نووسینی: جۆزێف بۆسکۆ (Joseph Bosco)
ماڵپەڕ: دە هیڵ (The Hill)
ئیدارەی ترەمپ، هاوشێوەی زۆربەی پێشینانی، سەرقاڵی پەلەپەلە بە جیهاندا بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە جیاوازانەی لە ناوچە پەرشوبڵاوەکاندا هەڵگیرساون، وک: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆکراینا، ئاسیای ڕۆژهەڵات. لە هەمان کاتدا، نەیارەکانی، کە تا دێت هەماهەنگییان زیاتر دەبێت، سوورن لەسەر لەناوبردنی سیستەمی نێودەوڵەتیی ڕۆژاوا کە بۆ ماوەی سێ چارەکە سەدە ئاشتیی گشتیی جیهانیی دابین کردووە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، چەندان ڕاپۆرت تێوەگلانی ئەمریکایان لە جەنگەکانی ئۆکراینا و ئێران تاوانبار کردووە بە کەمکردنەوەی یەدەگی چەکی ئەمریکی کە پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوە یان تێکشکاندنی ئاڵنگارییە چاوەڕوانکراوەکانی دیکەی ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور. لە هەمووی گرنگتر، ڕەخنەگران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گواستنەوەی چەک بۆ وڵاتانی دیکە، توانای بەرگریی خودی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە، جا چ بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا بێت لە بەرپەرچدانەوەی داگیرکاریی ڕووسیا، یان بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران.
ئێستا، ڕاپۆرتێکی فەرمیی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا بۆ وەزیری بەرگری، پیت هێگسێت (Pete Hegseth)، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ستراتیژیی ”پەرت کە، سەرقاڵ کە و زاڵ بە”ی دوژمنانی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە. واشنتۆن تا دێت زیاتر وریایە لە گرتنەئەستۆی پابەندبوونە ئاسایشییە زیادەکانی ئەمریکا، کە ئەم سڵکردنەوەیە نزیک دەبێتەوە لە گۆشەگیری و، دەرفەت بە نەیارەکانمان دەدات پەلامارەکانیان لە شوێنی دیکەدا جێبەجێ بکەن و ئامانجە هەستیارە جۆراوجۆرەکان بقۆزنەوە.
سەرەڕای ئەمەیش، بڵاوەپێکردنە درێژخایەنەکانی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خۆڕاگریی و ورەی کارمەندانی هێزی دەریایی دروست کردووە. لەم هەفتەیەدا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن (USS Abraham Lincoln) لە گەشتە 10 مانگییەکەیەوە بۆ ناوچەکە، گەیشتە تایلەند. بڵاوەپێکردنە درێژخایەنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پشێویی لە پرۆسەی چاککردنەوەی کەشتییەکەدا دروست کردووە.
کەمبوونەوەی تەقەمەنی، ئامێر، کارمەندان و سەرنجە ستراتیژییەکەی حکوومەتی ئەمریکا، هەموویان ڕاستیی هاوکاریی نێوان ئەندامانی ئیمپراتۆرییەتە شەڕانگێزە نوێیەکە دەسەلمێنن. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لە بوارەکانی سەربازی و ئابووریدا ڕێکار لە دژی ئێران دەگرێتە بەر، چین، ڕووسیا و کۆریای باکوور پەلە دەکەن لە پڕکردنەوەی بۆشایییەکان و بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و ڕۆژاوا.
ئەگەر ڕێگە بە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە بدرێت، ئومێدێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی تاران ڕازی بێت بە وازهێنان لە خواستە ئەتۆمییەکانی، سەرکوتکردنی گەلەکەی، یان پشتیوانییەکانی بۆ چالاکییە تیرۆریستی و تاوانکارییەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچهكهدا.
ڕەوتی ئێستای ڕووداوەکان شیاوی بەردەوامبوون نییە.
متمانەی ستراتیژیی ئەمریکا نەک تەنیا لەبەرامبەر ئێراندا، بەڵکوو لەبەرامبەر سەرجەم حکوومەتەکانی دیکەیشدا کە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە. دەرەنجامەکە پێشبینیکراوە، کە ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت، شکستێکی گەورە و هەمیشەییی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. ئەمەیش بەو واتایە دێت کە ئێران، هەم بەتەنیا و هەم لە ڕێگەی بەشداریکردنییەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی دەستە دەسەڵاتخوازە تاکڕەوەکەدا، بەردەوام دەبێت لە لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا و خودی سیستەمە نێودەوڵەتییەکەیش.
