پێنووس

هاوبەشییە نوێیەکەی نێوان تورکیا و عێراق لە نەزمێکی گۆڕاوی ناوچەییدا

 

سالم چێڤیک

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی وەرچەرخانێکی بەرچاو بووه‌‌. لە بەشێکی زۆری سەردەمی دوای ساڵی ٢٠٠٣دا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا زیاتر لەژێر کاریگەریی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە ئاسایش، سەروەریی نیشتمانی و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو. تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باکووری عێراق بە شێوەیەکی یەکلایه‌نە ئەنجام دەدا، لە کاتێکدا بەغدا ناڕەزایەتیی بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دەربڕی بەڵام توانایەکی کەمی هەبوو بۆ ڕێگریکردن لە تورکیا. هەرچەندە پەیوەندییە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان بووه‌وه‌، بەڵام ناکۆکییە ئەمنییەکان بەردەوام بەسەر پەیوەندییەکەدا زاڵ بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ساڵی ٢٠٢٤، پەیوەندییەکە دەستی کرد بە وەرگرتنی سروشتێکی جیاواز. ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی هەردوو لایەن بوو. سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ئەجێندایەکی پراگماتیی گەشەپێدانخوازانەوە هاتە سەر دەسەڵات و، پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان”ی- کە کۆریدۆرێکی گواستنەوەی نەخشەبۆکێشراوە و بەندەری گەورەی فاو لە باشووری عێراق بە تورکیا و لە کۆتاییدا بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە- کردە یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانی حکوومەتەکەی. ئەم ئاڕاستە نوێیە ئارەزووی بەغدای بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا زیاتر کرد، چونکە هاوکاریی ئەنقەرە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە زۆر پێویست بوو. لەبەرامبەردا، تورکیاش دەستی کرد بە وێناکردنی داواکارییە ئەمنییەکانی لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتری هاوکاریی ئابووری و سیاسی.

لە ساڵی ٢٠٢٦دا، جه‌نگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێگەی تورکیای بۆ عێراق بەنرختر و گرنگتر کردووە. پەککەوتنی کەشتیوانی لە ڕێگەی گه‌رووی هورمزەوە، وابەستەییی عێراقی بە ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی کەنداو ئاشکرا کرد و بەهای ستراتیژیی ڕێگە ئەڵتەرناتیڤەکانی لە ڕێگەی تورکیاوە زیاتر کرد. هەروەها جه‌نگی ئێران هەوڵە مێژوویییەکانی بەغدای بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا قورستر کردووە، کە ئەمەیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەنرختر کردووە. لە هەمان کاتدا، بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە عێراقدا له‌یه‌كتر نزیکتر بوونەتەوە، چونکە هەردوو لا زیاتر پشتگیری لە حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێزتر دەکەن کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا هەبێت.

هەوڵەکانی بەغدا بۆ پاراستنی ئەم هاوسەنگییە لە یەکەم سەردانە دەرەکییەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، بەباشی دەرکەوت. لە تەممووزی ٢٠٢٦دا، زەیدی سەرەتا گەشتی بۆ واشنتۆن و دواتر بۆ تاران کرد، پێش ئەوەی لە ٢٨ی تەممووزدا سەردانی ئەنقەرە بکات. سەردانەکەی ئەنقەرە جەختی لەسەر ئەو ئەجێندا دووقۆڵییە کردەوە کە لە سەردەمی سوودانیدا پەرەی پێ درابوو؛ کە ئەمەیش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی لە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر تورکیا سەرەڕای گۆڕانکاریی حکوومەت. ئەم پەرەسەندنانه پێکەوە هاوبەشییەکی زۆر قووڵتری تورکیا و عێراقیان بەرهەم هێناوە، کە زیاتر لەگەڵ ئەولەوییەتەکانی ئەمریکاش لە عێراقدا دەگونجێت. بەڵام ئەوەی کە ئەم هاوبەشییە تا کوێ دەڕوات، بە شێوەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە سیاست لە ناوخۆی عێراقدا، کە تێیدا ناوەندە ڕکابەرەکانی دەسەڵات بەردەوامن لە سنووردارکردنی توانای بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ تورکیادا دەیکات.

