هەشت ڕێگە، کە ژیریی دەستکرد لە ساڵی 2026دا کاریگەری لەسەر جیۆپۆلیتیک دادەنێت
نووسینی شارەزایانی ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council)
ڕووداوەکانی ساڵی 2025 ئەوەیان ڕوون کردەوە کە چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ژیریی دەستکرد (AI) سیستەمی جیهانی دادەڕێژێتەوە یان نا، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە چەندە خێرا ئەمە ڕوو دەدات و تێچووەکەی چهنده.
بە درێژاییی ساڵەکە، پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین هەردووكیان، کێبڕکێی باڵادەستیی ژیریی دەستکردیان لەنێوان زلهێزەکاندا زیاتر کرد. وڵاتان و کۆمپانیاکان پێشبڕکێیان کردووە بۆ دروستکردنی ناوەندی گەورەی داتا و ژێرخانی وزە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پەرەپێدان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد. هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چیپە پێشکەوتووەکان، بەهای کۆمپانیای ئێنڤیدیا (Nvidia)ی گەیاندە سەرووی پێنج تریلیۆن دۆلار- کە یەکەمین کۆمپانیایە بگاتە ئەو ئاستە- سەرباری ئەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە داراییی بازنەیی زیاتر بوون، لەگەڵ ئەو پرسیارەی کە گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد تا چەندە لەسەر بنەمای زیادەڕەوییە لەبری واقع. لە هەمان کاتدا، داڕێژەرانی سیاسەت ڕووبەڕووی کێشەی هاوسەنگیی نێوان سەلامەتی، ئاسایش و داهێنان بوونەوە، لەگەڵ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی پشێوییە چاوەڕوانکراوەکانی هێزی کار لە داهاتوودا.
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی 2026، تێکەڵکردنی خێرای ژیریی دەستکرد هەڕەشەی خستنەناوەوەی پێشبینینەکراویی زیاتر بۆ ناو سیستەمێکی جیهانی ئاڵۆزتر دەکات. لە خوارەوە، شارەزایانی بەرنامەکانی تەکنەلۆژیای سەربە ئەنجومەنی ئەتڵەسی، تێڕوانینەکانیان سەبارەت بە پێشبینییەکانی ژیریی دەستکرد لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ئەمساڵ دەخەنە ڕوو.
ژەهراویکردنی ژیریی دەستکرد دەبێتە دیاردەیەکی باو
تۆڕی ماڵپەڕەکانی پراڤدا (Pravda)ی ڕووسی ملیۆنان وتاری بڵاو کردووەتەوە کە زیاتر لە هەشتا وڵات دەکهنه ئامانج. ئەم ماڵپەڕانە ناوەڕۆکی میدیای دەوڵەتیی ڕووسیا ساغ دەکەنەوە و گەورەی دەکەن، بە مەبەستی بەخشینی رەوایەتی بە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ڕووسیا و دروستکردنی گومان لەسەر پاڵپشتییەکانی ڕۆژاوا بۆ ئۆکراینا. زۆربەی ئەم وتارانە هەرگیز مرۆڤ نایانخوێنێتەوە. لەبری ئەوە، وا دیارە ئامانج لێیان بەکارهێنانی جاڵجاڵۆکەکانی وێبە (web crawlers) کە ئینتەرنێت دەپشکنن بەدوای داتای ڕاهێناندا بۆ تێرکردنی مۆدێلە چاوچنۆکەکانی ژیریی دەستکرد.
ستراتیژەکەیش سەرکەوتووە؛ چونکە ساڵی ڕابردوو، تاقیگەی توێژینەوەی دیجیتاڵیی فۆڕێنسیک (DFRLab) سەربە ئەنجومەنی ئەتڵەسی و چێک فێرست (CheckFirst) دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە چۆن ویکیپیدیا، تێبینییەکانی کۆمەڵگەی ئێکس (X Community Notes) و وەڵامی چاتبۆتە گەورەکان پشتیان بە وتارە بەکۆمەڵ بەرهەمهێنراوەکانی پراڤدا بەستووە. توێژینەوەیەکی هاوتەریب کە کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) و پەیمانگهی سەلامەتیی ژیریی دەستکردی شانشینی یەکگرتوو (UK AI Safety Institute) ئەنجامیان داوە، نیشانی دەدات کە چۆن بڕێکی کەم لە زانیاری و داتای هەڵە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر تەنانەت مۆدێلە زۆر گەورەکانیش ”ژەهراوی” بکات. خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو، بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی ئێستا، ڕوو لە سیستهمەکانی ژیریی دەستکرد دەکەن. ئەگەر سەرچاوە مەبەستدارەکان بۆ چەواشەکاری، زانیارییەکانی مۆدێلێکی ژیریی دەستکردیان گۆڕیبێت، ئەوا لە ئەنجامدا بەکارهێنەرانیش چەواشە دەکرێن.