تاکە چارەسەری درێژخایەن بۆ کێشە 47 ساڵییەکەی ئێران ئەو ڕێگەیەیە کە سەرۆک ترەمپ لە سەرەتادا دەستی پێ کرد، کاتێک داوای لە دانیشتووانی ئێران کرد لە دژی دامەزراوەکانی ڕژێم ڕاپەڕن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو داواکارییە کاتەکەی گونجاو نەبوو و لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکە و زانیارییەکاندا هەماهەنگیی بۆ نەکرابوو، ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییەی کە بەدوایدا هات بە کارەسات کۆتایی هات، کە تێیدا دەیان هەزار خۆپیشاندەری بێچەک کوژران و هیچ دەستێوەردانێکیش لە واشنتۆن یان هاوپەیمانەکانییەوە نەکرا. ڕژێمی تۆقێنەری ئێران هێشتا ماوە و ئێستایش لە جاران زیاتر تۆڵەسێنە.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانکردنی ئێران لەم هەفتەیەدا، ترەمپ داواکارییەکەی بۆ ئێرانییەکان بۆ ”ڕاپەڕین” لە دژی ڕژێم دووبارە کردەوە. سەرباری ئەمەیش، مافی خۆیانە داوا بکەن بزانن ئەم جارە ئەمریکا چۆن بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ سەرکوتکردنێکی دڕندانەی دیکەی ڕژێم دژی دانیشتووانەکەی دەکات.
ئایا ڕێی تێ دهچێت ئەمریکا، لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل یان لایەنەکانی دیکە، هەوڵێکی یەکگرتوو بدات بۆ لەناوبردنی سەرکردایەتییە ماوەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران؟ ئایا ترەمپ لە کۆتاییدا پشتیوانییە دارایی و ماددییەکانی چین و وڵاتانی دیکە دەبڕێت؟ ئایا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەو چەکانە بۆ دانیشتووانە بێبەرگرییەکەی ئێران دابین دەکەن کە پێویستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارە بکوژەکانیان؟ ئایا هێزی پیادە بڵاوە پێ دەکەن بۆ مەشقپێکردن و جۆرەکانی دیکەی پشتیوانیکردنی بەرگریی ئێرانی، ڕەنگە لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوچەیەکی ڕزگارکراوی پارێزراوەوە وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ڕژێمەکە و گۆشەگیرکردنی؟
ئەم ئۆپەراسیۆنانە، لەگەڵ هەڵمەتێکی پەیوەندییە ستراتیژییەکاندا کە ئەو ئاژانسە زانیارییانە دەگەڕێنێتەوە کە ئیدارەی ترەمپ بەگێلانە هەڵی وەشاندنەوە، دەتوانن لە کۆتاییدا مەرگی ڕژێمەکە بهێننە ئاراوە. ئەو دامەزراوانەی جەنگی ساردیان بردەوە و یارمەتیدەر بوون لە ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤیەتی بەڕواڵەت بەهێز، دەنگی ئەمریکا (Voice of America)، ڕادیۆی ئەورووپای ئازاد (Radio Free Europe)، ئاژانسی زانیاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان (U.S. Information Agency) و ئەوانی دیکە، ئامرازی نموونەیی دەبن بۆ گەورەکردن و هەماهەنگیکردنی داواکارییە دووبارە بەڵام ناجێگیرەکانی ترەمپ بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران.
سەرکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت خەڵاتی خوازراوی ترەمپ (نۆبڵ)ی پێ ببەخشێت و ئەو پرۆژە ڕووکەش و لەخۆباییبوونانە دابپۆشێت کە ئەو دەیەوێت مێژووەکەی پێ بڕازێنێتەوە.
سەبارەت بە نووسەر:
جۆزێف بۆسکۆ لە ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦ وەک بەڕێوەبەری کاروباری چین بۆ وەزیری بەرگریی ئەمریکا کاری کردووە، هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠ش بەڕێوەبەری هاوکارییە مرۆیییەکان و فریاگوزاریی کارەساتەکان بووە بۆ ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن. ناوبراو ئێستا توێژەری نانیشتەجێیە لە پەیمانگەی توێژینەوەکانی کۆری-ئەمریکی (Institute for Corean-American Studies)، هاوکات ئەندامی دەستەی ڕاوێژکارییە لە هەر یەک لە “پەیمانگەی جیهانیی تایوان” و “هاوپەیمانیی ڤاندنبێرگ”.
تێبینی:
بۆچوون و شرۆڤەکانی ناو ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە ڕوانگەی نووسەر دەکەن و، مەرج نییە ڕەنگدانەوەی دید یان سیاسەتی ماڵپەڕ بن.









زیاد کردنی کۆمێنت