لە ناکۆکیی ئەمنییەوە بۆ هاوکاریی ئەمنی

گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیادا، بەتایبەتی لە پەیوەندییە ئەمنییەکاندا، ئێستا بەڕوونی دیارە. بۆ دوو دەیە دەبێت، ئامادەییی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گرژی لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا. تورکیا دەمێک بوو بەغدای خستبووە ژێر گوشار بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی بەهێزتر دژی پەکەکە بگرێتە بەر، بەڵام لەژێر سەرۆکایەتیی سوودانیدا حکوومەتی عێراق زیاتر وەڵامدەرەوەی ئەم داواکارییانەی تورکیا بوو. لە ئاداری ٢٠٢٤دا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساند و، لە ئابدا هەردوو حکوومەت یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی و دژەتێرۆریان واژۆ کرد کە ناوەندێکی هەماهەنگیی هاوبەش و کۆمیتەیەکی ئاستبەرزیشیان بۆ دامەزراند.

بڕیارەکەی پەکەکە لە ئایاری ٢٠٢٥ بۆ هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەک، دەکرێت ئەم وەرچەرخانە قووڵتر بکاتەوە. ئەم پرۆسەیە چەندان پرسیار دەورووژێنێت کە تورکیا ناتوانێت بەتەنیایی وەڵامیان بداتەوە، لەوانە داهاتووی چەکدارە چەکداماڵدراوەکان، ڕێکخستنە ئەمنییەکان لەو ناوچانەی پەکەکە چۆڵیان دەکات و، داهاتووی پێکهاتەکانی پەیوەندیدار بە پەکەکە لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور و شەنگال. بۆ ساڵانێک، بەغدا تا ڕاددەیەکی زۆر پەکەکەی وەک کێشەیەکی نێوان تورکیا و کورد سەیر دەکرد و، بەڕێوەبردنی ئەو پرسەی بەجێ هێشتبوو بۆ هەولێر، پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، بەڵام چەکداماڵینی پەکەکە ئێستا بەشداریی ڕاستەوخۆی بەغدای زۆر گرنگتر کردووە.

ڕێگەی گەشەپێدان و لۆژیکێکی نوێی پشتبەستن به‌ یەکتر

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ئەو سەرەتایە بوو کە سروشتی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقی گۆڕی. کۆریدۆری ڕێگەوبان و هێڵی ئاسنینی ١٢٠٠ کیلۆمەتریی نەخشەبۆکێشراو، بەندەری گەورەی فاو لە باشووری عێراق بە تورکیا و لەوێشەوە بە بازاڕەکانی ئەورووپاوە دەبەستێتەوە. بۆ بەغدا، پڕۆژەکە بەڵێنی گۆڕینی عێراق دەدات لە وڵاتێکەوە کە بە شێوەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنی نەوتەوە بۆ بەشێکی دانەبڕاو لە تۆڕێکی بەرفراوانتری ترانزێت و لۆجستیک. بۆ ئەنقەرە، ئەمە تەواوکەری ئارەزووە مێژوویییەکەی تورکیایە بۆ دانانی خۆی لە ناوەندی تۆڕەکانی بازرگانی و پەیوەندییە ناوچەیییەکان.

پڕۆژەکە هەروەها نیشانی دەدات کە ئەو نزیکبوونەوەی ئێستا، فراوانترە لە ڕێککەوتنێکی سیاسیی کاتی. عێراق بەندەرەکە بۆ کەنداو دابین دەکات، لە کاتێکدا تورکیا بەستنەوەیەک بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و، هەروەها توانای بیناسازی و لۆجستیکی پێشکەش دەکات. ئەم فۆڕمەی پشتبەستن بە یەکتر تا ئاستێکی زۆر لە پەیوەندییە ئەمنی و کۆنەکەی تورکیا و عێراقدا نەبوو.

