ماڵپەڕ: وۆڵ ستریت جۆرناڵ (The Wall Street Journal)
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران و گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئەم وڵاتە لەسەر دەستی ئەمریکا، هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا لە ناوەندی ڕۆژانەی نزیکەی ١٣٠ کەشتی لە پێش جەنگدا، لە مانگی ڕابردوودا بۆ نزیکەی ١٥ کــــــــــەشتی لە ڕۆژێکــــــــدا دابـــــــــەزیوە. بەپـــــــێی ڕاپــۆرتی ڕۆژنـــــــامەی “واڵ ستریت جۆڕناڵ” (The Wall Street Journal)، ئێران و ئەمریکا هەر یەکەیان ڕێڕەوی تایبەتیان بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا دەستنیشان کردووە؛ ڕێڕەوەکەی ئێران لە کەناراوەکانی خۆیەوە نزیکە و ڕێڕەوی پەسندکراوی ئەمریکاش بە درێژاییی کەناراوەکانی عومان تێپەڕ دەبێت، کە زۆربەی هێرشەکانیش لەم مەودایەدا ڕوویان داوە.
ڕۆژنامەی “واڵ ستریت جۆڕناڵ” لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت: بەپێچەوانەی ئەو پێشبینییانەی باسیان لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستی ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەکرد، نرخی نەوت ئێستا لە دەوروبەری ٨٠ دۆلاردایە. نرخی بەنزینیش لە ئەمریکا لە ٢.٩٨ دۆلاری پێش جەنگەوە بۆ نزیکەی ٤ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک بەرز بووەتەوە. بەکارهێنانی ڕێڕەوە جێگرهوهكان بۆ گواستنەوەی نەوتی کەنداو و کەمبوونەوەی هاوردەی چین، لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی سنووردارکردنی هەڵکشانی نرخەکان بوون. سەرەڕای ئەمەیش، یەدەگی نەوتی جیهان بەخێرایی کەمی کردووە و یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خاوی ئەمریکا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لەدوای دەیەی ١٩٨٠.
تێچووی گواستنەوەی نەوتیش بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە؛ بە جۆرێک گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتهەڵگرەوە (Supertanker) لە کەنداوەوە بۆ چین، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلاری تێ دەچێت؛ کە ئەمەیش زیاترە لە دوو هێندەی تێچووی پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران لە گەرووی هورمزدا. بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە یان دڵنیایی (Insurance) و کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیا دەریاوانییانەی ئامادەن ئەم گەشتە مەترسیدارانە بگرنە ئەستۆ، هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵکشانەن. هاوکات، حووسییەکانی یەمەن بە ڕاگەیاندنی گەمارۆ بەسەر عەرەبستانی سعوودیدا لە دەریای سوور، بەشێک لە کەشتییەکانیان ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن؛ کە ئەمەیش نزیکەی ٣٠ ڕۆژی بۆ کاتی گەیشتنی بارەکان بە ئاسیا زیاد کردووە.
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوێت و عێراقیش ملیاران دۆلاریان بۆ دروستکردنی بۆریی نوێی نەوت وەبەرهێناوە؛ هاوکات پشتبەستن بە گواستنەوەی وشکانی، هێڵی ئاسن و بەندەرە نوێیەکان زیادی کردووە.
ئەمریکا پێش ئاگربەستەکەی ٨ی نیسان، زیاتر لە ١٣ هەزار ئامانجی لە ئێران بۆردوومان کرد و بەشێکی هەرە گەورەی هێزی دەریاییی ئەم وڵاتەی لەناو برد. سەرباری ئەمەیش، بەلەمە خێراکانی ئێران کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز بەکاریان دەهێنێت، بەتەواوی لەناو نەچوون و کۆماری ئیسلامی هێشتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (Drone) و مووشەک کەشتییە بازرگانییەکان دەکاتە ئامانج. دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاندووە کە تەواوی مینە چێنراوەکانی ناو ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزیان پاک کردووەتەوە یان تەقاندووەتەوە؛ هۆشداریشی داوە کە هەر بەلەمێکی دەریایی مینی نوێ دابنێت، تێک دەشکێنرێت.
ترەمپ لە مانگی حوزەیراندا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای ئێران “بەتەواوی لەناو چووە” و تەنیا چەند مووشەکێکی کەمی بەدەستەوە ماوە. بەڵام پێ دەچێت ئێران بەشێک لە تەقەمەنییەکانی لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا شاردبێتەوە و لە ماوەی ئاگربەستەکەیشدا کەرەستەیەکی زۆری جێگۆڕکێ پێ کردبێت. بەرپرسانی ئەمریکییش باسیان لەوە کردووە کە مووشەکە بالیستییە نوێیەکانی ئێران خێراترن و توانای مانۆڕکردنیان زیاتر بووە.
دوای کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە هێرشی سەرەتای جەنگەکەدا، سەرکردایەتیی نوێ، هێزە سەربازییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر ڕێک خستووەتەوە. بەهێزکردنی زنجیرەی فەرماندەیی، فراوانکردنی چالاکییە هەواڵگرییە خۆجێییەکان و جەختکردنەوەی زیاتر لەسەر ڕێبازی هێرشبەری، وەک ئامانجی سەرەکی دەستنیشان کراون. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) ژمارەیەک ڕاوێژکاریشی بۆ عێراق، یەمەن و لوبنان ناردووە تا لەگەڵ گرووپە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەبارەی پلانە چاوهڕوانكراوهكانهوه وتووێژ بکەن.
توانای ئەتۆمیی ئێرانیش زیانی بەرکەوتووە. زۆربەی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکان لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ کەوتنەوە. خەمڵاندنەکان سەبارەت بە ماوەی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، لە چەند مانگێکەوە تا چەند ساڵێک جیاوازن. دانوستانە ئەتۆمییەکان پەکیان کەوتووە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز، بووەتە پرسێکی لەپێشتر و بەپەلەتر.
ئابووریی ئێرانیش کەوتووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە. نرخی کەلوپەل بۆ بەکاربەران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٪٨٠ هەڵکشاوە و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینی دەکات ئابووریی ئێران ئهمساڵ بە ڕێژەی ٪٥.٤ پاشەکشە بکات. دوا بە دوای هەنگاوەکەی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، هەناردەی نەوتی خاو و چڕاوەکانی ئەم وڵاتە لە زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی شوباتەوە، بۆ نزیکەی ٢٨٠ هەزار بەرمیل لە مانگی ئایاردا دابەزی. هەناردەکردن دوای ڕێککەوتنی کاتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز گەشەی سەند، بەڵام لەگەڵ شکستهێنانی ڕێککەوتنەکەدا دووبارە ڕووی لە دابەزین کردەوە.
هێرشەکان بنکەکانی ئەمریکاشیان لە کەنداودا کردووەتە ئامانج. درۆنێكی “شاهد”ی ئێرانی پەلاماری تاوەری پەیوەندییەکانی مانگە دەستکردەکانی ئەمریکای لە بەحرێن داوە و تاقە بنکەی دەریاییی ئەمریکاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانی گەورەی پێ گەیشتووە. هەروەها لانی کەم ٢٠ ناوەندی ئەمریکی بە دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانەوە لە ناوچەکەدا بەر هێرش کەوتوون و، واشنتۆن سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە شێوازی جێگیرکردنی هێزەکانیدا.
پیت هێگسێت (Pete Hegseth)، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، تێچووی جەنگەکەی تا مانگی تەممووز بە ٣٧.٥ ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، کە هێرشە نوێیەکانی مانگی ڕابردوو لەخۆ ناگرێت.
لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ بۆ دەرەوەی ناوچەکەیش سهرڕێژ بوونەتەوە. بۆ نموونە؛ هەڵکشانی نرخی نەوت، گاز، پەینی کیمیایی و گواستنەوە، بەتایبەتی گوشاری خستووەتە سەر ئەو ئابوورییانەی لە ئەورووپا و ئاسیادا هاوردەکاری وزەن. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینیی کردووە هەڵاوسانی جیهانی لە ٪٤.١ لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە بگاتە ٪٤.٧ بۆ ئهمساڵ.
پچڕان لە دابینکردنی کەرەستەی خاودا نرخی هیلیۆم، تڕشیی گۆگرد (Sulfuric acid) و نەفتا (Naphtha)ی بەرز کردووەتەوە. هیلیۆم لە پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکان (Semiconductors) و ئامێرەکانی ئێم ئاڕ ئای (MRI)، تڕشیی گۆگرد لە پیشەسازیی خۆراک، کانزاکاری، کاغەز، چیپ و پاڵاوتنی ئاو و، نەفتایش لە بەرهەمهێنانی پلاستیک، توێنەرەوەکان و بۆیەدا بەکار دەهێنرێن.
لە بواری ئاسایشیشدا، لە سەرەتای مانگی ئابدا تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و پاکستان پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد. ڕووسیاش لە لووتکەی جەنگەکەدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لێخۆشبوونی کاتی لە سزاکانی نەوتی ئەمریکا، مانگانە ١٢.٧ ملیار دۆلار داهاتی دەست کەوت؛ ئەم لێخۆشبوونەیش لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی هات.
لە ئەمریکاش پشتیوانی بۆ جەنگ کەم بووەتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی کەناڵی “فۆکس نیوز” (Fox News)، ڕێژەی پشتیوانیی دەنگدەران لە جەنگەکە، کە لە کۆتاییی شوباتدا ٪٥٠ بوو، لە ناوەڕاستی تەممووزدا و هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی پێکدادانەکان، بۆ ٪٤٣ دابەزی.
سەرچاوە:









زیاد کردنی کۆمێنت