نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان: هۆکار و ڕەهەندەکان
لەدوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی توندی درۆنی و مووشەکیی ئێران و میلیشیاکانی لە عێراق بووەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە هەر لە سەرەتای جەنگەوە هەرێمی کوردستان بەڕوونی ڕای گەیاند کە بەشێک نییە لەم ململانێیە. لەم بارەیەوە، حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیهنراوێکدا جەختی لەوە کردووە کە هەرێم فاکتەری ئاشتی و سەقامگیرییە و، سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە ململانێ بنیات نراوە. هەروەها، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێم هیچ کات نابێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
ڕاستییهكهی، لەدوای کوژرانی قاسم سولهیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠، ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی هەرێمی کوردستانی کردووەتە مەیدانی شەڕ و جهنگ بۆ گەیاندنی پەیام بە ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان. دوای کوشتنی “ژینا ئەمینی” (مههسا)، کچی کوردی ئێرانی و، دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣، ئێران هێرشەکانی دژی هەرێمی کوردستان توندتر کرد.
لەم چوارچێوەیەدا، سوپای پاسداران بارەگاکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێم بۆردوومان کرد. ئەوكات، بیانووکانی ئێران ئەوە بوو کە گوایە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەستیان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران هەیە. تەنانەت ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فهیلهقی قودس، هەڕەشەی توندی لە هەرێم کرد و ڕای گەیاند کە ئەگەر گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەناو خاکی عێراق لە چەک دانەماڵرێن، ئێران ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.
لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، تاران و گرووپە میلیشیاکانی لە عێراق جارێکی تر هەرێمی کوردستانیان کردە مەیدانی جهنگ و، هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر هەرێم. خوێناویترین هێرش کە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەنجام درا، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦ بوو؛ کاتێک بارەگای هێزەکانی پێشمەرگەی لە سۆران لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج، کە بەلایەنی کەمەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و نزیکەی ٣٠ کەسیش بریندار بوون.
ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە بنکەیەکی ئەمریکی و ئیسرائیلیی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کردووەتە ئامانج. بەڵام ئهوهی ڕاستی بێت، ئێران بەئەنقەست بنکەکانی پێشمەرگەی کردە ئامانج. جگە لەوەیش، ئێران بەردەوام بووە لە بهئامانجگرتنی کەمپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە گهرمهی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی، بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەڕەشەیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دهکرد و جەختیان لەسەر ئەوە دەکردهوه کە ئەگەر ڕێگە بدەن گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بچنە ناو خاکی ئێرانهوه هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکهنە ئامانج. لەم ڕووەوە، لە ٦ی ئاداری ٢٠٢٦، ئەنجومەنی بەرگریی ئێران لە ڕاگەیهنراوێکدا جەختی لەوە کردهوه کە ئەگەر هێزە کوردییەکان بچنە ناو سنوورەکانی ئێران، هەموو دامەزراوە و بنکەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. هەروەها، وتەبێژی خاتەمولئهنبیا لە هەمان ڕۆژدا ئاگادارییەکی توندی ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی، هەر هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی هێزی دوژمن لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توندی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی و گرنگ ئەمهیه: بۆچی ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات؟ گرنگترین هۆکار و فاکتەرەکانی پشت توندبوونی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم، بەتایبەت له گهرمهی جەنگی ئەمریکا و ئێران کامانە بوون؟ ئەوەی ڕاستی بێت فاکتەرە سەرەکییەکانی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئەمریکا، پەیوەندییان بە چەند خاڵێکی گرنگەوە هەیە: یەکەم، ئێران هەستی بە مەترسیی ڕاستەقینە دەکرد کە هێزە کوردییەکانی ئێران ببنە بەشێک لەو جهنگه و لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دژایەتیکردنی ئێران و ڕووخانی سیستهمی سیاسیی ئەو وڵاتە بەکار بهێنرێن. بۆیە، بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەوڵیان دەدا کە لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر هەرێم، هەم گوشار دروست بکەن و هەم ئەو پەیامە بە دەسەڵاتدارانی کورد بگەیەنن کە هەر بەشداربوونێکی کورد لەو جهنگەدا ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و توندی تاران دەبێتهوه؛ وەک چۆن لە ڕاگەیهنراوەکانیاندا ئاماژەیان پێ دەکرد. بەتایبەتی، ئێران نیگەران بوو لەو ڕاپۆرتانەی لە سەرەتای جهنگەکەدا بڵاو بوونەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵیان داوە هێزە کوردییەکانی ئێران بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران و هەڵگیرساندنی خۆپیشاندان لە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەکار بهێنن. ئەمە نیگەرانییەکی گەورەی لە تاران دروست کرد بوو؛ بەتایبەت كه ئێران دانیشتووانێکی زۆری کوردی هەیە و هەر بەشداربوونێکی کورد دەتوانرا هاوکێشەکان بە شێوەیەکی گەورە گۆڕانکاریی بەسەردا بهێنێت و کێشەیەکی گەورە بۆ ڕژێمی ئێران بخوڵقێنێت.
