ماڵپەڕ: ڕیەڵ کلیر دیفێنس (RealClearDefense)
نووسەرەکان: لیوا چارڵز کۆرکۆران ( Maj. Gen. Charles Corcoran) و یۆنی تۆبین ( Yoni Tobin)
سەرەڕای ئەوەی جەنگی ئێران لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام پێشبڕکێی هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردنی وانەکانی ئەو جەنگە تازە دەستی پێ کردووە. ئەگەر لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورتی بکەینەوە، جەنگەکە ئەوەی سەلماند کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ ا) ئێستا لە بەرگریی دژەدرۆندا لێهاتووە، هەرچەندە بێوێنە نییە؛ ب) توانای ئەنجامدانی هەڵمەتی ئاسمانیی درێژخایەن و زۆر کاریگەری لە ژینگە سەختەکاندا هەیە؛ ج) کاتێک بەتەواوی سوود لە هاوبەشەکانی وەردەگرێت، زۆر زیاتر توانای گونجاندنی هەیە و کوشندەترە.
وانەکانی تایبەت بە بەرگری
یەکەم، جەنگی ئێران وانە سەرەکییەکەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینای دووپات کردەوە: پێویستە سوپا مۆدێرنەکان خۆیان لەگەڵ هەڕەشەی ناسراو بە ”مێشوولە”(mosquito)دا بگونجێنن کە بریتییە لە درۆنی هەرزان و زۆر. هەرچەندە سیستەمە بەرگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی، زیاتر لە ٦,٠٠٠ درۆنی ئێرانییان لە جەنگەکەدا تێک شکاند، بەڵام دەیان و بگرە سەدان درۆنیش ژێرخانی هەستیاری وڵاتانی عەرەبییان پێکا؛ هەندێکیان بەر پێگە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتن و، بوونە هۆی گیانلەدەستدانی سەربازە ئەمریکییەکان.
ئامانجی جەنگی ناهاوتا (asymmetric warfare)ی ئێران دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو، هاوشێوەی یاریی جیوجیتسۆ (jiu-jitsu)، بۆ گۆڕینی خاڵی بەهێزی بەرامبەرەکەی بۆ خاڵی لاواز. سیستەمە بەرگرییە پێشەنگەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی مووشەکی سەروودەنگی/ له دهنگ خێراتر (supersonic) دروست کراون، بەڵام بۆ لەکارخستنی درۆنی خاو و نزمفڕ باش ئامادە نەکراون. ئەو ناهاوسەنگییە لە کاتی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور هێزەکانی ئەمریکای تووشی کێشە کرد؛ کاتێک هێزی دەریایی، بڕی ١.١ ملیار دۆلاری بۆ تەقەمەنیی دژی مووشەکە سادە و هەرزانەکانی حووسییەکان خەرج کرد. زیاتر لە ساڵێک دواتریش لە جەنگی ئێراندا، بەرپرسانی ئەمریکی بەنهێنی دانیان بەوەدا نا، کە بەرگریی دژەدرۆن وەک ئاڵنگارییەک ماوەتەوە.
خۆشبەختانە، لەگەڵ دەرکەوتنی ڕێکارە نوێیەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی درۆن، ڕەنگە ئەم دۆخە ناهاوسەنگە بەرەو کۆتایی بچێت. هەستەوەرە فرەشەپۆلە یەک لەدوای یەکەکان لە ئۆکراینا کاریگەریی خۆیان سەلماندووە- لەنێویاندا سیستەمە نوێیە بەربڵاوەکانی ئاشکراکردن لە ڕێگەی دەنگەوە. هەروەها هەستەوەرەکانی (Electro-optical) لە تاقیکردنەوەکان و گۆڕەپانی جەنگیشدا ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە. تەکنەلۆژیاکانی لەرەلەری ڕادیۆیی (RF) کە بەهۆی ئامێرە ڕادیۆیییە دەستییەکانەوە کارا دەکرێن، دەتوانن شەپۆلە ڕادیۆیییەکانی درۆن ئاشکرا بکەن و لە ڕێگەی تێکدانی نیشانەکانی کۆنترۆڵکردنەوە لەکاریان بخەن؛ ئەمەیش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سەربازەکان لە بەرەکانی جەنگدا. بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی کاریگەریی ئەم سیستەمە نوێیانەی ئاشکراکردن، پێویستە سوپا لەگەڵ سیستەمە کینێتیک (kinetic)یه كهمتێچووهكاندا تێکەڵیان بکات، وەک تۆپهاوێژە ئۆتۆماتیکییەکان و درۆنە تێکشکێنەرە هەرزانەکان.
