پێنووس
Kurdish people celebrate to show their support for the upcoming September 25th independence referendum in Erbil, Iraq September 8, 2017. REUTERS/Azad Lashkari

کوردەکان قوربانییە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، نەک فەڵەستینییەکان

گەلی کورد، کە لە دەوڵەتی خۆی بێبەش کراوە، دووچاری جینۆساید بووەتەوە. ڕۆژاوا باکی بەمە نییە، چونکە ستەمکارەکانیان ئیسرائیلی نین.

دەیڤد هاریس (David Harris)

ماڵپەڕ: تەلەگراف (Telegraph)

بۆچی هەندێک دۆز تەواوی سەرنج و دڵسۆزییەکان بۆ خۆیان قۆرخ دەکەن، لە کاتێکدا جیهان تا ڕاددەیەکی زۆر دۆزەکانی دیکە فەرامۆش دەکات یان بە کەم سەیریان دەکات؟

بۆچی ئەوانەی بانگەشەی خەمخۆری بۆ دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، لە هەندێک دۆزدا بەوپەڕی گوڕوتینەوە دێنە مەیدانەوە، کەچی لە دۆزەکانی دیکەدا بە شێوەیەکی سامناک بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟

نموونەیەکی پراکتیکیی زەق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا بوونی هەیە. نموونەکە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە؛ نەتەوەیەک کە ژمارەیان زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەسە و بۆ زیاتر لە سەدەیەکە لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بێبەش بوون. دەزگه‌کانی ڕاگەیاندنی ونبوو لە گۆڕەپانەکە، چالاکوانە بێباکەکانی زانکۆکان، خۆپیشاندەرە ئامادەنەبووەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)ی بێدەنگ و، ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ڕۆژاوا کە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو تووڕەیی دەردەبڕن و بانگەشەی پاڵپشتیکردنی قوربانییان دەکەن، تا ڕاددەیەکی زۆر ئەم نەهامەتییەی کوردیان پشتگوێ خستووە.

سەدەیەک لەمەوبەر و دوای ئەوەی هێزە هاوپەیمانەکان “ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی”یان تێک شکاند، دەکرا دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت. ڕێڕەوی ئەمەیش لە پەیماننامەی سیڤه‌ر (Treaty of Sèvres)ی ساڵی ١٩٢٠دا دیاری کرابوو، کە چارەنووسی ئەو خاکانەی دیاری دەکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بوون. پەیماننامەکە ناسنامە و خواستەکانی کوردی سەلماند، بەڵام هەرگیز نەیانکردە واقع.

لەبری ئەوە، ئەو ناوچانەی دانیشتووانەکەی کورد بوون، یان وەک پێی دەگوترا کوردستان، دابەش بوون بەسەر ئەو خاکانەی کە دواتر بوونە ئێران، عێراق، سووریا و تورکیای هاوچەرخ. لە دەرەنجامی جەنگدا، دیپلۆماتکاران و نەخشەکێشەکان لە لەندەن و پاریس سنوورەکانیان دووبارە کێشایەوە، دەوڵەتی نوێیان دروست کرد و، ناوچەی قەڵەمڕەوییان دیاری کرد وەک ئەوەی ناوچەکە باخچەی پشتەوەی ماڵەکانی خۆیان بێت.

ئەو ڕاستییەی کە کورد نەتەوەیەکی جیاواز بوون و مێژوو، ناسنامە، زمان و که‌لتووری تایبەت بە خۆیان هەبووە، بەدەگمەن لەم نەخشە جیۆپۆلیتیکییە گەورەیەدا جێگەی بایەخ بوو. داڕێژەرانی ئەم نەخشەیە کوردانیان دووچاری چارەنووسێکی کارەساتبار کرد کە بۆ زیاتر لە سەدەیەکە لە پێگەی نەتەوەیی بێبەشی کردوون.

لەگەڵ ئەوەیشدا، کوردەکان خۆڕاگرییەکی بێوێنەیان نیشان داوە و ڕەتیان کردووەتەوە دەستبەرداری خواستەکانیان ببن یان واز لە حەسرەتی ئازادی بهێنن؛ تەنانەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەوساندنەوەی ناوە بە ناوه‌، سەرکوتکردنی زمان، ناسنامە و که‌لتوور و، لە عێراقیشدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو جینۆسایدەی کە لە کاتی هەڵمەتی ئەنفالی “سه‌دام حوسێن”دا ڕووی دا.

