نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
لە ڕاگرتنی دۆلارەوە تا پیرۆزبایی؛ چۆن واشنتۆن هاوکار بوو لە هاتنەسەرکاری زەیدی؟
لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ناکۆکی و دووبەرەکییەکی قووڵ لەنێوان هێزە سیاسییە شیعەکاندا سەری هەڵدا، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی کێ ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق. ئەم ناکۆکییانە بە شێوەیەکی دیار لەنێوان دوو بلۆکی سەرەکیی شیعەکان چڕ بوونەوە؛ لە لایەک، “نووری مالیکی” و هاوپەیمانەکانی و، لە لایەکی دیکە، “محەمەد شیاع سوودانی” و هاوپەیمانەکانی. لەگەڵ توندبوونی ململانێی سیاسیدا، وەک گەمەیەکی سیاسی، سوودانی ڕێککەوتنێکی لەناکاوی لەگەڵ مالیکی كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بە شێوەیەکی فەرمی نووری مالیکیی وەک کاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشان کرد.
بەڵام، ڤیتۆی “ترەمپ” لەسەر مالیکی و، هەروەها هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەورەترین سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، لە ئەگەری کاندیدکردنی، چوارچێوەی هەماهەنگییان خستە بارودۆخێکی زۆر قورسەوە. هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کرد کە ئەمریکا بەئاشکرا پەیامێکی بۆ بەرپرسانی شیعە ناردبوو و، پێیان گوترابوو کە ئەگەر پێداگری لەسەر کاندیدبوونی مالیکی بکەن، ئەوا گەورەترین سزای ئابووری بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.
ئەم بارودۆخە وای کرد هێزە شیعەکان پێداچوونەوە بە کاندیدکردنی نووری مالیکی بکەن و بەدوای کاندیدێکدا بگەڕێن کە هەم لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا سازانی لەسەر هەبێت و هەم لەلایەن ئەمریکاوە ڤیتۆی لەسەر نەبێت. هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا محەمەد شیاع سوودانی دووبارە بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێتهوه، چونکە لە سەرەتادا واشنتۆن هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر دووبارە کاندیدکردنهوهی نەبوو. هەروەها، وەک گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکان، شانسی زیاتری هەبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.
بەڵام ئەوەی سیاسەتی ئەمریکای گۆڕی، جهنگی ٤٠ ڕۆژهی ئەمریکا و ئێران بوو. سوودانی نەیتوانی ڕێگری لە میلیشیاکان بکات بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و نەبنە بەشێکی سەرەکی لەو جهنگەدا. ئەمە بەتەواوی واشنتۆنی بێهیوا کرد و، سوودانی شانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی لەدەست دا. تەنانەت گۆڕینی مارک ساڤا (Mark Sava) و دەستنیشانکردنی تۆم باراک (Tom Barrack) لە ئایاری ٢٠٢٦ وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ عێراق، بەشێک بووە له سیاسەتی واشنتۆن بۆ پشتکردن له سوودانی؛ ئەمە بەدەر لەوەی نووری مالیکی و هاوپەیمانەکانی گوشارە سیاسییەکانیان چڕتر کردەوە بۆ ئەوەی سوودانی دووبارە ئەو پۆستە وەرنەگرێتهوه.
وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦ ئەمریکا هەناردەکردنی دۆلاری بۆ عێراق ڕاگرت و ئاستی هاوکاری و هەماهەنگییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ عێراق کەم کردەوە. ئەمەیش بۆ ئەوە بوو کە لە لایەکەوە گوشار بخاته سهر چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران کە لەلایەن ئەمریکاوه قبووڵکراو بێت. لە لایەکی تریشەوە، ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ نهڕازیبوونی ئەمریکا لە سیاسەتی سوودانی کە نەیتوانی کار بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە میلیشیاکان و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراقدا بکات. هەروەها واشنتۆن ڕێگریی كرد له گواستنەوەی پێنج سەد ملیۆن دۆلار لە پارەی كاش بۆ بانکی ناوەندیی عێراق، کە لە هەژمارەکانی بانکی فیدراڵی نیویۆرکدا بوو.
