نووسەر: ناداڤ ئەیاڵ (Nadav Eyal)
ماڵپەڕ: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت (YediotAhronot)
ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی جهنگ، پلانێکی بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران هەبووە؛ پلانێک کە ناکۆکیی قووڵی لەنێوان مۆساد، سوپای ئیسرائیل و ئاستی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دروست کردبوو.
ناداف ئەیاڵ، نووسەری ئەم ڕاپۆرتە، یەکێکە لە گۆشەنووسەکانی ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت” و لە شرۆڤەکارە ناسراوەکانی ئیسرائیلە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتارە زۆر درێژەکەی بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: ”تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئۆپەراسیۆنی شێری ڕاساو (Operation Roaring Lion)؛ ئەو ئامانجە جەنگییەی كه ئیسرائیل هەرگیز بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕای نەگەیاند، ئەو هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەی هۆشداریی دەدا کە شکستی ئەم پلانە لەوانەیە ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پاڵ پێوە بنێت، هەروەها ئەوەی مۆساد بە کوردەکانی وتبوو. ”
ئەیاڵ، کۆتاییی هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری و تێروتەسەلی لە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، گەورەترین ڕۆژنامەی ئیسرائیل، سەبارەت بە چۆنێتیی بڕیاردانی ئیسرائیل بۆ چوونە ناو جهنگ لەگەڵ ئێران بڵاو کردبووەوە. ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئاب لە وێبسایتەکەی خۆیدا نووسیی کە ئەم وتارە نوسخەیەکی هەمان ڕاپۆرتە و بۆ خوێنەرانی دەرەوەی ئیسرائیل وەرگێڕدراوە و دەستکاری کراوە.
ئەم ڕۆژنامەنووس و شڕۆڤەکارە دەنووسێت: ”هەر لە سەرەتاوە دەبێت خاڵێک ڕوون بکەمەوە. هێشتا چهند بهشێك لە پلانی مۆسادیان بڵاو نەکردووەتەوە؛ لەوانە ئەو توخمانەی بەپێی گێڕانەوەی چەندان سەرچاوە، زۆر جددی و قایلکەر بوون. بۆیە، ئەو پلانەی لێرەدا وەسف دەکرێت، تەواوی پلانەکە نییە و لەوانەیە لەچاو واقعدا سادەتر و سنووردارتر دەرکەوێت. سەرباری ئەمەیش، هەموو ئەو بابەتانەی لە خوارەوە هاتوون، لەسەر بنەمای وتەی ئەو کەسانەیە کە لە کۆبوونەوەکانی بڕیارداندا ئامادە بوون.”
وەرگێڕانی دەقی وتارەکەی ناداڤ ئەیاڵ:
وێناکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بوێری و مەبەستە سەرسوڕهێنەرەکەی، تا ڕاددەیەک مەحاڵە. ماندووکردنی حکوومەتێک لە ماوەی چەندان ساڵدا لە ڕێگەی سزاکان، ئۆپەراسیۆنەکانی دزەکردن و دروستکردنی وردە وردەی ترس و سەرلێشێواوی، بابەتێکە؛ بەڵام ڕاکێشانی سەرنجی مەحموود ئەحمەدینهژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ئینکارکەری هۆلۆکۆست، وەک بریکارێکی هەواڵگری و دواتر گەڕاندنەوەی بۆ دەسەڵات، بابەتێکی تەواو جیاوازە.
هەروەها دەستپێکردنی هێرشێکی هەمەلایەنە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، هەر دەچێتە هەمان چوارچێوەوە. ئەمانە لەو جۆرە پڕۆژانەن کە تەنانەت زلهێزەکانیش لە جێبەجێکردنیاندا شکست دەهێنن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئیسرائیل هەوڵێکی لەم شێوەیەی دەست پێ کرد و سەرچاوە و توانایەکی گەورەی بۆ بەرەوپێشبردنی تەرخان کرد.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ڕۆژنامەکانی “نیویۆرک تایمز” و “هائارێتز” زۆر بابەتیان سەبارەت بەو هەوڵە بڵاو کردووەتەوە. ئەوەی لە خوارەوە دێت، وردەکاریی زیاتر بۆ دۆسیەی گەورەترین ئامانجی ناوچەیی زیاد دەکات کە ئیسرائیل تا ئێستا بەدوایدا چووە؛ واتە گۆڕینی حکوومەت لە وڵاتێکدا کە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دانیشتووی ههیه و هێزێکی ناوچەیییە؛ هەوڵێک کە لە ناوەڕاستی جهنگ و بە هەماهەنگی لەگەڵ تاکە زلهێزی جیهان، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەنجامیان دا.
لەو خستنەڕووەی مۆساد کە لە سەروبەندی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێشکەشی کابینەی ئیسرائیلی کرد، مەزەندە کرابوو کە بەدیهێنانی گۆڕینی ڕژێم لەنێوان ”یەک بۆ سێ ساڵ” کاتی پێویستە. ئەمە مەزەندەیەکی پارێزکارانە و واقعبینانە بوو، چونکە شۆڕشی ئیسلامییش لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووی نەدا. بەڵام تێگەیشتنی وەزیرەکان لەم خستنەڕووە، شتێکی دیکە بوو. یەکێک لە وەزیرەکان پێی وتم: ”ئێمە وا تێ گەیشتین کە بڕیارە بە هەنگاوێکی خێرا و گشتگیر ڕژێم بڕووخێنین؛ لەناوبردنی ڕێبەری ئێستا، هێرشی هێزە کوردییەکان، بەکارهێنانی ئەحمەدینهژاد وەک بریکارەکەمان و، هاتنەسەرشەقامی خۆپیشاندەران.”
سەرەتا جیاکردنەوەیەکی گرنگ
چەندان جار بە ناوی ”ئۆپەراسیۆنی مۆساد” ئاماژە بەم پلانە کراوە. بێ گومان مۆساد، دەزگهی هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل، هێزی بزوێنەر و داڕێژەری سەرەکی و بەرەوپێشبەری ئەم پڕۆژەیە بوو. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە، لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنی حکوومەتی ئیسرائیل بوو کە کابینەی ئەم وڵاتە بڕیاری جێبەجێکردنی دا.
ئەم پلانە لەسەر بنەمای باوەڕێک دروست بوو کە سەرەتا لە ئاستی سیاسیدا جێگیر بوو و دواتر بەسەر دەزگهی ئەمنیدا سەپاندیان. چونکە ئیسرائیل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بەبێ گۆڕینی ڕژێم لە تاران، نە قەیرانی ئەتۆمیی ئێران چارەسەری دەبێت و نە ڕووبەڕووبوونەوە و گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل کۆتایی دێت.
