پێنووس

بۆچی نەوەی زێد (Generation Z) بەو جۆرەی پێشبینی دەکرێت، بۆ ئامادەبوون لە بازاڕی کار و ژینگەکانی کاری ئەمڕۆدا ئامادە نییە؟

ئەو کەسانەی سەر بە نەوەی بوومەرن (Baby Boomers) و بانگەشەی ئەوە دەکەن گەنجانی ئەمڕۆ چیتر ئارەزووی کارکردنیان نەماوە، بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکانی دامەزراوەکانی وەک پەیمانگه‌ی Chartered Management Institute – CMI  ڕەنگە تا ڕاددەیەک لەسەر هەق بن؛ ئەم توێژینەوانە دەری دەخەن نەوەی زێد (Generation Z) لە کرداردا هێشتا بۆ چوونە ناو ژینگەی کار ئامادە نییە.

كۆمه‌ڵێــــــــــك بەڕێـــــــــــــوەبەری باڵای پیشــــەسازی لە کــــــــــۆمـــــــــپانیا گــــــــــەورەکانی وەک بووکیــــــــــنگ هۆڵدیـــــــنگز (Booking Holdings)  و هۆڵ فوودز (Whole Foods) پێشتریش جەختیان لەسەر هەمان ناڕەخساوی و ئامادەنەبوونی ئەم نەوەیە کردووەتەوە.

گلێن فۆگڵ (Glenn Fogel)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بووکینگ هۆڵدینگز، لە ساڵی 2024دا گوتی: ”ڕەنگە کارمەندانی گەنجتر پێویستیان بە ڕاهێنان و ڕێنوێنیی زیاتر هەبێت سەبارەت بەوەی ژینگەکانی کاری ئەمڕۆ چۆن پێک هاتوون و چ چاوەڕوانییەکیان لێ دەکرێت.”

بە هەمان شێوە، ڕاپۆرتێکی پەیمانگه‌ی CMI  کە لە تەممووزی ئەمساڵدا بڵاو کرایەوە، ئاشکرای کرد تەنیا %6 لە بەڕێوەبەران لەو باوەڕەدان هێزی کاری گەنجی تازەدامەزراو، بۆ ژینگەی کار ئامادەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە %45 لە ئەندامانی نەوەی زێد پێیان وایە کارامەیییە پێویستەکانیان پێشوەختە لەلا بەردەستە.

ئان فرانک (Ann Francke)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری CMI، لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەنجان بە ئاواتخوازی، بەهرە و توانایەکی بەرزەوە قۆناغی خوێندن و فێرکاری بەجێ دەهێڵن، بەڵام لە واقعدا درک بەوە دەکەن کە بۆ ڕاستییەکانی ژینگەی کار ئامادە نەکراون؛ ئەو بەڕێوەبەرانەیشی کە بەرپرسی پشتگیریکردنیانن، ئامرازی پێویستیان لەبەردەستدا نییە.”

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەگەر دەمانەوێت بەرەنگاری بێکاریی گەنجان ببینەوە، ئاستی بەرهەمداری بەرز بکەینەوە و نەوەی داهاتووی سەرکردەکان دروست بکەین، پێویستە دەستبەرداری ئەوە بین کە ئامادەکاری بۆ کار وەک کێشەی کەسانی دیکە ببینین. حکوومەت، سیستەمی پەروەردە و خاوەنکارەکان هەموویان لەم پرسەدا بەشدارن.”

توێژینەوەیەک کە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی بازرگانیی هۆڵت (Hult International Business School) لە ساڵی 2024دا ئەنجامی دا و تیایدا ڕاپرسیی لە 800 بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆیییەکان وەرگرت، نیشانی دا کە %37 لە بەڕێوەبەران لەبری دامەزراندنی دەرچوویەکی نوێی زانکۆ، بەکارهێنانی ڕۆبۆت یان ژیریی دەستکرد پەسەند دەکەن، هەروەها %45یش پێیان باشترە کارمەندێکی سەربەخۆ (Freelancer) بەکرێ بگرن.

نزیکەی %30 لەم بەڕێوەبەرانە بەتەواوی پێیان باشترە شوێنێکی کاری بەبەتاڵی بمێنێتەوە لەوەی دەرچوویەکی نوێی زانکۆ دابمەزرێنن.

کام کارامەیییە پیشەیییانە لە نەوەی زێددا کەمە؟

بەپێی توێژینەوەکەی هۆڵت، گەورەترین کارامەییی ونبوو لەنێو زۆربەی کارمەندانی گەنجدا بریتییە لە ”خۆڕاگری” (Resilience)؛ %91ی بەڕێوەبەران ڕایان گەیاندووە ئەم بۆشایییە ئێستا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاستی بەرهەمی ئەوانیش داناوە.

نزیکەی %98 لە بەڕێوەبەرانی سەرچاوە مرۆیییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کارامەییی پەیوەندیکردن، سەرەکیترین توانایە پێویستە کارمەندانی گەنج لەگەڵ خۆیاندا بیهێننە ژینگەی کارەوە؛ هاوکات %93یش پەرۆشی و ئامادەیییان بۆ فێربوون بەپێویست زانیوە.

