پێنووس

دیپلۆماسییەتی پراگماتیکیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی:  ڕەهەند و ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان

 

پێنووس

لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە ئەمنییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داڕشتووەتەوە. عێراق — کە دەکەوێتە نێوان هێزە کێبڕکێکارەکان — بووەتە گۆڕەپانێکی لاوەکیی ئەم ململانێیە. لە هەمان کاتدا، هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا لەبەردەم پرۆسەی چەقبەستووییی سیاسی، پێکهێنانی حکوومەت و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆیدایە و، لەسەر ئاستی بەغدا و ناوچەکەیش ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووری بووەتەوە.

هەر بۆیە سەردانی دوو ڕۆژەی (١٨ و ١٩ی ئایار)ی “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان لە بۆشاییدا دروست نەبووە، بەڵکوو لەناو یەکێک لە ناجێگیرترین دۆخە هەرێمییەکانی ناوچەکە و لە کاتێکی هەستیاری ناوخۆییدا ئەنجام دەدرێت. کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیتاڵی و دەوڵەتی ڤاتیکان (قەداسەتی پاپا ليۆى چوارده‌ پاپای ڤاتیکان، هەروەها کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، ویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و…)، ڕووداوێکی دیپلۆماسیی پڕبایەخە بۆ هەرێمێکی نادەوڵەتی، کە دەیەوێت لەم ژینگە سەختەی جیۆپۆلیتیکی و پڕ لە ململانێیەدا وەک قەوارەیەکی سەقامگیر و ناوچەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی سیاسی و ئایینی لە عێراق و ناوچەکەدا دەربکەوێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئێستا و بۆچی ئیتاڵیا؟

ڕەنگە نەخشە جوگرافییەکان پێمان بڵێن “ڕۆما” و “هەولێر” هەزاران کیلۆمەتر لێکەوە دوورن، لێ کاتێک پەردە لەسەر دۆسیەکانی ئاسایش، وزە، ئابووری و، پرسە که‌لتوورییەکان لا دەدەین، دەبینین ئیتاڵیا یەکێکە لە هاوبەشە نزیکەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا. ڕۆما بەوردی لە برینە مێژوویییەکانی ناوچەکە تێ دەگات و کێشەی کوردی زۆر باش خوێندووەتەوە؛ تا ئەو ڕاددەیەی ئێستا بووەتە زمانحاڵ و پێشەنگی دیپلۆماسیی وڵاتانی باشووری ئەوروپا، کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پرسی عێراق.

ئەم سەردانە سێ تەوەری سەرەکیی لەخۆ گرتووە کە تەواوی ڕەهەندەکانی پەیوەندییەکانی هەولێر و ڕۆما دادەپۆشن و مەبەستەکانی گەشتەکە ڕوون دەکەنەوە:

یەکەم: ڕەهەندی ئەمنی و سەربازی (گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان)

مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٦ وەرچەرخانێکی ستراتیژیی گەورەی تۆمار کرد. بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ بڕیاری دا سەرجەم ستافی ئەرکەکەی لە عێراق، لە بەغداوە بگوازێتەوە بۆ فەرماندەییی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانان لە ناپۆلی (Allied Joint Force Command Naples) لە ئیتاڵیا. هەرچەندە پاڵنەری سەرەکیی ئەم هەنگاوە پاراستنی گیانی هێزەکان بوو، بەڵام لێکەوتەیەکی بونیادیی قووڵی بەدوای خۆیدا هێنا: لەمەودوا ئیتاڵیا چەقی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن و جووڵەکانی ناتۆیە لە عێراق.

لە لایەکی دیکەوە، ئیتاڵیا یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی “هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش”. دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتاڵیا دووەم گەورەترین وڵاتە کە هێزی بۆ ئەرکی ناتۆ لە عێراق دابین کردووە (بە زیاتر لە ١,٢٦٠ سەرباز)، کە کرۆکی ئەم جێگیرکردنە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دەستی پێ کردووە و بارەگا سەرەکییەکەی لە هەولێرە. سەربازانی ئیتاڵی لەو سەردەمەی تارماییی داعش باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد؛ کە ئەمە خۆی پردێکی ئەمنی و دیپلۆماسیی بەهێزی دروست کردووە و، پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا مێژوویەکی سەرکەوتووی هەیە.

