نووسینی: Analysis Center
کۆتاییهاتنی ماوەی ئەرکی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، تۆم باراک، وەک نوێنەری تایبەت بۆ سووریا، لە سەرەتادا وەک پاشەکشەیهكی واشنتۆن لە پرسی سووریا لێک درایەوە. بەڵام لێدوانەکانی ئیدارەی ئەمریکا و هەڵسەنگاندنەکانی ڕۆژنامەگەریی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پێشهاتە گوزارشت لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات نەک لەدەستدانی پێگەیەک.
بەگوێرەی گوتەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەگەرچی ڕۆڵی باراک وەک نوێنەری تایبەت بۆ سووریا کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەو بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵێکی چالاک لە پرسە هەرێمییەکاندا، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق. ئەمەیش بەو شێوەیە لێک دەدرێتەوە کە واشنتۆن، تۆم باراک بۆ ڕۆڵێکی فراوانتری هەماهەنگیی دیپلۆماتی جێگیر دەکات نەک دوورخستنەوەی.
ئەرکە کاتییەکە کۆتایی هات!
بەپێی کۆدەنگیی نێوان سەرچاوە دەرەکییەکان، ئەرکی نێردەی تایبەت بۆ سووریا لە سەرەتاوە وەک ئەرکێکی کاتی داڕێژابوو. ئامانجی سەرەکی لەپشت دەستنیشانکردنی باراک، بریتی بوو لە خۆگونجاندن لەگەڵ دیمەنی سیاسیی نوێ لە سووریا، بەڕێوهبردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق و، بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمییەکاندا.
لەم دوایییانەدا، سووکبوونی قۆناغ بە قۆناغی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ دیمەشق و، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە بەرامبەر بە سووریا، لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغی گواستنەوەیەدا بوون.
ڕوانگە و سیاسەتی ئێستای واشنتۆن ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی سووریا گەیشتووەتە قۆناغێک کە چیتر ناتوانرێت لە ڕێگەی میکانیزمی نوێنەری تایبەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکوو دەبێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و تۆڕە دیپلۆماتییەکانی ناوچەکەوە بەڕێوە ببردرێت.
نەک ئەرکێکی نوێ، بەڵکوو ڕۆڵێکی فراوانتر
ئەوەی لە ڕۆژنامەگەریی نێودەوڵەتیدا سەرنجی ڕاکێشاوە، ئەوەیە کە ناونیشانێکی فەرمیی نوێ بە باراک نەدراوە؛ بەڵام ئاماژە و هەڵسەنگاندنی بەهێز هەن کە نیشانی دەدەن کە ئەرکی تۆم باراک بە شێوەیەکی کرداری لە ناوچەکەدا فراوانتر بووە.
بەگوێرەی شرۆڤە دیارەکان و بڵاوکراوە باوەڕپێکراوەکان کە لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ ناوچەکە دەکەن، باراک چیتر تەنیا نوێنەرێک نییە کە مامەڵە لەگەڵ سووریادا بکات، بەڵکوو دەبێتە یەکێک لە گرنگترین ئەو کەسایەتییانەی کە هەماهەنگیی پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ تورکیا، سووریا و عێراق دەکات.
بۆیە، ئەم پێشهاتە وەک کۆتاییهاتنی ئەرکێک سەیر ناکرێت، بەڵکوو زیاتر وەک یەکخستنی بەرپرسیارێتییە هەرێمییەکان لە یەک ناوەندا دەبینرێت.
هاوکێشەیەکی نوێ بە چەقایەتیی تورکیا
ئەو ڕاستییەی کە باراک هاوکات باڵیۆزە لە ئەنقەرە، وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین لایەنەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەردەکەوێت.
لە کاتێکدا واشنتۆن بۆ چەندان ساڵ سیاسەتەکانی خۆی لە سووریا و عێراق لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییە جۆراوجۆرەکانەوە بەڕێوە بردووە، زیادبوونی نفووز یاخود دهستڕۆیشتووییی تورکیا لەم دوایییانەدا لە هەردوو پرسەکەدا نیشانی دەدات کە ڕوانگەی ئەمریکای لە زۆر پرسدا گۆڕیوە.
ڕۆڵی تورکیا لە سووریا سەبارەت بە ئاسایش، وزە، کۆچبەران و ئاوەدانکردنەوە، هەروەها پەیوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی لە عێراق، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور، ئەنقەرە دەخاتە چەقی هاوکێشە هەرێمییەکەوە.
فراوانبوونی کرداریی دەسەڵاتەکانی تۆم باراک، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا تەنیا وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا سەیری ئەنقەرە ناکات، بەڵکوو لە ڕوانگەی دامەزراندنی نەزمێکی هەرێمییشدا تەمەشای دەکات.
بۆچی دۆسیەی عێراق گرنگیی دەبێت؟
توخمێکی دیکە کە لە سەرچاوە دەرەکییەکاندا بەرچاو دەکەوێت دۆسیەی عێراقە. لە کاتێکدا سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی جۆراوجۆر بووەتەوە، پێشبینی دەکرێت واشنتۆن خۆی بۆ پێکهاتەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی بەغدادا ئامادە بکات. نفووزی ئێران بەسەر عێراقدا، داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا، ئاسایشی وزە و، پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا پرسە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیەن. بۆیە، ئەوە ڕێکەوت نییە کە باراک نەک تەنیا لەسەر سووریا بەڵکوو لەسەر عێراقیش زیاتر ڕۆڵی دەرکەوتووە.
ئەم تێڕوانینە کە واشنتۆن دەستی کردووە بە تاوتوێكردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق نەک وەک پرسی جیاواز، بەڵکوو لە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمیدا، جێگەی خۆی دەگرێت.
پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە
یەکێک لە کۆمێنتە دیارەکان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکەکە، پەیوەندیی بەو بەرکەوتنانەوە هەیە کە ئەمریکا لەگەڵ ڕژێمی دیمەشقدا ئەنجامی داون.
زۆربەی شیکارییەکان لە ڕۆژنامەگەریی دەرەکیدا، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم بڕیارە بە واتای ئەوە نییە ئەمریکا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی خۆی لەگەڵ سووریا کەم دەکاتەوە. بەپێچەوانەوە، وەک هەوڵێکی واشنتۆن دەبینرێت بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماتییە کاتییەکانەوە بۆ بنەمایەکی دامەزراوەییتر. لەم پرۆسەیەدا، چاوەڕوان دەکرێت پرسەکانی وەک داهاتووی سزاکان، پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، گەڕانەوەی پەنابەران و، تێکەڵبوونەوەی سووریا لە سیستهمی هەرێمیدا بێنە پێشەوە.
هەسەدە و هاوسەنگیی ئاسایش
لێدوانەکانی باراک لە ماوەی ئەرکەکەیدا لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرا، بەتایبەتی لەلایەن هەسەدە (SDF) و ناوەندە سیاسییە کوردییەکانەوە. جەختکردنەوەی ئەو لەسەر یەکپارچەییی خاکی سووریا و پەیامەکانی سەبارەت بە پاراستنی پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندی، وەک ئاماژەی گرنگ سەبارەت بە نزیکبوونەوەی داهاتووی واشنتۆن دەبینران.
کۆتاییهاتنی ئەرکەکە بە واتای گۆڕانکارییەکی لەناکاوی سیاسەت لەم بوارەدا نییە؛ بەڵام پێ دەچێت لە قۆناغی داهاتوودا ئەمریکا هەوڵ بدات هاوسەنگییەکی نوێ لەنێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەسەدە، گفتوگۆ بەردەوامەکان لەگەڵ دیمەشق و، نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیادا دروست بکات.
ئەمریکا ئامانجی چییە؟
هەڵسەنگاندنی گشتی لە سەرچاوە دەرەکییەکانەوە ئەوەیە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی ستراتیژیی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بکات.
ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەم چوارچێوەیە، دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە کورت بکرێنەوە:
- کەمکردنەوەی بارگرانیی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەمریکا لە مەیدانەکەدا.
- دروستکردنی بنەمایەکی نوێی سەقامگیری لەنێوان تورکیا، وڵاتانی کەنداو، عێراق و سووریا.
- سنووردارکردنی نفووزی ناوچهییی ئێران.
- بەڕێوەبردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل.
- مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە هەرێمییەکان نەک وەک حاڵەتی دابڕاو، بەڵکوو وەک پرسی پێکەوەبەستراو.
بۆیە، گۆڕانکاری لە ڕۆڵی تۆم باراکدا کەمتر وەک گواستنەوەیەکی پۆستێکی کەسی دەبینرێت، بەڵکوو زیاتر وەک ئاماژەیەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی واشنتۆندا سەیر دەکرێت.
لە قۆناغی داهاتوودا، سەرنجەکان لەسەر ئەوە کۆ دەبنەوە کە چۆن ئەمریکا سیاسەتەکانی لە سووریا و عێراقدا هەماهەنگ دەکات، مەودای هاوکارییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تورکیادا چەندە دەبێت و، پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ دیمەشق بەرەو کوێ دەچێت.
بارودۆخی ئێستا ئاماژە بەوە دەکات کە واشنتۆن لە ناوچەکە ناکشێتەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی دیپلۆماتیی کەمتر دیار بەڵام ناوەندیتر دابمەزرێنێت. گۆڕانی تۆم باراک لە ڕۆڵێکی بەرتەسکی نوێنەری تایبەتەوە بۆ ڕۆڵێکی فراوانتری هەماهەنگیی ناوچهیی، یەکێکە لە کۆنکرێتیترین نیشانەکانی ئەم ستراتیژەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە:
Analysis Center. (2026, May 31). A New Phase in the U.S. Regional Plan: Why is Tom Barrack’s Role Expanding?. ADDR Magazine. https://addrmagazine.com/en/abdnin-bolgesel-planinda-yeni-asama-tom-barrackin-rolu-neden-genisliyor/