هەروەها ساڵانێک لە وەبەرهێنانی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە بەرگرییە لێزەرییەکاندا بەرهەمی خۆی دەدات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئیسرائیل سیستەمی لێزەریی تیشکی ئاسنین (Iron Beam)ی بۆ پاراستنی خاکی ئیمارات لە جەنگەکەدا جێگیر کرد. ویلایەتە یەکگرتووەکانیش کار لەسەر سیستەمی بەرگریی لێزەریی تایبەت بە خۆی دەکات؛ بە جۆرێک سیستەمی هیلیۆس (HELIOS)ی تایبەت بە هێزی دەریایی ئێستا لەسەر نۆ کەشتیی جەنگیی سەرئاو جێگیر کراوە و، سوپا و هێزی دەریاییش پێکەوە کار بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی دیکەی وزەی ئاراستەکراو دەکەن. سەرەڕای ئەوەیش، ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی سیستەمی بەرگریی لێزەریی گەڕۆکی زەمینی بە قەبارەیەکی فراوان نییە- کە ئەمەیش پێداویستییەکی زۆر هەستیارە.
دووەم، ئەوەی نایزانیت، دەتوانێت زیانت پێ بگەیەنێت. هەروەها جەنگی ئێران پێویستیی هۆشیاریی هاووڵاتیانی مەدەنیی سەبارەت بە هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکان دەرخست، تەنانەت لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانیشدا. ئیسرائیل و ئۆکراینا ئەپڵیکەیشنی مۆبایلیان پەرە پێ داوە و خستووەتە کار بۆ پێدانی هۆشداریی ورد بە هاووڵاتیانی مەدەنی سەبارەت بە شوێن و جۆری هێرشەکانی دوژمن (درۆن، مووشەکی کرووز، مووشەکی بالیستی و هتد). ئەمریکا، سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مەترسیداری درۆنیی کارەکتەرە دوژمنکارەکانی نزیکی، وەک ڕژێمی کوبا و ڕێکخراوە پێشکەوتووە سنووربەزێنەکانی مەکسیک، خاوەنی هیچ سیستەمێکی هاوشێوە نییە. پێویستە دەستبەجێ ئەمریکا چارەسەری ئەم کێشەیە بکات.
هەرچەندە هەوڵەکانی وەک پڕۆژەی قوبەی زێڕین (Golden Dome) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مووشەکە سەروودەنگ و بالیستییە کیشوەربڕەکان جێگەی بایەخن، بەڵام گرتنەبەری ڕێکارێکی گشتگیرتر بۆ ئاگاداریی ئاسمانی و کەمکردنەوەی سەرجەم ئاستەکانی هەڕەشە، بە درۆن و مووشەکی کرووزیشەوە، دەبێت ئەولەوییەتێکی بەپەلە بێت. ئەمە پێویستیی بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە لە هەستەوەرە فرەئاست و فرەشەپۆلەکاندا لە سەرتاسەری کیشوەری ئەمریکادا، بەتایبەتی لە پێگە هەستیارەکانی ژێرخان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکادا و، پێویستە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدراڵی، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و پێنتاگۆن بەتەواوی هەماهەنگی بۆ ئەم هەوڵە بکەن.
سێیەم، قایمکردنی پێگەکان لە کاتی ئاشتیدا، زۆر ئاسانترە لە بەرپەرچدانەوە لە کاتی جەنگدا. پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای ئامرازی زیاتردا بگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە ناوخۆدا، چونکە جەنگی ئێران ئەوەی دەرخست کە تەنانەت چەند هێرشێکی کەمی درۆن بۆ سەر پێگەکانی “وزە”یش، دەتوانێت باجی قورسی هەبێت. یەکێک لە بژاردەکان بریتییە لە بەهێزکردنی بۆرییە هەبووەکانی وزەی ئەمریکا لە ناوخۆدا و دروستکردنی بۆرییە نوێیەکان لە ژێرزەویدا؛ لەو شوێنانەی کە گونجاون. هەروەها زۆر گرنگە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگرییە پاسیڤەکانی زیاتر بەکار بهێنێت، وەک: قایمکردنی پێگە سەرەکییەکان، دانانی ئامانجی وەهمی بۆ تێکدانی سیستەمەکانی ئامانجپێکانی دوژمن و، بەکارهێنانی باشتری تەکنەلۆژیاکانی خۆشاردنەوە.
وانەکانی تایبەت بە هێرشبردن
یەکەم، هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی خێرا لە ئاسمانی دوژمندا و لە دووریی کیشوەری ئەمریکاوە ئەنجام بدات و کاریگەریی وێرانکەری هەبێت، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ هاوبەشێکی ئاستبەرزدا یەک دەگرێت. هێزەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی زیاتر لە ١٠,٢٠٠ فڕینی جەنگی و زیاتر لە ١٣,٥٠٠ هێرشەوە، سەدا ٨٢ی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران؛ سەدا ٨٥ی پێگە پیشەسازییە بەرگرییەکانی و؛ زۆربەی کەشتییە جەنگییەکانی ئێرانیان لەناو برد. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل زیاتر لە ٤,٠٠٠ ئامانجی ڕژێمی ئێرانی پێکا، بە تێکڕای ١٠٥ ئامانج لە ڕۆژێکدا. هەردوو هێزە ئاسمانییەکە بە ئارەزووی خۆیان لە ئاسمانی ئێراندا ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام دەدا و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، بێ زیان بوون. ئێران لە ماوەی ٣٨ ڕۆژدا دوو فڕۆکەی مرۆییی ئەمریکای خستە خوارەوە؛ لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی ٤٣ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان (Operation Desert Storm)دا لە ساڵی ١٩٩١دا، ٤٢ فڕۆکەی لەدەست دا.
دووەم، ”چاوەکانی ناو ئاسمان” (eyes in the skies)ی ئەمریکا، کە پۆلی فڕۆکەکانی بەڕێوەبردنی شەڕی ئاسمانی (ABM)ی سوپان، هێشتا زۆر پێویستن و ناکرێت دەستبەرداریان ببن، وەک ئەوەی هەندێک کەس بیریان لێ دەکردەوە. پێویستە سیستەمێکی بەهێزی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانیی گۆڕەپانی جەنگ پشتیوانیی پێشکەوتووترین درۆنەکان یان فڕۆکە جەنگییەکانیش بکات. فڕۆکەکانی ABMی سوپای ئەمریکا، وەک فڕۆکەی E-2 Hawkeye و E-3 Sentry، ئەم توانایە دابین دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جهنگەکە، شەش فڕۆکەی جۆری E-3 Sentryی خۆی – لە کۆی تەنیا ١٦ فڕۆکەی ئەو جۆرە – ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. هێزی دەریاییش سەکۆی ABMی خۆی، کە فڕۆکەی هۆکئای (Hawkeye)ە، خستە ناوچەکەوە.
فڕۆکەکانی ABM ئەرکی زۆر هەستیاریان هەیە؛ وەک بنکەی فەرماندەییی فڕیو و ڕادار کار دەکەن. ئەوان وەک خاڵی پەیوەندی لەنێوان فڕۆکە جەنگییەکان، هێزە زەمینی، دەریایی، ئەلیکترۆنی و بۆشایییەکان و، ناوەندەکانی پێکەوەبەستنەوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی C2ی ئۆپەراسیۆنەکاندا کار دەکەن. هەستەوەرە پێشکەوتووەکانیان و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان توانای بێوێنەی چاودێریکردن و یەکخستنی داتاکان دابین دەکەن و، وەک هێزێکی دوو هێندە بۆ ئۆپەراسیۆنە هێرشبەری و بەرگرییەکان لە هەموو بوارەکاندا خزمەت دەکەن.