لەپاڵ ئەمانەدا، ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە کۆتاییی ئەمساڵدا (٢٠٢٦) هەمیشە لە ڕۆژەڤ و پلاندایە؛ بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا هەوڵی خۆی بدات و هەموو هێلکەکانی لە یەک سەبەتەدا حەشار نەدات. کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، مەبەست لێی دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی پشتگیرییە سەربازی، ڕاوێژکاری و، مەشقەکانی سوپای ئیتاڵیا، بەتایبەت کە مەترسییەکانی تیرۆر هێشتا بەتەواوی کۆتایییان نەهاتووە. بەدەستهێنانی بەڵێنی نوێ لە وەزیری بەرگری بۆ بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانەکان، یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا؛ کە ئەمە هەمیشە لە ئەجێندا و کاری سەرەکیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تەنیا بەسەرکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دانوستانە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە ئێستا لەسەر خاکەکەی خۆیەوە جڵەوی ئەو ئەرکە سەربازییەی گرتووەتە دەست کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و دانەبڕاوی بە داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

دووەم: ڕەهەندی سیاسی و ئابووری-بارزگانی 

لە کاتێکدا هەوڵێک هەیە بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن لووتکەی دەسەڵاتی وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا (کە ئەندامی کارای یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵەی G7یە)، نامەیەکی ڕوونە بۆ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە، کە هەرێمی کوردستان هێشتا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، فەرمی و جێگەی متمانە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو پەیامە بەگوێی دۆست و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بدات کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی کێشەکان، ڕژدە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەک.

لەپاڵ سیاسەتدا، پرسی نەوت و غاز و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان قسەی یەکەم دەکەن. وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا کە بەردەوام تینووی سەرچاوەی وزەیە، لە ڕێگەی زەبەلاحێکی وەک کۆمپانیای ENIیەوە زۆرترین سەرمایەی لەسەر خاکی عێراق و کوردستاندا خستووەتە گەڕ. بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگه‌ی ئیتاڵی بۆ لێکۆڵینەوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان (ISPI)، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا عێراق بڕی ١٣.٣٪ی کۆی خواستی نەوتی خاوی ئیتاڵیای دابین کردووە؛ ئەمەیش عێراق دەکاتە چوارەم گەورەترین دابینکەری نەوت بۆ ئەو وڵاتە. ئەم ژمارەیە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و پێویستییە خێراکەی ئیتاڵیا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، گرنگییەکی زۆری پەیدا کرد. بۆ ڕۆما، سەقامگیری و توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان چەمکێکی گریمانەیی نییە، بەڵکوو گۆڕاوێکی ڕاستەوخۆیە لە هاوکێشەی ئاسایشی نەتەوەییی وزەی ئیتاڵیادا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە پرسەکانی بازرگانی و ئابووری دەخاتە پێش سیاسەتەوە، چونکە دەزانێت کاتێک بەرژەوەندیی ئابووریت لەگەڵ وڵاتێکدا گرێ دا، سیاسەتەکەیشیان خۆبەخۆ دەکەوێتە خزمەتتەوە. جێگەی ئاماژەیە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئەنتۆنیۆ تایانی (Antonio Tajani)، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە ڕۆما لەگەڵ سەرۆک “مەسعوود بارزانی” کۆ بووەوە و جەختی لەسەر ئارەزووی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان کردەوە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان، دەرمانسازی و خۆراکی کشتوکاڵی. بەیاننامەکەی ئەوکات بەڕوونی ئاماژەی بە کۆڕبەندێکی پێشووتری کارسازیی ئیتاڵیا-کوردستان دا و هاوبەشییەکەی بە هاوبەشییەکی ئابووریی گەشەسەندوو و هاریکارییەکی بەرهەمداری بەرگری وەسف کرد.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی بە مۆدێلی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان (SMEs)  دەرکردووە، ئەم سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ڕێگه‌ خۆش بکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و هێنانی تەکنه‌لۆژیای نوێی ئیتاڵی لە بوارەکانی شوێنەوارناسی، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی بۆ هەرێمی کوردستان؛ کە ئامانج لێی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە لە دەرەوەی کەرتی نەوت.