لەگەڵ ئەوەیشدا، گۆڕینی ئەم ئارەزووە بۆ کۆریدۆرێکی کارا، بێ کێشە نییە. دابینکردنی دارایی وەک ئاڵنگاریی سەرەکی ماوەتەوە، کە تەنیا قۆناغی یەکەم تێچووەکەی بە دەوروبەری ٢٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەرەتاییی ساڵی ٢٠٢٤دا چوونە پاڵ عێراق و تورکیا، بەڵام هێشتا پاکێجێکی داراییی تەواو بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین نەکراوە. چوارچێوەیەکی نوێ کە ڕێگە بە کۆمپانیا تورکییەکان دەدات لەبەرامبەر سەرچاوە سروشتییەکانی عێراقدا ژێرخان دروست بکەن، دەتوانێت داراییی بەشێک لە بیناسازییەکە دابین بکات، بەڵام زۆر کەمترە لە دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی کۆریدۆرەکە.

 

 

هاوبەشییەکی نادادپەروەر

سەرەڕای زیاتربوونی پشتبەستن بە یەکتر لەنێوان تورکیا و عێراقدا، بەڵام پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی یەکسان نییە. هاوسەنگییەکە لەنێوان کێشە جیاوازەکاندا دەگۆڕێت، بەڵام لە چەندان بواری گرنگدا ئەنقەرە باڵادەستییەکی بەرچاوی هەیە بە بەراورد بە عێراق.

باڵادەستیی تورکیا لە کەرتی ئەمنیدا دیارترینە. تورکیا سەربازەکانی لەسەر خاکی عێراق دەپارێزێت و دەستپێشخەریی سەربازیی لایە. بەغدا بەفەرمی ئامادەییی سەربازیی تورکیا قبووڵ ناکات بەڵام فاکتەری  گوشار یان هێزی نییە بۆ کۆتاییهێنان بەو  گوشارە؛ ئەمەیش وا دەکات کاریگەرییەکی سنوورداری بەسەر چالاکییە سەربازییەکانی تورکیاوە هەبێت، تەنانەت لە کاتێکدا هەردوو حکوومەت بەچڕی هاوکاریی یەکتر دەکەن دژی پەکەکە.

ئاو، ئەو بوارەیە کە تێیدا نایەکسانییەکە بەهێزترینە. عێراق کەوتووەتە خوارووی حەوزی هەردوو ڕووباری دجلە و فورات، لە کاتێکدا داڕمانی ژێرخان و وشکەساڵیی دووبارەبووەوە کێشەی کەمیی ئاویان کردووەتە کێشەیەکی زۆر جددی. تورکیا کەوتۆتە سەرەوەی حەوزەکە و کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری ڕێڕەوی ئاوەکە دەکات، کە ئەمەیش فاکتەرێکی گوشاری گەورەی بە ئەنقەرە بەخشیوە. بەغدا لەمێژەوە  گوشاری خستووەتە سەر تورکیا بۆ بەردانەوەی بڕی زیاتر و پێشبینیکراوتری ئاو، لە کاتێکدا ئەنقەرە وا به‌ڵگه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ کە کێشەکانی ئاوی عێراق سەرچاوەی لە ئاودێریی ناکارا و بەڕێوەبردنی خراپی ئاویشەوە گرتووە.

ئەو چوارچێوەیەی لە سەردانەکەی تەممووزی ٢٠٢٦ی “عەلی زەیدی”دا ڕێککەوتنی لەسەر کرا، ڕێگە بە کۆمپانیا تورکییەکان دەدات پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو لە عێراق جێبەجێ بکەن کە لە ڕێگەی داهاتی نەوتی عێراقەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن؛ کە ئەمەیش گفتوگۆکە لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بەڕێوەبردنی ئاو نزیکتر دەکاتەوە. بەڵام هیچ پابەندبوونێکی نوێی لەسەر بڕی ئاوی ڕەوانەکراو لەلایەن تورکیاوە بەرهەم نەهێناوە. ڕەخنەگران لە بەغدا وا به‌ڵگه‌ ده‌هێننه‌وه‌ کە ئەم ڕێکخستنە لە ڕێگەی بەستنەوەی داهاتی نەوت بە پڕۆژە دروستکراوەکانی تورکیاوە پەیوەندیی هەردوو لا قووڵتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی ڕێڕەوی ئاو بەچارەسەرنەکراوی دەهێڵێتەوە.