لای %92ی بەڕێوەبەرانی سەرچاوە مرۆیییەکان، گرنگترین کارامەییی لەدەستچوو بریتییە لە ”کارکردنی بەکۆمەڵ” (Collaboration)  و %90یش ئاماژەیان بە ”داهێنەری” کردووە. لە نزیکەی %87ی حاڵەتەکاندا، ئەم بەڕێوەبەرانە پێیان وایە کارامەییی ”بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” (Critical thinking) لەنێو ئەندامانی نەوەی زێددا بوونی نییە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکەی CMI، تەنیا یەک لەسەر دەی بەڕێوەبەران، بەدیاریکراوی %12، ڕایان گەیاندووە کە گەنجانی کارمەند لە کۆمپانیاکانیاندا بەپێی چاوەڕوانییەکان لە پێشکەوتندان.

لەو کاتانەی کە ئەم کارمەندانە بەپێی پێشبینییەکان گەشە ناکەن یان ناتوانن قۆناغی تاقیکردنەوە ببڕن، جگە لە نەبوونی خۆڕاگری، هۆکارەکانی وەک نەبوونی پاڵنەر، ڕەفتار و ئیتیکی نەشیاو لە ژینگەی کار و پابەندنەبوون بە کات، وەک سەرەکیترین فاکتەرەکان دەستنیشان کراون.

نزیکەی %97 لە بەڕێوەبەرانی سەرچاوە مرۆیییەکان لە لێکۆڵینەوەکەی “هۆڵت”دا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بۆ دامەزراندنی نوێ، زۆر پێویستە کارمەندان تێگەیشتنێکی بنەڕەتیی پتەویان سەبارەت بە بابەتە تەکنەلۆژییەکانی وەک ژیریی دەستکرد، تەکنەلۆژیای زانیاری و شیکاریی داتا هەبێت، کەچی تەنیا %20 لە دەرچووە نوێیەکان پێیان وایە خاوەنی ئەو زانیارییانەن.

بۆچی نەوەی زێد چیتر حەز و ئارەزووی ئەوتۆی بۆ کارکردن نەماوە؟

سەرباری ئەوەی ئەم نیگەرانییانە دەربارەی ژینگەی کار، دەکرێت جێی خۆیان بگرن، بەڵام نەوەی زێد لەگەڵ دیمەنێکی کاری تەواو جیاواز بەراورد بە نەوەکانی پێشوو ڕووبەڕوو بووەتەوە. هەندێکیان لە خێزانێکدا گەورە بوون کە باوانەکانیان بۆ ماوەی چەندان دەیە خاوەنی کارێکی جێگیر بوون، باپیرە و داپیرەکانیشیان هه‌ر به‌و یه‌ك داهاته‌وه‌ توانیویانە خانوو بکڕن، خێزان پێک بهێنن و بگەنە خانەنشینی.

بەرامبەر بەمە، ئەو هێزی کارەی نەوەی زێد پێی نایە ناویەوە، لەدوای “پەتای کۆرۆنا”وە تووشی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بووە؛ لە کاتێکدا زۆرێک لە خاوەنکارەکان هێشتا لەنێوان دوو جەمسەری ”گەڕانەوەی تەواو بۆ ئۆفیس” و ”کاری تەواو لە دوورەوە و ژیانی کۆچەریی دیجیتاڵی” (Digital nomad)دا سەریان لێ شێواوە.

ئەمڕۆ زۆرێک لە نەوەی هەزارە (Millennials) و نەوەی زێد بەڕاستی هەست دەکەن دەبێت تا کۆتاییی تەمەنیان کار بکەن و هەرگیز ده‌ره‌قه‌تی تێچووەکانی سەردەمی خانەنشینی نایه‌ن.

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی سندووقی خانەنشینیی The People’s Pension، لە بریتانیا %12ی گەنجان، کە یەکسانە بە 2.2 ملیۆن کەس، پاشەکەوتکردنیان بۆ خانەنشینی بەتەواوی ڕاگرتووە چونکە بڕوایان وایە ناچارن هەتاهەتایە کار بکەن.

زۆربەی ئەم گەنجانە هەست دەکەن لەوانەیە هەرگیز نەتوانن خانوویەک بکڕن یان توانای دابینکردنی خەرجیی ڕووداوە گرنگەکانی ژیان وەک پێکهێنانی هاوسەرگیرییان هەبێت.

ئەگەر ئەم دۆخە بخرێتە پاڵ شەپۆلە په‌ره‌سه‌ندووه‌كانی دەرکردنی کارمەندان لە کەرتی تەکنەلۆژیادا، گرژییە جیۆپۆلتیکییەکان، جەنگەکان و دیاردە توندەکانی کەشوهەوا، جێی سەرسوڕمان نییە کە ژمارەیەکی زیاتر لە ئەندامانی نەوەی زێد چیتر پاڵنەرێکی ئەوتۆیان بۆ کارکردن نەمێنێت.

