کاربین عەبدوڵڵا/ ماستەر لە کۆمەڵناسی -زانکۆی کازان – ڕووسیا
پێشەکی
کۆمەڵگهی کوردستانی، بەهۆی ئەو وەرچەرخانە سیاسی و ئابوورییەی دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە، چووە ناو قۆناغێکی نوێ. بۆ تێگەیشتن لەم وەرچەرخانە، سەرەتا با سەیری پاشخانی مێژووییی کۆمەڵگهکەمان بکەین: کۆمەڵگهی ئێمە کە بۆ ماوەی چەندان سەدە لەسەر بنەمای بونیادێکی گوندی-خێڵەکی، ئابوورییەکی خۆبژیوی کشتوکاڵی و سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی نیمچەجێگیر و نەریتی، خۆی بونیاد نابوو، هەروەکوو “مارتین ڤان براونسن” ئاماژەی پێ دەدات و دەڵێت: بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگهی کوردی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی کوێرانە بۆ سەرکردە نەریتییەکان وەستابوو؛ بە جۆرێک کە سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان، هێشتا توێژە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە، وەک جووتیار و ئاژەڵدارەکان، لەژێر هەژموونی هێزی ئاغا و شێخەکاندا مابوونەوە (ڤان براونسن، ١٩٩٩، ل١)؛ کاتێک ئەم کۆمەڵگه نەریتییە بە شێوازێکی خێرا، چووە ناو جیهانگیریی کهلتووری و بازاڕی ئازادەوە؛ بێ ئەوەی هیچ جۆرە زەمینەسازییەکی هزری، فەلسەفی و مەعریفیی پێشوەختە بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن و هەڵکردن لەگەڵ دەرهاوێشتەکانی ئەم گۆڕانکارییانە ئەنجام درابێت.
ئەم بازدان و وەرچەرخانە، جۆرێک لە دووانەییی کهلتووریی هێنایە کایەوە: لە لایەکەوە، نۆرمە نەریتییەکان لە ڕێگەی دەزگهکانی وەک خێزان، خێڵ و ئایینەوە گوشاری پاراستنی توخمی کهلتووری ڕابردوو، کۆدەنگیی ئەخڵاقی و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی توند دەسەپێنن؛ لە لایەکی تریشەوە، شاڵاوی مۆدێرنیتەی تەکنەلۆژی و میدیایی لە ڕێگەی فەزای مەجازی و شاشەکانەوە، بەهاکانی تاکگەرایی، ڕێژەییبوونی ئەخڵاق و بوون بە کاڵای کهلتووری بەکاربردن و “بەرخۆریزم” بڵاو دەبنەوە.
مرۆڤی ئێمە لە لایەکەوە شەپۆلی بەکاڵابوون و نمایشی مۆدێرن سەرنجی ڕادەکێشن و، لە لایەکی تریشەوە کۆتوبەندە لۆکاڵییەکان ڕێگەی پێ دەگرن. ئەم دژبەیەکبوونەی نێوان کهلتووری ماددی و ناماددی، کۆمەڵگهی گەیاندووەتە جۆرێک لە بێپێوەریی کۆمەڵایەتی (ئەنۆمی)؛ ڕەوشێک کە تیایدا مرۆڤەکان متمانەیان بە بەها هاوبەشەکان نامێنێت.
لێرەوەیە مرۆڤی کورد ڕووبەڕووی ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی-دەروونیی ئاڵۆز بووەتەوە، کە تیایدا نە دەتوانێت بەتەواوی دەستبەرداری ناسنامە و مێژووی ڕابردووی خۆی بێت و، نە دەیشتوانێت خۆی لە لێشاوی بێبەزەیییانەی مۆدێرنیتە و تەکنەلۆژیا بەدوور بگرێت. لێرەوەیە جۆرێک لە دابڕان و کەلێن لەنێوان نەوەکاندا دروست بووە؛ بە شێوەیەک کە ڕێنمایی و بەهاکانی “دایک و باوکان” چیتر ناتوانن وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئاڕاستەکردن و ڕێپیشاندانی منداڵەکانیان کار بکەن.
