پێنووس
پێشەکی
میداڵیا نیشتمانییەکان پێگەیەکی تایبەتیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا هەیە، چونکە ئەم جۆرە میداڵیانە بریتی نین تەنیا لە ئامرازێکی پرۆتۆکۆڵی بۆ ڕێزلێنان لە کەسایەتییە فەرمییەکان یاخود دانپێدانان بە دەستکەوتە تاکەکەسییەکان، بەڵکوو ئامرازێكن کە وڵاتان هەوڵ دەدەن بهكاریان بهێنن بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان، دەرخستنی ئەولەوییەتە ستراتیژییەکانیان و پتەوکردنی هەژموونی سیاسی و کهلتوورییان لە دەرەوەى سنوورەکانی خۆیاندا. لەم چوارچێوەیەدا، بەخشینی میداڵیا بە کەسایەتییە سیاسی، دیپلۆماسی، یاخود ئایینییە بیانییەکان، پەیامێکی زۆر قووڵتر لە دانپێدانانێکی کەسی لەخۆ دەگرێت؛ واته گوزارشتە لە ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و، ئاماژەیەکە بۆ سروشتی ئەو هاوبەشییانەى کە وڵاتان لە چوارچێوەى ناوچهیی و نێودەوڵەتیدا ئامانجی بەدیهێنانیان هەیە.
لەم ڕوانگەیەوە، کۆماری ئیتاڵیا وەک یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپا، گرنگییەکی زۆرى بە بەکارخستنی میداڵیا نیشتمانییەکان لە سیاسەتی دەرەوەیدا داوە؛ بەتایبەتی لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، کە هەوڵێکی چڕی دا بۆ پتەوکردنی پێگە نێودەوڵەتییەکەى خۆی لە ڕێگەى دیپلۆماسی، هاوکاریی ئابووری و، کرانەوەى کهلتوورییەوە. یەکێک لە گرنگترین ئاماژەکانی ئەم ئاراستەیە، داهێنانی “میداڵیای ئەستێرەى هاوکاریی ئیتاڵی” بوو لە ساڵى ١٩٤٧دا، کە لە سەرەتادا بۆ ڕێزلێنان لەو کەسایەتییانە تەرخان کرا کە لهپێناو دووبارە بنیاتنانەوەى ئیتاڵیادا ههوڵیان دابوو و تێ كۆشابوون.
دواتر، لە ڕێگەى یاسای ژمارە (١٣)ى ساڵى ٢٠١١وە، پێدانی ئەم میداڵیایە لەژێر ناونیشانی “میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا – Ordine della stelle d`ltalia” ڕێک خرایەوە. بەپێی ئەم یاسایە، ئامانجی بەخشینی میداڵیاکان فراوانتر کرا بۆ ئەوەى ئەو کەسایەتییانەیش بگرێتەوە کە بەشدارن لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە و، ڕۆڵیان هەیە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا.
لەم بابەتهدا هەوڵ دەدرێت لە گۆشەنیگایەکی ئەکادیمی و جیاوازەوە تیشک بخرێتە سەر سێ ڕەهەندی سەرەکیی ئەم پێشهاتە، کە لە ڕەهەندی یەکەمیان هەوڵ دەدەرێت وهڵامی پرسیاری “میداڵیای سوارچاکی خاچی ئیتاڵیا چییە؟” بدرێتەوە و، لە ڕەهەندی دووەمیان بە شێوەیەکی گشتی کار بۆ خستنەڕووی گرنگترین وێستگەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و ئیتاڵیا لە ڕێگەى وەڵامدانەوەى پرسیاری “پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە چ ئاستێکدایە؟” و، ڕەهەندی سێیەمیش تەرخان دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارە سەرەکی و جەوهەرییەکەى بابەتەکە کە بریتییە لە: “بۆچی ئەم میداڵیایە بەخشرایە سەرۆک نێچێرڤان بارزانی؟”

ميداڵيای “ئەستێرەى ئیتاڵیا” لە پلەى “سوارچاکی مەزن” چییە؟
دواى جەنگی جیهانیی دووەم (١٩٣٩-١٩٤٥)، ژێرخانی وڵاتی ئیتاڵیا ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بووەوە و لە ڕووی ئابوورییشەوە پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی. هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی، گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوویان دا کە دیارترینیان ڕووخانی ڕژێمی فاشیست و گۆڕێنی سیستەمی سیاسی بوو بۆ کۆماری. لە چوارچێوەى هەوڵەکانی ئەو سەردەمەدا، میداڵیای “ئەستیرەى هاوکاریی ئیتاڵی –Italiana Ordine della Stella della Solidariata” بەپێی مەرسوومێکی سەرۆکی کاتیی دەوڵەت لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵى ١٩٤٧ داهێنرا؛ ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕیزلێنان بوو لەو هاووڵاتییە ئیتاڵییانەى لە دەرەوەى وڵات نیشتەجێ بوون، هەروەها بۆ ئەو کەسایەتییە بیانییانەى ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى ئیتاڵیا و بەهێزکردنی پێگە نێودەوڵەتییەکەى لەدوای جەنگدا هەبوو.
بە تێپەڕبوونی کات و دواى ئەوەی ئیتاڵیا بوو بە هێزێکی گەورەى ئابووری و پیشەسازی و ئەندامێکی کارای یەکێتیی ئەورووپا، ناتۆ و کۆمەڵەى وڵاتانی پیشەسازیی حەوت (G7)، پێویست بوو فەلسەفەى ئهم میداڵیایە دووبارە دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەى لەگەڵ پێگە نوێیەکەى وڵاتدا بگونجێت. لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەوه، یاسای ژمارە (١٣)ى ساڵى ٢٠١١ پەسەند کرا، کە تێیدا ناوی میداڵیاکە، گۆڕدرا بۆ “میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا” و، ئامانجەکەیشی بە جۆریک داڕێژرایەوە کە ڕێز لەو کەسانە (ئیتاڵی یان بیانی) بگیرێت کە پشکدارن لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئیتاڵیا و وڵاتانی تر.
هاوکات، یاساکە پێنج پلەى بۆ میداڵیاکە دیاریی کردووە، لەگەڵ زیادکردنی پلەیەکی تایبەت بە ناوی “خاچی مەزنی شەرەف” بۆ بارودۆخە مرۆیییە نائاسایییەکان. لە ڕووی دامەزاروەیییەوە، بەخشینی ئەم میداڵیایە، بەزۆری لەسەر ڕاسپاردەى وەزارەتی دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا، یان باڵوێزخانەکان، یانیش دامەزراوەیەکی پسپۆریی حکوومی دەبێت. دواتر پێشنیارەکان ئاراستەى “ئەنجومەنى میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا” دەکرێن بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دڵنیابوون لەوەى کاندیدەکە هەموو پێوەرە یاسایی و ئەخلاقییەکانی تێدایە یان نا. لە ئەگەری بوونی مەرجەکاندا ئەنجومەن ڕاسپاردەکان بۆ وەزیری دەرەوە بەرز دەکاتهوه و ئەویش لای خۆیەوە ئاراستەى سەرۆککۆماری دەکات بۆ دەرکردنی مەرسوومی کۆتایی.
ئامانجی ئەم ڕێکارە وردە ئەوەیە کە پرۆسەکە ببێتە گەرەنتییەک بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی میداڵیاکە وەک ئامرازێکی پرۆتۆکۆڵی یان سیاسیی ڕووت، چونکە ئامانجی سەرەکی، پشتبەستنە بە هەڵسەنگاندنێكی دامەزراوەییی فەرمی و بێلایەن.
گرنگیی ئەم ڕێکارە لەوەدایە کە بەخشینی میداڵیاکە دەکاتە گوزارشتێک لە هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتی ئیتاڵیا بە هەموو دامەزراوەکانییەوە، نەک تەنیا بڕیارێکی کابینەیەکی حکوومی یان وەزیرێکی دیاریکراو بێت؛ بەمەیش بەهای میداڵیاکە لە سەرجەم قۆناغ و کابینە جیاوازەکانی حکوومەتدا بەپارێزراوی دەمێنێتەوە.
میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا لە پێنج پلەى سەرەکی و پلەیەکی باڵای تایبەت پێک دێت، کە بەپێی ئەم ڕیزبەندییەى خوارەوەن:

ئەم پلەوپایانە تەنیا ڕۆاڵەتی و شکڵی نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەى ئاستی ئەو خزمەتانەن کە کەسایەتییەکە پێشکەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیتاڵیای کردووە. چەندە پلەکە بەرزتر بێت، ئەوە بەڵگەیە لەسەر فراوانیی کاریگەریی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری یان ئەمنیی ئەو کەسەى کە میداڵیاکەى پێ بەخشراوە.
پلەى “سوارچاکی خاچی مەزن” پێگەیەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە تەنیا بەو کەسایەتییانە دەبەخشرێت کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە، یان کاریگەرییەکی ڕوونیان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیتاڵیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبووە. هەر بۆیە لیستی وەرگرانی ئەم میداڵیایە، بەزۆری سەرۆکی دەوڵەتان، سەرۆکی حکوومەتان، وەزیرانی دەرەوە، بەرپرسانی باڵا و هەندێک کەسایەتیی جیهانیی خاوەن کاریگەریی نایاب لەخۆ دەگرێت.
پێوەرەکانی بەخشینی میداڵیای “ئەستێرەى ئیتاڵیا”
هەرچەندە لە دەقە یاسایییەکاندا لیستێکی ورد و دیاریکراو بۆ مەرجەکانی شایستەبوونی ئەو کەسایەتییانەى ئەم میداڵیایەیان پێ دەبەخشرێت نەخراوەتە ڕوو، بەڵام هەڵسەنگاندنی کۆی بڕیارەکانی سەرۆکایەتی و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، دەری دەخەن کە کۆمەڵێک پێوەر و ئاماژەی هاوبەش هەن کە لە زۆربەى حاڵەتەکاندا دووبارە بوونەتەوە؛ کە گرنگترینیان دەکرێت لەم خاڵانەى خوارەوەدا کورت بکرێنەوە:
١. پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان: ئەمە باوترین و دیارترین پێوەرە؛ بەو پێیەى میداڵیاکە بەو کەسایەتییانه دەبەخشرێت کە هاوکار بوون لە بەهێزکردنی گفتوگۆی سیاسیی نێوان ئیتاڵیا و وڵاتەکانیان، یان ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان لە بونیادنانی هاوبەشیی ستراتیژیدا لەگەڵ ڕۆما گێڕاوە.
٢. پەرەپێدان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئابووری: ئیتاڵیا بایەخ بەو کەسایەتییانە دەدات کە یارمەتیدەر بوون لە فراوانکردنی قەبارەى وەبەرهێنانی ئیتاڵی، یان پشتیوانیی کۆمپانیا ئیتاڵییەکانیان کردووە، یاخود ڕۆڵیان هەبووە لە کردنەوەى بازاڕی نوێ بە ڕووی ئابووریی ئیتاڵیادا. بێ گومان هەموو ئەمانە لە چوارچێوەى بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان ئیتاڵیا و ئەو لایەنەدایە کە میداڵیاکەى پێ دەبەخشرێت.
٣. پشتیوانیکردنی هاوکاریی زانستی و کهلتووری: ئەم پێوەرە بوارەکانی وەک پەرەپێدانی زمانی ئیتاڵی، بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان، ئەنجامدانی پڕۆژە توێژینەوە هاوبەشەکان و برەودان بە ئاڵوگۆڕی کهلتووری لەخۆ دەگرێت.
٤.خزمەتە مرۆیییەکان: لە هەندێک باردا، میداڵیاکە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییانەى کە خزمەتی مرۆییی بەرچاویان پێشکەش کردووە، یان پشتیوانیی کۆمەڵگە ئیتاڵییەکانیان کردووە، یاخود لە پاراستنی کەلەپووری کهلتووریدا ڕۆڵێکی کارایان هەبووە.