لە ساڵی 2026دا، پرسی ژەهراویکردنی ژیریی دەستکرد دەبێتە دیاردەیەکی باو. بەهۆی دواکەوتنی نزیکەی دوو ساڵ لە داتای ڕاهێنانی ژیریی دەستکرددا (بۆ نموونە، زۆرێک لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد هێشتا چاوەڕێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای 2024 دەکەن)، ئەم هەڵمەتە پڕوپاگەندانەی کە ئامانجیان ژیریی دەستکردە، خەریکە زۆرتر دەردەکەون. لەبەر ئەوەی ناتوانرێت بە شێوەیەکی جێی متمانە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی مۆدێلێکی کارپێکراوی ژیریی دەستکرددا بکرێت، دەرەنجامەکە دەبێتە بەرەنگارییەکی سەرسوڕهێنەر بۆ توێژینەوە و داڕشتنی سیاسەت.
شارەزایانی سیاسەتی دیجیتاڵی، لەنێویاندا DFRLab، دە ساڵیان بەسەر بردووە بۆ فێربوونی چۆنێتیی دەستنیشانکردن، ڕوونکردنەوە و ئاشکراکردنی زانیارییە چەواشەکارە ئۆنڵاینەکان لەو شوێنانەی کە خەڵک دەتوانن بیانبینن. ئەمە زانیاریی چەواشەکاریی ئۆنڵاینە لەو شوێنانەی کە خەڵک ناتوانن بیانبینن.
- ئیمەرسن بروکینگ (Emerson T. Brooking) بەڕێوەبەری ستراتیژی و توێژەری باڵایە لە تاقیگەی توێژینەوەی دیجیتاڵیی فۆڕێنسیک سەربە ئەنجومەنی ئەتڵەسی.
ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ بەرپەرچدانەوەی چین پاڵپشتی له هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دەکات
لە ساڵی 2026دا، ویــــــــلایەتە یەکــــگرتووەکان هەوڵەکانی بۆ هـــــــەناردەکردنی پــــــــاکێجـــی تەکـــــــنەلۆژیای ئەمریـــــکی (US tech stack) وەک بەردی بناغەی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی خۆی بۆ ژیریی دەستکرد چڕتر کردەوە. لە کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاراستەکەی دیاری کرد کاتێک بڕیاری دا ڕێگە بە کۆمپانیای ئێنڤیدیا بدات چیپە پێشکەوتووەکانی (H200) هەناردەی چین بکات؛ ئەمەیش پشتگیرییەکی ڕوونە بۆ ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکان براوە دەبێت کاتێک جیهان ژیریی دەستکرد بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی دروست دەکات و بەکاری دەخات.
ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی (National Security Strategy)ی ئیدارەی ترەمپ، کە چەند ڕۆژێک پێش بڕیارەکەی ئێنڤیدیا بڵاو کرایەوە، ئەمە بەڕوونی دەخاتە ڕوو: ”دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی کە تەکنەلۆژیا و پێوەرە ئەمریکییەکان- بەتایبەتی لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد، بایۆتەکنەلۆژیا و ژمێرکاریی کوانتەمدا- جیهان بەرەو پێش دەبەن.” ئەم داڕشتنە، گوزارشتە لە پلانی کاری ژیریی دەستکرد (AI Action Plan) کە ئیدارەکە لە تەممووزی 2025دا بڵاوی کردەوە و تیایدا هاتووە کە: “پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان خواستە جیهانییەکانی ژیریی دەستکرد لە ڕێگەی هەناردەکردنی تەواوی پاکێجی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردەوە پڕ بکاتەوە”؛ لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە شکستهێنان لەم کارەدا دەبێتە ”هەڵەیەکی بێپاساو.”