لەم سۆنگەیەوە، ئەم وتارە شیکارییە جەخت دەکاتە سەر شیکردنەوە و وەسفکردنی ڕەخنەییی ئەم ڕەوشە نوێیەی کۆمەڵگه و، بە هاوکاریی ڕوانگە و تێزە کۆمەڵناسییەکان هەوڵ دەدات کەلێن و لێکترازانەکانی شوناس لەنێوان چەکوشی نەریت و دەنووکی مۆدێرنیتەدا شەنوکەو بکات!
یەکەم: دیالێکتیکی نێوان کهلتووری ماددی و ناماددی
دیالێکتیکی نێوان کهلتووری ماددی و ناماددی، گوزارشت لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی کارلێک، کارتێکەر و کارتێکراو دەکات لەنێوان ژێرخانی ماددی و سەرخانی ناماددی (ئایدیۆلۆژیا، یاسا، ئەخڵاق و ئایین)ی کۆمەڵگەدا؛ ئەم گۆڕانە ڕەوشێکی دابڕاو یاخود جیا لەیەکتر نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی لێکئاڵاو و تێکچزراوە کە تیایدا هەر کایەیەکیان ئەوی تر تەواو دەکات و سەرلەنوێ دای دەڕێژێتەوە. لێرەوەیە “ئەنتۆنیۆ گرامشی” جەخت لەوە دەکاتەوە کە کایەی ماددی (ئابووری و تەکنەلۆژیا) و کایەی ناماددی (کهلتوور و هۆشیاری) بەتەواوی لێکئاڵاون و لەناو یەک جەستەی لۆژیکیدا کار دەکەن (Gramsci, 1971).
لەم سۆنگەیەوە، دیالێکتیکی نێوان کهلتووری ماددی و ناماددی لە کۆمەڵگهی کوردستانیدا، گوزارشت لە ناهاوسەنگییەک دەکات کە تیایدا ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و ژیانی ماددی بەخێرایی گەشە دەکەن، بەڵام هۆشیاریی ناماددی و دەزگه نەریتییەکان لەبری گۆڕانی هاوتەریب، کەوتوونەتە ژێر گوشاری خۆگونجاندن یان پەرچەکردار و بەرگریکردن. ئەم ناتەبایییە کارلێکەرە، وا دەکات کە پرۆسەی پێشڤەچوون لە ڕواڵەتە ماددییەکاندا چڕ ببێتەوە.
بەها و توخمە مەعنەوییەکانی وەک یاسا و کهلتوور بنچینەی ڕاستەقینەی ئاڕاستەکردنی گۆڕانن؛ کاتێکیش پاشماوە نەریتییەکان بەبێ نوێبوونەوە لەگەڵ ژیانی ماددیدا تێکەڵ دەبن، دەرەنجامە ماددییە هاوچەرخەکان ناکارا دەبن و دەشێوێنرێن.
لەم ڕوانگەیەوە، کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ئەم ئاوێتەبوونە خێرایەی تەکنەلۆژیاوە، بازی داوەتە ناو ئەو ڕەوشەی کە “ئۆلریش بێک” (Beck, 1992) پێی دەڵێت “کۆمەڵگەی ڕیسک”؛ کە تیایدا ژیانی ماددیی نوێ تەنیا ئاسانکاری بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو مەترسیی نوێش دەخوڵقێنێت کە نۆرم و یاسا کۆنەکان کەرەستەی پێویستیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.
کەواتە کاتێک کایەی دیجیتاڵی بەبێ گۆڕانی پێشوەختەی هۆشیاریی یاسایی و مەعریفی دێتە ناو کایە کهلتوورییەکە، لەبری پێشکەوتن، فەزایەکی نوێ بۆ بەرجەستەبوونی قەیرانی شوناس و ڕەوشی بێپێوەریی کۆمەڵایەتی دەسازێنێت.
