پێنووس
2024

توركیا دوای هەڵبژاردنی 31ی ئازار؛ لە نێوان بەرداشی هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنی ئۆزگور ئۆزەل و كرانەوەی سیاسیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشه‌كی

هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییەكانی 31ی ئازاری ساڵی 2024 خاڵێكی وه‌چه‌رخانه‌ له‌ ژیانی سیاسیی توركیادا، چونكه‌ له‌ دوای ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ، جه‌هه‌په (حزبی كۆماری گەل – Cumhuriyet Halk Parisi)‌ توانیی ببێته‌ حزبی یه‌كه‌م و ئاك پارتی (حزبی داد و گەشەپێدان – Adalet ve Kalkınma Partisi) ڕووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ بووه‌وه‌ و، بوو به‌ حزبی دووه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بووه‌ هۆی دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی دیمه‌نێك و تابلۆیەكی نوێی سیاسی له‌ توركیا. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌م ئاك پارتی و هه‌میش گه‌وره‌ حزبی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ستیان به‌ جموجۆڵێكی فراوان و بنه‌ڕه‌تی كرد به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنەوەی متمانه‌ی ده‌نگده‌ر له‌ توركیا. له‌ بابه‌تی ئه‌م جاره‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ین وێنه‌یه‌كی گشتی و پوختی پێشهات و ڕووداوه‌كانی دوای 31ی ئازار بخه‌ینه‌ ڕوو.

جه‌هه‌په‌ و پرۆسه‌ی “ئاساییكردنه‌وه‌”

جه‌هه‌په‌ دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی له‌ ساڵی 2023 له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار شكست به‌ ئه‌ردۆغان بهێنێت، كه‌مال كلیچدارئۆغلو ناچار بوو له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2023  كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی ئەنجام بدات. لە كۆنگرەكەدا ئۆزگور ئۆزەل توانیی ببێته‌ هه‌شته‌مین سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی ئۆزەل، گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی ده‌ستی پێ كرد و دیارترین ئه‌نجامی گۆڕانكارییه‌كانیش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بوو كه‌ جه‌هه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی 31ی ئازاری ساڵی 2024 به‌ده‌ستی هێنا و تیایدا توانیی جه‌هه‌په‌ بكاته‌ حزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆك و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانی توركیا.

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی 31ی ئازار ئه‌ركی ئۆزه‌لی قورستر كرد، چونكه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كان زیادی كرد و داواكارییه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی شكستپێهێنان بوو‌ به‌ ئاك پارتی و ئه‌ردۆغان. واتا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ ده‌نگده‌ر، به‌تایبه‌ت به‌هۆی گرانیی ئاستی بژێوی ژیان و بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ر، له‌ ئاك پارتی و ئه‌ردۆغان بێزار بووه‌ و جه‌هه‌په‌یش له‌وانه‌یه‌ باشترین بژارده‌ نه‌بێت به‌ڵام ده‌كرێ ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت له‌ داهاتووی توركیادا، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی و سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری داهاتوو كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی مایسی ساڵی 2028 ئه‌نجام بدرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان توانیی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا به‌رگه‌ بگرێت و بڕیاری ئه‌نجامدانی “هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته”‌ نه‌دات.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئۆزه‌ل ڕای گه‌یاند كه‌ گۆڕانكارییه‌كی جه‌وهه‌ری له‌ سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات و درێژه‌ به‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌دات بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی ئێستادا بكرێت و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئاك پارتی و ئه‌ردۆغان بهێنێت. به‌ڵام شێوازی كاری ئۆزه‌ل له‌ هی سه‌رۆكه‌كانی پێشووی جه‌هه‌په‌ جیاوازتره‌ و چەند جار رای گه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وه‌ی تێ بكۆشێت پێویسته‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا دانوستان بكات و كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ئامانجه‌كانی له‌ ڕێگه‌ی دانوستانه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنێت و ئه‌گه‌ر له‌مه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئینجا پەنا دەبرێتە بەر هه‌نگاوی دواتر كه بریتییه‌ له‌ تێكۆشان دژی ئاك پارتی و هاوپه‌یمانه‌كانی. هه‌ر له‌م ئاراسته‌یەدا بڕیاری دا سه‌ردانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكات و له‌ نێوانیشیاندا ئاك پارتی.

ئۆزەل بۆ ئەوەی ستراتیژییەتی حزبەكەی بۆ قۆناغی داهاتوودا ڕوون بكاتەوە، پرۆسەی “ئاساییكردنەوە – Normalleşme)ی ڕاگەیاند. ناوەڕۆكی ئەم پرۆسەیە بریتییه لەمانەی خوارەوە:

  1. ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسیی وڵات؛ چونكە بەپێی بۆچوونی جەهەپە بارودۆخی وڵات لە دوای ساڵی 2002وە گۆڕانكاریی زۆری لەخۆ گرتووە و لە ڕووە سیاسییەكەیەوە ژیانێكی سیاسیی ئاسایی لە توركیا نەماوە و دەسەڵات لەلایەن تاكەكەسێكەوە قۆرخ كراوە.
  2. ئاساییكردنەوەی دامەزراوە دادوەرییەكانی وڵات؛ بەپێی بۆچوونی جەهەپە و بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكانی دیكە، دادگە لە توركیا خەریكە سەربەخۆییی خۆی لەدەست دەدات. بۆیە پێویستە ئەم كێشەیەیش چارەسەر بكرێت و بگەیەنرێتە دۆخی ئاساییی خۆی.
  3. گرنگترین كێشە كە ئاسایی نییە لەسەر ئاستی توركیا، بواری ئابووریی وڵاتە. توركیا ڕووبەڕووی كێشەیەكی دارایی و ئابووریی گەورە و قووڵ بۆتەوە. ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئابووریی وڵات، یەكێكە لە داواكارییەكانی جەهەپە و شوێن و پێگەیەكی گرنگی هەیە لە پرۆسەی ئاساییكردنەوەی ئۆزەل.
  4. كێشەی مووچەی خانەنشینان، بەشێكی گرنگی پرۆسەكەی ئۆزەل پێك دەهێنێت. جەهەپە بە سەرۆكایەتیی ئۆزەل جەخت لەسەر زیادكردنی مووچەی خانەنشینان دەكات، چونكە بەشێكی زۆری خانەنشینان مووچەی مانگانەیان دە هەزار لیرەی توركییە، كە لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم بڕە پارەیە بەشی بژێوی ژیانی خەڵك ناكات. هەرچەندە ئۆزەل ڕاستەوخۆ داوای لە ئەردۆغان كرد لانی كەم مووچەی خانەنشینان بگەیەنرێتە ئاستی كەمترین مووچەی كاركردن لە توركیا، بەڵام ئەم داواكارییەی ئۆزەل جێبەجێ نەكرا و هەر لە سەرەتاوە ڕەت كرایەوە.

وەكوو هەوڵێكی ستراتیژیی گرنگی ئەم پرۆسەیە، ئۆزەل بڕیاری دا لە ڕێكەوتی 2ی مایسی ساڵی 2024 سەردانی ئاك پارتی بكات و لەگەڵ ئەردۆغان كۆ ببێتەوە؛ بەرامبەر ئەمە ئەردۆغانیش وەكوو وەڵامێك بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بۆ یەكەم جار لە دوای 18 ساڵ، لە 11ی حوزیران سەردانی بارەگای سەرەكیی جەهەپەی كرد لە ئەنقەرە. ئەم چاوپێكەوتنانە بە نیسبەت ئۆزەلەوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی ژیانی سیاسی دێت لە توركیا. هەرچەندە پەیوەندییەكانی دوای ئەم دوو چاوپێكەوتنە وەكوو پێویست درێژەیان پێی نەدراوە بەڵام لە ڕووی تواندنەوەی بەستەلەكەكانەوە كاریگەریی هەبوو. بۆیە لێرە ئەم پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت: جەهەپە (ئۆزەل) بەتەمای چییە لە توركیا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین ئەم خاڵانە بخەینە ڕوو:

  1. ئۆزەل هەوڵ دەدات لە ئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار و پەرلەمانی توركیای ساڵی 2028 ئامادە بكات، چونكە ئەم جارەیان نایەوێت تووشی شكست ببێتەوە؛ هەروەها بەڵێنی ئەوەی داوە ئەگەر لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی داهاتوودا جەهەپە نەگەیەنێتە دەسەڵات، ئەوە ڕاستەوخۆ دەست لە كار دەكێشێتەوە. لە لایەكی دیكە سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە لایەنگرانی جەهەپە، نیگەرانن لە سیاسەتە نوێیەكەی ئۆزەل و پێیان وایە ئەردۆغان تاكە سوودمەندی ئەم سیاسەتە نوێیەی ئۆزەلە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەپێی دوایین ڕاپرسی كە لەلایەن “كۆمپانیای میترۆپۆڵ”ەوە دەربارەی ڕەزامەندیی دەنگدەران لە بەجێگەیاندنی ئەركەكان لەلایەن ئەردۆغان وەكوو سەرۆككۆمار و ئۆزەل وەكوو سەرۆكی جەهەپە ئەنجام دراوە، ئەوە بەپێی مانگەكانی شوبات و نیسان و مایس جیاوازییەكی بەرچاو دەبینرێت و ئۆزەل بۆ یەكەم جار لە مانگی نیسان و مایس پێش ئەردۆغان دەكەوێت بەپێی ئەم خشتەی خوارەوە:
    2024
  2. دوای هەڵبژاردنەكانی 31ی ئازاری ساڵی 2024، جەهەپە ڕای گەیاند كەوا ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی زۆر زیاتر بووە بەراورد بە قۆناغەكانی ڕابردوو، چونكە ئێستا جەهەپە لە ڕێگەی بەرپرسەكانیانەوە لە شارەوانییە جیاوازەكانی وڵاتدا خزمەتگوزاریی شارەوانی پێشكەشی نزیكەی (65%)ی دانیشتووانی توركیا دەكات. هەروەها لە ڕووی دابەشكاریی ئابوورییەوە 86%ی ئەم ناوچانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەلایەن بەرپرسە شارەوانییەكانی جەهەپەوە بەڕێوە دەبردرێن؛ لە هەمووان سەرنجڕاكێشتر، ئەو گەڕەك و ناوچانەی كە ئەردۆغان تیایدا نیشتەجێیە، شارەوانییەكانی لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوە دەبردرێت. بۆیە جەهەپە نایەوێت پاشەكشە بەم هەنگاوانە بكات و، سەرجەم تواناكانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی پاڕێزگاری لەم تابلۆیە بكات و تەنانەت كار بۆ باشتركردنیشی دەكات.
  3. ئۆزەل نایەوێت هەڵەكانی ڕابردووی حزبەكەی خۆی دووبارە بكاتەوە و، كار بۆ ئەوە دەكات سەرجەم لایەنەكان لە خۆی ڕازی بكات یاخود لانی كەم كار بۆ ئەوە دەكات لایەنەكانی دیكە دژایەتیی نەكەن. بێ گومان لە وڵاتێكی وەكوو توركیا، ئەستەمە بتوانرێ سەرجەم لایەنەكان ڕازی بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە كەوا ئەگەر نەتوانرێ هاوپەیمانییش لەگەڵ هەندێك لایەن بكرێت، بەڵام دەكرێ “ڕێبەرێكی هاوبەش” كۆیان بكاتەوە.
  4. ئاك پارتی و ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەك لە قۆناغی ئێستادا ڕازی نین هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت بەڵام لە هەلومەرجی ئەمڕۆ و بەپێی هەڵوێستی خەڵكی توركیا، ئەستەمە ئەم پەرلەمانە و دەسەڵاتەی ئێستا بۆ ماوەی چوار ساڵی دیكە بەبێ كێشە و گرفت بەردەوام بێت. بۆیە دەتوانین بڵێین جەهەپە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ گوشار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، چونكە ئەو دەرفەتەی كە لەم قۆناغەدا بۆی ڕەخساوە، لە قۆناغەكانی ڕابردوودا بۆی نەڕەخساوە. بۆیە لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی جەهەپە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لە ئامانجەكانی ئۆزەل.

ئاك پارتی و پرۆسەی “كرانەوەی سیاسی – Yumuşama

ئەردۆغان دوای ئەوەی تووشی شكستێكی گەورە بوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی ئازار، كەوتە جموجۆڵ بۆ ئەوەی بارودۆخی خۆی و حزبەكەی باش بكات و كەمێكیش بێت، قورسایی و سەنگی قۆناغەكانی پێشوو بگەڕێنێتەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان هەستی بە مەترسییەكانی لەدەستدانی دەسەڵاتی كرد، بڕیاری دا سەرەتا دەست بە پرۆسەی “كرانەوەی سیاسی” بكات؛ مەبەستی لە چەمكی “كرانەوەی سیاسی”، خۆنزیككردنە لە لایەنە سیاسییەكان و دەرفەتدانە بە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی ڕاوبۆچوونیان دەربارەی قەیرانەكانی توركیا وەربگیرێت و تەنانەت بەیەكەوە كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، بەتایبەت قەیرانی دارایی و ئابووری كە بەرۆكی توركیای گرتووە. كرانەوە هەروەها ئەوەیش لەخۆ دەگریت كە ئیتر لەمەوبەدوا پێویستە ئەو جەمسەربەندییەی پێشوو لە نێوان دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆن هەبوو، نەهێڵرێت و دیالۆگ و دانوستاندن شوێنی بگرێتەوە و لایەنەكان خۆیان لە پۆپۆلیزم بەدوور بگرن. بەڵام سەرەڕای ئەوەی كرانەوە لەلایەن ئاك پارتی و ئەردۆغانەوە بەم شێوەیە پێشكەش كراوە، لە بنەڕەتدا گومان لەوەدا هەیە كە بەڕاستی ئامانجی سەرەكیی ئەردۆغان ئەم خاڵانە بێت كە ئاماژەمان پێیان دا.

لەم چوارچێوەیەدا ئەم پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت: ئامانجی ڕاستەقینەی ئەردۆغان لەم قۆناغەدا چییە؟ لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە، دەكرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:

  1. ئەردۆغان لە ساڵی 2002وە تا ئێستا توانیویەتی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەلاوازی بهێڵیتەوە و دەرفەتیان پێ نەدات ببنەوە شوێنگرەوەی ئەو؛ بۆیە بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی لاواز هەردەم لە ئەولەوییەتی كارەكانی ئەردۆغان بووە. واتا ئاك پارتی و ئەردۆغان كار لەسەر ئەوە دەكەن كە ئۆپۆزیسیۆن لاواز بێت و لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا بێت. بێ گومان نەمانی كەمال كلیچدار ئۆغلو زیانێكی زۆر گەورەی هەبوو بۆ ئاك پارتی و ئەردۆغان، چونكە بەردەوام لە هەڵبژاردنەكاندا تووشی شكست دەبوو. ئێستایش ئەردۆغان كار بۆ ئەوە دەكات ئۆزەل بۆ خۆی ڕابكێشی و دووبەرەكی لە نێوان سەركردەكانی جەهەپە دروست بكات و، بیگەیەنێتە ئاستێك هانی ئۆزەل بدات لە جیاتی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، ئەكرەم ئیمام ئۆغلو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار كاندید بكات، سەرەڕای ئەوەی جارێ قسەكردن لەسەر كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ساڵی 2028 زووە، چونكە ئەردۆغان لێهاتووە لەم بوارە و بەباشی دەتوانێ ئەم جۆرە ستراتیژ و تاكتیكانە بەكار بهێنێت لە سایەی ئەو ئەزموونەی كە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو بەدەستی هێناوە.
  2. هاوپەیمانیی كۆمار (Cumhur İttifakı) كە ئاك پارتی و مەهەپە (پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست – Milliyetçi Hareket Partisi) دوو پێكهینەری سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییەن، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی ئازار ڕووبەڕووی گرفتێكی گەورە بوونەتەوە و زۆرینەی دەنگەكانیان لەدەست داوە؛ جگە لەمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پاڵپشتیی دەنگدەر بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە كەمتر دەبێت. بۆیە بەتایبەت ئەردۆغان كار بۆ دۆزینەوەی بژاردەی تر دەكات؛ لە هەمان كاتیشدا نایەوێت مەهەپە لە خۆی دوور بخات. بەڵام لەپاڵ ئەوەیش بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆیش بێت گوشارەكانی بۆ سەر مەهەپە دەستی پێ كردووە؛ بۆ نموونە لە 11ی حوزیرانی ساڵی 2024 دوای 18 ساڵ ئەردۆغان بۆ یەكەم جار سەردانی بارەگای سەرەكیی جەهەپەی كرد لە ئەنقەرە، لە هەمان ڕۆژیش لە كۆشكی كۆماری، پێشوازیی لە هاوسەری سینان ئەتێش (عایشە ئەتێش -Ayşe Ateş)ی كرد- سینان ئەتێش بەرپرسێكی باڵای مەهەپە بوو لە 30ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2022 كوژرا. گومان لەوە دەكرێت كە مەهەپە دەستی هەبێت لە كوشتنی ئەتێش؛ هەروەها لایەنە سیاسییەكان ڕەخنە لەوە دەگرن گوایە حكوومەت و دادگە كەمتەرخەمییان كردووە لە كەیسی كوشتنی ئەتێش، چونكە بانگەشەی ئەوە دەكرێت چەندان بەرپرسی باڵای مەهەپە لە كەیسی كوشتنەكە تێوە گلاون. دوای نزیكەی ساڵێك و شەش مانگ لەسەر كوشتنی ئەتێش، هاوسەرەكەی ئێستا هەڵمەتیكی فراوانی دەست پێ كردووە بۆ دۆزینەوەی بكوژانی سینان ئەتێش. جووڵاندنی ئەم كەیسە لەم ساتەدا، وەكوو گوشارێك بۆ سەر مەهەپە دەبینرێت، چونكە مەهەپە ڕاستەوخۆ لەسەر زاری سەرۆكەكەی، دەوڵەت بەخچەڵی، گوتی: بە هەموو شێوەیەک دژی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی جەهەپە و پرۆسەی کرانەوەی ئاک پارتی، دەوەستن، چونکە مەهەپە نایەوێت گۆڕانكاریی زیاتر لە ژیانی سیاسیی توركیا بكرێت.” ئەو پێی وایە هەر گۆڕانكارییەك لە هاوكێشەكاندا، بەتایبەت لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، ئەوە لە دژی مەهەپە و هاوپەیمانیی كۆمار دەبێت. كەواتە ئەردۆغان بە شێوەیەك لە شێوەكان، كار دەكات بۆ ئەوەی هەندێك هەنگاوی جددی بنێت بۆ ئەوەی قەرەبووی شكستەكەی بكاتەوە كە لە 31ی ئازار تووشی بوو.
  3. سەرەڕای ئەوەی ئەم جارەیان زۆر ئەستەمە لایەنە سیاسییەكانی دیكە ڕازی بن، بەڵام ئەردۆغان دیسان جەخت لەسەر دەستوورێكی مەدەنی دەكات؛ واتا ئامادەكردنی دەستوورێك لەلایەن كەسانی ئاسایی و مەدەنی لە جیاتی ئەو دەستوورەی كە ئێستا بەركارە، چونكە بیانووی ئەوە دەهێندرێت كەوا دەستوورەكەی ئێستا لەلایەن كودەتاچییەكانەوە دانراوە. بەڵام ئەگەر لە بابەتەكە زیاتر بكۆڵینەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئامانجە ڕاستەقینەكەی ئەردۆغان لە گۆڕینی دەستوور، بریتییه لەوەی پێگەی خۆی پتەو بكات و دەرفەتی نوێ بۆ خۆی بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دیسان بتوانێ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2028 خۆی كاندید بكات؛ جگە لەوەی ئەو دەسەڵاتانەی كە دراوەتە سەرۆككۆمار، لە چوارچێوەی دەستوور گەرەنتی بكرێت. بەڵام پێ ناچێت ئەركی ئەردۆغان لەم بابەتە ئاسان بێ، چونكە لایەنە سیاسییەكانی دیكە بیربۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەتایبەت دەربارەی سیستەمی سیاسیی وڵات، كە جەهەپە زۆر بەتوندی لەگەڵ گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانییە بۆ توركیا.
  4. لایەنی ئابووریی وڵات بەهۆی ئەو سیاسەتانەی كە بەتایبەت لەلایەن ئەردۆغانەوە پەیڕەو كراوە، توركیای گەیاندە ئاستێكی مەترسیدار؛ تەنانەت زۆر لە چاودێران پێیان وایە كە زەحمەتە خەڵك تا چوار ساڵی دیكە بەرگەی ئەم قەیرانە دارایی و ئابوورییە بگرن. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەردۆغان كار بۆ نانەوەی هەندێك هەنگاو بكات كە لایەنی كەم ئەگەر بە شێوەیەكی بنەڕەتییش چارەسەری كێشەكە نەكات و بەكاتییش بێت، بتوانێ ئەم چوار ساڵەی پێی بەڕێوە ببات. بەڵام پێ ناچێت لەم بوارەدا كات لەگەڵ ئەردۆغان بێت. كێشە دارایی و ئابوورییەكان بە شێوەیەكی ترسناك هێزی كڕینی هاووڵاتیی توركیی دابەزاندووە؛ ئەمەیش وا لە خەڵك دەكات داوای چارەسەری لەناكاو و خێرا بكات و لەوانەیە نەتوانن لەمە زیاتر بەرگە بگرن.

كۆبەند

هەوڵەوكانی ئاساییكردنەوەی جەهەپە و كرانەوەی ئەردۆغان هەردووكیان بە مەبەستی زەمینەخۆشكردنە بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار و پەرلەمانی توركیا، چونكە هەریەك دەیەوێ بەسەر ئەوەی دیكەدا سەر بكەوێت. بۆیە دەتوانین بانگەشەی ئەوە بكەین كە هەردوو لا ڕاستگۆ نین لە بانگەشەكانیان دەربارەی دانوستاندن و پێكەوەكاركردن و دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام بۆ تاوتوێكردنی قەیرانەكان؛ ئەوەی گرنگە بەلایانەوە چۆن بتوانن بەرژەوەندیی حزبەكەیان دەستەبەر بكەن.

بەپێی ڕووداوەكانی ساڵانی ڕابردوو، پێ دەچێت لە ڕووی ئەزموونەوە ئەردۆغان چەند هەنگاوێك لە پێش ئۆزەل بێت و پێشبركێیەكی سەخت لەگەڵ ڕكابەرەكانی بكات؛ بەرامبەر ئەمەیش ئۆزەل خوێنگەرمە و هەوڵ دەدات ئەو دەرفەتەی بۆی ڕەخساوە بە شێوەیەكی دروست بەكار بهێنێت و سوودی لێ ببینێت. بۆیە كار بۆ ئەوە دەكات هەموو لایەك ڕازی بكات؛ بەڵام ڕازیكردنی هەموو لایەك، بەتایبەت لە وڵاتێكی وەكوو توركیا كارێكی زۆر سەختە و تەنانەت مەحاڵیشە. بۆیە پێشبینی دەكرێت لە قۆناغەكانی داهاتوودا ململانێی نێوان ئەردۆغان و ئۆزەل قووڵتر و سەختتر ببێتەوە، چونكە سیاسەتكردن لە توركیا تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە نابێت؛ هەروەها پێ ناچێت تارماییی قەیرانی دارایی و ئابوورییش بەرۆكی ئەردۆغان وا بەئاسانی بەر بدات. كەواتە دەكرێ بڵێین لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە قۆناغەكانی داهاتوودا ڕۆژانی سەخت و دژوار چاوەڕێی توركیا دەكات.

image_pdfimage_print