دووەم، ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە عێراقدا دەزانێت و، وەک هێزێک سەیری دەکات کە زیان لە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئێران دەدات؛ بەتایبەت ئێران وای دەبینێت کە هەرێمی کوردستان تەنیا ناوچەیەکە لە عێراقدا کە لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئێراندا نییە و سیاسەتی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا پەیڕەو ناکات. هەرێم ههمیشه هەوڵی داوە هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بپارێزێت.
لەم بارەیەوە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە عێراق، جیاواز بووە لە سیاسەتی ئێران. هەرێمی کوردستان ئەمریکا بە هاوپەیمان و هابەشی ستراتیژی دەزانێت و، لە زۆر پرسدا لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە پشتیوانیی لە سیاسەتی ئێران نەکردووە. بۆ نموونە هەرێم پاڵپشتیی له سیاسەتی ئێران و هێزە شیعەکان نەکردووە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. هەروەها هەرێم بەپێچەوانەی ئێران، بەردەوام پشتگیریی لە هەوڵەکانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی میلیشیا شیعەکان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتهوه و لە دەرەوەی حکوومەت کار و چالاکی نەکەن. هەورەها هەرێم ئامادە نەبوو، ببێتە بەشێک لە بەرنامە و ئەجێندای ئێران لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە. بۆیە، ئێران بهردەوام کاری کردووە بۆ لێدان و لاوازکردنی پێگەی هەرێم.
سێیەم، یەکێکی تر لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە بوو كه پەیامێک بە ئەمریکییەکان بگەیهنێت کە بەئامانجگرتنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، بێوەڵام نابێت و، ئێرانیش بە هەمان شێوە هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. دیاریشه، بەدەر لە هێرشی ڕاستەوخۆ، ئێران چەندان ئامرازی بۆ لێدان لە پێگەی هەرێم بەکار هێناوە، لەوانەیش: هێرشی گرووپە میلیشیاکان و، هاندانی حکوومەتی عێراق کە هێزە شیعەکان بەسەریدا زاڵن، دژی هەرێمی کوردستان.
چوارەم، وەک بەرپرسانی ئێران زۆر جاران ئاماژەیان پێ دەکرد، بەمەستیان لە هێرشکردنە سەر هەرێم و تەنانەت دەوڵەتانی عەرەبی، ئەوە بوو كه جهنگەکە ببێتە جهنگێکی هەرێمی و، بۆ ئەوەیش كه گوشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دروست بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان. بەتایبەت ئێران لە ڕێگەی هێرشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانهوه دەیویست زۆرترین زیان بە پێگەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگەیهنێت و تێچووی سەربازی و ئابووری لەسەر ئیدارەی ترەمپ زیاتر بکەن و، ناوچەکەیش زیاتر ناسەقامگیر بکەن بۆ ئەوەی ترەمپ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەی بەرامبەر ئێران بکات.
