پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
”ئێمە بکەرێکی ئەرێنیی ئەکتیڤى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستین و بەشێک نین لە جەنگ”
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژى 29/4/2026 بە سەردانێکی فەرمی و بابەتى دووقۆڵیی نێوان هەردوو لا گەیشتە دەوڵەتى ئیمارات. لە ماوەى پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئەوە چوارەمین سەردانى فەرمییە؛ بێجگە لە سەردانى یەکەمى بۆ ئەو وڵاتە کە لە ساڵی 2021 دا بوو( 1 )، کە بە سەردانێکی بنیاتنەرى پەیوەندیی نێوان هەردوو لا ئەژمار کرا، بەڵام هەرسێ سەردانە فەرمییەکەى تر بە ستراتیژى و بۆ بابەتى گرنگ بوون.
هەر لەو کاتەوە سەردانە فەرمییەکان لەسەر هەردوو ئاستى حکوومەت کە سێ جار و، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە چوار سەردانى فەرمین، تهقریبهن هەموو ساڵێک بەڕێکخراویی ئەنجام دراون؛ تەواوى گفتوگۆکانیش ستراتیژى و لەسەر ئاستى دیپلۆماسییەتى لووتکە ساز دراون. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی زۆر مەبەستیەتى ئەو پەیامە بگەیەنێ، کە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە وێستگە گەشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ هەرێم بەدواى گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونى خۆی و بکەرێکی ئەکتیڤیشە لە بوارى دژایەتیى تیرۆرو ئاسایشی هەرێمی؛ هەرگیزیش بەشێک نەبووە و نابێت لەو جەنگانەى کە لە ناوچەکە کەوتوونەتەوە.
ڕەهەندەکانى سەردانەکە
سەردانەکە لە کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگدایە لە ناوچەکە و هەرێم و عێراق. هێشتنەوەى ڕایەڵەى پشتیوانیی دەرەکی، یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانى سیاسەتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان. سەردانەکە بۆ زیاتر جەختکردنەوەیه لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی ناوچەیی و بەردەوامیى گفتوگۆکان بەڕێکخراوەیی. لە لایەکی تریشەوە سەرلەنوێ جەختکردنهوه و سوودبینین بوو لە ئەزموونى گەشەسەندنى ئیمارات و هاندانى وەبەرهێنانى ئەو وڵاتەیە لە هەرێم( 2 )، چونکە ئێستا لە هەرێم زیاتر لە 200 کۆمپانیاى ئیماراتى لە بوارەکانى وزە، کشتوکاڵ، خانووبەرە و، خزمەتگوزاریى بنەڕەتى ههن، کە تەنیا 50 لەو ژمارەیە لە ماوەى دوو ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە هەرێم( 3 ).
قەبارەى وەبەرهێنانى ئیماراتیش لە هەرێم، زیاترە لە دوو ملیار دۆلار. ئیمارات لە دواى تورکیا و ئێران، سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیى هەرێمی کوردستانە( 4 ). ئەو وەبەرهێنانەى ئیمارات کە بەرەنجامى ئەو سەردانانهیه، بووەتە هۆى: هەمەچەشنەییى ئابوورى و سەرچاوەکانى داهات، بنیاتنانى ژێرخانى هەرێم (بهتایبەت لە بوارى ئەزموونى وەرچەرخانى دیجیتاڵی لە دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێم)، گەشەسەندنى جووڵەى بازرگانى (بەوەى کە بەندەرەکانى وڵاتى ئیمارات بە وێستگەیەکی گرنگى ئەو جووڵەیە بەرەو هەرێم ئەژمار دەکرێن)؛ بێجگە لەوەى کە بووەتە مایەى بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانى نێوان هەردوو لا؛ تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە ئیمارات نێردەیەکی تایبەتى بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانى لەگەڵ هەرێمی کوردستان داناوە.
سەردانەکەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێک دواى یەک ساڵ دێت بۆ ئیمارات؛ پار لە هەمان مانگى نیساندا ئەنجامی دا. بەڵام دۆسیەکانى ئەمساڵ زۆر زیاتر بوون لەوەى پار؛ گەرچی سەرلەنوێ جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و توندڕەوى و ئاسایشی ناوچەکە کرایەوە. ئەمەیش وا لە هەرێم دەکات کە لەو بارەیەوە میحوەر و بکەرێکی سەرەکیی سیاسیی نادەوڵەتى بەردەوام بێت لە ناوچەکە و، ههروهها لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى. لە هەمان کاتیشدا ئەم سەردانە ئەوە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕۆڵی هاوسەنگیى هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگێڕێت.
