پێنووس

خوێندنەوەیەکی شیکارى بۆ بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦

موه‌فه‌ق عادل عومه‌ر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر

پێشەکی

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا (Antalya Diplomacy Forum – ADF) ساڵانە لە تورکیا بە بەشداریی سەدان کەسایەتی و بەرپرسی باڵای وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچێت و تیایدا پرس و پێشهاتەکانی جیهان لە چوارچێوەی بنەماکانی دیپلۆماسی تاوتوێ دەکرێت.

 لە ڕۆژانی ١٧-١٩ى نیسانی ٢٠٢٦، پێنجەم کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا  ٢٠٢٦ بە بەشداریی شەش هەزار و چوار سەد کەسایەتی لە سەد و پەنجا وڵاتی جیاواز، کە (٢٣)یان سەرۆکی حکوومەت و، (١٣)یان جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان بوون و، هه‌روه‌ها (٥٠) وەزیر و نوێنەرى (٨٧) ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی تێدا بوو، به‌ڕێوه‌ چوو.

لە کۆڕبەندەکەدا بۆ هەر ساڵێک دروشمێک دیاری دەکرێت؛ دروشمی ئەمساڵ بریتی بوو لە ” ڕووبەڕووبوونەوەى نادیارییەکان لە کاتی نەخشەکێشانی داهاتوودا– Yarını Tasarlarken Belirsizliklerle Baş Etmek – Mapping Tomorrow, Managing Uncertainties”، کە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بە شێوەیەکی گشتی چاودێریی ڕەوشی دیپلۆماسی کرا؛ هەروەها لەنێو چاوپێکەوتنە دووقۆڵییەکان، پانێلەکان و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا پرسە گرنگ و هەنووکەیییەکان تاوتوێ کران.

بێ گومان بەشداریکردن لەم جۆرە دیدارە دیپلۆماسییانە زۆر گرنگە؛ بەتایبەت بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەکوو هەرێمی کوردستان، ئەم گرنگییە زیاتر دەردەکەوێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان “نێچیرڤان بارزانی” بەشداربوویەکی گرنگی کۆڕبەندەکە بوو.

 لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین ئاماژە بە گرنگیی ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەین.

بۆچی بەشدرایکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦ هەنگاوێکی گرنگە؟

بەشداریکردنی سەرۆک “نێچیرڤان بارزانی” وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا  ٢٠٢٦، گرنگیی ستراتیژی و سیاسیی گەورەى هەیە کە بەشداربوونێکی پرۆتۆکۆڵی تێ دەپەڕێنی و، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێگەى هەرێمی کورستانەوە هەیە لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا. دەتوانین ئەم گرنگییە لە ڕێگەى ئەم خاڵانەى خوارەوە بخەینە ڕوو:

١. جەختکردن لە ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی سیاسیی هەرێمی: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ١٦ى نیسانی ٢٠٢٦ لە ڕاگەیه‌نراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد کەوا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە ئەنتاڵیا؛ ئەمه‌یش بە واتای ئەوە دێت کە خودی بانگهێشتنامەکە بریتییە لە شێوازێکی ئامادەبوون، کە مۆرکێکی سیاسیی دانپێدانراوە لەلایەن وەڵاتی ڕێکخەرى کۆڕبەندەکەوه‌. ئەمەیش بە مانایەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەى ناوخۆی عێراقدا گۆشەگیر نەکراوە، بەڵکوو توانیویەتی خۆی وەک قەوارەیەکی سیاسی پێشکەش بکات کە توانای ڕاستەوخۆی هەیە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسە نێودەوڵەتییەکان. ئەمەیش دەکرێ لە چوارچێوەى پارادیپلۆماسییەوە (واتا یەکە فیدراڵییەکان یاخود هەرێمەکان دەتوانن مومارەسەى ئەرکە دەرەکییەکانیان بکەن، بەبێ ئەوەى ببنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ) خوێندنەوەى بۆ بکرێت.