دووەم: نمایش و بەکاڵابوونی شوناس
بەهۆی گۆڕان یاخود پاشەکشەی ڕۆڵی دەزگهکانی وەک خێزان و قوتابخانە —کە چیتر ناتوانن وەک سەرچاوەی یەکەم و تاقانە بۆ ئاڕاستەکردنی ڕەفتار و پێدانی بەها ئەخڵاقییەکان کار بکەن— فەزای دیجیتاڵی وەک یەکێک لە کارگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی شوناس لە کۆمەڵگهی کوردستانیدا دەرکەوت. ئەو گۆڕان یاخود پاشەکشەیەی دەزگهی خێزان و قوتابخانە، لەبەر ئەوەیە کە خێزان و قوتابخانە لە گەیاندنی مەعریفە و ئافراندنی نموونەی باڵادا دووچاری سستی بوونەتەوە و پانتایییەکی گەورەی پەروەردەییی کایەی گشتییان بۆ شاشەکان جێ هێشتووە.
لەم فەزایە نوێیەدا، کهلتووری نمایش بە جۆرێک گەشە دەکات کە تیایدا پێوەرەکانی بەهای مرۆڤ لەسەر بنەمای “بوون”ەوە ( هزر و پیشە و ناوەڕۆک)، دەگۆڕێن بۆ بنەمای “دەرکەوتن و نمایشی جەستەیی”؛ بەمەیش شوناسی مرۆڤی کورد کەوتە ژێر کاریگەریی بازاڕێکی وێنەییی هاوردەکراوەوە، کە تیایدا پێناسەکردنی خود لە ڕێگەی خاوەندارێتیی کاڵا و وێناکردنی شاشەکانەوە ڕوو دەدات.
ئەم ڕەوشە بەتەواوی هاوتایە و یەک دەگرێتەوە لەگەڵ تێزی کۆمەڵناسی فەڕەنسی “ژان بۆدریار” سەبارەت بە کۆمەڵگهی بەکاربردن و چەمکی “سیمولاکرا” (Baudrillard, 1998). بۆردیار پێی وایە لە سەردەمی مۆدێرنیتەی درەنگدا، مرۆڤەکان چیتر کاڵاکان بە مەبەستی بەکارهێنانیان ناکڕن، بەڵکوو بۆ ئەو “بەهای نیشانە و هێمایە” دەیانکڕن کە کاڵاکە پێیان دەبەخشێت. لە فەزای کوردیدا، شوناس خۆی بووەتە کاڵایەکی نیشانەیی؛ تاک بڕوانامە، جەستە، گەشت و شێوازی ژیانی خۆی دەکاتە نیشانەیەک بۆ نمایشکردن تا پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی پێ بسەلمێنێت.
ئەم گۆڕانکارییە پانتایییەکی وای ئافراندووە کە تیایدا سۆز و ئاگاییی تاکەکان بە ئاڕاستەی دابڕان لە ڕەوشی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە و بەرەو لاساییکردنەوەی کوێرانەدا دەچێت، کە لێرەدا واقع جێگەی خۆی بۆ “سەروو-واقع” چۆڵ دەکات؛ واتە ئەو جیهانە خەیاڵییەی شاشەکان دروستی دەکەن، لە واقعی سەر زەوی گرنگتر دەبێت.
ئەم ڕەوشە مرۆڤی کوردی ڕووبەڕووی نامۆبوونێکی کهلتووری -کۆمەڵایەتی و دەروونیی قووڵ کردۆتەوە؛ بەو پێیەی دروستبوونی کەلێن لەنێوان توانای دارایی لە لایەک و ئەو وێنا لۆکس و نموونەیییانەی لە ڕێگەی شاشەکانەوە دەخرێنە ڕوو لە لایەکی ترەوە، پرۆسەی دۆزینەوەی هاوسەنگیی پەک خستووە و زەمینەی بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی و شڵەژانی ناسنامە خۆش کردووە. لێرەوەیە، کە فەزای مەجازی لە ئامرازێکەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێک کە هاوکارە لە بەکاڵابوونی شوناس و سستکردنی تایبەتمەندییە کهلتوورییە لۆکاڵییەکان.