٥. هاوکاریی ئەمنی و بەرگری: ئەم پێوەرە لەدوای دەیەی دووەمی سەدەى بیست و یەکەمەوە زیاتر جەختى لەسەر کراوەتەوە؛ بەتایبەت دواى بەشداریکردنی کارای ئیتاڵیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و چالاکییەکانی لە بوارەکانی مەشق و ڕاهێنان و پاراستنی ئاشتیدا. ئەم ڕەهەندە بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ڕێزلێنانانەدا ڕەنگی داوەتەوە کە پەیوەستن بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەم میداڵیایە بە شێوەیەکی بەرفراوان نابەخشرێت، بەڵکوو بە یەکێک لەو ڕێزلێنانە باڵایانەى ئیتاڵیا دادەنرێت کە ساڵانە تەنیا دەدرێتە ژمارەیەکی دیاریکراو و سنووردار لە کەسایەتییەکان؛ ئەمەیش گوزارشتە لە ویستی دەوڵەتی ئیتاڵیا بۆ پاراستنی بەها هێمایی (ڕهمزی) و سیاسییەکەى. شیکردنەوەی ئەو مەرسوومە کۆمارییانەى لە ساڵى (٢٠١٢)وە دەرچوون، دەری دەخەن کە زۆرینەى وەرگرانی ئەم میداڵیایە لەم پێگە و ناونیشانە باڵایانەن: سەرۆکی دەوڵەت یان حکوومەت، دیپلۆماتکارانی پلەباڵا، سەرۆکی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کەسایەتییە ئایینییە جیهانییەکان و، ههروهها ئەو کەسانەى ڕۆڵێکی ناوازەیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە چ ئاستێکدایە؟
ئیتاڵیا یەکێکە لەو دەوڵەتە ئەورووپییانەی، کە لە ساڵى ١٩٩١ەوە بەبایەخەوە چاودێریی پێشهاتەکانی دۆزی کوردی لە عێراق کردووە، بەڵام پەیوەندییە دامەزراوەیییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوای ساڵى ٢٠٠٣ پێی نایە قۆناغێکی نوێوە؛ بەتایبەت پاش داننان بە پێگەى دەستووریی هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیتاڵیا دەستی کرد بە کردنەوەى کەناڵە دیپلۆماسییە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێم؛ دواتر ئەم پەیوەندییانە بە کردنەوەى کونسوڵگەریى گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر پەرەى سەند، کە ئێستا وەک یەکێک لە گرنگترین نێردە دیپلۆماسییەکانی ئیتاڵیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سهیری دهكرێت. ئەرکی ئەم کونسوڵگەرییە تەنیا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی ئیتاڵیا بهرتهسک نەکراوەتەوە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێکی دیپلۆماسیی کاریگەر بۆ هەماهەنگیکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کهلتوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە، هاوتەریب بوو لەگەڵ هاتنی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەرتەکانی وزە، بیناسازی، پیشەسازیی خۆراک و ئەندازیاری؛ ئەمەیش لەپاڵ ڕەهەندە سیاسییەکەدا، قووڵایییەکی ئابووریی بەرچاویشی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەخشی.
ئەگەر هاوئاهەنگی و هاوکاریی سیاسی، بناغەى پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا بووبێت، ئەوە هاوکاریی ئەمنی و سەربازی، خاڵێکی وەچەرخانی دیکە بووە لەم پەیوەندییانەدا. بەتایبەت دوای ئەوەى ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵى ٢٠١٤دا پانتایییەکی فراوانی لە خاکی عێراقی داگیر کرد، ئیتاڵیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتە ئەورووپییانەدا بوو کە چوونە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییهوه و، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتیوانییان لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد.
ئەم پشتیوانییەى ئیتاڵیا تەنیا لە بەشداریی سەربازی لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەکەدا کورت نەبووەوە، بەڵکوو ناردنی سەدان ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری سەربازییشی بۆ هەرێمی کوردستان گرتەوە؛ ئەرکی مەشق و ڕاهێنانی یەکەکانی پێشمەرگەیان لە بوارە جیاوازەکاندا گرتە ئەستۆ: بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، پووچەڵکردنەوەى تەقەمەنی، فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، لەگەڵ پلاندانانی ئۆپەراسیۆنی.
ئامادەییی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەولێر بۆ چەندان ساڵ بەردەوام بوو و، بووە بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەى ئەمنیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی؛ ئەمەیش هاوکار بوو لە بەردەوامیی ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەنێوان فەرماندەکاندا. ئەم هاوکارییە لە گوتاری سیاسیی ئیتاڵیاشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ بەو پێیەى ڕۆما چەندان جار جەختی کردۆتەوە کە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی ئیتاڵیایە و، پشیتوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیش دەچێتە چوارچێوەى هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچهیی و ئەورووپی.
لێرەوە، دەکرێت بڵێین جەنگی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تەنیا وێستگەیەکی ئەمنیی هاوبەش نەبوو، بەڵکوو ئەو بنەمایەی پێک هێنا کە پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستانی لە ئاستی هاوکاریی تەقلیدییەوە بۆ ئاستی هاوبەشیی ئەمنیی ستراتیژی بەرز کردەوە.
جگە لەو دوو ڕەهەندەى ئاماژەیان پێ درا، پەیوەندییە ئابوورییەکانیش لە ساڵانی دواییدا گەشەسەندنێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئیتاڵیا، هەمیشە بایەخیان بە هاندانی کۆمپانیاکانیان داوە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەرتەکانی: وزە و نەوت و گاز، ژێرخان، دەرمانسازی، پیشەسازیی خۆراک، کشتوکاڵ، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و ئامێرە پیشەسازییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا “ئەنتۆنیۆ تایانی” وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆک “مەسعوود بارزانی”، جەختی لەوە کرەدوە کە حکوومەتی ئیتاڵیا وەک هاوبەشێکی ئومێدبەخش سەیری هەرێمی کوردستان دەکات؛ هەروەها ئاماژەى بەوە دا کە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان دەیانەوێت هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی وزە، ژێرخان، دەرمانسازی، پیشەسازیی خۆراک و کشتوکاڵدا فراوانتر بکەن. جگە لەوە، “تایانی” تیشکی خستە سەر ئەوەى کە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە پێشینەى ستراتیژیی وڵاتەکەیاندایە؛ لەم نێوەندەدا بەستنی “کۆڕبەندی ئابووریی ئیتاڵی – هەرێمی کوردستان” لە ڕۆما، کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەم ئاراستە سیاسییەیە.
ئەم بایەخدانە تەنیا لە بەرژەوەندیی بازرگانیی کورتخایەندا سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو پەیوەستە بەو وەرچەرخانانەى کە سیاسەتی ئەورووپا لە بواری ئاسایشی وزەدا بەخۆیهوه بینیوە؛ بە جۆریک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە- وەک بژاردەیەکی گرنگ بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەى ئەورووپا، ڕۆژ به ڕۆژ دهبنه جێی بایهخێكی زیاتر.