دەرەنجامی گوشارەکانی ئەمریکا لە لایەک و ململانێکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەکی دیكهوه، بووە هۆی ئەوەی لایەنە شیعەکان بەدوای کاندیدێکی سازاندا بگەڕێن. لە کۆتاییدا، لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، “عەلی زەیدی” وەک کاندیدی سازان لەلایەن “نزار ئامێدی”یەوە ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی کابینەی حکوومەت پێک بهێنێت.
حکوومەتی زەیدی لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ لە ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی پێ درا و، ١٤ وەزارەت لە کۆی ٢٣ وەزارەت دەنگی متمانەیان وەرگرت. دیار بوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانیدا ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا درێژهی كێشاوه، بۆیە نزیکەی ٩ وەزارەت نەیانتوانی متمانە وەربگرن.
زەیدی کابرایەکی بازرگانە و هیچ ئەزموون و باكگراوندێکی سیاسیی نییە و لە دەرەوەی بازنەی سیاسییەکانی کلاسیکی شیعەوە هاتۆتە ناو مەیدانی سیاسییهوه. بۆیە کاندیدێکی سوپرایز و لەناکاو بووە؛ چونکە بۆ یەکەم جار بوو کەسێک کە پێشتر پۆستی سیاسیی نەبووە، بڕیار بوو ببێته سەرۆکوەزیرانی عێراق. عەلی زەیدی، کە پێشتر سەرۆکی “کۆمپانیای بانکی باشوور” بووە، هیچ حزبێکی سیاسی و فراکسیۆنێکی پەرلەمانیی نییە و، هیچ ئەزموونێکی پێشووی لە کاری حکوومیدا نییە.
دوو ڕۆژ دوای ئەوەی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپیردرا، لە ٢٩ی نیسان باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بهیاننامهیهكی کورتی بڵاو کردەوە و تێیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەت پیشان دا. ئەمەیش یەکەم ئاماژەی پاڵپشتیی ئەمریکا بوو بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی زەیدی. هەروەها دوای پێکهێنانی حکوومەتیش، تۆم باراک لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ پیرۆزباییی لە زەیدی کرد و، داوای کرد هەماهەنگییان هەبێت بۆ ئەوەی پێکەوە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەستەبەر بکەن. هەروەها ڕای گەیاند سەرۆک ترهمپ و ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەن بۆ پێشخستنی ئامانجە هاوبەشەكان لەگەڵ حکوومەتی نوێدا کار بکەن.
لە پشتگیریی دیپلۆماسی تا داواکارییە ستراتیژییەکان؛ ترەمپ چیی لە حکوومەتی زەیدی دەوێت؟
دیارە وەک ئاماژەمان پێ کرد، ئەمریکا بەبێ هۆکار هاوکاریی عەلی زەیدیی نەکردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵکوو پشتیوانی و یارمەتییەکانی واشنتۆن بۆ حکوومەتی زەیدی، بەستراوهتەوە بەوەی تاچەند هاوکار دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی ئەمریکا هەیەتی. بەتایبەت، تۆم باراک، کە ئێستا وەک نێردراوی ترەمپ بۆ عێراق کار دەکات، ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لەوەی ئەمریکا زیاتر پشتیوانیی زەیدی بکات. تەنانەت بانگهێشتکردنی زەیدی بۆ کۆشکی سپی، لەسەر داوای تۆم باراک بووە.
بۆیە، سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریکا لە عێراقدا ڕوونە و، چەند مەرجێکی سەرەکیی هەیە بۆ ئەوەی لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی زەیدی بەردەوام بێت:
یەکەم، مۆنۆپۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و داماڵینی چەکی گرووپە میلیشیاکان، یەکێکە له داواکارییە هەرە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانی لە حکوومەتی عەلی زەیدی. لە سەردەمی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، واشنتۆن هیچ لە ئەدای حکوومەتەکەی ڕازی نەبوو، چونکە پێی وا بوو سوودانی نایەوێت یان ناتوانێت بە شێوەیەکی جددی ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە. ئەم هەڵوێستەیش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا ئاستی هەماهەنگی و هاوکاریی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ هێزەکانی عێراق، لەپێناوی شەڕ لە دژی داعش، سنووردار بکات. هەروەها، بەرنامەکانی ڕاهێنانی سەربازی و پشتیوانیی تەکنیکی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەکانی F-16 کەم کرایەوە، هەناردەکردنی دۆلار بۆ عێراق بەتوندی سنووردار کرا و هەندێک لە تەکنەلۆژیای ئەمریکی لە بواری ئاسایش و بەرگریدا لە عێراق قەدەغە کران.