بەپێچەوانەی ئاسایش و ئاو، کەرتی وزە پشتبەستنی دوولایەنەی زیاتری تێدایە. هێڵی بۆڕیی نەوتی کەرکووک-جەیهان ڕێڕەوێکی هەناردەکردن بۆ دەریای سپیی ناوەڕاست بۆ عێراق دابین دەکات کە کەنداو تێ دەپەڕێنێت، لە کاتێکدا نەوتی عێراق بۆ تورکیا گرنگە هەم وەک سەرچاوەیەکی نەوتی خاو و هەم وەک بەشێک لە ئارەزووی خۆی بۆ بوون بە ناوەندێکی وزەی ناوچەیی. ئەنقەرە و بەغدا ئێستا کار بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیری وزە دەکەن کە هاوکارییەکان لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی هێڵی بۆڕیی نەوتی ئێستا فراوانتر دەکات. بڕیاری ئەم دوایییەی هێنانەناوەوەی کۆمپانیای نەوتی تورکی (TPAO) بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک، ڕۆڵی تورکیا لە بازرگانی و ترانزێت فراوانتر دەکات و دەیکاتە وەبەرهێنەری ڕاستەوخۆ لە کەرتی وزەی عێراقدا.

کۆسپە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەم نزیکبوونەوەی تورکیا و عێراق

ئەگەرچی نزیکبوونەوەی نێوان ئەنقەرە و بەغدا ڕاستەقینەیە، بەڵام هەردوو حکوومەتەکە تاقە ئەکتەر نین کە بەسەر کێشە و بەرژەوەندییەکانیاندا کاریگەر بن. زیاتربوونی هاوکارییەکانیان کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە ناوچەیی و ناوخۆیییەکانی دیکە دروست دەکات، لە کاتێکدا لاوازیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق توانای بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ تورکیادا دەکات، سنووردار دەکات. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ڕوونترین نموونەی هەردوو کێشەکەیە.

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان گه‌رووی هورمز تێ دەپەڕێنێت؛ کە ئەمەیش فاکتەری  گوشار و دەسەڵاتی ناوچەیی و جیهانیی ئێران کەم دەکاتەوە. پڕۆژەکە بەشێکە لە ململانێیەکی بەرفراوانتر بەسەر ڕێڕەوە بازرگانییە ناوچەیییەکاندا. ڕکابەرییە ڕاستەوخۆکە لە ئێرانی دراوسێوە دێت، کە کۆریدۆری گواستنەوەی نێودەوڵەتیی باکوور-باشوور (INSTC) هەوڵ دەدات بازرگانی لە ڕێگەی خاکی ئێرانییەوە تێ پەڕێنێت. ڕێگەی گەشەپێدان ئه‌ڵتەرناتیڤێک لە ڕێگەی عێراق و تورکیاوە دابین دەکات لە کاتێکدا ڕێگە بە بازرگانیی کەنداو دەدات کە پێویستیی بە گه‌رووی هورمز نەمێنێت؛ کە ئەمەیش سەرچاوەیەکی گرنگی فاکتەری  گوشاری ناوچەیی و جیهانیی ئێران کەم دەکاتەوە. گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا، ڕەنگە دژایەتیی پڕۆژەیەک بکەن کە توانای هەژموونی هه‌رێمایه‌تیی تاران لاواز بکات.

جگە لەوە، ڕێڕەوەکە لە ناوخۆی عێراقدا براوە و دۆڕاو دروست دەکات، بەپێی ئەوەی ژێرخانەکە لە کوێ دروست دەکرێت و کێ کۆنتڕۆڵی کۆنتراکتەکان، داهاتی ترانزێت و ئاسایش بە درێژاییی کۆریدۆرەکەدا کێ سوودی لێ دەبینێت. ئەم قازانجە نادادپەروەرانە دابەشبووانە، هۆکاری تایبەتی خۆیان بە باڵە سیاسییەکان، وەزارەتەکان و دەسەڵاتە ناوچەیییەکان دەبەخشێت بۆ کاریگەریدانان یان دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم پڕۆژەکەدا. لە سیستەمی سیاسیی دابەشبووی عێراقدا، کە تێیدا حکوومەتی ناوەندی دەسەڵات لەگەڵ چەندان ئەکتەری سیاسی و چەکداردا بەش دەکات، بەرژەوەندییە ڕکابەرەکان دەتوانن ببنە کۆسپی جددی لە بەردەم جێبەجێکردندا.

