نووسینی: ماجد کیالی
پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش (سعوودیا-تورکیا-پاکستان)، کە بۆ لایەنەکانی دیکەیش (بەتایبەت میسر) کراوەیە، سەرەتای جۆرێک لە سیستەمی نوێی هەرێمایهتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕادەگەیەنێت. پێ دەچێت ئەم سیستەمە تەنیا لە ڕەهەندی ئەمنی-سەربازیدا قەتیس نەبێتەوە، چونکە لە سایەی هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی ئێستادا، سیاسەت، ئابووری، تەکنەلۆژیا و ژێرخانی ئابووری دەگرێتەوە، بەتایبەت ڕێگە وشکانی و دەریایییەکان؛ ئەوەیش لە ئەنجامی هەڵکشانی ململانێکان لەسەر ڕێڕەو و گەرووە دەریایییەکان.
چەندان لایەن هەن کە پڕۆژەی سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەی پێشووتر جیا دەکەنەوە، کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا خرایه ڕوو، گرنگترینیان:
یەکەم، ئیسرائیل کە لە سایەی پرۆسەی ڕێککەوتنەکەدا (کۆنفرانسی مەدرید-١٩٩١) ڕێکلامی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکرد، لە دەرەوەی ئەم پڕۆژەیەیە؛ بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی نوێ سەیری دەکات، چ لەلایەن هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیا، تورکیا یان پاکستانەوە بێت، یان هەرسێ وڵات پێکەوە و بەکۆمەڵ.
دووەم، ئەم تەکەتولە خاوەنی قورسایییەکی ئابووری، تەکنەلۆژی، سەربازی، دارایی و مەودایەکی جوگرافی و مرۆییی زەبەلاحە، کە قورسایییەکی سیاسی لە هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا پێ دەبەخشێت.
سێیەم، خستنەڕووی ئەم پڕۆژەیە لە بارودۆخێکدا دێت کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لە زۆربەی دۆسیەکاندا کەم بکاتەوە، بەتایبەتی لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین؛ دوای ئەوەی گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئیسرائیل لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و ئەخلاقییەوە بارگرانیی لەسەر دروست دەکات.
چوارەم، ئەم سیستەمە لە ژینگەیەکی هەرێمایهتیدا شێوە دەگرێت، کە دەستی کردووە بە پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، کەمکردنەوەی و، گەڕاندنەوەی بۆ پشت سنوورەکانی خۆی.
پێنجەم، ئەم پڕۆژەیە بەپێچەوانەی مەرجەکانی ئیسرائیل یان بەدوور لەوان دەهێنرێتە ئاراوە، لە کاتێکدا پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”، وەک شیمۆن پێرێز پێشنیاری کرد، بە پشتیوانیی ئەمریکا لە سەرەتای نەوەدەکاندا، پەیوەست بوو به هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە بوارەکانی ئابووری، تەکنەلۆژیا، ژینگە و ژێرخاندا.
بەو شێوەیە، گەلێک زانیاری و دراوەی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دەکرێت ئەگەری بەردەوامی و گەشەسەندنی ئەم پڕۆژەیە بەهێزتر بکەن، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکی هەرێمی نییە لەسەر ئەرزی واقع بتوانێت دژایەتیی بکات، تەنانەت ئیسرائیلیش کە خۆی لە کێشەدا دەبینێتەوە؛ چ لەبەرامبەر تەکەتولێک لە هێزە هەرێمایهتییە هەڵکەوتووەکان، یان لەبەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە دوای پاشەکشەی هەژموونی ئێران، لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێتەوە بارگرانیی ئیسرائیل لە ناوچەکە کەم بکاتەوە؛ بەدڵنیایییەوە بەبێ ئەوەی دەستبەرداری بێت.
تەرازووی هێز
لە پڕۆژەکەی خۆیدا بۆ سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێرێز باسی لە سێ بزوێنەری ئەو سیستەمە کردبوو کە بریتی بوون لە: بلیمەتیی ئیسرائیلی، سەرمایەی کەنداو و، هێزی کاری میسری؛ واتە ئیسرائیلی دەخستە پێگەی سەرکردایەتییەوە. بەڵام پڕۆژەی سێقۆڵیی ئێستا، لە حاڵەتی جێگیربوونیدا، زۆر بەهێزتر دەردەکەوێت؛ چونکە یەدەگێکی مرۆییی گەورە، ڕووبەرێکی جوگرافیی بەرفراوان، لەگەڵ توانای دارایی، ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازیی هەیە؛ بەو مانایەی کە ئەو وڵاتانە خاوەنی دابینکردنی دارایی (بەتایبەتی سعوودیا)، پیشەسازی (بەتایبەتی تورکیا) و بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمین (پاکستان).