سێیەم: ڕەهەندی مرۆیی و ئایینی (پاپای ڤاتیکان)

دیدار لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، مەبەستی سەرەکی لێی دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەرێمی کوردستانە بە پاراستنی فرەییی ئایینی و نەتەوەیی، بەتایبەت پاراستنی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمدا؛ هەروەها نیشاندانی ڕۆڵی هەرێم وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەرانی پێکهاتە جیاوازەکان دوای جه‌نگی داعش.

ڤاتیکان پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ١٨٣ وڵاتدا هەیە و هێزێکی نەرمی کەموێنە وەک ناوبژیوانێکی ئەخلاقی لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەکار دەهێنێت. بۆ هەرێمێک کە میوانداریی ئاشووری، کلدانی و سریانییەکان دەکات، سەرنجی ڤاتیکان جۆرێکە لە داکۆکیکردن کە هیچ دامەزراوەیەکی دیکە ناتوانێت هاوشێوەی بێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک دیپلۆماتکارێکی باڵای ناوچەکە زۆر باش لە کۆد و گرنگییەکانی ئەو پەیامە تێ گەیشتووە و دەزانێت پاپا کاریگەرییەکی ڕۆحی و مەعنەویی گەورەی بەسەر بڕیاری سیاسیی وڵاتانی ڕۆژاوادا هەیە.

ستایشکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن پاپاوە بەهۆی پاراستنی کەمینە ئایینییەکان، ناوبانگی جیهانیی هەرێم وەک ”پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتییانە” لە ناوچەیەکی پشێو و ئاڵۆزدا بەرز دەکاتەوە. لە ڕێگەی ئەمەیشەوە، بارزانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕێکی جیهانیی وڵاتانی زۆرینە کاسۆلیکەوە دەبەستێتەوە؛ کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هاوسۆزیی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ بەربەست و کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

دیپلۆماسیی پراگماتیکیی تۆڕی: دۆکترینی نێچیرڤان بارزانی

ئەگەر قووڵتر سەرنج بدەینە شێوازی کارکردنی دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی، ڕووبەڕووی ستایلێکی دیپلۆماسی دەبینەوە کە کەموێنەیە و لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە ”دیپلۆماسیی پراگماتیکیی تۆڕیی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان” پێناسە دەکرێت. نێچیرڤان بارزانی دەزانێت بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی چەندە ئەستەمە لەنێوان دەوڵەتانی خاوەن سەروەریدا بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت؛ بۆیە زۆر واقعبینانە هەنگاو دەنێت. لەبری ئەوەی بە دروشمی گەورە داوای ناواقعی لە دەوڵەتان بکات و دراوسێ و زلهێزەکان هەستیار بکات، ئەو لە دەرگه‌ی ئابووری، ئاسایشی هاوبەش و که‌لتوورەوە دەچێتە ژوورەوە و بە زمانێکی دیپلۆماسیی نەرم و هێمنانە بە ئەوروپا دەڵێت: ”ئێمە هاوبەشێکی بەسوود و جێی متمانەین بۆ ئێوە”.