“بەها ئەعرەجی”، ڕاوێژکاری پێشووی حکوومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا چەند مەرجێکی سەرەکیی بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی سوودانی هەبوو، لەوانە: ڕاگرتنی مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق. بەڵام سوودانی ئەم داواکارییانەی قبووڵ نەکرد.
ئێستا، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی واشنتۆن بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی نوێی عەلی زەیدی ئەوەیە کە، حکوومەت پارهداركردنی گرووپە میلیشیاکان ڕابگرێت و، کار بکات بۆ سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت چالاکی دەکەن.
لەم ڕووەوە، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، تۆم باراک و عەلی زەیدی بهیاننامهیهكی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. هەردوو لایەن باسیان لە دیدگهی هاوبەش و بەرنامەی حکوومەتی عێراق کرد لهپێناوی ئهوهی هەموو ئهو گرووپە چەکدارانهی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق کار و چالاکی دەکەن، بهتهواوی لهچەک دابماڵرێن. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە پێکەوە کار دەکەن بۆ قۆرخكردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا و، سەپاندنی سهروهری (سیادە)ی تەواوی عێراق؛ بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە دوور دەخرێتەوە و خاکەکەی لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە بەکار ناهێنرێت.
هەروەها، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پیت هێگسێت، لە ١٥ی تەممووزی 2026 لە دیداریدا لەگەڵ زەیدی، ئاماژەی بەوە کرد کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ هێرشیان كردۆته سهر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە ئەو گرووپانە چەک بکات. هەروەها، هێگسێت وتی: ئەمریکا چاوی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقە- لەوانە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان- بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانی دژبە داعش ڕۆڵی سەرەکی ببینن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کاتی دیداری زەیدی لەگەڵ ترەمپ لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی کە زەیدی جەختی لەسەر کردهوه، ئەوە بوو کە هەموو هەوڵێک دەدرێت تاکوو مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ چەک لەدەستی گرووپە چەکدارەکان داماڵرێت. بەڵام، ئایا لەسەر ئەرزی واقع زەیدی دەتوانێت ئەمە جێبەجێ بکات؟ بێ گومان، ئەمە جێگهی گومان و پرسیارە!
دووەم، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموون و کاریگەریی ئێران لە عێراقدا، دیسان یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق. ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەژموون و کاریگەریی ئێران لە عێراقدا کەم بکاتەوە. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئهو وڵاته لە سەرەتای پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانەوە ڤیتۆ لەسەر نووری مالیکی دابنێت و، تەنانەت زۆربەی هێڵی یەکەمی سەرکردەکانی شیعەیش بەهۆی نزیکییان لە ئێرانهوه، ڕەت بکاتەوە. لەم ڕووەوە، ئەمریکا هەوڵ دەدات عێراق لەژێر کاریگەریی ئێران دەربهێنێت و، هانی بدات سیاسەتێکی هاوسەنگ و پراگماتیکی لە ئاستی ناوچەکەدا جێبەجێ بکات.
لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، تۆم باراک و عەلی زەیدی لە بهیاننامهیهكی هاوبەشدا جەختیان لەسەر سەپاندنی سهروهریی تەواوی عێراق کردەوە؛ بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە دوور دەخرێتەوە و خاکەکەی لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتیی ناوچەکە بەکار ناهێنرێت. دیارە، لێرەدا مەبەستی هەرە سەرەکییان لەو بهیاننامه هاوبەشە ئەوەیە کە نههێڵن ئێران و هێزە بریکارەکانی، خۆیان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ههڵقورتێنن.
