پێنووس

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس

بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی ٢٠٠ وڵات لە باکۆ بەڕێوە دەچێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات.

نزیکەی ٢٠٠ وڵات لە “باکۆ”ی پایتەختی ئازەربایجان کۆ دەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی “COP29”. ئەم وڵاتانە بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ژینگەی جیهانی و بەشداریکردن لە خۆپاراستن لە گەرمبوونی جیهان. ئەو وڵاتانەی بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن، کە لە ١١ تا ٢٢ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، بڕیارە جارێکی دیکە بڕیار بدەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی وێرانکەری کەشوهەوا؛ بەڵام پێشبینی دەکرێت گەیشتن بە کۆدەنگی بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر قورس بێت.

تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی لووتکەی ئەمساڵ بریتییە لە کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە بتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنن. زۆرێک لە وڵاتان لەم ساڵانەی دواییدا قەیرانی کەشوهەوای پێشبینینەکراو و پیسبوونی هەوایان بەخۆیەوە بینیوە. وڵاتانی هەژارتر کێشەی جیاوازیان هەیە، ئەویش گۆڕینی سەرچاوەی وزەیانە بۆ سەرچاوەی پاک. لە ساڵی 2009 لە سەروبەندی لووتکەی COP15 لە کۆپنهاگن، بڕیار درا کە ساڵانە 100 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو تەرخان بکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا. لە کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠١٥دا ئەم بڕە پارەیە بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٥ پەسەند کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، گەیشتن بە سەقفی 100 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2022 جێبەجێ کراوە.

لە دوای ساڵی ٢٠٢٥، پڕۆژەیەکی دیکە بە ناوی “ئامانجی چەندایەتی و بەكۆمەڵی نوێ بۆ پاڵپشتیی دارایی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا” کە بەکورتکراوەیی بە CQG ناوی لێ نراوە، جێبەجێ دەکرێت. یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەی کۆپ- بیست و نۆ لە باکۆ، دیاریکردنی ئامانجە دارایییەکانە بۆ ئەم پلانە نوێیە.

وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەڵێن، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کەشوهەوا پێویستیان بە 1.1 بۆ 1.3 ترلیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی هەیە، بەڵام وڵاتانی پێشکەوتوو دەیانەوێت هاوکارییەکان بە 100 ملیار دۆلار بمێنێتەوە.

پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس

یەکەمین کۆبوونەوەی ئەندامان کە بە “کۆپی یەکەم” ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٥ لە بەرلین بەڕێوە چوو؛ تیایدا ئەندامان بەڵێننامەکانی ناو ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوایان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بە ناتەواو هەڵسەنگاند و، لە ئەنجامدا ڕێک کەوتن بۆ دروستکردنی پرۆتۆکۆڵ یان میکانیزمێکی یاساییی تر کە پابەندیی ئەندامان دەستبەر و بەهێزتر دەکات.

لە ماوەی ٢٨ کۆبوونەوەی لووتکەی کەشوهەوای ڕابردوودا، ئەم کۆبوونەوانە دوو دەستکەوتی گرنگیان لێ کەوتەوە: ١- پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی شەش گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میتان، ئۆکسیدی نایترۆجین، هایدرۆفلۆرۆکاربۆن، پەرفلۆرۆکاربۆن و هێکسافلۆرایدی گۆگرد و، ٢- ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس لە COP21 و، هەروەها لە کۆبوونەوەی یازدەیەمدا ئەندامانی پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ٢٪ لە ئاستی جیهانی (لە سەرووی ئاستی پێش قۆناغی پیشەسازی) و بۆ بەدواداچوونی هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 پلەی سەدی (لە سەرووی ئاستەکانی پێش شۆڕشی پیشەسازی) و، هەروەها زیادکردنی توانای وڵاتان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و دروستکردنی سندووقی دارایی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی.

بۆچی کۆماری ئازەربایجان؟

بڕیارە کۆبوونەوەی لووتکەی  COP29 لە باکۆ بەڕێوە بچێت. لە کۆی ١٠ ملیۆن دانیشتووانی ئازەربایجان، ٢.٣ ملیۆن کەس لە باکۆ دەژین. لەم دوایییانەدا بارانبارینی بەخوڕ لە شاری باکۆ، بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی لەناکاو و، ئەمەیش دەری خست کە وڵاتەکە ئامادە نییە ڕووبەڕووی بارودۆخی کەشوهەوای توند ببێتەوە. هەرچەندە بەرپرسان لافاوەکەیان بە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو وەسف کردووە، بەڵام ڕەخنەگران خراپیی ژێرخانی ئابووری و نەک تەنیا گۆڕانی کەشوهەوایان بە هۆکاری زیانەکانی ناو بردووە.

هەڵبژاردنی ئازەربایجان وەک میوانداری لووتکەیەکی گرنگی کەشوهەوا وەک کۆپ- ٢٩ بۆ زۆرێک لە وڵاتانی دیکە چاوەڕواننەکراو بوو. بەڵام باکۆ لەم ساڵانەی دواییدا میوانداریی کۆبوونەوە و بۆنە نێودەوڵەتییەکانی کردووە؛ لە پێشبڕکێی گۆرانیی یۆرۆڤیژن لە ساڵی ٢٠١٢ تا یارییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٧ و پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلی فۆرمۆلا یەک لە ساڵی ٢٠١٦. هەرچەندە وا بیر دەکرایەوە کە ئەمساڵ وڵاتێک لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ میوانداریکردنی ئەم لووتکەیە هەڵبژێردرێت؛ ئەرمینیا و بولگاریا کاندیدبوونی خۆیان بۆ میوانداریکردنی لووتکەی بیست و نۆیەم ڕاگەیاند و لە ڕکابەرییەکی نزیکدا بوون لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان، بەڵام دواجار هەردوو وڵات کشانەوە و ڕێگەیان بۆ میوانداریکردنی کۆماری ئازەربایجان کردەوە.

لە ساڵی ١٨٤٠ کۆماری ئازەربایجان یەکەم وڵات بوو کە نەوتی لە زەوی دەرهێنرا. دوای داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، پیشەسازیی نەوت و گازی ئەم وڵاتە سەربەخۆ بوو و، بووە بەردی بناغەی ئابووریی ئەم وڵاتە؛ بەتایبەتی دوای ئەوە سەرچاوەی نەوت و گازی زیاتر لە دەریای خەزەردا دۆزرایەوە.

داتا فەرمییەکانی ساڵی 2023 دەری دەخەن کە نزیکەی یەک لەسەر سێی داهاتی تاکەکەسیی وڵاتی ئازەربایجان لەلایەن پیشەسازیی نەوت و گازەوە دابین دەکرێت و پشکی کەرتی نەوت و گازی کۆماری ئازەربایجان لە بوودجەی وڵاتدا، زیاترە لە 50%. هەروەها زیاتر لە 90%ی هەناردەی ئەم وڵاتە بەرهەمی نەوت و گازە.

وا بیر دەکرایەوە کە پێش ڕاگەیاندنی میوانداریکردنی کۆبوونەوەی کۆپ- ٢٩، ئەم وڵاتە پلانی بوێرانەی کەشوهەواش ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. لە هەمان کاتدا، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، ساڵی ٢٠٢٤ی وەک “ساڵی هاوبەندی بۆ جیهانێکی سەوز” ڕاگەیاند. ئامانجی درێژخایەنی لووتکەی کەشوهەوای باکۆ بریتییە لە کەمکردنەوەی گازە گەرمخانەیییەکان بە ڕێژەی ٣٥% تا ساڵی ٢٠٣٠ و بە ڕێژەی ٤٠% تا ساڵی ٢٠٥٠ بە بەراورد بە ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٠.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان

زانیاری دەربارەی کۆماری ئازەربایجان

کۆماری ئازەربایجان بۆ چەندان سەدە لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا و ئێراندا دابەش بوو و دواتر بوو بە بەشێک لە یەکێتیی سۆڤیەت. لە ساڵی ١٨٧٣ برایانی نۆبڵ کە لە بنەماڵەی بەناوبانگی پیشەسازییەکانی سویدی بوون، کۆمپانیای گەورەی نەوتی باکۆیان دامەزراند. بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم کۆمپانیایە نیوەی نەوتی جیهانی دابین دەکرد.

لە ئێستادا کۆماری ئازەربایجان لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان مەیلی خۆی بەرەو ڕۆژاوا و ڕووسیا بپارێزێت، بەڵام تورکیاش بەهۆی زمان و کەلتووری هاوبەشەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەم وڵاتە هەیە. ئەم وڵاتە پەیوەندییەکی پارێزگارانەی لەگەڵ ئێران هەیە و لە هەمان کاتدا نەوت بە ئیسرائیل دەفرۆشێت و چەک لەم وڵاتە دەکڕێت.

کۆماری ئازەربایجان لە ساڵی ٢٠٠٠دا پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنی ناتۆ لە ئەفغانستان کرد. کۆمپانیاکانی بریتانیا ٨٣ ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لەم وڵاتەدا کردووە و کۆمپانیای نەوتی بی پی (BP) یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکان لەم بوارەدا. هەروەها کۆماری ئازەربایجان ڕێککەوتنێکی هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا و چین واژۆ کردووە و بەنیازە پەیوەندی بە بریکسەوە بکات، کە پرۆگرامێکی هاوبەشی ئابوورییە بە سەرۆکایەتیی بەڕازیل و بە ئامادەبوونی ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا. ئەو وڵاتە سوودێکی زۆری لە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ڕووسیا وەرگرتووە کە دوای لەشکرکێشیی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکرانیا بەسەریدا سەپێنراون، چونکە ئێستا کۆماری ئازەربایجان زیاتر گاز و نەوت بە ئەوروپا دەفرۆشێت.

دوای ئەوەی کۆماری ئازەربایجان هەڵبژێردرا بۆ میوانداریکردنی لووتکەی  COP29، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا هاتە ئاراوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکان گلەیییان لە تۆماری مافی مرۆڤی ئەم وڵاتە کردووە. بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە 400 زیندانی سیاسی لەم وڵاتەدا لە زینداندان، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئازەربایجان ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە خەڵک بەهۆی بیروبۆچوونەکانیانەوە زیندانی بکرێن.

کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان: “COP29

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە کە کام وڵات یان دامەزراوە ڕۆڵێکی بەهێزتر دەبینێت لە خستنەڕووی پلان و بیرۆکەی ژینگەیی لە دوایین کۆبوونەوەی ژینگەییی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

چین: نزیکەی 30%ی دەردانی کاربۆنی ساڵانەی جیهان بۆ چین دەگەڕێتەوە و ئەم وڵاتە بە گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی گەرمخانەیی ناسراوە. بە گوێرەی “ناوەندی توێژینەوەی هەوای پاک و وزە” کە بنکەکەی لە شاری “هێلسنکی”یە، دەردانی گازی گەرمخانەییی چین لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە لووتکە. هەرچەندە چین لە دوای ئەمریکا دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە، بەڵام ئامادەییی خۆی لە دانوستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا پاراستووە و هەوڵ دەدات ڕەخنەی ژینگەپارێزان کەم بکاتەوە. لە وەڵامی ڕەخنەگراندا، چین بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەبێ سەرەتا ئەمریکا و وڵاتانی پیشەسازیی دیکە ڕێوشوێنی تایبەت بە کەشوهەوا بخەنە بەرنامەی كار (پلان)ی خۆیانەوە، دواتر پەکین لەم بوارەدا هەنگاو دەنێت. هەروەها چین داواکارییەکانی پێدانی یارمەتی بۆ دابینکردنی داراییی پاراستنی ژینگەی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی ڕەت کردووەتەوە. وا دیارە چین نوێنەرێکی نوێ دەنێرێتە باکۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆبوونەوەی COP29، بەڵام ئەوە ماوەتەوە بزانرێت چ پەیامێک بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دەهێنێت.

ئەمریکا: ئەمریکا کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گازە گەرمخانەیییەکانە لە جیهاندا، نوێنەریشی بۆ لووتکەی COP29 دەنێرێت. دانوستانکارانی ئیدارەی بایدن بە سەرۆکایەتیی جۆن پۆدێستا، ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی، نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئازەربایجان دەکەن. ئەمریکا لە کاتێکدا بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکات کە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ٥ی ئەم مانگەدا ئەگەری ڕێککەوتنێکی تۆکمەی سەبارەت بە دانانی ئامانجێکی نوێی داراییی جیهانی یان ڕێککەوتنێک بۆ زیادکردنی ژمارەی وڵاتانی بەشداربوو کەم کردووەتەوە. هەرچەندە ئیدارەی بایدن سەدان ملیار دۆلاری بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دابین کردووە، بەڵام لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا ئەمریکا وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و گاز لە جیهاندا ماوەتەوە، هەروەها بەردەوام بووە لە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لەم بوارەدا.

یەکێتیی ئەوروپا: یەکێتیی ئەوروپا کە لە ٢٧ وڵاتی کیشوەرەکە پێک هاتووە، تا ئێستا هەڵوێستی خۆی لەسەر هەندێک لە پرسە مشتومڕهەڵگرەکانی لووتکەی کۆبوونەوەی COP29 دەرنەبڕیوە. تا ئێستا یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئامانجی داراییی نوێی دەبێت یاخود چەند بێت و چۆن پارەی بۆ دابین دەکرێت. بەڵام یەکێتیی ئەوروپا داوای بەشداریکردنی چین و وڵاتانی دیکەی گەشەسەندووی ئابووریی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ژینگەیییەکان کردووە. یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە تا ئێستا زۆرترین هاوکاریی دارایییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکەش کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٣ یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام، لە سەرچاوە گشتییەکانەوە ٢٨.٦ ملیار یۆرۆیان بۆ دابینکردنی داراییی سندووقی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان کرد.