هەر ئەم پەیوەندییەى هەرێم و ئیماراتە، کە بووەتە هۆکارى ئەوەى ئیمارات ڕۆڵی ئەرێنى لە سەقامگیریی عێراق بگێڕێت و پەیوەندییەکانى لەگەڵ حکوومەتى عێراقی پتەوتر بکات. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە لە ڕووى ستراتیژییەوە، ئیمارات بەردەوام دان بەوەدا دەنێت و جەختیش دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان لە توانایدایە ڕۆڵی کاریگەر و گرنگى ئەرێنی لە هاوکێشەکانى عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بگێڕێت. پارسەنگى ئەو دیدە ستراتیژییەیش: پێدانی پێگەیەکی زیاتر و بەسەنگترە بە هەرێمی کوردستان و، چەندان دەروازەى تر لە دەرەوەى هەرێم بەڕوویدا دەکاتەوە و تۆڕی پەیوەندییەکانیشی فراوانتر دەکات. ئەمانەیش هەموویان لە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا چەسپاون و هەوڵی بەدیهێنانیان دەدرێت و پارسەنگەکەیشی بۆ هەرێم تا هەنووکە ئەرێنی بوون.
ڕەنگدانەوەى سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر پێگەى هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان لهپێناو پرسی نەتەوەیەکی ستەمدیدەدا خهبات دەکات. گەرچی ئهم ههرێمه ئێستا لە عێراقدا لە سیستهمى فیدراڵیدا بەپێی دەستوور بەرجەستە بووە، بەڵام گهرەنتیى مانەوەى لە مەترسیدایە. دوژمنانى سیستهمى فیدراڵی زۆر لە پشتیوانانى زیاترن. هەندێ جار وا دەبینرێت کە فیدراڵییەت لەبەردەم ڕێوڕەسمى مەرگەساتدایە و ڕێوشوێنەکانى لە ڕووی سیاسی و کارگێڕی و یاسایییەوە بەرەو سێنترالیزمى وڵات لە برەودایە؛ هەر بۆیە پێگەى سەربەخۆی هەرێم بەردەوام پێویستى بە پشتیوانیى نێودەوڵەتى و دەمەزەردکردنەوە هەیە لەو بارەیەوە.
یەکێک لە ئامانجەکانى ئەو سەردانە، پتەوکردنەوەى شەرعییەتى هەرێمە لەسەر ئاستى عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نێودەوڵەتى، کە جۆرێکە لە دەمەزەردکردنەوەى دانپێدانان بە پێگەى هەرێمی کوردستان لەسەر هەرسێ ئاستەکە؛ بەوەى کە هەرێم بکەرێکی سەربەخۆ و کاریگەر و ئەکتیڤە و لە هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست حیسابی بۆ دەکرێت. ئەمە نهك ههر پێگەکەى لەسەر ئاستى ناوچەکە پتەوتر دەکات، بەڵکوو لەسەر ئاستى بەغداش بەسەنگتری دەکات.
یەکێکی تر لە بوارەکانى ڕەنگدانەوەى ئەو سەردانانەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات و دەوڵەتانى دیکە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، سەرلەنوێ جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەى کە هەرێمی کوردستان ئارامترین نەوایە بۆ وەبەرهێنان لە تەواوى عێراقدا. لە لایەکی دیكهیشەوە بەرەوپێشچوونى ئەو پەیوەندییە ئابوورییانە و ڕەنگدانەوەى لەسەر واقعی هەرێم، بۆتە هۆى ئەوەى کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوە بچێت کە بتوانێت لە زۆر بواردا پشت بە خۆى ببەستێت. هەر بۆیە هەرێمی کوردستان لە چەندان بواردا توانیویەتى پێویستى بە دەرەوەى خۆى نەبێت. گەرچی بەردەوام بەرەوپێشچوونى وەبەرهێنان و کەرتەکانى ئابوورى و بازرگانى، پێگەى هەرێمی لە دانوستان لەگەڵ بەغدا بەهێز کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە جێی تەماحی بەغدا و هەوڵدان بۆ لەباربردنى ههنگاوهكانی پێشكهوتن.