لە ساڵی 2026دا، چاوەڕوان دەکرێت ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوبەشیی زیاتری تایبەت بە ژیریی دەستکرد واژۆ بکات، هاوشێوەی ئەو هاوبەشییانەی کە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبدا لە ساڵی 2025 دروستی کردن، هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی چین لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکاندا. بەڵام لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم پاڵنەرە دروست دەکات، چین چەندان خاڵی بەهێزی سەرەکیی هەیە. پێشەنگبوونی چین لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی سەرچاوەکراوە و سەرنجخستنە سەر ژیریی دەستکردی کارپێکراو، دەکرێت ببێتە هاوکێشەی براوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی پشکی بازاڕی جیهانی لە ڕێگەی مۆدێلە بێبەرامبەرەکان و تەکنەلۆژیا ئامادەکراوەکان بۆ بەگەڕخستن.
- تێس دیبلانک نۆڵس (Tess deBlanc-Knowles) بەڕێوەبەری بەرنامەکانی تەکنەلۆژیایە لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی.
حوکمڕانیی ژیریی دەستکرد دەبێتە پرسێکی جیهانیی
لە ساڵی 2026دا، حوکمڕانیی ژیریی دەستکرد دەچێتە یەکەمین قۆناغی ڕاستەقینەی جیهانییەوە؛ قۆناغێك كه لە ڕێگەی دیالۆگی جیهانی سەبارەت بە فەرمانڕەواییی ژیــــــریی دەســــــــــتکرد (Global Dialogue on AI Governance) و لیژنەی زانستیی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ بۆ ژیریی دەستکرد (Independent International Scientific Panel on AI)، به پاڵپشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان پێك دێت. بۆ یەکەمین جار، سەرجەم دەوڵەتان خاوەنی سەکۆیەک دەبن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەترسییەکان، پێوەرەکان و میکانیزمەکانی هەماهەنگیی ژیریی دەستکرد؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ژیریی دەستکرد پێی ناوەتە بوارێکی جێی بایەخی هاوبەشی جیهانییەوە.
سەرباری ئەمەیش، ئەم ئامانجە لە سایەی گرژییەکی جیۆپۆلیتیکیی سەختدا بەدی دێت، چونکە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی لە مۆدێلێکی ڕێکخستنی بنەمادار بە ماف و مەترسییەکان دەکات، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی داهێنان و نەرمینواندن لە ئاسایشدا پێوەرە خۆبەخشییەکانی پێ باشتره. بەڵام، چین برەو بە هاوکاریی گشتگیر دەدات لە کاتێکدا بەرگری لە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر داتا و بەگەڕخستنی ژیریی دەستکرددا دەکات. دەوڵەتە بچووکەکان و تازەگەشەسەندووەکان پێگە و دەنگی خۆیان بەدەست دەهێنن، بەڵام لە ڕووی پێکهاتەیییەوە پشت بە زلهێزەکان دەبەستن کە کۆنترۆڵی زۆرینەی بەهرە، سەرمایە و هێزی ژمێرکاریی ژیریی دەستکرد دەکەن.
دەرەنجامەکە چوارچێوەیەکی جیهانیی لەرزۆک و نابەرامبەرە. دەوڵەتان لەسەر هەڵسەنگاندنە زانستییەکان، پێوەرەکانی شەفافییەت و بنەما خۆبەخشییەکان یەک دەگرن، بەڵام خۆیان لە سنووردارکردنە پابەندکەرەکان بۆ بەکارهێنانە مەترسیدارەکانی ژیریی دەستکرد، وەک چەکە سەربەخۆکان، چاودێریکردنی بەکۆمەڵ یان دەستکاریکردنی زانیارییەکان دەپارێزن. هەماهەنگی دروست دەبێت، بەڵام کێبڕکێ ستراتیژییە بنەڕەتییەکە بەچارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە؛ ئەمەیش پێکهاتەیەکی فەرمانڕەوایی بەرهەم دەهێنێت کە مەترسییەکان لە پەراوێزدا بەڕێوە دەبات لە کاتێکدا مۆدێلە ڕکابەرەکان وەک خۆیان دەهێڵێتەوە.
