسر. لەو کاتەدا تورکیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین هەبوو و دەیویست پەیوەندییەکی گشتگیر لەگەڵ مورسی دابمەزرێنێت؛ ئەمەیش بە “میحوەری ئەنقەرە-قاهیرە” پێناسە دەکرا. دوای ڕووخانی مورسی، تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە کاردانەوەی توندی هەبوو بەرامبەر بە کودەتاکەی سیسی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم هەڵوێستەی پاراست.

لەم ساڵانەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەختترین ئاستیدا بوو و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەتەواوی پچڕا، ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بە شێوەیەکی شەخسی، سیسیی لە وتارەکانیدا دەکردە ئامانج و تەنانەت لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بە “بکوژ” و “کودەتاچی” ناوی برد و ڕای گەیاند کە “هەرگیز تەوقە لەگەڵ سەرکردەکانی وەک سیسی ناکات.”

ئەردۆغان لە وتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێش هەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانیی ئەستەنبووڵ لە ساڵی ٢٠١٩، پرسی کێشە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ میسر لە سیاسەتی ناوخۆدا بەکار هێنا و وتی: “ئایا ڕۆژی یەکشەممە دەنگ بە سیسی دەدەین یان بینالی یڵدرم (کاندیدی حزبی دەسەڵاتدار و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا)؟”

گەڕانەوە لە “تەنیاییی بەنرخ”

ئەو قۆناغەی کە تورکیا کێشەی قووڵی دیپلۆماسیی لەگەڵ میسردا هەبوو، بەشێک بوو لەو قۆناغەی کە ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرەوەیدا سیاسەتی “تەنیاییی بەنرخ”ی  پەیڕەو کردبوو؛ زاراوەیەک کە ئیبراهیم کالین، ڕاوێژکاری باڵای ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرۆکی ئێستای ڕێکخراوی ئاسایش و هەواڵگری (MIT)، بۆ وەسفکردنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بۆ ئەم قۆناغە خستبووە ڕوو. لەو ماوەیەدا تورکیا، سعوودیا و ئیماراتی بە تێوەگلان لە کودەتاکەی ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦ تۆمەتبار کرد و بەو هۆیەیشەوە پەیوەندییەکی سەختی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەبوو. هەروەها ڕەخنەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە دامەزراندنی باری نائاسایی لە دوای کودەتاکە، بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئاڵۆزتر بێت. سەرەڕای ئەوانە، لە ساڵی ٢٠١٨وە یۆنان و کۆماری قوبرس لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی گۆشەگیرکردنی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. جگە لەوەیش، بەشداریی ڕاستەوخۆی تورکیا لە ململانێکانی لیبیا و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، ئەنقەرەی ناچار کرد هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە بدات کە لەگەڵیاندا کێشەی هەبووە؛ بەتایبەت ئیسرائیل و میسر.

هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسر کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێ کرد، تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بوو، کە بووە هۆی ئەوەی کە هەردوو لا بە شێوەیەکی هاوبەش باڵیۆزیان دەستنیشان کرد. ئەردۆغان و سیسی بۆ یەکەم جار لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە مەراسیمی کردنەوەی مۆندیال کە لە قەتەر بەڕێوە چوو، یەکتریان بینی و بڕیاریان دا درێژە بەو پرۆسەیە بدەن.

تورکیا چیتر هاتنی سیسی بۆ سەر دەسەڵات بە “کودەتا” ناو نابات

گۆڕانکارییە گەورەکە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر، شێوازی پێناسەکردنی ئەنقەرەی بۆ ڕووداوەکانی تەممووزی ٢٠١٣ گۆڕیوە. بۆ نموونە، لە ماوەی ساڵانی پەیوەندییە ساردەکاندا، ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٣ی بە “کودەتا” وەسف دەکرد و ئاماژەی بەوە دەدا کە پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر بەهۆی ئەو ڕووداوەوە بەتەواوی ئاڵۆز بوو. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩وە کە بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان درا، دەستەواژەی “کودەتا” لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لا برا.

لە ئێستادا بۆ وەسفکردنی ئەوەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕووی دا، ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نووسیویەتی: “دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەرۆککۆمار مورسی لە ٣ی تەممووزی ٢٠١٣، کاروباری نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە پایتەختەکانی هەردوو وڵات لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣وە لەسەر ئاستی “charge d’affaires”،  ئەنجام دراوە.” لە کاتی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ میسر، ڕەتکردنەوەی تورکیا لە ڕێگەدان بە چالاکیی دژە-سیسی و پڕوپاگەندەی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین کە لە تورکیا و بەتایبەتی ئەوانەی کە لە ئەستەنبووڵ دەژیان و تەنانەت ڕۆیشتنی بەشێکی زۆریان لەم وڵاتە، لە گرنگترین هەنگاوەکان بوو بۆ هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان.

خولی دیالۆگی چڕ

دوای چەندان ساڵ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، تورکیا و میسر لەم دوایییانەدا چوونەتە ناو پەیوەندییەکی چڕوپڕی دوولایەنەی ئاڵوگۆڕی دیپلۆماسی. یەکێک لە وەرچەرخانە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بوو کە تورکیا و سووریای هەژاند. میسر یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە هاوکاریی مرۆییی بۆ تورکیا نارد و سەمیح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر لەو کاتەدا، چووەتە تورکیا بۆ ئەوەی کە لە کاتی سەردانیکردنی ئەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە، سەبارەت بە ناردنی هاوکاری لە وڵاتەکەیەوە لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکات. ئەو پێشهاتەی کە زیاتر دیالۆگی تورکیا و میسری بەهێزتر کرد، ئەو جەنگە بوو کە دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لەم ماوەیەدا چەندان جار سەردانی قاهیرەی کردووە، هەوڵەکانی حکوومەتی میسری بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە و دامەزراندنی ئاگربەستی، بەرز نرخاندووە.

پرسی لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست

سەرەڕای باشتربوونی پەیوەندییەکان، تورکیا و میسر بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەندێک بابەتی ناوچەکە، بەتایبەتی سەبارەت بە لیبیا هەیە. تورکیا و میسر لە جەنگی ناوخۆی لیبیا لە لایەنی بەرامبەردا بوون و ئەم دۆخە لە بنەڕەتدا نەگۆڕاوە. بەڵام تورکیا لەم دوایییانەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی بنغازی زیاتر کردووە کە لەلایەن میسر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پاڵپشتی دەکرێت و تەنانەت ڕای گەیاندووە کە کونسوڵخانەی تورکیا لە بنغازی کە بۆ ماوەیەک داخرابوو، بەم زووانە دەکرێتەوە. هەردوو لا ڕایان گەیاندووە کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە لیبیا بە زووترین کات. بەڵام سەرەڕای ئەوانەیش، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لە لیبیا و، هەروەها چی بەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەریایییەدا دێت سەبارەت بە سنووردانانە ئاوییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ لیبیا واژۆی کردووە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان و سیسی بابەتگەلێکی وەک جەنگی ئیسرائیل و حەماس و مەترسیی تەشەنەسەندنی گرژییەکان بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و نێوەندگیریی بەردەوامی تورکیا لە نێوان سۆماڵ و ئەسیوپیا و گرژییەکانی سوودان تاوتوێ بکەن.

سەرچاوە:

https://www.bbc.com




سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ

هەرچەند لەپاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە سەرەتادا بە شێوەیەکی توند و یەکلاکەرەوە باسی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییەیان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پێ ناچێت ئەم جارە هێرشە گریمانەکراوەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل نەبێتەوە و، ئەمریکاش جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە و کەشتیی جەنگی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، ئەمریکا و بریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش بەئاشکرا رایان گەیاندووە و هۆشدارییان داوەتە ئێران، کە ئەم هێرشە نەکات و لە ئەگەری  هەر هێرشێکیشدا بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن، وای کردووە کە ئێران پێداچوونەوە بە پلانەکەیدا بکات و ترسی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری هەبێت کە بە تەڵەی ستراتیژی (strategy trap) یاخود وردتر بڵێین، بە پیلان و تەڵەی ناتانیاهۆی دەزانێت.

لە ڕاستیدا دۆخی سیاسیی ناوخۆیی و باری دارایی و ئابووری و تەنانەت توانای سەربازیی ئێران زۆر لەوە لاوازتره کە بچێتە جەنگێکەوە کە ئەمریکای تێوە بگلێنێت و دەرەنجامەکەیشی هەر لە سەرەتادا دیار و ڕوونە کە بۆ ئێران چی دەبێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم هێرشە ڕوو دەدات؟ وەڵامەکەی بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەرێنییە، بەڵام ئەوەی کە ناڕوونە، شێواز و چۆنێتی و کات و ئاستی تۆڵەسەندنەوەکەیە، چونکە ئێران بە چەند هۆکاری سەرەکی ناتوانێت\ناکرێت کوشتنی هەنییە بێوەڵام بهێڵێتەوە؛ بەڵام ئەوەیش ڕوونە کە ڕووداوەکان لە قازانجی ئێران نییە.

ئەم نووسینە ئەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە وا دەکات ئێران نەتوانێت هێرشەکە بێوەڵام بهێڵێتەوە، بەڵام لەوەیش گرنگتر، سیناریۆکانی هێرشەکە و ئەگەرەکانی پاش هێرشەکە تاوتوێ دەکات.

  • بۆچی ئێران ناچارە و دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە؟

یەکەم– کوشتنی هەنییە لە تارانی پایتەخت، هەروەها لە سەروبەندی مەراسیمێکی فەرمیی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران کە بە بەشداریی بەرپرسانی ٨٦ وڵات و ئامادەبوونی ١١٤ شاندی بیانی بەڕێوە چوو و، هەنییەیش بە بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی لەو ڕێورەسمەدا ئامادە بووە، وا دەکات کە کۆماری ئیسلامی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و تەنانەت ئەو کوشتنە پاساوی کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوەی سەربازی بداتە ئێران؛ هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی هەڵنەگرتووە و لێدوانی لەم بارەیەوە بە ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی نەداوە.

دووەم– ئەم ڕووداوە و چۆنێتیی کوشتنی هەنییە لەناو جەرگەی تاران و لە میوانخانەیەکی سەربازی لەناوچە و کۆمەڵگەیەکی تا ڕاددەیەک نهێنی و پارێزراوی سوپای پاسدارن، وا دەکات کە ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک سووکایەتی بە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سیستەمی هەواڵگری و لاوازیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەربکەوێت.

سێیەم– ئەم هێرشە دەری خست کە ئەگەر ئێران دەتوانێت ئیسرائیل بە ستراتیژیی ئەڵقەی ئاگر (Ring of Fire) کە لە هێزە پرۆکسییەکان و ناوچە نائارامەکان لە لوبنان و غەززە و سووریا و عێراق و یەمەن گەمارۆ بدات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەتوانێت ئەو ئاگرە بباتەوە ناوخۆی ئێران. هەر بۆیە ئەم هێرشە جگە لەوەی شکستێکی هەواڵگری و ئاسایشییە بۆ ئێران، لە ڕووی ستراتیژیی سەربازی و بەرگرییشەوە، بۆ ئێران وەکوو مەترسییەکی گەورە دەبینرێت کە توانا و جووڵەی ڕابردووی ئێران لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە سنوردار دەکات.

چوارەم– وەڵامنەدانەوەی هێرشەکە وێنا و پێگەی ئێران جگە لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، لەناو گرووپە پرۆکسییەکان لاواز و ناکاریگەری دەکات؛ چونکە ئێران ئەو ڕاستییە دەزانێت کە نەمانی متمانەی پرۆکسییەکان بە ئێران یاخود لانی کەم لاوازبوونی هێزە پرۆکسییەکان، دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە واڵا دەکات.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەوەی کە وا دەکات هێرش نەکرێتە سەر ئەو دامەزراوانە، هێزی بەرگری و تەنانە بەرگریکارانەی سەربازیی ئێران نییە، بەڵکوو سەرچاوەی لە هێزی پرۆکسی و تواناکانی ئێرانە لە جەنگی ناهاوتەریب یاخود ناهاوسەنگ (asymmetric warfare). هەروەها کاتێک کە ئێران وەڵامی دەستدرێژییەکانی بەردەوامی ئیسرائیل نەداتەوە، ئەو ئەم پەیامە دەداتە لایەنگرانی لە ناوچەکەدا کە جگە لەوەی لە هەمبەر هێرشەکانی ئیسرائیل توانای خۆپاراستنی نییە، بەڵكوو ناتوانێت ئەوانیش بپارێزێت و تەنیا وەکوو ئامراز بۆ پاراستنی خۆی بەکاریان دێنێت.

 لە لایەکی دیکەیشەوە، ئیسرائیل مێژوویەکی درێژی لە کوشتن و تیرۆرکردنی کەسایەتی و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران هەیە کە هیچ کاتێک ئێران نەیتوانیوە بەڕاستەوخۆ وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و تەنانەت وەڵام و هێرشی ئێران بە  درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەکی کرووز و بالیستی (١٨٥ درۆن و ٣٦ مووشەکی کروز و زیاتر لە ١١٠ مووشەکی بالیستی) لە ١٤-٤-٢٠٢٤ لەپاش هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ١-٤-٢٠٢٤ بۆ سەر بینایەک لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی چەند پلەدار و فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران (محەمەدڕەزا زاهدی)، ئێران نەیتوانی وەکوو ئەوەی کە بانگەشەی دەکرد سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی ئێران بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاساییی خۆی. بەم پێیەیش بێت ئێران هەست دەکات کە ناچارە بۆ ئەوەی سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی زیندوو بکاتەوە و هاوسەنگییەکی نوێ بێنێتە ئاراوە، وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە.

پێنجەم– کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لەپاش ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی شۆڕشی ناسراو بە “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕووی ڕەوایەتی (شەرعییەت)ەوە لە دۆخێکی لاوازدایە و تەنانەت هەر ئەمەیش وای کرد کە بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، سەرۆککۆمارێکی جیاواز بێنێتە سەرکار و باس لە کرانەوە بۆ دەرەوە بکات. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە ئەگەر ئێران وەڵامی ئیسرائیل نەداتەوە لە ئاستی ڕای گشتی و لانی کەم لایەنگرانی ناخۆییی خۆی و بنکە جەماوەرییە توندڕەوەکەی، ئەو وێنایەیش بشکێت کە تاوەکوو ئێستا بە سیاسەتی دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل خۆی پێناسە دەکرد و تەنانەت ڕەوایەتیی بە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەدا، یاخود بەشێک لە کێشەکانی وەکوو نالەباریی دۆخی ئابووریی دەخستە پاڵ ئەو سیاسەتەی لە هەمبەر ئەمریکا و ئیسرائیل. هەر بۆیە ئەگەری هێرش و وەڵامدانەوەی ئێران، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ گوشارە ناوخۆیییەکان.

  • ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە چی بوو؟

یەکەم– هەرچەندە ئیسرائیل ڕای نەگەیاندووە کە ئەم هێرشەی ئەنجام داوە و هەنییەی کوشتووە، بەڵام یەکەمین ئامانجی ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماسە کە هەنییە وەکوو بەرزترین بەرپرسی سیاسیی حەماس بە بەرپرسیاری ئەم هێرشە دەزانێت. هەر بۆیە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل چەندان جار و بەئاشکرا ڕایان گەیاندووە کە هیچ بەپرسێکی بەشدار لەم هێرشە بەزیندوویی ناهێڵنەوە و لە ڕابردوویش ئیسرائیل سەلماندوویەتی کە ئەو هەڕەشەیە جێبەجێ دەکات.

دووەم– ئەم هێرشە تەنیا کوشتنی هەنییە و بەرپرسێکی باڵای حەماس نەبوو، بەڵکوو هێرشی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر سوپای پاسداران، هەروەها کۆماری ئیسلامی، وەکوو تۆڵەکردنەوەیەک لە ئێران کە پاڵپشتی لە حەماس و هێزە پرۆکسییەکانی دیکەی وەکوو حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. بەم پێیەیش هەم تۆڵەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر بوو لە حەماس و هەمیش لەپاڵپشتیکارە سەرەکییەکەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیلییەکان ئەم جارە باس لە لێدان لە سەری هەشتپێ (octopus) لە بری قاچ و دەستەکانی دەکەن، کە مەبەستیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سێیەم– شوێن و شێوازی هێرشەکە (هەرچەندە چەندان سیناریۆ بۆ شێوازی هێرشەکە لە ئارادایە) وەکوو نیشاندانی باڵادەستیی ئیسرائیل لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆژی و هەواڵگری و…، وا دەکات کە ئیسرائیل بەشێک لە سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی خۆی کە لەپاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس لاواز ببوو، جارێکی دیکە لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی بەرز بکاتەوە. تەنانەت ڕەخنەکان لە شکستی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل قەرەبوو دەکاتەوە[1]. بۆیە پێ دەچێت بەشێک لە ئامانجەکانی ئەم هێرشە پەیوەندیی بە هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیییەكانی ئیسرائیلەوە هەیە، بەتایبەتی ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر حوکمڕانی و سەرکردایەتی و گەندەڵییەکانی ناتانیاهۆ و، بەم پێیەیش ئەم هێرشە بەهێزکردنی پێگەی ناتانیاهۆیە لە ناوخۆی ئیسرائیل و، هەروەها ڕازیکردنی توندڕەوەکانی کابینە و تەنانەت ڕای گشتی و بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی شکۆی سوپا و دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل.

چوارەم– ئەم هێرشە پەیامێک بوو بۆ بەپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران کە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت یاخود ئاسایش و مانەوەی ئیسرائیل بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە دەتوانێت هەستیارترین و پارێزراوترین شوێنەکانی پایتەختی ئێران بیانکاتە ئامانج. ڕاستییەكەی، ئەمە مەترسیدارترین پەیامە بۆ ڕێبەری باڵا و فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە لە ئێستا و داهاتوودا لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل دوو جار بیر بکەنەوە.

پێنجەم– ئەم هێرشە ئاست و قەبارەی نفووز و تواناکانی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە ناوخۆی سنوورەکانی ئێران و لەناو هێزە هەواڵگری و ئاسایشی و سەربازییەکانی ئێران دەرخست و، هەر ئەمەیش جگە لە دەسکەوتی کوشتنی کەسایەتییەکی وەکوو هەنییە بۆ ئیسرائیل، بەتەواوی دەزگە و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازی و ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەپێی بنەما ئایدیۆلۆژییەکان کە لە کەسایەتیی خاوەن بیروباوەڕەکان بە ڕێبەری باڵا و نیزام پێک هاتووە، پووچەڵ دەکاتەوە. تەنانەت وتەی باڵاترین بەرپرسی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران (ئیسماعیل خەتیب) بە ناڕاست دەردەخات کە چەند ڕۆژ پێش ئەو هێرشە، لەناوبردنی تۆڕەکانی هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی لە ناوخۆی ئێران بە گەورەترین دەستکەوتی “وەزارەتی ئیتڵاعات” دانابوو و ئێستایش لە کابینەی “مەسعوود پزیشکیان” وەکوو وەزیری ئیتڵاعات دانراوەتەوە. هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە، سەلماندنی وتەی وەزیری پێشووتری ئیتڵاعاتی ئێران لە سەردەمی خاتەمی (عەلی یونسی)یە کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی جەماران رای گەیاندبوو: “لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، نفووزی مۆساد لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا ئەوەندە گەورە بووە کە دەبێت هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ گیانی خۆیان نیگەران بن.” تەنانەت ئەو هێرشە قسەکانی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، پشتڕاست دەکاتەوە کە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕای گەیاندبوو: بەرزترین کەسی بەرپرسی دژەسیخوڕی دێسکی ئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعاتدا خۆی سیخوڕێکی ئیسرائیلی بوو.

شەشەم– پێ دەچێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل هەر ئەو تەڵەیە بێت کە ئێرانییەکان باسی لێوە دەکەن کە بۆ تێوەگلاندنی ڕاستەوخۆی ئێران لە جەنگ و پاشان بەشداریی ئەمریکا و ئەوروپییەکان لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بێت؛ چونکە ئێرانییەکان لە ڕێگەی دۆکترینی نەریتی بەرگری و سەربازیی خۆیان لە ناوچەکە، هیچ کات ڕاستەوخۆ بەشدار نابن لە جەنگ و، هەڕەشە  و مەترسییەکان لە خۆیان دوور دەخەنەوە. هەر بۆیە ئیسرائیل دەیەوێت ئەم جارە جەنگەکە بباتە ناو سنوورەکانی ئێران و شکست بە سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی ئێران و “حرب غير متكافئة-Asymmetric warfare” یاخود جەنگی ناهاوسەنگ لە زۆنە خۆڵەمێشییەکانی (Grey-zone) لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە بێنێت کە بە جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) دەناسرێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی هەنییە ئەو پەیامەی نارد کە سەرکردەکانی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکەنە ئامانج، تووشی چارەنووسی هەنییە دەبن.

  • بۆچی تاوەکوو ئێستا ئێران وەڵامی ئیسرائیلی نەداوەتەوە؟

یەکەم– میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە ئەم وڵاتە پەیامێکی بۆ ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی ناردووە کە هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێتە هۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە یەکێک لە دوایین وتەکانیدا بەئاشکرا ئامادەکاری بۆ ئەو درەنگکەوتنە بکات و، هەروەها ئەگەری پاشەکشە لە سیاسەتەکانی لە هەمبەر ئەمریکا و ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات و بڵێت: “ئەگەر لە بەرامبەر دوژمنێکی هێرشبەردا پاشەکشەیەکی نا-تاکتیکی بکەیت، ئەوا تووشی تووڕەییی خودا دەبیت، بەڵام هەندێک جار پاشەکشەکە تاکتیکییە؛ ئەوەیش شتێکی خراپ نییە.” بەم پێیەیش ئێران ترسی زۆری هەیە کە ئەم جارە وەکوو هێرشەکەی ڕێکەوتی ١٩-٤-٢٠٢٤ کە دەنگی تەقینەوەیەکی قورس لە ئاسمانی شاری ئیسفەهان بیسترا و پاشان دەرکەوت کە ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر بنکەی “هشتم شکاری”ی سوپا کە بە بنکەی “شەهید عەباس بابایی” ناسراوە، وەڵامی ئیسرائیل سنوردار نەبێت، بەڵکوو ئەم جارە ئیسرائیل دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی-مووشەکییەكان و تەنانەت ژێرخانەكانی ئابووریی ئێران، بەتایبەتی پاڵاوگە و دامەزراوەکانی نەوت و گاز، کە بە بڕبڕەی دارایی و ئابووریی ئێران دادەنرێت؛ چونکە لە وەڵامی هێرشەکەی پێشووتری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل پەیامێکی بەهێزی دایە ئێران کە دەتوانێت هەموو دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان بەبێ هیچ گرفتێکی تەکنیکی بکاتە ئامانج.

دووەم– ئێران دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەردەوام ترسی لەوە هەبووە کە ڕاستەوخۆ لە جەنگەکەدا تێوە بگلێت و تەنانەت ڕێگەی لەوە گرتووە کە حزبوڵڵای لوبنانیش بەڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئەو جەنگەوە. بۆیەیش ئێران ئەوە بە تەڵەیەک دەزانێت کە ئیسرائیل دەیەوێت ئێران بەڕاستەوخۆ بەشداری لەم جەنگەدا بکات و ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ناتانیاهۆ. هەر بۆیە لەم بارەیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ٢٣-٨-٢٠٢٤دا وتی: “ئێمە ناکەوینە ناو ئەو تەڵانە کە ڕەنگە بۆ ئێمە بڵاو کرابنەوە، بەڵکوو ئەم تۆڵەسەندنەوەیە لە کاتی گونجاو و بە شێوەی گونجاو ئەنجام دەدرێت و هیچ گومانێک لە پڕەنسیپەکەیدا نییە (تۆڵەسەندنەوەکە).”

سێیەم– بەرپرسانی ئێرانی ئەو ڕاستییە دەزانن کە لە ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل- هەرچەندە سنورداریش بێت- ئەوە ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپییش بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن و، لەم سیناریۆیەیشدا ئێران ناتوانێت هیچ دەستکەوتێکی لە جەنگێکی بەرفراواندا هەبێت، چونکە سنووری جوگرافیی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵکوو ئامادەییی ئەمریکا و هێزەکانی وڵاتانی ئەوروپی لە ناوچەکە لە سنوورەکانی ئێران وا دەکات کە جەنگەکە ببێتە جەنگی ئێران و ئەمریکا و، لەم حاڵەتەیشدا ئێران دەکەوێتە خراپترین بارودۆخی خۆی. تەنانەت ئەو سناریۆیە هەمان تەڵەی ستراتیژییە، کە ئێرانییەکان وا بیر دەکەنەوە کە ناتانیاهۆ بۆ ئێران و تەنانەت بۆ ئەمریکییەکانی داناوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، جگە لە هێزە پرۆکسییەکان، ئێران هیچ هاوپەیمانێکی ستراتیژیی نییە کە بەرگری لە ئێران بکات؛ بۆ نموونە ڕووسیا و چین بە چەندان هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی و جیۆستراتیژی و…، پشتیوانی لە جەنگێکی لەم شێوەیە لە ناوچەکەدا- کە ئەوانیش تێوە بگلێن- ناکەن.