ئەوەى سەردانەکان پێمان دەڵێن: ئەوەیە کە هەرێم توانیویەتى لە پەیوەندییەکانى دەرەوەیدا هاوسەنگی بپارێزێت، بهتایبەت لەگەڵ ئێران و تورکیا. ئەو پرۆسەى هاوسەنگییەیش واى لە هەرێم کردووە کە بریتی بێت لەو لایەنەى کە زیاتر لە بژاردەیەکی هەیە لە پەیوەندییەکانیدا بۆ تێڕوانین بۆ هاوکێشەکان لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەمەیش وای کردووە کە هەرێم تواناى جووڵەى سیاسی و دیپلۆماسیی باشی هەبێت، تەنانەت لەسەر ئاستى حکوومەتى عێراق و لایەنە سیاسییەکانى؛ بەوەى بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەسەردانە فەرمییەکانیدا پەیامێکی ئەرێنییشی بۆ عێراق هەبووە؛ بۆ نموونە وەک ئەوەى ئێستا لە سەردانەکەى بۆ بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگی و لایەنە سیاسییەکانى عێراق بەگشتى، دەیبینین.
هەندێ بۆچوون و هەڵسەنگاندنى میدیاییی دوور لە گوتارى فەرمی هەن، کە ئاماژە دەدەن بەوەى کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو جووڵە ئاشتەوایی و نێوبژیكارانهیهى کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جهنگەى کە بەرۆکى ناوەچەکەى گرتۆتەوە. هەر بۆیە هەندێک وای بۆ دەچن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو سەردانەدا هەندێ پەیامی سیاسیی لەلایەن هەردوو لاوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جهنگ پێ بووبێت و، گفتوگۆیان لهسهر کرابێت، چونکە هەرێم تاکە بکەرى سیاسییە کە ئامانجێکی ستراتیژى و خودیی نییە لەو جهنگەدا.
ئەم بۆچوونانەیش لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە سەردانەکە گەرچی مۆرکی هەرێمی کوردستان و دۆسیەکانى پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتى ئیماراتی پێوە دیارە، بەڵام خودی سەردانە فەرمییەکە دواى تەلەفۆنەکەى وەزیرى دەرەوەى ئێران هات لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژى هەینی ڕێکەوتى 24 نیسانی 2026، کە لە 28/2/2026ەوە تا مانگی نیسانی هەمان ساڵ، سێ جاران بهتهلهفۆن پەیوەندیی به سەرۆکی هەرێمهوه کردووە. بەڵام ئەم بۆچوونانە گەرچی ئەرێنین و دەیسەلمێنن کە هەرێم بەشێک نییە لە جەنگەکە و ئەو پەیامەیش لەلایەن “سەرۆکایەتیى هەرێم”ەوە زۆر بەزوڵاڵی ڕاگەیهنراوە و بەپراکتیکیش سەلمێنراوە، بەڵام سەربارى ئەوەى کە نکوڵییان لێ نەکراوە، بەفەرمی نە لەلایەن سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان و نه لهلایهن دەوڵەتى ئیماراتەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
سەردانەکە وەک دەرفەتى بوون بە وێستگەى ناوبژیوانی
پرسیارە گرنگەکە لەو بارەیەوە ئەمەیە: ئایا هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێت ببێتە “سویسرا”یەکی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ بەوەى وەک هەرێمێکی گەشەسەندووى سیاسیی بێلایەن لە هاوکێشەکاندا مامەڵەى لەگەڵ بکرێت؟ ئەمە لە سوودی هەرێم و دەوڵەتانى ناوچەکەیە، بهتایبەت ئەو دەوڵەتانەى کە کوردیان تێدا دەژى. هەر لە سەرەتاى ڕاگەیاندنى هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی 1992، هەرێم ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەى بینیوە بۆ پرسی کورد و دەوڵەتانى دراوسێ و، هەرگیز نەبۆتە لایەن لە هاوکێشە سیاسییە دژوارەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، نەبۆتە گۆڕەپانى یەکلاکەرەوەى هاوکێشەکان و مەترسی بۆ سەر دەوڵەتانى دراوسێ.