پێ دەچێت تا کۆتاییی ساڵی 2026، دیالۆگی جیهانی، حوکمڕانیی ژیریی دەستکردی لە ڕووی شێوەوە کردبێتە پرسێکی جیهانیی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا جیۆپۆلیتیکییە. ئەمەیش یەکەمین تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هاوکاریی نێودەوڵەتی دەتوانێت بە شێوەیەکی واتادار داهاتووی ژیریی دەستکرد دابڕێژێت، یان تەنیا شان بە شانی ستراتیژییە نیشتمانییە ڕکابەرەکان بەردەوام دەبێت. ئەم قۆناغە دەرفەتێک بە دەوڵەتان دەدات بۆ پیشاندانی سەرکردایەتی لە ڕێگەی بەهێزکردنی تواناکانی دامەزراوەکان و میکانیزمە هاوبەشەکانەوە، بۆ برەودان بە چوارچێوەیەکی جیهانیی حوکمڕانیی ژیریی دەستکرد کە یەکگرتووتر، دادپەروەرانەتر و گشتگیرتر بێت.
- کۆنستانتینۆس کۆمایتیس (Konstantinos Komaitis) توێژەری باڵایە لە دەستپێشخەریی دیموکراسیی + تەکنەلۆژیا (Democracy + Tech Initiative) سەربە ئەنجومەنی ئەتڵەسی.
کێبڕکێی ژیریی دەستکرد لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین، لە جیهانێکی فرەجەمسەردا چڕتر دەبێتەوە
ساڵی داهاتوو دەبێتە شایەتحاڵی کێبڕکێیەکی سەختتر لەسەر باڵادەستیی ژیریی دەستکرد لەنێوان دوو گەورەترین زلهێزی جیهاندا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چینن، لە کاتێکدا زلهێزە مامناوەندەکان وردە وردە بۆشاییی ناو کێبڕکێکە کەم دەکەنەوە. کۆمپانیای دیپ سیک (DeepSeek)ی چینی لە سەرەتای ئەمساڵدا توێژینەوەیەکی زانستیی بڵاو کردەوە سەبارەت بە شێوازێکی نوێی ڕاهێنانی ژیریی دەستکرد بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی مۆدێلە بنەڕەتییەکان بە شێوەیەکی کارا و کەمکردنەوەی تێچووەکان. ئەم بڵاوکراوەیە نزیکەی ساڵێک دوای ئەو توێژینەوە گرنگە دێت کە لە کانوونی دووەمی 2025دا بڵاوی کردەوە و دواتر سیستەمی دیپ سیک-ئار 1 (DeekSeek-R1)ی بەدوادا هات. کاتی دەرچوونی بڵاوکراوە نوێیەکەی ئەمساڵ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆمپانیاکە مۆدێلی نوێ دەخاتە بازاڕەوە و، ئهمساڵ بەردەوام دەبێت لە داڕشتنی پیشەسازیی جیهانیی ژیریی دەستکرد.
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا، چین هەوڵەکانی بۆ ستراتیژیی ژیریی دەستکردی سەرچاوەکراوە چڕتر بکاتەوە بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری لەسەر ژێرخانی جیهانیی ژیریی دەستکرد (ئێستا چەندان کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیای ئەمریکی لە بەرنامەکانیاندا مۆدێلە زمانەوانییە گەورەکانی چین بەکار دەهێنن). هەروەها ڕەنگە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین ببنە بەشێک لە کاردانەوەی بازرگانیی زیاتر لە زنجیرەی دابینکردنی ژیریی دەستکرددا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشناییی پێشهاتەکانی ئەم دوایییەی ڤەنزوێلا کە لێیەوە کۆمپانیا چینییەکان دەستیان بە کانزا دەگمەنەکانی زەوی گەیشت کە بۆ پەرەپێدانی پاکێجی ژیریی دەستکرد زۆر گرنگن. بانگەشەکانی ئەم دوایییەی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە کۆلۆمبیا، کە چین لەوێشەوە ماددە دەگمەنەکانی زەوی دەست دەخات، دەکرێت ئەمریکای لاتین بکاتە گۆڕەپانی داهاتووی ململانێی تەکنەلۆژیای نێوان ئەو دوو زلهێزە.