ژمارەیەک لەم گەنجانە بینەری ئەوە بوون باوانیان سەرەڕای ساڵانێکی زۆر ملدان و گوتنی ”بەڵێ” لە ژینگەی ژەهراویی کاردا، تووشی سووتانی پیشەیی (Burnout) بوون یان لە شوێنی خۆیاندا چەقیون؛ ئەم ئەزموونەیش بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئیتیکی کار، ئاستی چاوەڕوانی و سنوورە کەسییەکانی خۆیاندا.

ئەم گۆڕانکارییە خۆی لە ڕەتکردنەوەی زیادەکاریی بێبەرامبەر بە بیانووی ”بەدەستهێنانی ئەزموون” تا دەگاتە بەجێهێشتنی شوێنی کار لە کاتی دیاریکراودا لەبری مانەوە بۆ چەندان کاتژمێری بێپێوانە لە ئۆفیسدا دەبینێتەوە.

ئایا زانکۆکان لەم کەلێنە کارامەیییەدا بەرپرسیارن؟

لە کاتێکدا کۆمپانیاکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەوریایییەکی زیاترەوە ڕوو لە دامەزراندنی کارمەندانی گەنج دەکەن، بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسیارێتییەکە دەکرێت بکەوێتە ئەستۆی زانکۆکان و پرۆگرامەکانی ئێستای قۆناغی بەکالۆریۆس.

نزیکەی %90 لە بەڕێوەبەرانی سەرچاوە مرۆیییەکان لە لێکۆڵینەوەکەی هۆڵتدا لەو باوەڕەدان کە دەبێت زانکۆکان ڕاهێنەر یان ڕاوێژکاری تایبەت بۆ ڕێڕەوی پیشەیی و پەرەپێدانی کەسی بۆ خوێندکاران دابین بکەن تا بۆ ژینگەی کار ئامادەیان بکەن، کەچی تەنیا %36 لە خوێندکاران ڕایان گەیاندووە ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانەیان وەرگرتووە.

بە هەمان شێوە، %91 لە بەڕێوەبەران ئاشنابوون به‌ دیدگە جیهانییەکان لە ڕێگەی پێکهاتەی هەمەچەشنی خوێندکاران و مامۆستایانەوە بەگرنگ دەزانن، بەڵام تەنیا %39 لە خوێندکاران ئاماژەیان بە هەبوونی ئەزموونێکی لەو شێوەیە کردووە.

زیاتر لە %90 لەم بەڕێوەبەرانە جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی مۆدێلی ”فێربوون لەسەر بنەمای ئاڵنگاری” (Challenge-based learning) لە زانکۆکاندا کردووەتەوە تا خوێندکاران بتوانن کێشە ڕاستەقینەکانی جیهانی بازرگانی چارەسەر بکەن؛ هاوکات لەگەڵ سەرنجخستنە سەر کاری بەکۆمەڵ و گەشەپێدانی زانیارییە بنەڕەتییەکانی بازرگانی کە خاوەنکارەکانی ئەمڕۆ پێویستیان پێیەتی.

سەرباری ئەمەیش، کەمتر لە نیوەی کارمەندانی گەنج هەست دەکەن لە قۆناغی زانکۆدا ئەم کارامەیییانەیان وه‌رگرتووه‌.

مارتین بۆم (Martin Boehm)، جێگری جێبەجێکار و سەرۆکی جیهانیی بەرنامەکانی بەکالۆریۆس لە هۆڵت، لەم ڕاپۆرتەدا گوتی: ”بەرنامە باوەکانی قۆناغی بەکالۆریۆس هاتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەی کاری جیهانی هەنگاویان نەناوە و، کەلێنی نێوان ئەوەی دەگوترێتەوە لەگەڵ ئەوەی خاوەنکاران دەیخوازن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت.”

ناوبراو وتیشی: ”پێویستە ناوەندەکانی خوێندن بە شێوازی نوێ خوێندکاران ئامادە بکەن؛ بە سەرنجخستنە سەر دروستکردنی ئەو کارامەیی و دیدگه‌یانەی کە بۆ فێربوونی بەردەوام لە جیهانێکی خێرا گۆڕاودا پێویستن. ”

جەیسن دیسێنتەر (Jason Desenter)، بەڕێوەبەری باڵای سەرچاوە مرۆیییەکان لە کۆمپانیای تۆشیبا (Toshiba)، وەک چۆن ماڵپەڕی بیزنسی ئینسایدەر (Business Insider) بڵاوی کردووەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە زانکۆ و کۆمپانیاکان دەبێت بەر لە هەموو شتێک گەنجان فێر بکەن کە مانا و چەمکی ”کار” چییە.

ئەم ڕاهێنانەیش ڕوونکردنەوەی ئەو چاوەڕوانییانەی کە لە ئۆفیسی کاردا لێیان دەکرێت، هەروەها چۆنێتیی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی و شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکانی وەک ژیریی دەستکرد بۆ باشترکردنی پرۆسە کارپێکراوەکانی ئێستا لەخۆ دەگرێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی یۆرۆنیوز (Euronews)

https://parsi.euronews.com/next/2026/09/03/why-gen-z-may-not-actually-be-ready-for-the-workplace

image_pdfimage_print

زیاد کردنی کۆمێنت