هەرێمی کوردستان ئەو پانتایییە جیۆپۆلیتیکییەیه کە خاڵییە لە دیدگهى ستراتیژیى فراوانخوازیى سیاسی؛ تەنیا ئەوەندە نەبێت کە عەوداڵی دابینكردنى مافەکانى گەلی کوردە بە ڕێگەچارەى ئاشتییانەوه. هەرێمی کوردستان، زیاتر لە خودی دەوڵەتى عێراق لە توانایدایە ئەو ڕۆڵى ناوبژیوانییە ببینێت؛ ئەوەیش پێگەى ستراتیژیى هەرێمی کوردستان پتەوتر دەکات. بەڵام ئایا ئەو پێوەرانە چین کە ئەو توانایە دەبەخشنە هەرێمی کوردستان بۆ بینینى ئەو ڕۆڵە ستراتیژییە؟ لەو بارەیەوە دەکرێت بڵێین کە هەرێمی کوردستان ئهمانهی ههیه: تۆڕێک لە پەیوەندیی هاوسەنگ، دیپلۆماسییەتى نەرم، بوونى پەیوەندییەکى ڕیالیستییانە لەگەڵ دەوڵەتانى کەنداو و ئێران و تورکیا و سووریا، گونجانى بارودۆخى ناوچەیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و، بوونى بۆشاییی سیاسی لە عێراق و دەوڵەتانى ناوچەکە بۆ لهئهستۆگرتنی ئهو ڕۆڵە- چونکە ههموو دەوڵەتانى ناوچەکە لە دیاردەى لایەنگیرى خاڵی نین؛ جگە لەوەى کە تواناى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ هەستان بەم کارە ستراتیژییە، زۆر پراکتیکی و ئەرێنییە.
ئێرانییەکان چۆن لە سەردانەکە دەڕوانن؟
دەکرێت بە جۆرێکی تریش ئەو پرسیارە دابڕێژینەوە: ئایا دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانى وڵاتێک بکات، کە ئێران لەنێو تەواوى دەوڵەتانى کەنداو زیاتر دوژمنایەتیى دەکات و بەکردارییش هێرشی بەردەوامى دەکاتە سەر؟ لەسەر ئاستى فەرمی، بەرپرسانى ئێران لە حاڵەتى سیاسی و جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان تێ گەیشتوون. گەرچی پێشتر لەلایەن ئەو وڵاتەوە لەلایەن سوپاى پاسداران و چەندان گرووپی پرۆکسییەوە بەبەردەوامى هەندێ هێرشی ناڕەوا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕاى ئەوەیش سەردانەکانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدژی ئێران ئەژمار ناکەن و بەئەرێنی دەیبینن.
ئەوان زۆر مەبەستیانە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پەیڕەوە بێلایەنییەى خۆى بەردەوام بێت، هەر بۆیە لەو بارەیەوە تا ئێستا ڕێگرییان لێ نەکردووە، بهتایبەت كه ئەو سەردانە فەرمییە تەنیا دواى پێنج ڕۆژ له پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى “عهباس عێراقچی”، وەزیرى دەرەوەى ئێران، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت. ئەوان خوازیارن سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هاوسەنگی خۆى ببینێت. ئێران وا سەرنج لە سەرۆکایەتیى هەرێم دەدات کە وەک کەناڵێکی پەیوەندیی کراوە وایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى عێراق و دەوڵەتانى ناوچەکە و، تەنانەت هەندێ جاریش لەگەڵ ئەمریکا. هەر بۆیە لەو بارەیەوە عێراقچی چەندان جار لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆى کردووە و هەر لە ڕێگەى سەرۆکی هەرێمەوە داواى گەیاندنى پەیام و ناوبژیوانیی لێ کردووە.
بهم پێیه، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە تۆڕێکی پەیوەندیی فراوانی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەیر دەکەن، کە بەردەوام لە هەوڵی هێورکردنەوەى بارودۆخەکە و داکشان و خاوکردنەوەى هاوکێشە توندەکانى شەڕ و پێکدادانە. ئەو پەیوەندییانەى کە هەرێمیش لەگەڵ دەوڵەتى ئیمارات هەیەتى، هیچ کات نه لەسەر حیسابی کۆمارى ئیسلامیی ئێران ئەژمار کراون و، نە مەترسیشن بۆ ئەو، بەڵکوو لەوانەیە ئێران لە هەندێ بواردا لەو پەیوەندییە سوودمەندیش بووبێت، بهتایبەت کە ئەو وڵاتە لەژێر گەمارۆیەکی توندى نێودەوڵەتیدایە و لە کۆى دوازدە دەروازی سنووریی ئێران لەگەڵ عێراق، نزیکەى حەوتیان لە هەرێمی کوردستانن.
( 1 ) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەیشتە ئەبوزەبی، ڕێكهوتى سەردانیکردن: 3/5/2026
https://presidency.gov.krd/sarok-nechyrvan-barzany-gayshta-aaboozaby/
( 2 ) سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئیمارات | رووداو.نێت ڕێكهوتى سەردانیکردن: 3/5/2026
( 3 ) الإمارات وإقليم كردستان… ما هي آفاق التنمية السياسية والاقتصادية؟ ڕێكهوتى سهردانيكردن: 4/3/2026
( 4 ) سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئیمارات | رووداو.نێت ڕێكهوتى سەردانیکردن: 4/3/2026