لە لایەکی دیکەوە پەیوەندییە سیاسییەکان و سەردانە ئاستباڵاکان ڕەهەندێکی دیکەى بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن. لەم چوارچێوەیەدا و بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا، سەردانە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان هەردوو لا چڕبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ کە ئەمەیش ڕەنگدانەوەى بەرزبوونەوەى ئاستی پەیوەندییەکانە بۆ قۆناغێکی سیاسیی باڵاتر. لەم سۆنگەیەوە، ڕۆما لە چەندان سەردانی فەرمیدا پێشوازیی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد؛ لەو چوارچێوەیەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ “سێرجیۆ ماتارێلا” سەرۆککۆماری ئیتاڵیا، “جۆرجیا میلۆنی” سەرۆکوەزیران و “ئەنتۆنی تایانی” وەزیری دەرەوە کۆ بووەوە. لەو دیدارانەدا، لایەنی ئیتاڵی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەى، وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان. هاوکات ئامادەییی خۆیشی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بواری سیاسی، ئابووری و، ئەمنیدا دەربڕی.
ئەم سەردانانە و ئەو ڕاگەیەنراوە هاوبەشانەى کە لەگەڵیاندا بڵاو کرانەوە، ئەوە دەردەخەن کە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا چیتر تەنیا لە هاوکاریی مەیدانی و ئابووریدا کورت نابنەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای دیالۆگێکی سیاسیی دامەزراوەیی و ڕێکخراو چەسپیون؛ ئەمەیش هۆکاری ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی دواتر ئیتاڵیا بڕیاری دا باڵاترین پلە لە “میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا” ببەخشێتە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی.
سەرەڕای ئەوەى لە دەیەی ڕابردوودا هاوکاریی ئەمنی و سەربازی، زۆرترین ئامادەییی لە گوتاری سیاسیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیادا هەبووە، بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، نیشان دهدات کە هاوکاریی کهلتووری و زانستی، بەردەوامترین و قووڵترین ڕەهەندی ئەم پەیوەندییانە پێک دەهێنن. ئیتاڵیا وەک یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی سیاسەتی دەرەوەى خۆی دەڕوانێتە کهلتوور و، دیپلۆماسیی کهلتووری وەک درێژکراوەى هێزە نەرمەکەى هەژمار دەکات؛ ئەمەیش بەڕوونی لە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەنگی داوەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا، پەیڕەوی لە چەمکی “سیستەمی ئیتاڵیا یاخود تیمی ئیتاڵیا” (Sistema Italia) دەکات، کە لەسەر بنەمای بەکارخستنی زانکۆکان، ناوەندەكانی توێژینەوە، تیمە شوێنەوارییەکان و کەرتی تایبەت کار دەکات، بە ئامانجی خزمەتکردن بە سیاسەتی دەرەوەى ئیتاڵیا و بەهێزکردنی پێگەى دەوڵەت لە دەرەوەی وڵات. لێرەدا هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی جێبەجێکردنی ئەم چەمکە لە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بە جۆرێک کە ئامادەییی ئیتاڵیا تەنیا لە کاری دیپلۆماسی یان ئابووریدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو بوارەکانی توێژینەوەى زانستی، شوێنەوارناسی، خوێندنی باڵا و پاراستنی کەلەپوورى کهلتووریی گرتۆتەوە.
یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم هاوکارییە، ڕێکخستنی پێشانگەیەکی تایبەت بە تیمە شوێنەوارییە ئیتاڵییەکان بوو لە هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کە لەلایەن کونسوڵخانەى ئیتاڵیاوە سەرپەرشتی کرا و بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییە شوێنەوارییەکانی کوردستان بەڕێوە چوو. لەو چوارچێوەیەدا، حکوومەتی ئیتاڵیا ئەوەى خستە ڕوو کە (١١) تیمی شوێنەوارییان لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن؛ ئەم ژمارەیەیش گوزارشتە لەو پێگە تایبەتەى کە هەرێم لەنێو سیاسەتی کهلتووریی ئیتاڵیادا هەیەتی. هاوکات کونسوڵی ئیتاڵیا جەختی لەوە کردەوە کە کاری ئەم تیمانە تەنیا لە بواری زانستیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پردێکن بۆ هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە کوردستانییەکان و، بەشدارن لە پاراستنی کەلەپووری شارستانی و بەرەوپێشبردنی گەشتوگوزاری کهلتووری.
ئەم دەستپێشخەرییانە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، چونکە سیاسەتی دەرەوەى ئیتاڵیا بە کۆمەڵێک بوارى ناتەقلیدییەوە دەبەستنەوە، وەک: پاراستنی کەلەپوور، پەرەپێدانی تواناکانی ناوخۆ و ئاڵوگۆڕى ئەکادیمی. ئەمەیش پێگەى ئیتاڵیا وەک هاوبەشێکی شارستانی و کهلتووری دەردەخات، نەک تەنیا وەک هاوبەشێکی ئەمنی یان ئابووری؛ کە ئەمەیش لە هەمان کاتدا خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو لا دەکات.
لە ڕووی پەیوەندییە ئەکادیمی و توێژینەوەیییەکانەوە، دەیەى ڕابردوو فراوانبوونێکی بەرچاوی لە هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئیتاڵیادا بەخۆوە بینی. ئەم هاوکارییانە بوارەکانی وەکوو ئهمانه دهگرێتهوه: جێبەجێکردنی پڕۆژەى توێژینەوەى هاوبەش، بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، پشتیوانیکردنی بەرنامەکانی خوێندنی باڵا، بەشداریکردن لە بەرنامەى ئیراسمۆس پڵەس و ڕێکخستنی کۆنفرانس و کۆڕبەندە زانستییە هاوبەشەکان.
لەم چواچێوەیەدا، توێژینەوەکانی “پەیمانگهی ئیتاڵی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی – IAI” ئاماژە بەوە دەکەن کە زانکۆکانی ئیتاڵیا، لەوانەیش زانکۆکانی بۆلۆنیا، میلانۆ، ساپینزا و ئودینی، ڕۆڵێکی کارایان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەى ئەکادیمی، شوێنەواری و گەشەپێدانەکاندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گێڕاوە؛ بە جەختکردنەوە لەسەر بونیادنانی تواناکانی ناوخۆ و گرێدانی توێژینەوەى زانستی بە گەشەپێدانی کۆمەڵگەوە.
هاوکات لە ساڵى ٢٠٢٦ “دووەمین کۆڕبەندی زانستی و کهلتووریی نێوان کوردستان و ئیتاڵیا” لە هەولێر بەڕێوە چوو؛ کە تێیدا زانکۆکانی هەردوو لا، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاریی زانستی، فراوانکردنی کورسییەکانی خوێندن (زەمالە)، دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ توێژینەوە و دامەزراندنی هاوبەشیی درێژخایەن لەنێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا، بەشدارییان کرد.
بێ گومان لە ڕوانگەى سیاسەتی گشتییەوە، ئەم دەستپێشخەرییانە تەنیا چالاکییەکی ئەکادیمیی دابڕاو نین، بەڵکوو دەچنە چوارچێوەى ستراتیژییەتێکی فراوانتری ئیتاڵیاوە بۆ بەکارخستنی مەعریفە، کهلتوور و توێژینەوەى زانستی لە خزمەتکردن لە سیاسەتی دەرەوەى خۆی و بەهێزکردنی پێگەى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ هاوکات ئەم سیاسەتەى ئیتاڵیاش بەتەواوی دەکەوێتە چوارچێوەى بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان “هەولێر” و “ڕۆما”وە.
سەبارەت بە پێگەى هەرێمی کوردستان لە دیدگهی ستراتیژیی ئیتاڵیادا، ئەگەر پەیوەندییەکانی هەردوو لا لە چوارچێوەى هاوکاریی مرۆیی و دواتر ئەمنیدا دەستی پێ کردبێت، ئەوا لە ناوەڕاستی دەیەی دووەمی سەدەى بیست و یەکەمەوە، وردە وردە وەرچەرخاوە بۆ هاوبەشییهکی ستراتیژیی فرەڕەهەند. ئەم ڕاستییەیش لە لێدوانە بەردەوامەکانی گەورەبەرپرسانی ئیتاڵیاوە ڕوون دەبێتەوە، کە هەمیشە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان بریتییە لە: فاکتەرێکی سەرەکی بۆ سەقامگیریی عێراق، هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا، ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان، نموونەیەک بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و دەروازەیەک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و ناوچەکەدا.
لەم سۆنگەیەوە، لە سهروبهندی دیدارهكانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و، ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا، لایەنی ئیتاڵی جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەکەى بۆ هەرێم کردەوە؛ ئەمە سەرباری دووپاتکردنەوەى فراوانکردنی هاوکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان، هەروەها ناساندنی هەرێم وەک فاکتەرێکی گرنگ لە بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوچهییدا. ئەم گوتارەیش گوزارشت لە وەرچەرخانێکی گرنگ دەکات لە دیدگهی ئیتاڵیادا؛ چونکە چیتر هەرێمی کوردستان تەنیا لە گۆشەنیگای دۆسیەی ئەمنی یان شەڕى دژی تیرۆرەوە سەیری ناکرێت، بەڵکوو بووەتە هاوبەشێک لە دۆسیەگەلێکی فراوانتردا، کە بوارەکانی گەشەپێدان، وزە، کهلتوور و دیپلۆماسیی ناوچهیی لەخۆ دەگرێت.
لە دەرەنجامدا، دەگەینە ئەو باوەڕەی کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە قۆناغی هاوکارییەوە، پێی ناوەتەوە قۆناغی هاوبەشیی ستراتیژی. لەم گۆشەنیگایەیشەوە، دەکرێت گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی هەردوو لا دابەش بکرێتە سەر چوار قۆناغی سەرەکی؛ هەروەک لەم خشتەیەى خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە:

لەگەڵ ئەوەیشدا، تێبینییەکی جەوهەری سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەسەندنی ئەم پەیوەندییانە هەیە، ئەویش بریتییە لەوەى كه “هیچ قۆناغێک، قۆناغی پێش خۆی هەڵنەوەشاندۆتەوە، بەڵکوو ڕەهەندێکی نوێی بۆ پەیوەندییەکان زیاد کردووە؛ بە جۆرێک کە ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، بوونەتە فڕەچەشنترین پەیوەندیی ئەورووپی لە عێراقدا.“
بۆچی ئەم میداڵیایە بەخشرایە سەرۆک نێچێرڤان بارزانی؟
هەروەک پێشتر ئاماژەى پێ درا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا بە ڕێرەوێکی کەڵەکەبوودا تێ پەڕیوە کە زیاتر لە دوو دەیەی خایاندووە. لەم چوارچێوەیەدا ئەم پرسیارە جەوهەرییە دێتە پێشەوە: ئایا بەخشینی ئەم میداڵیایە تەنیا ڕێزلێنانێکی کەسی بوو بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، یان گوزارشتە لە پەیامێکی سیاسی و دپیلۆماسی کە ڕەنگدانەوەى دیدگهی ئیتاڵیایە بۆ ئاییندەى هاوبەشییەکەى لەگەڵ هەرێمی کوردستان،کە دەرەنجامی هەنگاو و هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییه؟
لەم بەشی بابەتەکەمان، هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەى ئەم خاڵانەى خوارەوە وەڵامی پرسیاری “بۆچی ئەم میداڵیایە بەخشرایە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؟“بدرێتەوە، ئەویش لەژێر ڕۆشناییی ڕەهەندە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و پرۆتۆکۆڵییەکانی ئەم هەنگاوە:
یەکەم: میداڵیاکە وەک بڕیارێکی سیاسی دراوە نەک تەنیا ڕێزلێنانێکی پرۆتۆکۆڵی، چونکە یەکێک لە هەڵە باوەکان لە تێڕوانین بۆ میداڵیا نیشتمانییەکان ئەوەیە کە تەنیا وەک ڕواڵەتێکی پرۆتۆکۆڵی یان ئامرازێک بۆ پێزانینی کەسی سەیر دەکرێن، لە کاتێکدا توێژینەوە نوێیەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسیی گشتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە میداڵیا نیشتمانییەکان یەکێکن لە ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی سیاسیی نێوان دەوڵەتەکان و، بۆ گەیاندنی پەیامی ستراتیژی بە لایەنە جیاوازەکان بەکار دەهێنرێن؛ بۆ نموونە توێژینەوەیەکی بڵاوكراوه لە “پەیمانگهی ئیتاڵی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی” بە ناونیشانی “Iraq: From Crisis Hotspot to Promoter of Inter-Regional Dialogue and Reconciliation – 2023“، ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە هەڵە باوەکان لە تێڕاونین بۆ میداڵیا نیشتمانییەکان ئەوەیە کە تەنیا وەک ڕواڵەتێکی پرۆتۆکۆڵی یاخود ئامرازێک بۆ پێزانینی کەسی سەیر دەکرێن. لە کاتێکدا ئەم توێژینەوەیە، له چوارچێوەیەکی فراوانتری شیکردنەوەى ئامرازەکانی دیپلۆماسیی گشتیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە میداڵیاکان یەکێکن لە هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی سیاسیی نێوان دەوڵەتەکان و، بۆ گەیاندنی پەیامی ستراتیژی بە لایەنە جیاوازەکان بەکار دەهێنرێن.