٢. پتەوکردنی پێگەى هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشە هەرێمییەکاندا: هەروەک لەسەرەوەیش ئاماژەمان پێ داوە کەوا کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦ لەژێر دروشمی “ڕووبەڕووبوونەوەى نادیارییەکان لە کاتی نەخشەکێشانی داهاتوودا” ڕێک خراوە، کە ئەمەیش بە واتای بەڕێوەبردنی داهاتوو و قۆناغە نادیارەکان دێت و، ئەم دروشمەیش تا ڕاددەیەکی بەرچاو سروشتی ئەم قۆناغە ناسەقامگیرەى ئێستامان بۆ ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌. بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێم لەم کۆڕبەندەدا، گرنگیی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەردەخات کە لە ڕووی جوگرافی و سیاسییەوە دەکەوێتەوە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا؛ كه‌واته‌، هەر گۆڕانکارییەکی هەرێمی، کاریگەریى ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمیش دەبێت.

 لەم گۆشەنیگایەوە ئامادەبوون لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا  ٢٠٢٦، بریتییە لە هەوڵێکی لۆژیکی بۆ تێپەڕین لە پێگەى “بەرکەوتەى قەیرانەکان”ەوە بۆ پێگەى “بەشداری لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان”؛ واته‌ لەجیاتی ئەوەى چاوەڕێ بکرێت قەیرانەکان چ کاریگەرییەکی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، کار بۆ ئەوە دەکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە تەرەفێک لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان.

٣. جەختکردنه‌وه‌ لە بێلایەنیی پراگماتیکی و خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلان لە ململانێکاندا:  یەکێک لە گرنگییەکانی بەشداریکردنی سەرۆک “نێچیرڤان بارزانی” لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا  ٢٠٢٦، بریتییە لەوەى کە هەرێمی کوردستان ئاوا نیشان بدرێت کە تەرەفی هیچ لایەنێک نییە لە ململانێ هەرێمییەکاندا. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌ نێوه‌ندی چاوپێکەوتنەکانیدا لە کۆڕبەندەکە، زیاتر جەختی لە جێگیرکردنی ئاگربەست کردووە و هەوڵی داوە دووبارە گرژی و ئاڵۆزییەکان سەر هەڵنەدەنەوە، چونکە لە ماوەى ڕابردوودا لە ئەنجامی جەنگی ئێرانەوە هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لەو لایەنانەى کە زۆرترین زیانی بەرکەوت.

ئەم هەنگاوەى سەرۆکی هەرێم، دەکرێ لە چوارچێوەى بێلایەنیی پراگماتیکییەوە خوێندنەوەى بۆ بکرێت؛ واته‌ هەرێمی کوردستان تەنیا لە ڕووی تیۆرییەوە بێلایەنیی خۆی ڕاناگەیه‌نێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات لە ڕووی پراکتیکییەوەیش خاک و دامەزراوە دەستوورییەکانی خۆی لەوە بپارێزێت کە ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەم سیاسەت و ستراتیژییە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە هەولێر بەهۆی پێگە هەستیارەکه‌یەوە، کە دەکەوێتە نێوان نفووزی ئەمریکا و تورکیا و ئێران، لە ڕووی ئەمنییەوە هیچ دەرفەتی سەرکێشیکردنی نییە.

٤. پەرەپێدانی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا خاڵێکی گرنگی دیکەیە کە لە نێوه‌ندی سەردانەکەدا سەرۆکی هەرێم هەنگاوی لەپێناودا ناوە. لە چوارچێوەى کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ڕێکەوتی ١٨ى نیسانی ٢٠٢٦ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان”، کۆ بووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەڵ دەربارەى بەهێزکردنی هاوکارییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها هەردوو لا جەختیان لەسەر پابەندیی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی گەشەپێدان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە تورکیا  دەرچەیەکی ئابووری، هاوبەشێکی بازرگانی و، دەروازەیەکی جوگرافیی گرنگە بۆ گەیشتنی هەرێمی کوردستان بە بازاڕە جیهانییەکان. هەروەها تورکیا لایەنێکی کاریگەرى ئەمنییە لە دۆسیەى سنوور و پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌). بۆیە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، پەیوەندیدار نییە تەنیا بە ڕەهەندی دیپلۆماسییەوە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە ئاسایشی وزە و بازرگانی و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بۆیە ئەم کۆڕبەندە وەک دەرفەتێک لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە بینرا بۆ ئەوەى ئەو هاوبەشییە ستراتیژی و سیاسی  و ئەمنی و ئابوورییەى لەگەڵ تورکیا هەیە، پەرەی پێ بدرێت.