چوارەم– ئێرانییەکان زۆر لەوە نیگەرانن کە کۆتایی بە توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانیان بێت لە یەک کاتدا؛ بەم واتایەی کە لە ئەگەری هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامی سەربازیی ئێسرائیل و تەنانەت ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، ئێران چیتر کارتێکی ئەوتۆی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل نەمێنێت. ئەمەیش جگە لەوەی ئاسایشی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەتەواوی دۆکترینی سەربازی و بەرگریی ئێران لەناو دەبات. هەروەها بە لەناوچوونی توانا مووشەکی و درۆن-یەکانی ئێران، ئەوە هەژموون، سیاسەتی ڕێگریکردنی مووشەکی و درۆنی، سەرنجڕاکێشی و بەگشتی هێزی ئێران بۆ ڕووسیا و وڵاتانی ناوچەکە کۆتایی دێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بەهۆی بەشداریی ئێران لە دابینکردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینا، ئێڕانییەکان ئەو ڕاستییە دەزانن کە لەوانەیە ئەوروپییەکانیش لەپاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، بەشدار بن لە پرۆسەی لەنابردنی بنکە و دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمی و درۆنییەکانی ئێران.

پێنجەم– هەرچەندە نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی دیکەی ئێرانی ڕایان گەیاندووە کە: “ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی ئێمە، لە کردەوەی تیرۆریستیی ئەم دوایییەی ڕژێمی ئیسرائیلدا پێشێل کراوە؛ ئێمە مافی بەرگریی ڕەوامان هەیە و ئەمەیش پەیوەندیی بە ئاگربەستی غەززەوە نییە؛ بەڵام هیوادارین وەڵامدانەوەمان لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەک بێت کە زیان بە ئاگربەستە پێشبینیکراوەکە نەگەیەنێت.” بەڵام پێ دەچێت ئێران بیەوێت کە هەم ئەم ئاگربەستە بێتە دی و هەمیش لە قۆناغی دواتر ئەم ئاگربەستە ببەستێتەوە بو تۆڵەکردنەوە و گوشارەکانی ئێران لە ڕێی هەڕەشەی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئیسرائیل و، وای وێنا بکات کە ئەگەر وەڵامێکی لاوازی سەربازییشی هەبێت، ئەوە بەهۆی ئەوەوە بووە کە دەستکەوتی گەورەی بۆ فەڵەستینییەکان هەبووە و پێویست بە وەڵامی گەورەتر نەبووە. ئەم سیاسەتەی ئێران هەم لە لای هێزە پرۆکسییەکان و هەم ڕای گشتیی ناوخۆییی توندڕەوەکانی ئێران قبووڵ دەکرێت و هەمیش مەترسیی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەڕەوێنێتەوە.

شەشەم– یەکێک لە گەورەترین ترس یاخود بەربەستەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوە، لە ئاستی ناوخۆییی ئێرانە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران لەپاش شۆڕشی ژینا لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕەوایەتییەکی لاواز و لەرزۆکیان هەیە و، دەترسن کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە یاخود تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگەکەدا، ئەوە خەڵکی ناڕازیی ئەو وڵاتە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ سەرکوت کران، ئەم جارە دەرفەتەكە بقۆزنەوە و شۆڕش و ناڕەزایەتییەکان سەر هەڵبداتەوە. هەر بۆیە جگە لە بەراوردی توانا سەربازییەکان، پرسی سەرهەڵدانی شۆڕشی ناوخۆیی، پرسێکی هەستیار و ئاسایشییە بۆ کۆماری ئیسلامی. جگە لەوانەیش، لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ و هێڕش بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئابوورییەکانی ئێران، ئەوە دووبارە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی فراوان لە ئارادایە. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە ئێرانییەکان و بەتایبەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵا، زۆر بەوریایییەوە بجووڵێتەوە.

لە لایەکی دیکەیشەوە هاتنەسەرکاری پزیشکیان وەکوو کەسێکی میانڕەو و پلانی ئێران بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سڕینەوەی بارگرژییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و لادانی سزا و ئابڵووقەکان بۆ ئەم مەبەستە، وا دەکات کە ئێران لە کاردانەوەیەکی سەربازیی توند لە دژی ئیسرائیل زیان بکات و هەموو هەوڵەکان و دانوستانە نهێنییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لەبار ببات. بۆیە پرسی لابردنی سزا و گەمارۆ و ئابڵووقە ئابوورییەکان، پرسێکە کە گرێ دراوەتەوە بە بەردەوامی و مانەوەی سیستەمەکە و، ئەمەیش نایەتە دی، جگە لە ڕێگەی دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا.

هەفتەم– هەروەها پێ دەچێت سەرەڕای باڵادەستیی ڕەهای ئایەتوڵڵا خامنەیی، بەڵام هاوڕایی و یەکگرتوویییەک لەنێو بەرپرسانی باڵای ئێران سەبارەت بە کات، قەبارە و چۆنێتیی وەڵامدانەوەکە لە ئارادا نەبووبێت و ناکۆکی هەبێت؛ چونکە پرسە ئاسایشی و سەربازییە باڵاکان لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەدرێت کە سەرۆککۆمار سەرۆکایەتیی دەکات و ئەگەر ئەم هێرشە ڕوو بدات، خودی سەرۆککۆمار (مەسعوود پزیشکیان) بە بەرپرسیاری پلە یەک دادەنرێت. هەرچەندە لە کۆتاییدا لەم پرسانە خامنەیی بڕیار دەدات، بەڵام ئەوە لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە لێکەوتەی گەورەی نەرێنیی بۆ پزیشکیان دەبێت. تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تێلێگراف کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە، کە بە وتەی ڕۆژنامەکە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت و بە کەسانی نزیک لە پزیشکیان ناسراون، بڵاو کرابووەوە کە پزیشکیان پێشنیاری کردووە بە ئاگاداریی وڵاتەکەیان هێرش بکرێتە سەر چەند بنکەیەکی نهێنیی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان لە عێراق. هەرچەندە ڕاستیی ئەم هەواڵە لەژێر پرسیاردایە و هیچ سەرچاوەیەکی دیکە پشتڕاستی نەکردەوە و پێ دەچێت خودی ئەم هەواڵەیش ئامانجی دیکەی لەپشت بێت؛ چونکە لە ئێستادا خاڵی لاوازی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و بەپێی هێرشەکانی ئەم دوایییەی و تەنانەت ڕابردووی ئیسرائیل، نفووز و دزەکردنی مۆسادی ئیسرائیلە لەناو هەستیارترین دامەزراوەکان و تەنانەت تاوەکوو بەرزترین ئاستەکانی ئێران و بەرەی موقاوەمەی لایەنگری ئێران. هەر بۆیەیشە کە نایانەوێت هێرش و تۆڵەکردنەوەکەیان پووچەڵ بکرێتەوە و بەپێچەوانە بشکێتەوە.

  • کۆبەند: سیناریۆکانی وەڵامدانەوەی ئێران

یەکەم- هێرشکردنە سەر چەند بنکەیەک لە دەرەوەی سنوورەکان و لە دراوسێییەتیی ئێران:

 لە ڕاستیدا ئەم سیناریۆیە هەرچەندە ڕێی تێ دەچێت، بەڵام لە ڕووی ستراتیژیی ئێستای ئێران و بەتایبەتی کابینەی پزیشکیان کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی دۆکترینی دراوسێیەتی بۆ سڕینەوەی بارگرژییەکان و شکاندنی ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران، کێشەی زۆری هەیە هەم سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی تێلێگراف و هەمیش هەر ناوچەیەکی دیکە کە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بێت و بەتەواوی شکست بە دۆکترینە نوێیەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەهێنێت و تەنانەت لەگەڵ وتەکانی عەباس عێراقچی وەکوو وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٢٣-٨-٢٠٢٤ یەک ناگرێتەوە کە وتی ئەولەوییەتمان لە سیاسەتی دەرەوەدا هاوکاری و هەماهەنگیی ناوچەیی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێیە.

دووەم- ڕاگەیاندنی دۆزینەوە و گرتنی تۆڕی ئەنجامدەران و هەڵوەشاندنەوەی شانە نهێنییەکانی مۆساد لە ئێران:

 هەرچەندە وەزیری ئیتڵاعات (ئیسماعیل خەتیب) سەبارەت بە ڕۆڵی دزەکاران لە تیرۆرکردنی هەنییە جەختی لەوە کردەوە: بەپێی ئەو ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کراوە، هیچ ڕۆڵێک بۆ ئەم کەسانە نەبینراوە (بەم واتایەی کە ئەو کەسانەی کە تیرۆرەکەیان ئەنجام داوە یاخود هاوکار بوونە و ئاسانکارییان کردووە و زانیارییەکانیان گواستۆتەوە، لەناو دەزگە هەواڵگری و هەستیارەکانی سوپای پاسداراندا نەبوونە و، ئەمەیش پێ ناچێت ورد و دروست بێت).

بەڵام یەکێک لە سیناریۆکان بۆ ڕای گشتی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕابگەیەنێت کە تۆڕێکی سیخوڕیی ئیسرائیلی دەستبەسەر کردووە یاخود دۆزیوەتەوە و پاشان دانپێدانانەکانیان بڵاو بکاتەوە و ئەمە وەکوو دەستکەوت ڕابگەیەنێت کە کۆتایی بەم تۆڕە مەترسیدارە هاتووە و تەنانەت هەر لەم ڕێگەیەوە ئامانجەکانی تۆڵەکردنەوەی دەستنیشان بکات کە لە کام وڵاتەوە هاتوون و یارمەتی دراون. ئەم سیناریۆیە لە ڕابردوودا لە کۆماری ئیسلامی چەندان جار گیراوەتە بەر و ئەنجام دراوە بۆ تۆمەتبارکردنی وڵاتان یاخود وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر لاوازیی دەزگە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تەنانەت دوورکەوتنەوە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. بەڵام کێشەی گەورەی ئەم سیناریۆیە، دووبارەبوونەوەی چەندجارەی ڕووداوەکان و لەمەیش گرنگتر، بڕواپێنەکردنی ڕای گشتییە بەهۆی ئەوەی کە لە ڕابردوودا ناڕاستیی ئەم سیناریۆیە دەرکەوتووە. هەرچەندە دەکرێت هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەتایبەتی موجاهدینی خەڵق یان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد تۆمەتبار بکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەم سیناریۆیە بڕواپێکردنی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ئەستەمە و ئامانجەکانی ئێران ناهێنێتە دی و پرۆکسییەکانیش ڕازی ناکات و لەمەیش گرنگتر،  سیاسەتی ڕێگریکردنی ئێران لاوازتر دەکات و ئیسرائیلش بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکانی و، پێکدادانەکان بەتەواوی دەگوازێتەوە بۆ ناو خاکی ئێران.

سێیەم- کەڵکوەرگرتن لە پرۆکسییەکان، بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنان یان هێرش لە خاکی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن:

ئەم سیناریۆیە ڕێی تێ دەچێت کە ئێران لە بری هێرشی ڕاستەوخۆ لە خاکی خۆیەوە، لە ڕێگەی پرۆکسییەکانییەوە یان خاکی ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن لایەنگرانییەوە کۆنترۆڵ کراوە، هێرشەکە ئەنجام بدات. بەڵام لە لایەک ئێران بەلاواز دەردەخات و ئیسرائیل لە ڕووی سیاسەتی ڕێگریکردنەوە بەباڵادەست دەهێڵێتەوە و لە لایەکی تریشەوە هێزە پرۆکسییەکان دەکرێنە ئامانج و دۆخی ئەو وڵاتانە تێک دەچێت و تەنانەت ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی ڕای گشتی و نەیاری ئێران دەبێتەوە. تەنانەت لە وڵاتانی وەکوو عێراق یان سووریا و لوبنان، حکوومەتی فەرمی دژی ئەم بڕیارەیە و ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەکاتەوە و کاردانەوەی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها ئەگەر ئێران کەڵک لە پرۆکسییەکان وەکوو میلیشیاکانی شیعەی عێراقی یان حزبوڵڵای لوبنان یاخود فاتمیۆن (شیعە ئەفغانییەکان) و زەینەبیۆن (شیعە پاکستانییەکان) لە سووریا و نزیک بەرزایییەکانی جۆلان (هضبة الجولان) یان حووسییەکانی یەمەن و تەنانەت هێرشێکی جەماوەری لە کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە وەربگرێت، ئەوە دیسانەوە ئامانجی ئێران ناپێکێت و توانا و سیاسەتی بەرگریی ئێران لاوازتر دەکات. پێشووتریش ئیسرائیل ڕای گەیاندبوو کە لە حەوت بەرەوە بەرەنگاری هەڕەشە و مەترسییەکان دەبێتەوە و لەجەنگدایە. هەر ئەمەیش دەبێتە هۆکارەک بۆ لێدان لە حزبوڵڵا و، هەروەها هاتنەناوەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ بەرگری لە ئیسرائیل، کە ئێران خۆی بەدوور دەگرێت لە ڕوودانی. بەڵام بەشداریی کۆنترۆڵکراوی حزبوڵڵای لوبنان لەم جەنگەدا، سیناریۆ و ئەگەرێکی زۆر بەهێزە. لە حاڵەتەیشدا هەم ئێران ڕاستەوخۆ هێرشی نەکردووە و هەمیش ئیسرائیل ناتوانێت وەڵامی ئێران بداتەوە و ئەمریکاش لە جەنگەکەدا تێوە ناگلێت؛ بەڵام لاوازیی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە ئەگەری بەرفراوانبوونی جەنگەکە و تێوەگلانی ئێران بەپێی قەبارەی کاردانەوە و وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل و، هەروەها بەهۆی ئاستی و ڕێژەی تێچووە مرۆیییەکانی بەرز دەبێتەوە و بەم پێیەیش کۆنترۆڵکردن و پێشبینیکردنی لێکەوتەکانی زۆر ئەستەمە.

هەر بۆیە پاش هێرشەکەی 25ـی ئابی 2024، حیزبوڵڵای لوبنان کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تۆڵەکردنەوەی فوئاد شوکردا، زیاتر لە 320 مووشەکی کاتیوشایان ئاراستەی چەند ئامانجێکی ئیسرائیل کرد. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕای گەیاند؛ “بڕیارمان دا ئامانجەکان نابێت سڤیل بێت، نابێت ژێرخان بکرێتە ئامانج، دەبێ ئامانجەکان سەربازی بن لەناو ئامانجە سەربازییەکان و ئەو دامەزراوانە بکرێنە ئامانج کە پەیوەندییان بە شەهیدکردنی “فوئاد شوکر”ەوە هەبوو. ئامانجەکانیش هەواڵگریی سەربازی و هێزەکانی ئاسمانی بوون.” بۆیە حەسەن نەسروڵڵا ڕای گەیاند کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکەیانی بنکەی گیلیلۆت و یەکی 8200ـی هەواڵگری بوو، هەروەها وتی: “هێشتا وەڵامی ئێران و یەمەنیش ماوە.” بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاند “نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی لەژێر فەرماندەیی فەرماندەیی باکوور و دەستەی هەواڵگری و، هەزاران سەکۆی مووشەکهەڵدانی حیزبوڵڵای تیرۆرستیان تێک شکاند، کە لە باشووری لوبنان جێگیر کرابوون.” هەر ئەمەش وادەکات کە ئێران ترسی هەبێت لە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆدا، ئیسرائیل هێرشی پێشدەستانە بکات و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و مووشەکییەکانی ئێران و، ئەمەش بە تەواوی هاوکێشەکە دەگۆڕێت و ئێران دەخاتە دۆخی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.

چوارەم- هێرشی مووشەکی و درۆنیی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل:

 ئێران لە ڕابردوودا چەند جارێک ئەمەی تاقی کردۆتەوە، بۆ نموونە لە ٨-١-٢٠٢ و لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی بە ٢٢ مووشەکی بالیستیی فاتح ٣٣٠ و قیام، هێرشی کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کە ١١ مووشەکی گەیشتە بنکەکە. هەروەها چەندان جار هێرشی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و، دوایین جاریش ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام ترسی ئێران ئەوەیە کە ئەم هێرشە یان وەکوو جاری ڕابردوو بێت کە ٩٩% پووچەڵ کرایەوە، یاخود ئەگەر بەرفراوانتر بێت، ئەوە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و، بەم پێیەیش ئێران بکەوێتە ناو ئەو تەڵەیەی کە باسی لێوە دەکات.

پێنجەم- هێرشی هایبریدی (hybrid attack) و، هەروەها هێرشی ناڕاستەوخۆ:

 لەم سیناریۆیەدا ئێران لە ڕێگەی هێرشی سایبەریی بەرفراوان بۆ سەر میدیا و دامەزراوە هەستیارە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل و، هەروەها کردنەئامانجی بەرژەوەندی و بنکە دیپلۆماسییەکان و کەشتییە ئیسرائیلییەکان و، هەروەها بەئامانجگرتنی کەسایەتییە بازرگانی و سیاسییەکانی ئیسرائیلی لە وڵاتە جیاجیاکان، تۆڵە بکاتەوە. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە لە ڕابردوو لەلایەن ئێرانەوە لە وڵاتانی جۆراوجۆری وەکوو قوبرس، تورکیا، جۆرجیا، ئازەربایجان، بولگاریا، هندستان، تایلەندا و تەنانەت ئەرژەنتین و…،  ئەنجام دراوە و بەشێکیشیان لە وڵاتانی جۆراوجۆر ئاشکرا بوونە و ڕووبەڕووی شکست بوونەتەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە ئەو دەوڵەتانەی کە بەپیێ دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، ئێران ویستوویەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تێدا ئەنجام بدات، ناڕەزایەتیی توند دەرببڕن و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە تێچوویەکی زۆری بۆ ئێران هەبێت.

شەشەم- هێرشی سیمبۆلیک (symbolic attack):

 لەم سیناریۆیەدا ئێران هێرشێکی سنوردار و سیمبۆلیک دەکاتە سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەریشدا بەهۆی نەبوونی زیانی ماددی و مرۆیییەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا گەرەنتی دەدەنە ئێران کە هێرشی نەکرێتەوە سەر. ئێران لەم سیناریۆیەدا هەم وەڵامی کوشتنی هەنییە دەداتەوە و هەمیش ڕای گشتیی ناوخۆیی و پرۆکسییەکانی ڕازی دەکات، بەڵام کێشەی گەورەی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە ئەم هێرشە لاوازیی ئێران دەردەخات و تەنانەت پرۆکسییەکان و ڕای گشتیی توندڕەوەکانی ناوخۆیی، وەکوو پێویست قبووڵی ناکەن و لە هەموویشیان مەترسیدارتر بۆ ئێران ئەوەیە کە باڵادەستیی ئیسرائیل و سیاسەتی ڕێگریکردنی ئەو وڵاتە دەچەسپێنێت. جگە لەمانەیش، ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداو و  ئۆپەراسیۆنی لە شێوەیە ناگرێت و لە زیانی ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەکەدا دەکەوێتەوە. هەر بۆیە ئەگەر هێرشەکە بە شێوەیەک نەبێت کە توانا و ئیرادەی ئێران نیشان بدات، ئەوە زیانی لە ڕووی سەربازی و بەرگرییەوە بۆ ئێران زیاتر دەبێت. بۆیە ئێران بە دوای بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی بەرچاوی سەربازی و و سیاسی و ئابوورییەوەیە، کە نیشان بدات لە پاراستنی خاک و  بەرگریکردن لە سەروەری و، هەروەها پشتیوانی و پاڵپشتی لە پرۆکسییەکانی جددی و بەتوانایە. بەم پێیەیش، دەبێت ئەو ئامانجە لەناو خاکی ئیسرائیل گرنگیی هەبێت و قەبارەی هێرشەکە توانا و سووربوونی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە دەربخات.

[1] – ئیسرائیل بۆ لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران و فراوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکە لە دۆکترینی مابام (MABAM) یاخود ناسراو بە Campaign between the Wars کەڵکی وەرگرتووە و دۆکترینی ناسراو بە Dahiya Doctrine کە لە پاش جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان گرتییە بەر، لە دژی حەماس و لەوانەیە لە داهاتوودا لە دژی حزبوڵڵا بگرێتە بەر، هەروەها دۆکترینی هەشتپێ (Octopus Doctrine) بۆ ڕێگریکردن لە بەئەتۆمیبوونی ئێران گیراوەتە بەر، پێکەوە بەردەوام دەبن و بە ڕەواندنەوەی هەڕەشە نزیک و سنوورییەکان، خۆی بۆ ئاستێکی بەرزتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. سیاسەتی نەریتیی ئیسرائیل لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری بەم شێوەیە بووە کە هەڕەشەکان بەیەکجاری لەناو ناچن و هەر قۆناغێک ئامادەکارییە بۆ قۆناغێکی بەرزتری پێکدادان و بارگرژی. بەکورتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و پرۆکسییەکانی لە ڕێگەی ستراتیژیی کوشتن بە هەزار برینی چەقۆ (death by a thousand knife wounds) و، هەروەها ئەوەی بە جەنگی سێبەر (Shadow War) ناسراوە، تاوەکوو ئێستا شکستی خواردووە یان لە باشترین حاڵەتدا ئەنجامەکەی ڕوون نییە کە بتوانێت مەترسییەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل بڕەوێنێتەوە. هەر بۆیە باس لەوە دەکرێت کە ئیسرائیل لە پاش هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە، پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێی بەرگری و دۆكترینێکی جیاوازی سەربازی هەیە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیسرائیل هێرشە نهێنی و پێشدەستانەکانی لە ناوخۆی ئێران و دژی پرۆکسییەکانی چڕتر بکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتی تاوەکوو پرسی ئەتۆمی و مەترسیی پرۆکسییەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەوە ئەگەری پێکدادان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەناڕاستەوخۆ (جەنگی سێبەر) و تەنانەت ڕاستەوخۆ (وەکوو ئەم جارە) بەردەوام و لە ئارادایە.




ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ ئەمریکییەکان

ترامپ چل و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە 20/1/2017 – 20/1/2021، لە 14/6/1946 لەدایک بووە. کێشی (110 کلگم)ە. ساڵی 1964 ئەکادیمیاى سەربازیی تەواو کردووە. ساڵی 1967 بەکالۆریۆسی لە زانستەکانى ئابوورى لە کۆلێژى وارتۆن لە زانکۆى پێنسیلڤانیا بەدەست هێناوە. 3 جار هاوسەرگیریی کردووە؛ دووان لەوان مۆدێلیست بوون، ئەوى تریشیان ئەکتەر؛ لەو سییانە دووانیان خاوەنی ڕەگەزنامەى ئەوروپی بوون: چیک، سلۆڤینی. 5 منداڵی هەیە. نرخی کۆشکەکەى بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێ. لە سەرەتاى هەڵمەتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ڕای گەیاند کە خاوەنى نزیکەى 10 ملیار دۆلارە. ساڵانە نزیکەى 557 ملیۆن دۆلار قازانج دەچێتە سەر سەرمایەکەى. پیاوی کارە لە بوارى خانووبەرە و، بایەخیشی بە پیشەسازیی فڕۆکەوانى داوە. لەناودارترین باڵەخانەکانیشی، “ترامپی نێودەوڵەتی”یە کە لە 72 نهۆم پێک هاتووە و دەکەوێتە بەرامبەر بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان. فڕۆکە تایبەتییەکەى بەهاکەى 7 ملیۆن دۆلارە؛ هەندێ فڕۆکەى تریشی هەیە بەهاکەیان بە 35 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێ. ئەندامە لە لیستی فۆربس بۆ ملیاردێرەکان و ئەندامە لە سەندیکاى هونەرمەندانى شاشە. خاوەنى “ڕێکخراوى ترامپ”ە کە گرووپێک کۆمپانیاى ئەمریکیی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت؛ ساڵی 1923 لەلایەن باوکییەوە دروست کراوە، بارەگاکەیشی لەناوەندى گەڕەکى مانهاتنى بەناوبانگە لە شارى نیویۆرک. سەر بە “کەنیسەى ئینجیلی مەشیخی”یە و بە مەزهەب پرۆتستانتە، کە یەکێکە لەو ڕێچکانەى زۆر پابەندن بە ئینجیلەوە و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی لە كتێبی پیرۆزەوە وەردەگرن. ترامپ زیاتر لە خانووبەرە و پیشەسازیی فڕۆکەوانى و گازینۆکان و شوێنەکانى ڕابواردن لەناو ئەمریکا و دەرەوە وەبەرهێنان دەکات. زیاتر گرنگى بە باڵادەستى و قازانج و دەسەڵات و چۆن دەوڵەمەندبوون دەدات، هەر بۆیە لەو 15 كتێبەی کە هەیەتى، زیاتر لەو بارەوەن.

ترامپ بۆ ئەمریکییەکان و تەواوى دونیا، سەرۆکێکی تا بڵێی سەمەرە و ئاڵۆزە! ئەو بیزنسمانە؛ بە زەینییەتی مامەڵە و قازانج بیر دەکاتەوە: بەوەى چەندی دەست دەکەوێ. ئارەزووى خۆدەرخستنى لە شاشەکانەوە زۆرە. تا بڵێی ڕاشکاوانە دەدوێ. یەکەمین سەرۆکی ئەمریکایە کە خزمەتى سەربازیی نەکردبێ. هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسیی نییە تا ساڵی 2000. کەسێکی پۆپۆلیستە، کۆنسێرڤاتیستە، گۆشەگیرە و تاقەتى کۆبوونەوە و گفتوگۆى درێژخایەنى نییە و حەوسەڵەى زۆر کەمە؛ ئارەزوو دەکا بەس گوێی بۆ بگیرێ نەک بەپێچەوانەوە. نەتەوەپەرستێکی توندڕەوە. ڕەگەزپەرستە و زۆر کەیفی بە کارکردن لەگەڵ ئافرەت نایەت. تا بڵێی چاوچنۆک و بەتەماحە. دانایی لە کارەکانیدا لاوازە. وەلائى بۆ هیچ کەسێک نییە تا ڕازییان بکات و، زووش بڕیار دەدات و ئامۆژگارییش قبووڵ ناکات. زۆر هەستیارە و بە بچووکترین شت تووڕە دەبێ. زۆر بوێرە و، هەمیشە عەوداڵی شکۆدارى و کارى مەترسیدار و ورووژێنەرە و ڕەخنەیش قبووڵ ناکات و، شەرمن نییە و، ترسی لە ڕووبەڕووبوونەوە نییە و، بایەخ بە هەست و سۆزی بەرامبەرەکەى نادات و هەمیشە بە دیدێکی دوژمنانەوە مامەڵە لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا دەکات، یان هەر کەسێک کە لەگەڵیدا هاوڕا نەبێ. تەنیا بەرژوەندیی خۆى لا مەبەستە، هەر بۆیە لە سەرۆکایەتییش تەنیا بەرژەوەندیی ئەمریکاى دەویست و دروشمی “لە پێشدا ئەمریکا” کە بۆ دووەمین جارە لە دواى “فرانکلین ڕۆزڤێلت”، سی و دووەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەکار دێتەوە.

کەسایەتیى ترامپ لەلایەن پسپۆرانى ئەمریکییەوە كۆمەڵێك لێکۆڵینەوەى لەسەر کراوە، هەر بۆیە زۆرێک لە “زانایان و مێژوونووسان”ی ئەمریکی، ترامپ بە یەکێک لە خراپترین سەرۆکەکانى ئەمریکا ئەژمار دەكەن. كتێبی “حاڵەتى ترامپی ترسناک”یش کە لەلایەن گۆڤارى “نیویۆرک تایمز”ەوە ئامادە کرابووو، یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی ساڵی 2017؛ کە لە دووتوێیدا 27 ڕاپۆرت لەلایەن “پزیشک و پسپۆرانی دەروونی”یەوە ئامادە کرابوو و، تێیدا حاڵەتى دەروونیى ترامپ بە مەترسیدار دەبینن و پێیان وایە کاریگەریى نەرێنیى بۆ سەر ئەمریکاش لێ دەکەوێتەوە. هەر بۆیە بەهۆی ڕەفتارەكانییەوە بوو کە 37 تۆمەتى جیاجیاى بدەنە پاڵ، لەوانەیش: گلدانەوەى بەڵگەنامەى نهێنی بەبێ مۆڵەت، ئاستەنگنانەوە بۆ ڕەوشی دادپەروەرى، شاردنەوەى بەڵگەنامەکان، بڵاوکردنەوەى هەندێ نووسراوى ساختە لە بەردەم دامەزراوەکانى جێبەجێکردنى یاسا، گێچەڵی سێکسی، چەندان سەرپێچى و لادانى ئەخلاقی و ئابڕووبەرانە لە سەروبەندی پەیوەندییە لادەرەکانى لە دەرەوەى خێزان، تایبەت لەگەڵ ئەکتەرانى پۆرن.

ئەدى بۆچی سەربارى ئەوەیش هەر ڕکابەرێکی بەهێزە؟

سەربارى ئەو تۆمەت و هەڵسەنگاندنە نەرێنییانەى کە بۆ سەرۆک ترامپ کراوە و دەکرێ، بەڵام تا ئێستا لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا، کاندیدێکی بێڕکابەرە لەسەر ئاستى حزبى کۆمارى و، سەرسەختێکیشە لە بەردەم ڕکابەرەکەى لە حزبی دیموکرات و، بە ڕکابەرێکی بەهێز ماوەتەوە چونکە:

  • تواناى بەرجەستەکردن و دەربڕینی پەیامی کۆمارییەکانى هەیە بەڕاشکاوى و ڕوون.
  • هەر لە خولی یەکەمى سەرۆکایەتییەکەیەوە تواناى بەرجەستەکردنى پەیامی کۆنسێرڤاتیستە ڕاستڕەوەکانى هەبووە، هەر بۆیە لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە پشتیوانیى لێ دەکرێ و هەوڵی سەرکەوتنى بۆ دەدەن؛ چونکە ئەو باشترین کاندیدە بۆ جێبەجێکردنى ئەجێنداى کۆنسێرفاتیستە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان؛ کە ئەمە خاڵێکی زۆر میحوەرییە بۆ ناوەوەى ئەمریکا.
  • جەختکردنەوەى لەسەر ناوخۆى ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانى، پێش هەموو لایەنێک.
  • لە سیاسەت و ستراتیژییەتەکانیدا پشتیوانیی تەواوى ئیسرائیل دەکات؛ بەمەیش سەرمایەدار و زۆرینەى میدیاى ئەمریکی دۆستیەتى.
  • بۆ دەرەوەى ئەمریکا تەنیا بایەخ بە مانەوەى ئەمریکا دەدات بە بەهێزی و دەستکەوتنى قازانجى زیاتر؛ هەر بۆیە زۆر بەکەمى جەخت لە دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ دەکاتەوە.

کۆنسێرڤاتیستە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و پڕۆژەى 2025

پرۆژەیەکى کرداریی هەڵسەنگێنراوى زۆر وردە و، لەلایەن 100 ڕێکخراوی ڕاستڕەوی كۆنسێرڤاتیستی لەڕاددەبەدەر توندڕەوی ئەمریکییەوە ئامادە کراوە، کە بە چاودێری و سەرپەرشتیی ڕێکخراوى کەلەپوور  (The Heritage Foundation)ئامادە کراوە. پوختەى پرۆژەکە ئەوەیە کە: سەرۆک ترامپ لە ماوەى سەرۆکایەتیى پێشوویدا نەیتوانی ئەمریکا بەرەو گۆڕانکاریى پێشبینیکراوى ڕێکخراوەکە ئاراستە بكات. بە ڕاى ئەوان: دەبووایە ترامپ زیاتر کۆنسێرڤاتیست و توندڕەو بووایە. بە لاى ئەوانەوە هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى پلانێکی ڕوون و نەبوونى کەسانی تایبەت و بە ژمارە تەواو کە وەلائیان بۆ جێبەجێکردنى پلانەکە هەبێ.

پرۆژەکە جەخت لەسەر چارەسەرى چوار کەموکورتى دەکاتەوە، ئەویش لەنێو چوار فاکتەرى سەرەکییەوە:

  • بوونى ئەجێندایەکی سیاسیی ڕۆشنى تەواو کە دەبێ وەک پلان پەیڕەویی لێ بکرێ.
  • بوونى کارمەند و کاربەدەست کە وەلائى تەواویان بۆ جێبەجێکردنى پلانەکە هەبێت.
  • بوونى ئەکادیمیایەکى تایبەت بۆ ڕاهێنان لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى، تا ئەو کارمەندانە سەرخستنى جێبەجێکردنى پلانەکە مسۆگەر بکەن.
  • بوونى كتێبێک کە تێیدا بەتێروتەسەلی ئاماژە بە ئەجێنداى تایبەت و تەواو دیاریکراو بدات کە دەبێ لە ماوەى 180 ڕۆژی سەرەتاى دەستبەکاربوونى ترامپ جێبەجێ بکرێن.

ئەو پرۆژە کۆنسێرڤاتیستە توندڕەوە، لە دادبینیی دادگەکانەوە لەلایەن دادوەرە ڕاستڕەوە کۆنسێرڤاتیستەکانەوە دەپارێزرێ، ئەویش لەلایەن دامەزراوەى کۆمەڵگەى فیدراڵییەوە (Federalist Society) سەرپەرشتی دەکرێ، کە زیاتر لە 100 هەزار پارێزەر و یاساییی تێدا ئەندامە؛ لە گەورەترین دەستکەوتەکانیشی ئەوەیە کە پێنج لە دادوەرانى دادگەى باڵاى وڵات (The Supreme Court)  لاى ئەوەوە دەرچوون: بریت کاڤانۆ، نیل گۆرساچ، ئیمی کۆنی باریت، کلارنس تۆماس، ساموێل ئالیتۆ. لەو دادوەرانە، سییانی یەکەم لەلایەن ترامپەوە کاتێک لە سەرۆکایەتیی وڵات بوو، دانراون.

ئەوەى کە جێی بایەخ و تێبینییە، ئەو پرۆژەیە زۆر گرنگی بە گۆڕانکاری لە بونیادی دەوڵەت و دامەزراوەکانى بەگشتی دەدات؛ ئەو گۆڕانکارییانەیش ڕەنگدانەوەى مەترسیدارى دەبێ لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەى ئەمریکا بەگشتى و لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بەتایبەتى. ئەو بیرۆکە و پلانانەیش لە كتێبێکى قەبارە گەورە لە دووتوێی 922 لاپەڕەدا بە ناونیشانی دەسەڵاتدان بە سەرکردایەتى: بەڵێنی کۆنسێرڤاتیستەکان (Mandate for Leadership: The Conservative Promise) باس و تۆمار کراون.

بەو پێیە بێت، ترامپ کارەکتەرێکی بەهێزی جێبەجێکردنى ئەجێنداى کۆنسێرڤاتیستەکانە و چاوەڕوانى قۆناغێکی توند و ئاشوب لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و چەندان گۆڕانکاریى بونیادی لە کۆمەڵگەى ئەمریکی دەکرێ. “جۆ بایدن”یش هەستى بەو مەترسییە کردووە و لە لێدوانێکیدا پێش زیاتر لە دە ڕۆژ لەمەوبەر سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى مانگى نۆڤەمبەرى ئەمساڵ، ڕای گەیاند: چاوەڕوان دەکرێ ئەگەر ترامپ بدۆڕێ، بەرەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ نەکات، ئەوەیش کۆمەڵگەى ئەمریکی و ئەزموونى دیموکراسی و هەژموونى بەسەر دونیاوە، تەواو دەخاتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە. هەر بۆیە گەڕانەوەى ترامپ ئەوەندەى کە لە بەرژەوەندیى کۆنسێرڤاتیستەکانى ئەمریکایە، هێندە لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نییە.

بنەماکانى پەیامی ترامپ: “یەکەمجار ئەمریکا” ئەوەیە: پاراستنى ئەمریکا لە هەموو مەترسییەک لە ئێستا و ئاییندە، پەرەدان بە خۆشگوزەرانیى ئەمریکا و لەپێشەنگدا هێشتنەوەى، پاراستنى ئاشتى لە هەناوی هێزەوە، پەرەدان بە کاریگەرى و هەژموونى ئەمریکا بەسەر دونیاوە. بەڵام خولی سەرۆکایەتییەکەى پێشوووى بەوە دەناسرایەوە: بێسەروبەرى و لاوازیى ڕێکخستن، جەمبوونى دەسەڵاتەکان لە خۆیدا و گوێنەگرتن بۆ هیچ کام لە ئەندامانى ستافەکەى (هەر بۆیە چەندان وەزیر لە سەردەمی ئەودا بەهۆى جیاوازیى بۆچوونەوە ناچارى وازهێنان کران لە کارەکانیان لەلایەن سەرۆکەوە)، دانانى چەندان کەسی نەشیاو لە شوێنی هەستیار، دانانى کەسانى میلیتار لە چەند پۆستێک لە حکوومەتەکەى، شپرزەیی و پەرتەوازەیی لە پرۆسەی دروستکردنى بڕیاردا، کە پێشتر ئەمریکا ئەو حاڵەى بەخۆیەوە نەبینیوە، کەمترین بایەخدان بە دیموکراسییەت و مافەکانى مرۆڤ، هەڵکشانی ڕەوتى کۆنسێرڤاتیست لەناو حکوومەت و کۆمەڵگەى ئەمریکی، ئەوپەڕی لایەنگیری بۆ بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل، کشانەوە لە دانوستانى بازرگانی بۆ شەراکەتى مەوداى زەریا، کشانەوە لە ڕێکكەوتننامەى پاریس سەبارەت بە گۆڕانکاریى ژینگە، کشانەوە لە ڕێکكەوتننامەى ناوکى لەگەڵ ئێران و هتد.

ترامپ باوەڕی بە بەکارهێنانى هێزی ڕەق (Hard power) هەیە؛ زۆر باوەڕی بە بەدەستهێنانى هێزی زبر یان ڕەق بۆ ئەمریکا هەیە و، بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا، چونکە لە زەینييەتى سیاسيی ئەودا ئەو جۆرە لە هێز، ئەمریکا بەرەو بەدەستهێنانى هێزی ڕەها دەبا؛ بەو هێزە ڕەهایەیش سەرکەوتنى ڕەها و تەواو بەدەست دێت. باوەڕی وایە سیاسەتى نێودەوڵەتى، ململانێیە لە پێناو بەدەستهێنانى هێزى زیاتر و هیچی دیکە نا؛ ئەمریکاش لەو ڕووەوە پێویستیی بە دونیا نییە، بەڵکوو هەموو دونیا پێویستیى بە ئەو هەیە. هەر بۆیە لە ماوەى سەرۆکایەتییەکەى، خەرجیی بەرگریى وڵاتەکەى بە ڕێژەى 10% زیاد کرد، بەڵام لە بەرامبەردا بوودجەى تەرخانکراو بۆ دیپلۆماسییەت و پەرەپێدانی، بە زیاتر لە 30% کەم کردەوە. لەو ڕوانگەیەوەیش پێداچوونەوەى بە دوو دەیەى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکادا کردەوە و تەنیا جەختى لەسەر ڕکابەریى نێودەوڵەتى دەکردەوە و تەنیا بەرژەوەندیى ئەمریکا جێی بایەخە و هیچی تر نا.

لەو باکگراوندە سیاسییەوە بۆمان دەردەکەوێ کە سەرۆک ترامپ هیچ بیرۆکەیەکی بۆ دەستێوەردانی مرۆیی نییە، مەگەر کارێک بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە؛ واتە بەرژەوەندیى لە سەروو پەیامی لیبرالییەت و دیموکراسییەتەوە دادەنا. لەوێیشەوە تەنیا پشتى بە ڕا و کارى کەسیی خۆی هەبوو و هەیە؛ ئارەزووى لە هیچ کارێکی بەکۆمەڵ نەبوو و نییە یو هیچ کۆمەکییەکی ئەوتۆشی بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دابین نەکرد.

کەواتە تەنیا بۆچوونى نەتەوەییی “یەکەمجار ئەمریکا”، لە پێشەنگی کار و ئەجێنداکانیەتى. لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوەیش گرنگى بە سیاسەتى مامەڵە دەدات و پشت بە تواناى کەسێتیی خۆى دەبەستێ نەک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ مەبەستی مامەڵەیەکی خێرایە و، هەروەها ئەوەی كە چەند قازانجی دەست دەکەوێ، نەک بونیادنانى پەیوەندییەکى درێژخایەن. هەر بۆیە تا بڵێی پۆپۆلیستە و تەنیا جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا دەکاتەوە لە ناوەوە. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى ئەمریکا لە سەردەمى ئەودا بەرەو داکشان چوون.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زەینییەتى سیاسیی ترامپدا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی پڕبایەخ و ستراتیژییە بۆ دەوڵەتانى ڕۆژاوا، تایبەت بۆ ئەمریکا. ئەو ناوچەیە 5 دەریا و 6 کەنداو و 7 دوورگەى تێدایە و، 56.5% یەدەگى نەوتى خاو لە جیهاندا تەنیا لە دەوڵەتانى عەرەبیدایە؛ هەر بۆیە بە کلیلی ستراتیژى و جیۆپۆلیتیکی دونیا ئەژمار دەکرێ. ئامانجەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جەم بوون لە: بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانى وزە، بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى چەکی کۆمەڵکوژ، پاراستنى ئاسایش و هەژموونى ئیسرائیل، گەمارۆدانى ئەو هێزانەى کە دژن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، بڵاوکردنەوەى بیر و کەلتوور و بەهاى ئەمریکی. بەڵام تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە ئەو ناوچەیە کۆ بکاتەوە و بیکاتە کوتلەیەکى یەکگرتوو و شوێنکەوتوو بۆ ستراتیژییەتى خۆى. لەوەیش خراپتر، لە سەردەمى ترامپ دووچارى لێکترازانى زیاتر و ئاشوب هات، چونکە تێڕوانینی ترامپ لە سێ ئامانجی سەرەکیدا خۆی دەبینییەوە: نابێ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببێتە مۆڵگەیەکی هێور بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ڕێنەدان بە هەژموونى ئەو هێزانەى کە دژى ئەمریکان لە ناوچەکە، بەتایبەت ئێران و ڕووسیا و چین، کارکردن لەسەر سەقامگیریی بازاڕی وزەى جیهانى.

بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە ئەمریکا زۆرترین کۆمەکی بە دەوڵەتانى ناوچەکە داوە، بەتایبەت ئەوانەى کە ڕێکكەوتننامەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؛ بۆ نموونە لە ساڵی 2021 زیاتر لە 15.6 ملیار دۆلار کۆمەکی ئەمریکایە بۆ جیهان؛ لەو بڕە، 6.5 ملیار دۆلارى بۆ دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، واتە 41.6%؛ لە کۆى ئەو 6.5 ملیارە، بڕی 6 ملیارى بۆ تەنیا 3 دەوڵەتە (ئیسرائیل 3.3، میسر 1.4، ئوردن 1.3).

کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دواى هاتنەوەى ترامپ بەرەو سەقامگیری دەچێ یان ئاشوب؟ وەڵامەکە ڕوونە، کە بەرەو ئاشوبە. کەواتە گەڕانەوەى ترامپ بۆ ناوچەکە چی دەگەیەنێ؟ زیاتر گوشارخستنە سەر فەڵەستینییەکان بۆ ئاشتى لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکاش وەک نێوانگیر (نێوبژیكار) ڕۆڵ بگێڕێ، بەردەوامبوونى جەنگ لە دژى داعش، نەگەڕانەوە بۆ ڕێکكەوتننامەى چەکی ناوکى لەگەڵ ئێران و زیاتر گوشارخستنەسەرى، هەڵکشانى توندوتیژى و ڕەوتى دیکتاتۆرییەت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، برەودان بە دووبەرەکى و ململانێ لە ناوچەکە، بەتایبەت لە نێوان سعوودیا و ئێران. هەر بۆیە لە 45%ی چەکی فرۆشراوی ئەمریکا لە جیهاندا بۆ دەوڵەتانى ناوچەکە بووە، چونکە ئەمریکا هیچ پرۆژەیەکی نییە بۆ بونیادنانەوەى دەوڵەتانى ناوچەکە لەسەر بنەماى دیموکراسییەت و فەرمانڕەواییی دروست. هەر بۆیە شەپۆلی پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و داکشانی دیموکراسییەت ئەگەرێکی بەهێزە؛ سەرهەڵدانەوەى شەپۆلێکی ترى جەنگ لە یەمەن و، زیاتر گوشارخستنە سەر ئێران، هەوڵدان بۆ دابڕینی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئێران و گورزوەشاندنى زیاتر لە ڕەوتە وەلائییەکانى سەر بە ئێران لە عێراق، برەوى زیاترى دەبێ.

کەواتە هیچ جۆرە چاکسازی و پرۆژەیەکی ئاسایشی هەرێمی و دیموکراسی لە ئارادا نییە و، تەواوى هەوڵەکانى چاکسازییش بێئاکام مانەوە؛ بۆ نموونە تەنیا لە 12/12/2002 – 30/6/2004 نزیکەى 13 پرۆژەى دەستپێشخەرى بۆ ڕیفۆرم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خرانە ڕوو، بەڵام هەموویان بێئەنجام بوون؛ هەموویان کۆک بوون لەسەر: پەرەدان بە دیموکراسییەت و فەرمانڕەواییی دروست، بونیادنانى کۆمەڵگەیەکی مەعریفی، فراوانکردنى دەرفەتە ئابوورییەکان. کەواتە ئەوەى کە بیست ساڵە کارى لەسەر دەکرا، لە سەردەمى فەرمانڕەواییی ترامپ بێهوودە کرا.

دەوڵەتانى کەنداو

گەڕانەوەى ترامپ لە بەرژەوەندیى زۆربەى دەوڵەتانى کەنداوە، وەک: سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن، ئوردن، عوممان، وڵاتانى ترى عەرەبییش وەک میسر و سوودان و مەغریب سوودمەند دەبن؛ تەنانەت ترامپ بە سیسی، سەرۆکی میسری دەوت: دیکتاتۆرە دڵخوازەکەم! نیویۆرک تایمز ئەوەى ئاشکرا کرد کە ترامپ لە سەرەتاى مانگى چوارى 2024 پەیوەندیی بە شازادەى جێنشینی سعوودیاوە کردووە و باسیان لە پەیوەندییەکانیان کردووە لە داهاتوودا؛ پێشتریش هەر لە سعوودیا ترامپ بەشداریى لە لووتکەى عەرەبی-ئیسلامی-ئەمریکی کرد کە سعوودیا بۆ ئەمریکاى ڕێک خستبوو و توانیى 55 سەرکردەى جیهانی ئیسلامی و عەرەبی کۆ بكاتەوە. بۆ نموونە گەڕانەوەى ترامپ بۆ سەرۆکایەتى، ئەوە دەگەیەنێ بۆ سعوودیا: تەواوکردنى ئەو ڕێکكەوتنەى کردوویانە کە بڕەکەى زیاترە لە 460 ملیار دۆلار (لەو بڕە پارەیە زیاتر لە 110 ملیارى بۆ کڕینی چەکە لە ئەمریکا)، پشتیوانیکردنى سعوودیا دژ بە ئێران و حووسییەکانى یەمەن.

بەڵام پرسیارە هەستیارەکە ئەوەیە: ئایا لە دواى گەڕانەوەى ترامپ، کام دژوارى بۆ دەوڵەتانى کەنداو دێـتە ئاراوە؟

  • هەڵکشانى ململانێی ئێران و دەوڵەتانى کەنداو.
  • برەودان بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندیی ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەنجومەنى هاریکاریى کەنداو شەشن: ئیمارات، سعوودیا، عوممان، قەتەر، کوێت، بەحرێن؛ لەو دەوڵەتانە تەنیا سعوودیا و کوێت پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە.
  • دەبێ ئەو دەوڵەتانە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیاندا بکەنەوە لەگەڵ چین و ڕووسیا. بۆ نموونە لە کۆتاییی ساڵی 2023، قەبارەى بازرگانیى نێوان چین و دەوڵەتانى عەرەبی، 431 ملیار دۆلار بوو؛ لەو ژمارەیە ڕێژەى 76.7%ی ئەو بازرگانییە لەگەڵ دەوڵەتانى هاوپەیمانانى ئەمریکا و ئیسرائیل بووە؛ بۆ نموونە تەنیا 384 ملیارى لەگەڵ سعوودیا، ئیمارات، عێراق، عوممان، کوێت، قەتەر و، میسر بووە.
  • هەڵکشانی زیاترى هاوکێشەى ململانێ لە نێوان ئەمریکا و چین و ڕووسیا لە کەنداو.
  • بەدەرکەوتنى فرەچەشنى لە هاوپەیمانێتییە سیاسی و ئاسایشییەکان لە ناوچەکە.
  • لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا؛ بەپێچەوانەوە دەوڵەتەکە مامەڵەى دوژمنى ئەمریکاى دەرهەق دەکرێ.

کەواتە گەڕانەوەى ترامپ هەندێ دژوارى بۆ دەوڵەتانى کەنداو دەنێتەوە، بەڵام هاتنەوەى مەترسیدار نییە لەسەریان، چونکە بەرژەوەندى و مانەوەى سیستەمە سیاسییەکان پارێزراوە.

ئێران

گەرچی لە سەرنجدان لە تەواوى هاوکێشەى ململانێی ناوچەکە، دەرکەوتووە ئەوەندەى کە ئێران هاوتەریب و هەماهەنگە لەگەڵ دەوڵەتانى ڕۆژاوا، ئەوەندە هاوپەیمانى ڕووسیا و چین نییە، بەڵام پەیوەندییە توندوتۆڵەکانى لەگەڵ ڕووسیا و چین، وەک کارتى گوشار وان بۆ سەر دەوڵەتانى ڕۆژاوا، تا لە ئاکامدا لەگەڵیدا ڕێک بکەون و قەرەبووى زیانەکانى گەمارۆکانى بۆ بکەنەوە.  بەڵام ململانێکان لەگەڵ ئێران دەگەڕێنەوە هەمان دۆخی جارانی سەردەمى ترامپی یەکەم، چونکە ئەوکات حکوومەتى ترامپ ئێرانی وەک دەوڵەتێک لە میحوەرى جەنگ ئەژمار کردبوو و وەک بەربەست و دوژمن وا بوو لە بەردەم بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. لە بەڵگەنامەى ستراتیژییەتى ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا بۆ ساڵی 2017ی حکوومەتەکەى ترامپ، 17 جار ناوى ئێرانى تێدا هاتبوو، وەک: پەرەپێدەرى چەکی ناوکی، پشتیوانی و داڵدەدانى تیرۆر، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

کەواتە: ئایا ئێران لە بەرامبەردا چی دەکات؟ لە ڕووداوەکانى ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندییە خراپەکانى ئەمریکا و ئێران، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە: ئێران تا بۆى بکرێ، خۆى لە خزانەناو جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەپارێزێ؛ تەنیا نمایشێک لە بەردەم ڕای گشتى بەسە کە گوایە دژ بەو دوو وڵاتەیە؛ کەمتر پەنا بۆ هەراسانکردنى ئیسرائیل دەبات. بەڵام لە ڕێگەى میلیشیا وەلائییەکانى سەر بە خۆى، هەوڵی گوشار بۆ سەر ئەمریکا دەدات، بەڵام کەمتر لە جاران. هەرچیشی بۆ بکرێ، هەوڵی وەستاندنی پەلامارى ئیسرائیل دژ بە حزبوڵڵا دەدات. خاڵە بەهێزەکانى ئێران لە دەرەوە زۆرترن وەک لە ناوخۆ، چونکە ئێران خاڵی بەهێزی لە ناوخۆدا زۆر کەم و لاواز بوونە. بەرەوپێشچوونەکانى ئێران بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ ئەمریکا، لە سەردەمی دیموکراتەکان زۆرتر بووە وەک لە کۆمارییەکان.