لە نموونەى ئیتاڵیاشدا، ئەم گریمانەیە گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت؛ چونکە میداڵیای “ئەستێرەى ئیتاڵیا” ڕاستەوخۆ بە وەزارەتی دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتی و سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بەستراوەتەوە و، نابەخشرێت، تەنیا دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی دامەزراوەیی بۆ ئەو دۆسییانەى دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی میداڵیا و نیشانەکە. لەبەر ئەوە، پێبەخشینی پلەى “سوارچاکی خاچی مەزن” تەنیا ڕەنگدانەوەى پێزانین نییە بۆ کەسایەتیی ڕێزلێگیراو، بەڵکوو گوزارشتیشە لە هەڵسەنگاندنی دەوڵەتی ئیتاڵیا بۆ ئەو ڕۆڵەى لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئیتاڵیا و لایەنی بەرامبەر و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا گێڕاویەتی. سەرۆکایەتیی کۆماری ئیتاڵیاش جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئامانجی بنەڕەتیی میداڵیاکە، ڕێزلێنانە لەو کەسایەتییانەى بە شێوەیەکی نائاسایی بەشدارییان کردووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیتاڵیادا لە چوارچێوەى بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو لا.
لەسەر ئەم بنەمایە، نابێت بەخشینی ئەم میداڵیایە بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تەنیا وەک ڕێوڕەسمێکی پرۆتۆکۆڵی لێک بدرێتەوە، بەڵکوو وەک ئاماژەیەکی سیاسییە کە ڕەنگدانەوەى ئەو ئاستەی متمانەى ئیتاڵیایە بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها پەیامێکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕۆما وەک هاوبەشێکی سەقامگیر و کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕوانێتە هەرێم.
دووەم: ڕەهەندی سیاسیی بڕیاری بەخشینی میداڵیاکە، لە ڕێگەى خوێندنەوەیەکی وردهوه بۆ گوتارى فەرمیی ئیتاڵیا لە ڕێوڕەسمی بەخشینی میداڵیاکە خرایە ڕوو. گوتارە فەرمییەکەى ئیتاڵیا ئاماژەى بەوە کرد کە بڕیارەکە پەیوەست بووە بە کۆمەڵێک ڕەچاوکردنی سیاسی، کە دیارترینیان بریتین لە:
١. بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان: حکوومەتى ئیتاڵیا جەختی لەوە کردەوە کە میداڵیاکە وەک پێزانینێکە بۆ ئەو ڕۆڵەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، كه لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاویەتی. ئەم داڕشتنەیش ئاماژەیەکی سیاسیی وردی تێدایە؛ چونکە ئەوە دەردەخات کە ڕۆما وەک هاوبەشێکی دامەزراوەیی لە چوارچێوەى قەوارەى فیدراڵیی دەستوورییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، نەک تەنیا وەک فاکتەرێکی ناوخۆیی.
٢. چەسپاندن و جێگیرکردنی دیالۆگی سیاسی: سەرکردایەتیی کورد لە ساڵانی دواییدا، پێداگر بووە لەسەر پاراستنی کەناڵەکانی دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی ئیتاڵیا؛ جا چ لە ڕێگەى دیدارە دووقۆڵییەکانەوە بێت یان لە ڕێگەى کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەمەیش بەشدارییەکی کارای کردووە لە بونیادنانی پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمانی متمانە و بەردەوامی دامەزراوە.
٣. پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی عێراق: ئیتاڵیا پێی وایە کە سەقامگیریی عێراق بەبێ بوونی پەیوەندییەکی سەقامگیر و بنیاتنەر لەنێوان بەغدا و هەولێردا بەدی نایەت. بۆیە ڕێزلێنان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکیش لەخۆ دەگرێت کە جەخت لە پشتیوانیی ڕۆما دەکاتەوە بۆ چارەسەرە دەستوورییەکان و دیالۆگی سیاسی لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا.
سێیەم: هاوکاریی ئەمنی، یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەى هۆکاری بڕیاری بەخشینی میداڵیاکە ڕوون دەکاتەوە. لە ساڵى ٢٠١٤وە، ئیتاڵیا بە شێوەیەکی کارا بەشداریی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کردووە و، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نێردەى “ناتۆ” لە عێراق. لەم قۆناغەدا، پەیوەندییەکی دامەزراوەییی ڕاستەوخۆ لەنێوان وەزراەتەکانی بەرگریی هەردوو لا و، فەرماندەیییە سەربازییەکانی ئیتاڵیا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا دروست بوو؛ ئەمەیش وای کرد هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئیتاڵیا لە بواری ئاسایشی ناوچهییدا.
بەیاننامە فەرمییەکانی ئیتاڵیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، فاکتەرێکی سەرەکی بووە لە سەرکەوتنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تێرۆر و، ئەم هاوکارییەیش وەبەرهێنانێکی درێژخایەنە لە ئاسایشی عێراق و ناوچەکەدا.
لێرەیشەوە، بەخشینی میداڵیا بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ڕەنگدانەوەى ڕێزڵینانە بۆ ئەو ڕۆڵەى سەرکرایەتیی هەرێم، كه لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی سیاسیی سەقامگیر بۆ ئەم هاوکارییە ئەمنییە گێڕاویەتی.
چوارەم: پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە ماوەى دەیەى ڕابردوودا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە؛ بە جۆرێک کە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بایهخێكی زیاتریان بەم کەرتانە داوه: نەوت و گاز، وزەى نوێبووەوە، ژێرخان، دەرمانسازی، پیشەسازییە خۆراکییەکان، کشتوکاڵ، ئامێر و کەلوپەلی پیشەسازی. هەروەها دیدارە فەرمییەکانی نێوان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسە باڵاکانی ئیتاڵیا جەختیان لەوە کردۆتەوە کە حکوومەتی ئیتاڵیا هانی کۆمپانیاکانی دەدات بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و، وەک ژینگەیەکی لەبار و گەشاوە بۆ وەبەرهێنان سەیری دەکەن لەچاو چەندان ناوچەى تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم بایەخپێدانە تەنیا لەبەر ڕەهەندی بازرگانی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە ستراتیژیی ئیتاڵیاوە هەیە کە ئامانجی هەمەجۆرەکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکانی و بەهێزکردنی ئاسایشی وزەى ئەورووپایە. ئەمەیش هۆکاری زیادبوونی ئامادەییی شاندە ئابوورییەکانی ئیتاڵیایە لە هەولێر لە ماوەى ساڵانی ڕابردوودا.