جهنگی دوازدە ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەرفەتێکی دروست کردبوو و “دۆناڵد ترەمپ”یش لە کۆشکی سپی ئامادە بوو. لە تێڕوانینی ئیسرائیلەوە، دەبوو سوود لەم دەرفەتە ببینن، چونکە ڕهنگه ئەم دەرگهیە داخرابایه. لە ڕوانگەی بڕیاردەرانەوە، تێچووی دەستەوەستانبوون، تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی شکستیش، لە تێچووی هەنگاوی سەربازی زیاتر بوو. بنیامین نەتانیاهۆ ئەم بابەتەی بەڕاشکاوی بە سەرۆککۆماری ئەمریکا وتبوو. ئەمە دۆکترینەکەی ئەو بوو.
ئەمانە تێگەیشتن یان لێکدانەوە نین. ئامانجە جەنگییەکانی ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” هەرگیز بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو نەکرایەوە. بەڵام دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ زیاتر لە دە سەرچاوەی سەربازی و سیاسی، دەتوانین ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەم شێوەیە دابڕێژینەوە:
کەمکردنەوەی بهرچاو یان لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی ئێران لە دژی ئیسرائیل دروستیان دەکات، لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلومەرجی سەربازیی پێویست بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران.
لەوانەیە ئەمە ڕێک هەمان ئەو دەستەواژانە نەبێت کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بەکاریان هێناوە، بەڵام ناوەڕۆکە سەرەکییەکە هەر ئەمە بوو: ”ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گۆڕینی ڕژێم.” ئەم دەستەواژەیە دەرەنجامی جۆرێک لە سازش بوو کە بەشێکی بە بەشداریی سوپای ئیسرائیل دایان ڕشتبوو. سوپا هەر لە سەرەتاوە ڕای گەیاندبوو کە نازانێت چۆن بەتەنیا دەتوانن ببنە هۆی گۆڕینی ڕژێم. لە تێڕوانینی ئەرکانی گشتیی سوپاوە، ئەرکی سەرەکی بریتی بوو لە گەیاندنی زیانی ستراتیژی بە ئێران؛ واتە لاوازکردنی وردە وردەی تواناکانی به تێپەڕینی کات. پشتیوانیکردنی مۆسادیش لە ڕوانگەی سوپاوە وەک ئەرکێکی لاوەکی هەژمار دەکرا.
بۆچی دەستەواژەی ”ڕەخساندنی هەلومەرج”یان بەکار هێنا نەک ”ڕووخاندنی ڕژێم”؟
یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی کە، پێ دەچێت سوپا زانیبێتی ئامانجێکی لەم شێوەیە زۆر ئاڵۆزە و ڕەنگە تەنانەت پێی نەگەن. سوپا نەیدەویست بچێتە ناو جهنگێکەوە کە ئامانجەکەی ئەوەندە ڕەها بێت کە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت؛ تەنانەت زۆر زیاتر لەو کاتەی کە یەدەگی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی ئیسرائیل وەڵامدەری پێداویستیی جهنگەکە دەبێت.
هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، کابینە دەنگی بە ئامانجێک دا کە لە کرداردا هیچ شتێک نەبوو جگە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم. ئامانجێک بەم گەورەیییە کە هەندێک کەس بە زێدەخوازانە و تەنانەت خۆبەگەورەزانانە وەسفی دەکەن، چۆنێتیی تەرخانکردنی سەرچاوەکان دیاری دەکات و دەرەنجامی ناوچەییی زۆر قورسی لێ دەکەوێتەوە.
بە دەربڕینێکی تر، بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران گرنگییان هەبوو، بەڵام “جامی پیرۆز”ی ئەم جهنگە نەبوون و وەک پەیامی سەرەکیی جهنگە نوێیەکەیش هەژماریان نەدەکرد. ئەگەرچی ئۆپەراسیۆنەکەی ئایاری ٢٠٢٥ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی خستبووە پێشینەوە و لە ڕاستییشدا پیتاندنی وەستاند، بەڵام بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” ئەو شهڕه بێت کە کۆتایی بە هەموو شهڕهكان بهێنێت، لایەنی کەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا.
تا ئەم ساتە، ئەنجامەکە بەم شێوەیە بووە: پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێران، بەتایبەتی هێڵی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکان، زیانی جددییان بەرکەوتووە و ئەو زیانەیشی بەر بەرنامەی ئەتۆمی کەوتووە قووڵتر بووەتەوە. سوپای ئیسرائیل زیانێکی لە ئاستی سەدان ملیار دۆلاردا بە ئێران گەیاندووە و دەزگهی هەواڵگریی ئیسرائیلیش دزەکردنێکی کەموێنەی لە پێکهاتەی حوکمڕانیی ئێراندا نیشان داوە. بەڵام ئەگەر ئامانجی ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” ڕەخساندنی هەلومەرج بووبێت بۆ گۆڕینی ڕژێم، دەبێت بڵێین کە حکوومەت هێشتا بەپێوە وەستاوە، پێکهاتەکەی خۆی پاراستووە و به شێوهیهكی بههێز حوکمڕانی دەکات.
کارەکتەرە دەرەکییەکانیش بوونە هۆی ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی پلانی ئیسرائیل؛ لەوانەیش ڕۆڵی مەحموود ئەحمەدینهژاد وەک یەکێک لە بریکارەکانی مۆساد. کاتێک ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل نەیتوانی بگاتە ئامانجە دیاریکراوەکەی، حکوومەتی ئێران توانیی لافی سەرکەوتن لێ بدات و بڵێت: ”ئێمە سەرکەوتین، چونکە بەزیندوویی ماینەوە. ”
ئەمە تەنیا یاریکردن نییە بە وشە
لە هاوینی ٢٠٢٥، ”تەوەری خۆڕاگری” لە سەرانسەری ناوچەکەدا گورزی بەرکەوتبوو و نزیکەی هەموو ڕاپرسییەکان نیشانیان دەدا کە ئیسرائیلییەکان هەست دەکەن سەرکەوتوون. بەڵام لە هاوینی ٢٠٢٦، زۆرینەی ڕەهای ئیسرائیلییەکان چیتر باوەڕیان وا نییە کە ئێرانیان شکست پێ هێناوە. بەپێی ڕاپرسییەکی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، تەنیا ٪١١ پێیان وایە ئیسرائیل لەم جهنگەدا سەرکەوتووە و پێ دەچێت ئێستا ”تەوەری بەرگری” لە جاران سەقامگیرتر بێت.
هاوینی ڕابردوو ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی بەدەستەوە نەبوو؛ بەڵام ساڵێک دواتر دەستی بەسەر ڕێڕەوێکدا گرت کە بۆ ئابووریی جیهانی گرنگییەکی ژیانیی هەیە. بێ گومان، ئەم ڕژێمە ڕۆژێک دەڕووخێت، بەڵام زۆر دوورە ئەم جهنگە ”هەلومەرجی پێویست”ی بۆ ڕووخانی ڕەخساندبێت.