لە لایەکی تریشەوە، ترەمپ لە دیدارەکەیدا لەگەڵ زەیدی، هانی دا بۆ ئەوەی کاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراقدا کەم بکاتەوە. لەم ڕووەوە، لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ ترەمپ لە دیداریدا لەگەڵ زەیدی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا یارمەتیی عێراق دەدات و، ئەگەر پێویست بێت کار دەکات بۆ پاراستن و بەرگریکردن لەو وڵاتە. هەروەها ڕای گەیاند کە ئەمریکا، ئێران بە دوژمن و ڕکابەر دەزانێت- هەرچەندە عێراق لە ڕابردوودا بە هاوپەیمانی خۆی دای نابێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، ئێران بارگرانییەکی گەورە بووە لەسەر عێراق و وەک هێزێکی خۆسەپێن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی کردووە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و گوشارەکانی بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران لە عێراقدا، لە کاتێکدایە کە ئێران زۆر نیگەران بوو لە سەردانی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا؛ بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ئەمریکا بەچڕی هێرش دەکاتە سەر ئێران. تەنانەت پێش ئەنجامدانی سەردانەکە، تاران هەوڵی دا سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی، قایل بکات کە سەردانی ئەمریكا نەکات یان یەکەمجار سەردانی ئێران بکات؛ بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمەی ڕەت کردەوە. تەنانەت دوای کۆبوونەوەی عەلی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەرپرسانی ئێرانی كاردانهوهیهكی توندیان نواند. لەم ڕووەوە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی، ڕخنەی لە سەردانی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا گرت و، وتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا خەمهێنەرە، لە کاتی گونجاودا نەکراوە و زیانی بە پێگەی عێراق گەیاندووە.
دیارە ئێران، عێراق بە یەکێک لە گرنگترین پێگەکانی نفووز (دهستڕۆیشتوویی)ی خۆی لە ناوچەکە دەزانێت. لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، تاران تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیی لە عێراق دروست کردووە. هەروەها پشتگیریی لە ژمارەیەک گرووپی چەکدار کردووە کە تاکوو ئێستا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە مەیدانی سیاسی و ئاسایشی عێراقدا گێڕاوە. بۆیە، ئێران بەئاسانی واز لە نفووزی خۆی لە عێراق ناهێنێت، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە له ناوچەکە ڕوویان داوه و، بووهتە هۆی لاوازبوونی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران.
گرنگترین ئامانج و سیاسەتهكانی ئێران لە عێراق، ئهمانهن:
یەکەم: ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە بەشێک لە بەرەی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا دژی ئێران.
دووەم: ڕێگریکردن لەوەی عێراق پابەند بێت بە سیاسەتی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران؛ چونکە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر، عێراق بۆ ئێران گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە؛ هەم وەک دەروازەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گەمارۆکان، هەم وەک ناوچەیەک بۆ پاراستنی نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا.
سێیەم: مانەوەی گرووپە میلیشیاکان و پاراستنی پێگەی سیاسی، ئابووری و سەربازییان لە عێراق.
چوارەم: ئێران دەیەوێت دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لە عێراقدا بپارێزێت؛ نەک تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە حکوومییهکانهوه، بەڵکوو لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانیشهوه.
پێنجەم: کارکردن بۆ ئەوەی ئەمریکا بە ههموو هێزەکانییهوه لە عێراق بکێشێتەوە.
سێیەم: داواکارییەکی تری ئەمریکا ئەوەیە کە عێراق لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا، گرنگی و پشکی زیاتر بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات. لەم ڕووەوە، واشنتۆن هەوڵ دەدات پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق بدات. لەم ڕووەوە، حکوومەتی زەیدی پابەندیی خۆی بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییهكان و وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمریکا نیشان داوە. لە ڕاگەیهنراوێکی هاوبەشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، جەختیان کردەوە لەسەر پابەندبوونی هەردوو لایەن بۆ فراوانکردنی هاوکارییە بازرگانییەکان لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا. هەروەها، زەیدی لە دیداریدا لەگەڵ ترەمپ وتی: ئەم سەردانە بۆ واشنتۆن، ڕاگەیاندنی هاوبەشییەکی ئابووریی نوێیە. لە ٣٠ی ئەیلوولدا هێزەکانی ئەمریکا عێراق جێ دەهێڵن؛ لە هەمان کاتدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ناو عێراق و، پەیوەندییەکانمان ئێستا لەسەر بنەمای هاوکاریی ئابووری دامەزراوە، نەک پەیوەندییە سەربازییەکان. ترەمپیش گوتی، هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی وزە و بازرگانییەوە هاوکارییەکانیان قووڵتر بكهنهوه. هەروەها ترهمپ وتی: عێراق توانایەکی زۆری هەیە، بەهۆی نەوتەکەیەوە… ئێمە ژمارەیەکی زۆر ڕێککەوتن و مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دەدەین.
لەم چوارچێوهیەدا، لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، ڕای گەیاند کە له كاتی سەردانی عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن، بە بەهای زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا واژۆ کراوە. لە لایەکی تریشەوە، عەلی زەیدی، ڕای گەیاند (٤٨) ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و هاوکاری و، ڕاگەیاندنی هاوبەشی لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کەرتی گشتی و تایبەتی لەنێوان عێراق و ئەمریکا واژۆ کراوە. ئەم هەنگاوە بناغەی ڕوون بۆ هاوکاریی ئابووری و دارایی لەنێوان هەردوو وڵات دادەنێت و پەیوەندییەکان بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر دەبات؛ بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەردوو لایەن دابین بکات.
دهكرێت ئاماژه به چهند بوارێك بكرێت كه لەو ڕێککەوتن و یاداشتنامانەدا کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کراون، باسیان لێوه كراوه، لەوانەیش: لە کەرتی نەوت و غازدا، کۆمپانیاکانی ئێكسۆن مۆبیل (ExxonMobil) و هالیبهرتن (Halliburton) بەشدارن، هەروەها گەشەپێدانی کێڵگەکانی “ڕۆژاوای قەرنە-٢” و “ناسریە” به شێڤرۆن (Chevron) سپێردراوه. لە کەرتی کارەبا و وزەی نوێبووەوە، جی ئی ڤێرنۆڤا (GE Vernova) چالاکی دەکات و، كهی بی ئاڕ (KBR) لە بواری ژێرخان و ئەندازیاریدا بەشدار دهبێت. هەروەها كۆمپانیای شێڵ (Shell) لە کەرتی غاز و وەبەرهێنانی پێترۆکیمیاییدا كار دهكات. لە لایەکی دیکەوە، عێراق مۆڵەتی کارکردنی بە ستارلینك (Starlink) داوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی جیهانی بۆ بەکارهێنەرانی عێراق.
لە هەمان کاتدا، ڕێگە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، لەوانە HKN، Western Zagros و Hunt، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەرتی دۆزینەوە، هەڵکەندنی بیر و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز (E&P) لە هەرێمی کوردستانی عێراق کار دەکەن، خۆش کرا بۆ ئهوهی چالاکییەکانیان دووبارە دەست پێ بکەنهوه. هەروەها عێراق و سووریا ڕێککەوتنێکی هاوکارییان واژۆ کرد بۆ دووبارە دروستکردن و چاكردنهوهی بۆڕیی نەوتی خاوی عێراق–سووریا. ئەم بۆرییە لە ناوچە دەوڵەمەندە نەوتییەکانی کەرکووک لە باکووری عێراقەوە، دەچێت بۆ بەندەری بانیاس لە کەناری دەریای ناوەڕاستی سووریا و، کۆمپانیای وزەی ئەمریکی، شێڤرۆن، بەپێی ڕێککەوتنەکە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات.
گرنگیی هاتنی ئەم کۆمپانیایانە تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو ڕەهەندێکی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکیشی هەیە:
یەکەم: لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم وەبەرهێنانانە یارمەتیی زیادکردنی بەرهەمی نەوت و غاز، چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای نوێ دەدەن.
دووەم: هەوڵ دەدرێت پشتبەستن بە هەناردەکردنی گازی ئێران کەم بکرێتەوە و عێراق بەرەو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بواری وزەدا بڕوات.
سێیەم: ئامانج له جۆراوجۆرکردنی ڕێگهکانی هەناردەکردنی نەوت، ئەوەیە کە عێراق چیتر تەنیا پشت بە گەرووی هورمز نەبەستێت و، بتوانێت نەوتی خۆی بە ڕێگهی جیاواز بگەیەنێتە بازاڕە جیهانییەکان.
چوارەم: ئەم پرۆژانە دەبنە هۆی زیادبوونی بەرهەمی نەوت، باشترکردنی ژێرخانی وزە و چارەسەرکردنی کێشەی درێژخایەنی کارەبا.
پێنجەم: هێنانی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ئەمریکی، دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ئەوەی واشنتۆن پابەند بێت بە پاراستنی سەقامگیریی عێراق لە هەڕەشە و دەستوەردانە ناوچهیییهكان، چونکە بە بوونی ئەم وەبەرهێنانانە، ئەمریکا بەرژەوەندییەکی ئابووریی ڕاستەوخۆی لە عێراقدا دەبێت؛ کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن بەرامبەر بە عێراق هەبێت. شەشەم: ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنانەوە پشتگیریی عێراق بکات و لە ئاستی ناوچهییدا، نزیکایەتیی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دروست بکات؛ هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ لەسەر ئاستی ناوچهیی بگێڕێت.