کردنەوەی بەرەیەکی تری جهنگ له عێراقدا لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە
لەدوای دەستپێکردنی جهنگ دژی ئێران، عێراق بووە مەیدانی سەرەکیی ئەم جهنگه. لەم ڕووەوە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هێرشەکانیان دژی بنکە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی کەنداویش توند کرد. بەهێزترین گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە بە ناوی “بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق” (بهرهی موقاوهمه) ناسراون، بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی هێزەکانی “حەشدی شەعبی”(PMF)دا ڕێک خراون، لەوانەیش: کهتائیبی حزبوڵڵا، کهتائیبی سەییدولشوهەدا، بزووتنهوهی نوجەبا، عەسائیبی ئەهلی هەق. ئەم گرووپە میلیشیایانەی سەر بە ئێران، پێکهاتەی سەرەکیی “میحوەری بەرگری”ی ئێرانن لەسەر ئاستی ناوچەکەدا و ڕاستەوخۆ لەلایەن “فهیلهقی قودس”ەوە سەرپەرشتی دەکرێن و فەرمانیش لە ئێران وەردەگرن.
سەرەڕای گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێنانەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە ئەم میلیشیایانه لە چوارچێوەی هێزە فەرمییەکانی عێراقدا یەک بخەن، یان نهتوانراوه لەچەک دابماڵرێن.
حکوومەتی “سوودانی” کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ پێک هات، نەک هەر هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم میلیشیاکانە، بەپێچەوانەوە، لە ماوەی سەرۆكایەتییەکەیدا پێگەی میلیشیاکان بەهێزتر بووهوه. لەم ڕووەوە، سوودانی پشتگیریی لە پڕۆژەیاسای حەشدە شەعبی کرد بۆ دەرچوون له پەرلەمان، هەرچەندە دواتر پڕۆژەیاساکە لەژێر گوشاری توندی ئەمریکادا ڕاگیرا. هەروەها لەژێر گوشاری ئێران و گرووپە میلیشیاکاندا، سوودانی کاری کرد بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ ئەمە جگه لهوهی سوودانی لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازاتی ماددی و ئابووریی زیاتر، پێگەی ئەو گرووپانەی بەهێزتر کرد و ئێستایش وەک دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا کار دەکەن.
لەدوای دەستپێکردنی جهنگی ئەمریکا و ئێران، گرووپە میلیشیاکان لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جهنگی بهوهكالهت دژی ئەمریکا تێوە گلان و، تەنانەت عێراقیشیان خستە ناو جهنگهكهوه، بێ ئەوەی دەوڵەت بڕیاری لێ دابێت. حکوومەتی “محەمەد شیاع سوودانی”یش نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێک بهاوێژێت بۆ سنووردارکردنی کار و چالاکیی ئەم گرووپانە و ڕێگەگرتن لە هێرشهكانیان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، هەرێم و دەوڵەتانی عەرەبی. ئەمەیش وای کرد، لەسەر ئاستی عێراق کاردانەوەی زۆری لێ بکەوێتەوە.
لە ڕاگەیهنراوێكدا له ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦، فایهق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جەختی لەوە کردهوه کە بوونی چەندان ناوەندی بڕیاردان، بەتایبەت لە ڕووی سەربازییەوە، عێراق دەخاتە ناو بازنەی جهنگێکی ناوخۆیی و ناوچەیییهوه. هەروەها گوتیشی کە ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جهنگ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سهر سەروەری و سیادەی عێراق.
لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکاندا لە کاتی جهنگی ئەمریکا و ئێران، فڕۆکەکانی ئەمریکا چەندان جار هێرشی ئاسمانییان کردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەناو عێراقدا. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەنبار، سەرکردایەتیی گرووپێکی سەر بە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانی کردە ئامانج و ١٥ کەس کوژران و ٣٠ کەسیش بریندار بوون. هەروەها لە ٢٥ی ئادار، ئەمریکا هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی سەربازیی حەبانییە، کە پەیوەست بوو بە وەزارەتی بەرگریی عێراق و، بووە هۆی کوژرانی چەند ئەندامێکی خزمەتگوزاری و برینداربوونی هەندێکی تر لە سوپای عێراق. بەپێی هەندێ سەرچاوە، هێرشەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشێکی یەکەی پزیشکیی لەناو بنکەکە کردە ئامانج کە بریندارەکانی حەشدی شهعبی تێیدا چارەسەر دەکران.