٥. کردنەوەی کەناڵێکی ئەمنیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوەى سەربازیی تورکی: چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تەنیا بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمارى تورکیاوە سنووردار نەکرا، بەڵکوو کۆبوونەوەیەکی دیکەى گرنگی لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا “یەشار گولەر” ئەنجام دا. بەپێی ڕاگەیه‌نراوە فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان، گرنگیی پاراستنی ئاگربەست و، پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەم چاوپێکەوتنە زۆر گرنگە، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستی گوتاری سیاسییەوە بۆ ئاستی هەماهەنگیی ئەمنی دەگوازێتەوە.

دامەزراوەى سەربازی لە تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە سنوور و، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها سوپا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە دیاریکردنی تێڕوانینی ئەنقەرە بۆ ئاسایشی هەرێمی. واته‌ ئەم چاوپێکەوتنە لە هەمان کاتدا بە واتای ئەوە دێت کە هەرێم دەیەوێ دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان، لەجیاتی بەرزکردنه‌وه‌ى ئاستی گرژییەکان، لە ڕێگەى کەناڵە فەرمییەکانەوە بەڕێوە ببات.

٦. بەهێزترکردنی پێگەى هەرێم لە هاوکێشەى سیاسیی عێراقدا: هەرچەندە کۆڕبەندەکە لەسەر ئاستی دەرەکییە، بەڵام ئەنجامەکانی، کاریگەریى دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق؛ چونکە هەر چاوپێکەوتنێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەلایەن بەرپرسانی هەرێمى کوردستانەوە، پێگەى هەرێم لە دانوستانەکاندا لەگەڵ بەغدا دەربارەی بابەتە کێشەلەسەرەکانی وەکوو (بوودجە و مووچە، نەوت، دەسەڵاتە دەستوورییەکان، ئاسایش، وەبەرهێنان و هتد) بەهێزتر دەکات. ئەمەیش لە زمانی سیاسەتدا پێ دەوترێت “سەرمایەی دیپلۆماسی”؛ واته‌ گۆڕینی پەیوەندییە دەرەکییەکان بۆ هێزی دانوستاندنی ناوخۆیی و دەرەکی. بەڵام ئەم هەنگاوەى هەرێم، پێویستی بە هاوسەنگییەکی زۆر ورد هەیە، چونکە بۆ هەولێر باشترە هەوڵە دیپلۆماسییە دەرەکییەکانی وا نیشان بدات کە تەواوکەرى عێراقی فیدراڵە، نەک شوێنگرەوەى. بۆیە لێرە کێشەی فیدراڵیزمی عێراقمان دێتە پێش، ئەویش بریتییە لەوەى کە هەرێم لە ڕووی کردەیییەوە پەراوێزێکی دەرەکیی باشی هەیە بەڵام بەردەوام پێویستى بە بەڕێوەبردنی ئەم پەراوێزە هەیە بەبێ ئەوەى ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان ببێتەوە. سەرۆک “نێچیرڤان بارزانی”یش کەسایەتییەکی گونجاوە بۆ ئەم ئەرکە و، دەتوانین بڵێین تا ئێستا توانیویەتی ئەم هاوسەنگییە وردە بە شێوازێک بپارێزێت کە هەنگاوەکانی سوودی دوولایەنه‌ی هەیە؛ هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەمیش بۆ عێراقی فیدراڵ.

٧. لە گۆشەنیگای هەرێمی کوردستانەوە تێکەڵبوون بە مەلەفی سووری: لە نێوه‌ندی چاوپێکەوتنەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی مەلەفی سووری، بەتایبەت ئەو چاوپێکەوتنانەى پەیوەندیدارن بە سووریا و ئەمریکا، ده‌رده‌كه‌وێت کە تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بۆ سووریا وەکوو کەیسێکی ئەمنیی ڕاستەوخۆ وایە، نەک دۆزێکی دەرەکیی دوور لە هەرێم.

یەکێک لە بابەتەکانی کۆڕبەندەکە پێشهاتەکانی سووریا و بارودۆخی کورد و، کاریگەریی قەیرانە هەرێمییەکان لەسەر سووریا بوو. لەم چوارچێوەیەدا یەکێک لەو بەرپرسە باڵایانەى کە سەرۆکی هەرێم لەگەڵى کۆ بووەوە، سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع بوو؛ چونکە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە داهاتووی ڕۆژاوا، بارودۆخی هێزە کوردییەکانی سووریا، سروشتی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، ئەمانە هەموویان ئەو فاکتەرانەن کە کاریگەریى ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کورستان هەیە. بۆ نموونە گەر بارودۆخی سووریا تێک چوو، ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریى دەبێت لە سنووررەکان و کێشەى پەنابەرە سوورییەکان و پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا. بۆیە ئامادەبوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم دۆسیەیەدا، ئامانجی گواستنەوەی هەرێمە لە پێگەى “ئەوەى ڕووداوەکان کاریگەریى بکاتە سەری” بۆ پێگەى “بەشداربوو لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان”.