ئەم چیڕۆکە تەنیا سەبارەت بەو سەرکێشییە نییە کە نەگەیشتە ئەنجام. زۆرێک لەو کەسانەی لەم بڕیارانەدا بەشدار بوون، پێیان وایە ئەگەر واشنتۆن سەبارەت بە پێکهاتە سەرەکییەکانی پلانەکە هەڵوێستی نەگۆڕیبایە، ئۆپەراسیۆنەکە دەیتوانی سەرکەوتوو بێت. لەبەر ئەوەی چەند بەشێک لە پلانەکە هێشتا بەنهێنی هێشتراونەتەوە، بۆیە بەڵگەی پێویست نییە بۆ بڕیاردانی یەکلاکەرەوە.
ڕاستییەکەی، ئەمە گێڕانەوەیەکە لە شکستێکی پێکهاتەیی (بونیادی)؛ ئەوەی كه چۆن ئامانجێکی ستراتیژی و گەورە، واتە گۆڕینی ڕژێم، بوو بە ئەرکێکی جێبەجێکاری، بەبێ ئەوەی ئاستی سیاسی، سوپای ئیسرائیل و مۆساد هەرگیز لەسەر سروشتی ڕاستەقینەی، ئاستی گرنگییەکەی، توانای جێبەجێکردنی و گونجانی ئامرازەکان لەگەڵ ئامانجەکەدا، بگەنە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە. ئێستا کە سەیری ڕابردوو دەکەن، زۆربەی لایەنە تێوەگلاوەکان تەنانەت سەبارەت بە ڕاستییە بنەڕەتییەکانی ئەم ڕووداوەیش هاوڕا نین.
ئەحمەدینهژاد دێتە ناوەوە
کوشتارەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر و بڕیارەکەی عەلی خامنەیی بۆ چوونەناو جهنگی ڕاستەوخۆ و دووبارە لەگەڵ ئیسرائیل، نەتانیاهۆی گەیاندە ئەو دەرەنجامەی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بکاتە باڵاترین ئامانجی سیاسەتی ئیسرائیل. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، مۆساد سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و ئاڵۆز بوو بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتەی حکوومەتی ئێران. هەروەک چۆن پێشتر ڕاپۆرتە جیاوازەکان ئاشکرایان کردووە، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد، لە بوداپێست لەگەڵ مەحموود ئەحمەدینهژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، کۆ بووەوە؛ دیدارێک کە دەرەنجامی ئەو پەیوەندییانە بوو کە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون.
ئەحمەدینهژاد وردە وردە بوو بە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ گێڕانی ڕۆڵ وەک جێگرەوەیەک لە ناوخۆی ئێراندا. لە ڕوانگەی داڕێژەرانی ئەم پلانەوە، پێشینەی ئامادەبوونی لەناو دڵی سیستەمەکەدا وای دەکرد لە ڕوانگەی ڕای گشتیی ئێرانەوە وەک کەسایەتییەکی متمانەپێکراوتر و باوەڕپێکراوتر دەربکەوێت. هەروەها ئەو شتەی کە وەک ”بەڵگەی شیکاری” سەبارەت بە ئاستی جەماوەریبوون و پێگەی ئەحمەدینهژاد لە کۆمەڵگەی ئێراندا وەسف دەکرا، خستیانە بەردەست بەرپرسە سیاسییەکانی ئیسرائیل؛ ئهو بهڵگانهی کە مۆساد لافی ئهوهی لێ دهدا چەندان جار پشتڕاستیان کردووەتەوە و یەکلایی بوونەتەوە.
بەڵام نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی دژایەتیی پاساوبۆهێنراوی فەرماندەکانی ئەوکاتی سوپای ئیسرائیل بووەوە. هێرتسی هالێڤی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەرکانی گشتیی سوپا و ئاهارۆن هالیڤا، سەرۆکی ئەوکاتی هەواڵگریی سەربازی، لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا جەختیان کردەوە کە توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی گۆڕینی ڕژێم لە وڵاتێکی وەک ئێراندا زۆر سنووردارە.
ئەوان هۆشدارییان دا کە پلانە پێشنیارکراوەکان، لەوانەیش پلانی مۆساد لەبەرامبەر دزەکردن و باڵادەستیی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا، لەڕاددەبەدەر زێدەخوازانە و لە کرداردا بەتاڵن. یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئەوكاتیش، قایل نەبوو. ئەم گومانانە سەرباری گۆڕینی فەرماندەکانی سوپاش بەردەوام بوون و لە سەردەمی ئەیاڵ زامیر وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی و شلۆمی بیندەر، وەک سەرۆکی هەواڵگریی سەربازییشدا هەر مانەوە.
لە دەرەوە، لەوانەیە ئەم بەرگرییەی سوپا سەیر دەرکەوێت. مەگەر ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چ کێشەیەکی هەیە؟ بۆچی نابێت لانی کەم هەوڵی بۆ بدەن؟
بەڵام سیاسەتی بەرگری لەسەر بنەمای زنجیرەی لەپێشینەکان دروست دەبێت و بەگشتی هیچ ئارەزوویەک نییە بۆ ئەوەی سەرچاوەی گەورە لە پلانێکدا خەرج بکەن کە هەر لە سەرەتاوە ئەگەری شکستهێنانی زۆرە. وەڵامە ستراتیژییەکە زیاتر پەیوەندیی بە جهوههری خودی ئامانجەکەوە هەیە: ئەگەر هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ڕژێم بدەیت و شکست بهێنیت، ئەوا لە ڕاستیدا ئایەتوڵڵاکان سەرکەوتوون.
بەڵام دوای جهنگی دوازدە ڕۆژە، هەلومەرجەکە گۆڕا. ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا گورزی بەرکەوتبوو کە بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل، ”چاوەکانمان بۆ ئەگەری دروستبوونی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی جیاواز کرایەوە.”
”ئارەزووی خواردن، بە خواردن زیاتر دەبێت”؛ واتە سەرکەوتنە سەرەتایییەکان، سەرکردەکانی ئیسرائیلیان گەیاندە ئەو باوەڕەی کە دەتوانن بەدوای ئامانجی زۆر گەورەتریشدا بچن، لەوانەیش گۆڕینی ڕژێم لە ئێران. تا هاوینی ٢٠٢٥ ڕوون ببووەوە کە ئێران خێراتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا خەریکی نۆژەنکردنەوەی جبەخانەی مووشەکە بالیستییەکانییەتی. هەروەها بهقهد ئهوهیش ڕوون بوو کە ئیسرائیل ناتوانێت تەنیا لە ڕێگەی قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی هێرشی ئاسمانییەوە کۆنترۆڵی ئێران بکات؛ ئەو دۆکترینەی بە ”شەڕی نێوان جەنگەکان” ناسراوە، واتە هەمان ئەو لاوازکردنە کەمتوندوتیژییەی کە ئیسرائیل ساڵانێک بوو لە دژی چەسپاندنی ئامادەییی ئێران لە سووریا و لوبنان پەیڕەوی دەکرد.