عێراق

پێگەى عێراق لە ستراتیژییەتى ئەمریکادا زۆر گرنگە؛ ئەوان بە یەکێک لە کلیلەکانى هەژموونى دەزانن بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام بوون، بەڵام کەم سات هەبووە بەردەوام بووبن لە سەقامگیری؛ هەڵبەزودابەزیان کردووە. ئەو گرنگییەیش زیاتر لە ساڵانی 2001 – 2015 زۆر بووە، بەڵام دواتر کەم بۆتەوە؛ بۆ نموونە بە سەرنجدان لە ناو و گرنگیی عێراق لە بەڵگەنامەى ستراتیژییەتى ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ساڵی 2001 – 2021 کە دەکاتە بیست ساڵ، 112 جاران ناوى عێراق هاتووە و باس کراوە: سەردەمی بۆشى کوڕ 57 جار، ئۆباما 48 جار، ترامپ تەنیا 7 جار. هەر بۆیە لە سەردەمی ترامپ ئەوەندە بەبایەخەوە مامەڵە لەگەڵ عێراق نەکراوە. لەو 7 جارە، 6 جاریان لە بابەتى تیرۆر هاتووە، تەنیا یەک جار ناوی عێراق لەمەڕ پتەوکردنى پەیوەندیی هاوبەش هاتووە لەگەڵ عێراق. هەر لە ماوەى ئەو 20 ساڵەدا بۆش و ئۆباما و ترامپ بە 7 سەردان هاتوونەتە عێراق: 5 فەرمین ( بۆش 4 جار، ئۆباما 1)، 2 سەردانیشیان لەلایەن ترامپەوە بووە، کە هەردوو جارەکە نافەرمی بوون و تەنیا بۆ بەسەرکردنەوەى هێزەکانیان بووە لە عێراق.

هەر بۆیە ترامپ لە ماوەى سەرۆکایەتیى خۆى 4 ئامانجى لە عێراق هەبوو:

  • عێراق بەرەیەکی جەنگى ناوەندییە بۆ قەڵاچۆکردنى تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. کەواتە بەکارهێنانى هێز لە هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق، ئەگەرێک و بژاردەیەکی بەهێز و چاوەڕوانکراوە.
  • پتەوکردنى پەیوەندییە هاوبەشە دوورمەوداکان لەگەڵ عێراق؛ ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەمریکا نیازی چۆڵکردنى عێراقی نییە.
  • سنوردانان بۆ هەژموونى ئیران لە عێراق بە هەر هۆکارێک بووبێت؛ کەواتە بۆ ئەو بابەتە هۆکارەکانى گوشار و بەکارهێنانى هێز چاوەڕوانکراوە دژ بە هەر گرووپێک کە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە.
  • بەرەنگاربوونەوەى هەژموونى چین و ڕووسیا بەسەر عێراقەوە؛ لەمەدا گوشارەکان زۆرتر دەبن و، پێویستە عێراق چاو بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ چین بخشێنێتەوە.

کەواتە ئەگەرەکانى هەڵکشانى هاوکێشەکان لە ساتى گەڕانەوەى ترامپ لە عێراق، بەرەو گرژى و بەکارهێنانى هێزی پتر دەبن.

ئیسرائیل

گەڕانەوەى ترامپ لە بەرژەوەندیى سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل “ناتانیاهۆ”یە. ئەو وا وەسفی ترامپ دەکات بەوەى گەورەترین دۆستى ئیسرائیلە لە کۆشکی سپی. بە گەڕانەوەى، هاوکێشەى غەززە بەرەو ئاقارێکی ترسناک دەچێ و هیچ نەرمییەک بەرامبەر فەڵەستینییەکان نانوێنێ؛ بۆ نموونە کاتێک دەسەڵاتى فەڵەستینی “مامەڵەى سەدە”ى ڕەت کردەوە، لە واشنتۆن دەری کرد؛ هەر ئەو بوو کونسوڵخانەى لە تەلئەبیبەوە گواستەوە قودس؛ لە سەردەمی ئەو بوو چوار دەوڵەتى عەرەبی (ئیمارات، بەحرێن، مەغریب، سوودان) بڕیارى بەستنى پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دا. کەواتە ئێستا ئیسرائیل بەئاشکرا پەیوەندیی لەگەڵ 7 دەوڵەتى عەرەبی هەیە، بە میسر و ئوردنیشەوە، ئەویش دواى 8 جەنگ و ململانێ. هەمیشە سەرۆکەکانى ئەمریکا بەبایەخەوە ڕوانیویانەتە ئیسرائیل؛ بۆ نموونە لە ماوەى 50 ساڵی پێشوو ( 1974 – 2024 )، 14 جار سەرۆکەکانى ئەمریکا سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە وەک پشتیوانیدەربڕین (نیکسۆن 1، کارتەر1، بیل کلینتن 4، بۆشی کوڕ 2، ئۆباما 2، ترامپ 1، بایدن 3).

کەواتە چی دەبێ؟

  • پاراستنى بەرژوەندییەکانى ئیسرائیل و برەوپێدانی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
  • وەستانەوە و بەرگریى سەرسەختانە لە ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل.
  • پاراستن و پتەوکردنى هەژموونى ئیسرائیل بەسەر دەوڵەتانى ناوچەکەوە لە هەموو ڕوویەکەوە.
  • یەکلاکردنەوەى هاوکێشەى فەڵەستین لە بەرژەوەندیى ئیسرائیل، ئەگەر بە گوشار بووبێ؛ بۆ نموونە لە مامەڵەى سەدەدا کە پێشنیارێکی ترامپ بوو بۆ دروستکردنى دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان، گەرچی لەلایەن دەسەڵاتى فەڵەستینی و حەماسەوە ڕەت کرایەوە، بەڵام لەلایەن میسر و سعوودیا و ئوردنەوە کاردانەوەى ئەرێنییانەى دەرهەق کرا.
  • گوشارکردن بۆ بەستنى پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتانى ترى عەرەبی، ئەویش بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستى نافەرمی بۆ ئاستى فەرمی لەسەر ئاستى حکوومەتەکان؛ بەمەیش مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتى جوولەکە لە ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش لەگەڵیدا پتەوتر دەبن.

هەرێمی کوردستان

لە ڕوانگەى ئەو دیفاکتۆیەى کە باسمان کرد، دەتوانین ئەوەى کە پەیوەستە بە هەرێمى کوردستانەوە، وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتى، بڵێین:

  • دەبێ هەرێمی کوردستان لەوە حاڵی ببێ کە مامەڵە لەگەڵ کەسێکی پۆپۆلیستیدا دەکات. لەو بارەیەوە دوو هۆکار سەرەداوى بابەتەکەن: تەنیا بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا ڕەچاو دەکرێن؛ ئەمریکا لە ڕووی ئابوورى و ئاسایشەوە چەندی دەست دەکەوێ. لەو بارەیەوە گرنگیدان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کارێکی دروستە.
  • خزاندنى هەرێمی کوردستان بەهۆى هاوکێشە دژوارەکانەوە بۆ ناو ململانێکان، ئەگەرێکی هەستیارە. دەبێ هەرێم داناییی خۆى بەکار بێنێ. هەرێم تەنیا دەبێ لە هاوکێشەى دژ بە تیرۆر چالاک بێت کە لە بەرژوەندیی هەرێمە و جێی مەترسیی دەوڵەتانى ناوچەکە نییە.
  • دەبێ هەرێمى کوردستان لە هەوڵی ئەوەدا بێت لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئەوە بە ئەمریکا بسەلمێنێ کە هەندێ لە بەرژەوەندییەکانى لە هەرێمی کوردستانن. هەر بۆیە نابێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا ڕوو لە ساردبوونەوە بکەن.
  • ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە ڕووی سیاسی و ئابوورى و ئاسایشەوە سەرلەنوێ ئەکتیڤ دەبنەوە؛ سەرلەنوێ ناساندنەوەى هەرێم بە ئەمریکا کارێکی پێویستە؛ دەنا پێوەرى دیموکراسی و مافی مرۆڤ هێندە لاى ترامپ بەبایەخ نییە.
  • هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم؛ چونکە ترامپ زۆر جەخت لەسەر سەقامگیریی بازاڕى وزە دەکاتەوە و گوشاریش دەکات بۆ دابەزاندنى نرخی نەوت.
  • پتەوکردن و گردبوونەوە و یەکڕیزى و یەکهەڵوێستیى نیشتمانى، کارێکی پێویستى قۆناغەکەیە.
  • بەردەوامبوون لە پرۆسەى چاکسازی لەسەر ئاستى دیموکراسی و دامەزراوەیییەوە کارێکی ئەرێنییە.
  • سەقامگیریی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، هاوتەریبە لەگەڵ سەقامگیریی پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ ئێران.
  • هەوڵدان بۆ بەئاکامگەیاندنى پرۆسەى هەڵبژاردن بە باشترین و سەرکەوتووترین شێوە؛ چونکە هەرێم لەوێوە دەتوانێ سەرلەنوێ: ڕەوایەتیى دەمەزەرد بکاتەوە، پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ خۆى بەفەرمی بهێڵێتەوە، مانەوەى هەرێمی کوردستان وەک واقعێکی دەستوورى و پێویستیى نەتەوەیی بسەلمێنێتەوە.
  • ترامپ زۆر ئارەزووى مامەڵە لەگەڵ کەسەکاندا دەکات نەک دامەزراوەکان. ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم سەرلەنوێ دەبێ بەبایەخەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ، چونکە دواى هەڵبژاردنیش پرسی پێکهێنانى حکوومەت لەبەر ململانێ و ناکۆکیی لایەنەکان کاتى زۆرترى لە جاران دەوێ، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.
  • بارودۆخى ناوچەکە و عێراق بەرەو هەڵکشان دەچێ؛ دەبێ هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە هۆشیار بێت و، پێگەى خۆى لەبەرچاو بێت.
  • هێشتنەوى پەیوەندییەکانى بەپتەوى لەگەڵ دەوڵەتانى کەنداو و ئوردن و تورکیا؛ کە هەموویان لە خولگەى سیاسیی ئەمریکا دەسووڕێنەوە.
  • ترامپ کەسێکی میزاجییە و تواناى دانیشتنى فەرمیی کەمە؛ هەر بۆیە هەرێم لە ساتی پەیوەندی لەگەڵیدا دەبێ دەرفەتى گونجاو بێنێ و زەمینەسازی بۆ بکات، بەو مانایەى دەبێ کۆدەکانى میزاجدروستیى ترامپ بدۆزێتەوە و لە دەرفەتی گونجاودا هەلەکان بقۆزێتەوە. بۆ نموونە کاتێک بازرگانێک دەبێتە سیاسەتمەدار یان سەرۆکی وڵات، دەبێ بە دواى چیدا بگەڕێت، یان بییەوێت چی دەست بکەوێت؟



سیاسەتی یاساییی چوارچێوەی شیعی لە هەمواری “باری كەسی”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێك

 پاش ساڵانێكی زۆر لە مشتومڕ و دوو هەوڵی دیكەی سەرنەكەوتوو لە پاش 2003، پەرلەمانی عێراق، لەژێر گوشاری “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی”دا، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری یاسای باری كەسیی عێراق (188ی 1959) تێ پەڕاند؛ بەم پێیەیش پڕۆژەكە لەسەر نەخشەی خوێندنەوەی دووەم و پاشان دەنگدان و تێپەڕاندنە. ئەم پێشهاتە و نێوەڕۆكی هەموارەكە، هەروەها لێكەوتە نێوخۆیی و دەرەكییەكانیشی لەسەر ئاستی جیاجیا جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕن و لە نێوەندی زنجیرە یاسایەكدا دێن كە وردە وردە گۆڕانكاری لە شوناسی دەوڵەت و كۆمەڵگەدا دەكات. ئەم شرۆڤەیە تیشك دەخاتە سەر لایەنەكانی ئەو هەموارە.  

باری كەسیی 188 و مێژوویەك لە هەموار و ناڕەزایی

یاسای باری كەسیی ژمارە 188، لە سەردەمی كۆماری یەكەمی پاش قۆناغی پاشایەتی لە عێراق دەرچووە. بنەڕەتی ئەم یاسایەیش بەرهەمی كاری لیژنەیەكی تایبەتمەندی وەزارەتی دادی عێراق بووە و لە شوباتی 1959 دەستبەكار بوون. ئامانجی لیژنەكەیش دانانی یاسایەكی باری كەسی بووە لە بوارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و ڕێكخستنی خێزان، لەسەر بنەمای پابەندی بە حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامی؛ لەمەیشدا ئەوانەیان وەرگرتووە كە ڕێككەوتنیان لەسەرە بەبێ پابەندبوون  بە هیچ ئایینزایەكی شەرعزانیی دیاریكراوی شیعی و سوننی. لیژنەكەیش لە كۆتایییەكانی هەمان ساڵ كارەكانی تەواو كردووە و یاساكەی گەڵاڵە كردووە، بەڵام لە نێوان ساڵانی 1963_ 1999دا لە عێراق 17 جار ئەم یاسایە هەموار كراوەتەوە و دەستكاری كراوە بەپێی پێشهاتە جۆربەجۆرەكان[1]. لە هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە لە یاسای 15ی  2008دا هەموار كراوەتەوە؛ ئەم هەموارەیش جیاوازە لەوانەی عێراق[2].

بەپێی نوسخەكانی یاساكە سەرجەم هەموارەكانی ناوەند بۆ یاسای 188ی 1959 لە چوارچێوەی ئایینزاكانی “جەعفەری” و “حەنەفی”دا بوون كە یەكەمیان ڕێباوەڕی مامەڵەی زۆرینەی پەیڕەوانی شیعەیە، دووەمیش هی سوننەكانی بەغدا. بەڵام ئێستا شیعەكان یاساكە و هەموارەكانیان بەدڵ نییە و پێیان وایە ئەم یاسایە بەرهەمی سەردەمی باڵادەستیی شیوعییەكانە لە حوكمڕانیی عێراقدا؛ بەو پێیەی لە كۆماری یەكەمدا گەڵاڵە كراوە[3].

لە كاتی دەرچوونی یاسای باری كەسیدا (1959) مەرجەعی باڵای شیعە ئایەتوڵڵا “موحسین ئەلحەكیم” (مردووە: 1970) ڕەخنە و ناڕەزاییی زۆری لە یاساكە هەبووە و پێی وا بووە كە هەندێك لە ماددەكانی لەگەڵ شەریعەتدا ناجۆرن. هەر بەم هۆیەیشەوە لەگەڵ زانا ناسراوەكانی دیكەی شیعە لە نەجەف ناڕەزایینامەیان گەیاندۆتە “عەبدولكەریم قاسم” كە سەرۆكوەزیران بووە، بەفەرمییش داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكەیان كردووە[4]؛ بەڵام دیارە پێداگرییەكەیان سەری نەگرتووە.

لە پاش 2003 و باڵادەستبوونی هێزە شیعەكانیش دوو جار هەوڵ دراوە یاساكە هەموار بكرێت، بەڵام بەئاكام نەگەیشتووە؛ یەكەمیان لەسەردەستی عەبدولعەزیز حەكیم لە سەردەمی ئەنجومەنی فۆمانڕەواییی (2004)، دووەمیش لە ویلایەتی دووەمی مالیكی (2013) لەسەر دەستی حزبی فەزیلەی ئیسلامی كە وەزارەتی دادی بەدەست بووە و پڕۆژەكەی لە ئەنجومەنی وەزیرانیش تێ پەڕاندووە[5].  ئێستایش كە چوارچێوەی شیعی سوورن لەسەر هەمواری گشتیی ئەو یاسایە، وەها لێك دراوەتەوە كە جۆرێكە لە تۆڵەكردنەوە لەو یاسایەی كە بەنابەدڵیی ئەوان زیاتر لە شەش دەیەیە بەركارە.

لایەنگرانی یاساكە پێیان وایە ڕاستە یاساكە هی سەردەمی عەبدولكەریم قاسمە، بەڵام كەڵەكەبوونی ئەزموون و كەلتووری شەرعزانیی چەند وڵاتێكی ترە و دەربڕی سیمای مۆدێرنانەی دەوڵەتە لە ڕێگەی بەمەرجەعكردنی دادگە و دامەزراوەكانی لە ڕێكخستنی باری كەسی لە بری شەرعزان و سەرۆكهۆز و سەرۆكخێزان. بەڵام كۆمەڵێكی زۆر لە شەرعزانەكانی شیعە ئەمەیان بە زیادەڕۆییكردن لەسەر دەسەڵاتی ئەوان لێك داوەتەوە لە ڕێكخستنی باری خێزاندا[6]؛ بەو پێیەی خێزان بەردی بناغەی كۆمەڵە. بە درێژاییی ئەو شەش دەیەیشی یاسای 188 بەركار بووە، سیستەمی دادوەریی عێراق دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم كردووە و چەندان بڕیاری بەناوبانگی لە دادبینییەكانیدا داوە كە بوونە پێشینە. بە شێوەیەكی گشتییش لەم ڕێگەیەوە شوناسی هاووڵاتیبوون بەسەر ئینتیمای ئایینزاییی جیاجیادا زاڵ كراوە و ڕێگە لە دابەشكردنی یاساییی عێراقییەكان لە دادگەكاندا گیراوە.

نێوەڕۆكی هەمواری باری كەسی

بەپێی ئەو پڕۆژەیەی كە لە پەرلەمان لە 4ی ئابی 2024دا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بەردەستە[7]، گرنگترین بڕگەکانی هەموارکردنەوە نوێیەكانی پڕۆژەیاساكەی باری کەسی بریتین لە:

– سەرپشككردنی تاکی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی ئەحكامی یاسای باری كەسیی خۆی و خێزانەكەی بەپێی بیروباوەڕ و ئایینزاكەی (شیعە و سوننە)؛ لەگەڵ ئەمەیشدا هاوسەرەكان بۆیان هەیە ئەوە نەكەن و بە بڕگەكانی یاسای باری كەسیی 188ی 1959 پەیوەست بن، كە مۆركی ئایینزاییی پێوە دیار نییە و دادگەكان دەكاتە مەرجەعی یەكلاییكردنەوەی بابەتەكانی باری كەسی (هاوسەرگیری، جیابوونەوە، نەفەقە، بەخێوكردنی منداڵ و هتد).

– بڕگەكانی جێبەجێكردنی شەریعەت لە هەمواری نوێدا، بە دوو پاكێجە ئەحكام ڕێك دەخرێنەوە: یەکێکیان بۆ فیقهی جەعفەریی شیعی و، ئەوی دیکەیان بۆ فیقهی ئایینزای سوننی. ئەم پاكێجانەیش لەلایەن ئەنجومەنە زانستییەكانی شەرعزانیی دیوانەکانی ئەوقافی شیعە و سوننە بەهەماهەنگی لەگەڵ  ئەنجومەنی دەوڵەت ڕێك دەخرێت. لە حاڵەتی هەبوونی ناكۆكییشدا ڕای شەرعزانە ناسراوەكان بەهەند وەردەگیرێت. بۆ پەیڕەوانی شیعەیش، ڕای ئەو مەرجەعەی زۆرترین شوێنكەوتەی هەیە بە یەكلاكەرەوە دانراوە. ماوەی كۆتاییی ئامادەكردنی ئەم دوو پاكێجەیش شەش مانگ پاش دەچوونی هەموارەكەیە.  

– دادگەكان پابەند دەكرێن بە پشتڕاستكردنەوەی گرێبەستەكانی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگە كە لای شەرعزانەكان ڕێك دەخرێت و ئیمزای مامۆستا ئایینییەكانی لەسەرە؛ هەر كەس بەپێی ئایینزای تایبەتی خۆی (شیعە و سوننە).

– پێگەیشتن (باڵغبوون) كراوەتە بنەما بۆ هاوسەرگیریی كوڕ و كچ بەبێ دیاریكردنی ساڵی تەمەن؛ ئەمەیش جێگەی مشتومڕە و دواتر دێینە سەری.

– بەبنەماكردنی ئایینزای كوڕ یان پیاو لە باری كەسی لە كاتی سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان ژن و پیاو لەبارەی ژیانی هاوسەرگیری. ئەگەر لە خێزانێكیشدا ناكۆكی هەبوو لەبارەی ئەو ئایینزایەی پەیڕەویی لێ دەكەن، “پەنا دەبردرێتە بەر شەریعەت” بەبێ ڕوونكردنەوەی زیاتر.

دۆخی هەمواركردنی یاسای باری كەسی

پێداگریی لایەنە شیعەكان لەسەر هەمواری یاسای باری كەسی لەم خولەی ئێستای پەرلەمان لە كاتێكدایە كە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە جومگە گرنگەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و سیستەمی دادوەرییشیان لەدەستدایە. بەر لەم پڕۆژەهەموارەیش، زۆرینەی شیعە هەر لەمساڵدا لەناو پەرلەمان، سەرباری ناڕەزایەتیی زۆر، یاسای بەفەرمیناساندنی “ڕۆژی غەدیر”یان وەك جەژنی نیشتمانی لە عێراق بە زۆینەی دەنگ تێ پەڕاند[8]؛ پاریش (2023) لە یاسای شارەوانیدا جێگەیان بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی مەی و ماددە كحولییەكان كردەوە[9]. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە قۆناغێكی نوێی بەئایینیكردنی شوناسی دەوڵەتی عێراق بە شێوازی شیعی دەستی پێ كردووە؛ بەو پێیەی گۆڕانكارییە یاسایییەكان زیاتر گوزارشت لە داكەوتەی باڵادەستیی چوارچێوەی شیعی دەكەن و، تانوپۆی پڕۆژەكانیش هەڵقووڵاو و دەرهاوێشتەی عەقڵی شەرعزانی و پێداویستییە ئایینزایییەكانی شیعەیە.

 ئەوانەیشی پڕۆژەی هەموارەكەی یاسای باری كەسییان لە پەرلەماندا دابەش كردووە، بە پێنووسێكی سووری سۆفت لەسەریان نووسیوە “لەسەر ڕاسپاردەی مەرجەعییەتە”[10]؛ بەبێ ئەوەی بزانرێت كێ ئەوەی نووسیوە و مەبەستیشیان لە مەرجەعییەت چییە! تا ئێستایش “مەرجەعییەتی سیستانی” بەفەرمی لە ئاستی ئەم مشتومڕە و هەموارەیاساكە بێدەنگیی هەڵبژاردووە. ئەمەیش میكانیزمێكی باوی پەیڕەوكراوە لەلایەن مەرجەعییەتی نەجەفەوە لە كاتی تەنگژەكان. بەڵام ئەگەر لەسەر بێدەنگییەكەی بەردەوام بێت، ئەوە لایەنگرانی هەموارەكە، دەیقۆزنەوە و لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەبێت، مەگەر بەئاشكرا ڕەتی بكاتەوە؛ ئەوكات بەپێی ئەزموونەكانی ڕابردوو هەموارەكە پەكی دەكەوێت چونكە فەتوا و ڕێنمایییەكانی سیستانی وەك دەستوور و یاسای نەنووسراو وەهان.

ڕەخنەی ناڕازییەكان

ناڕەزایی لە هەمواری یاسای باری كەسی، دەنگدانەوەی زۆری هەیە و گەیشتووەتە میدیا جیهانییەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش. بە شێوەیەكی گشتی ئەوانەی ناڕازین و خۆپیشاندان و گردبوونەوەیشیان لە نەجەف ڕێك خستووە، چەند ڕەخنەیەكیان هەیە كە دەشێت سەرجەمیان بەم جۆرە كورت بكرێتەوە:

– تۆخكردنەوەی تائیفەگەری و مەزهەبگەرایی لە عێراق لە ڕێگەی دیاریكردنی شوناسی ژن و مێرد لە تۆماری مارەبڕین، لە كاتێكدا هیچ بەڵگەنامەیەكی فەرمیی عێراق ئێستا ئەوەی تێدا نییە. هەروەها هەموارەكە دەرگەی لێكترازانی زیاتر دەكاتەوە و بەفەرمی و یاسایی كۆمەڵگەی عێراقی بەسەر چەند ئایینزایەكدا پۆلێن دەكات كە شیعە و سوننە و لە دەرەوەی ئەوانیش پێكهاتە ئایینییەكانی ترن.

– پێشێلكردنی مافی ژن و، لێدان لە دەستكەوتەكانی لە ڕێگەی باڵادەستكردنی پیاوان و بەهەندوەرگرتنی خواست و بەرژەوەندییەكانیان لە هەموارەكەدا، بۆ نموونە دەكرێت هەموارەكە بقۆزرێتەوە بۆ ئایینزاگۆڕینی پیاوان لە كاتی جیابوونەوەدا لە پێناو كەڵكوەرگرتن لە نزمی و كەمیی بڕی مارەیی و قەرزی مارەیی لە فیقهی شیعیدا. هەروەها گرنگی بە ئایینزای پیاو دراوە لە هاوسەرگیری و، ئەو مافەیش لە ژن زەوت كراوە كە ئایینزای هەڵبژێردراو بە خواستی ئەو بێت.

– دەرگەكردنەوە بۆ مارەی كاتی و بچڕبچڕ (المتعة) لە دەرگەی بەپێوەركردنی فیقهی شیعییەوە بۆ ڕێكخستنی باری كەسی. لەم هاوسەرگیرییەیشدا مافی ژنان دەكەوێتە بەر مەترسیی پێشێلكاری و، ژیانێكی جێگیری كۆمەڵایەتی بەرقەرار ناكات.

– دەرگەكردنەوە بۆ مارەكردنی كچانی خوار 14 ساڵ و بگرە 9 ساڵانیش؛ چونكە لە دانراوە فیقهییەكانی شیعیدا (سیستانی بەتایبەت) ڕێگە بە مارەكردنی كچی تەمەن 9 ساڵ دراوە (بڕوانە: المسائل المنتخبة، ص 262). ئەمەیش عێراق دەگێڕێتەوە بۆ وێناكردنی خراپی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و، مەترسییەكانی توندوتیژیی جەستەیی و سێكسی لەسەر منداڵان زیاتر دەكات و لێكەوتەی دەروونی و بێبەشبوون لە خوێندنی هەیە، بەتایبەت كە هاوسەرگیریی منداڵان لە عێراق خۆی لە بنەڕەتدا لە هەڵكشاندایە .[11] لەم نێوەیشدا “ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان” داوا له‌ په‌رله‌مانتاران ده‌كات ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌كه‌ن عێراق ڕێككه‌وتننامه‌ی مافی منداڵانی په‌سه‌ند كردووه‌. ده‌شڵێت: “پێشنیاره‌كان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌ی مافی منداڵانه‌‌”[12].

– دروستكردنی مەرجەعییەتی یاساییی سێبەری ئایینزاكانی شیعە و سوننە (ئەنجومەنەكانی شەرعزانیی ئەوقاف) لە پەنا دادگەكاندا.

– هەموارەكە دابڕینی خەڵكە لە دەوڵەت و دژی ئاوێتەبوونی خەڵك و دەوڵەتە (لە سیستەمە نوێ و هاوچەرخەكاندا دەوڵەت نوێنەرایەتیی سەرجەم هاووڵاتیان دەكات). دەزگە مەزهەبی و بەرتەسكەكانیش كە لە یاساكەدا كراونەتە مەرجەع، تەنیا دامەزراوەی باوەڕدارەكانن[13].

– زۆر لە شەرعزانەكانی شیعەی عێراق “بەڕەچەڵەك ئێرانین و دەشێت لە سروشت و پێكهاتەی عێراق تێ نەگەن، كەچی لە هەموارەكەدا كراونەتە سەرچاوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی باری كەسی”[14].

– كێشەی زۆر لە دەرەوە بۆ عێراق دروست دەكات و دەیكاتە جێگەی ڕەخنەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان. ئەمەیش لێكەوتەی خراپی لەسەر دۆخی ئابووری و پۆلێنی عێراق دەبێت.

– دیاریكردنی ئەو مەرجەعەی كە “شوێنكەوتەی زۆرتر”ی هەیە كە لە هەموارەكەدا بۆ یەكلاییكردنەوە ئاماژەی پێ كراوە، كێشەی دیاریكردنی دروست دەكات و میكانیزمێك نییە بۆ دەستنیشانكردنی. ئەمەیش قەیرانێكی لابەلای لێ دەكەوێتەوە.

– سەرباری هەبوونی پاڵپشتی لە دەستوور بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەیەك یاسای باری كەسیی خۆی هەبێت (ماددەی 41)، بەڵام زۆر ماددەی دیكە هەن پێچەوانەی ئەمانەیش؛ لەوانەیش ماددەی 14 كە جەخت لە یەكسانی لە بەردەم یاسا و قەدەغەكردنی جیاكاری دەكاتەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ڕەچەڵەك، ڕەنگ، ئایین،  ئایینزا، بۆچوون و دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی[15].

– هەموارەكە دیوانەكانی وەقفی شیعی و سوننی ڕادەسپێرێت كە پاش شەش مانگ لە هەموارەكە یاسا و ڕێنماییی خۆیان ئامادە بكەن. ئەمەیش بە مانای ئەوە دێت كە یاسایەك دەردەچێت بەبێ زانینی نێوەڕۆكەكەی لە كاتی دەرچوونیدا.

– ئەم پەرلەمانەی ئێستا، نوێنەرایەتیی كەمترین خەڵكی عێراق دەكات بەراورد بە خولەكانی پێشوو، بەهۆی بایكۆتی دەنگدان و كشانەوەی “سەدرییەكان”ەوە. بەم پێیەیش مافی تێپەڕاندنی ئەو هەموارەی نییە. 

– فەتوا مەزهەبییەكان دژیەكیی زۆریان لەگەڵ بڕگە یاسایییەكان هەیە لە بابەتەكانی فرەژنی، هاوسەرگیریی كاتی، بەخێوكردنی منداڵ لە پاش جیابوونەوە؛ هەروەها دەشێت لە هەموارەكەدا بە جۆرێك بن پێچەوانەی خواست و پێداگریی بەرگریكارانی ژن بن.

– بۆچوونێكی دەروونناسی هەیە باس لەوە دەكات هەموارەكە ڕێسا و بەندوباوە كۆنە خراپەكان زیندوو دەكاتەوە كە ئارەزووی مارەكردنی كچانی منداڵە لەنێو كەلتووری عەرەبیدا، بەتایبەت لە گوندەكان. پەند و ئیدیۆم و گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانیش هاندەری ئەمەن بەبێ گوێدانە پێكەوەگونجانی دەروونی و ڕۆحیی ژن و پیاو.[16]

– ڕاپۆرتە بەردەستەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە زۆربەی كێشە خێزانییەكان لەنێو مارەبڕاوە هەرزەکارەکان و، ئەم هەموارە كە پاساوەكەی كەمكردنەوەی جیابوونەوەیە، كێشەكە ئاڵۆزتر دەكات. ! [17]

پاساوی بەرگریكاران

بەرامبەر ناڕەزاییی چالاك و ڕێكخراوە مەدەنییە سیكۆلارەكان، یاساناس و پەرلەمانتاران و ناوەندە ئایینییەكانی شیعەیش كەمپینێكیان هەیە بۆ بەرگریكردن لە هەموارەكە و، دەشێت بەم جۆرە ئاماژە بە نێوەڕۆكی سەرنجەكانیان بكرێت:

– ڕێکخستنەوەی بابەتی باری کەسی لە کۆمەڵگەکاندا پێویستییە؛ عێراقیش پێویستیی بە یاسایەکە خێزان بەیەكەوە ببەستێتەوە نەک یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی. ئەو یاسای باری کەسییەی کە ئێستا کاری پێ دەکرێت، هەڵقووڵاوی ژینگەی عێراقی نییە و پێویستیی بە گۆڕانكارییە[18]. ئەم بۆچوونە پێی وایە گۆڕانكاری شتێكی سروشتییە و، نابێت بە نامۆ و خراپ تەماشا بكرێت.

– هەموارەكە هەندێك لایەنی باشی تێدایە، لەوانەیش: “بەخشینی نەفەقەی شایستە بە ژنان؛ ژن مافی ئەوەی هەیە وەک بریكاری هاوسەرەکەی مامەڵە بکات بۆ ئەوەی هەر کاتێک بیەوێت خۆی لە هاوسەرەكەی جیا بكاتەوە؛ هەروەها مافی ئەوەی پێ دەدات کە بە شێوەیەکی یاسایی خۆی بپارێزێت بە تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەی لە بری ئەوەی لە دەرەوەی دادگە و بەبێ ماف بمێنێتەوە”[19].

– بەهۆی ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان (چوارچێوەی شیعی) نوێەرایەتیی زۆرینەی دەنگدەران دەكات، مافی خۆیەتی سیاسەتی یاساییی خۆی پەیڕەو بكات و، ئەمەیش پێچەوانەی دیموكراسییەت نییە.

– لە هۆكاری دەرچوواندنی هەموارەكەشدا ئاماژە بەوە كراوە نابێت هیچ یاسایەك دەرچێت لە عێراق كە پێچەوانەی شەریعەت بێت[20]، وەك ئاماژەیەك بۆ نەگونجانی یاسای 188 لەگەڵ شەریعەت.

– هەموارەكە لەگەڵ دەستووری هەمیشەییی 2005دا دەگونجێت و جێبەجێكردنی دەقاودەقی بڕگەکانی ماددەی ٤١ی دەستوورەكەیە کە تێیدا هاتووە: عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسیی خۆیانەوە، بەپێی ئایین، مەزهەب، بیروباوەڕ، یان هەڵبژاردنەکانیان و، ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت[21].

– نوێنەرە شیعەكان باس لەوەیش دەكەن كە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کەمینەکان مافی هەڵبژاردنی بڕگەکانی باری کەسیی خۆیانیان پێ دراوە، كەچی لە عێراق زۆرینە ناچارن ملکەچی حوکمڕانی و بۆچوونی کەمینە بن و ئەوان دەیانەوێت ئەمە ڕاست بكەنەوە[22].

– هەندێك لە پەرلەمانتارە ناسراوەكانیان پێیان وایە هەموارەكە گەرەنتیی پاراستنی خێزانی عێراقی و ماف و پێگەی ژن دەكات بەپێی ڕێنمایییەكانی ئیسلام. ئەو ڕێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنییش كە دژایەتیی یاساكە دەكەن “بوقی بەكرێگیراون و پارە لەو وڵاتانە وەردەگرن كە پشتیوانی لە ڕیزپەڕیی سێكسی دەكەن”[23].

– یەكێك لە پیاوە ئایینییە دەركەوتووەكانی شیعە (سەید ڕەشید ئەلحوسێنی) لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا جەخت لەوە دەكاتەوە هەموارەكە دروستە؛ ئەوانەیش كە دژی هەموارەكەن بە “فاسد” تۆمەتبار دەكات؛ هەڕەشەی ئەوەیش لە لایەنە شیعەكان دەكات ئەگەر لەوە زیاتر گوێ بۆ گوشارەكان بگرن، ئەوە ئەمان هەڵوێستی تریان دەبێت و، دەڵێت “ئارامیمان سنووری هەیە” و جەخت لەوە دەكاتەوە خەڵكی “بێدین” نابێت ڕێگە بۆ دیندارەكان دابنێن، چی باشە و چی خراپە بۆیان[24].

لێكەوتەی یاساكە لەسەر هەرێمی كوردستان

یاسای باری كەسیی عێراق لە كوردستانیشدا بەركارە؛ هێندە هەیە لە ساڵی 2008  لە هەرێمیشدا هەموار كراوەتەوە. ئەمەیش ئەگەری ئەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت كە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە لە بەغدا ببێتە هۆی لەقبوونی كاركردن بە یاساكە لە كوردستاندا. بەڵام بەپێی بڕیاری ژمارە 11ی 31/ 8/ 1992ی پەرلەمانی كوردستان، یاساكانی حكوومەتی ناوەندیی عێراق ڕاستەوخۆ لە هەرێمی كوردستاندا بەركار نابن، بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا ناگونجێن؛ بۆ بەركاربوونی یاساكانی ناوەندیش دەركردنی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆیان كراوەتە مەرج[25]. بەپێی ئەم بڕیارەیش، دەشێت دەسەڵاتە جێبەجێكارەكانی هەرێمی كوردستان نەچنە ژێرباری هەمواری یاسا فیدراڵییەكە، ئەگەر هات و بۆچوونیان وەها بوو كە شایستە و شیاو نییە. بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەن یاسای تایبەتی خۆی نییە بۆ باری كەسی و كار بە یاسای فیدراڵیی 188ی 1959 و هەموارە لۆكاڵییەكەی دەكات، دەشێت بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵوێستی زۆر بەهێز نەبێت لە بەرگریكردن لە یاسا بنەڕەتییەكە ئەگەر هات و لە بەغدا هەڵوەشێنرایەوە یان هەموار كرا.

بە شێوەیەكی گشتییش ئەم مشتومڕەیشی كە ئێستا لەسەر یاسای باری كەسی هەیە لە عێراق، ئەوەی ئاشكرا كرد، هەرێمی كوردستان پێویستیی بە یاسایەكی باری كەسیی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەمەیش خولی شەشەمی داهاتووی پەرلەمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئەركی دەركردنی ئەو یاسایە، بەتایبەت ئەگەر هات و یاسا بنەڕەتییەكە لە عێراق گۆڕانكاریی تێدا كرا.

كۆبەند

هەمواری یاسای باری كەسی لە عێراق دەچێتە خانەی سیاسەتی یاساییی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە ئامانج لێی زاڵكردنی مۆركی ئایینی و مەزهەبیی شیعییە بەسەر كایەكانی ژیان لە عێراقدا بە كەڵكوەرگرتن لە باڵادەستیی تەواوەتی لەم خولەی پەرلەماندا. هەموارەكە جێگەی مشتومڕ و ناكۆكیی زۆرە و هەندێك لێكەوتەی نەرێنییشی لەسەر عێراق هەیە. بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستانیش پەیڕەوی لە یاسا بەئامانجگیراوەكە دەكات، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموارەكە دەبێتەوە ئەگەر تێ پەڕێنرا. سەرباری ئەوەیشی كە دەرچەی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی هەرێم كار بە یاساكە نەكات، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە هەرێم پێویستی بە یاسایەكی تایبەتی باری كەسی هەیە لەگەڵ ژینگە و داكەوتەی ژیانی خەڵكەكەیدا تەبا بێت و، ئەمەیش دەبێت لە پەرلەمانی ئاییندەدا ببێتە ئەولەوییەت.

[1]  https://bit.ly/4dKrK4S

[2]  https://bit.ly/3M3QOYK

[3]  https://bit.ly/3M46j2Y

[4]  https://bit.ly/3AjAq3T

[5]  https://bit.ly/46RwZO3

[6]  https://bit.ly/3X1oAnR

[7]  https://bit.ly/4djXCxD  ؛

https://bit.ly/46Juw8d

[8]  https://bit.ly/4clShV7

[9]  https://bit.ly/4fEdo7X

[10]  https://bit.ly/3M3ttXh

[11]  https://bit.ly/46OmomX

[12]  https://bit.ly/3yv9PAu

[13]  https://bit.ly/3X1oAnR

[14]  https://bit.ly/4dIKlOH

[15]  https://bit.ly/4djlnWF

[16]  https://bit.ly/4dkTEVv

[17]  https://bit.ly/4dkTEVv

[18]  https://bit.ly/4dzRFwe

[19]  https://bit.ly/4dzRFwe

[20]  https://bit.ly/3yESHrS

[21]  https://bit.ly/3SLGBnI

[22]  https://bit.ly/4djXCxD

[23]  https://bit.ly/3yzh5eB

[24]  https://bit.ly/3WJPijv

[25]  https://bit.ly/4dJlpHa




ئەگەری گەڕانەوەی ترامپ  بۆ کۆشکی سپی و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

لە کاتێکدا هێشتا دیار نییە کە ئایا دۆناڵد ترامپ دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ شانسی وەرگرتنی سەرۆکی ئەمریکای دەبێت یان نا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئایا ترامپ بەتەواوی سیاسەت و ڕەفتارەکانی پێشووی دووبارە دەکاتەوە ئەگەر دیسان هاتەوە بۆ کۆشکی سپی؟ بۆ ئەمە، دەکرێت ڕەفتار و و لێدوانەکانی ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢١، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بەتایبەتیش عێراق، ئێران، سووریا و فەڵەستین- ڕێگەیەک بێت کە بتوانین هێڵە گشتییەکانی سیاسەتەکەی بخوێنینەوە.     

هەڵبەتە، ئەگەر ترامپ ببێتە چل و حەوتەمین سەرۆك، وەک بەشێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژەی پێ دەدەن، ئەوا پێ دەچێت بە ستایلی تایبەتی خۆی وڵات و سیاسەتی دەرەوە بەڕێوە ببات؛ ڕوانگەیەک کە بریتییە لە بیرکردنەوەی بازرگانییانە، بە پێوەری “قازانج و زەرەر-profit and loss” نەک بوونی ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی یان قوتابخانەیەکی سیاسەتی دەرەوە. ترامپ لە ڕاستیدا هیچ نموونە و میراتێکی سیاسیی ڕاستەقینەی نییە، بەڵکوو لە چاویلکەی ڕێککەوتنەکانەوە (deal-making) سەیری پرسە جیهانییەکان دەکات.[1]

لەم سۆنگەیەوە پێشبینی دەکرێت کە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق، ئێران، سووریا و فەڵەستین هەبێت، کە پرسی کورد و هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی پڕوشکی ئەو دیدگەیەی ترامپی بەردەکەوێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتە و لێکەوتەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان دیاری بکەین.

تێگەیشتن لە ڕوانگە و جیهانبینی سیاسیی دۆناڵد ترامپ

بۆ تێگەیشتن لە جیهانبینیی ترامپ، دەبێت ڕەچاوەی دوو تایبەتمەندیی سەرەکی بکەین:

یەکەم/  ڕێبازی واقعیی هێرشبەری – offensive realism: ترامپ لە ڕەفتاری پەیوەندییەکانی دەرەوەدا دەچێتە خانەی ڕێبازی “ڕیالیزمی هێرشبەر”. ڕیالیزمی هێرشبەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی هەر دەوڵەتێک ئەوەیە کە زۆرترین دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆی، ئینجا ماددی بێت یان مەعنەوی، زیاتر بکات. واتا ئەمە بۆ هێزێکی گەورەی وەک ئەمریکا، دەبێت هێرشبردن بێت نەک بەرگری. ئەم تیۆرییە باوەڕی وایە کە جەوهەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە کێبڕکێ و ململانێدایە[2]. بەپێی ئەم بۆچوونه، دەسەڵات به توانای ڕاستەوخۆی دەوڵەت دیاری دەکرێت، نەک بە پشتبەستن بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا. ئەم ستراتیژییە هێرشبەرییە پێشوەختەیە، هەوڵ دەدات بەردەوام و بەسەربەخۆیی تواناکانی دەوڵەتێک(state’s capabilities)  زیاتر بکات، بەتایبەتیش ئەگەر دەوڵەتەکە زلهێزێک بێت (Great power) بەبێ پشتبەستن بە سیاسەتی هاوسەنگی نێودەوڵەتی[3].

دووەم/ ڕێبازی مامەڵەیی (Transactional approach) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: ترامپ لە چاویلکەی “مامەڵە”ەوە سەیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە ڕەنگدانەوەی پێشینەی خۆیەتی وەک بازرگانێک[4]. ئەو هاوشێوەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەک سەیری حوکمڕانی و دەوڵەتداری دەکات و، بە پێوەری “قازانج و زەرەر” شتەکان دەبینی؛ بەتایبەت زیاتر بە دوای دەسکەوتی ماددیی کورتخایەندا دەگەڕێت نەک بەهاکانی تری وەک بەهای جیهانی و ئینسانی و ئایدیۆلۆژی و پرەنسیپی مرۆیی و هتد. ئەم ڕوانگەیەی ترامپ ئامانجی ئەوەیە زۆرترین قازانج بە کەمترین تێچوو بەدەست بهێنێت ئەگەر لەسەر حسابی کۆمەڵیک بەها و بەرژەوەندیی هاوبەشیش بێت.

لەسەر ئەم بنەمایە ترامپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڵەستینییەکان کەم کردەوە، یارمەتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبیی دا، لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و لە بری ئەوە سزاکانی سەپاند، لە ڕێکكەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا (Parisclimate accord) كشایەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەنداو، بەتایبەتی سعوودیا لە پێشینەی کارەکانیدا بوو. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش لە ڕووی شوێنپێی سەربازیی ئەمریکاوە، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تاڵیبان کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هەروەها  ویستی لە سووریاش بکشێتەوە؛ لە هەمان کاتدا هەوڵی دا ڕێگر بێت لە بەردەم ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی[5].

ڕوانگەی ترامپ لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەگەر سەیری پڕۆژەی ٢٠٢٥ (project 2025) بکەین کە لەلایەن کۆنسێرڤەتیڤەکان و بەشێک لە کۆمارییەکانەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا داڕێژراوە، کە چەندان دەزگە و ناوەندی توێژینەوە لە ئەمریکا بەشدارییان تێدا کردووە، بە ئەگەری زۆر دەبێتە ستراتیژیی ترامپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان. لەم پرۆژەیە دەتوانین ڕوانگەی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونتر ببینین. کریس میلەر کە بەشێکی زۆری ستراتیژیی بەرگریی بۆ “پرۆژەی ٢٠٢٥” نوسیووە و لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک دوا وەزیری بەرگریی ترامپ کاری کردووە، پێشنیاری کردووە کە وڵاتانی کەنداو، بە تاک و بە کۆمەڵ، “هاوکاری ئەمریکا بن لە دابینکردنی بەرگریی وشکانی و ئاوی و ئاسمانی و مووشەکیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.” ئەمەیش هاوکار دەبێت کە ئەمریکا بەشی پێویست هێزی لە ئاسیادا جێگیر بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین و، بە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرقاڵ نەبێت. میللەر دەڵێت واشنتۆن پێویستە ئامێری پێشکەوتووتر بە هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی بفرۆشێت بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانیان؛ ئەمەیش سوودی بۆ کەرتی پیشەسازی و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش دەبێت.

بە لەبەرچاوگرتنی پرۆژەی ٢٠٢٥ کۆماریخوازە پارێزگارەکان و بەشێک لەوانەی کە پێشتر و لە ئاییندەیش بەشێک دەبن لە ئیدارەی ترامپ، وەک مایک پۆمپیۆ و تیلەرسۆن و میلەر و…، ترامپ هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی کارکردنی درێژخایەنی لەگەڵ بازنەکانی دەسەڵات لە وڵاتانی کەنداو هەبێت. سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خولی دووەمی ئیدارەی ترامپدا، پێ دەچێت جەخت لەسەر چەند تایبەتمەندییەک بکاتەوە:

  • ئیدارەی ترامپ دەسەڵاتی سەربازی و “هێزی ڕەق” دەخاتە پێش “هێزی نەرم” و لە نزیکەوە کار لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیییەکان دەکات. ئەم هاوبەشانە لە کەنداودا ئیمارات و سعوودیا دەبن؛ ئەمریکا گەرەنتیی ئەمنییان دەکات، لە بەرامبەردا ئەوانیش هاوکاریی ئەمریکا دەکەن لە پرسەکانی وەک گرووپە ئیسلامییەکان و دژایەتیی ئێران. بەڵام ئیدارەی ترامپ خوازیارە هاوبەشە ناوچەیییەکان تێچووی ئاسایش لە ئەستۆ بگرن – وەک هاوبەشەکانی ناتۆ لە ئەوروپا – لەگەڵ ڕێبازی “ئەمریکا یەکەم”دا یەک دەگرێتەوە کە سەرۆک ترامپ پاڵپشتیی دەکات؛ هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا ڕەنگە سنووردارکردنی مافی مرۆڤ لەسەر فرۆشتنی چەک بە بەحرێنیش هەڵبگرێت[6].
  • پێ دەچێت گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران زیاتر بێت و ئەگەری هەیە ترامپ سزاکانی سەر ئێران چڕتر بکاتەوە؛ دەشێت پاڵپشتیی ئێران لە ڕێکخراوە دژەئیسرائیلییەکان و دابینکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ ڕووسیا لە کاتی جەنگی ئۆکرانیا وەک هۆکار بهێنێتەوە. هەروەها ڕەنگە ترامپ گوشار بخاتە سەر وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەی خۆیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران بەدوور بگرن. عێراق بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێران و ڕۆڵی بەشێک لە کوتلە عێراقییەکان لە دژی ئیسرائیل، دەکەوێتە بەر گوشاری ئەمریکا.
  • ترامپ ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی مافەکانی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی. ئەم پرسانە هاوئاهەنگیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزتر دەکەن، بەتایبەت کە ئێران خۆی وەک لایەنگری مافەکانی فەڵەستین دەناسێنێت[7].
  • لە کۆتاییدا لەوانەیە ستراتیژیی ئەمریکا زیاتر لەژێر کاریگەریی فاکتەری ناوخۆدا بن، بەتایبەتی ئەو هێزە دامەزراوەیی و سیاسی و فیکرییانەی کە کار لەسەر دامەزراندنی سیاسەتی دەرەوە دەکەن. ئەمەیش ڕوانگەی قوتابخانەی نیوڕیالیستیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕەت دەکاتەوە کە کاروباری ناوخۆیی، کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوە هەبێت. بەڵام ڕەنگە پاڵنەرە ناوخۆیییەکان لەوە گرنگتر بن کە توێژەر و ئەکادیمییەکان هەندێک جار حسابی کەمی بۆ دەکەن[8].

پێشبینیی سیاسەتی ترامپ بەرامبەر عێراق لەبەر ڕۆشناییی سیاسەتەکانی پێشووی

ترامپ لە یەکەم هەڵمەتی کاندیدبوونیدا ڕەخنەی لە لەشکرکێشییەکەی “جۆرج بوش”ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دژی عێراق گرت و بە سەرچاوەی “پشێوی و ئاژاوەگێڕی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی برد و دژایەتیی خۆی بۆ جەنگی عێراق ڕاگەیاند. بەڵام لەگەڵ ئەمەیش ترامپ وازی لە عێراق نەهێنا؛ ترامپ بەخێرایی هەڕەشەی “گەمارۆی توندی” لە دژی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی و پەرلەمانی عێراق کرد، دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی بیانی لە خاکی عێراقدا کرا. ئەمەیش دوای ئەوە هات کە فەرمانی بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا دەرکرد کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و جێگری بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەبومەهدی موهەندیس. هەڵبەتە، ئەم ڕووداوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراقی لە قۆناغێکی نیمچەسەقامگیرییەوە، گۆڕیی بۆ قۆناغێکی دژوار، کە دواتر بووە هۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی لایەنە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا[9].

 ئەم ڕەفتارەی ترامپ گەرچی ڕەخنەی زۆری لێ گیرا بەڵام لە ڕاستیدا توانیی سنووریک بۆ ئێران و پرۆکسییەکانی دابنێت کە دواتر بووە هۆی چاوترساندنیان. ئەم سیاسەتەی ترامپ، دواتر “بایدن”یش سوودی لێ بینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران؛ نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو لە سووریا و یەمەنیش. ئەم سیاسەتە حکوومەتی عێراقیشی ناچار کرد کە گوشاری زیاتر لە هێزە میلیشیاکان بکات، دواتریش خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بگونجێنێت. ترامپ بەر لە خولی یەکەم و لە ماوەی خولی یەکەمیشدا ستراتیژیی جۆراوجۆری هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی عێراق؛ بۆ نموونە زۆر جار هەڕەشەی “تۆڵەی گەورە”ی لە ئێران دەکرد ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق بکاتە ئامانج. جگە لەوەیش، سیاسەتی ترامپ زیاتر ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بوو لە ڕێگەی سنووردارکردنی نفووزی ئێران لە عێراق و بەرزکردنەوەی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا و دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هەروەها بەڵێنی دا لە ماوەی 100 ڕۆژدا داعش لە عێراق نەهێڵێت و ژمارەی سەربازەکان زیاد بکات و پاڵپشتیی حکوومەتێکی دۆست لە بەغدا بکات. ئەم ڕوانگەیە، بەشێک دەبێت لە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر عێراق لە ئەگەری هاتنە سەردەسەڵاتی کۆمارییەکان.