ئەم گرژییانە لە کاتی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەنقەرە دەرکەوت؛ کاتێک وەزیری گواستنەوەی عێراق لە سەرەتادا لەبەردەم کامێراکاندا، ئامادە نەبوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەر ڕێگەی گەشەپێدان واژۆ بکات. هۆکارەکانی بەئاشکرا ڕانەگەیەنران. پەیوەندییە بڵاوکراوەکانی لەگەڵ باڵێکی نزیک لە ئێراندا شیکردنەوەیەکی ئاوا پێشکەش دەکات، ئەگەرچی ڕەنگە بەرژەوەندییە ناوخۆیییەکانی دیکەیش بەشدار بووبن. ئەو  تەنیا دوای دەستێوەردانی عەلی زەیدی واژۆی کرد؛ کە ئەمەیش کێشەیەک نیشان دەدات کە ڕێککەوتنەکانی سەرۆکوەزیران لە شوێنەکانی دیکەی ناو دەوڵەتی عێراقدا هەن.

هەرێمی کوردستان هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە بۆ نیشاندانی نیگەرانی. بەستنەوەی فیشخابوور-ئۆڤاکۆی، کە وەک خاڵی پەڕینەوەی ڕێگەی گەشەپێدان بۆ تورکیا، نەخشەی بۆ کێشراوە، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستاندایە و جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ خاڵی پەڕینەوەی ئێستای فیشخابوور-ئیبراهیم خەلیل لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. خاڵێکی پەڕینەوەی دووەم لەژێر کۆنتڕۆڵی فیدراڵیدا هەندێک لە کارتەکانی  گوشاری هەولێر بەسەر بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا کەم دەکاتەوە. بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە بەغدا ئەو پێگە ئیمتیازدارە کەم دەکاتەوە کە هەولێر پێشتر لە سیاسەتی تورکیادا بەرامبەر عێراق هەیبوو.

دەروازەی ئیبراهیم خەلیل
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل

عێراق لەنێوان ئێران، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا

سیستەمی سیاسیی دابەشبووی عێراق و لاوازیی دەوڵەتی عێراق، لەمێژە بە قازانجی ئێران شکاوەتەوە. تاران بەشێکی زۆری هەژموونی خۆی لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣دا نەک تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتەکانی بەغدا، بەڵکوو لە ڕێگەی حزبی سیاسی و گرووپی چەکدارەوە کە سەربەخۆیییەکی بەرچاویان لە دەوڵەتی ناوەندی پاراستبوو، دروست کرد. جه‌نگەکە ئەم سیستەمەی خستووەتە ژێر  گوشاری گەورەترەوە. بەو پێیەی ئێران خۆی لەژێر  گوشاری بەردەوامی سەربازیدایە، تاران سەرچاوەی کەمتری هەیە بۆ تەرخانکردن بۆ تۆڕە ناوچەیییەکانی؛ لە کاتێکدا واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بەئاشکراتر گوشار دەکات.

ئەمە ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا و تورکیا لە عێراقدا لەیەکتر نزیکتر دەکاتەوە. واشنتۆن دەیەوێت لە ڕێگەی بەستنەوەی  میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە، دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەهێز بکات. ئەنقەرە هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە بۆ ویستنی حکوومەتێکی بەهێزتر لە بەغدا: دەوڵەتێکی ناوەندی کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی خاکی خۆی هەبێت، دەبێتە هاوبەشێکی کاراتر دژی پەکەکە و، توانای باشتری دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان و ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی دیکە و، کەمتر ناچار دەبێت سازش بۆ ئەکتەرانێک بکات کە دەتوانن کۆسپ لەبەردەم هاوکاری لەگەڵ تورکیادا دروست بکەن.