ڕاستییه‌كه‌ی، بەهۆی ئازایەتی و دلێریی کوردەکانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژاوا لە کاتی پێویستدا بۆ هاوکاریی چارەنووسساز پەنایان بۆ بردوون، لەوانەیش لە ململانێی دژ بە ڕژێمەکەی سەدام حوسێن و دواتریش دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (ISIS)، بەڵام هەر کە پێویستییان بە پاڵپشتیی کوردەکان نەماوە، پشتیان تێ کردوون. ئەم هەستکردنە بە مامەڵەی پچڕپچڕی وڵاتانی دیکە، ئەو پەندە کوردییە ڕوون دەکاتەوە کە دەڵێت: ”هیچ دۆستێکمان نییە جگە لە چیاکان. ”

بەڵام بەئامانجگرتنی بێوچانی کوردەکان، سەرنجی ئەو کەسانەی لە ڕۆژاوا ڕانەکێشاوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن هاندەری ستەملێکراوانن.

کێ دەتوانێت ڕێپێوانێکی جەماوەریی فراوان بۆ ماف و ئازادیی کورد لە ناوەڕاستی لەندەن یان ناوەڕاستی تۆرۆنتۆ، یان گردبوونەوەیەکی گەورە لە تایمز سکوێر (Times Square)ی نیویۆرک یان لە دەرەوەی بینای ئۆپێرا هاوسی سیدنی (Sydney Opera House) وه‌بیری خۆی بهێنێته‌وه‌؟ دۆزی کورد سەرجەم مەرجە پێویستەکان پڕ دەکاتەوە – قوربانیانی جینۆسایدی سەلمێنراون، ئامانجی هێرشی چەکی کیمیایین، تینووی مافی چارەی خۆنووسینن، لە هەوڵی ڕزگارین – کەچی هیچ دەنگهەڵبڕینێک، هیچ کاروانێکی دەریایی (flotillas)، هیچ کەمپینێک، هیچ هاوسۆزییەکی پۆشاکی  [1](sartorial solidarity)و، بە شێوەیەکی گشتی هیچ شتێک نابینرێت. بۆچی؟

بۆ نموونە، بۆچی نزیکەی پێنج ملیۆن فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژاوا و غەززە سۆزی خەڵکێکی هێندە زۆر دەجووڵێنن، کەچی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کورد ناتوانن ئەوە بکەن؟

بۆچی فەڵەستینییەکان، کە سەرکردەکانیان چەندان پێشنیازی دەوڵەتبوونیان ڕەت کردووەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەی پیڵ (Peel Commission) لە ساڵی ١٩٣٧، تا ئێستایش خاوەنی کۆمەڵەیەکی هاندەری دڵسۆزن کە هاوار بۆ دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن، بەڵام کاتێک نزیکەی ٩٣٪ی کوردەکانی عێراق لە ڕیفراندۆمێکی پابەندنەکەردا لە ساڵی ٢٠١٧ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە پاڵپشتیی ئێران داواکارییەکەیانی ڕەت کردەوە و وڵاتانی ڕۆژاواش تا ڕاددەیەکی زۆر فەرامۆشی کردن؟

هەندێک کەس پێیان وایە کە کوردەکان چاوه‌ڕوانیی ناواقعییان هەیە. هه‌رچۆنێك بێت، ئەوان لە چوار وڵاتی دانیپێدانراودا دەژین، بۆیە گۆڕینی سنوورەکان بژاردەیەک نییە. بەڕاست؟ ئایا ئەو سنوورانەی کە هێزە کۆلۆنیالیستە دوورەکان سەدەیەک لەمەوبەر کێشاویانە، دەبێت بۆ هەتایە وەک خۆیان بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو هێزانە بە شێوەیەکی لووتبەرزانە واقعی مه‌یدانییان پشتگوێ خستبێت تەنیا بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی خۆیان پێش بخەن؟

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ده‌كرێت سنوورەکان بگۆڕدرێن. نموونە نوێیەکان زۆرن. یەکێتیی سۆڤیەت (Soviet Union)  هەڵوەشایەوە و، ١٥ وڵاتی جێگرەوە جێگەیان گرتەوە. یوگۆسلاڤیا (Yugoslavia) داڕما و حەوت نەتەوەی خاوەن سەروەری دەرکەوتن. چیکۆسلۆڤاکیا (Czechoslovakia)، هاوشێوەی یوگۆسلاڤیا، کە بەرهەمێکی دیکەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بوو، ڕووبەڕووی ”جیابوونەوەیەکی ئارام” (velvet divorce)  بووه‌وه‌ لەنێوان پێکهاتە چیکی و سلۆڤاکییەکانیدا. سوودانی باشوور (South Sudan) وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ، لە سوودان (Sudan) جیا بووەوە. هەمان شت بۆ ئێریتریا (Eritrea) لە ئیتیۆپیا (Ethiopia) و تەیمووری ڕۆژهەڵات (East Timor) لە ئیندۆنیزیا (Indonesia) ڕاستە. لە هەمان کاتدا، سۆماڵی لاند (Somaliland)  بۆ زیاتر لە سێ دەیە وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیفاکتۆ و جیا لە سۆماڵ کار دەکات، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا دانپێدانانی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی بەدەست نەهێناوە.