لە نێوه‌ندی ئەم سەردانەدا، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە دیارەکانی دۆکترینی دیپلۆماسییەکەی دەرکەوت، ئەویش فراوانکردنی بازنەی دۆستەکانێتی. ئەو تەنیا لە دەرگه‌ی کۆشکی سەرۆکوەزیران نادات، بەڵکوو دەچێتە ناو پەرلەمان، لەگەڵ گەورە بازرگانان دادەنیشێت و، تا دەگاتە ڤاتیکان. تەنانەت لەبەر ئەوەی ئیتاڵیا خۆی مێژوویەکی ئاڵۆزی لەگەڵ پرسی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانی وەک سیسیلیا (Sicily) و سەردینیا (Sardinia) هەیە، بارزانی بە زمانێک قسەیان لەگەڵ دەکات کە پرس و کێشە مێژوویییەکانی خۆیانیان بیر دەهێنێتەوە. هەروەها کەسایەتیی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی وا دەکات کە بۆ پرسە هەستیارەکانی وەک “مافی مرۆڤ” و “ئازادییەکان”یش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، هەمیشە بە لۆژیک و سینگێكی فراوانەوە ئامادەیە بەرسڤیان بداتەوە.

لە ئێستادا کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەدەست ئاگری جەنگ و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن — لە قەیرانی ئۆکرانیاوە بگرە تا ئاڵۆزییەکانی ئێران — پەیامەکەی هەولێر زۆر سادە و کاریگەرە: ئێمە دوورگەیەکی ئارامین لەناو زەریایەک لە پشێویدا.

کۆبەند

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لەم دۆخەدا — کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا، مەترسیی کشانەوەی ئەمریکا، پەرەسەندنی جەنگی هەرێمی و دروستبوونی گوشار لەسەر هاوبەشییە درێژخایەنەکان — پەیامی سەردانەکەی بارزانی بۆ ڕۆما دیپلۆماسی، خێرا و ستراتیژی بوو. ئامانجەکە دڵنیاییدان بوو بە ئیتاڵیا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی جێی متمانەیە، لەگەڵ مسۆگەرکردنی ئەوەی پەیوەندییە ئابووری، سەربازی و ئەمنییەکان لەژێر گوشاری کورتخایەندا دانەڕمێن.

ئیتاڵییەکان زۆر باش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان گه‌رەنتییەکی زۆر زیاتری تێدایە تا مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی هەڵبەز و دابەزی بەغدا. ئەم باوەڕەیش وای کردووە ئیتاڵی و ئەوروپییەکان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەردانیکەرێکی کاتی نەبینن، بەڵکوو وەک میواندار و هاوپەیمانێکی هەمیشەیی حیسابی بۆ بکەن؛ کە ئەمەیش مامەڵەکردنی لە ڕۆژە سەختەکاندا زۆر ئاسانتر کردووە.

ئەم سەردانە نیشانی دا کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە بوارێکی جیۆپۆلیتیکیی ناوخۆییی عێراقیدا زنجیر نەکراوە، بەڵکوو دۆستێکی ستراتیژیی ڕۆژاوایە لە پاراستنی سەقامگیری، جه‌نگی دژی تیرۆر و، پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکاندا. گرنگیی گەورەی ئەم سەردانە لەوەدایە کە بەبێ ئەوەی تێچوویەکی سیاسیی گەورەی بوێت، قورساییی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی ئەوروپا دووپات کردەوە و هێزێکی نوێی دایە پێگەی دانوستانکاری هەولێر لە ناوخۆ و دەرەوەدا؛ سەرەڕای ئەو دۆخە سیاسییە ناوخۆیییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و مەترسییەکانی جه‌نگی ئێران و ئەمریکاش لە ناوچەکەدا.

بەکورتی، دیپلۆماسییەکەی نێچیرڤان بارزانی پشت بە هونەری ”دروستکردنی پرد لە دوای پرد” دەبەستێت، کە هەر پردێکیان تەنیا دیدارێکی وشک نییە، بەڵکوو بە دروستکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، هەرێمی کوردستان ئاوێتەی تۆڕی بەرژەوەندی و ئاسایشیان دەکات و، شوێنپێی کورد لە کیشوەری ئەوروپادا قایمتر دەکات تا ببێتە سەرمایەیەک بۆ داهاتوو.

image_pdfimage_print