پێنووس

کاریگەریى جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر تورکیا

سیسته‌مى جیهانى بە شێوەیەک وابەستەییى لە نێوان وڵاتان دروست کردووە کە هەر هەڕەشە و مەترسییەک لە هەر شوێنێکى جیهان، کاریگەریى ڕاستەوخۆى دەبێـت لەسەر وڵاتان و ئەکتەرەکانى ترى نێودەوڵەتى. جەنگى نێوان ئەم دوو وڵاتە پشێویى نێودەوڵەتیى دروست کردووە، بەتایبەت لەسەر ئەو وڵاتانەى کە نزیکایه‌تیی جوگرافییان لە ڕووداوەکان هەیە وەکوو وڵاتانى باڵكان، سێنتڕاڵ ئێیژە و قەوقاز. لەبەر ئەو گرنگییە جیۆپۆلیتیکییەى تورکیا لە ناوچەکە هەیەتى، بایەخى زۆرى دەبێت لە جەنگى نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا کە کۆمەڵێک دەرفەت و لە هەمان کاتدا، هەڕەشەى زۆر بۆ تورکیا دروست دەکەن؛ بە هەمان چەشنى سەردەمى جەنگى سارد. لێرەدا دەمانەوێت بزانین تورکیا كه‌ لەگەڵ هەر یەکە لە ڕووسیا و ئۆکراینا پەیوەندیی سیاسی و سەربازی و ئابووریی هەیە، ئەم پەیوەندییانە لە چ ئاستێکدایە و چۆنە و لە چ بوارێکدایە؟  لە کاتێکدا کە تورکیا ئەندامی ناتۆیە، بەڵام لە ڕووسیایش نزیکە، ئەم جەنگەی ئێستا چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا دەبێت؟ هەروەها چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی سیاسەتی ڕووسیا لە سووریا لە بەرامبەر تورکیادا دەبێت؟ لە بەرامبەریشدا ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندیی تورکیا و ناتۆ و ئەمریکا دەبێت؟ لە کۆتاییشدا لێکەوتەى ئەم ڕووداو و هاوکێشە سیاسى و ئابوورییانە لەسەر دۆزى کورد و هەرێمى کوردستان چى دەبێت؟

یەکەم: بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابوورییەکانى تورکیا لەگەڵ هەر یەک لە ڕووسیا و ئۆکراینا

لە بەراوردى پەیوەندییەکانى تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و لە بەرامبەردا تورکیا و ئۆکراینا دەردەکەوێـت کە، تورکیا بەرژەوەندیى زۆر زیاترى لەگەڵ ڕووسیا هەیە، بەڵام لە هەمان کات لەبەر ئەوەى کە تورکیا دراوسێى هەردوو وڵاتە و تێکەڵاویى ئابوورى و بازرگانى و سیاسى و کۆمەڵایەتیى هەیە لەگەڵیان، بۆیە تورکیا یەکەمین بەرکەوتەى ئەو جەنگە دەبێت بە هەردوو دیوى ئەرێنى و نەرێنى، کە بە بڕواى ئێمە زیانەکانى زیاتر دەبن. لەبەر ئاڵۆزیى بوارە جیاجیاکانى ئەم بەراوردکارییە، ئێمە لە خوارەوە بەکورتى لەسەر چەند بوارێکى سەرەکیى ئابوورى و بازرگانى لە نێوان تورکیا لەگەڵ هەر یەک لەم وڵاتانە گفتوگۆ دەکەین:

  • تورکیا لە سەردەمى حوکمى داد و گەشەپێدان (ئاک پارتى)، نزیک بۆتەوە بێتە نێو دە یەکەمەکەى جیهانى لە ڕووى هێزى پیشەسازییەوە. بێ گومان هەرچەندى پیشەسازیى تورکیا زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت، پێویستیى وزەى ئەم وڵاتە بە دەرەوە، زیاتر دەبێت. یەکەمین وڵاتیش کە تورکیا بۆ غاز پشتى پێ دەبەستێت ڕووسیایە. نزیکەى نیوەى غازى تورکیا لە ڕووسیا دێت (٤٣%). تەنیا لەو ماوەیەدا بەهۆى قەیرانەکان نرخى غاز لە تورکیا دوو هێندە زیاتر چۆتە سەرەوە و ئەمەیش کاریگەریى ڕاستەوخۆى دەبێـت لەسەر بار و گوزەرانى تورکەکان کە خۆیان زیاتر لە ساڵێکە بەدەستى بێبەهابوونى زۆرى لیرەى تورکییەوە دەناڵێنن. ئەمە لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆکارى گوشارخستنە سەر کەرتى وەبەرهێنان و پیشەسازى لە تورکیا و دواتر بارى ئابووریى وڵاتەکە بەگشتى.

لە لایەکى ترەوە، بۆڕیى غازى تورکش ستریم (Turkish Stream pipeline)، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژى و گەورەکانى جیهانییە کە غازى ڕووسیا دەگەیەنێتە تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپاى ڕۆژاوا دەچێت (بڕوانە وێنەکە). لەوانەیە ئەمە یەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکانى ڕووسیا بێ بۆ خاکى ئۆکراینا، هەر بۆیە ڕووسیا بێ ترس دەستى بە جەنگ و داگیرکاریى ئۆکراینا کرد. لە بەرامبەردا، لەوانەیە ترسى تورکیا ئەوە بێت کە کاتێک ڕووسیا ئۆکراینا داگیر دەکات، ئەوا ئێستا کە ٨٠%ى غازەکەى بەوێدا تێ دەپەڕێ، دەتوانێ ئەو هەڕەشەیە لەسەر ناردنى نەهێڵێ و ئەوکات نزیکتر دەبێتەوە لە ئەوروپییەکان و، تورکیا بۆ گواستنەوەى غازى ڕووسى بۆ ئەوروپا ئەو بایەخەى نامێنێ. گرنگییەکى ترى تورکش ستریم پایپى لاین ئەوەیە کە، ڕەنگە ڕووسیا بیرى لەوە کردبێتەوە کە تورکیا خۆى بە لاى غازى ئیماڕات، قەتەر و هەرێمى کوردستاندا نەدات و وەکوو ئەوروپییەکان بکەوێـتە ژێر هەژموونى ڕووسیاوە لە ڕووى غازەوە.

  • یەکەمین سەرچاوەى داهاتى تورکیا کەرتى گەشتییارییە. لە کاتى بایکۆتى ڕووسەکان بۆ تورکیا بەهۆى ڕووداوى خستنەخوارەوەى فڕۆکەکەى ڕووسیا لە ئاسمانى تورکیاوە، بینیمان کە تورکیا تووشى چ قەیرانێکى گەشتیارى هات؛ چونکە بۆ ڕووسەکان شوێنى ترى گەشتیارى وەکوو ئەلتەرناتیڤى تورکیا هەیە، بەڵام گەشتیارى ڕووسى بۆ تورکەکان بایەخى زۆرى هەیە. هەر تەنیا لە ساڵى ٢٠٢١ کە لەناو گەرمەى نەخۆشیى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووین، زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیارى ڕووسى بۆ گەشتوگوزار هاتوونەتە شارەکانى تورکیا؛ دەبێ لە کاتى ئاسایى و دوور لە نەخۆشیى کۆرۆنا چەند بووبێت! بەڕاستى ئەمە ژمارەیەکى زۆرە بۆ داهاتى تورکیا. لە ئەگەری بەردەوامبوونى جەنگى نێوان ئەم دوو وڵاتە، بێ گومان جگە لە گەمارۆکان و دۆخى جەنگ، خەڵک تواناى گەشتى نامێنێ و ئەمەیش کاریگەریى لەسەر تورکیا دەبێـت.
  • ئاڵوگۆڕێکى گەرمى دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە نێوان تورکیا و ڕووسیا و ئۆکراینا هەیە. تەنیا پار، تورکەکان باى ٢ ملیار دۆلار گەنمیان لە ڕووسیاوە هاوردە کردووە کە شەش ملیۆن و حەوت سەد هەزار تەن بووە، بەڵام لە هەمان کات ١٣%ی گەنمەکەیشى لە ئۆکراینا کڕیوە. لە بەرامبەردا ڕووسیا گەورەترین کڕیارى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى تورکیایە. هەرێمى کوردستان کە ئێستا تووشى قەیرانى ڕۆنى زەیت بۆتەوە، بەهۆى ئەوەیە کە تورکیا ڕووبەڕووى ئەم قەیرانە بۆتەوە؛ چونکە تورکیا نزیکەى نیوەى ڕۆنى زه‌یت بەهۆى هاوردەى گوڵەبەڕۆژەى ڕووسییه‌وه‌ دروستى دەکات کە تەنیا پار، گەیشتۆتە یەک ملیار دۆلار.
  • بەهۆى پێشکەوتووییى تورکیا لە بوارى خانووبەرە و باڵەخانەوە، هەرێمى کوردستان، وڵاتە عەرەبییەکان، ئێرانییەکان، ڕووسەکان و ئۆکراینییەکان و چەندان وڵاتى ترى دەوروبەریان، سوود لە وەبەرهێنە تورکەکان وەردەگرن. بەڵام دیسان جیاوازى لە نێوان بازرگانیى نێوان تورکیا لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە هەیە؛ بۆ نموونە پار، زیاتر لە (٥) هەزار ڕووسى شوقە و خانوویان لە تورکیا کڕیوە، به‌ڵام ١٢٤٦ ئۆکراینى ئەم كاره‌‌یان کردووە لە تورکیا. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە لەسەر ئاستى جیهان، یه‌ك له‌سه‌ر چواری کڕیارانى موڵکى تورکی، ڕووسەکانن. جگە لەمەیش پار، وەبەرهێن و سەرمایەدارانى تورکى، زیاتر لە بەهاى ١١ ملیار دۆلار وەبەرهێنانى خانووبەرەیان لە ڕووسیا كردووه‌. لە بەرامبەردا بۆ تورکیا، ئۆکراینا بە چوارەم دەوڵەت لەسەر ئاستى جیهان دادەنرێت کە وەبەرهێنانى خانووبەرەى تێدا دەکرێـت.
  • ئەگەر بەتەنیا پار، بکەینە نموونە بۆ پەیوەندییەکانى تورکیا لەگەڵ ئەم وڵاتانە کە لەناو قەیرانى جیهانیى کۆڕۆنا بووین، نزیکەى بڕی ٧ ملیار و نیو ئۆکراینا و تورکیا بازرگانییان هەبووە؛ بەڵام بەگوێرەى هەندێک سەرچاوە، بازرگانیى نێوان تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ٢٧ ملیار بووە، بەڵام هەندێک بە ٣٤ ملیار خه‌مڵاندوویانه‌. کەواتە قەبارەى بازرگانیى ڕووسیا و تورکیا، پێنج قاتى تورکیا لەگەڵ ئۆکراینایە. بەگوێرەى هەڵسەنگاندن و پێشبینیى ئابووریناسان، تورکیا زیاتر لە دە بۆ پانزە ملیار زیانى دەبێت بەهۆى ئەم جەنگەى ئێستا لە نێوان ئەم وڵاتانە هەیە؛ هەر بۆیە تورکیا بەرکەوتەیەکى سەرەکیى جەنگەکەیە لە پاڵ پۆڵەندا و دراوسێکانى تر؛ بۆیە هەوڵى زۆر دەدەن جەنگەکە بوەستێ. بۆ ئەمەیش سەرۆکى تورکیا چەندان جارە داواى دانوستاندن دەکات لەسەر خاکى تورکیا، بەڵام لە چەند ڕۆژى ڕابردوو هەرچەندە وەزیرانى دەرەوەى ڕووسیا و ئۆکراینا هاتنە تورکیا و دانوستاندنیان کرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبوو.

دووەم: بەرژەوەندییە سەربازى و سیاسییەکان

به‌ هه‌مان شێوه‌ی پەیوەندیى ئابووریی نێوانیان، بازرگانى و ئاڵوگۆڕى چەک و کەرەستەى سەربازیى فراوانیش لە نێوان تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکراینا هەیە. ئەمە تاوەکوو ئێستا یەکێک لە پرسە گەرمەکانى دیالۆگ و دانوستاندنى نێوان تورکیایە لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا، بەتایبەت لە بابەتى کڕینى سیسته‌مى بەرگریى “ئێس ٤٠٠”ى ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە، کە باى زیاتر لە ٢ ملیار دۆلارى ئەمریکییە.

لە لایەکى تریشەوە بەهۆى ئەم جه‌نگەوە، بازرگانیى گەورەى نێوان ئۆکرانیا و تورکیا لەسەر فڕۆکەى بێفڕۆکەوان (درۆن) گورزێکى گەورە لە تورکیا دەدات، چونکە چەند ساڵێکە بەبەردەوامى ئۆکراینا پشت بە درۆنە تورکییەکان دەبەستێت و لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو بینیمان كه‌، ئەو فڕۆکانە کاریگەرییان لەسەر تێکشکاندنى هێزە ڕووسییەکان هەبوو لەلایەن سەربازە ئۆکراینییەکانەوە.

سێیەم: هەڕەشەکانى جەنگەکە لەسەر پەیوەندییەکانى ڕووسیا و تورکیا

بەردەوامیى داگیرکارییەکانى ڕووسیا لە ئۆکراینا و فراوانبوونى زیاتری هەژموونى لەسەر سنوورەکانى تورکیا، هەڕەشەى جۆراوجۆر دروست دەکات کە دەتوانین بەم شێوەی خوارەوە دابەشى بکەین:

  • هەر هێزێک دەریاى ڕەش مۆنۆپۆڵ بکات، دەبێتە هەڕەشەى جددى لەسەر تورکیا و ناچارە له‌گەڵیدا هەڵبکات، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە کە ڕووسیا مێژوو دووبارە نەکاتەوە و پەلامارى ئاوە گەرمەکان نەداتەوە وەکوو لە سەدەکانى هەژدە و نۆزدە و بیست کردوویەتى، بەتایبەت ئێستا کە سووریا لەژێر هەژموونى خۆیەتى و تەنیا تورکیا دەبێتە بەربەستى ئەو ڕێگه‌ ستراتیژییە. فاکتەرێکى ترى ئەم هەڕەشانە بریتییە لە دۆزینەوەى غاز لە دەریاى سپیى ناوەڕاست و دەریای ڕەش، کە ئەمە کاریگەریى لەسەر پەیوەندییەکانى ڕووسیا و تورکیا دەبێت و لەوانەیە بۆ ڕووسیا دەستبەسەرداگرتنى ئۆکراینا کارەکانى لە دەریاى ڕەش بۆ ئاسانتر بکات بۆ سیاسەتى غاز لە ڕووى گواستنەوە و زیادکردنى ڕێژەکەیه‌وه‌.
  • یەکێک لە کێشە گەورەکانى تورکیا دۆزى کورد و “پەکەکە”یە. لێرەوە تورکیا لە ڕووى ئاسایشییەوە چەندان هەڕەشەى نوێى بۆ دروست دەبێت، کە پەکەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ هەر هێزێک کە تورکیا دژى بێت. واتە ڕووسەکان زۆر بەئاسانى دەتوانن ئەم داشە دژى تورکیا بجووڵێنن لە ئەگەرى هەر دژایەتییەکى تورکیا بۆ سیاسەتى ڕووسیا لە ناوچەکە وەکوو ئەندامى ناتۆ.
  • سووریا پرسێکى گەرمى سیاسى و سەربازیى نێوان ڕووسیا و تورکیایە. گەورەبوونى هەژموونى سیاسیى ڕووسیا لە ناوچەکە، دەبێتە لەمپەرێکى گەورە بۆ ڕێگریى ئەو داگیرکاری و دەستوەردانەى تورکیا لە سووریا دەیکات.

بە خوێندنەوەى وردى مێژووى سیاسیى ئەو ناوچەیە و بەتایبەت نێوانى ڕووسیا و تورکیا دەردەکەوێـت کە، نزیکبوونەوەى ڕووسیا هەڕەشەى زۆر زیاترى لە دەرفەت هەیە بۆ تورکیا. کاتى خۆیشى، تورکیا لە ترسى لێژبوونەوەى یەکێتیى سۆڤیەت لە دواى جەنگى ساردەوە، لەترسا چووە ناو ڕێکخراوى هاوپەیمانێتیی باکوورى ئەتڵەسى (ناتۆ) بۆ ئەوەى پارێزگارى لە کیانى سیاسى و جیۆپۆلیتیکیی خۆی بکات.

چوارەم: کاریگەریى جەنگەکە لەسەر پەیوەندیى تورکیا لەگەڵ ناتۆ و ئەمریکا

پاڕادۆکس لە سیاسەتى دەرەوەى تورکیا بەرامبەر بەم جەنگە بەدى دەکرێت، چونکە تورکیا نایەوێت وەکوو “بەهارى عەرەبى” سیاسەتى دەرەوەى تووشى کێشە بێت. لە لایەک تورکیا ڕای گەیاند کە ناتۆ دەبێـتە مایەی ئاشتى لە جیهان و لە لایەکى تر دەڵێت کە، ئێمە لایەن نین بۆ هیچ یەک لە ڕووسیا و ئۆکراینا! لە لایەکى دیكه‌وه‌، تورکیا ئەم جارە دەیەوێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و سوود لە جەنگەکە وەربگرێت، بۆیە هەر زوو ڕەتى کردەوە کە بەشێک بێت لەو سیاسەتى گەمارۆخستە سەر ڕووسیا و گوشارەکان لەسەر ئەم وڵاتانە بەهۆى جەنگەکەوە.

بەو مانایەى تورکیا دەیەوێت جەنگەکە وەکوو دەرفەت وەربگرێت؛ هەم بەرامبەر ناتۆ و ئەمریکا و ئەوروپییەکان و هەم بەرامبەر بە ڕووسەکان. تورکیا لەم دوایییەدا بەدەست کۆمەڵێک قەیرانه‌وه‌ دەناڵێنێ کە پێى وایە ئەوە ئەمریکا و ئەوروپییەکان بۆیان دروست کردووە و، ئێستا کاتیەتى بەهۆى ئەو جەنگەوە دەربازى بکەن و بارى سووک بێت؛ بەتایبەت تورکیا نزیک دەبێـتەوە لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار لە ساڵى داهاتوو کە بەهۆى ئەو قەیرانانەوە، تا دێت کێرفى ئەردۆغان دادەبەزێت و زۆربەى پێشبینییەکان باس لە دۆڕانى لە هەڵبژاردنى داهاتوو دەکەن. کەواتە تورکیا چیى لەم لایەنانە دەوێت؟ چاوەڕێ دەکەین تورکیا داواى لادانى بەشێک لە گەمارۆکانى سەرى بکات، تاوەکوو بەهاى لیرەى تورکى بەرز بێتەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە گوزەرانى خه‌ڵكه‌وه‌ هەیە؛ هەروەها ئەمریکا بوەستێ لە پاڵپشتیى ڕۆژاواى کوردستان و هاوکارییەکانى بۆ هەسەدە و پەیەدە. جگە لەمانە، ئەمریکا ئاسانکاریى بۆ بکات بۆ کڕینى فڕۆکەى S35 و پاڵپشتیى ترى سەبازى و سیاسى وەکوو ئەندامى بەهێزى ناتۆ.

تاوەکوو ئێستا تورکیا خۆى یەکلا نەکردۆتەوە و ئەمەیش بە جۆرێک لە سیاسەتکردن دادەنێ؛ چونکە ئەو بێمتمانەیییە نێودەوڵەتییەى لە دواى جەنگى ئۆکراینا دروست بووە، وای کردووە کە تورکیا تێ بگات لەوەى کە ئەو وڵاتەى دەچێتە جەنگەوە، تەنیا تووشى ماڵوێرانى دەبێت و، ڕۆژاوا نە خۆى دەچێتە جەنگ و نە ئامادە دەبێت بەرگرى لەو وڵاتانەى هاوپەیمانى بکات. هەرچەندە بارودۆخى تورکیا و ئۆکراینا جیاوازە و، تورکیا ئەندامى ناتۆیە، بەڵام تورکیا پێى وا نییە کە ئەمریکا و ئەوروپا پشتیوانیى ئەوتۆى وڵاتەکەى بکەن؛ لە کاتێکدا ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین کە هەر کاتى ڕووسیا نیازی داگیرکردنی تورکیاى هەبووبێ، بریتانیا و فەڕەنسا چوونەتە جەنگەکە و ڕێگرییان لە چوونى ڕووسەکان بۆ ئەم ناوچەیە کردووە.

بەگشتى تورکیا دواجار هەر ئەمریکا و ئەوروپا هەڵدەبژێرێت، لەبەر ئەوەى ئەندامى ناتۆیە و چەندین پرسى ترى وەکوو هاوسنوورى و پرسى کۆچ و ئاڵوگۆڕى ئابوورى و بازرگانى و دەروازەى وشکانیى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و… وا دەکات کە، ئەم دوو لایەنە دەستبەردارى یەکتر نەبن؛ بەڵام ئەم جارە تورکیا لە بەرامبەر هەر وەستانەوەیەک لە دژى سیاسەتى ڕووسیا، ئاستى داواکارییەکان و دڵنیایییەکانى لە ئەوروپا و ئەمریکا بەرز دەکاتەوە.

پێنجەم: سیناریۆکانى دواى جەنگى ئۆکراینا بۆ دۆزى کورد لە سێ پارچەى کوردستان

لە ئەگەرى بەهێزبوونى پەیوەندیى ڕووسیا و تورکیا، گورزێکى گەورە به‌ر کوردستانى ڕۆژاوا دەکەوێت. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەر بگرێ، ئیدى کوردەکان بەناچارى پشت لە ڕووسیا دەکەن و دەچنە پاڵ هاوپەیمانێتیی ڕۆژاوایییەکان؛ کە ئەمە ئەرکى ڕۆژاواى کوردستان قورس دەکات، چونکە دەبێ لە دژى ڕووسیا، تورکیا و سووریا بن. سەبارەت بە هەرێمى کوردستان، بارودۆخەکە جیاواز دەبێـت؛ لەبەر ئەو ستاتۆیەى هەرێم هەیەتى بەهۆى پشتگیریى نێودەوڵەتى، پێگەى دەستوورى لە عێراق، سیسته‌مى سیاسیى بەهێزى هەرێم و ئەزموونى هەرێم لەگەڵ مامەڵەى دەرەوە و کۆمەڵێک ڕەهەندى ترى ئابوورى وەکوو بوونى غاز و نەوت و پەیوەندییەکانى دەرەوە.

سیناریۆی دووەم، لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان و ڕۆژاواى کوردستان و باکوورى کوردستانە؛ کاتێک ڕووسیا ئۆکراینا داگیر بکات و، لە چەندان لاوە نزیک دەبێـتەوە لە تورکیا و بەم هۆیەوە کێشەى زۆر بۆ تورکیا دروست دەکات و دەبێـتە هەلێک بۆ دۆزى کورد لە پارچەکان تاوەکوو تورکیا نەتوانێ بەم شێوەیەى ئێستا داگیرکارى لە باکوور، باشوور و ڕۆژاواى کوردستان بکات. لەوکاتەدا هەرچەند ڕۆژاوا یارمەتیى تورکیا بدات بۆ دژایەتیى ڕووسیا، بەڵام ناتوانن پاڵپشتیى تورکیا بکەن بۆ ئەو سیاسەتەى بەرامبەر کورد گرتوویەتییە بەر، بەتایبەت ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا. لە بەهارى عەرەبى، تورکیا دژى سووریا بوو کە ئەمەیش لەگەڵ سیاسەتى ڕۆژاوا یەکى دەگرتەوە و دژى ڕووسیا بوو. بۆیە ڕووسیا کارتى کوردەکانى ڕۆژاواى دژى تورکیا بەکار هێنا، هەتا وای لێ هات کە تورکیا لە دواى ڕووداوى خستنەخوارەوەى فڕۆکە ڕووسییەکە، ئیدى بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە، وردە وردە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ڕووسیا ئاسایى کردەوە تاوەکوو ڕووسەکان کارتى کورد دژ بە تورکیا نەگرنە بەر، کە خەریک بوو بەتەواوى دەبوونە هەڕەشە لەسەر تورکیا. بەڵام ئەوەى لێرەدا کێشەیە بۆ هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە، هەرچەندە ئەگەر ڕووسیا لەگەڵ تورکیاش بکەوێتە کێشە، لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکانى ئاسایى یان باش دەبێت و بەهۆى ئەو هەژموونەى ئێران بەسەر عێراقى هەیە، دیسان کێشە بۆ هەرێمى کوردستان دروست دەبێـت وەکوو ئەو گومانانەى لە پشتى بڕیارەکەى دادگه‌ى فیدڕاڵى عێراق هەبوون سەبارەت بە نایاسایبوونى یاساى نەوت و غازى هەرێم تاوەکوو ڕێگرى بکەن لەوەى هەرێم غاز بنێرێتە دەرەوە و بەشە غازى ئەوروپا لەگەڵ ئیماڕات و قەتەر دابین بکەن، تاوەکوو ئەلتەرناتیڤى غازى ڕووسیا بۆ ئەوروپا و غازى ئێران بۆ تورکیا بن.

کۆبەند

تورکیا لە داگیرکردنی ئۆکراینا، هەم دەرفەتى دەبێـت و هەم هەڕەشە وەکوو لە سەرەوە باسمان کردوون، بەڵام بەگشتى داهاتووى تورکیا بەهۆى ئەو جەنگ و داگیرکارییەوه‌ خراپ دەبێت. هەرچەند لەم قۆناغەدا ڕووسیا، بەهۆى هێزە جیۆپۆلیتیکى و جیۆئیکۆنۆمییەکەى لە ناوچەکە، کێشەى ئەوتۆ بۆ تورکیا دروست ناکات، بەڵام پێکدادانى بەرژەوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانى ئەم دوو وڵاتە، ئەگەرێکى بەهێزە لە چەند ساڵى داهاتوودا.

جەنگ لە هەر شوێنێکى جیهان دروست بێت، کاریگەریى لەسەر بەشەکانى تر دەکات لە دواى دروستبوونى سیسته‌مى جیهانییەوە. کاریگەریى جەنگى ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر تورکیا و هەرێمى کوردستان بەخێرایى دەردەکەوێت، لەبەر ئەو نزیکییە جوگرافییەى لە نێوان ئەم وڵاتانە هەیە. بەهۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان و تورکیا تێکەڵاوییەکى گەورەى ئابوورى و بازرگانى و سیاسییان هەیە، بۆیە هەر کێشەیەک بۆ تورکیا دروست بێت، ڕاستەوخۆ لەسەر هەرێمیش دروست دەبێت (بۆ نموونە گرانبوونى نرخى کەلوپەل، خواردن و دانەوێڵە و ڕۆنى زەیت و… لەم چەند ڕۆژە کەمەى جەنگەکەدا). بە هەموو بارێک، لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان پێویستە هاوسەنگى ڕابگرێت و خۆى لە لایەنگرانى ئەو جەنگ و ململانێیانە بەدوور بگرێت، بەڵام بە هەڵسەنگاندنى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئەزموونى مێژوویی، بۆمان دەردەکەوێـت کە دواجار هەرێم دەبێت ڕێڕەوى تورکیا و ئەوروپا و ئەمریکا هەڵبژێرێ؛ بۆیە دەبێ بەوردى لەم ڕاستییە لۆژیکییە تێ بگات.

image_pdfimage_print