٨. پاڵپشتیکردن لە پێگەى هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦ لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت“، سکرتێرى گشتیى کۆمکارى عەرەبی کۆ بووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و گرنگیی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاوتوێ کران. ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە هەرێمی کورستان لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە ژینگە و بارودۆخێکی شڵەژاودا خۆی وەک “ناوچەیەکی سەقامگیر” پێشکەش دەکات و دەناسێنێت.

ئەم گوتارەى هەرێم تەنیا لەسەر ئاستی میدیادا نییە، بەڵکوو وەک ئەرکێکی سیاسی و ئابوورى دێتە پێشمان. لەم چوارچێوەیەدا لە ئەرزی واقعیشدا کار بۆ زامنکردنی پاڵپشتی دەکرێت  و، هەوڵ دەدرێت پاڵپشتی لە وەربەهێنان بکرێت؛ هەروەها کار بۆ بەدەستهێنانی متمانەى هاوبەشان دەکرێت و، هەولێریش وەکوو تەرەفێک نیشان دەدرێت کە دەکرێت لە پرۆسەى بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا پشتی پێ ببه‌سترێت. ئەمەیش بەپێی چەمکی هێزی نەرمەوە، بارودۆخە سەقامگیرەکەى هەرێم، دەکرێت ببێتە نفووزێکی سیاسیی کردەیی؛ کە ئەمەیش یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکی هەرێم لە کاتی بەشداریکردنی لەم جۆرە کۆڕبەندانەدا.

٩. جێگیرکردنی ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردیەکی دیپلۆماسیی کۆکەرەوە: فرەییی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە كاتی کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦، هاوتەریبە لەگەڵ پێگە سیاسییەکەى وەک سەرکردەیەک کە لایەنگری دیپلۆماسیی هێمن و کردنەوەی دەرگه‌کانی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوەیە لە گرژی و ئاڵۆزی. ئەم بابەتە زۆر گرنگە چونکە هەرێم ئێستا لە قۆناغێکی هەستیاردایە کە پێویستی بە سەرکردایەتییەک هەیە کە توانای کارکردنی هەبێت لەگەڵ تورکیا و ئێران و بەغدا و واشنتۆن و سووریا لە یەک کاتدا. واتا ئەم جۆرە سەرکردایەتییە جیاوازە لە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوە و دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی، چونکە سیاسەتەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لەسەر کەمکردنەوەى زیانەکان، فراوانکردنی بژاردەکان و جێگیرکردنی پێگەى هەرێم لە ڕێگەى دانوستاندن لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوە، بونیاد نراوە.

بۆیە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦، تەنیا پێگەى هەرێمی کوردستانی بەهێزتر نەکرد، بەڵکوو پێگەى سەرۆکایەتیی هەرێمیشی وەک دامەزراوەیەکی هاوسەنگ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی، پته‌وتر و بەهێزتر کرد.

کۆبەند

گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦، لەوەدایە کە توانیی چوار ڕەهەندی پەیوەندیدار بەیەکەوە کۆ بکاتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە: پەرەپێدانی شەرعییەتی سیاسیی دەرەکی، بەرێوەبردنی هاوسەنگییە هەرێمییەکان، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم و بەهێزکردنی پێگەى هەولێر لە ناوەوە و دەرەوەى عێراقدا. بۆیە  ئەمە تەنیا بەشدارییەکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ستراتیژ و سیاسەتێکی فراوانتر کە ئامانجی ئەوەیە هەرێمى کوردستان بکاتە ئەکتەرێکی سەقامگیر، هاوسەنگ و کاریگەر لە ژینگەیەکی هەرێمیی زۆر ئاڵۆزدا.

بۆیە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەم قۆناغەدا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەم جووڵە و هەنگاوە دیپلۆماسییانەیە کە وەک دەرچەیەکی گرنگ تەماشا دەکرێت بۆ دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانانەى کە تیایدایە  و، لە هەموویشی گرنگتر ئەم هەنگاوانە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە بەڕێوە دەبردرێت؛ ئەویش سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.

image_pdfimage_print