بە وردییەکی زیاتر، ئەم هاوپەیمانییە ڕووبەری ٣.٨ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە دەگرێتەوە، کە گەورەترینیان سعوودیایە (٢.١٤٨ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە) و، ٣٧٩ ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت، کە پاکستان بەتەنیا گەورەترین هێزی مرۆییی هەیە (٢٥٥ ملیۆن کەس). بەڵام هێزی ئابووریی ئەم تەکەتولە، لە بەرهەمی ناوخۆییی گشتیدا دەردەکەوێت کە ٣.٨ تریلیۆن دۆلارە (لەگەڵ یەکسانییەکی نزیک لە هێزی ئابووریی نێوان سعوودیا و تورکیا، لە کاتێکدا پاکستان ئەڵقەی بێهێزترە لە ڕووی ئابوورییەوە (٤١٠ ملیار دۆلار)، بەڵام خاوەنی دوو تایبەتمەندییە: هێزی مرۆیی و هێزی ئەتۆمی).
لە کاتێکدا سعوودیا خاوەنی هێزێکی داراییی گەورەیە و، پشت بە سەرچاوەکانی لە نەوت و غاز دەبەستێت، وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا، لەگەڵ توانایەکی بەرفراوانی لە وەبەرهێنان، کە ئەوەیش لە شارە زیرەکەکان، ژێرخانی دیجیتاڵی، ژیریی دەستکرد و پیشەسازییە جۆراوجۆرەکاندا چڕ دەکاتەوە، تورکیا خاوەنی ئابوورییەکی هەمەجۆر و زیندووە، لەگەڵ بنکەیەکی بەرفراوانی پیشەسازی، بازرگانی، ئەلیکترۆنیات و پیشەسازییە بەرگرییەکان، بەتایبەتی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، لەگەڵ شوێنێکی جوگرافیی تایبەت لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا؛ بەڵام پاکستان وەک وڵاتێکی هەڵکەوتوو لە پیشەسازی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری، بەرنامەسازی و کۆمپانیا دیجیتاڵییەکاندا دەردەکەوێت.
لە ڕووی هێزی سەربازییەوە، تورکیا خاوەنی پێگەیەکی تایبەتە، چونکە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، گەورەترین هێزی سەربازیی لە هاوپەیمانیی “ناتۆ”دا هەیە و، سوپایەکی بەهێزی لە چەکە جیاوازەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریاییدا هەیە؛ هەروەها وڵاتێکە چەک دروست دەکات، کە درۆن، سیستەمی بەرگری، مووشەک و کەشتیی جەنگی دەگرێتەوە. بەڵام پاکستان لە ڕووی ژمارەی هێزەوە گەورەترین سوپای هەیە، جگە لەوەی خاوەنی هێزێکی ئەتۆمییە، واتە توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی هەیە؛ لە کاتێکدا سعوودیا خاوەنی توانای سەربازییە کە پشت بە هێزی ئاسمانی دەبەستێت و، خاوەنی فڕۆکەی جەنگیی هاوچەرخ و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکییە.
بەو شێوەیە، بەپێی ئەوەی خراوەتە ڕوو، جۆرێک لە تەواوکاری لەنێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە؛ لە حاڵەتێکدا ئەگەر سیاسەتی ستراتیژی لەسەر ئەوە دابڕێژرێت و، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پشتگیریی ئەم ڕێڕەوە بکەن، لەگەڵ بوونی ئیرادەی سیاسی.
نیگەرانییەکانی ئیسرائیل
لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، دروستبوونی ئەم تەکەتولە، یان هاوپەیمانییە، سەرهڕای سروشتە بەرگریكارانهکەی، بەڵام وەک تەحەددییەک (ئاڵنگارییهک) بۆی هەژمار دەکرێت و، هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری قۆرخکاری لە هەژموونی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە پێی وا بوو دوای پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا بەدەستی دەهێنێت؛ جگە لەوەی پێگەی لە ستراتیژیی ئەمریکادا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەکاتەوە.