هێرشەکانی ئەمریکا دژی حەشدی شەعبی، کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە و حکوومەتی عێراق بەتوندی هێرشەکانی ئەمریکای شەرمهزار کرد. لە ڕاگەیهنراوێکدا لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٦، حکوومەتی عێراق ئەم هێرشانەی وەک پێشێلکردنی زەقی سەروەریی عێراق ناساند و جەختی کردەوە کە “عێراق مافی وەڵامدانەوەی هەیە بە هەموو شێوازێکی بەردەست بەپێی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان.” هەروەها سوودانی نوێنەری ئەمریکای بانگهێشت کرد و نامەیەکی فهرمیی ناڕهزایهتیی پێ درا. ڕاستییهكهی، ئەم هەڵوێست و ڕاگەیهنراوەی سوودانی هەڵەیەکی مەزن بوو، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتی دا بە گرووپە میلیشیاکان بۆ ئەوەی “بە ناوی خۆپاراستن” هێرش بکەنە سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؛ ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق نەیتوانی ڕێگری بکات لە هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
لێرەدا، لەجیاتی ئەوەی حکوومەتی سوودانی میلیشیاکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، ڕێگەی پێ دا بەردەوام بن لە هێرشەکانیان دژی ئەمریکا. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئەمریکا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بکات بەرامبەر سوودانی و، چیتر پاڵپشتیی نەکات بۆ ئەوەی دووبارە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت و “چوارچێوەی هەماهەنگی”یش بەئاسانی توانییان سوودانی لە کاندیدبوونی بۆ ئەو پۆستە دوور بخەنەوە.
بە شێوەیەکی گشتی هۆکارە سەرەکییەکانی پشت هێرشەکانی گرووپە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، دەتوانرێت بۆ چەند فاکتەرێکی سەرەکی بگەڕێنرێتەوە: یەکەم، کردنەوەی بەرەیەکی تری جهنگ دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، زیادکردنی تێچووی ئابووریی جهنگەکە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ، گوشاردروستکردن بۆ ئەوەی ئەمریکا کۆتایی بە جهنگەکەی دژی ئێران بهێنێت، ناچارکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کشانەوە لە عێراق و، پاراستنی کاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراق، بەو شێوەیەی کە عێراق لەناو بازنەی سیاسەتەکانی ئێراندا بمێنێتەوە.
کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جهنگ: هەرێمی کوردستان لەژێر هێرشی میلیشیا شیعەکاندا
له گهرمهی جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، تاران بەتەنیا ڕاستەوخۆ هێرشی نەکردە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هێزە بەوەکالەتەکانیش لە عێراق هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر هەرێمی کوردستان. سەرچاوە کوردییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ٢٨ی شوبات تا ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، زیاتر لە ٧٠٠ درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. هەروەها لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، زیاتر لە ٣٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر هەرێم.
ئامانجی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان جۆراوجۆر بوون، لەوانە: کونسوڵخانەی ئەمریکا، هۆتێل و شوێنە مەدەنییەکان، ژێرخانی ئابووری، گێڵکەکانی نەوت و گاز، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، بنکەکانی پێشمەرگە، فڕۆکەخانەی نێودهوڵهتیی هەولێر و هەریر و، کەمپەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی کوردی ئێرانی (كوردانی ڕۆژههڵات). نەک هەر ئەمە، بەڵکوو لە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦، گرووپە میلیشیاکان به هێرشی درۆنی، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، “نێچیرڤان بارزانی”یان لە دهۆک كرده ئامانج. ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر “بارەگای بارزانی” پێنج جار بەئامانج گیرابوو.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە بەرامبەر ئەم هەموو هێرشانەدا، حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جددیی دژی ئەم گرووپە میلیشیایانە نەهاوێشت. لێرەدا هۆکارەکان جۆراوجۆرن سەبارەت ئەوەی بۆچی حکوومەتی عێراق بەرامبەر ئەم هەموو هێرشانە بێدەنگ بوو: یەکەم، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی حەز و ئیرادەیان نەبووە و نییە ڕێگری لە هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر هەرێم بکەن و تەنانەت زۆر جاران پێیان خۆش بووە ئەم گرووپە میلیشیایانە هێرش بکەنە سەر هەرێم. بەتایبەت زۆر جاران بەرپرسانی عێراق، گرووپە میلیشیاكانیان وەک ئامرازێکی گوشار دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوه بۆ سەپاندنی سیاسەتی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا.
لە زۆر کاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ڕوونی داوهتە بەرپرسانی عێراق سەبارەت سەرچاوەی هێرشەکان و ئەوانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام، لەبری ڕێگریكردن لە هێرشەکان و دەستگیرکردنی تاوانباران، دەسەڵاتی بەغدا سیاسەتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی گرتۆتە بەر و، هیچ ڕێوشێنێکی نەگرتۆتە بەر دژی ئەو گرووپانە.
هۆکاری دیکە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەم گرووپانەدا ناشكێت و، ناتوانێت هەنگاوی کاریگەر بۆ دژایەتییان بگرێتە بەر. تەنانەت له كاتی جهنگی ئەمریکا و ئێراندا، گرووپە چەکدارەکان لە ١٤ی ئادار، هۆشدارییهکی توندیان دایه سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەگەر یەک ئەندامیان دەستبەسەر بکرێت، سەرۆکوەزیرانیش دەکوژن! بۆیە، ئەم گرووپانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن و حکوومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی بهسهریانهوه نییە. ئەمە لە کاتێکدایە، حکوومەتی عێراق مووچە، چەک و پارە بەم گرووپانە دەدات. بەڵام هەمان ئەو گرووپانە هەڕەشەی کوشتنی سەرۆکوەزیران دەکەن ئەگەر سیاسەتێک پراکتیزە بکات دژی بەرژەوەندییەکانیان بێت.
بۆیە دەتوانین بڵێین لە عێراقدا دوو دەوڵەت هەیە: دەوڵەتێکی فەرمی کە زۆر شکڵییە و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی نییە و، “دەوڵەتی قووڵ” کە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە ئاراستە دەکرێت و هەژموونی تەواوی بەسەر پرۆسەی سیاسی و سەربازیدا هەیە لە عێراق.
هۆکارێکی تریش، پەیوەندیی بەوەوه هەبووە کە سوودانی خۆی هیچ نییەتێکی نەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرووپانە، چونکە بەشێکیان هاوپەیمانی سوودانی بوون و تەنانەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیشدا لە لیستەکەیدا بەشدار بوون.
لە لایەکی تریشەوە، ئەوەی بۆ سوودانی گرنگ بوو، پاریزگاریکردن بووە لە پێگە و دەسەڵاتەکەی، نەک پارێزگاریکردن لە سەروەری و سیادەی عێراق یاخود ڕووبەڕووبوونهوه لهگهڵ گرووپە میلیشیاکان. بەتایبەت سوودانی لهو ڕاستییە تێ گهیشتبوو ئەگەر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی گرووپە میلیشیاکان ببێتەوە، دەرفەتی بوون بە سەرۆکوەزیران بۆ جاری دووەم لەدەست دەدات. بەتایبەتی، گرووپە چەکدارەکان تەنیا هێزی چەکدار نین، بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پێگەی گرنگیان هەیە و لە پەرلەماندا ژمارەیەکی قورسن و کاریگەرییان لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی هەیە. سهرهڕای پراکتیزەکردنی ئەم سیاسەتەیش، بەڵام سوودانی ههر نەیتوانی دووبارە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتهوه و، لە کۆتاییدا لە کێبڕكێکە دوور خرایەوە.

ئێرانی دوای کۆتاییهاتنی جهنگ و مەترسییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان
ئهوهی ڕاستی بێت، جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە داهاتوودا کاریگەری و لێکەوتەی زۆری دەبێت بۆ هەرێم؛ بەتایبەت کە سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخانی سیستهمی سیاسی لە ئێران ڕووبەڕووی شکست بووهتەوە. گومانی تێدا نییە ئەگەر هاوکێشەکان بە شێوەیەی ئێستا بمێننهوه و ئێران وەک دەسەڵات و سیستهم بمێنێتهوه، گوشاری زۆر دهخرێته سهر هەرێم. بەتایبەت ئێرانی دوای جهنگ، پێ دەچێت سیاسەتێکی زۆر توندتر بەرامبەر هەرێم بگرێتە بەر. لە لایەک چاوەڕێ دەکرێت ئێران هەوڵ بدات گوشاری زیاتر بخاته سهر هەرێم و تەنانەت زیاتر کار بۆ ناسەقامگیرکردنی بکات. لە لایەکی دیكهیشەوە ئێران زیاتر لە جاران پاڵپشتیی هێزە پرۆکسییەکانی دەکات، بەتایبەت لە عێراقدا و، تەنانەت لەسەر ئاستی ناوچەکەیش پێ دەچێت ئێران سیاسەتێکی زۆر توندڕەوانەتر پراکتیزە بکات. لەم بارەیەوە، هەرێمی کوردستان لەوانەیە زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە، بەرامبەر سیاسەتی نوێی ئێران نیگەران بێت.
یەکێک لە ئەگەرە هەرە بەهێزەکان ئەوەیە کە ئێران له هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؛ وەک ئەوەی ئێستا دەیکات، کە وێرای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام لەم ماوەیەدا ئێران بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی هەرێم لە ڕێگەی درۆن و مووشهکەوە. هەروەها ئەو ئەگەرەیش بەهێزە، کە ئێران هەوڵ بدات ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژههڵات ئەنجام بدات؛ بەتایبەتی پاش ئەوەی ڕاپۆرته جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە CIA و مۆساد، هانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێرانیان داوە بۆ چوونهناو خاکی ئێران لە ماوەی جهنگەکەدا. بۆیە، پێ دەچێت ئێران هەوڵ بدات هەموو ئەم مەترسییانە لە داهاتوودا نههێڵێت و هەمان سیناریۆی “موجاهیدینی خەلق” لەگەڵ هێزە کوردییەکان دووبارە بکاتەوە. جگە لەوەیش، ئێران زیاتر هێزە پرۆکسییەکانی لە عێراق هان دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. لە لایەکی تریشەوە، لهوه دهچێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی عێراق- کە لەلایەن شیعەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت- بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توندتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان.
بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەم سیناریۆیانە ئامادە بکات. لەم بارەیەوە، پێویستە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دژەمووشەک و درۆن لە هەرێم جێگیر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسمانی خۆی بپارێزێت.
سەرچاوەکان
- Ahmed, Z. R., & Shukri, N. (2022). What do Iran’s protests mean for Iraq and the Kurdistan Region?The Washington Institute for Near East Policy. https://www.washingtoninstitute.org.
- Gambrell, J., Sewell, A., & Abdul-Zahra, Q. (2025, July 29). How Iraq’s leader kept the country neutral in the Israel-Iran war. Associated Press. https://apnews.com/article/76f33efb8a903361b01eaed6b96ec040
- Kurdistan Regional Government (KRG). (2024–2025). Official statements on regional security developments. https://presidency.gov.krd
- “Statement Issued by the Ministry of Peshmerga Affairs,” بيان صادر عن وزارة البيشمركة في إقليم كوردستان2025.
- Mohtadi, A., Bradost, S., & Pollock, D. (2022, December 13). Kurds against the Iranian regime: Internal and regional implications. The Washington Institute for Near East Policy. https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/kurds-against-iranian-regime-internal-and-regional-implications
- (2026, March 5). The Kurdish struggle for rights and land. https://www.reuters.com/world/middle-east/kurdish-struggle-rights-land-2026-03-05
- (2022). Iran threatens targeting Kurdistan Region facilities if opposition parties cross border. https://www.rudaw.net
- (2022). Iran strikes Kurdish opposition group in Iraq. https://www.rudaw.net
- (2025). KRG condemns continued rocket and drone attacks, criticizes Iraqi government silence. https://www.rudaw.net
- (2025). Kurdistan Region hit by over 700 drones and missiles. https://www.rudaw.net
- (2025). Iraq’s top judge warns armed groups against escalation. https://www.rudaw.net
- Tasnim News Agency. (2025). IRGC Central Headquarters warning to Kurdistan Region officials. X (formerly Twitter). https://x.com
- Toomey, B. (2026, March 1). Iraqi Shiite militias join the war between Israel, the US, and Iran with drone attacks. FDD’s Long War Journal. https://www.longwarjournal.org/archives/2026/03/iraqi-shiite-militias-join-the-war-between-israel-the-united-states-and-iran-with-drone-attacks.php
- Al Arabiya English. (2026, March 24). Airstrikes target HQ and leader of Iran-backed militia umbrella group in Iraq. https://english.alarabiya.net
- Lawk Ghafuri. (2025). Post on regional security threats. X (formerly Twitter). https://x.com/LawkGhafuri/status/2036741359680303558