بەڵام چارەنووسی زلهێزەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین، چی دەبێت؟ لە ساڵی 2026دا، چاوەڕوان دەکرێت ئەورووپا بەراورد بە ساڵی 2025، وەبەرهێنانە بەرگرییەکانی خۆی لە بواری ژیریی دەستکرددا زیاتر بکات. زلهێزە مامناوەندەکان، بەتایبەتی هیندستان، ئهمساڵ شایەتحاڵی پێشکەوتنێکی گەورەی تواناکانی ژیریی دەستکردی خۆیان دەبن، چونکە تەکنەلۆژییە گەورەکانی ئەمریکا لەم دوایییانەدا بەڵێنی ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە تواناکانی ژیریی دەستکردی هیندستاندا داوە.
کێبڕکێی ژیریی دەستکرد لە ساڵی 2026دا هێشتا بە سیستەمێکی فرەجەمسەر پێناسە دەکرێت. سەرباری ئەمەیش، ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین بەردەوام دەبن لە هەبوونی گەورەترین کاریگەری.
- ڕایان پان (Ryan Pan) یاریدەدەری بەرنامەیە لە ناوەندی جیۆتێک (GeoTech Center) سەربە ئەنجومەنی ئەتڵەسی.
ژیریی دەستکرد بەرەنگاری بڕیاردانی مرۆڤ دەبێتەوە
پێ دەچێت لە ساڵی 2026دا، کارلێکی مرۆڤ لەگەڵ ژیریی دەستکرددا بەرەنگاری بڕیاردان و شوناسی مرۆڤ ببێتەوە بە شێوەیەکی قووڵتر لە هەر ساڵێکی دیکە تا ئەمڕۆ. هۆکاری ئەمە تەنیا ئەوە نییە کە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد توانایەکی زۆر ئاڵۆزتر نیشان دەدەن، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیش کە ناوەڕۆکی بەرهەمهێنراوی ژیریی دەستکرد، دەکرێت لە ژینگەی زانیاریی جەمسەرگیر (لایەنگر)ی ئەمڕۆدا لە ڕووی سۆزدارییەوە زۆر بەهێز بێت.
سەرچاوە سەرهێڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشانیان داوە کە چۆن دەکرێت جەمسەرگیری، بەئەنقەست بکرێتە ئامانج، هەروەها بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی ساختە یان شێوێنراو ڕەهەندێکی نوێ بۆ چۆنێتیی لێکدانەوەی ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان زیاد دەکات. ناوەڕۆکی ژیریی دەستکرد داینامیکی هەردوو لایەنی دەستکاریکردن و ئەوەی پێی دەوترێت ”یاریی زانیاریی چەواشەکارانە” دادەڕێژێتەوە، کە تیایدا تەکنیکەکانی وەک بڵاوکردنەوەی پاشەڕۆی ژیریی دەستکرد (AI slop) و دروستکردنی میم بۆ ڕووداوەکان (memeification) ، بۆ گاڵتەپێکردن بە نەیارەکان و گەورەکردنی گێڕانەوە سەرەکییەکانی پڕوپاگەندە بەکار دەهێنرێن. بۆ نموونە، لە حوزەیرانی 2025دا و لە ناوەڕاستی بارگرژییەکانی ئیسرائیل و ئێراندا، ژیریی دەستکرد، بووە ڕوخسارێکی نوێی پڕوپاگەندە. ئەمە لەخۆگری ناوەڕۆکی ساختەی وێنەیی و هەستیاری بەرهەمهێنراوی ژیریی دەستکرد بوو، وەک هێرشی مووشەکیی ساختە، کەرەستەی سەربازی، هێما ئایینی و نەتەوەیییەکان و میمەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا ساختەکاریی ئاڵۆزتری ڤیدیۆکانی کامێرای چاودێریی لەخۆ گرتبوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاشکراکردنی ساختەیییەکەیان قورستر دەبوو.