جگە لە هەموو ئەوانەی پێشووتر، ئیسرائیل ئەم هاوپەیمانییە وەک هەنگاوێک دەبینێت کە سەرجەم گوشارە ئاراستەکراوەکانی سەر شانشینی سعوودیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا هەڵدەوەشێنێتەوە، وەک بەهێزکردنی پێگەی سعوودیا بەرامبەر سەپاندنی مەرجە تایبەتەکانی لەم بوارەدا، بەتایبەتی لەبارەی پێویستیی گوشاری ئەمریکا لەسەر ئیسرائیل بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی بیرۆکەی دەوڵەتی فەڵەستینی و، وەستاندنی دەستوەردان و هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان.
لە پوختەی هەڵوێستی ئیسرائیلدا، عینات هوکبێڕگ-مرۆم نووسیویەتی: “ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەتۆمیی مەدەنی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعوودیادا، ڕووداوێکی دراماتیکی و دەستکەوتێکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، نیگەرانییەکی قووڵ لە ئیسرائیلدا دروست دەکات… ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی سعوودیادا… ئاستی چاودێریی نێودەوڵەتی دادەبەزێنێت… بەپێی ئەم خستنەڕووە… پیتاندنی یۆرانیۆم وەک ئامرازێکی مەدەنیی ڕەوا سەیر دەکرێت، کە ئەوەیش دەکرێت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لە سەروویانەوە تورکیا و میسر، هان بدات داوای توانای سەربەخۆی هاوشێوە بکەن… لە ڕوانگەی ئیدارەی ترەمپەوە “ڕێککەوتنی ١٢٣”، کە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و بزوێنەرەکانی گەشەی ئابوورییە لە سعوودیا لەژێر چەتری ئەمریکادا و، کەمکردنەوەی هەژموونی چین و ڕووسیایە لە ناوچەی کەنداو و، بەهێزکردنی شەراکەتی ستراتیژییە لەنێوان واشنتۆن و ڕیاز… لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ڕێککەوتنەکە، کە سەودای هاوپێچ بۆ فرۆشتنی سیستەمی چەکی پێشکەوتووش لەخۆ دەگرێت، دەستپێک لە فڕۆکەی جەنگیی هاوچەرخەوە، تێپەڕبوون بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، تا دەگاتە تواناکانی سایبەر و هەواڵگری، گریمانە سەرەکییەکانی چەمکی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە. ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەمریکی-سعوودی نوێنەرایەتیی ساتەوەختێکی تاقیکردنەوەی مێژوویی دەکات… کە بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت كه سەرکردایەتییەکی پێشوەختە و هاوسەنگ و زیرەک بگرێتە بەر، کە لە یاساکانی یارییە نوێیەکە تێ بگات و، بەتوانا بێت لە داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێ لەبەرامبەر واقعێکی هەرێمایهتیی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتردا.” (“مەعاریڤ”- ٨/٢٠٢٦).
بە هەمان شێوە، ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە بە بەهێزکردنی پێگەی تورکیا بەرامبەر خۆی دادەنێت؛ ئەو ئیسرائیلەی کە پێی وا بوو کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەو و، لە ڕێگەی ئەوەوە دەتوانرێت تورکیا وەلا بنرێت، بەڵام ئێستا لە یەک کاتدا خۆی لەبەرامبەر تورکیا و سعوودیادا دەبینێتەوە؛ بە زانینی ئەوەی نیگەرانیی ئیسرائیل پەیوەندیی هەردوو وڵاتی ئاماژەپێکراوی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پەیوەندیی تایبەتیان لەگەڵ سووریا، لوبنان و عێراق (و بەدڵنیایییەوە ئوردن لەنێویاندا) لەخۆ گرتووە.
شیکەرەوەی ئیسرائیلی، تسڤی باڕئیل، وتارێکی لەژێر ناونیشانی “تورکیا دەیەوێت ببێتە ڕابەری سیستەمی ئەمنیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا” نووسیبوو، کە تێیدا دەڵێت: “تورکیا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە هاوپەیمانیی “ناتۆ”دا و، پیشەسازییە ئەمنییەکانی، ساڵانە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بەرهەم دەهێنن… تورکیا، نەوەک ئیسرائیل، جارێکی تر بووەتەوە ناوەندی ڕووداوەکان.” (“هائارێتس” ٦/٢٠٢٦).