فراوانبوونی ئەم دوایییەی بەرپرسیارێتیی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، بۆ ئەوەی عێراقیش بگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا گرنگە. باراک کە پێشتر وەک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا کاری دەکرد، بەچڕی لەگەڵ ئەنقەرەدا کاری کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتێکی ناوەندی لە سووریا، دژایەتیکردنی حوکمی خۆسەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ژێردەسەڵاتی کورددا و گوشارکردن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سوپای سووریادا. هاتنی عێراق بۆ ناو ئەو چوارچێوەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن زیاتر ئەم گۆڕەپانا‌نە وەک هێڵی بەستراو بەیەکتر سەیر دەکات؛ کە ئەمەیش ئەگەری فراوانکردنی ئەم نزیکبوونەوەیەی ئەمریکا-تورکیا بۆ عێراق زیاتر دەکات.

بۆیە واشنتۆن هۆکاری خۆی هەیە بۆ پێشوازیکردن لە گەشەکردنی ڕۆڵی تورکیا لە عێراقدا، بەتایبەتی کاتێک خواستی تورکیا بۆ حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئەولەوییەتەکانی ئەمریکادا یەک دەگرێتەوە. بۆ بەغدا، پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ تورکیا سەرچاوەیەکی زیاتری هاوسەنگی دابین دەکات، لە کاتێکدا بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئیستا قورستر بووە. هەڵبەتە تورکیا ناتوانێت شوێنی هیچ کامیان بگرێتەوە، بەڵام پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئەنقەرە مەودای مانۆڕی گەورەتر بە بەغدا دەدات لەنێوانیاندا.

دەره‌نجام

ئەم گۆڕانکارییانەی ڕووی داوە پێکەوە تورکیایان کردووەتە هاوبەشێکی گرنگتر بۆ بەغدا و، بۆ بەردەوامیدان بە نزیکبوونەوەکە بەرژەوەندییەکی بەهێزتریان بە هەردوو لا بەخشیوە. جه‌نگی ئەمریکا-ئێران ئەم وەرچەرخانەی بەهێزتر کردووە و، بەهای ستراتیژیی تورکیای بۆ بەغدا زیاتر کردووە، لە کاتێکدا بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکای لە حکوومەتێکی بەهێزتری عێراقدا لەیەکتر نزیکتر کردووەتەوە. بەڵام لەگەڵ  ئەوەیش، ئەمە بە مانای دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانیی عێراق و تورکیا و دوورکەوتنەوە لە ئێران نایەت. بەغدا ناتوانێت له‌ تاران داببڕێت، له‌ كاتێكدا هێشتا هەژموونی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی لەناو عێراقدا به‌رچاوه‌. هەروەها سیاسەتی عێراق بەدابەشبوویی دەمێنێتەوە و، هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر ئەکتەرە چەکدارەکاندا ڕووبەڕووی کێشەی جددی دەبێتەوە.  گوشاری زۆر لەسەر بەغدا بۆ جووڵەی زۆر ڕادیکاڵانە دژی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری؛ کە ئەمەیش زیان بەو سەقامگیرییە دەگەیه‌نێت کە ئارەزووە ئابوورییەکانی تورکیا پشتی پێ دەبەستێت.

بەم پێیە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە زیاتر لەگەڵ بەهێزبوونی پلە بە پلەی دەوڵەتی عێراقدا دەگونجێن نەک لەگەڵ ڕێکخستنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی توند و خێرا لە ناوچەکەدا. حکوومەتێکی بەغدا کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان، دەستەبەرکردنی کۆریدۆرەکانی گواستنەوە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە درێژخایەنەکانی هەبێت، عێراق دەکاتە هاوبەشێکی ئابووری و ئەمنی باوەڕپێکراوتر بۆ تورکیا. دەرەنجامەکانی، دەرفەتێک بە ئەنقەرە دەدات بۆ گواستنەوەی هاوبەشیی گەشەسەندووی خۆی لەگەڵ بەغدا بۆ ڕۆڵێکی گەورەتر لە نەزمی ناوچەییدا، کە ئەگەری هەیە لە ڕێگەی جه‌نگەوە دووبارە دابڕێژرێتەوە.

سەرچاوە:

Çevik, S. (2026, August 26). Turkey and Iraq’s emerging partnership in a changing regional order. Arab Center Washington DC. <<https://arabcenterdc.org/resource/turkey-and-iraqs-emerging-partnership-in-a-changing-regional-order/>>.

image_pdfimage_print

زیاد کردنی کۆمێنت