لە یەکەمین ڕۆژەکانی ساڵی 2026دا، کاتێک ئیدارەی ترەمپ پیاوە بەهێزەکەی ڤەنزوێلا، “نیکۆلاس مادورۆ”ی دەستگیر کرد، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. هەرچەندە زۆربەی ئەم ناوەڕۆکە لە بنەڕەتدا کۆمیدی یان تەنزئامێز بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش شێوازە نوێیەکانی بەکارهێنان ڕوون دەکاتەوە؛ چونکە میدیای بەرهەمهێنراوی ژیریی دەستکرد دەتوانێت تێگەیشتنەکانی دەسەڵات دابڕێژێت و هێڵی جیاکەرەوەی نێوان تەنز، دەستکاریکردن و پڕوپاگەندە لێڵ بکات. جا ناوەڕۆکە ساختەکە ئامانجی دروستکردنی کۆمیدیا بێت یان سەرلێشێوان، بڕیاردانی مرۆڤ لە ساڵی داهاتوودا ڕووبەڕووی بەرەنگاریی نوێ دەبێتەوە.
ئەم بەرەنگارییەی بەردەم بڕیاردان و شوناسی مرۆڤ، سنوورەکانی زانیارییە چەواشەکارەکان تێ دەپەڕێنێت. ڕهنگه لە ساڵی 2026دا، ژینگەی ژیریی دەستکرد دەست بە نیشاندانی نیشانە سەرەتایییەکانی تێربوونی پێوەرەکان (benchmark saturation) بکات، کە تیایدا مۆدێلەکان دەگەنە ئاستی گەیشتن بە بەرزترین نمرەکان لە تاقیکردنەوە سەلمێنراوەکانی توانا؛ ئەمەیش جیاوازییە پێوانەکراوەکانی نێوانیان لا دەبات. ئەمە بۆ ژینگەی زانیاری گرنگە، چونکە هەمان لۆژیک جێبەجێ دەبێت: ئەگەر جیاکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕاستەقینە لە ساختە قورس بێت، ئەوا جیاکردنەوەی ئەو بەشدارییە ناوازەیەی مرۆڤ لەو شتەی ژیریی دەستکرد دەتوانێت لاسایی بکاتەوە، هەمان قورساییی دەبێت. لێکەوتەکانی ئەمەیش شوناسی پیشەیی و چۆنێتیی تێگەیشتن لە بەها و لێهاتووییی تاکەکەسی دەگرێتەوە.
- ئێستیبان پۆنس دێ لیۆن (Esteban Ponce de León) توێژەرە لە تاقیگەی توێژینەوەی دیجیتاڵیی فۆڕێنسیک (Digital Forensic Research Lab).
وڵاتان هەموو هەوڵێکیان بۆ ”ژیریی دەستکردی سەروەر”(sovereign AI) دەخەنە گەڕ
سەرمایەیەکی بێپێشینە دەخرێتە گەڕ بۆ پڕکردنەوەی خواستی پێشبینیکراوی سەر ژیریی دەستکرد. بۆ نموونە، ساڵی ڕابردوو بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ستارگەیت (Stargate) لەلایەن ترەمپەوە دەستی پێ کرد، بە ئامانجی وەبەرهێنانی 500 ملیار دۆلار لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا لە ماوەی پێنج ساڵدا. ئەو بنەمایەی ئەم ئاراستەیە دەجووڵێنێت ڕوون و سادەیە: وڵاتان پێیان وایە دەبێت کۆنترۆڵی ژیریی دەستکرد بکەن، پێش ئەوەی ئەو کۆنترۆڵیان بکات. لە ئەنجامدا، شەپۆلێک لە ڕاگەیاندنی ژیریی دەستکردی سەروەر لە ساڵەکانی 2024 و 2025دا هەبوو.
ئەم خێرایییە لە ساڵی 2026دا زیاتر گەشە دەکات، کە بە خستنەبازاڕی مۆدێلە زمانەوانییە گەورە سەروەرەکەی هیندستان لە لووتکەی کاریگەریی ژیریی دەستکرد (AI Impact Summit) لە مانگی شوباتدا دەست پێ دەکات. نەتەوەکان هەوڵی بەدەستهێنانی ژیریی دەستکردی سەروەر دەدەن بۆ بەهێزکردنی ئابوورییە ناوخۆیییەکانیان، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، کەمکردنەوەی شۆکە جیۆپۆلیتیکییەکان و ڕەنگدانەوەی بەها نیشتمانییەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا، گرفتێک هەیە: مەرج نییە هەموو وڵاتێک بتوانێت، یان پێویست بکات، بەتەنیا هەوڵی دروستکردنی هەر بەشێکی پاکێجی ژیریی دەستکرد بدات. هەوڵدان بۆ دروستکردنەوەی هەموو شتێک لە سەرەتاوە، لە ناوەندەکانی دراوەوە بگرە تا دەگاتە مۆدێلەکان، کارێکی تێچوودار و دووبارە و ناکردارەکییە. نەتەوەکان پێویستیان بەوە دەبێت كه هەڵبژێرن چی دروست بکەن و چی بکڕن، هەروەها لە کوێدا دروستکردنی هاوبەشی لۆژیکیترە لە کارکردنی تاکەکەسی.
- تریشا ڕەی (Trisha Ray) یاریدەدەری بەڕێوەبەر و توێژەرە لە ناوەندی جیۆتێک.
ململانێی پاکێجەکانی ژیریی دەستکرد هەڵدەکشێت
لە کاتێکدا ژیریی دەستکرد دەبێتە سەنتەری تێڕوانینە ئابوورییەکانی وڵاتان، پێ دەچێت داڕێژەرانی سیاسەتی نیشتمانی هەوڵی سەپاندنی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر ژێرخانی دیجیتاڵیی هەستیاردا بدەن. ئەم ژێرخانە لەخۆگری هێزی ژمێرکاری (compute power)، کۆگهی هەوری (cloud storage)، مایکرۆچیپەکان (microchips) و ڕێکخستنەکان (regulation)ە و، ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبێت لە چۆنێتیی گەشەکردنی تەکنەلۆژیای تازەپێگەیشتووی ژیریی دەستکرد لە ساڵی 2026دا. سەبارەت بە گەورەترین زلهێزە دیجیتاڵییەکانی جیهان کە پێک هاتوون لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و چین، پێ دەچێت هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ژێرخانە، بگۆڕێت بۆ ململانێی ”پاکێجەکانی ژیریی دەستکرد” (AI stacks) کە ئاراستەی تەواو دژبەیەکن سەبارەت بە چۆنێتیی کارکردنی ئەو ژێرخانە دیجیتاڵییە بنەڕەتییەی کە ژیریی دەستکرد چالاک دەکات، چ لە ناوخۆ یان لە دەرەوە.
پلانی کاری ژیریی دەستکردی کۆشکی سپی کە لە تەممووزی 2025دا بڵاو کرایەوە، سیاسەتی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی فیدراڵیی بۆ هەناردەکردنی پاکێجی ئەمریکی بۆ وڵاتانی سێیەم دیاری کرد، لەوانەیش لە ڕێگەی پاڵپشتییەکی داراییی چاوەڕوانکراو لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکاوە بۆ حکوومەتەکانی دیکە بە مەبەستی کڕینی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت، ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) و ئێنڤیدیا. کۆمیسیۆنی ئـــــــەورووپا ملیاران یۆرۆی تەرخــــــــان کـــــــــردووە بۆ ئــــــــــــەوەی پێی دەوتـــــرێت گێـــــگافاکـــــــتۆرییەکانی ژیـــــــریی دەستـــــــکرد (AI gigafactories)، یان ژێرخانی ژمێرکاریی ئاستبەرز، لە ئیستۆنیاوە تا ئیسپانیا، لە کاتێکدا سەرکردە نیشتمانییەکان بە دەنگی بەرز داوای دروستکردنی ”پاکێجی یۆرۆ” (Euro stack) دەکەن. (تێبینی: ”پاکێجی یۆرۆ” (Euro stack) بە “تەلارسازیی دیجیتاڵیی فرەچینی ئەورووپا”یش دەناسرێت). حزبی کۆمۆنیستی چین داوا لە کۆمپانیا ناوخۆیییەکان دەکات دەستبەرداری زانیارییە ڕۆژاوایییەکان بن سەبارەت بە ژیریی دەستکرد و لەبری ئەوە، پشت بە جێگرەوە ناوخۆیییەکانی کۆمپانیاکانی وەک عەلی بابا (Alibaba) یان هواوی (Huawei) ببەستن.
پێویستە وڵاتانی دیکەی جیهان مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاراستانەدا بکەن کە ململانێیان لەسەر ژێرخانی ژیریی دەستکرد تا دێت زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا سەرجەم وڵاتان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی زیاتری ئەوە دەدەن کە پێی دەوترێت ژێرخانی گشتیی دیجیتاڵی (digital public infrastructure)؛ واتە ئەو ڕەقەکاڵا (hardware) و بەتایبەتتریش نەرمەکاڵا (software) بنەڕەتییانەی کە بۆ کارپێکردنی سیستهمە ئاڵۆزەکانی ژیریی دەستکرد پێویستن. چۆنێتیی کارلێکی ئەم پاکێجە جیاوازانەی ژیریی دەستکرد لەگەڵ یەکتردا، چارەنووسساز دەبێت بۆ چۆنێتیی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاکە لە دوازدە مانگی داهاتوودا.
- مارک سکۆت (Mark Scott) توێژەری باڵایە لە دەستپێشخەریی دیموکراسیی + تەکنەلۆژیا (Democracy + Tech Initiative) سەربە ئەنجومەنی ئەتڵەسی.
چین هەوڵەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کارتێکردن لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە چڕتر دەکاتەوە
پێ دەچێت لە ساڵی 2026دا، هەوڵە چەواشەکارییەکانی کۆماری گەلی چین (PRC) کە ژیریی دەستکرد تیایاندا بەکار دێت، لە ڕووی قەبارە، بەردەوامی و ئاڵۆزییە تەکنیکییەکانەوە چڕتر ببنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە تایوان دەکەنە ئامانج. ئێستا، ئەکتەرەکانی کۆماری گەلی چین، دەنگ، ڤیدیۆ و دەقی بەرهەمهێنراوی ژیریی دەستکرد بەکار دەهێنن، کە لە ڕێگەی تۆڕی هەژمارە ساختەکان و کۆمپانیا تایبەتە گرێبەستپێکراوەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەکانی ”جەنگی مەعریفی (cognitive warfare)، کە ئامانج لێیان داڕشتنی تێگەیشتنە سیاسییەکان و ڕەفتاری دەنگدەرانە. ئەم هەڵمەتانە ئەولەوییەت بە قەبارە، خۆماڵیکردن و ئیستغلالکردنی ئەلگۆریتمی (algorithmic exploitation) دەدەن و، بە شێوەیەک دیزاین کراون کە بەردەوام بن نەک پچڕپچڕ. لەگەڵ تێکەڵکردنی ناوەڕۆکی بەرهەمهێنراوی ژیریی دەستکرد لەگەڵ پەیامە داڕێژراوەکانی مرۆڤ و ژێرخانی بازرگانیدا، دۆزینەوە و گێڕانەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی پەیوەستن بە کۆماری گەلی چینەوە بۆ سەرچاوەکانیان قورستر دەبێت؛ ئەمەیش ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە بەرەو ئۆپەراسیۆنەکانی کارتێکردنی زیاتر ڕەتکراوە، گونجێنراو و پیشەیی.
لە هەمان کاتدا، پێشبینی دەکرێت پەکین ئەم چالاکییانە ببەستێتەوە بە پەیامی دیپلۆماسیی بەرگریکارانەوە کە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی چەواشەکاری یان ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنیی پەیوەست بە کۆماری گەلی چینەوە لەخۆ دەگرێت، هەروەها پێناسەکردنەوەی ئەو جۆرە بانگەشانە وەک هێرشی پاڵنەرە سیاسییەکان پیشان بدات. ئەم شێوازە، ستراتیژێکی تێكهڵاوی فراوانتر بەهێز دەکات کە تیایدا ئۆپەراسیۆنەکانی کارتێکردن بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، چالاکییە ئەلیکترۆنییەکان و ئاماژە دیپلۆماسییەکان بەتوندی تێکەڵ کراون. لە ساڵی 2026دا، ڕهنگه هەڵمەتە چەواشەکارییەکانی کۆماری گەلی چین کەمتر سەرنج بخەنە سەر پڕوپاگەندەی ئاشکرا و، زیاتر تیشک بخەنە سەر داڕشتنی گێڕانەوەکان لە دەوروبەری قەیرانەکان و ڕووداوە ئەلیکترۆنییەکان، ڕەتکردنەوەی تاوانبارکردن، لەناوبردنی متمانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان بۆ سەرچاوەکانیان، لەگەڵ کارتێکردن لە دەرەنجامەکانی بڕیاردانی ستراتیژی.
- کێنتن تیبۆت (Kenton Thibaut) توێژەری باڵایە لە دەستپێشخەریی دیموکراسیی + تەکنەلۆژیا.