لەگەڵ ئەوەیشدا، ژمارەی ئەم سەکۆیانە کەمە و بەخێرایی کۆن دەبن، تەنانەت لە کاتێکدا کە زیاتر لە جاران پێویستییان پێیەتی. واشنتۆن لە ساڵانی ڕابردوودا دەستی کردبوو بە لەکارخستنی قۆناغ بە قۆناغی ABMەکان؛ لە ساڵی ٢٠٢٣وە بۆ ٢٠٢٤، پۆلی فڕۆکەکانی E-3 Sentry نزیکەی بۆ نیوە کەم بووەوە؛ واتە لە ٣١ فڕۆکەوە بۆ تەنیا ١٦ فڕۆکە. تەنانەت جێگرەوەی فڕۆکەی E-3ش، کە فڕۆکەی E-7 Wedgetailە، خەریک بوو هەڵبوەشێنرێتەوە. خۆشبەختانە، پێنتاگۆن لەم بڕیارە پاشگەز بووەوە؛ بە جۆرێک “پیت هێگسێت”، وەزیری بەرگری ڕای گەیاند کە جەنگی ئێران سوودی داهاتووی فڕۆکەی وێجتەیڵی دەرخست.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستی بە ڕێکاری نوێ و داهێنەرانە بۆ توانای ABM هەیە. پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای سەرجەم بژاردە بەردەستەکاندا بگەڕێت بۆ بەدەستهێنانی هەستەوەری گونجاو، جێگرەوە، فرەشەپۆل و بەردەوام، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندیی خۆڕاگری پەیوەست پێیانەوە. لە سادەترین ئاستدا، دەبێت سوپا توانای کۆکردنەوە، دابەشکردن و شیکردنەوەی داتاکانی بە خێرایی و قەبارەیەکی گەورە هەبێت. دواتر شارەزایانی ABM دەتوانن لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە کار بکەن بۆ پێشخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی C2.
سێیەم، بنکەی پیشەسازی بۆ خۆی چەکێکە. جەنگی ئێران لایەنی ئەرێنیی گەورەی داهێنانەکانی ئەمریکا نیشان دەدات. براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندی (CENTCOM)، درۆنی جەنگیی سیستەمی هێرشبەری شەڕکەری بێفڕۆکەوانی كهمتێچووی LUCAS، کە پێشتر هەرگیز بەکار نەهاتبوو، وەک ئامرازێکی ”تەواو پێویست” دژی ئێران وەسف کرد. سەرەڕای ئەوەیش، سوپا بۆ یەکەم جار لەم جەنگەدا مووشەکی لێدانی ورد (PrSM)ی بەکار هێنا؛ ئەمەیش جەخت لە توانا نوێ و پێشکەوتووەکانی لێدانی مەودادرێژی پێنتاگۆن دەکاتەوە.
بەڵام ئەم داهێنانانە تەنیا خاڵی دەستپێکن. ئاستی ئۆکراینا سوودەکانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆتری نێوان کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک و شارەزایانی تەکنیکی و شەڕکەرانی هێڵی پێشەوەی گۆڕەپانی جەنگی دەرخستووە؛ کە ئەمەیش وانەیەکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و، ژیرانە دەبێت لێکۆڵینەوەی لێ بکات و پەیڕەوی بکات. هەروەها ئەمریکا پێویستی بە مۆدێلێکی خێراتری بەرهەمهێنان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سەکۆکانی چەک بە قەبارەیەکی گەورە بۆ ململانێکانی داهاتوو. بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا هەندێک نیشانەی خستووەتە ڕوو، کە دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییە بکات؛ بە جۆرێک کۆمپانیا پێشەنگەکانی دروستکردنی چەک بەڵێنیان داوە بەرهەمهێنانی سیستەمە پێشکەوتووەکان چوار هێندە زیاد بکەن. سەرەڕای ئەوەیش، پێ دەچێت ئەمە هەوڵێکی درێژخایەنتر بێت.