پێنجەم: دەکرێت بەخشینی میداڵیای “ئەستیرەى ئیتاڵیا” بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە چوارچێوەی سێ تیۆرى جیاواز خوێندنەوەى بۆ بکرێت، بەم شێوەى خوارەوە:
١. لە چوارچێوەى قوتابخانەى ڕیالیزم؛ دەوڵەتان ئەو کاتە میداڵیا دەبەخشن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکات. لەسەر بنەمای ئەم دیدگهیە، بڕیارەکەى ئیتاڵیا ڕەنگدانەوەى ئەو تێگەیشتنەیە کە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی ئەمانە دەکات: هاوبەشێکی ئەمنی، فاکتەرێکی سەقامگیری، دەروازەیەکی ئابووری، ڕەگەزێکی گرنگ لە ئاسایشی وزەدا. کەواته بەپێی ڕیالیزم ئەم میداڵیایە وەک وەبەرهێنانێکی سیاسییە لە هاوبەشییهکی ستراتیژیدا.
٢. لیبرالیزم پێی وایە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای هاوکاری، دامەزراوەکان و پشتبەستنی یەکتری بونیاد دەنرێن. لەم ڕوانگەیەوە، میداڵیاکە داننانە بە سەرکەوتنی ئەو هاوبەشییە دامەزراوەیییەى لەنێوان هەردوو لادا دروست بووە لە بوارەکانی: ئابووری، پەروەردە و فێرکردن، کهلتوور، ئاسایش و، دیالۆگی سیاسی.
٣. قوتابخانەى بونیادگەرایی (Constructivism)، جەخت لەسەر ناسنامە و بەهاکان دەکاتەوە. بەیاننامە فەرمییەکانی ئیتاڵیا چەندان جار جەختیان کردۆتەوە لەسەر پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە: پاراستنی فرەیی، برەودان بە دیالۆگ و گفتوگۆ، لەخۆگرتنی پێکهاتە ئایینییەکان، پشتیوانیکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە. لەبەر ئەوە، میداڵیاکە ڕەنگدانەوەى هاوتەریبی ئەو بەهایانەیشە کە ئیتاڵیا هەوڵ دەدات لە سیاسەتی دەرەویدا پشتیوانییان بکات.
شەشەم: سیاسەتی دەرەوەى ئیتاڵیا، لە بایەخدان بە پرسەکانی دیالۆگی ئایینی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و گرنگیدان بە پێکەوەژیان و فرەیی دانەبڕاوە. هەر بۆیە، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەک کە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت، ڕەگەزێکی ئەرێنییە لە بونیادنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیتاڵیادا.
لەم چواچێوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک یەکێک لەو سەرکردانە دەبینرێت کە گوتارێکی گشتیی گرتۆتە بەر، کە جەخت لەسەر پێکەوەژیان، دیالۆگ و پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە. ئەم فاکتەرەیش گرنگە، چونکە “میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا” تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە سیاسییە ڕاستەوخۆکان نابەخشرێت، بەڵکوو پێشتریش بەخشراوەتە کەسایەتییە خاوەن ڕۆڵە دیارە کهلتووری، ئایینی و دیپلۆماسییەکان. ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو بەهایانەى پەیوەستن بە دیالۆگ و پەیوەندیی شارستانییەوە، لەناو فەلسەفەى گشتیی میداڵیاکاندان.
کەواته، بەخشینی میداڵیاکە بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، گوزارشتە لە یەکگرتنی نێوان بەرژەوەندییەکان و بەهاکان؛ بۆیە لە لایەکەوە، وەک هاوبەشێکی سیاسی و ئەمنی دەردەکەوێت؛ لە لایەکی تریشەوە، پێگە دیپلۆماسییەکەى لەگەڵ ئەو بەهایانەدا دەگونجێت کە ئیتاڵیا هەوڵ دەدات لە سیاسەتی دەرەوەیدا دەریان بخات، لەوانەیش: میانڕەوی، دیالۆگی نێوان ئایینەکان و پاراستنی فرەییی کهلتووری.
بێ گومان ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە واقعی فرەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتی نییه؛ بەڵکوو بەو واتایەیە کە دەوڵەتی ئیتاڵیا بڕیاری داوە ڕێز لەو ڕۆڵ و ئاراستە سیاسییە بگرێت کە پێی وایە یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی ئەم فرەیییە و ڕێگریکردن لە گۆڕانی بۆ ململانێیەکی کراوە.
حەوتەم: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە زۆرێک لە کارەکتەرە سیاسییە خۆجێییەکان جیاوازە؛ چونکە بوونی سیاسیی ئەو تەنیا بە ژینگەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سنووردار نەماوەتەوە، بەڵکوو تا ئاستی دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان فراوان بووەتەوە. ئەم ئامادهبوونهیش، بووەتە هۆی ئەوەی پێگەی ئەو لە پایتەختە ئەورووپییەکاندا وەک گفتوگۆکارێکی دامەزراوەیی و باوەڕپێکراو بچهسپێت؛ واته دەتوانرێت سەبارەت بە پرسە عێراقی و ناوچەیییەکان گفتوگۆی لهگهڵدا بکرێت.
واتا توانای کەسایەتییەکی سیاسی بۆ بونیادنانی متمانە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی ئەورووپیدا تەنیا پشت بە یەکگرتنی بەرژەوەندییەکان نابەستێت، بەڵکوو پێویستیی بە وتارێکی پێشبینیکراو و ڕەفتارێکی دیپلۆماسیی جێگیر و ئامادەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە و بنەما نێودەوڵەتییەکانیش هەیە. لەم گۆشەنیگایەوە، دەکرێت بەخشینی میداڵیاکە وەک پاداشتێک بۆ “متمانەپێکراوەیی”ی سیاسی لێک بدرێتەوە؛ واته داننان بەوەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە ڕێگەى حکوومەتە جیاوازەکانی ئیتاڵیا و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییە جیاوازەکانهوه، پەیوەندیی جێگیر و بەردەوامی خۆی لەگەڵ ئیتاڵیادا پاراستووه.