بێ گومان، ئەمریکا پاڵپشتیی زەیدی دەکات بۆ ئەوەی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ، زیاتر توانای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی هەبێت؛ چونکە ئەمە یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان بۆ ئەوەی عێراق زیاتر بەهێز بێت.
چارەنووسی حکوومەتی زەیدی لەنێوان مەرجەکانی ئەمریکا و گوشاری هێزە شیعەکاندا
وێڕای هەبوونی دەرفەتێکی زێرین بۆ گۆڕانکاری لە عێراقدا، بەڵام گومانی زۆر هەیە لەوەی حکوومەتی زەیدی بتوانێت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکادا سەرکەوتوو بێت؛ بەتایبەتی ئەو داواکارییانەی پەیوەندییان بە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموون و کاریگەریی ئێران لە عێراقدا هەیە. لە لایەکەوە، سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، زەیدی ئەو توانایەی نییە بەئاسانی بتوانێت ئەو گرووپانە لەچەک دابماڵێت، چونکە بۆ داماڵینی چەکی بەشێک لەو گرووپانە، پێویستیی بە بەکارهێنانی هێز دەبێت. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: ئایا زەیدی توانای ئەوەی هەیە، یان ئامادەیە هێز بەکار بهێنێت؟ بەڕاستی ئەمە جێگەی گومانە!
زەیدی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانیی نییە و مانەوەی حکوومەتەکەی، بە شێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە پشتگیریی چوارچێوەی ههماهەنگییەوە. بۆیە هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی خواست و ویستی لایەن و هێزە شیعەکانەوه، دەتوانێت ببێتە هۆی لهدەستدانی پشتگیریی سیاسی و، تەنانەت دەکرێت لە پەرلەمان متمانەی لێ وەربگیرێتەوە. هەروەها، زەیدی لە ڕووی سەربازییەوە ئەو هێزەی لەبەردەست نییە کە بتوانێت بەتەنیا ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە. هەر هەنگاوێک بۆ داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە، لەوانەیە ببێتە هۆی پێکدادانی سەربازی، بەتایبەت لەنێوان هێزە شیعەکاندا؛ ئەمەیش زۆر گران لەسەری دەکەوێت.
لە کاتێکدا زەیدی دەرفەتی بە گرووپە چەکدارەکان داوە تاکوو ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن، بەڵام بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەتوندی ئەمە ڕەت دەکەنەوە. بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق (IRI)، کە لە گرووپە شیعەکان پێک دێت و سەر بە ئێرانن، لە ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕایان گەیاند گرووپە چەکدارەکان چەکەکانی خۆیان دانانێن و دەست لە چەکەکان هەڵناگرن؛ هەروەها بەڵێنیان دا توانا سەربازی و ئەمنییهكانی خۆیان بەهێزتر بکهن.
تەنانەت گرووپە چەکدارەکان، وێڕای دژایەتییان بۆ سەردانی بۆ واشنتۆن، کۆمەڵێک مەرجیان خستە بەردەم زهیدی. لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ گرووپە چەکدارەکان ڕایان گەیاند، دەبێت زەیدی پێداگری لەسەر ئەوە بکات هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە. هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردهوه کە دژایەتیی هەموو ڕێککەوتننامەیەکی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەن لەگەڵ ئەمریکا و، هۆشدارییان بە زەیدی دا کە نابێت ڕێگە بە ئەمریکا بدرێت بڕیاری سیاسی و ئابووریی عێراق كۆنترۆڵ بكات. لە لایەکی تریشەوە، وەک هەنگاوێک بۆ زیاتر ڕووگیركردن (ئیحراجکردن)ی زەیدی، بەرەی موقاوهمە لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، ١٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ هەر کەسێک کە بتوانێت ترەمپ بکوژێت.
بە هەمان ئاراستەیش، لە ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق ڕای گەیاندووە کە ئەگەر واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی دژی ئێران فراوان بکات، ئەوا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو جهنگ لەگەڵ ئەمریکا. ههروهها لە بەیاننامەیەکدا بەڵێنی داوە کە هەموو بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە سەرانسەری ناوچەکەدا دهکەنە ئامانج.