سێیەم: بازاڕ و بەکاڵابوونی شوناس
لەپاڵ ڕەهەندەکانی نمایشی وێنەییدا، ئەم شەپۆلە نوێیە مرۆڤ ناچار دەکات شوناسی خۆی تەنیا لە ڕێگەی کاڵا، هێزی کڕین و شێوازی بەکاربردنەوە پێناسە بکات. ئەم ڕەوشە بەتەواوی لەگەڵ تێزی کۆمەڵناسی هاوچەرخ “ئەندریەس ڕێکویتز” دەگونجێت سەبارەت بە گۆڕانی کهلتووری بەکاربەر. ڕێکویتز پێی وایە لەم قۆناغەدا، بازاڕ و سیستەمی بەهاییی نوێ چیتر کاڵای گشتی و ستاندارد بەرهەم ناهێنن، بەڵکوو “کاڵا و خزمەتگوزاریی ناوازە و دەگمەن” بەرهەم دەهێنن کە تاکەکان ناچار دەکەن لە ڕێگەی کڕین و نمایشیانەوە، “ناوازەیی و جیاوازی”ی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا بسەلمێنن (Reckwitz, 2017).
لێرەوەیە کە بەکاربردن دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی دانپێدانانی کۆمەڵایەتی؛ ئەمەیش جۆرێک لە بەکاڵابوون و نامۆبوونی لێ دەکەوێتەوە.
کەواتە، دەتوانین بڵێین: گەشەکردنی کهلتووری بەکاربردن و بەرخۆری لە کۆمەڵگهی کوردستانیدا، بووەتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی شوناسی لۆکاڵیدا؛ بە شێوەیەک کە پێگەی تاکەکەس لە کارەکتەرێکی بەرهەمهێنەری ئابووری و کهلتوورییەوە، بەرەو کارەکتەرێکی بەکاربەر و پاشکۆی لۆژیکی بازاڕ وەرچەرخاوە. کاتێک بەها و پێگەی مرۆیی لە ڕێگەی ئامرازە ماددییەکانی وەک مۆدێلی مۆبایل، جۆری ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبوونەوە پێوانە دەکرێت، جۆرێک لە درز و کەلێنی کۆمەڵایەتی و ململانێی نوێی چینایەتییش دروست دەبێت کە دواجار سەقامگیری و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. وەکوو بینیمان مرۆڤی ئێمە لە ڕێگەی کڕینی کاڵا و نیشتەجێبوون لە پرۆژە نیشتەجێبووە لۆکسەکاندا، هەوڵی بەدەستهێنانی شوناسێکی “تر” دەدات؛ کە دواجار ئەم کێبڕکێ ڕواڵەتییە، لە ناخدا نامۆبوونێکی دەروونیی قووڵتر و دابڕانێکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدارتر بەرهەم دەهێنێت.
ئەگەرچی ئەم گۆڕانکارییە ڕواڵەتییانە ناتوانن پێداویستییە بونیادی و جەوهەرییەکانی هزر و کهلتووری ناوخۆییی مرۆڤ پڕ بکەنەوە؛ بهڵام سەرەڕای ئەمەیش، گۆڕانی ئەم دیاردەیە بۆ پێداویستییەکی حەتمی، پەیوەستە بە گۆڕانی پێوەرەکانی دانپێدانانی کۆمەڵایەتی لە مۆدێرنیتەی درەنگدا؛ کە تێیدا پێگەی مرۆڤ چیتر گرێدراو نییە بە بەها ناوەکییەکانەوە، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی توانای نیشاندانی هێزی کڕین و بەکاربردنەوە ڕەوایەتی و پەسەندکردنی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنێت.
چوارەم: فرەڕەهەندیی شێوەکانی کهلتوور و لێکترازانی شوناس
ململانێی نێوان توخمە کهلتوورییەکان لە کۆمەڵگهی کوردستانیدا، لە ڕەوشێکی جێگیردا نییە، بەڵکوو ئەم ململانێیە لە چوارچێوەی چەندان توخمی کهلتووریی جیاوازدایە کە تاکی کوردیان ڕووبەڕووی لێکترازانێکی قووڵی شوناس کردووەتەوە.
بۆ تێگەیشتن لەم ململانێ و دژبەیەکبوونە ئاڵۆزە، دەکرێت پشت بە مۆدێلی فرەڕەهەندیی شێوەکانی کهلتوور ببەستین (Sociology Bulletin, 2024)، کە کایە کهلتوورییەکانی ناو ئەم واقعە لۆکاڵییە بەسەر سێ ئاستی سەرەکیدا دابەش دەکات:
ئاستی یەکەم: ئەم ئاستە بریتییە لە “کهلتووری نەریتی”؛ کە گوزارشت لە دابونەریت، زمان و، ئەو ڕەفتارە مێژوویییانە دەکات کە نەوە دوای نەوە دەگوێزرێنەوە. لە واقعی هاوچەرخی کوردستاندا، ئەم کهلتوورە نوێنەرایەتیی ئەو پاشخانە گوندی و خێڵەکییە دەکات کە هێشتا وەک کۆڵەکەی شوناسی ڕابردوو کار دەکات و، دەیەوێت ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کۆدەنگییە بەهایییەکان بپارێزێت.
لە بەرامبەر ئەم جەمسەرە نەریتییەدا، کهلتووری باو و کهلتووری جەماوەری دێنە کایەوە، کە لە ڕێگەی میدیای جەماوەری و فەزای دیجیتاڵییەوە (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ترێندە هاوردەکراوەکان) بەرهەم دەهێنرێن. ئەم دوو فۆڕمە هاوچەرخە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەردەوام دەخەنە سەر ژیانی تاکی کورد؛ بە شێوەیەک کە شوناس زیاتر لە ڕێگەی لۆژیکی بەکاڵابوون و وێنە دیجیتاڵییەکانەوە ئاڕاستە دەکەن.
لەنێوان ئەم دوو جەمسەرە دژبەیەکەدا، “کهلتووری باڵا” دەبینرێت، کە گرنگی بە هونەری باڵا، ئەدەبیات، شانۆ و فۆڕمە ئاڵۆزەکانی دەربڕینی هزری دەدات؛ بەڵام ئەم ئاستە مەعریفییە لەناو کایەی هاوچەرخی کوردیدا، لەنێوان جڵەوی نەریت و بازاڕی بەرخۆریزمدا پەراوێز خراوە و کەمترین بواری بۆ ڕەخساوە.
لەم سۆنگەیشەوە، دەتوانین بڵێین: کێشەی سەرەکیی تاکی کورد لە ئێستادا ئەوەیە کە لەنێوان پاراستنی کهلتووری نەریتی (کە داوای پابەندبوون بە نۆرمە کۆنەکان دەکات) و لێشاوی فراوانی کهلتووری باو و جەماوەری (کە مرۆڤ بەرەو بەرخۆریزم و دەرکەوتنی ڕواڵەتی دەبات) گیری خواردووە. بەو پێیەی هەر فۆڕمێکی کهلتوور ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیان و بیرکردنەوە و دەربڕینی شوناسی مرۆڤەکانە، کاتێک تاکی کورد ناتوانێت هاوسەنگی لەنێوان ڕەگ و ڕابردووی خۆی و توخمە کهلتوورییە هاوردەکراوەکاندا بدۆزێتەوە، پرۆسەی نامۆبوون دەگاتە لووتکە و مرۆڤ لە ناخیدا دەبێتە بوونەوەرێکی لەتبوو. ئەم لێکترازانە ناوەکییەیش، نەوەی نوێی تووشی جۆرێک لە دوالیزمی یان دووانەییی ناسنامەیی کردووە؛ بە شێوەیەک کە تاک لە فەزای گشتی و لەسەر شاشەکان هاوچەرخ و ئازاد دەردەکەوێت، بەڵام لە ژیانی تایبەتیدا لەژێر کاریگەریی ترسی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی و سزای دەزگه نەریتییەکاندا دەژیت. ئەم ناتەبایی و دژبەیەکبوونە، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ شێوانی ڕەفتار و هەڵاتن لە واقعی ڕاستەقینە و، بەرزبوونەوەی ڕێژەی شڵەژانە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەناو ئەم نەوەیەدا.
پێنجەم: دەرهاوێشتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی نامۆبوونی کهلتووری
پڕۆسەی نامۆبوونی کهلتووری لە کۆمەڵگهی کوردستاندا، کۆمەڵێک دەرهاوێشتەی قووڵ و ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی ژیانی تاکەکەس و سیستەمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه بەجێ هێشتووە، کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا بخرێنە ڕوو:
یەکەم: ڕەوشی بێپێوەری (ئەنۆمی)ی کۆمەڵایەتی: خێراییی وەرچەرخانە ماددییەکان و لێشاوی کهلتووری بەکاربەر، بوونەتە هۆی سستبوونی کاریگەریی نۆرم و بەها ئەخڵاقییەکانی کۆمەڵگهی خۆجێیی، بێ ئەوەی سیستەمێکی بەهاییی هاوچەرخ و مەدەنی بەتەواوی جێگەیان بگرێتەوە. ئەم بۆشایییە نۆرمی و بەهایییە، کۆمەڵگهی گەیاندووەتە ڕەوشێک لە بێپێوەری، کە تیایدا تاکەکان تووشی دوالیزمی ڕەفتاری دەبن و پێوەرە ڕوونەکان بۆ جیاکردنەوەی ڕەفتاری پەسەند و ناپەسەند تێکەڵ دەبن. ئەم هەڵومەرجەیش زەمینە خۆش دەکات بۆ بەرزبوونەوەی دیاردەی لادان و تاوان و سستبوونی متمانەی کۆمەڵایەتی.
دووەم : کەلێن و لێکترازانی نێوان نەوەکان: یەکێک لە دەرکەوتە هەرە دیارەکانی نامۆبوونی کهلتووری، دروستبوونی درزێکی قووڵە لە پێکهاتەی خێزانی هاوچەرخی کوردیدا. بەهۆی ئەوەی نەوەی نوێ بەتەواوی لەناو ژینگەی دیجیتاڵی و کهلتووری باودا دەژیت و گەورە دەبێت، زمان، پێوەر و جیهانبینیەک بەرهەم دەهێنێت کە جیاوازە لە پێوەرە کهلتوورییەکانی نەوەی پێشوو (دایکان و باوکان).
ئەم دابڕانە تەنیا جیاوازیی تەمەن نییە، بەڵکوو لێکترازانێکی مەعریفی و نەریت و بەهایییە، کە توانای پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی و لێکتێگەیشتن لەناو خێزاندا کەم دەکاتەوە و دەزگهی خێزان لە ناوەندێکی پەروەردەیی و ئاڕاستەکەرەوە، دەگۆڕێت بۆ ناوەندێکی ململانێ یان بێدەنگیی نامۆکەر و لێکدابڕاو.