دوای چەند مانگێک لە تیرۆرکردنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس بەتایبەتی، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، داوای “دیالۆگی ستراتیژی”ی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا کرد. ئەمەیش بریتی بوو لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و عێراقی بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانیان. لە ڕاستیدا نزیکبوونەوەی ترامپ لە عێراق پەیوەندیی زۆری بە هەڵوێستی ترامپەوە هەبوو بەرامبەر ئێران.

سەبارەت بە ڕوانگەی ترامپ لەبارەی دەرچوونی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا و لە ئەفغانستانیش، ڕوونە؛ ڕەنگە تەنانەت دەرچوونێکی هەمیشەیی لە ئارادا بێت. لە کاتێکدا دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تالیبان بەردەوام بوون، لە ٢ی شوباتدا دۆناڵد ترامپ سەرنجی خۆی خستە سەر ململانێی سێیەم لە ناوچەکەدا کە ئەویش عێراق بوو. بەڵام ئەم جارەیان لە بری ئەوەی باس لە کشانەوە بکات، ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سی بی ئێس فەیس دی نەیشن” ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە- نەک تەنیا بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی، یان داعش، بەڵکوو بۆ ئەوەی “چاودێریی ئێران بکەن.” ترامپ پێشنیاری کرد کە بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق وەک بنکەیەکی دەرەوە بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی تاران کە پەیوەندییان بە “چەکی ئەتۆمی یان شتی دیکە”وە هەیە، کار بکەن[10]. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ڕوانگەی ترامپەوە پەیوەندیی بە ململانێ لەگەڵ ئێران و نەیارانی ئەمریکا هەیە، بەتایبەت گرووپە تیرۆریستییەکان.

ترامپ سێ هەڵمەتی سەرۆکایەتیی لەسەر بنەمای “چیتر نامانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ بکەین” بەڕێوە بردووە. لە ڕووی سەربازییەوە دوور نییە سەرۆکایەتیی ترامپ، ئەمریکا لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق بکشێتەوە، لە هەمان کاتدا بوونی ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکەی جیهان درێژە پێ بدات. لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی وەک ئیسرائیل و سعوودیا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگرییان لە بواری مووشەک و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژەئێران.[11] 

سیاسەتی داهاتووی ترامپ بەرامبەر ئێران

ترامپ بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨، گرژییەکانی لەگەڵ ئێران گەیاندە لووتکە. تڕەمپ پێی وابوو ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووەتە هۆکاری پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ڕێککەوتنێکی نوێ پێویستە بۆ جێگرتنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە باراک ئۆباما دای ڕشتووە. سەرەڕای ئەوەیش ڕەنگە ترامپ و جێگرەکەی، ڤانس، پەیوەندییەکانی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ تاران دابڕێژن. هەرچەندە ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو نەکرایەوە، بەڵام ئێران لە دوای کشانەوەی ساڵی ٢٠١٨وە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پێش خستووە و بەشێکی زۆری پێگەی ئابووری و داراییی خۆی وەرگرتەوە[12].

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کاتێکدا ڕەنگە ئەمریکییەکان ترامپ بۆ کۆشکی سپی هەڵبژێرنەوە، کەچی ئێران کاندیدێکی چاکسازیخوازیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵبژاردووە. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ترامپ سیاسەتی “زۆرترین سزا”ی خۆی لەسەر تاران دەست پێ دەکاتەوە یان بیر لە بانگەوازەکانی ناو حکوومەتی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ پێدانی دەرفەت بە ڕێبەری نوێی چاکسازیخوازان لە ئێران. لەم دوایییانەدا ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاند کە لە کاتێکدا پشتگیری لە سیاسەتەکانی خولی یەکەمی ترامپ دەکات، بەڵام پێی وایە ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە دوژمنکارانەكانی ئێران پێویستی بە “چەقۆیەکی بەهێزتر هەیە.” ئەگەر بڕیارە مشتێک لە ئێرانییەکان بدەیت، ئەوە دەبێت بەتوندی مشتێکیان لێ بدەیت”.[13]

ترامپ و ڤانس لایەنگرییەکی بەهێزیان بەرامبەر ئیسرائیل نیشان داوە؛ ئەمەیش لە لێدوانەکانیاندا دەردەکەوێت. لە کاتی جەنگی غەززەدا، ترامپ هیچ ڕەخنەیەکی ڕوونی لە ئیسرائیل نەگرت و داوای ڕاگرتنی ئەو کارانەیشی نەکرد کە زۆرێک لە دەزگە نێودەوڵەتییەکان بە کۆمەڵکوژی لە دژی فەڵەستینییەکان سەیری دەکەن. لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ سەرۆک بایدن، تەنانەت بەهۆی هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر ململانێکان بایدنی تۆمەتبار کرد بە “فەڵەستینی”.

دوای كۆمەڵێك گونجان و دەستپێکردن، ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەمریکای لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و دەستی کرد بە ستراتیژیی “زۆرترین گوشار” دژی ئێران کە لە ئەنجامدا شەپۆلێکی سزای نوێ و توندوتیژ دژی قەوارە ئێرانییەکانی لێ کەوتەوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو گەمارۆیانە، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بوو، کە ئیدارەکەی بە “ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی” ناساند، بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە گرووپەکانی دژەئیسرائیل و دژەئەمریکا کە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکی دەکەن؛ لەنێویاندا لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ ئیدارەی بایدن و ئێران ڕێککەوتنێکیان كرد کە تێیدا شەش ملیار دۆلار لە پارەی بەستووی ئێرانی کە لە کۆریای باشوور هەڵگیرا بوو، بۆ بانکەکانی قەتەر ئازاد بکرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ئەمریکیی دەستبەسەرکراو لە ئێران. کۆمارییەکان بەتوندی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنەکە گرت و ڕایان گەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیی ئێران دەدات بۆ دابینکردنی بوودجەی تیرۆر؛ هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن گوتوویانە کە ئەو پارەیە بۆ هیچ شتێکی تر جگە لە کاڵای مرۆیی بەکار ناهێنرێت.[14]

ئیدارەی داهاتووی ترامپ و کۆمارییەکان بە ئەگەری زۆر داوای سەپاندنی سزای توندتر دەکەن بەسەر تاران. ستراتیژیی دیپلۆماسی لە “پرۆژەی ٢٠٢٥”دا داوای پشتیوانی لە “گەلی ئێران” دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی لە وڵاتەکەدا. پڕۆژەکە داوا لە ئیدارەی نوێی ترامپ دەکات واز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهێنێت و، هۆشداری دەدات لەوەی کە ناوچەکە “ڕەنگە بخزێتە ناو ئاژاوەی زیاترەوە لە بەرژەوەندیی نەیارانی ئەمریکا” ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری ڕۆڵی سەرکردایەتییەکەی بێت. ستراتیژییەکە پێشنیاری پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی چوارقۆڵیی نوێ دەکات بۆ ڕاگرتنی ئێران، هاوشێوەی هاوپەیمانیی ئەمریکا، ژاپۆن، کۆریا و هیندستان کە ئامانجی، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چینییە. بۆیە وای دەبینم پرۆژەی ٢٠٢٥ ڕەنگدانەوەی زۆری هەبێت لەسەر ستراتیژیی ترامپ و کۆماریخوازەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ستراتیژییە ڕوانگەیەکی خۆبەدوورگرتن نییە لە ڕووداوەکان بەڵکوو ستراتیژییەکی بەشداریکارە لە داڕشتنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەڵام مەرج نییە ئەمە بەڕاستەوخۆ بێت بەڵکوو وەک پرۆژەکەیش ئاماژەی پێ دەدا، دەکرێت لە ڕێگەی هاوکارەکانی ئەمریکا بێت لە ناوچەکە.

پێگەی تورکیا و سووریا لە پڕۆژەی ٢٠٢٥دا

بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد لە سیاسەتی داهاتووی تڕامپدا، گرنگە بزانین پێگەی تورکیا و سووریا لە ستراتیژیی دیپلۆماسیی “پڕۆژەی ٢٠٢٥” چییە. وەک دەزانین ئەم پڕۆژەیە پێشنیاری کەمکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیای کردووە. پڕۆژەکە وای دەبینێت، لەبەر ڕۆشناییی کێبڕکێی جیهانیی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و چین، دەبێت ئەمریکا دڵنیا بێت لەوەی تورکیا لە بەرەی ڕۆژاوادا بمێنێتەوە. لە پلانەکەدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەمە ڕەنگە پێویستی بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت کە واشنتۆن پشتگیرییەکانی بۆ یەپەگە/پەکەکە ڕابگرێت، کە ئەنقەرە پێی وایە “مەترسیی وجوودی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات”. بۆیە بە ئەگەری زۆر دۆخی ڕۆژاوای کوردستان لە سەردەمی ترامپ باش نابێت و، دەبێتە قوربانیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن.

هەرچەندە ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨دا دوای دەستبەسەرداگرتنی دوایین مۆڵگەی داعش، ویستی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری، قەناعەتیان پێ کرد کە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نابێت و کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی مەعنەویی ئەمریکا بەرامبەر هاوپەیمانەکانی. بۆ ئەمەیش ترامپ بەشیک لە هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتەوە.

ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ترامپ و هاریسدا

ئەگەر بەدواداچوون بۆ کامالا هاریس بکەین، دەبینین کە دەستوەردانی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار بووە. وەک جێگری سەرۆککۆمار، سەرنجی بە پلەی یەکەم لەسەر پرسە ناوخۆیییەکان بوو، لە کاتێکدا بایدن قەیرانەکانی ئیسرائیل، غەززە، یەمەن، لوبنان و ناوچەکانی دیکەی بەڕێوە برد. هەرچەندە هاریس سەردانی ئەفغانستان، عێراق، ئیسرائیل، ئوردن و ئیماراتی کردووە، بەڵام ئەم سەردانانە بۆ ئەزموونی قووڵی سیاسەتی دەرەوە بەس نین. بە بەراورد لەگەڵ بایدن، ئۆباما، کلینتۆن، بوش، یان سەرۆکەکانی دیکەی پێشوو، هاریس ئەزموونی سیاسیی بەرفراوانی نییە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی دەرەوەی ئەو لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی حزبی دیموکرات و سیاسەتەکانی هەردوو ئۆباما و بایدن هاوتەریب بێت.

سەبارەت بە غەززە، هاریس هەڵوێستی ئیدارەی بایدنی سەبارەت بە بەرقەرارکردنی ئاسایشی غەززە و ئیسرائیل دووپات کردەوە، هەروەها ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی غەززە دوای جەنگ. ئەو جەخت لەسەر پێویستیی دیدێکی سیاسیی ڕوون دەکاتەوە بۆ دەوڵەتێکی داهاتووی فەڵەستین لەژێر چاکسازیکردن لە دەسەڵاتێکی فەڵەستینیدا؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ پشتگیریکردنی لە چارەسەری دوو-دەوڵەتی.

سەبارەت بە ئێران، هاریس ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ترامپ گرت بۆ کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ و بە “بێباکانە” ناوی برد. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٩دا، بەڵێنی دا جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکەوە بکاتەوە. هاریس هەروەها دژی تیرۆرکردنی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە وەستایەوە و جەختی لە پاراستنی سەربازانی ئەمریکا و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.[15]

ئیدارەی بایدن، دانی بە کەمبوونەوەی پێویستیی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناوە و بیر لە کشانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە. هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ زیادبوونی کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا و سیناریۆیەکی نیگەرانکەر بۆ واشنتۆن بخاتە ڕوو کە پڕە لە دەرەنجامە پێشبینینەکراوەکان.

پێشبینیی لێکەوتەکانی سیاسەتی ترامپ لەسەر هەرێمی کوردستان

ڕوانگەی ئەمریکا، ئینجا چ ترامپ بێت یان هاریس، پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەچاوی دەکات، کە بریتین لە سێ پرسی سەرەکی:

یەکەم/ شەڕی دژەتیرۆر

سەرەکیترین گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە ڕوانگەی شەڕی دژەتیرۆرەوە دەبێت؛ ئەوان هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو دەبینن کە لە عێراق زیاتر جێگەی متمانەن بۆ ئەمریکا؛ سەڕی ڕمی ئەو سیاسەتەیش بریتییە لە بوونی هێزەکانی پێشمەرگە. ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکاش تا ئێستا وەبەرهێنانی زۆریان لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و، پڕچەکیان کردوون؛ ئیدارەی ترامپیش هەر لەسەر ئەم هەماهەنگییە بەردەوام دەبیت. بۆیە گرنگە لە هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە بەنیشتمانی بکرێن و لە دەستی حزب و کەسەکان بێنە دەرەوە، ئەگینا هاوپەیمانان و ئەمریکاش ئەوکات پشت بە پێشمەرگە نابەستن و جیاوازیی پێ ناکەن لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی کە وەلای شەخسی و مەزهەبییان هەیە نەک دامەزراوەیی و نیشتمانی.

دووەم/ مەلەفی ناوکیی ئێران و چاودێریکردنی ئێران

تا مەترسیی ئێران هەبێت ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە عێراق بمێننەوە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، نەمانی ئەوان واتا بەهێزبوونی ئێران لە عێراق و دەوروبەری عێراق واتا لوبنان و سووریا، هەروەها دروستکردنی کێشە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا.  بۆیە هەتا لە سەردەمی تڕامپیش ئەمریکا عێراقی جێ نەهێشت، هەر لەبەر مەترسیی ئێران. لە عێراقیش ئەمریکییەکان گەر گوشاریشیان لەسەر بێت، ئەگەری هەیە پاشەکشە بکەن بۆ هەرێمی کوردستان؛ كونسوڵخانەی ئەمریکا لە عێراق ساڵێکی تر تەواو دەبێت و بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا، چ ڕاوێژکار و چ هێزی سەربازی، بە ئەگەری زۆر لە و كونسوڵخانەیە جێگیر دەکرێن. ئەم فاکتەرەیش کاریگەریی هەیە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، هەرچەندە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە پرسی گوشارخستنە سەر ئێران؛ ئەمریکییەکانیش ئەو چاوەڕوانییەیان نییە لە هەرێم. ئەمە هەندێک جار دەبێتە سەرئێشە بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام وەک وتم ئەمە لەدەست هەرێم نییە. بژاردەی هەڵبژاردنی ئەمریکا یان ئێران، بۆ هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی سەختە.

سێیەم/ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا

بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و بە ئاستێکی کەمتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، بەتایبەت هەڕەشەی ئێران و پڕۆکسییەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. بۆیە تا ئەم هەڕەشەیە هەبێت، هەر یەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک دەبن لە گرنگیی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئیدارەی ترامپیش ناتوانێت ڕەچاوی ئەو بنامەیانە نەکات لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ڕۆژهەلاتی ناوڤین و عێراق بەردەوام سەرچاوەی کێشە و مەترسین و، لە هەمان کاتدا دەرفەتیشە بۆ ئەمریکا بۆیە ناتوانێت بە ئاسانی فەرامۆشی بکات.

پرسێکی تر ئەوەیە کە ترامپ هەوڵ دەدا چارەسەرێک بۆ کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل بدۆزێتەوە ئەگەرچی لایەنگری تەواوی ئیسرائیلە، بەڵام کۆتاییپێهێنانی جەنگی غەززە دەسکەوتێکە ترامپیش چەندان جار ئاماژەی پێ داوە کە گەر هاتە سەر حوکم، ئەوە کۆتایی بە جەنگی غەززە دەهێنێت. چارەسەکردنی دۆخی فەڵەستین بۆ پرسی کورد باش دەبێت. کورد ئەگەر بتوانێت قەناعەتێک لای ترامپ دروست بکات، ئەگەر کێشەی فەڵەستین چارەسەر بکرێت، دەبێت کێشەی کوردیش چارەسەر بکرێت. ڕەنگە هەر یەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوکات پرسی کورد وەک کارتێک دژی تورکیا و ئێران و سووریا و عیراقیش بەکار بهێنن.

دەرەنجام

ئەمریکا یان ئیدارەی ترامپ سیاسەتێکی ڕاستەخۆی نییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو ئەوەی هەیە زیاتر پەیوەستە بە مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئەکتەرەکانی تر لە ناوچەکەدا کە پەیوەستە بە پرسی کورد؛ ئەمەیە لە ڕاستیدا لە سیاسەت و ڕوانگەی ئەمریکاوە گرنگی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات.

ئەکتەرەکانی تر، مەبەستم عێراق و تورکیا و ئێران و سووریان لە ناوچەکە، مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئەم چوار وڵاتە کاریگەریی دەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. دوای ٢٠١٤ فاکتەرێکی گرنگی تریش هاتۆتە ناو هاوکێشەکە، کە ئەویش شەڕی دژەتیرۆر و مەترسی گرووپە تیرۆریستییەکانە لە ناوچەکەدا، ئینجا لە ئیدارەی ترامپ بێت یان کەمالا هاریس- هەرێمی کوردستان بە هاوکارێکی گرنگ دەبینێت بۆ دژایەتیی تیرۆر لە عێراق و سووریا. بۆ ئەم مەبەستەیش تا ئێستا هەماهەنگی و ڕێکكەوتن لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە. بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان و چاکسازیی باش بکات لە وەزارەتی پێشمەرگە کە جێگەی متمانەی ئەمریکا بێت بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکان:

[1] Shafaq News, 2024. Trump’s Middle East strategy: past policies and future prospects. Available at: https://shafaq.com/en/Report/Trump-s-Middle-East-strategy-past-policies-and-future-prospects#:~:text=Moreover%2C%20Trump%20aimed%20to%20reshape,movement%2C%20including%20in%20eastern%20Syria [Accessed 11 August 2024].

[2] Mearsheimer, J.J., 2014. John Mearsheimer’s theory of offensive realism and the rise of China. Available at: https://www.e-ir.info/2014/03/06/john-mearsheimers-theory-of-offensive-realism-and-the-rise-of-china/ [Accessed 11 August 2024].

[3] Future UAE, 2024. Future outlook: will Trump 2.0 handle Middle Eastern issues differently? Available at: https://futureuae.com/en-US/Mainpage/Item/9478/future-outlook-will-trump-20-handle-middle-eastern-issues-differently [Accessed 11 August 2024].ی

[4] Strategy+Business, 2024. A transactional approach to power. Available at: https://www.strategy-business.com/blog/A-transactional-approach-to-power [Accessed 11 August 2024].

[5]  Al Majalla, 2024. The effects of a Trump or Harris presidency on the Middle East. Available at: https://www.almajalla.com [Accessed 11 August 2024].

[6]  Orient XXI, 2024. U.S. policies in the Middle East under the Trump presidency. Available at: https://orientxxi.info/magazine/u-s-policies-in-the-middle-east-under-the-trump-presidency,1808 [Accessed 11 August 2024].

[7] Future UAE, 2024. Future outlook: will Trump 2.0 handle Middle Eastern issues differently? Available at: https://futureuae.com/en-US/Mainpage/Item/9478/future-outlook-will-trump-20-handle-middle-eastern-issues-differently [Accessed 11 August 2024].

[8] Carnegie Endowment for International Peace, 2024. Strategic change in US foreign policy. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2024/07/strategic-change-us-foreign-policy?lang=en [Accessed 11 August 2024].

[9] Shafaq News, 2024. Trump’s Middle East strategy: past policies and future prospects. Available at: https://shafaq.com/en/Report/Trump-s-Middle-East-strategy-past-policies-and-future-prospects#:~:text=Moreover%2C%20Trump%20aimed%20to%20reshape,movement%2C%20including%20in%20eastern%20Syria [Accessed 11 August 2024].

[10] Iraq Oil Report, 2024. Trump’s Iraq strategy is foolish. Available at: https://www.iraqoilreport.com/daily-brief/trumps-iraq-strategy-is-foolish-37019/ [Accessed 11 August 2024].

[11] Shafaq News, 2024. Trump’s Middle East strategy: past policies and future prospects. Available at: https://shafaq.com/en/Report/Trump-s-Middle-East-strategy-past-policies-and-future-prospects#:~:text=Moreover%2C%20Trump%20aimed%20to%20reshape,movement%2C%20including%20in%20eastern%20Syria

[12] Iraq Oil Report, 2024. Trump’s Iraq strategy is foolish. Available at: https://www.iraqoilreport.com/daily-brief/trumps-iraq-strategy-is-foolish-37019/ [Accessed 11 August 2024].

[13] Al Majalla, 2024. The effects of a Trump or Harris presidency on the Middle East. Available at: https://www.almajalla.com [Accessed 11 August 2024].

[14]  NBC Washington, 2024

[15] Daily News Egypt, 2024. Opinion: Trump vs Harris – Middle East faces stark choices in upcoming US elections. Available at: https://www.dailynewsegypt.com/2024/07/31/opinion-trump-vs-harris-middle-east-faces-stark-choices-in-upcoming-us-elections/ [Accessed 11 August 2024].

 

 

 




پێداچوونەوەیەکی گشتی لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆن و هێرشانەی ناوخۆی ئێران کە دەدرێنە پاڵ ئیسرائیل

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی گرووپی توندڕەوی حەماس، لە تاران، جارێکی دیکە پەنجەکان ئاراستەی ئیسرائیل کران؛ هەرچەندە هێشتا ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی خۆی لەم هێرشە ڕانەگەیاندووە.

ئیسماعیل هەنییە کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان لە پایتەختی ئێران ئامادە بوو، وەک ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١-٧-٢٠٢٤، “لە یەکێک لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی تایبەت بۆ پەککەوتووانی جەنگ لە باکووری تاران لە ڕێگەی هێرشێکی ئاسمانی” کوژرا.

ئەم هەواڵە هەر زوو، بوو بە مانشێتی میدیاکانی جیهان و لە زۆربەی کاردانەوەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتان و میدیاکاندا جارێکی دیکە ناوی ئیسرائیل وەک بکەری سەرەکیی ئەم تیرۆرە هاتە گۆڕێ.

دوژمنایەتیی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس (گرووپێک کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بە تیرۆریستیان ناساندووە) و دوژمنایەتیی ئیسرائیل لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە تاكە هۆکاری دانەپاڵی ئەم ئۆپەراسیۆنە نین بە ئیسرائیلەوە؛ لە دەیەی ڕابردوودا، چالاکییەکانی تێکدەرانە و، هەروەها تیرۆرکردنی كۆمەڵێك کەسایەتی و بەرپرسی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە پڕۆژەی ئەتۆمییەوە هەیە لە ئێران، خراونەتە ملی ئیسرائیل. هاوکات ئیسرائیل بەفەرمی و بەئاشکرا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هیچ کام لەو هێرشانە لە ئەستۆ نەگرتووە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە لە ماوەی یەک دەیە یان دوو دەیەدا، کام کەسایەتیی سیاسی و سەربازیی ئێران لە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکاندا کوژراون کە دەدرێنە پاڵ ئیسرائیل؟

موحسین فەخریزادە، “پیاوی تەمومژاوی”ی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠

موحسین فەخریزادە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوو ساڵ و نیو پێش تیرۆرکردنی، بە “باوکی بۆمبی ئەتۆمیی ئێران” ناوی بردووە و وتی “ئەم ناوەتان لەبیر بێت”، لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر ڕێگەی ئابسەرد لە نزیک تاران کوژرا. ئەم ئەفسەرە باڵایەی سوپای پاسداران، کە ناوی لە لیستی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، بە “کەسی سەرەکی” و “بەڕێوەبەری باڵا”ی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ناو دەبرا، کە لە ساڵی ٢٠٠١ تا کۆچی دوایی، ئەو بەرپرسیارێتییە گرنگەی لە ئەستۆدا بوو.

میدیاکان لە ئێران بە “زانایەک کە لە وەزارەتی بەرگری کار دەکات و بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی توێژینەوەی فیزیا” یان “مامۆستای زانکۆ” ناویان بردووە. هەروەها بە “پیاوی نهێنیئامێزی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران” ناو دەبردرێت و جارێکیش گۆڤاری فۆرن پۆڵسی، ناوی ئەوی خستە لیستی 500 کەسی بەهێز لە جیهاندا. هەرچەندە ئێران پێشتر کوشتنی زانایان و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەی بۆ ئیسرائیل گەڕاندبووەوە، بەڵام فەخریزادە گرنگترین بەرپرسی ئێرانییە کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە دەدرێتە پاڵ ئیسرائیل، لەسەر خاکی ئێران کوژرابێت. هەرچەندە ئیسرائیل هەرگیز بەرپرسیارێتیی تیرۆرکردنی ئەم بەرپرسە ئێرانییەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام یۆسی کۆهین، سەرۆکی ئەوکاتی مۆساد، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە بەهاری ساڵی ٢٠٢١دا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی ئیسرائیلی لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا کە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بڵاو دەکاتەوە، نووسیویەتی ئیسرائیل چەکێکی زیرەکی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هەڵبژارد، کە تێکەڵەیەک بووە لە چەکێکی ئۆتۆماتیکی دروستکراوی بەلجیکا لە جۆری FN MAG، كە سیستەمێکی ڕۆبۆتی پێشکەوتووی لەسەری دانرابوو، کە کردی بە چەکێکی هاوشێوەی چەکی ئۆتۆماتیک بە ناوی “سەنتینێل ٢٠”، کە لەلایەن کارگەی چەکی ئیسپانیایی “سکریبنۆ”وە دروست کراوە. تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە خۆی یەک خولەکی خایاند و سەرەڕای توانای تەقاندنی ٦٠٠ گوللە لە یەک خولەکدا لە تەقەکردندا، لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە ١٥ گوللە زیاتر بەکار نەهات.