تەنانەت بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە ڕێککەوتنەکە- کە دەکرێت سەقامگیریی ئەمنی بچەسپێنێت و بۆشاییی ناوچەکە پڕ بكاتەوە- بەرپرسیارێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە و، ئازادتری بکات لە گوشارکردن لەسەر ئیسرائیل، بەتایبەت دوای پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا، لە ڕووی باشکردنی سیاسەتەکانی بەرامبەر فەڵەستینییەکان و سووریا و لوبنان. کێشەی ئیسرائیل، ئەوەیە کە ئەوە ڕوو دەدات بەبێ مەرجی بەشداربوون لە پەیوەندییە ئاسایییەکانی عەرەبی-ئیسرائیلی، لانی کەم لە ئاییندەیەکی دیاردا؛ ئەمەیش زۆرترین شتە کە حکوومەتی توندڕەوەکان (نەتەنیاهۆ، سمۆتریچ، بن غەفیر) نیگەران دەکات، دوای ئەوەی پێیان وا بوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی، بووەتە مەیدانێک بۆ سیاسەتی خۆیان.

پوختەی هەڵوێستی ئەمریکا
با تێبینیی ئەوە بکەین کە ئەم ڕێککەوتنە لە کەشوهەوای دوو پێشهاتی گرنگدا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، بریتییە لە ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەتۆمیی ئاشتییانە لەنێوان سعوودیا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا (٢٢/٧/٢٠٢٦)، کە بە “ڕێککەوتنی ١٢٣” ناسراوە (چوارچێوەی یاسایی کە فەرمانڕەواییی هاوکاریی ئەتۆمیی ئاشتییانە دەکات لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی تردا، بەپێی یاسای وزەی ئەتۆمیی ئەمریکا)، کە دروستکردنی کۆمەڵگە ئەتۆمییەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا، خۆجێییکردنی پیشەسازییە بەرزەکان، دروستکردنی توانای مرۆییی پسپۆڕ و بەهێزکردنی هاوکاری لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکاندا لەخۆ دەگرێت.
دووەم، ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لەسەر جێبەجێکردنی مامەڵە (سەفقە)ی فڕۆکەکانی “ئێف-٣٥” و، پشتیوانیکردنی پیشەسازییە سەربازییە ئاسمانییەکانی تورکیا و، لە کەشوهەوای بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی تورکیا-ئەمریکا و، لەنێوان هەردوو سەرۆک ترەمپ و ئەردۆغاندا، هاوکات لەگەڵ بەستنی لووتکەی “ناتۆ” لە تورکیا لەم دوایییانەدا.
ئەکادیمستێکی وەک دکتۆر کۆبی باردا لە هەموو ئەمانەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە “ئەوەی ترەمپ بە ئەگەری زۆرەوە ویستوویەتی بگەیەنێتە نەتانیاهۆ، بەتایبەتی ئێستا لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل… ئەوەیە کە ئەگەر نەتانیاهۆ ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، دەبێت مۆدێلێکی تەواو جیاواز پێشکەش بکات.” (“یەدیعۆت”- ٣٠/٧/٢٠٢٦).
لە سەر ئەو بنەمایە، بیرۆکەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستبەرداری ئیسرائیل دەبێت، یان کار دەکات بۆ بچووککردنەوەی ئیسرائیل، یان پشتیوانیی بۆی کەم دەکاتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە لە سایەی ئاڵنگارییه نێودەوڵەتییەکاندا، لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، تەکنەلۆژیا، ژینگە و ئاسایشدا و، لەگەڵ هەڵکشانی جەمسەرەکانی تردا، پێویستی بووە، یەکەم، بە هێزە هەرێمایهتییەکان کە بتوانن بەشداری لە هەڵگرتنی بارگرانی و بەرپرسیارێتیدا بکەن لەگەڵ ئەمریکا و، ئەمەیش بەپێچەوانەی هەندێک ڕوانگەیە کە پێیان وا بوو ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای بینینێک دروست بووە کە ئەمریکا بەشێک لە بەرپرسیارێتیی ناوچەکە بخاتە ئەستۆی هێزی دیكهی ناوچهكه. دووەم، ڕاگرتنی زنجیرەی جەنگەکان و، لەنێو ئەوانەیشدا کەمکردنەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لەپێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا.
تێبینی: ئەم بابەتە گوزارشت لە بیروڕای نووسەرەکەی دەکات، نەک خانەی هزریی کوردستان
كيالي، ماجد. (٢٠٢٦، ١٤ أغسطس). “اتفاقية مكة”… شرق أوسط جديد غير ذاك الذي طُرح في التسعينات. المجلة:. https://www.majalla.com/node/332528