بریتانیا: حکوومەتی حزبی کرێکارانی بریتانیا کە لە مانگی تەممووزدا هەڵبژێردرا، بەنیازە لە لووتکەی COP29 جەخت لەسەر پابەندبوونی ژینگەیی- کەشەوهەواییی وڵاتەکەی بکاتەوە. وڵاتەکە کە میوانداریی کۆبوونەوەی COP26ی ساڵی 2021ی لە گلاسکۆ کرد، بەڵێنی داوە کۆمەڵێک لە پابەندبوونەکانی داهاتووی خۆی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی تا ساڵی 2035 لە کۆبوونەوەی باکۆدا بخاتە ڕوو. هەروەها بریتانیا داوا دەکات وڵاتانی بەشدار لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا ئامانجێکی داراییی گەورە دابنێن؛ هەرچەندە شارەزایان دەڵێن ڕوون نییە وڵاتەکە چەندە دەتوانێت بە بوودجە ناسکەکەی خۆیەوە، بەشداری لەم دابینکردنە دارایییەدا بکات.

باکوو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئازەربایجان و بەڕازیل: وڵاتانی میوانداری لووتکەی COP28  و لووتکەی COP29 و لووتکەی COP30 کە خۆیان بە “ترۆئیکا” ناو دەبەن، ساڵی ڕابردوو ڕایان گەیاند کە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی لە ڕێکخستنی دانوستانەکانی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا، هاوکاریی یەکتر دەکەن.

جێی ئاماژەیە کە هەرسێ وڵات ئابوورییان پشت بە سووتەمەنیی بەردین دەبەستێت. ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (میوانداری کۆپ بیست و هەشت) و، هەروەها بەرازیل (میوانداری لووتکەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا) لە 10 گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتن لە جیهاندا، هەروەها ئازەربایجان (میوانداری لووتکەی ئەمساڵی کۆپ- بیست و نۆ) لە لایەنگرانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتین.

وڵاتانی تر: بەرازیل، باشووری ئەفریقا، هیندستان، چین، وڵاتانی خاوەن دانیشتووی بەرز و چڕ، کە بەخێرایی گەشە دەکەن، دەتوانن کاریگەر بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها پێویستە بزانرێت ئەم وڵاتانە لە کۆپ- ٢٩ چ پلانێک دەخەنە ڕوو و چۆن کاردانەوەیان بەرامبەر بە پێشنیارەکانی ئەوانی دیکە دەبێت.

دامەزراوەکانی تری دانوستانکار

لە نێوان دانوستانکارە چالاکەکانی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، دەتوانرێت ئاماژە بە گرووپی (G77 + CHINA) بکرێت. هاوپەیمانییەکە کە لە ٧٧ وڵاتی تازەپێگەیشتوو و چین پێک دێت، دەڵێ وڵاتانی دەوڵەمەند بەرپرسیارێتیی کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان زیاترە لەچاو وڵاتانی هەژارتر. هەروەها وڵاتانی ئەفریقا کار بۆ دابینکردنی بوودجەی زیاتر بۆ سندووقی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ماددەی شەشەمی ڕێککەوتنی پاریس سەبارەت بە کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن. ئەم وڵاتانە هێشتا نیگەرانن لە پارەدارکردنی سندووقی زیانەکانی ژینگە دوای لافاوەکەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و شەپۆلی گەرمای کوشندە لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا. هەروەها وڵاتانی بچووکی دوورگەیی، گرووپێک پێک دەهێنن کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەر بووە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا داوای چەندان ترلیۆن دۆلار دەکەن بۆ کۆتاییهێنانی قۆناغ بە قۆناغی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەردین.

 هاوکات ٤٥ وڵاتی ئەندامی گرووپی وڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو کە زۆرتریش بەرەوڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە، داوای هاوکارییەکی بەرچاو لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەن، کە پێیان باشە لە شێوەی هاوکاریی داراییدا بێت. هەروەها دەیانەوێت پارەی زیاتر بچێتە سندووقی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها هاوپەیمانییەکی دیکە کە لە کۆبوونەوەی باکۆدا ئامادە دەبن، گرووپێکە بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا، کۆستاریکا و بریتانیا، کە بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی، خوازیاری پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توندتری ژینگەیین.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com/

https://www.bbc.com/

image_pdfimage_print