هەرچەندە لێرەدا کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە بێ گومان دەکرێت هۆکار بن بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام زۆر سەختە ڕوو بدەن:
یەکەم، ئەگەر سیستهمی سیاسی لە ئێران بڕووخێت، ئەوا دەکرێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا و، دەکرێت ئەوکات گرووپە میلیشیاکان چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
دووەم، ئەگەر ئەمریکا بەتوندی هێرشی سەربازی بکاتە سەر گرووپە میلیشیاکان، بەتایبەتی ئەوانەی سوورن لەسهر ئهوەی نەچنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق. بەڵام لەم هەنگاوەدا دەبێت حکوومەتی زەیدی خۆی هاوکار و دەستپێشخەر بێت و داوا لە ئەمریکا بکات ئەم هەنگاوە بهاوێژێت. بەڵام وەک ئاماژەم پێ کرد، بێ گومان سەختە زەیدی ئەو بڕیارە بدات. زەیدی لە دیداری لەگەڵ ترەمپ ڕای گەیاند، تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە. ئەمە نەک هەر هاوکار نابێت بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان، بەڵکوو زیاتر هانیان دەدات پێداگری لەسەر مانەوەیان بکەن.
لە لایەکی ترەوە، زەیدی هەوڵ دەدات هاوسەنگی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بپارێزێت، نەوەک ڕووبەڕووی کاریگەری و هەژموونی ئێران ببێتەوە. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، هیچ سەرۆکوەزیرێکی عێراق هەوڵێکی جددیشی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و هەژموونی ئێران. بەپێچەوانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری و نفووزی ئێران لە عێراقدا ههڵكشاوه. ئێران لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و سەربازییەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیە. بۆیە سنووردارکردن یان کۆنترۆڵکردنی ئەو کاریگەرییە، کارێکی ئاسان نییە.
لە لایەکەی ترەوە، زۆربەی هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی ههماهەنگی، کە بڕیاردەری سیاسەتی عێراقن، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و لەلایەن تارانەوە پشتگیری دەکرێن. بۆیە ئەو هێزانە ئامادە نین بەپێچەوانەی سیاسەتی ئێران کار بکەن، یان ههوڵ بدهن نفووز و کاریگەریی ئێران لە عێراقدا كهم بكهنهوه.
لە لایەکی ترەوە، ئێران بە دەیان گرووپی چەکداری لە عێراقدا هەیە و، لە ئێستادا بەتەواوەتی دژی ئەوەیە چەکی خۆیان ڕادەستی حکوومەت بکەن. بەتایبەتی لەم قۆناغەدا، ئێران زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیی بە پاراستنی نفووزی خۆی لە عێراق هەیە. ئێران دەیەوێت ئەو کارتەی بهدەستهوه بێت، كه وەک ئامرازێکی گوشار دژی نەیارەکانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەکاری بهێنێت.
تەنانەت لەژێر گوشاری هاوپەیمانەکانی ئێراندا، بڕیارە زەیدی لە کۆتاییی ئەم هەفتەیەدا سەردانی تاران بکات و، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ئەم سەردانەدا، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان چەند یادداشتێکی تێكگەیشتن واژۆ بکرێن. ئەمەیش ئاماژەیەکی زۆر ڕوونە، بەوەی عێراق نایەوێت لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکوو دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا بپارێزێت. هەروەها، ئەم سەردانە دەکرێت هەوڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارانەی کە لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە خراوەتە سەر زەیدی، بەتایبەتی دوای سەردانی بۆ ئەمریکا. هەموو ئەمانەیش ئەو پرسیاره دروست دەکهن کە تاچەند حکوومەتی عێراق دەتوانێت لە بڕیارەکانی خۆیدا سەربەخۆ بێت و کاریگەری و نفووزی ئێران کەم بکاتهوه؟
بەگشتی، سەرەڕای هەموو ئەمانەی باسمان کرد، لە عێراقدا هەندێک فاکتەر هەن کە لەوانەیە یارمەتیی زەیدی بدەن بۆ سەرکەوتن لە هەندێک بواری دیاریکراودا- بەتایبەتی ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە دژایەتیکردنی گەندەڵییەوە هەیە. لەو ڕووەوە، پشتگیریی مهرجهعییەتە شیعییەکان، لەوانە مهرجهعییەتی سیستانی، هەروەها ڕەوتی سەدر، پشتگیریی شەقام و ڕای گشتی و، هەروەها هاوکاریی لایەنە کوردی و سوننییەکان، دەکرێت کاریگەرییەکی باشیان هەبێت لەسەر هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. لە هەمان کاتدا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەیشتن بە سەرکەوتنێکی بەرچاو لەم بوارەدا، کارێکی زۆر سەختە؛ چونکە زۆرێک لە تۆڕەکانی گەندەڵی بەهێزن و لە لووتکەی دەسەڵاتن. ئەمەیش وا دەکات کۆتاییهێنان بەو تۆڕانە، کارێکی سەخت بێت.