وانەکانی تایبەت بە شەڕکردن شانبەشانی هاوبەش و هاوپەیمانان
یەکەم، ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییە بەرفراوانەکان پێویستی بە مافی دەستڕاگەیشتنی هاوبەشەکان، دروستکردنی بنکە و فڕین بەسەر ئاسماندا هەیە. هاوبەشە متمانەپێکراو و لێهاتووەکان پێگەی بنکەکانی ئەمریکا و، بەوەیش ئۆپەراسیۆنەکان، زۆر بەهێزتر دەکەن. لەم جەنگەدا بۆ یەکەم جار فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی پڕکردنەوەی سووتەمەنیی ئەمریکا لە بنکەکانی ئیسرائیلدا جێگیر کران، کە لە دەرەوەی مەودای زۆربەی مووشەکەکانی ئێراندا بوون. ئەو ڕێکخستنە نەرمەی بنکەکان وای کرد، ڕێژەی فڕینە جەنگییەکانی ئەمریکا بەرز بێت کە پێشتر کەم وێنەی هەبوو. فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە ماوەی ٣٨ ڕۆژدا زیاتر لە ١٠,٠٠٠ فڕینی جەنگییان ئەنجام دا، کە نزیکەی هەمان ئەو ژمارەیە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ١٢٠ ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادیی بەردەوام (Operation Enduring Freedom)دا لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەنجامی دا. پێویستە واشنتۆن لهوه بكۆڵێتهوه کە چۆن پێگەی هێزەکانی ئەمریکا و بنکە پێشکەوتووەکانی لە ئیسرائیل زیاتر فراوان بکات.
دووەم، کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هاوبەشە شارەزاکان شایەنی ئەو وەبەرهێنانەیە کە تێیدا دەکرێت—بگرە زیاتریش. توانای پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەڕوونی دەرکەوتووە. ئەم ململانێیە یەکەم ململانێ بوو لە دەرەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ کە هێزەکانی ئەمریکا شانبەشانی هاوبەشەکانیان چوونە گۆڕەپانی جەنگەوە بە هەبوونی پلاتفۆرمی گونجاوی هاوبەش و پەیوەندیی مەشقی بەردەوام. ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا کارێکی هەڕەمەکی و بێبەرنامە نەبوون.
ئەم داینامیکە کاریگەرییەکی هاوکارانە و هێزێکی دوو هێندە پێشکەش دەکات –ئاماژەیش بە وڵاتانی دیکە دەدات سەبارەت بەو توانایە گەورەیەی کە دەتوانرێت لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بەدەست بهێنرێت. هەروەها کاریگەری لەسەر حیساباتەکانی دوژمنانی ئەمریکاش دادەنێت. لەمەودوا، دەبێت ئەو دوژمنانە زۆر بەوریایییەوە هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بکەن.
ڕوانین لە دەرەوەی پرسی ئێران
فێربوونی خێرا بۆ تاکەکان سوودبەخشە، بەڵام بۆ سوپا مۆدێرنەکان بابەتی مان و نەمانە. جەنگی ئێران تیشکی خستە سەر هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، سوودەکانی بوونی هاوبەش و هاوپەیمانیی بەهێز و، خاڵە بەهێزەکانی بەرگرییە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەیشدا، جەخت لەسەر سروشتی نەگۆڕی پێنج ئەرکە سەرەکییەکەی هێزی ئاسمانی دەکاتەوە: باڵادەستیی ئاسمانی، هێرشبردن، جووڵەپێکردن، هەواڵگری، چاودێری و ڕووپێوی (ISR) و، هەروەها C2. ئامرازەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیادا پێش دەکەون، بەڵام نابێت سوپای ئەمریکا لەم بنەمایانە بێئاگا بێت. سەرەڕای ئەوەیش، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان مامەڵەیەکی جددی لەگەڵ هەڕەشە فرەئاستەکان بۆ سەر ناوخۆی وڵات و هێزە دەرەکییەکانی بکات و هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی هەردووکیان بدات.
دواجار، وەبەرهێنانی بەهێز لە بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا و ژینگەیەکی داهێنەرانەدا زۆر پێویستە. گۆڕینی ئەم وانانە بۆ کردار، کارێکی هەستیارە بۆ ناردنی پەیامی ڕوونی بەرپەرچدانەوە بۆ دوژمنە چاوەڕوانکراوەکان، دڵنیاییدان بە هاوپەیمانانی ئەمریکا و، لە کاتی پێویستیشدا، بردنەوەی جەنگەکانی داهاتوو.
دەربارەی نووسەرەکان:
١- لیوا چارڵز کۆرکۆران (لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، خانەنشین)، یاریدەدەری پێشووی جێگری سەرۆکی ئەرکانە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و، بەشداربوویهکە لە بەرنامەی جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکانی سەر بە پەیمانگهی جوو بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا (JINSA).
٢- یۆنی تۆبین، شرۆڤەکاری باڵای سیاسەتە لە پەیمانگهی جوو بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا (JINSA).