هەشتەم: بەخشینی میداڵیاکە وەک پێزانینکە بۆ ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە چەسپاندنی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی دامەزراوەیی. واته بەخشینی ئەم میداڵیایە بە سەرۆکی هەرێمێکی فیدراڵی، بێ ئەوەى سەرۆکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان وەزیری دەرەوە بێت، هێمایەکی تایبەت لەخۆ دەگرێت. ئەوە بەو مانایەیە کە ئیتاڵیا دان بە ڕۆڵی دەرەکیی ڕەوای دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەنێت و وەک هاوبەشێکی کارا لە عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئەم میداڵیایە یەکەم جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دهبەخشرێت. ئەم پێشینەیەیش بەهایەکی ڕەمزیی زیاتر بە بڕیارەکە دەبەخشێت؛ چونکە تەنیا ڕێز لە کەسەکە ناگرێت، بەڵکوو ئاستی دانپێدانان بە پێگەى ئەو دامەزراوەیەیش بەرز دەکاتەوە کە نوێنەرایەتیی دەکات.
لەبەر ئەوە، دەکرێت بگوترێت هەڵبژاردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەردوو ڕەهەندی “کەسی” و “دامەزراوەیی”ی کۆ کردۆتەوە؛ میداڵیاکە وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەخشراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەى لەسەر پێگەى دیپلۆماسیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبووە و پیشانی داوە کە بووەتە کەناڵێکی دانپێدانراو لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراقدا.
کۆبەند
گرنگیی بەخشینی “میداڵیای ئەستێرەى ئیتاڵیا” بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، تەنیا لە پرۆسەى بەخشینەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پەیوەستیشە بە هەڵبژاردنی بەرزترین پلەى ئاسایی لەناو میداڵیاکەدا. چونکە بەپێی پەیڕەوى یاسایی، میداڵیاکە پۆلێن دەکرێت بۆ پێنج پلە؛ کە لە پلەى “سوار چاک“ەوە دەست پێ دەکات و بە پلەى “سوارچاکی خاچی مەزن” کۆتایی دێت؛ ئەمە جگە لە بوونی پلەیەکی شەرەفی تایبەت و جیاکراوە. ئەمەیش مانای وایه کە دەوڵەتی ئیتاڵیا ڕێزلێنانێکی مامناوەندیی هەڵنەبژاردووە، بەڵکوو بەرزترین ئاستی ئاساییی بەردەست لەناو میداڵیاکەدا بەخشیوەتە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی.
هەڵبژاردنی ئەم پلەیەیش ئاماژەیە بۆ سێ مانا و ڕەهەندی سەرەکی: یەکەمیان، هەڵسەنگاندنی ئیتاڵیا بۆ بەشدارییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پەیوەست نییە بە دەستکەوتێکی بەشەکی یان هەوڵ و کۆششێکی لە کەرتێکی دیاریکراودا، بەڵکوو پەیوەستە بە کۆی ڕۆڵەکەیەوە لە پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کهلتوورییەکاندا. دووەمیان، پێگە فەرمییەکەى وەک سەرۆکی هەرێمێک کە خاوەن قەوارەیەکی دەستوورییە و ڕۆڵێکی گرنگی لە عێراقدا هەیە، خوازیاری ئەوە بووە کە ئاستێکی پرۆتۆکۆڵیی پێ ببەخشرێت کە لەگەڵ پێگە سیاسییەکەیدا بگونجێت. ئەوەى سێیەمیان، ئیتاڵیا ویستوویەتی ئەم ڕێزلێنانە خاوەنی کاریگەرییەکی ڕەمزیی ڕوون بێت؛ بە جۆریک کە وەک پەیامێکی هاوبەشی و متمانە بخوێنرێتەوە، نەک تەنیا وەک ستایشێکی دیپلۆماسیی بهرتهسک.
لە لایەکی دیکەوە، دەکرێت بڵێین کە بەخشینی ئەم میداڵیایە، لە هەمان کاتدا هەڵگری پەیامێکە بۆ بەغدا، کە ناوەڕۆکەکەى ئەمەیە: “ئیتاڵیا، هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگ لە سەقامگیریی عێراقدا دەبینێت و، پشتیوانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، ناکۆک نییە لەگەڵ پشتیوانیکردنی دەوڵەتی فیدراڵیدا.” هاوکات، بڕیاری بەخشینی میداڵیاکە، پەیامێکیش ئاراستەى سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەوەى کە بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، کرانەوە بە ڕووی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، پابەندبوون بە هاوکارییە ئەمنی و ئابوورییەکان، جێگەى ڕێز و پێزانینی ئەورووپایە. بەم پێیەیش، ئەم میداڵیایە هاندەرە بۆ پەیڕەوکردنی شێوازێکی دیاریکراو لە ڕەفتاری سیاسی، کە بریتییە لە: میانڕەوی، دانوستان، هاوکاریی دامەزراوەیی و دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی گرژیی هەڕەمەکی.
لەپاڵ ئەمانەیشدا، دەکرێت ئەم هەنگاوەى ئیتاڵیا وەک پشتیوانییەکی مەعنەوی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێک بدرێتەوە؛ وەک سەرۆکی دامەزراوەیەک کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی کۆکەرەوە بگێڕێت، لە ململانێ حزبییەکان بەدەر بێت و، لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکات. ئەمەیش بەو واتایە نایەت کە ئاڵۆزییە حزبییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ خرابن، بەڵکوو ڕەنگدانەوەى خواستی ئیتاڵیایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەیەک کە توانای پێشکەشکردنی گوتارێکی میانڕەوانه، ئاشتییانە، هاوسەنگ و گشتگیری هەیە.
سەرچاوەکان:
– https://www.quirinale.it/it/pagine/onorificenze-ordine-stella-d-italia
– https://www.quirinale.it/allegati_statici/stellaitalia/osi.pdf
– https://www.hawlergov.org/app/en/node/11310
– https://presidency.gov.krd/sarok-nechyrvan-barzany-lagal-oazyry-daraoay-aytalya-kobooaoa
– https://www.esteri.it/wp-content/uploads/2023/10/IAI_IRAQ.pdf
– https://conferences.tiu.edu.iq/kif/
– https://presidency.gov.krd/sarok-nechyrvan-barzany-lagal-oazyry-daraoay-aytalya-kobooaoa