هەروەها، زەیدی لە بواری ئابووریدا دەتوانێت تا ڕاددەیەک دەستکەوتی هەبێت؛ بەتایبەتی لە ڕێگەی هێنانی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ عێراق، زیادکردنی وەبەرهێنان، باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، هەروەها فراوانکردنی ڕێگهکانی هەناردەکردنی نەوت و گەشەپێدانی پرۆژە ژێرخانییەکان.
سهرچاوهكان:
Al Jazeera English. Iraqi armed groups deny recent attacks, threaten US interests, Post on X , July 20, 2026. X.
Al Jazeera. “After Postponing the Decision on 9 Ministries, Iraqi Parliament Grants Partial Confidence to Al-Zaidi’s Government.” Al Jazeera Net, May 15, 2026.
Al Majalla. “Ali Al-Zaidi as Iraq’s Prime Minister amid a Struggle of Wills between Washington and Tehran.” Al Majalla, 2026.
Alhurra. “Sources to Alhurra: Iran Pressured Al-Zaidi to Visit Tehran before Washington.” Alhurra, 2026. https://alhurra.com/27297.
Al-Nashmi, Fadhel. “Trump Says Iraq Will Be Rid of Iran ‘Burden’ Soon.” Asharq Al-Awsat, July 15, 2026. https://english.aawsat.com/arab-world/5296184-trump-says-iraq-will-be-rid-iran-%E2%80%98burden%E2%80%99-soon
Axios. “Donald Trump: Politics & Policy Coverage.” Accessed July 21, 2026. https://www.axios.com/politics-policy/donald-trump
European Policy Centre. “Al-Zaidi’s Visit to Washington and the Challenges of Resetting Iraq’s Foreign Relations.” 2026.
Ravid, Barak. “U.S. Tells Iraq It Won’t Work with Officials Linked to Terror Groups.” Axios, November 16, 2022. https://www.axios.com/2022/11/16/iraq-iran-terror-organization-designation-sudani
Shafaq News. “Islamic Resistance Draws Red Lines for al-Zaidi’s US Visit.” July 12, 2026.
Tawfeeq, Mohammed, and Nadeen Ebrahim. “Trump Warns Against Nouri al-Maliki’s Return as Prime Minister of Iraq.” CNN, January 27, 2026.
The White House. “President Donald J. Trump Welcomes Iraqi Prime Minister Ali al-Zaidi to the White House.” Video. July 14, 2026https://www.whitehouse.gov/videos/president-donald-j-trump-welcomes-iraqi-prime-minister-ali-al-zaidi-to-the-white-house-%F0%9F%87%BA%F0%9F%87%B8%F0%9F%87%AE%F0%9F%87%B6/
U.S. Department of State. July 17, 2026. https://www.state.gov/releases/office-of-the-spokesperson/2026/07/announcement-of-cooperation-between-the-government-of-the-republic-of-iraq-and-the-government-of-the-syrian-arab-republic-on-the-rehabilitation-and-reconstruction-of-the-iraq-syria-crude-oil-pipeline/
U.S. Embassy in Iraq. “Joint Statement by Prime Minister Ali al-Zaidi and Special Presidential Envoy Tom Barrack.” U.S. Department of State, 2026. https://iq.usembassy.gov/ar/joint-statement-prime-minister-ali-al-zaidi-and-special-presidential-envoy-tom-barrack-ar/
U.S. Embassy Türkiye, “Congratulations to Iraqi Prime Minister Ali al-Zaidi on securing parliamentary confidence, X, May 14, 2026. https://x.com/USAMBTurkiye/status/2054976832156442882