تیرۆرکردنی پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە و بووکەکەی بن لادن لە تاران، ئۆگۆستی ساڵی ٢٠٢٠

ئیسماعیل هەنییە تاکە کارەکتەری غەیرە ئێرانی نییە کە لەسەر خاکی ئێران لە هێرشەکاندا دەکوژرێت و بەرپرسیارێتییەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل. میدیاکانی ئێران لە ٧-٨-٢٠٢٠ بڵاویان کردەوە، دوو هاووڵاتیی لوبنانی بە ناوەکانی حەبیب داود، مامۆستای مێژوو تەمەن 58 ساڵ و مریەمی کچی تەمەن 27 ساڵ، لە نزیک گەڕەکێک لە نزیك گوڵستانی یەکەم لە شەقامی پاسدارانی تاران بە چوار گوللە کوژراون.

دواتر دەرکەوت کە ئەو دوو کەسە بریتین لە عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئەبو محەمەد ئەلمیسری، پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە و کچەکەی مریەم، هاوسەری کوڕی ئوسامە بن لادن سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە. ئاژانسی هەواڵی مێهر نووسیویەتی، لەم ڕووداوەدا لە لای شۆفێرەوە و لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە، پێنج گوللە هاوێژراوە و “چوار گوللە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە” و “گوللەی پێنجەم بەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە کەوتووە کە بەلایدا تێ دەپەڕی.”

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی هەواڵی ئەم تیرۆرە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو کاتەدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی هەواڵگریی ئەمریکا، ڕای گەیاند کە بە دەستی دوو ماتۆڕسوار لە شەقامی پاسداران لە تاران کوژراوە. هەروەها ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنەدا هاوکاریی ئیسرائیلی کرد و زانیاریی سەبارەت بە شوێن و ناسنامەی پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە بە بریکارەکانی مۆساد دا.

ئەبومحەمەد ئەلمیسری، لەلایەن یەکەی تایبەتی دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل، مۆسادەوە کوژرا؛ ئەم یەکە تایبەتە ناوی “کیدون” (KIDON)ە کە بە زمانی عیبری بە واتای “سەری ڕم” دێت و دەوترێت بە درێژاییی ساڵان، بەرپرسیار بووە لە شێوازێکی ناوازەی دزەکردنە ناو وڵاتانی دوژمنکار و کوشتن (اغتیالات)ی نەیارانی ئیسرائیل. هەروەها کچی ئەبومحەمەد ئەلمیسری و بێوەژنەکەی کوڕەکەی بن لادن بە ناوی مریەم، بوونە ئامانج.  کچی ئەبومحەمەد ئەلمیسری، هاوسەری حەمزە بن لادن بوو کە جێنشینی ئوسامە بن لادن بوو. حەمزە بن لادن پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆری ئەمریکا لە سنووری پاکستان و ئەفغانستان کوژرابوو.

دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەدا. کوژرانی ئەم بەرپرسەی قاعیدە لە تاران لە کاتێکدا دەدرایە پاڵ ئیسرائیل، کە لە ساڵانی پێشووتردا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان هەبوو لە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران کە بە “زانایانی ئەتۆمی” ناسراون، دەخرایە ملی ئیسرائیلەوە.

ئەردەشیر  حسێن پوور، یەکەمین تیرۆری “زانایانی ئەتۆمی” لە ئێران، ساڵی ٢٠٠٧

هەواڵی کوژرانی ئەردەشیر  حسێن پوور، زانای ئەتۆمیی ئێران، بەهۆی radioactive gas و “لەلایەن مۆسادەوە” بۆ یەکەم جار لەلایەن پەیمانگەی سترافۆرەوە لە ٢-٢-٢٠٠٧، واتە 17 ڕۆژ دوای مردنی بڵاو کرایەوە. ئەم هەواڵە دوو ڕۆژ دواتریش لە ڕۆژنامەی سەندەی تایمز بڵاو کرایەوە.

هەواڵی کۆچی دواییی  حسێن پوور لەو کاتەدا درەنگ بڵاو بووەوە و بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەی “جمهوری اسلامی” لە سەرەتای جانیوەریی هەمان ساڵدا نووسیبووی، کە ئەردەشیر  حسێن پوور بەهۆی “غاز” کۆچی دواییی کردووە. کەمتر لە دوو هەفتە دوای مردنی  حسێن پوور لە ساڵی ٢٠٠٧، هەواڵەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی لەلایەن مۆسادەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەو کاتەدا ڕایان گەیاند: “مۆساد  توانا و هێزی ئۆپەراسیۆنی لە ناوخۆی ئێراندا نییە.”

هەروەها لەم چوارچێوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس، نزیک لە سوپای پاسداران، نووسیبووی کە حسێن پوور “هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهانەوە نەبووە” و “ئەم جۆرە هەواڵە بە مەبەستی جەنگی دەروونی و دروستکردنی کەشێکی پڕوپاگەندەیی دروست کراوە.” لەو سەردەمەدا غوڵامحسێن موحسنی ئێژەیی (غلامحسین محسنی اژەی) وەزیری هەواڵگریی ئێران بوو و وەزارەتی هەواڵگرییش بەرپرسیاری پاراستنی زانایانی ئەتۆمی بووە. بەڵام مستەفا موعین، وەزیری زانستی حکوومەتی خاتەمی لە ساڵی ٢٠٢٠ و دوای 14 ساڵ لە بانگەشەی دامەزراوە ئەمنییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام نووسیویەتی؛ ئەو بانگەشانە درۆن و، ئەردەشیر حسێن پوور بە “غازی تیشکدەر” لەلایەن بریکارەکانی مۆسادەوە تیرۆر کراوە.

بێ گومان سیناریۆیەکی تر سەبارەت بە کۆچی دواییی حسێن پوور خرایە ڕوو. مەحبووبە حسێن پوور، خوشکی ئەردەشیر حسێن پوور، کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندان چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە و ڕای گەیاندووە کە براکەی بەهۆی ئەوەی هاوکار نەبووە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژراوە.

“زانایانی ئەتۆمی”ی دیکە!

ناوی کەسانی وەک مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، مەسعوود عەلیمحەمەدی و مەجید شەهریاری لەگەڵ ناوی ئەردەشیر حسێن پوور وەک “زانای ئەتۆمی” هاتووە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە و لەسەر خاکی ئێران کوژراون. بوونی لێکچوونێکی زۆر لە نێوان شێوازی کوشتنی ئەم کەسانەدا، ئەو گریمانەیەی لای شارەزایان بەهێزتر کردووە کە ئەم کردەوانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون.

مەسعوود عەلیمحەمەدی، مامۆستای فیزیای کوانتۆم لە زانکۆی تاران، لە زستانی ٢٠٠٩دا و لە کاتی دەرهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی لە پارکینگی ماڵەکەی لە ناوچەی قەیتەریە لە تاران، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە گیانی لەدەست دا. دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایان گەیاند کە لە کاتی ڕۆیشتنی عەلیمحەمەدی ماتۆرێک تەقیوەتەوە، بەڵام توندیی تەقینەوەکە هێندە بەهێز بوو کە پەنجەرەی باڵەخانەکانی دەوروبەریشی شکاند.

هەروەها مەجید شەهریاری، زانای فیزیا و مامۆستای زانکۆی “بەهەشتی” (بهشتی)ی تاران، کە دەگوترا پەیوەندیی بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە، هەروەها فەرەیدوون عەباسی دەوانی، مامۆستایەکی دیکەی فیزیای ئەتۆمی لە زانکۆی بەهەشتی، هەردووکیان لە ٢٩-١١-٢٠٠٩ لە باکووری تاران کە دوور نەبوو لە یەکترەوە، بە ڕێگەی دوو بۆمبی لکێنراوەوە، هەوڵی تیرۆرکردنیان درا.

بە وتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەردوو هەوڵی تیرۆرکردنەکە لەلایەن کەسانی ماتۆڕسکیلسوارەوە ئەنجام دراون و لە هەردوو حاڵەتەکەدا بۆمبێکی موگناتیسی بە ئۆتۆمبێلی ئەو کەسانەوە لکێنراوە. لەو تیرۆرانەدا مەجید شەهریاری کوژرا، بەڵام فەرەیدوون عەباسی دەوانی، دوای چاکبوونەوەی لە برینەکەی، وەک سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەستنیشان کرا.

مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، تەمەن ٣٢ ساڵ، لە زستانی ٢٠١١ و دوای دوو ساڵ لە کوژرانی عەلیمحەمەدی، لە شەقامی گۆڵنەبی نزیک گۆڕەپانی کتابیی تاران، لە کاتێکدا لەگەڵ پاسەوان و شۆفێرەکەی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دانیشتبوو، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک کە بەئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێنرابوو، کوژرا.

گۆڤاری ئەمریکی تایم (TIME) بە ئاماژەدان بە “سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا”، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، نووسیویەتی کە مۆساد بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئەم کوشتنە. لێکچوون لە شێوازی کوشتنی ئەم کەسانە، بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران دوای تیرۆرکردنی ئەحمەدی ڕۆشەن، پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل ڕابکێشن.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژێک دوای کوژرانی مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن لە پەیامێکدا  بەدڵنیایییەوە، ئەم کارەی بۆ  مۆسادی ئیسرائیل و سی ئای ئەی ئەمریکی گەڕاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوە نابێت. دوای چەند ڕۆژێک، حکوومەتەکەی مەحموود ئەحمەدی نژادیش پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا و بریتانیا کرد و داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێی لێ کردن سەبارەت بەم کوشتنە و، بانگەشەی ئەوەی کرد کە “بەڵگەنامە”ی دەست کەوتووە سەبارەت بە تێوەگلانی ئەو وڵاتانە لەم بابەتەدا. بەڵام وەزیرانی بەرگری و کاروباری دەرەوەی ئەمریکا “بەتوندی” هەر جۆرە دەستوەردانێکی وڵاتەکەیان لەم هەوڵەدا ڕەت کردەوە. شیمۆن پێرێز، سەرۆکی ئیسرائیل لەو کاتەدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی ئیسپانیی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕای گەیاند؛ “ئەوەندەی بزانێت”، وڵاتەکەی دەستی لەم کوشتنەدا نەبووە.

سەرچاوە:

https://www.radiofarda.com

 




تارماییی گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دڵەڕاوکێی ئاسایشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ

لەم ڕۆژانەدا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا تەنیا لە سنوورەکانی ئەمریکا قەتیس نەماوەتەوە و، زێدەرۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو جیهان گرنگ و چارەنووسسازە. لەم نێوەندەیشدا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ بەهۆی جۆری پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا و چ بەهۆی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان لەم ناوچەیە، هاتنەسەرکاری ترامپ وەکوو تارمایییەک دەبینین؛ ئەمەیش لە لایەک بەهۆی سیاسەت و کەسایەتیی خودی ترامپ و لە لایەکی دیکەیشەوە کاریگەریی سیاسەت و کەسایەتیی ترامپ لەسەر بارودۆخ و ئاسایشی جیهانی و ناوچەکە. تەنانەت وڵاتانی ئەوروپییش کە بە هاوپەیمانی نەریتیی ئەمریکا هەژمار دەکرێن، بەهۆی ئەزموونی ڕابردوویان لە ٤ ساڵی سەرۆکایەتییەکەی، بەنیگەرانییەوە دەڕواننە دووبارە هاتنەسەرکاری ترامپ لە ئەمریکا.

بۆ هەرێمی کوردستانیش کە لە چەقی ململانێ و پێکدادانی هاوپەیمان و لایەنگرانی ئەمریکا وەکوو  ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و، دژبەرانی ئەمریکا وەکوو ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانیدایە، ئەم هەڵبژاردنە هەم گرنگە و هەمیش هەستیار. هەڵە نییە ئەگەر بڵێین بەشێکی زۆری دڵەڕاوکێی ئێران، وەکوو ئەکتەری نەیاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بووە هۆی ئەوەی کە کاندید و هەڵبژاردنێکی جیاوازتری سەرۆکایەتی لە ئێران ببینین و بەرهەمەکەیشی هاتنەسەرکاری “مەسعوود پزیشکیان” بێت.

ئەمەیش پێمان دەڵێت کە تارماییی گەڕانەوەی ترامپ وەکوو سەرۆککۆمار، کاریگەرییەکانی پێشوەختەی بەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەتانی ناوچەکە دەبینرێت. بۆ نموونە ڕووسیا هەوڵی داوە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینا درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ئەگەری هاتنەسەرکاری ترامپ و گوشارەکانی بۆ سەر ئۆکراینا، دەسکەوتەکانی لە ئۆکراینا جێگیر بکات.

ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە لە پاڵپشتیی ترامپ دڵنیایە و ئەوە دەزانێت کە هاتنەسەرکاری ترامپ گوشارەکانی سەری لە ڕووی پاڵپشتیی سەربازی و بەستنەوەی بە مافی فەڵەستینییەکان و یاساکانی جەنگ و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی کەمتر دەکاتەوە. ئێرانیش هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەیەوێت پێش هاتنەسەرکاری ترامپ کێشەکان لە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

تەنانەت تورکیایش کە لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنێکی لە هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە، هەمان ڕوانگەی هەیە کە پێش هاتنەسەرکاری ترامپ بتوانێت پێگەی خۆی بە شێوەیەک بەهێز بکات کە بتوانێت خۆی وەکوو هێزێک بناسێنێت کە دەتوانێت بەنوێنەرایەتیی ئەمریکا لە ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکات و لەم نێوەندەیشدا سووریا و عێراق، بۆ تورکیا ئاڵقەی پێکگەیشتنی ئەم ستراتیژییەیە.

هەروەها هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سعوودیا و میسر و ئیمارات وای کرد، کە تورکیا زیاتر وەکوو براوەیەک لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی هەرێمایەتی دەربکەوێت و هەوڵی ڕۆڵبینین لە ئاستی نێودەوڵەتی بدات. هەروەها ڕووداوەکانی جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان بەهۆی ساپۆرتی سەربازیی تورکیا، بەتایبەتی دابینکردنی درۆن براوەی سەرەکیی ئەم جەنگە، بووە تورکیا.

جگە لەمانەیش، بۆ وڵاتانی عەرەبییش هاتنەسەرکاری ترامپ دەتوانێت هەم دەرفەت بێت و هەمیش هەڕەشە؛ بەم واتایە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ململانێی ئەمریکا و چین، دەتوانێت هەڕەشە بێت و گرنگیی ترامپ بە بازرگانی و ئابووری، هەروەها  توانای ئەو وڵاتانە بۆ کڕینی چەک و فرۆشتنی نەوت دەتوانێت دەرفەت بێت. چین لە لایەک کەڵک لە هێزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت کە ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزێت و پەیوەندییەکی پتەویشتی لەگەڵ نزیکترین هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەکوو ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کەنداودا هەیە و لە لایەکی تریشەوە، پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ ئێران و نەیارەکانی ئەمریکادا هەیە. هەر ئەمەیش وا دەکات کە چین بە کەمترین تێچوو زۆرترین دەسکەوتی دیپلۆماسی و ئابووریی هەبێت.

بۆیە هەڕەشە لە چین، هەڕەشەیە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی عەرەبی و، لە سەردەمی ترامپیش بارگرژیی نێوان چین و ئەمریکا ئەگەرێکی بەهێز و چاوەڕوانکراوە. لە لایەکی دیکەیشەوە، وڵاتانی عەرەبی نیگەرانن لە سیاسەتی ترامپ کە وەکوو هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ  و بێدەنگی، یان لاوازیی هەڵوێستی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران، ئەم جارەیش ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت بەرامبەر هێرشی میلیشیا و پرۆکسییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە. هەرچەندە سعوودییەکان و وڵاتانی کەنداو دەتوانن براوەی سەرەکیی هاتنەسەرکاری ترامپ بن؛ بەو پێیەی کە هەم کەڵکیان لە دەرفەتە نێودەوڵەتییەكان وەرگرتووە و، لە ئاستی ناوچەییدا بەکاریان هێناوە بۆ بەدواداچوونی بەرژەوەندییەکانیان و، تەنانەت جێبەجێکردنی سیاسەتی بەرزەفڕانەی بن سەلمان لە چوارچێوەی ڕوانگەی ٢٠٣٠، دەتوانێت لە چوارچێوەی روانگە و ستراتیژیی ترامپ بێت.

تێگەیشتن لە دۆکترینی دۆناڵد ترامپ

ترامپ لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیدا بەرنامەی خۆی ڕاگەیاندووە و لە ٨ی تەممووزدا کۆمارییەکان بەرنامەی ترامپیان لە پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی حزبەکەیان تۆمار کردووە. لەم بەرنامەیەدا سێ ڕەگەز و بنەمای بنەڕەتی هەیە. کەمکردنەوەی ڕێسا و یاساکان، گرنگترینیانە کە سیاسەتێکی بنەڕەتییە بۆ کۆمارییەکان. بەپێچەوانەی ساڵی ٢٠١٧ کە ترامپ و ڕاوێژکارەکانی ئامادەکاریی پێویستیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری نەبوو، ئەم جارەیان لەشکرێکی هێزی مرۆیی و بەرنامە و سیاسەتی پێویستیان ئامادە کردووە؛ وەک لە خولی یەکەمیدا بەڵێنی داوە بۆ هەر یاسایەک کە دەرچووە، دوو یاسا هەڵبوەشێنێتەوە.

بۆ تێگەیشتن و ڕوونبوونەوەی سیاسەت و ستراتیژیی ترامپ لە ناوچە، پێویستە و دەبێت ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی و دۆکترینی فەرمیی ئیدارەی ترامپ لە سیاسەتی دەرەوەی بەگشتی و لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی (January 20, 2017 – January 20, 2021) بخەینە ڕوو. جێگەی ئاماژەیە کە هەموو ئەمانەیش لەژێر گوتاری America first واتادار دەبێت[1].

ئیدارەی ترامپ دۆكترینی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەدا ناو نابوو “ڕیالیزمی پڕەنسیپ تەوەر” (Principled realism). لە ڕاستیدا ترامپ پێی وا بوو كە هێزی ئابووری و هێزی سەربازی، بەهاكانی ئەمریكا و بەم پێیە ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەپاریزێت؛ بەڵام ڕەگەزەكانی ئەم ستراتیژییە لە چوارچێوەی چەندان سیاسەتی دیكە لە ئاستی كردەییدا بەرجەستە دەبێت.

لەژێر ناونیشانی “ئەمریكا یەكەم”، دەوڵەت-تەوەریی یاخود دەوڵەتگەرایی (Statism)ی ڕیاڵیستەكان هەم لە ئاستی گوتار و هەم لە ئاستی ڕەفتار و سیاسەتدانانی ترامپدا بەرجەستە دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا (National Protectionism)، ترامپ بەنیازە ڕێساکانی ژینگەییی ئیدارەی بایدن بگەڕێنێتەوە دواوە و سنووردارکردنی هەڵکەندنی و دۆزینەوەی بیر و کێڵگەی نوێ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان ئاسان بکات و خەرجییەکانی دامەزراوە و دەزگە فیدراڵییەکان کەم بکاتەوە.

هەروەها ترامپ دەیەوێت کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاکان و کەمکردنەوەی باجی داهاتی کەسی بکاتە هەمیشەیی. جێگرەوە بۆ ئەم کەمکردنەوەیە (نزیکەی ٤.٥ تریلیۆن دۆلار) لە ڕێگەی باج و هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە سیاسەتەکانی بایدنەوە دەکرێت. جگە لەمانەیش، ترامپ بەنیازە 10%ی باج لەسەر هاوردەکردن و 60%ی باج لەسەر کاڵا چینییەکان دابنێت. هەروەها ترامپ بە دوای دوورکەوتنەوەی زیاتر لە چین دەگەڕێت. ترامپ لە ڕێگەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران و بەم پێیەیش کەمبوونی کرێکاریشەوە، دەتوانێت مووچە بەرز بکاتەوە. بەڵام پێ دەچێت لە خودی حزبی کۆماریدا ڕێگری هەبێت و ئەگەری دژایەتی لەلایەن دیموکراتەکان لە دادگەکانیشدا هەیە.

ئەمریكا لە سەردەمی”ترامپ”دا هەوڵی دا ئەم هەژموونەی خۆی لە ڕووی هێز و تواناوە بپارێزێت و ڕێگە لە وڵاتانی نەیاری خۆی، وەكوو ئێران و كۆریای باكوور و چین و ڕووسیا بگرێت كە ئاستی توانا و هێزیان بەرز بكەنەوە؛ چونكە ئەو كاتە دەبوونە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و مانەوەی ئەمریكا. ئەم پاراستنی هەژموون و دابەشکردنی توانایانەیش دەبێتە هۆی پاراستنی “سیاسەتی نێودەوڵەتی” کە لە قازانجی ئەمریکادایە. بۆیە “ترامپ” لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی بارگرژییەكانه‌وه‌ هەوڵی سڕینەوەی بارگرژیی دەدا و، چەمكی Escalation For De-escalation دەتوانێت ستراتیژیی ترامپ لە ڕەفتار و سیاسەتی دەرەكیدا لە هەمبەر كۆریای باكوور و ئێران زیاتر ڕوون بكاتەوە. چونكە ترامپ بەهۆی پێگەی ئەمریكا و دابەشبوونی هێز لە پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی، لە لایەك ڕێگە لە وڵاتە نەیارەكان دەگرێت كە هەڕەشە لە ئاسایشی ئەمریكا بكەن و، لە لایەكی تریشەوە لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی تێچووی بارگرژی و پێكدادان و جەنگ لەگەڵ ئەمریكا، پێگەی ئەمریكا دەپارێزێت و ڕیگە لە بەرزبوونەوەی پێگەی وڵاتان لە ڕێگەی بەدەستهێنانی هەژموون و هێز دەگرێت و دابەشبوونی هێز لە ئاستی پێكهاتەی سیتسەمی نێودەوڵەتی دەپارێزێت. ئەمەیش لە ڕێگەی گوشار، ئابڵووقە و سزا و گەمارۆی ئابووری و دارایی و دیپلۆماسیی هێرشبەرانە و تەنانەت هەڕەشەی هێرشی سەبازییه‌وه‌ ئەنجام دەدات.

ترامپ لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكادا زۆر گرنگی بە دەستەبەركردنی ئاشتی و ئاسایش لە ڕیگەی هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە دەدات، نەک تێوەگلان لە جەنگ. بۆیە چەمكی “ئاشتیی زۆرەملێ”(Bullying Peace)   دەتوانێت ئەم ڕوانگەیەی ترامپ ڕوون بكاتەوە. بەم واتایە كە ئەمریكا ئاشتی و ئاسایش لە ڕێگەی بەهێزبوون و هێزی سەربازییه‌وه،‌ بەبێ بەكارهێنانی، دەستەبەر دەكات. هەر بۆیە “ترامپ” زۆر گرنگی بە ڕێككەوتن و هاوپەیمانێتییه‌كان و تەنانەت ڕۆڵی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان نادات.

بەم پێیەیش چەمكی “هاوپەیمانێتیی كەم-تێچوو” (Low -Cost Alliance) وێنای ڕەفتاری ترامپ ده‌كات لە دەرچوون لە ڕێككەوتننامەی كەشوهەوای پاریس، هەروەها ڕێككەوتننامەی “ترانس–پاسێفیك” و هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپی بۆ كەمكردنەوەی بوودجەی “ناتۆ” و وەئەستۆگرتنی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت داواكردن لە وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی، بەتایبەتی سعوودیا، بۆ وەئەستۆگرتنی تێچووەكانی جەنگ لە سووریا، هەروەها وتەكانی ترامپ لە هەمبەر هێزەكانی ئەمریكا لە كۆریای باشوور و هتد. بۆ نموونە هەڵوێستی ئەمریكا لە هەمبەر ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و 5+1 و هاتنەدەرەوەی “ترامپ” لە ڕێككەوتنەكە، هەروەها هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر كۆریای باكوور و، لە بەرامبەردا ڕازیبوونی كۆریای باكوور بۆ ڕاگرتنی هەموو چالاكییە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی، دەرهاوێشتەی ئەم سیاسەتەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەبێت.

لەم چوارچێوەیەدا پێ دەچێت وەکوو خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، گوشارەکانی ترامپ بۆ سەر دەوڵەتانی ئەوروپی بۆ گرتنەئەستۆی تێچوو و هێزی مرۆیی و بەشداریی سیاسی و بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ئەوروپی بەردەوام بێت. بەم واتایە كە پێوستە لە لایەك دەوڵەتانی ئەوروپی لەگەڵ ئەمریكا لە ناوچەكەدا و لە ئاستی نێودەوڵەتی و تەنانەت سەبارەت بە ڕووسیا، هەروەها لەسەر پرسی كۆماری ئیسلامی هاوڕا بن و، لە لایەكی دیكەیشەوە  ئەو بەرپرسیارێتییه‌ بگرنە ئەستۆ و جێگەی هێزەكانی ئەمریكا بگرنەوە. بێجگە لەمەیش، ئەو وڵاتانە تێچووە سەربازییەكانی “ناتۆ” لە بری ئەمریكا بگرنە ئەستۆ، چونكە لە ڕاستیدا ترامپ پێی وایە، مەترسیی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەروەها مەترسییەکانی ئێران و بارودۆخی ناسەقامگیری ئەم ناوچەیە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپی دادەنێت. بۆ نموونە لە 20-12-2019 دا ترامپ دەڵێت: “کشانەوە لە سووریا سوپرایز نەبوو، چونکە من ماوەی چەندان ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەم؛ شەش مانگ پێش ئێستایش بەئاشکرا ڕام گەیاندووە کە دەمەوێ بکشێینەوە، بەڵام دواتر ڕازی بووم ماوەیەکی دیکەیش بمێنینەوە.”