شەشەم: شوناسی لەتبوو؛ تاکی کورد لەنێوان شاشە جیهانییەکان و واقعە لۆکاڵییەکاندا
تاکی کورد – بەتایبەت گەنجان– لە واقعدا لەناو جۆرێک لە شڵەژانی قووڵی شوناسدا دەژیت؛ لە هەمان کاتدا هاووڵاتیی دوو جیهانی دژبەیەکە. تاک لە فەزای گشتی، لایەنە پیشەیییەکان و لەسەر سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا، وەک کارەکتەرێکی مۆدێرن، ئازاد و پەیڕەوکەر و بەکارهێنەری توخمی کهلتووری جیهانی دەردەکەوێت و لە ژیان و مامەڵەی ڕۆژانەیشدا، لەژێر گوشاری توندی سیستەمی نەریتی، خێڵەکی و خێزانیدایە. ئەم لێکترازانە دەروونی – کۆمەڵایەتییە دەیسەلمێنێت کە پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا ڕووکەشێکی ماددی و تەکنەلۆژیی وەرگرتووە، لە کاتێکدا مرۆڤ و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەبێ نەخشەسازییەکی پەروەردەیی و هزری، لەناو گێژاوی ناهاوسەنگیی نێوان نەریت و بازاڕدا جێ هێڵراون.
کۆمەڵگه و نەتەوە تەنیا بە دەسکەوتە ماددییەکان پێش ناکەون، بەڵکوو ئەوە کهلتوور و توخمە مەعنەوییەکانییەتی (زمان، بەها، دابونەریت، زانست و هونەر) کە دەبنە بناغەی دروستبوونی جۆری کەسایەتیی تاکەکان؛ لێبڕانی ئەم توخمە مەعنەوییانەیش وا دەکات پێشکەوتنەکان سنووردار و خەوشدار بن (میران، ٢٠١٨).
لەبەر ڕۆشناییی ئەم ڕوانگانەدا، دەتوانین بڵێین: کێشەی سەرەکیی نامۆبوونی کهلتووری لە کوردستاندا تەنیا گۆڕانی شێوازی ژیان نییە، بەڵکوو دروستبوونی شوناسێکی لەتبووە کە نە دەتوانێت بەتەواوی پاڵپشت بە ڕەسهنایەتیی ڕابردوو، خۆی بونیاد بنێتەوە و، نە کەرەستەی هزری و دەزگهییی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ ڕامکردن و هەزمکردنی مۆدێرنیتە بە شێوازێکی عەقڵانی. ئەم دژبەیەکبوونە بەردەوامە، دواجار جۆرێک لە شڵەژانی قووڵ و نامۆبوون لە خود بەرهەم دەهێنێت، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێهیوایی، گۆشەگیری و شڵەژانە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی لەناو نەوەی نوێدا؛ چونکە تاک بەردەوام لە هەوڵێکی بێهوودەدایە بۆ ڕازیکردنی دوو جەمسەری دژبەیەک.
ئەنجام
لەم وتارە ئەکادیمییەدا تیشک خرایە سەر نامۆبوونی کهلتووری و قەیرانی شوناس لە کۆمەڵگهکەماندا، وەک دەرەنجامێکی حەتمیی پێکدادانی نێوان کهلتووری خۆجێیی و جیهانگەرایی و مۆدێرنیتە. گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بازدانی کتوپڕی کۆمەڵگەی کوردی لە بونیادێکی گوندی-خێڵەکییەوە بۆ ناو جیهانگیری و بازاڕی ئازاد بەبێ زەمینەسازیی هزری و کهلتووری، جۆرێک لە “کۆمەڵگەی ڕیسک” و ناهاوسەنگیی بونیادی لەنێوان کهلتووری ماددی و ناماددیدا بەرهەم هێناوە. لەژێر کاریگەریی ئەم بازدانە خێرایەدا، کایەی دیجیتاڵی لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری پێشکەوتن، بووەتە فەزایەک بۆ بەکاڵابوونی شوناس؛ بە جۆرێک پێوەرەکانی دانپێدانانی کۆمەڵایەتی لە “بوون”ەوە وەرچەرخاون بۆ “دەرکەوتن و نمایشی وێنەیی” و، پێگەی مرۆیی تەنیا لە ڕێگەی توانای نیشاندانی هێزی کڕین و بەکاربردنەوە ڕەوایەتی بەدەست دەهێنێت.
ئەم ململانێیەی نێوان توخمە کهلتوورییەکان وای کردووە، مرۆڤی ئێمە لەنێوان چەکوشی “کهلتووری نەریتی” و دەنووکی کهلتووری باو و جەماوەریدا گیر ببێت، لە کاتێکدا کایەی کهلتووری باڵا (مەعریفە و ئەدەبیاتی قووڵ) پەڕاوێز خراوە و ناتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیرێکی عەقڵانی بگێڕێت. دەرەنجامی ئەم ڕەوشەیش، کۆمەڵگەی گەیاندووەتە دۆخێک لە بێپێوەریی کۆمەڵایەتی، کە تیایدا توخم و نۆرمە کهلتوورییەکانی کۆمەڵگهی خۆجێیی سست دەبن و کەلێن و درزێکی قووڵ لەنێوان نەوەکان دروست دەبێت.
لەسەر ئاستی دەروونییش، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ نامۆبوون لەناو نەوەی نوێدا؛ چونکە تاک بەردەوام لە هەوڵێکی بێهوودەدایە بۆ ڕازیکردنی دوو جەمسەری دژبەیەک کە هەم لەسەر شاشەکان ئازاد دیار بێت و هەم لە واقعدا لە ترسی سزای دەزگه نەریتییەکاندا بژیت.
کەواتە دەتوانین بڵێین: پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، پرۆسەیەکی شێواو و ناهاوسەنگە، چونکە تەنیا لایەنی ماددی و تەکنەلۆژیی وەرگرتووە؛ لە کاتێکدا مرۆڤ و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەبێ مانیفستۆ و نەخشەسازییەکی پەروەردەیی، هزری و ڕەخنەیی لەناو گێژاوی نێوان نەریت و بازاڕدا بەجێ هێڵراون.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، کۆمەڵگهکەمان پێویستی بە سەرلەنوێ کاراکردنەوەی کایەی “کهلتووری باڵا” و بونیادنانی سیستەمێکی پەروەردەییی هاوچەرخ هەیە کە بتوانێت هاوسەنگی لەنێوان ڕەسهنایەتیی لۆکاڵی و مۆدێرنیتەدا دروست بکات، تا مرۆڤ لە خودێکی بەکاربەرەوە، ببێتەوە بە خودێکی بەرهەمهێن و خاوەن شوناسی خۆی.
لیستی سەرچاوە:
یەکەم: سەرچاوە کوردییەکان
فان براونسن، مارتین (١٩٩٩)، ئاغا، شێخ و دەوڵەت، وەرگێڕانی کوردۆ.
میران، ڕەشاد (٢٠١٨)، پێشڤەچوون! کۆمەڵگه و نەتەوە و وڵات چۆن گەشە دەکەن، بە چی پێش دەکەون، ماڵپەڕی گۆڤاری گوڵان.
دووەم: سەرچاوە بیانییەکان
Baudrillard, J. (1998). The Consumer Society: Myths and Structures. London: Sage Publications.
Beck, U. (1992). Risk Society: Towards a New Modernity. London: Sage Publications.
Gramsci, A. (1971). Selections from the Prison Notebooks. Formulations of the Relationship Between Material and Ideological Elements. New York: International Publishers.
Reckwitz, A. (2017). The Society of Singularities. Berlin: Suhrkamp Verlag.
Sociology Bulletin. (2024). The Multi-Dimensional Model of Cultural Forms and Identity Fragmentation in Developing Societies. Academic Press
Kagarlitsky, B. (2008). Empire of the Periphery: Russia and the World System. London: Pluto Press.
Sorokin, P. A. (1957). Social and Cultural Dynamics. Boston: Porter Sargent Publishers.