ناهەوسەنگییەکی زەق

لەمڕۆدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) لە باکووری عێراق زەقترین بەڵگە بۆ سەربەخۆییی کورد دەخاتە ڕوو. دەکرێت بگوترێت کە باشترین شێوازی حوکمڕانیی هەیە، کراوەترین و فره‌چه‌شنترین (پلۆرالیزم) بەشی عێراقە و، مۆدێلێکی زۆر دەگمەنیشە بۆ پێوەرەکانی بەها پێشکەوتنخوازەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مافەکانی ژنان، ئازادیی ئایینی و، کراوەیی بەڕووی ڕۆژاوادا، هەموویان نیشانە دیارەکانی ئەم هەرێمەن کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە.

هەر ئەمەیش ڕێک ئەو هۆکارەیە کە بۆچی حکوومەتی عێراق لە بەغدا و ئێرانی دراوسێ، پێداگرن لەسەر ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی خۆیاندا بهێڵنەوە و، لە کاتی پێویستدا پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و گوشاری ئابووری. بەڵام دیسانەوە، زۆر کەم لەم ڕووداوانە تووڕەییی ناوبژیوانە ئەخلاقییە خۆسەپێنەکانی ڕۆژاوای بێدار کردووەتەوە.

لە دەرەنجامدا، ڕەنگە نزیکترین ڕوونکردنەوە بۆ ئەم بێباکییە بەرامبەر بە نەهامەتی و ئومێدەکانی کورد زۆر سادە بێت.

ئایا هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئاسانە دۆزی فەڵەستین بخرێتە ناو گێڕانەوە دووانەیییە هاوچەرخ و زۆر سادەکەی ستەمکار و ستەملێکراوەوە، کە تێیدا ئیسرائیل – تاکە دەوڵەتی زۆرینە جوولەکە لە جیهاندا – ڕۆڵی خراپەکاری پێ دەدرێت؛ كه‌ چوارچێوەیەکە ڕەنگدانەوەی دروشمە کۆنەکانە و بارگەیەکی سۆزداریی بەهێز بۆ بەشێک لە جەماوەر دروست دەکات؟

ڕەنگە چیرۆکی کورد لە دەرەوە ئاڵۆزتر دەربکەوێت. نەیارەکانیان بریتین لە عەرەب، ئێرانی و تورکەکان، بەڵام جوولەکە و ئیسرائیلییەکان نین؛ ئەمەیش وا دەکات گونجاندنی ئەم کەیسە لەناو چوارچێوە و بنەما ئایدیۆلۆژییە باوەکاندا قورستر و ڕەنگە کەمتر ئاسوودەبەخش بێت.

دەرەنجامەکە ناهەوسەنگییەکی زەقە. بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی سەرنجێکی زۆری جیهانی، خۆپیشاندانی بێکۆتا، پاڵپشتیی کەسایەتییە ناسراوەکان، کەمپەکانی ناو زانکۆکان و کەمپیینە نێودەوڵەتییەکان بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت. ئەوەی دیکە، سەرەڕای ئەوەی نوێنەرایەتیی دانیشتووانێکی چەندقات گەورەتر دەکات و، لە دۆخی عێراقیشدا، ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە، هەرگیز نەیتوانیوە سەرنجێکی هاوشێوە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

کەواتە، پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەمەیە کە، بۆچی نەتەوەیەکی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەسی، کە زیاتر لە سەدەیەکە لە دەوڵەت بێبەش کراون و ڕووبەڕووی شەپۆلەکانی سەرکوتکردنی یەک لەدوای یەک بوونەتەوە، هێندە کەم ئەو سۆزە ئەخلاقییەیان، کە لە شوێنەکانی دیکە دەخرێتە گەڕ، بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە؟

تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە نەبینەوە، بانگەشەکانی تایبەت بە بنەما گەردوونییەکان، پاڵپشتیکردن لە مافی چارەی خۆنووسین و بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی و، خەمخۆری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەر بەبەتاڵی دەمێننەوە.

[1] – ئاماژەیە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی یان پاڵپشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پۆشینی جۆرە جلوبەرگ، ڕەنگ، یان هێمایەکی تایبەتەوە (بۆ نموونە: پۆشینی جەمەدانی یان کڵاو و جلی کوردی لە بۆنەکاندا بۆ دەربڕینی ناسنامە و هاوپشتی).

image_pdfimage_print