تێگەیشتن لە دۆکترینی سیاسەتی دەرەکیی دۆناڵد ترامپ لە هەمبەر ئێران و ناوچەکە

لە بەڵگەنامەی 68 لاپەڕەییی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا لە كۆتاییی مانگی دێسەمبەری 2017 وەكوو یەكەمین بەڵگەنامەی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتیی “دۆناڵد ترامپ”، ئاماژە بەوە دەدات كە ئێران لە ئاستی جیهانیدا ڕێبەرایەتیی تیرۆریزم دەكات. بۆیە ئێران سوود و قازانجی لە ناسەقامگیركردنی ناوچەكەدا و، هەروەها بڵاوبوونەوەی چەك هەیە؛ ئەمەیش بە مەبەستی زیاتركردنی نفووزی خۆی لە ڕێگەی هاوپەیمان و هێزە نادەوڵەتییەكان كە “جەنگی بەنوێنەرایەتی”ی بۆ دەكەن. هەروەها ئێران سوود لە ململانێ هەرێمییە درێژخایەنەكان و لاوازی و داڕمانی دەوڵەتان یاخود ڕژیمەكانی ناوچەكە دەبینێت. لە لایەكی تریشەوە كۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانا مووشەكییە بالستیكییەكان و توانا ئەتۆمییەكان و هەڕه‌شە سایبەرییەكان، هەڕەشە لە ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەكە و هەموو جیهان دەكات.

ڕۆژی 8-5-2018 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكای لەمەڕ دەرچوونی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 جێبەجێ كرد. ئەم ڕووداوە بە یەكێك لە گرنگترین، ئاڵۆزترین و پڕمشتومڕترین بڕیارەكانی ئیدارەی ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دادەنرێت. هەروەها لە ڕۆژی 8-4-2019 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، لە بڕیارێكی بێوێنەدا بەفەرمی پلانی ئیدارەکەی بۆ ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەكوو “ڕێكخراوێكی تیرۆریستی” ڕاگەیاند و سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی بیانی. هەروەها ترامپ سیاسەتی زۆرترین گوشار (Maximum Pressure)ی لە دژی ئێران خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژی 22/4/2019، ئه‌مریكا داوای له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ نه‌وتی ئێرانیان ده‌كڕی، كرد كه‌ ده‌ست له‌ هاورده‌كردن و كڕینی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵگرن و له‌ ڕۆژی 2/5/2019وه‌ هه‌ر وڵاتێك پابه‌ند نه‌بێت، ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه‌.

هەموو ئەمانەیش وای کرد، له‌ ڕێكەوتی (13-6-2019) لە کەنداوی عوممان نزیک لە گەرووی هورمز، هێرش بكرێتە سەر دوو کەشتیی نه‌وتهه‌ڵگر و؛ ئیمارات، سعوودیا و نۆروێژ، نەتەوە یەكگرتووەكانیان ئاگادار كردەوە كە كەشتییە بازرگانییەكانیان لە سنوورە ئاوییەكانی ئیماراتدا (فوجەیرە) كراونەتە ئامانج و زیانیان پێ گەیشتووە. دوو ڕۆژ دوای هێرشی سەر كەشتییەكان، حكوومەتی سعوودیا ڕای گەیاند كە لە ڕێکەوتی (14ی ئەیلوولی 2019 ) درۆن (فڕۆكەی بێفڕۆكەوان) دوو وێستگەی دەرهێنانی نەوتی سعوودیا، سه‌ر بە دامه‌زراوه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆ – (Saudi Aramco)ی كردووەتە ئامانج و، دواتریش هێزە شیعەكانی حووسی لە یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ. پاش ئەوە لە ڕۆژی (20-6-2019) درۆنی RQ-4 Global Hawkی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە؛ لە پاش خستنەخوارەوەی درۆنەكە، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕای گەیاند، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە، پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا. پاشان ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوه‌‌، سه‌رۆكی ئەمریکا ڕازی بووه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئێران، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ تێكشكانی فڕۆكه‌كه‌ی ئەمریکا؛ به‌ڵام كتوپڕ له‌ بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌.

لە لایەکی دیکەوە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە “دامەزراوەی هێریتاج” (Heritage Foundation) لە ئەمریكا لە ڕۆژی 21-5-2018دا له‌ گوتارێکدا بە ناونیشانی “دوای ڕێککەوتنەکە: ستراتیژیی نوێ لەبارەی ئێران” (After the Deal: A New Iran Strategy)، ستراتیژیی وڵاتەکەی لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ لەبارەی ئێرانی خستە ڕوو.[2]  ئەگەر بەوردی سەیری مەرجەکانی ئیدارەی ترامپ لە خولی یەکەمدا بکەین، دەبینین هیچ کام لەم مەرجانە تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو بگرە لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زۆربەی ئەم خاڵانە زیاتر لەلایەن ئێرانەوە پێشێل کراوە. بۆ نموونە، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار و 525 کیلۆگرام، کە نزیکەی یەک تۆن زیاترە لەو بڕەی کە چەند مانگ لەمەوبەر ڕاگەیەنرابوو (4 هەزار و 487 کیلۆگرام). ئەم ژمارانە بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ٣٠٠ کیلۆیە زیاترە کە بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکەی JCPOA ساڵی ٢٠١٥ ڕێگەپێدراوە کە بەپێی بڕیاری (2231)ی ئەنجومەنی ئاسایش چالاکییە ئەتۆمییەکانی تارانی سنووردار کردووە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێران نزیکەی 121.5 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی بەرهەم هێناوە. لە کاتێکدا رێژەی پیتاندنی 90% پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام کاریگەریی ئەم سنووربەزاندن و چالاکییانە ئەوەیە کە بە وتەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێران ئێستا دەتوانێت تەنیا لە ماوەی یەک یان دوو هەفتەدا یۆرانیۆمی پێویست بۆ چەک (WGU) بەرهەم بهێنێت کە بتوانێت یەک بۆمبی ئەتۆمی (یان حەوت بۆمب لە مانگێکدا) دروست بکات. بە واتایەکی تر ئێران دەتوانێت ماددەی پێویست بەرهەم بهێنێت کە بۆمبێک دروست بکات پێش ئەوەی پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاگادار ببنەوە.

 بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان-رۆژنامەی “ئەلجەریدە”ی كوێتی– لەم ماوەیەی ڕابردوودا ئیدارەی بایدن پەیامێکی نهێنیی بۆ تاران ناردووە کە ئامادەیە بە چەند هەموارێکی کەم، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ زیندوو بکاتەوە و لە بەرامبەریشدا ئێران چەند مەرجی هەبووە کە گەرەنتیی ئەوە بدرێت کە ئەمریکا میکانیزمی ماشە (snapback mechanism) چالاک ناکات و ئیدارەی داهاتوویش کە بە ئەگەری زۆرەوە ترامپە، لە ڕێککەوتنەکە دەرناچێت و، هەروەها پاش ئاشکراکردنی شوێنی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، ئەوە ئەو شوێنانە ناکرێنە ئامانج و ئەمریکا بەتەواوی پابەند دەبێت بە بەڵێنەکانییەوە لە بەرامبەر ڕاگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.

لە بارودۆخی ئێستا و سەروبەندی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترامپ، یارمەتیدانی سەربازیی ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە و، هەناردەکردنی درۆن بۆ ڕووسیا، ئێرانی ڕووبەرووی ئالنگاریی توند و بێوێنە کردۆتەوە؛ هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزکردنی خۆی و ڕەواندنەوەی مەترسییە ناوخۆیییەکان، هەوڵی داوە کەسێکی میانڕەوتر هەڵبژێرێت و لە ئاستی دەرەکیدا هەوڵی داوە بارگرژییەکان خاو بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە چین نزیک ببێتەوە و ئەم نزیکبوونەوەیەیش جگە لە پرسی شکاندنی گەمارۆکان و فرۆشتنی نەوت، جۆرێک لە دڵنیاییی دابووە ئێران لە ڕووی ئاسایشی و سیاسییەوە، بەڵام هاتنەسەرکاری ترامپ بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە و هاتنەسەرکاری پزیشکیان ئاماژەیە بۆ دوورکەوتنەوە لەم ستراتیژییە، چونکە چینیش بەدڵەڕاوکێوە دەڕوانێتە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترامپ.

ئەمریکای سەردەمی ترامپ، چین بە هەڕەشە و پرسی یەکەمی ئاسایشی ئەمریکا دادەنێت، بەڵام لە زۆر بوار و پرس پێکەوە هاوکاری دەکەن، چونکە جگە لە قەبارەی گەورەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوولایەنە، هەروەها ئاستی بەرزی پێکەوەگرێدراوی ئابووریی چین و ئەمریکا، چین تاوەکوو ئێستا بەرژەوەندییەکانی لەم سیستەمەدا پارێزراو بووە و پشکی شێری بەرکەوتووە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دەیەوێت مەترسیی یەکەم کە چینە کۆنترۆڵ بکات و،  لە لایەکی دیکەیشەوە ترامپ دەیەوێت ڕووسیاش لە ڕێگەی ئەوروپییەکانەوە هاوسەنگ بکاتەوە و، بەم پێیەیش کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چیتر ئەولەوییەتی سەرەکیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا  لە سەردەمی ترامپدا نین.

تەنانەت ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەل سعوودیا لە چین و هەمیش لەگەڵ ئیمارات و، هەم ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق لەلایەن عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەو کاتەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی کۆماری ئیسلامییەوە واژۆ کراوە و، ئەمەیش دەڕبری ئەو ڕاستییەیە کە پرسەکە بۆ کۆماری ئیسلامی پرسێکی ئەمنییە و ئەم بڕیارانە لەلایەن خودی “ئایەتوڵڵا خامنەیی” بڕیاری تایبەتی لەسەر دراوە.

لە لایەکی دیکەیشەوە، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە بەنهێنی بارگرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا خاو بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا هەم سزاکان سووکتر بکات و هەمیش ڕێگە لەوە بگرێت کە ئەمریکا لەگەڵ ئەوروپییەکان بەهۆی هەڵە ستراتیژییەکەی ئێران سەبارەت بە ناردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیا لە جەنگ دژی ئۆکراینا، هەروەها بەبنبەستگەیشتنی دانوستانەکانی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لەم چوارچێوەیەیشدا بەرزکردنەوەی ئاست و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاکیی نهێنی و ڕێگەگرتن لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و…، لە سەردەمی ترامپدا سزا و ئابڵووقەی قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنرێت. بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خامنەیی، “عەلی شەمخانی”، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کراوەتە بەرپرسی دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی و، ئەم پرسە لە دەسەڵاتی کابینەی ڕەئیسی نەبووە.

تەنانەت ئێران ترسی هەیە کە لەم کاتە هەستیارەدا و بە هاتنەسەرکاری ترامپ، ئەوروپییەکان سوپای پاسداران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە و ئەمەیش دۆخەکە بۆ ئێران زیاتر لە جاران لە ناوچەکەدا مەترسیدار بکات. لەمەیش مەترسیدارتر بۆ ئێران لە سەردەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترامپ ئەوەیە کە بەهۆی ئەم کێشە و هاوکێشە نوێیە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانە، ئیسرائیل بە هاوکاریی ئیدارەی ترامپ لە ئەمریکا و گلۆپی سەوزی ئەوروپییەکان بەهۆی یارمەتیدانی ڕووسیا لە جەنگ لە ئەوروپا، هەم یارمەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و خۆپیشاندەران بدەن بۆ ڕووخان یان لانی کەم لاوازکردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و هەمیش پێکەوە پلان و بەرنامەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی سنووردار لە دژی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران دابڕێژن و پلانەکە بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.

بە بڕوای ئێرانییەکان پلانی ئەمەیش لە وتارە ٥٣ خولەکییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لە ٢٤-٧-٢٠٢٤ لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕوونی خرایە ڕوو کە ناتانیاهۆ وتی: ئێران سەرەتا دەیەوێت شەڕی ئێمە بکات، دواتر شەڕی ئەمریکا. هەر بۆیە ئەم شەڕەی ئێمە دەکەین، شەڕی ئەمریکایە. پێکەوە دەجەنگین و پێکەوە سەر دەکەوین؛ چونکە دەرەنجامەکە ئەوەیە کە تەنیا بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک (هاوپەیمانیی ئیبراهیم) لە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئیسرائیل، مەترسیی ئێران بۆ سەر شارستانییەتی ڕۆژاوا لا ببرێت.

کۆبەند

پێشووتر و لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپ، کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی “پشوودرێژیی ستراتیژی” و “دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی“ی لە چوارچێوەی سیاسەتی “ئایەتوڵڵا خامنەیی”، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە هەمبەر ئەمریکا، ناسراو بە “نە دانوستاندن و نە جەنگ”، گرتبووە بەر. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترامپ بە بەرزکردنەوەی گوشار و پاڵەپەستۆ لە ڕێگەی سزا و ئابڵووقەکانەوە بۆ سەر ئێران و، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کە ئەگەر ئێران هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی هێزە بەنوێنەرایەتییەکانییەوە) بکاتە سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەوە ڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار دەبێت و ڕووبەڕووی گورزی سەربازی دەبێتەوە، وای کرد کە ئاستی بارگرژییەکان بەرز ببێتەوە.

لە ئێستادا، تیمی بی (B-team) وەکوو ئاماژەی محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران (بۆلتۆن و بن سەلمان و بن زائد و بنیامین نا‌تانیاهۆ) وەکوو کەسانێک کە دەیانەویست ترامپ و ئەمریکا بەرەو جه‌نگێکی نەخوازراو لەگەڵ ئێران بەرن، نەماون. بەم واتایە کە بۆڵتۆن لا دراوە، بن سەلمان و بن زائد چیتر دوژمنایەتیی ئێران ناکەن و بنیامین نا‌تانیاهۆش لە دۆخێکی نالەباری ناوخۆیی و لەژێر گوشاری ئاسایشیدایە. هەر بۆیە هەوڵەکانی ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەم چوارچێوەیەدایە کە ترامپ چیتر وەکوو خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی نەتوانێت وڵاتانی دراوسێی نەیار و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەکار بێنێت.

راستییەکی دیكە ئەوەیە کە سەڕەرای نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی ترامپ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە ئاستی ناوخۆیییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاپەرینی جەماوەری هاوشێوەی ٢٠٢٢ نەبێتەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە بتوانێت بە شێوەیەکی ڕێژەیی بارودۆخەکە جێگیر بکات، دەتوانێت لە سەردەمی سەرۆکایەتیی داهاتووی ترامپدا کۆنترۆڵی بارگرژییەکان بکات، چونکە ئێران ئێستا بەباشی ترامپ دەناسێت و ئەزموونی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی وەرگرتووە.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، یەكێك لە سیاسەتەكانی ئێران لە هەمبەر ئەمریكا لە چوارچێوەی ئەزموونی لە خولی یەکەمی ترامپ، بریتی دەبێت لەوەی كە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بارگرژییەکان و ترسی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریكا، لە لایەك  دەزانێت ترامپ جەنگی ناوێت و خۆی لێ به‌دوور دەگرێت و، لە لایەكی تریشەوە ناكۆكی و لێكترازان لە خودی ئەمریكا لە نێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان دروست بكات. بەم واتایە كە ئێران ئەم سیاسەتەی بەپێی دوو لێكدانەوە یاخود ڕاستی پەیڕەو دەكات: یەكەم، بەڵێنی خودی ترامپ لە بەرامبەر ڕای گشتیی ئەمریكا كە خوازیاری تێوەگلان لە جەنگێكی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و، دووەم دژبەرانی ترامپ، بەتایبەتی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس و بەتایبەتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەهۆی ئەگەر و هەڕەشەی سەرهەڵدانی جەنگ، ترامپ سنووردار بكەن.

ئەم دوو گریمانەیە وا دەكات كە ئێران بەبێ دڵەڕاوكێیەكی ئەوتۆ لە كاردانەوەی سەربازیی ترامپ، ئاستی بارگرژییەكان بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەی لە پێگەیەكی بەرزتره‌وه‌ مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكات و تەنانەت ئەمریكا ناچار بكات پاشەكشە لە گوشار و سزاكانی سەر ئێران بكات. هەروەها بەهۆی گوشاری ناوخۆیییەوە بۆ دووركەوتنەوە لە جەنگ، دۆناڵد ترامپ ناچار بكات كە دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەست پێ بكات؛ ئەمەیش لە ڕێگەی كەمكردنەوەی سزاكان بۆ كردنەوەی دەرگه‌ی دانوستاندن و گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران. ئامرازی سەرەكیی ئەمەیش هێزە چەكدارە شیعە و بەنوێنەرایەتییەكانی لایەنگری ئێرانە لە ناوچەكەدا، چونكە ئێران بەم كارەی، دەیەوێت سنووری بارگرژی و جەنگ وا بەرفراوان بكات كە لە ئەگەری هەر جەنگێك كۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود لانی كەم ناوچەی كەنداو بگرێتەوە. ئەمەیش ئەگەری وه‌ڵامدانەوەی سنوورداری سەربازیی ئەمریكا زۆر لاوازتر دەكات و، بەهۆی لێكەوتە چاوەڕواننەكراوەكانی لە ناوچەكەدا ڕەوایەتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی پێ نادات.

بەڵام ئەوەی کە ئەم هاوکێشە دەتوانێت پێچەوانە بکاتەوە، دەستپێڕاگەیشتنی ئێرانە بە چەکی ناوکی و، هەروەها ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیلە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران کە وا دەکات ئەمریکا لە جەنگێکی نەخوازراودا تێوە بگلێت. چونکە ڕێگه‌گرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردان و په‌لهاوێشتنه‌كانی ئێران له ‌ناوچه‌كه‌ و، هه‌روه‌ها ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئێران و ئەكتەرە سەركەشەكانی تر (Rouge States) به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی و كۆكوژ بۆ تێكدانی هاوسه‌نگیی هێز و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌م ناوچه‌یه‌، بنەمایەی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە. هەروەها خودی کەسایەتیی ترامپ ئێران نیگەران دەکات کە نایەوێت وەکوو شکستخواردوو هەژمار بکرێت و بکەوێتە بەر ڕەخنەی لایەنگرانی ئیسرائیل و کۆمارییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا و، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەکوو ئەکتەرێکی لاواز دەربکەوێت. جگە لەمانەیش، گوشاری ترامپ و هەوڵی لێکنزیککردنەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی “ئاشتیی ئیبراهیم” (Abraham Accords) دەستی پێ كردووە، کە ئاستی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئاسایشی هەرێمایەتیی ئیسڕائیل بەرز بکاتەوە، ئەو گۆڕانکارییەیە کە ئێران بەرەوڕووی دڵەڕاوکێی ئاسایشی دەکاتەوە.

جگە لەمانەیش، یەکێک لە بنەما ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ، ڕێگه‌گرتنە له‌ باڵاده‌ستیی ئەكتەر و هێزه‌ سه‌رووناوچه‌یییه‌كانی نه‌یاری ئه‌مریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وه‌كوو: ڕووسیا و چین كە بە سیاسەتی هاوسەنگی لە ڕێگەی دوور (Off-shore balancing) دەناسرێت. هەر بۆیە ئێران ئەو ڕاستییەیش دەزانێت کە پێداگریی ترامپ لەسەر هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانەكان دەربارەی ئێران، گرنگیی زۆری لەسەر داهاتووی ستراتیژیی ئەمریكا لە هەمبەر ئێران هەیە. ئەم پێداگرییە دەتوانێت دڵنیاییی زیاتر بداتە ئیسڕائیل و دەوڵەتانی سوننەی ناوچەكە وەكوو سعوودیا و، هەروەها ده‌توانێ ئەوروپییەكانیش لەگەڵ ئەمریكادا بۆ سنوورداركردنی ڕۆڵی تێكدەرانەی ئێران هەماهەنگ بكات. بۆیە ئەمریكا ده‌یەوێت لەگەڵ وڵاتانی دژی ئێران لە ناوچەكە و، هەروەها هاوپەیمانە ئەوروپییەكان، ئێران گەمارۆ و سزا بدات. تەنانەت پێشبینی دەكرێت كە ئێران وەكوو كارتی دانوستان لەلایەن ڕووسیا و چین كەڵكی لێ وەربگیرێت.

بۆیە لە ئێران و لە ئاستی ناوخۆییدا ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێگەی دا پزیشکیان بێتە سەرکار و لە ئاستی دەرەکییشدا هەوڵ دەدات بە کارتی حەماس و پاشان فەڵەستینییەکان و بەتایبەتی حزبوڵڵا و حووسییەکان و میلیشیا عێراقییەکان ئەم هەڕەشانەی ئیسرائیل کۆنترڵ بکات. جگە لەمانەیش، بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەیەوێت کارتەکانی بەردەست ترامپ و ئیسرائیل لاواز بکات.

لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانین بڵێین کە لە سەردەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ، هەموو هاوکێشەکانی ناوچەکە لەژێر کاریگەریی داینامیزمی پێکدادان و ململانێ و، هەروەها دانوستانی ئێران و ئەمریکا لە لایەک و چین و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوەدا دەبێت. جەختكردنەوەی زۆری ترامپ لەسەر پرسی ئابووری و بەتایبەت داراییی ئێران لە پاش ڕێككەوتنی ئەتۆمی، دەربڕی ئەوەیە كە ترامپ هەوڵ دەدات دووبارە كەناڵ و دەرچەكانی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە سەرچاوە دارایییە نێودەوڵەتییەكان بلۆك بكاتەوە و ڕێوشوێنی تایبەت لەم بوارەدا بگرێتە بەر. هەروەها ئەوە دەردەخات كە ئەمریكا له‌ هەوڵی سەپاندنی سزا و گەمارۆی نوێی ئابووری و داراییدایه‌ بەسەر كۆماری ئیسلامیدا. ئەمەیش پەیامێك دەبێت بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی و ڕووسیا و چین كە لەوانەیە ئەوانیش بەهۆی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری و دارایی لەگەڵ ئێران بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بكەونە بەر ئەو گەمارۆ و سزا دارایی و ئابوورییانەوە. هەر بۆیە دەبێت چاوەڕێی هەردوو سیناریۆی بەرزبوونەوەی پێکدادان و بارگرژییەکان و، هەروەها دانوستان و ڕێککەوتنیش بین، کە کاریگەریی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

[1]Make America Great Again

[2] – پۆمپیۆ، دوازدە(١٢) مەرجی بۆ گۆڕانكاری لە سیاسەت و ڕەفتاری ئێران دانا کە بریتیبوون لە:

١- دەبێت ئێران تەواوی ڕەهەندە سەربازییەكانی پێشووی سیستەمی ناوکیی خۆی ئاشکرا بکات و بەردەوام ڕێگە بە پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات پـشکنین بکات.

٢- ئێران دەبێت پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و هیچ كاتێك هەوڵ نەدات کار لەسەر پیتاندنەوەی پـلۆتۆنیۆم بکات و، هەروەها ڕیئه‌کتۆری ناوکی، ئەوەی بە ئاوی قورس کار دەکات، دابخات.

٣- ئێران پێویستە مۆڵەتی بێسنوور بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات لەوەی كە دەستی بە هەموو دەزگه‌ ناوکیـیەکان ڕابگات، بە سەربازی و ناسەربازییشەوە.

٤- ئێران دەبێت سنوورێک بۆ بڵاوکردنەوەی مووشەکی بالیستی و هەڵدانی ئەو مووشەکانەی كە دەکرێت کڵاوەی ناوکی هەڵبگرن، دابنێت.

٥- دەبێت ئێران هاووڵاتیانی ئەمریكی و هەموو هاووڵاتیانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا كە بەندی كردوون، ئازاد بكات.

٦- پێویستە ئێران سنوورێک بۆ پـشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆرستیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی، دابنێت.

٧- ئێران دەبێت ڕێز لە حکوومەتی عێراق بگرێت و، ڕێگە بدات كە ملیشیا شیعەکان چه‌ك بکرێن.

٨- دەبێت ئێران سنوورێک بۆ پشتیوانیکردنی حووسیـیەکانی یەمەن دابنێت و، هەروەها بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە یەمەن، کار بکات.

٩- ئێران دەبێت پاشەكشە بە هەموو هێزەكانی خۆی و، هەروەها هێزەكانی ژێر فەرمانی لە سووریا بكات.

١٠- ئێران دەبێت كۆتایی بە پـشتیوانیکردنی لە تاڵیبان و قاعیدە و ڕێکخراوی دیکەی تێرۆریستی لە ئەفغانستان بهێنێت.

١١- ئێران دەبێت كۆتایی بە پشتیوانیکردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە تیرۆریستان و هاوپەپەیمانە میلیشیایییەكانی لە جیهاندا، بێنێت.

١٢- پێویستە/دەبێت ئێران كۆتایی بەو ڕەفتارانەی كە جێی هەڕەشەن بۆ سەر دراوسێـکانی، کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریکان، بێنێت. ئەمە مەسەلەی هەڕەشەی وێرانکردنی ئیسڕائیل و لەناوبردنیشی دەگرێتەوە؛ هەروەها هاوێشتنی مووشەک بۆ سەر سعوودیـا و ئیمارات و هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی و هێرشی ئەلیکترۆنییش دەگرێتەوە.