بەرپرسێکی باڵا کە لە گفتوگۆکانی کابینە و ئەنجومەنی ئاسایشی کابینەکەدا ئامادە بووە، پێی وتم: ”ئێمە بیرمان لەوە کردەوە تەنیا یەک چارەسەری ستراتیژی بۆ ئەم کێشەیە هەیە: گۆڕینی ڕژێم. ئەگەرنا مەحکوومین بەوەی بەردەوام ئەم سەتڵە خاڵی بکەینەوە؛ هەندێک جار بە کەوچکێکی چا، هەندێک جاریش بە کەوچکێکی گەورە. ئەم کارە بەردەوام نابێت.”
تا ئەو کاتە، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی مۆساد هەڵوێستێکی هاوبەشیان دۆزیبووەوە. ئەوەی کە دەتوانرێت و دەبێت هەوڵ بۆ گۆڕینی ڕژێم بدرێت و مۆسادیش بەقووڵی سەرقاڵی چالاکییە مەیدانییەکان بوو بۆ ئامادەکردنی زەمینەی کودەتایەک. سوپای ئیسرائیلیش لای خۆیەوە، تواناکانی سوپای پاسدارانی دەستنیشان کردبوو کە دووبارە بنیات نرابوونەوە. سوپا هێشتا سەبارەت بە ڕووخاندنی ڕژێم گومانی هەبوو، بەڵام سەبارەت بە پڕۆژەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و بەشە ماوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە هەستی بە پەلەکردن دەکرد.
ئیسرائیل دەستی بە وەبەرهێنانێکی گەورە کرد بۆ ئامادەکاریی جهنگێکی دووەم و گەورەتر. ئەم جیاکردنەوەیە گرنگە: لە ئاستی سیاسیدا، هەر لە سەرەتاوە، پلانەکە هەوڵێک بوو بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە ناوخۆی سوپای ئیسرائیلدا، سهرنجهكه زیاتر لەسەر کۆتاییهێنان بە بەشە سەربازییەکەی ئەو کارە تەواونەکراوەی قۆناغی پێشوو بوو، واتە؛ مووشەکە بالیستییەکان، پیشەسازییە بەرگرییەکان و بەرنامەی ئەتۆمی. مۆساد هەڵی سەنگاند کە دەتوانن و دەبێت ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی ئایار یان حوزەیرانی ٢٠٢٦ جێبەجێ بکەن. سوپای ئیسرائیل باسی پاییزی ٢٠٢٦ی دەکرد. سەرۆکوەزیرانیش بێوەستان گوشارێکی زۆری دەهێنا بۆ ئەوەی کاتی ئۆپەراسیۆنەکە پێش بخات.
لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان و پشێوییەکان لە سەرانسەری ئێران دەستیان پێ کرد. دەتوانین بەدڵنیایییەوە وای دابنێین کە بەشی دزەکردنی مۆساد هەر شتێکی بۆ یارمەتیدانیان لەدەست هاتبێت، ئەنجامی داوە و، ئەمە ڕێک هەمان ئەو ئامانجەیە کە بۆی دروست کرابوو. حکوومەتی ئێران بە کۆمەڵکوژیی بەرفراوانی هاووڵاتییانی ئێرانی وەڵامی دایەوە. ئەگەر ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” لە ساڵی ٢٠٢٥ بووبێته هۆی ڕەزامەندییەکی قووڵ لەناو پێکهاتەی ئەمنیدا، ئەوا ناسەقامگیرییەکەی ئێران لە کانوونی دووەمدا جۆرێک لە دڵخۆشیی لەڕاددەبەدەری دروست کرد. سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دا کە بە هانای خۆپیشاندەرانەوە دەچێت. مۆساد و سوپای ئیسرائیل لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە فەرمانیان پێ درا کە بۆ شەڕە گەورەکە ئامادە بن و خێرایی بە بەرنامەکان بدەن بەرەو جێبەجێکردنیان.
لە ماوەی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٦، تەواوی سیستەمی ئیسرائیل لەسەر ئامادەکاریی شەڕەکە چڕ ببووەوە. پلانەکان هێشتا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ڕووخانی ڕژێم. دەستەواژە ئۆپەراسیۆنییەکە ئەمە بوو: ”دەرفەتەکە لەدەست مەدەن.”
پلانی کوردەکان
کوردەکان بوونە بەردی بناغەی پلانی کودەتاکە. بڕیار بوو ئەوان لە ڕۆژاواوە بچنە ناو ئێران، شار بە شار پێشڕەوی بکەن، لەسهر ڕێی خۆیان کورد و ئێرانیی زیاتر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەرەو تاران بجووڵێن. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، لەدوای قۆناغی سەرەتاییی بۆردوومانەکە، بڕیار بوو خەڵکیش هاوشێوەی مانگی کانوونی دووەم بڕژێنە سەر شەقامەکان. ”گەردەلوولێکی تەواوەتی.”
لە ڕووی لۆجستییەوە، بەپێی ئەوەی بڵاو کراوەتەوە، ئیسرائیل چەکی خستە بەردەستیان. هەروەها هەوڵی دا هاوپەیمانییەکی کوردی پێک بهێنێت. لێرەدا دەبێت کەمێک بوەستین. ئەفسەرە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل کە ساڵانێکە لەسەر ئێران کار دەکەن، هەر جۆرە پشتبەستنێک بە کوردەکان لە یەکەم تێڕوانیندا بە خەیاڵێکی گەورە و ناواقعی دەزانن. وەڵامی مۆساد ئەوە بوو کە ئێران بواری پسپۆڕی و گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی ئەوانە. بڕیار نەبوو کوردەکان ئێران کۆنترۆڵ بکەن، بەڵکوو ڕۆڵی سەرەکییان ئەوە بوو کە ڕژێم سەرقاڵ و پەککەوتوو بکەن تاوەکوو خەڵک بتوانن بیڕووخێنن.
زۆرێک لە کێشە پەیوەندیدارەکان بە کوردەکانەوە سروشتێکی سیاسییان هەبوو، بۆ نموونە؛ چۆنچۆنی كۆمهڵێک گرووپی ڕکابەری یەکتر ناچار بکەن پێکەوە کار بکەن و، چۆن ئەم هاوکارییە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا. لەوانەیش، ئیسرائیل داوای له كوردهكان كرد لەژێر ئاڵای شێر و خۆردا (ئاڵای سەردەمی پاشایەتی؛ به فارسی: پرچم شیر و خورشید) بجهنگن، نەک لەژێر ئاڵای کوردیدا، بۆ ئەوەی ئەم هێرشە وەک ڕاپەڕینێکی نەتەوەییی ئێرانی سەیر بکرێت، نەک بزووتنەوەیەکی جوداخوازانەی کوردی. ئیسرائیل ڕێوشوێنی پێویستی بۆ دابینکردنی ئەم ئاڵایانە گرتە بەر.
پلاندانانەکە تا بچووکترین وردەکارییەکان ڕۆیشتبوو. مۆساد دەیویست ڕێگری بکات لە مەترسیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی نەتەوەیی لەلایەن کوردەکانەوە لە سەرانسەری ئێراندا لە کاتی پێشڕەویکردنیان. ئەو مەرجەی بۆیان دیاری کرابوو، لە ناوخۆی مۆساددا بە ناوی ”دە فەرمانەکە” دەناسرایەوە: کوشتن، تاڵانکردن، دزیکردن، دەستدرێژی یان تاوانی جەنگ قەدەغەیە. ئیسرائیلییەکان هۆشدارییان پێ دان: ”ئەگەر لەم ئامانجە لا بدەن، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل پاڵپشتیتان ناکات و ڕژێمیش کۆمەڵکوژتان دەکات.”
هێزی ئاسمانی، خاڵە بنەڕەتییەکە بوو. ئیسرائیل بە کۆشکی سپی، سەرۆک ترەمپ یان ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)ی نەوت کە پلانەکە، هێرشێکی کوردییە؛ بەڵکوو وەک ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی کوردەکان و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل وەسفی کرد. ئەمە چوارچێوەیەکی ڕوون بوو کە خرابووە ڕوو. بڕیار بوو هێزی ئاسمانی ڕێڕەوی وشکانی بۆ کوردەکان بکاتەوە و ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە دروست دەبن. هێزە کوردییەکە کە لە سەرەتادا خاوەنی نزیکەی ١٥ هەزار چەکدار بوو، بڕیار بوو شارەکان ئازاد بکات و لهسهر ڕێی خۆیان ئێرانیی زیاتر ڕابکێشێت تا ئەو کاتەی ژمارەیان دەگاتە ”١٥٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار کەس” و لەژێر ڕووماڵی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بەرەو تاران پێشڕەوی بکەن. بڕیار بوو پێش ئەوە ڕووداوی دیکەیش ڕوو بدەن؛ پشێوی لەناو کەمینەکانی دیکە و، هەروەها خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتیان لە سەرانسەری ئێران، ماوەیەک دوای دەستپێکردنی هێرشەکە.
کێ بوو؟ کێ بوو؟ من نەبووم!
سوپای ئیسرائیل زۆر حهزی له وشەی ”تیکلوول”(tichlul) ە، واتە یەکخستن و هەماهەنگکردنی هەڵمەتێک لە هەموو بەشەکانیدا. لە ئیسرائیل، ڕۆڵی هەماهەنگکەری سەرەکیی جهنگەکان لە ئەستۆی سوپایە. “ئامان”، دەزگهی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی زۆر نیگەران بوو و بەشی توێژینەوەکەی هەڵسەنگاندنێکی ئامادە کرد کە تێیدا ئەگەری سەرکەوتنی بە کەم زانیبوو. وەک چۆن مایکڵ هاوزەر تۆڤ لە ڕۆژنامەی هائارێتز ڕاپۆرتی لەسەر داوە، لیوا شلۆمۆ بیندەر، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی، گوتبووی کە ئەگەری ڕووخانی ڕژێم کەمە. پاساوەکەی ڕوون بوو: ئەوەی کە ناکرێت پشت بە کوردەکان ببەسترێت و ئاستی پاڵپشتیی ئەمریکاش ”نادیارە”. هەواڵگریی سەربازی هەروەها هۆشداریی دا کە حکوومەتی ئێران دەستبەجێ ئینتەرنێت دەبڕێت و، ئەمەیش ئەگەری هەماهەنگیکردنی هەر شۆڕشێک بەتوندی کەم دەکاتەوە.
هۆشدارییەکی تریش هەبوو؛ هۆشدارییەکی جددیتر و دراماتیکتر. بەشی توێژینەوە پێی وا بوو کە ئەگەر هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم شکست بهێنێت، ئەوا مەترسیی هەنگاونانی خێرای ئێران بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی زیاد دەکات؛ مەترسییەک کە بە وتەی ئەوان دەبووایە ڕێوشوێنی خۆپارێزیی بۆ بگرنە بەر.
ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی نووسراودا خرایە ڕوو. لە کرداردا، ئەم ڕاپۆرتە هۆشداریی دەدا کە باجی شکستهێنان لە گۆڕینی ڕژێمدا دەتوانێت زۆر قورس بێت. زۆرێک لە پسپۆڕانی کاروباری ئێران ئێستا لەو باوەڕەدان کە موجتەبا خامنەیی بەڕاستی سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەنگاونانی خێرایە بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
بەرپرسێکی بەرگری کە خاوەنی ئەزموونێکی درێژە پێی وتم: ”دەرەنجامی دروست لە ناڕەزایەتییەکانی کانوونی یەکەمەوە تا کانوونی دووەم، دەبووایە ئەوە بووایە کە ڕژێم لە شەڕی مانەوەی خۆیدا سەرکەوتووە. خۆپیشاندەران کوژران. هاوڕێکانیان پاشەکشەیان کرد. ڕژێم هێزی کوشندەی بەکار هێنا. ئەم بابەتە بەڵگەیەکی تەواوە لە دژی ئەوەی کە دوو مانگ دواتر دووبارە هەوڵی ڕووخاندنی بدەینەوە.”
ئەمانە خاڵی جددین. پسپۆڕانی کاروباری ئێران لە سەرانسەری جیهان، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ وردەکارییەکانی پلانی ئیسرائیل، کاردانەوەیەکی مهیلهو سووکایەتیپێکردن نیشان دەدەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، پێکهاتە زەبەلاحەکەی کۆماری ئیسلامی، ناکرێت بە هەڕەشەیەکی دەرەکیی لەم شێوەیە بڕووخێنرێت، بەتایبەتی لە دۆخێکی جەنگیدا. لە ڕواڵەتدا، گومانەکانی هەواڵگریی سەربازی پشتڕاست کرابوونەوە. بەڵام لە مۆساد گێڕانەوەیەکی تەواو جیاواز دەخرێتە ڕوو، کە هەواڵگریی سەربازی هیچ جۆرە دژایەتییەک یان گومانێکی جددیی نەبوو، بەڵکوو هاوکارییەکی بەرچاوی نواند.
کاتێک لەگەڵ بڕیاردەرە سیاسییەکان قسەم کرد، لەوانەیش هەندێکیان کە بەتوندی ڕەخنەیان لە پلانی گۆڕینی ڕژێم لەلایەن مۆسادەوە دەگرت، ئەوان وتیان کە هیچ هۆشدارییەکی توند و جددییان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە سەبارەت بە پلانی ڕووخاندنی ڕژێم نەبیستبوو.
ڕاستییەکەی، ئەوان دەڵێن هیچ جۆرە دژایەتییەکیان نەبیستووە؛ نە لە کۆبوونەوە سنووردارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی کابینەکە و، نە لەو کۆبوونەوەیەی کە تێیدا کابینە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی بە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری دا.
یەکێک لەوان پێی وتم: ”ئایا بەڕاستی بە لاتەوە مهعقووڵه ئێمە هەموو ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەشبینانەیە ببیستین؛ ئەوەی کە هیچ شانسێکمان نییە، ئەوەی کوردەکان جددی نین، ئەوەی ئەمریکییەکان لەگەڵمان نین، ئەوەی لەوانەیە ئێران بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بڕوات، ئەوەی ئەم پلانە شکست دەهێنێت؟ بەڵام ئەمە نەبێتە هۆی مشتومڕێکی گەورە؟”
وەزیرێکی تریش پێی وتم: ”سوپای ئیسرائیل تا ڕاددەیەک هاوڕا بوو. ئەگەر تێبینییەکیشی هەبووایە، ئەوا زۆر بەلاوازی دەری دەبڕی. ئەمە تەنیا پلانی مۆساد نەبوو، بەڵکوو ئامانجی جهنگ بوو. سوپا تێیدا بەشدار بوو و بڕوایشی پێی هەبوو و، ئەگەر زۆریش بڕوای پێی نەبووبێت، ئەم بابەتە هەرگیز بە ئێمە نەگەیشتووە.”
من لەگەڵ زۆر کەس کە لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون قسەم کرد و، هەموویان نوسخەیەکی هاوشێوەیان لەم گێڕانەوەیە خستە ڕوو: سوپا بەتەواوی هاوڕا بوو. بەڵام سوپای ئیسرائیل ئەم گێڕانەوەیە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت کە هەر گومان و هەر مەترسییەکیان لە کۆبوونەوە پەیوەندیدارەکاندا خستووەتە بەردەم بڕیاردەران؛ هەم بە شێوەی زارەکی و هەم بە نووسراو و، بەڵگەنامە فەرمییەکانیش ئەم بابەتەیان تۆمار کردووە.
ئەم دژبەیەکییە چۆن لەگەڵ وتەی وەزیرەکاندا ڕوون دەکرێتەوە؟ بەرپرسە باڵاکانی پێشوو لە پێکهاتەی بەرگریی ئیسرائیلدا وەڵام دەدەنەوە کە هەندێک جار وەزیرەکان شتێک دەبیستن کە دەیانەوێت بیبیستن. کاتێک شتێک شکست دەهێنێت، ئەوان دەڵێن کە پێشتر هیچ هۆشدارییەکیان پێ نەگەیشتووە.
ئەم بابەتە پرسیارێکی حاشاهەڵنەگر دەهێنێتە ئاراوە: لە کام مشتومڕ و لە کام دامەزراوەدا ئەم هۆشدارییانە باس کراون؟
کابینە بەتەواوی تهقریبهن هەرگیز تاوتوێی پلانی گشتگیری نەکرد، چونکە نیگەرانی دزەپێکردنی زانیارییەکان بوو. کەواتە چی دەمێنێتەوە؟ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی کابینەکە و هەندێک کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە نەتانیاهۆ ڕاپۆرتی بەشی توێژینەوەی هەواڵگریی سەربازیی پێ گەیشتبوو؛ ڕاپۆرتێک کە گومانی جددیی سەبارەت بە ئاسۆی سەرکەوتنی گۆڕینی ڕژێم دەخستە ڕوو. ئایا ئەو ڕێگەی نەدا ئەم ڕەخنانە بەتەواوی بخرێنە بەردەم کابینە، لەوانەیش ئەو کابینەیەی کە شەڕەکەی پەسەند کرد؟
بە شێوەیەکی گشتیتر: چی دەتوانێت ئەم بۆشایییە گەورەیەی واقع ڕوون بکاتەوە؟ بۆشایییەک لەنێوان وەزیرەکان و مۆساد لە لایەک و، سوپای ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە؟
”بێمانا” و ”پێکەنیناوی”؛ ڕێڕەوی ئەمریکی و سڕینەوەی ئۆپەراسیۆنی کوردەکان لەسەر داوای ئەردۆغان
لە ١١ی شوباتدا، کۆبوونەوەیەک بۆ پێدانی زانیاری بە سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد و، ئەیاڵ زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، دیدگهی ئۆپەراسیۆنیی ئیسرائیل دەخەنە ڕوو. ئیسرائیلییەکان نازانن کە دواتر ڕۆژنامەنووسان مەگی هابەرمان و جۆناتان سوان ڕاپۆرت دەدەن کە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، دوای بیستنی ئهو قسانهی كه ئیسرائیل سەبارەت بە جهنگ و بەتایبەتی سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم خستییه ڕوو، قایل نەببوون. ئەوان بە دەربڕینی وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، ئەم پلانەیان بە ”بێمانا” دەزانی. یان بە دەربڕینی هاوتاکەی بارنیا، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، بە ”پێکەنیناوی” هەڵیان دەسەنگاند.
چەند ڕۆژێک دواتر، ئیسرائیلییەکان دەڵێن کە گڵۆپی سەوز لەلایەن کۆشکی سپییەوە بۆ چوونەپێشەوە هەڵکراوە. شەڕەکە حەڤدە ڕۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیە دەست پێ دەکات. لە دوایین ساتی گونجاودا، کۆبوونەوەیەکی کابینە پێک دەهێنرێت؛ ئەمهیش تەنیا بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمیی وەزیرەکان، کە ڕێکارێکی باوە لە ساڵانی سەرۆکوەزیرانیی نەتانیاهۆدا. پاشان تیرۆرکردنی خامنەیی و ئەندامانی خێزانەکەی ئەنجام دەدرێت. سوپای ئیسرائیل دەست دەکات بە ئامادەکاریی پشتیوانیی ئاسمانی بۆ کوردەکان، بەڵام لە سەرەتادا ئامانجە ژیانییەکان دەخاتە پێشینەوە. هێزە کوردییەکان ئامادە بوون کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر دوای وەرگرتنی فەرمانەکە، هێرشەکەیان دەست پێ بکەن. بەڵام ئەو فەرمانە هەرگیز نادرێت.
وردەکارییەکان دەست دەکەن بە دزەکردن. نزیکەی یەک هەفتە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، سەرۆککۆماری ئەمریکا پلانی کوردەکان دەوەستێنێت. ڕاپۆرت هەیە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەستوەردانی کردووە و پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە. ئەردۆغان دواتر وتی کە هێرشی کوردەکان بۆ سەر ئێران دەیتوانی کاردانەوەیەکی ئەوەندە توندی تورکیا بەدوای خۆیدا بهێنێت کە بگاتە ئاستی پێکدادان لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا. سێ ڕۆژ دواتر، ئیسرائیل تێ دەگات کە ئەمریکا دەرگهکەی داخستووە.
مۆساد دەیتوانی بێتە پێشەوە و قسەیەکی سادە بکات: پلانێک هەبوو کە وەستێنرا. ناکرێت سەبارەت بە ”شکست” یان ”سەرنەکەوتن” لە ڕووخاندنی ڕژێمدا بڕیار بدرێت، چونکە فەرمانی جێبەجێکردنی هەرگیز نەدرا. سەرمایە و ئامرازی دیکە و هاوپەیمانی دیکەیش هەبوون، بەڵام هیچ کامیان کارا نەکران. هیچ گهرەنتییەک نهبوو کە ئەم پلانە سەرکەوتوو دەبوو، بەڵام هەرگیز ڕێگە نەدرا تاقیی بکەینەوە.
یەکێک لە وەزیرەکان لە ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخەدا پێی وتم: ”مۆساد تەنانەت پێش پرسی کوردەکانیش زۆر لەو شتانەی بەڵێنی دابوو، جێبەجێ نەکرد. خەڵک دەستیان کرد بە پرسیارکردن لەوەی ئایا ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی خەیاڵاویدا دەکەین؟”
بەگوێرهی زۆربەی گێڕانەوەی ئەو کەسانەی لهناو بڕیاردانهكاندا بوون، تا کاتی هەرەسهێنانی پلانی کوردەکان، لە لووتکەی پێکهاتەی ئەمنیی ئیسرائیلدا کەشێکی کۆدەنگی و هاوکاریی تا ڕاددەیەک هەماهەنگ هەبوو. ئامانجێکی ڕوون هەبوو، ئەویش ڕەخساندنی ”هەلومەرج” بوو بۆ ڕووخاندنی حکوومەت لە ئێران. سوپای ئیسرائیل ئەم ئامانجەی بە ”گەیاندنی زیانی توند بە ڕژێم” ناو دەبرد. مۆساد ئامانجی زۆر گەورەتری هەبوو. ئهو هاوپەیمانییەی كه هەبوو، توانیبووی کار بکات. بەڵام بە ”نەخێر”ەکەی کۆشکی سپی، هەموو شتێک گۆڕا. نەتانیاهۆ و بارنیا پێداگرییان دەکرد کە هێشتا کاری زیاتر هەیە بتوانرێت بکرێت، یان لایەنی کەم دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت. لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا، مۆساد پلانێکی کاتی و پەلەپڕووزکێی خستە ڕوو؛ پلانێک کە بە وتەی یەکێک لە بەشداربووان، ”پینەوپەڕۆ کرابوو”. مۆساد ڕوونی کردەوە کە ئەمە چیتر پلانە سەرەکییەکە نییە، بەڵکوو هەوڵێکی کۆتا ساتە و، ئاستی چاوەڕوانییەکانی دابهزاند.
ئەگەر تا ئەو ساتە هەماهەنگی لە سیستەمی ئیسرائیلدا هەبووبێت، یان لایەنی کەم وا دەرکەوتبێت، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا ڕێککەوتنەکان هەرەسیان هێنا. سوپای ئیسرائیل، سەرۆکی ئەرکان و وەزیرەکان پێیان وا بوو ئەم هەوڵە شڵەژاوانەیە بۆ گۆڕینی ڕژێم، بەفیڕۆدانی سەرچاوە بەنرخەکانە، واتە کاتژمێرەکانی فڕینی فڕۆکەکان و تەقەمەنی. لە هەموویشیان گرنگتر، ئەو کاتە سنووردارەی کە خەریک بوو پێش کۆتاییهاتنی شەڕەکە تەواو دەبوو.
ناکۆکییەکان توند بوون
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل پێی وتم: ”لە قۆناغی یەکەمدا، کاتێک کوردەکان هێشتا لە یارییەکەدا بوون، هەمووان هاوڕا بوون. یان لایەنی کەم وا خۆیان نیشان دەدا. هەر ئەوەندەی کوردەکان چوونە دەرەوە، هەموو شتێک هەرەسی هێنا.” کەسێکی تریش وتی: ”ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە دوای ئەوەی ترەمپ بەشداریکردنی کوردەکانی ڕەت کردەوە، نەتانیاهۆ پلانە کاتییە نوێیەکەی مۆسادی سەپاند. خەیاڵپڵاوییەکی تر کە بەڕوونی دیار بوو سەر ناکەوێت.”
بەپێی پلانە کاتییەکە، هێزی ئاسمانی هەوڵ دەدات خاڵەکانی پشکنین و کۆنترۆڵی بەسیج بکاتە ئامانج و سەرۆکوەزیرانیش بانگەوازە گشتییەکەی بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئێرانییەکان لە نەورۆز، ساڵی نوێی ئێرانی، بڕژێنە سەر شەقامەکان. هاوکات ئامرازی تریش دەخرێنە گەڕ. ئیسرائیل هیوای بەم هەنگاوانە هەبوو. بەڵام ئێرانییەکان لە ماڵەوە دەمێننەوە. یەکێک لە بڕیاردەران وتی: ”ئێمە بۆ پلانی جێگرەوە، باجێکی قورسمان دا. سەرچاوەکان سنووردار بوون. هێزی ئاسمانی هەموو ئەو هەنگاوانەی نەنا کە دەیتوانی لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی بیاننێت. ئێمە بەدوای شتی ترەوە بووین.”
شکست لە بڕیارداندا
گێڕانەوە تەواوەکە، بەرفراوانترە لەوەی لێرەدا وەسف کراوە. پلانی مۆساد پێکهاتەی تریشی هەبوو؛ هەندێکیان گرنگ و تا ڕاددەیەک قایلکەر بوون کە بڵاو نەکراونەتەوە. نەبوونی ئەم بەشانە دەتوانێت ئەو تێڕوانینە دروست بکات کە پلانەکە زۆر لاوازتر بووە لەوەی کە دهزگهكه بەڕاستی بەتەمای جێبەجێکردنی بووە. بەڵام تەنانەت لەم وردەکارییە سنووردارانەیشەوە پرسیاری توند دێتە ئاراوە.
وەزیرەکان، سوپای ئیسرائیل و مۆساد، گێڕانەوەی جیاوازیان بۆ ئامانجی شەڕەکە هەبوو. سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی ڕژێمی مۆسادی بە شتێک دەزانی کە پشتیوانیی لێ دەکات، نەک وەک ئامانجێکی بنەڕەتی و سەربەخۆ. وەزیرەکان وەک ئامانجێکی بنەڕەتی دەیانبینی، تەنانەت ئەگەر لە مەودای کورتدا بەدی نەدەهات. مۆساد ئەوەی بە ئامانجی ناوەندیی شەڕەکە دەزانی. دەستەواژەی دیاریکەری شەڕەکە، واتە ”ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گۆڕینی ڕژێم” هەوڵێک بوو بۆ پەردەپۆشکردنی ناکۆکییەکی قووڵ.
ئەنجامەکە فۆرمولەیەکی سیاسی بوو؛ کۆکردنەوەی ئەو وشانهی داڕێژرابوون تاوەکوو هەمووان ڕازی بکەن. بەڵام ئەمە ئامانجێکی ڕوون نییە بۆ شەڕ. مۆساد هێشتا پێداگری دەکات کە هیچ جۆرە دژایەتییەک لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ پلانە سەرەتایییەکەیان نەبوو، تەنانەت لە کۆبوونەوە داخراوەکانیشدا.
هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دەڵێت کە گومان و مەترسییەکانی بە وردەکارییەوە خستووەتە ڕوو. وەزیرەکانیش دەڵێن هیچ ڕەخنەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەلایەن سوپاوە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم هەرگیز بەوان نەگەیشتبوو و، ئەوەی مۆساد تەنانەت پێش سڕکردنی پلانی کوردەکانیش، لە کرداردا هیچ سەرکەوتنێکی نیشان نەدابوو.
ئەم بۆشایییە قبووڵنەکراوە
بەپێی کاردانەوەکانیان، زۆرینەی ڕەهای پسپۆڕانی کاروباری ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی ئیسرائیل، پلانی مۆساد کە هێرشی کوردەکان، شۆڕشی کەمینەکان، کۆمەڵێک هەنگاوی تر و ڕاکێشانی ئەحمەدینهژادی لەخۆ دەگرت، بە شکستێکی کارەساتبار دەزانن. بەڵام مۆساد پێداگریی دەکرد کە ئەم پلانە چوارچێوەیەکی واقعبینانە، قایلکەر و متمانەپێکراوە کە بەڵگەی ئەزموونی پشتڕاستی دەکاتەوە. ئەم بۆشایییە پیشەیییە ئەوەندە گەورەیە کە جێی باوەڕ نییە.
دژایەتیکردنی تورکیا بۆ هێزێکی کوردی کە هەوڵ بدات کۆنترۆڵی وڵاتێکی سەربەخۆ بگرێتە دەست، ئەویش بەوەکالەت لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێشبینیکراو بوو. هەر کەسێک ئاشنای حکوومەتی ئەمریکا بێت، ئاگاداری پەیوەندیی نزیکی ترەمپ و ئەردۆغانە. ئیسرائیل چۆن ئۆپەراسیۆنێکی لەم جۆرەی دەست پێ کرد بەبێ ئەوەی بۆ بەرگرییە پێشبینیکراوەکەی تورکیا ئامادە بووبێت؟ کێ دۆسیەی ئەردۆغانی لە حکوومەتی ئیسرائیلدا بەڕێوە دەبرد؟
بەرگری لەم سەرکێشییە
هەڵمەتی دژی ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە. زیانە قووڵەکەی كه بەر پیشەسازییە بەرگری و ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە، جێی گومان نییە. قەیرانی حکوومەت ڕاستییەکی بنەڕەتییە، هەروەها هەڵاوسان و سەختییە ئابوورییەکانیش پشتڕاستی دەکەنەوە.
هەندێک جار هەنگاوی زۆر بچووک و هێزی زۆر بچووک، ئیمپراتۆرییەکان دەڕووخێنن؛ تەنانەت ئەو ئیمپراتۆرییانەی لە ئێرانیش گەورەتر و بەهێزترن. کێ دەزانێت، ئەگەر ترەمپ هێرشی کوردەکانی پەسەند بکردایە، لەوانەیە ڕژێم لەرزۆک بووایە، یان لایەنی کەم بکەوتایەتە جهنگێکی ناوخۆیییەوە. لەو کاتەیشدا هەمووان ستایشی سەرکێشییەکەی مۆسادیان دەکرد. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، تەنیا یەک جار دەبێت سەرکەوتوو بیت.
بەڵام ئەم پاساوە قایلکەر نییە. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ شۆڕشێکی گەورە لە ئێران دەستی پێ کرد و هاوکات لەگەڵ لاوازیی حکوومەت دوای ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو”، بەڵێنی ترەمپ بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندەران، سەرکەوتنی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و ئەو توانا سەرسوڕهێنەرانەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە نیشانیان دابوو، کەشێکی وای دروست کرد کە تێیدا هەموو شتێک مومکین دەهاتە بەرچاو؛ لەوانەیش ڕووخاندنی حکوومەتێک.
نەتانیاهۆ کە هەڵبژاردنی لەپێش بوو، گوشاری هێنا؛ بەتوندیش گوشاری هێنا. ڕێک لەم خاڵەدا بوو کە وەزیرەکانی کابینە و بەرپرسانی بەرگری دەبووایە مەترسییە ئاشکراکە دەستنیشان بکەن: زۆر ڕۆیشتنە پێشەوە؛ هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە پردێک کە توانای هەڵگرتنی کێشی ئەوانی نییە.
لەوەیش خراپتر: هیچ کارێکی پسپۆڕانەی گشتگیر ئەنجام نەدرا کە تەواوی هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی یەکگرتوو هەڵسەنگێنێت. هەر کەسێک بیەوێت پاشا دیاری بکات، دەبێت پاشایەتییەکان بناسێت.
ئەگەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئاشکرا گوشاری بۆ جهنگێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران بهێنایە، چی بەسەر پێگەکەیدا دەهات لە ئەمریکا؟ وەڵام: دابەزینێکی سەخت و لەوانەیە یەکلاکەرەوە.
تورکیا چۆن دەیتوانی جووڵەی کوردەکان تێک بدات؟ وەڵام: بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی.
ئەگەر ڕێبەری حکوومەتی ئێران لەناو ببردرایە، ئایا ئەم کارە ڕێگەی بۆ توندڕەوییەکی مەترسیدارتر نەدەکردەوە؟ وەڵام: کردییەوە.
لە هەموویشیان گرنگتر: ئیسرائیل لە ڕەفتاری ئەمریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز تێ نەگەیشت و، تا ئەمڕۆش لێی تێ نەگەیشتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی وتم: ”ئەمە مەتەڵێکە.” ئیسرائیل باوەڕی وا بوو ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات گەرووی هورمز دابخرێت. هورمز گرنگترین دەستکەوتی ستراتیژیی ئێران بوو لەم جهنگەدا و هێشتایش هەر وایە.
لە قۆناغی کۆتاییی سەرۆکوەزیرانیی نەتانیاهۆدا، دەستەواژەی ”سنوورەکانی دەسەڵات” لەناو چووە. پێکهاتەی بەرگری، تێوەگلاوی جهنگێکی مانەوەیە لەگەڵ ئاستێکی سیاسیدا کە بەسۆز و بێسنوور کار دەکات. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل وەک دامەزراوەیەکی پسپۆڕیی کاریگەر کار ناکات، بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا. نووسینگەی سیاسی-سەربازیی وەزارەتی بەرگری ئیفلیج بووە. دەستەی پیشەییی وەزارەتی دەرەوە، لە بڕیارداندا بەشدار نییە. هیچ ئەرکانێکی کارا و سەربەخۆ لە دەوروبەری سەرۆکوەزیران نییە.
ئەم دۆخە لە ٢٨ی شوباتدا، کاتێک ئیسرائیل چووە ناو جهنگەوە، بوونی هەبوو و ئەمڕۆش بەردەوامە؛ لەوانەیە تەنانەت لە سەروبەندی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تریشدا بێت.
سەرچاوە:








