ن: یۆرۆنیوز
وەرگێڕانی: پێنووس
ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥، ڕۆژانی یەکلاکەرەوە بێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لەوانەیشە هەوڵەکانی حکوومەتی ئێستای بایدن بە هاوکاریی میسر و قەتەر و ئیمارات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە سەرکەوتوو بێت؛ یان ئەوەی هەڵمەتی نەتانیاهۆ لە غەززە و لوبنان توندتر دەبێت و پێکدادان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێ.
لە هەمان کاتدا نابێ چاوپۆشی لەوە بکرێت کە بە گوێرەی هەندێک ڕاپۆرت کە لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە وەرگیراون، وا دیارە تاران هەوڵ دەدات بەر لە دەستبەکاربوونی ترەمپ، “توندتر و بە چەکی بەهێزتر” وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بداتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی كەمپینی هەڵبژاردنەكەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت، بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئیدارەی دیموکراتەکان دەبێتە هۆی “لەناوچوون”ی ئیسرائیل. ترەمپ هەروەها خواستی خۆی دەربڕی کە ململانێی غەززە کۆتاییی پێ بێت، بەڵام هێشتا هەڵوێستی لەبارەی ئەگەری پێکدادان لەگەڵ ئێران ڕوون نییە. لە کاتێکدا هاوپەیمانان و دوژمنانی ئەمریکا بە هەمان شێوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ترەمپ دەکەن بۆ دەسەڵات لە مانگی یەکدا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا خولی دووەمی ترەمپ ڕەنگدانەوەی پشێوی و وەکوو خولی یەکەمی خۆی پێشبینینەکراو دەبێت؟
زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا ئاواتەخوازی هێنانەدیی ئاشتی بوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێکیان تا ڕاددەیەک سەرکەوتوو بوون. بۆ نموونە بیل کلینتن لە ساڵی ١٩٩٣دا ئاسانکاریی کرد بۆ ڕێکكەوتنی ئۆسلۆ لەگەڵ فەلەستینییەکان و ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئوردن لە ساڵی ١٩٩٤دا و، دۆناڵد ترەمپیش نێوەندگیریی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبیی دراوسێی کرد؛ ڕێککەوتنی ئیبراهیم لەگەڵ بەحرێن، ئیمارات و مەغریب لە ساڵی ٢٠٢٠. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە دیپلۆماسییانە یارمەتیدەر نەبوون بۆ پێشخستنی پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین لە کەرتی ڕۆژاوا و غەززە. بەڵام سەرەڕای ئەوەیش پێ دەچێت ترەمپ هەوڵی ئاساییکردنەوەی مێژووییی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیا بداتەوە؛ سیاسەتێک کە لە خولی یەکەمی ترەمپەوە دەستی پێ کردووە و بایدن تا ڕاددەیەک ئەم سیاسەتەی ترەمپی پەیڕەو کرد.
بەڵام ئەم جارە لە 8 ساڵ لەمەوبەر جیاوازە لەگەڵ ئەو کاتەی کە ترەمپ بۆ یەکەم جار، بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە جیهان گیرۆدە بووە بە چەندان ململانێ و ئالنگاریی گەورەوە. ئالنگاریی ترەمپ ئەوەیە کە چۆن خۆی لە کارەساتێکی ناوچەیی بەدوور بگرێت و لە هەمان کاتدا گیرۆدەی “جەنگێکی هەمیشەیی”ی دیکەی درێژخایەن نەبێت.
ئایا [لە سەردەمی ترەمپ] ئیسرائیل دەستكراوەتر دەبێت؟
یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە ترەمپ، نەتانیاهۆ لە غەززە و دەرەوەی غەززە دەستكراوەتر بكات. ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان لە شەڕدایە و لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی دوژمنێکی سەرسەختی وەک ئێران دەبێتەوە. هەروەها هێرشەکانی هێزەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامە. ترەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەماس لە غەززە دەربڕیوە، بەڵام لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت بەخێرایی کارەکە تەواو بکات؛ ئەوەندە خێرا کە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی کە دۆناڵد ترەمپ، بنیامین نەتانیاهۆی ئاگادار کردەوە کە چاوەڕوانیی ئەوە لە ئیسرائیل دەکات کە بە گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات (٢٠ی جانیوەری) بە شێوەیەکی فەرمی، کۆتایی بە شەڕوپێكدادانی غەززە بهێنێت.
بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی (٤-١١-٢٠٢٤) ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتاییی ململانێکان و لە تۆمارێکی دەنگی لە کۆبوونەوەی حزبی لیکوددا ڕای گەیاندووە کە ناتوانێت ڕازی بێت بە داواکاریی حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە بەرامبەر ئازادکردنی ١٠١ بارمتە کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە ڕاگیراون، بەڵام ڕەنگە داواکارییەکەی ترەمپ لە ئیسرائیل بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتن لە جەنگی غەززە پێش ڕۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ، گەڕانەوەی بارمتەکانیش لەخۆ بگرێت.
جگە لەوەیش سنووردارکردنی سیاسەتی ناوخۆی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیش بەردەوامە؛ لەوانەیش پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانیی نەتانیاهۆ کە هەندێک لایەنی ڕاستڕەوی توندڕەو لەخۆ دەگرێت کە دژی ڕێکكەوتنە پێشنیارکراوەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بە مەرجی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە. هاوکات لەناو حکوومەتی نەتانیاهۆدا تا ڕاددەیەك کۆدەنگی هەیە کە نابێ ڕێگە بە دەسەڵاتی فەلەستین بدرێت ڕۆڵ لە بەڕێوەبردنی غەززەدا بگێڕێت، چونکە حکوومەتی ئیسرائیل لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی گونجاوتر بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی دەسەڵات لە غەززە. بۆیە چاوەڕوان ناکرێت تا ڕۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ لە ئەمریکا، نەتانیاهۆ بگاتە ئاگربەست لە غەززە، بەڵام پێ دەچێت ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان زیاتر و چرتر بکاتەوە.
لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت ترەمپ بەردەوام بێت لە پڕچەککردنی ئیسرائیل لەگەڵ دەستپێکردنی ئیدارەی نوێ لە ئەمریکا و، پێ دەچێت سیاسەتەکەی بەرامبەر بە ئیسرائیل هیچ سنوورێکی بۆ نیگەرانییە مرۆیییەکان نەبێت، بەپێچەوانەی ئەو گوشارە سنووردارەی کە بایدن خستبوویە سەر حکوومەتی نەتانیاهۆ.
ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
سەڕەرای ئەوەی کە ئەگەری هەیە جەنگەکان بە جۆرێک کەم دەبنەوە، بەڵام واقعەکە ئەوەیە کە ترەمپ زۆر گرنگی بە فەلەستین نادات کە ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، تەنانەت پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین ناکات.
تا ئێستا ڕوون نییە کە لە ئیدارەی نوێی ترەمپدا کێ سەرکردایەتیی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بەڵام لە دەوروبەری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا (ترەمپ) لایەنگرانی بزووتنەوەی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل (شارۆچکە جوونشینەکان لەسەر خاکی فەلەستینییەکان) هەن، وەک جارێد کوشنەر، زاواکەی ترەمپ بۆ ئەگەری بیناسازی لە غەززە. ئەوەی دیکە، دەیڤید فریدمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل، کە باسی لە مافی سروشتیی ئیسرائیل کردووە بۆ داگیرکردنی کەناری ڕۆژاوا. بۆیە سەرکەوتنی ترەمپ دەتوانێت دەستبەجێ و بەقووڵی سوودی هەبێت بۆ ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل کە باوەڕیان بە لکاندنی کەناری ڕۆژاوا بە ئیسرائیلەوە هەیە، کە ئەمەیش ئەگەری هەیە نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت. بەڵام مەرج نییە گەڕانەوەی هاوپەیمانی نزیکی نەتانیاهۆ بۆ کۆشکی سپی، بەو مانایە بێت کە حکوومەتی ئیسرائیل بە شێوەیەکی تاکلایەنە دەتوانێت هەموو کارێک بکات کە تەنیا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئیسرائیلدایە.
ترەمپ بەپێچەوانەی بایدن، نیگەرانی ئەوە نییە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئەمریکادا لە ڕووی سیاسییەوە زیانی پێ بگەیەنێت. تەنانەت دینامیکی هێز لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەردەمی ترەمپدا زیاتر یەکلایەنە دەبێت و، سەرۆکی نوێش کاریگەریی زۆر زیاتری دەبێت لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل لەچاو سەرۆکەکانی پێش خۆی. هەروەها ئەگەر لە ماوەی چەند مانگی مانەوەی ئیدارەی بایدن ئارامی نەگەڕێتەوە بۆ لوبنان، دۆناڵد ترەمپ خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە چارەسەری خێرا لە لوبنان دەربڕیوە.
براوەیەکی دیکەی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنەماڵەی شاهانەی سعوودیان کە وەبەرهێنانێکی زۆریان لە بنەماڵەی ترەمپدا کردووە. پێ دەچێت ترەمپ بەدواداچوون بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئەستەمەکەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیا بکات، بەڵام ململانێیەکی درێژخایەن (لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان) دەتوانێت داواکارییەکانی سعوودیا زیاد بکات. هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن لە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنی سعوودیا و ئیسرائیلدا کات و وزەیەکی زۆریان دانا، بەڵام هەموو ئەو ماوەیە گومانی ئەوەیان هەبوو کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیا جارێکی دیکە چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرۆک ترەمپ دەکات. بەڵام تەنانەت بۆ شازادەی سعوودیاش مامەڵەکردن لەگەڵ نەتانیاهۆ ئاسان نابێت، لە کاتێکدا غەززە وێران دەکرێت و زیاتر لە 43 هەزار فەلەستینی کوژراون.
ئەگەری هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران؟
بەپێی چەند ڕاپۆرتێک، پێ دەچێت ئێران ئامادەکاری بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە عێراقەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. بەڵام لایەنە ڕاستڕەوەکان لە ئیسرائیل پێیان وایە کە نەتانیاهۆ نابێت چاوەڕێی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بکات و باشترە پێشوەختە هەنگاو بنێت. هەروەها بەرپرسانی “سوپای پاسدارانی ئێران”یش ئەگەری هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیان لەبەرچاو گرتووە، هەروەک سەردار عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی ٦-١١-٢٠٢٤ ڕای گەیاند: “ئێمە هەر جۆرە هێرشێکی پێشوەختە لەلایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی [ئیسرائیل] بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سادق ٣ بەدوور نازانین.” هەروەها عەلی خامنەیی لە وتارەکەی ئەم دوایییەیدا وتی: دوژمنان، لەوانەیش ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی [ئیسرائیل]، دەبێ بزانن کە بەدڵنیایییەوە وەڵامی توندیان بۆ ئەو کارانە وەردەگرن کە دژی ئێران و بەرەی خۆڕاگری دەیکەن.
بەڵام هەڵوێستی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژێک دوای وتارەکەی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەرنجڕاکێشە. ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە “کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی تایبەتمەندی و ئاسایشی خۆی، بێوەڵام ناهێڵێتەوە”، بە تۆنێکی نەرمتر قسەی بۆ سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد و وتی: تەنانەت ئەگەر [ئیسرائیل] بە ڕەفتارەکانی خۆیدا بچێتەوە، ئاگربەست قبووڵ بکات و لە کوشتنی خەڵکی ستەملێکراو و بێتاوانی ناوچەکە بوەستێت، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر جۆر و قەبارەی وەڵامدانەوەی ئێران هەبێت.
جێگەی ئاماژەیە کە هەر جۆرە پێکدادان و ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران، پێ دەچێت ئەمریکای تێوە بگلێت، لە کاتێکدا دوودڵیی ترەمپ لە بەشداریکردن لە جەنگەکانی دەرەوەدا تا ئێستایش وەک تەوەرێکی بەردەوامی سیاسەتی دەرەوەی پێشبینینەکراوی ئەو وڵاتە دەمێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکا پێیان وایە کە ئێران بەنیازە ترەمپ بکوژێت، هەرچەندە کە تاران نكۆڵی لەوە دەکات، بەڵام ڕەنگە توانا و هێزی سەرنجڕاکێشی قایلکردنی نەتانیاهۆ، قەناعەت بە سەرۆکی ئەمریکا بکات کە بۆردوومانکردنی ئێران سەرکەوتنێکی خێرای سەربازی دەبێت.
هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لێکەوتەکانی نادیارە؟
ئەگەر ئێران کە لە ئێستادا توانای پیتاندنی ئەتۆمیی خۆی زیاد کردووە – بە بەراورد بەو کاتەی کە ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ یان JCPOA لە ساڵی ٢٠١٨ کشایەوە – ڕۆژێک بڕیار بدات چالاکییە ئەتۆمییەکانی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک بکاتەوە، ڕەنگە ترەمپ ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێ ببێتەوە. ترەمپ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئیسرائیل کارتی سپی، یان ئازادیی بێسنووری ئۆپەراسیۆن یاخود جووڵەی سەربازی (بۆ تۆڵەکردنەوە)ی پێ بدرێت. دوای ئەوەی ئێران لە 1ی ئۆکتۆبەردا زیاتر لە 180 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، جۆ بایدن داوای لە ئیدارەی نەتانیاهۆ کرد هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران یان بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. بەڵام دۆناڵد ترەمپ گاڵتەی بەو دانبەخۆداگرتنە کرد و وتی: “تۆ جارێ لە ئەتۆمەكەی بدە، پاشان خەمی ئەوانی تر بخۆ.”
لە ڕابردوودا سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا لە هەردوو حزبەکان (کۆماری و دیموکراتەکان) ڕایان گەیاندووە کە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. بەڵام هیچ کامیان بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردوومان نەکرد و گڵۆپی سەوزیان بۆ ئیسرائیل هەڵنەکرد کە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە مەترسیی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکان ڕوونە، بەڵام هەر دواکەوتنێک لە پەرەسەندنی ئەتۆمیی ئێران، پێ دەچێت کورتخایەن و نادیار بێت.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کشایەوە و سزای “ئەوپەڕی گوشار”ی بەسەر ئێراندا سەپاند و پاشان لە ساڵی 2020دا فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی ئێران لە عێراقی دەرکرد. بەڵام لە هەمان کاتدا ترەمپ داوای ڕێککەوتنی دیپلۆماسیی لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران دەکرد و خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرت؛ تەنانەت دوای خستنەخوارەوەی درۆنێكی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە و، هەروەها پشتیوانیكردنی لە هێرشەکانی (حووسییەکانی سەر بە ئێران) بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیا لە ساڵی ٢٠١٩دا.
بابەت و پرسێکی وردتر ئەوەیە کە ئایا سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لە هێرشی ئیسرائیل دەکات یان نا. ئەگەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵە بکات، پێ دەچێت تەنیا کاریگەرییەکی سنوورداری هەبێت، بەڵام بەشداریکردنی ئەمریکا کاریگەرییە سەربازییەکانی ئەم هێرشە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەکات. هاوکارییەکانی ئەمریکا دەتوانێت لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر ئامانجەکانەوە دەست پێ بکات تا ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان کە ڕەنگە فڕۆکە جەنگییەکانیان بخرێنە خوارەوە، یان دابینکردنی سووتەمەنیی ئاسمانی بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل، یان بەشداریکردن لە هێرش و بۆردوومانەکاندا. لە هەمووی گرنگتر نەتانیاهۆ ناتوانێت بەتەواوی دڵنیا بێت لەوەی کە ئایا ترەمپ پاڵپشتی لە ئەولەوییەتی ستراتیژیی حکوومەتی ئیسرائیل دەکات کە بریتییە لە دەستپێکردنی جەنگ بۆ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ڕاستە ترەمپ بە شەخسی فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانیی دۆست و هاوپەیمانی خۆشەویستی عەلی خامنەیی دەرکردووە، بەڵام بەئاشکرا وتوویەتی کە گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا ئەولەوییەتی ئەو نییە و تەنانەت ڕەنگە لەگەڵ ئێرانیش ڕێکكەوتن بکات. بەڵام ئەوەی ڕوونترە ئەوەیە کە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی متمانەی ئەوتۆی بە ئیدارەکانی ئەمریکا نییە و چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی ئێران هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆیە دەکرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت کە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوپەڕی گوشار لە دژی ئێران بەردەوام دەبێت و سەرنجی ترەمپ زیاتر لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دەبێت.
سەرچاوە: