موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
پرسی ئاسایش له سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا زیاتر له چوار ده‌یه‌یه به شێوه‌یه‌كی ڕاستەوخۆ، په‌یوه‌ست كراوه به چالاكی و جموجۆڵه‌كانی چه‌كدارانی پارتی كریكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، چونكه له ساڵی 1984ەوه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پێكدادانی چه‌كداری له نێوان سوپای توركیا و په‌كه‌كه ده‌ستی پێ كرد. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا نزیكه‌ی 40 ساڵه بوودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح بۆ ڕووبەرووبونه‌وه‌ی تیرۆر له‌توركیا ته‌رخان ده‌كرێت. به‌پێی بۆچوونی سیاسه‌تمه‌دارانی توركیا، “كار و چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له چوارچێوه‌ی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانه‌وه هه‌ژمار ده‌كرێت و توركیا، په‌كه‌كه به ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناو دەبات.”
په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق (كە دراوسێی توركیان) به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بوونی هه‌یه؛ هەر بۆیە ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام نیگه‌رانیی خۆی لەم بارەیەوە ڕاگه‌یاندووه. بۆیه حكوومەته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی توركیا كاریان بۆ ده‌ركردنی په‌كه‌كه كردووه له خاكی عێراق، بەڵام ئه‌م هه‌وڵه چڕه‌ی توركیا ئه‌نجامێكی ئاوای لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه. هه‌روه‌ها دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سەرۆككۆماری توركیا “ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان” بۆ به‌غدا له 22ی نیسانی ساڵی 2024، هەنگاوێكی جددی له نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا نرا، كه بریتی بوو له واژۆكردنی ڕێككه‌وتنێكی ئه‌منی له نێوان دوو وڵات كه مەبه‌ستی سه‌ره‌كیی لێی، گوشارخستنه سه‌ر په‌كه‌كه بوو.
له بابه‌تی ئه‌م جاره‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ڵامی پرسیاری “مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌م ڕێككه‌وتنه و لێكه‌وته و سیناریۆی دوای واژۆكردنی چین؟” و چه‌ندان پرسیاری دیكه‌ی پەیوەست به‌م بابه‌ته‌وه بدەینەوە.
مەبەستی سەرەکی لەم ڕێککەوتنە چییە؟
ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات به‌تایبه‌ت له عێراق- به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه- كۆتایی به بوونی په‌كه‌كه بهێنێت. هه‌روه‌ها چه‌ندان جار به شێوه‌ی فەرمی داوای له عێراق كردووه كه‌وا خۆی ناوچه سنوورییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته بپارێزێت و ڕێگری له چه‌كدارانی په‌كه‌كه بكات بۆ ئه‌وه‌ی له خاكی عێراقه‌وه هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر توركیا. به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه مه‌ترسیی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر توركیا له ڕووه ئه‌منییه‌كه‌وه كۆتاییی پێ بێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نقه‌رە و به‌غدا پاش دانوستانێكی دوورودرێژ توانییان بگه‌نه ڕێككەوتنێكی ئەمنیی دووقۆڵی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گرفته چاره‌سه‌ر بكه‌ن یاخود لانی كه‌م جموجۆڵی چەكدارانی پەكەكه بگه‌یەنرێته نزمترین ئاست. ده‌توانین بڵێین ئامانجی سه‌ره‌كیی واژۆكردنی ئه‌م ڕێككه‌وتنه بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه:
یه‌كه‌م: توركیا ده‌یه‌وێ به هه‌موو شێوه و ڕێگەیه‌ك جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی كۆتاییی پێ بێنێت یاخود لانی كه‌م مه‌ترسیی په‌كه‌كه بگه‌یەنێته نزمترین ئاست. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌مه‌یش، پێویستیی به یارمه‌تی و ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتنه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، “ئه‌وه ده‌بێته ده‌سكه‌وتێكی به‌رچاو و ستراتیژی و گرنگ بۆ توركیا، به‌تایبه‌ت له ڕووی پاراستنی ئه‌منیی توركیا.”
دووه‌م: ئه‌نقه‌ره نیگه‌رانه له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاران و په‌كه‌كه، چونكه به‌رپرسانی توركیا پێیان وایه تاران ڕاسته‌وخۆ یارمه‌تیی چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌دات یاخود لانی كه‌م چاوپۆشی له بەكارهێنانی خاكی ئێران ده‌كات له دژی توركیا؛ ئه‌م ڕاستییه چه‌ندان جار لەلایه‌ن به‌رپرسانی توركیا خراوه‌ته ڕوو. بۆ نموونه وه‌زیری به‌رگریی توركیا (یه‌شار گیوله‌ر – Yaşar Güler) له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ڕای گه‌یاند “نیگه‌رانن له هه‌ڵویستی ئێران به‌رانبه‌ر به چه‌كدارانی پەكەكه.” له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌ی عێراقه‌وه په‌یامێك بگه‌یەنێته تاران كه توركیاش توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه گوشار بخاته سه‌ر عێراق و په‌كه‌كه لاواز بكات؛ چونكه به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕێككەوتنه ئه‌منییه، عێراق له بواری ئاو و پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێداندا چاوه‌ڕوانی ئاسانكاری و یارمه‌تی و هه‌ماهه‌نگیی توركیایه.
سێیه‌م: توركیا ترس و نیگه‌رانییه‌كی قووڵی هه‌یه ”چیای شنگال” ببێته پێگه‌یه‌كی دیكه بۆ چەكدارانی په‌كه‌كه و، ترسی ئه‌وه‌ی لێ نیشتووه شنگال ببێته قه‌ندیلی دووه‌م. بۆیە ئەنقەرە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم ڕێككەوتنە سەربازی و ئەمنییەوە پەیوەندیی پەكەكە لە نێوان قەندیل و شنگال ببچڕێنێت؛ واتا پلانی ئەوەی هەیە شكست بە پەكەكە بهێنێت لە شنگال، چونكە سەرۆككۆماری توركیا چەندان جار لەم باریەوە لێدوانی داوە و بەئاشكرا ڕای گەیاندووە كە شنگال بەقەدەر قەندیل بۆیان گرنگە و ڕێگە نادەن پەكەكە تیایدا بمێنێت و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد ئەوه لە هەر كات و ساتێك‌دا لەناكاو دەچنە شنگال.
چوارەم: پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان گرنگییەكی زۆری بۆ توركیا هەیە؛ حكوومەتی ئێستای عێراقیش بە سەرۆكایەتیی “محەمەد شیاع سوودانی”یش جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەكات و هەوڵ دەدات هەنگاوی جددی لەم بواره بنێت. بەڵام ڕێرەوی ئەم پرۆژەیە بەبێ دابینكردنی ڕێگەیەكی متمانەپێكراو و بێكێشە، خاڵێكی گرنگی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە؛ بۆیە خاوێنكردنی ڕێرەوی پرۆژەكە لە چەكدارانی پەكەكە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرخستنی پرۆژەكە. ئەم ڕێككەونتە سەربازی و ئەمنییەیش هەنگاوێكی باشە بۆ خاوێنكردنی ڕێرەوی پرۆژەی گەشەپێدان لە هەر جۆرە مەترسییەك لە ڕووی ئەمنییەوە.
پێنجەم: ئەم ڕێككەوتنە شەرعییەت دەبەخشێتە بوونی سوپای توركیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە بەردەوام ڕەخنە لە توركیا دەگیرێت بەهۆی پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق. واتا له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ڕێككه‌وتنەوە هه‌م ئه‌نقه‌ره خۆی له‌م ڕه‌خنانه ده‌پارێزێ و هه‌میش به‌غدا ڕووگیر (ئیحراج) ناكرێت به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌سه‌ر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستاندا.
کامە لە ماددە و بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت و كامه‌یان جێبه‌جێ ناكرێن؟
ئه‌نقه‌ره و به‌غدا له 15ی ئابی ساڵی 2024 “لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شی ئه‌منی و سه‌ربازیی توركیا و عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر”یان واژۆ كرد. لێكتێگه‌یشتنه‌كه له (10) مادده پێك هاتووه كه چه‌ند خاڵی گرنگ له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م لێكنزیكبوونه‌ی ئه‌نقه‌ره و به‌غدا، ئه‌م هه‌نگاوه لەلایه‌ن هه‌ندێك هێزی سیاسیی عێراقیی نزیك لە تاران و ته‌نانه‌ت خودی ئێران، نیگه‌رانیی لێ كەوتۆته‌وه. بۆیه ده‌كرێ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه و به‌گشتی ئه‌و بابه‌تانه بخه‌ینه ڕوو كه له‌وانه‌یه جێبەجێ بكرێن یاخود جێبه‌جێكردنیان ئه‌سته‌م بێت:
یه‌كه‌م: له لێكتێگه‌یشتنه‌كه ئاماژه به ڕاهێنانی سه‌ربازی له نێوان هه‌ردوو لا كراوه؛ ده‌كرێ ئه‌م خاڵه تا ڕادده‌یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت. جگه له‌مه هه‌ردوو لا له‌ڕێگه‌ی ئه‌م خاڵه‌وه خۆیان له ڕه‌خنه‌ی بوونی سه‌ربازی له‌سه‌ر خاكی عێراق به شێوه‌یه‌كی نایاسایی ڕزگار ده‌كه‌ن.
دووه‌م: ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ر جۆره مه‌ترسییه‌كی تیرۆریستی. ئه‌م خاڵه به‌هۆی جیاوازیی تێروانینی هه‌ردوو لا بۆ چه‌مكی تیرۆر، له‌وانه‌یه كێشه بۆ هه‌ردوو لا دروست بكات. لەوانه‌یه له چه‌ند بوارێكی سنووردار له‌م بابه‌تەدا هه‌ماهه‌نگی بكرێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ناكرێت بەغدا وه‌كوو ئه‌نقه‌ره مامه‌ڵه‌ی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكات؛ ئەمە سه‌ره‌ڕای ناسینی پەكەكه به ڕێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراو له عێراق و داخستنی سێ حزبی نزیك په‌كه‌كه له وڵاته‌كه‌دا؛ چونكه له ئه‌رزی واقعدا عێراق و لایه‌ن و هێزه‌كانی نزیك ئێران ژێربه‌ژێر، به‌تایبه‌ت له شنگال، هەماهه‌نگییه‌كی باشیان هەیە له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی په‌كه‌كه و ئه‌و گرووپانه‌ی كه نزیكن لێی.
سێیه‌م: دابینكردنی ئاسایشی سنووره هاوبه‌شه‌كانی نێوان عێراق و توركیا بابه‌تێكی دیكه‌یه كه لایەنەكان له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتوون. ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق، مەترسیی پەكهكه نه‌هێڵێت بۆ سه‌ر خاكی توركیا؛ بۆ نموونه هه‌ر ئێستا به‌قووڵاییی زیاتر له سی كیلۆمه‌تر، سوپای توركیا هاتۆته نێو خاكی عێراق و، شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له ستراتیژیی “هێرش بكه و بكشێهوه“، گۆڕیوه بۆ “هێرش به‌ره و، سوپا جێگیر بكه.” ئه‌م خاڵه لەوانه‌یه مەترسییەكی ژێربه‌ژێریش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پێك بهێنێت، چونكه به ئه‌گه‌رێكی زۆر چاوەڕوان ده‌كرێت به‌غدا و هێزه نزیكه‌كانی تاران، به بیانووی كۆنترۆڵكردن و دابینكردنی ئاسایشی سنووره هاوبه‌شه‌كانی عێراق و توركیا، جووڵه به هێزه‌كانی سنوور بكات و له‌و ناوچانه جێگیریان بكات؛ كه ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
چواره‌م: هاوبه‌شیكردنی زانیاریی هه‌واڵگری، یه‌كێكه له‌و خاڵانەی كه لە لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌دا ڕێككەوتنی لەسه‌ر كراوه. چاوه‌روان ده‌كرێت ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی چڕیش نه‌بێت، له‌م بواره‌دا هەماهه‌نگی بكرێت. هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی كاری هاوبه‌ش له بواری پیشەسازیی سه‌ربازیدا كراوه. ئه‌م خاڵه به‌تایبه‌ت بۆ عێراق زۆر گرنگه، چونكه توركیا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردودا له ڕووی پیشه‌سازیی سه‌ربازییەوە هه‌نگاوی باشی ناوه و گه‌یشتۆته ئاستێكی باش، به‌تایبەت له بواری به‌رهه‌مهێنانی درۆن.
پێنجه‌م: بنه‌ما و ڕێوشوێنه‌كانی گونجاندنی لێكتێگه‌یشتنه‌كه، خاڵێكی دیكه‌یه كه له لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ كراوه. ئه‌م بابه‌ته چه‌ند بوار له‌خۆ ده‌گرێت كه ئه‌سته‌مه به‌پێی ویست و ئاره‌زووی توركیا جێبه‌جێ بكرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، تیایدا هه‌ردوو لا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و گرووپه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان كردووە، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی هاوبه‌شیكردنی زانیاریی هه‌واڵگری به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی سنووره‌كان. هه‌روه‌ها ئاماژه به ڕێگریكردن له جموجۆڵ و چالاكیی گرووپه تیرۆریستییه‌كان له‌سه‌ر خاكی هه‌ردوو لادا كراوه. جگه له‌مه، هەردوو لا له‌سه‌ر ڕێگریكردن له دابینكردنی چه‌ك و پشتیوانیی لۆجیستی و دارایی بۆ گرووپه تیرۆریستییەكان و دیاریكردنی جێگەی مانه‌وه‌ی تیرۆریستان و ده‌ستگیركردن و دادگەییكردن و گێڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتی خۆیان له ڕێگه‌ی كاری هاوبه‌شه‌وه، ڕێك كه‌وتوون. هه‌روه‌ها خاڵی ڕێگریكردن له مانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی گرووپه تیرۆریستی و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان له‌سه‌ر خاكی هه‌ردوو وڵات‌دا، له‌م لێكتێگه‌یشتنه شوێنی كراوه‌ته‌وه.
سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌نگاوانه ئه‌سته‌مه جێبه‌جێ بكرێن، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، چونكه عێراق ئه‌گه‌ر بشیه‌وێت ئه‌م هه‌نگاوه بنێت، ئاوا به‌ئاسانی ناتوانێ؛ چونكه هه‌م له ڕووی مه‌یدانی و هه‌میش له ڕووی توانای سه‌ربازییه‌وه توانای به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م خاڵانه‌ی نییه. بۆ نموونه كۆنترۆڵكردنی سنووره‌كان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه كارێكی قورسه و ته‌نانه‌ت ئاوا به‌ئاسانی ناتوانێ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌م ناوچانه‌دا جووڵه به سوپا بكات.
شه‌شه‌م: گرنگترین و بەرچاوترین خاڵ كە لە لێكتێگەیشتنەكەدا هاتووە: بابەتی دامەزراندنی ناوەندێكی هاوبەشە لە بەغدا بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات‌دا و، ئەو ناوەندەیش بە شێوەیەكی هاوبەش لەلایەن بەغدا و ئەنقەرەوە بەڕێوە دەبردرێت. ئه‌مه جگه لەوه‌ی لیژنه‌ی هاوبه‌شی ئه‌منییش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه پێك دەهێندرێت؛ ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، ده‌زگەی هه‌واڵگری، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌ی حه‌شدی شەعبی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیاش له لیژنه هاوبه‌شه‌كه‌دا ئه‌ندامیان ده‌بێت. ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵه زۆره، چونكه ئه‌گه‌ر له مەیدان و ئه‌رزی واقعدا ويست و ئاره‌زووی لایەنەكان وه‌كوو پێویست جێبه‌جێیش نه‌كرێت، ئه‌م ناوەنده هاوبه‌شه و لیژنه ئه‌منییه‌كه وه‌ك خاڵێكی په‌یوه‌ندیكردن هه‌ر ده‌مینێت.
ئایا شیعەکانی لایەنگری ئێران لەم ڕێککەوتنە ڕازین و نابنە بەربەست؟
شیعه‌كانی لایه‌نگری ئێران له عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ی نێوان بەغدا و ئەنقەره ڕازی نین، چونگه پێیان وایه ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوكاری و هاوئاهه‌نگییه‌ی نێوان ئه‌م دوو لایه سەر بكه‌وێ، ئه‌وه به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ سه‌ر پێگه‌ی ئێران له‌عێراق. بۆیه هه‌ر لەگەڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌نگاوه، ده‌ستبه‌جێ لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك تاران ده‌ستیان به ڕەخنەگرتن و ئیدانه‌كردن (شەرمەزاركردن)ی ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وه‌یه كرد، بۆ نموونه “سالم عەبادی” ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنەوهی “سادیقوون”، كه باڵی سیاسیی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌قه كه “قه‌یس خەزعه‌لی” سه‌رۆكایه‌تیی دەكات، له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا وتی: “پێویسته ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منیی نێوان عێراق و توركیا پێداچوونه‌وه‌یه‌كی بۆ بكرێت، چونكه ئه‌م ڕێككه‌وتنه هیچ مادده‌یه‌ك له‌خۆ ناگرێت كه له بەرژەوەندیی لایه‌نی عێراقی بێت.”
له لایه‌كی تر له29ی ئابی ساڵی 2024 فڕۆكه‌یه‌كی بێفرۆكه‌وان (درۆن)ی توركی له كه‌ركووك لەلایه‌ن سوپای عیراقه‌وه خرایه خواره‌وه؛ ئه‌م ڕووداوه په‌یامێك بوو له لایه‌نه ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی ناو سوپای عێراق بۆ توركیا كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنێكیشتان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێ، ئه‌وه ناتوانن به ئاره‌زووی خۆتان جێبه‌جێی بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له عێراق بخه‌نه مەترسییەوە. له لایه‌كی دیكه شوێنی خستنه‌خواره‌وه‌ی درۆنه‌كه‌یش خۆی له خۆێدا په‌یامێكی دیكه بوو بۆ ئەنقه‌ره، كه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه‌ركووك هێڵی سووری تارانه و، ناكرێ ئاوا به‌ئاسانی فڕۆكه بنێریته سه‌ر ئاسمانه‌كه‌ی و هێرش بكه‌یته سه‌ری. جگه له‌م دوو خاڵه، ده‌كرێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌م ڕووداوه بكرێت، كه تاران پاڵپشتی له حكوومه‌تی خۆجێیی كه‌ركووك و پاڕێزگارەكه‌ی ده‌كات. بێ گومان ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه دێت كه حكوومه‌تی خۆجێیی له كه‌ركووك لەلایه‌ن هێزه نزیكه‌كانی تارانەوه پێك هێنرا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك تاران به‌رانبه‌ر به لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ی نێوان بەغدا و ئه‌نقه‌ره، هه‌ڵوێستی ئێرانیش له‌م باره‌وه زۆر گرنگه، چونكه ئه‌م ڕیككه‌وتنه وا خوێندنەوەی بۆ ده‌كرێت كه ڕاسته‌وخۆ ئامانجی كه‌مكردنی نفووزی تارانه له عێراق. جگه له‌مه، لای هه‌مووان ئاشكرایه‌كه په‌كه‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: “ئایا بۆچی تاران بێده‌نگه به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتنه ئه‌منی و سەربازییه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر سه‌ر كه‌وێ، ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له عێراق ڕووبه‌ڕووی زیانێكی زۆر گه‌وره ده‌بێته‌وه؟” بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌توانین ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
- هاوكێشه و قه‌یرانه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وایان له تاران كردووه كه زیاتر سه‌رقاڵی ئەوانە بێت؛ بۆ نموونه جەنگی غه‌ززه: لێره‌دا هێزه نزیكه‌كانی وه‌كوو حه‌ماس ڕووبه‌ڕووی سەختترین شه‌ڕ و پێكدادان بوونەته‌وه، هه‌روه‌ها حزبوڵڵای لوبنانیش به‌ده‌ست هه‌مان كێشه‌وه دەناڵێنێت. بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌مه وای كردووه تاران ڕازی بێ به ڕاكێشانی توركیا بۆ به‌ره‌ی خۆی یاخود لانی كه‌م گرژییه‌كانی نێوانیان هێور بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جەنگی ڕووسیا-ئۆكرایناش به هه‌مان شێوه، كاریگه‌ریی خراپی كردۆته سه‌ر هه‌ڵوێستی ئێران و سه‌رقاڵتری كردووه.
- له‌وانه‌یه ئێران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێیه ئه‌نقه‌ره له سووریا و قه‌وقاز ته‌نازولی بۆ بكات، بۆیه تا ئێستا لانی كه‌م به‌ئاشكرا دژایه‌تیی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی نه‌كردووه؛ یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نزیكبوونەوەی ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق، ده‌كرێ له‌م ڕووه‌ووه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
- تاران كار بۆ ئه‌وه ده‌كات خۆی وه‌كوو هاوكارێك نیشان بدات، به‌ڵام له ئه‌سڵدا وا نییه؛ واتا دەتوانین بڵێین له‌م باره‌وه سیاسه‌تی “ته‌قیه” زۆر به‌ڕوونی له هه‌ڵوێستی تاران به‌رانبه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌بینرێت. به مانایه‌كی دیكه، ئێران له تێڕوانینی بۆ ئه‌م بابه‌ته، هه‌ڵوێسته ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی دەشارێته‌وه.
- تاران خۆی وا وێنا كردووه كه عێراق له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا سه‌ربه‌خۆیانه هەڵسوكه‌وت ده‌كات، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه ڕاست نییه، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی جددی و نهێنی، كار لەسەر ئاراسته‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا-ئه‌نقه‌ره ده‌كات، به‌و شێوه‌یەی كه خزمه‌تی بەرژەوەندییه‌كانی خۆی بكات له عێراق. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارەیه ده‌بینین تا ئێستا ڕێككه‌وتنه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كه‌ی به‌غدا-ئه‌نقه‌ره هه‌نگاوی باشی نه‌بڕیوه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هێز و لایه‌نی سیاسیی نزیك تاران به ئاشكرا هه‌وڵ ده‌ده‌ن شكست به‌م ڕێکكه‌وتنه بهێنن و حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی ڕووگیر بكه‌ن.
- به‌شداریپێكردنی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی “فالح فه‌یاز” له كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتنه‌كه، ده‌كرێ به‌و شێوه‌یه خوێندنەوەی بۆ بكرێت كه تاران له جیاتی ئه‌وه‌ی دوور بێت له وردوكارییه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه و له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كه بێت، ئه‌وه كه‌س و لایه‌نه زۆر نزیكه‌كانی خۆی له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه به‌شداریی پێ كردووه. ئه‌مه‌یش تا ڕادده‌یه‌ك توانای ئاراستەكردنی میكانزمه‌كانی جێیه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی داوەته تاران.
له لایه‌كی دیكه سه‌رۆككۆماری ئێران، مه‌سعوود پزیشكیان له11ی ئه‌یلوولی ساڵی 2024 وه‌كوو یه‌كه‌م سه‌ردانی ده‌ره‌كی وه‌كوو سه‌رۆككۆمار گه‌یشته به‌غدای پایته‌ختی عێراق. ده‌توانین ئه‌م سەردانه‌ی سه‌رۆككۆماری ئێران وه‌كوو كاردانه‌وه‌یه‌ك ببینین بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان بۆ عێراق له مانگی نیسانی ساڵی 2024. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئەم سه‌ردانه‌یدا بۆ عێراق، پزیشكیان سه‌ردانی هه‌ر یه‌ك له هه‌ولێر و به‌سره‌شی كرد. له‌م سه‌ردانه فه‌رمییه‌ی سەرۆككۆماری ئێران، 14 یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن له نێوان هه‌ردوو لا له بواره‌كانی گه‌شه‌پێدان، ئابووری، پیشه‌سازی و گواستنه‌وه و… واژۆ كران، به‌ڵام گرنكترین و سه‌ره‌كیترینیان لایه‌نی ئەمنی بوو.
له بواری ئه‌منییش له ساڵی ڕابردوو ڕێككه‌وتنێكی ئه‌منی لە نێوان به‌غدا و تاران ده‌رباره‌ی قەدەغەكردن و چه‌ككردنی حزبه سیاسییه كوردییه‌كانی ئێران له عێراق و هه‌رێمی كوردستان واژۆ كرا. به‌گشتی ئه‌م دیمه‌نه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه تاران كاری زیاتر ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدان به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر، به شێوه‌یه‌ك كه بتوانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌م وڵاته‌دا بپارێزێت. هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆككۆماری ئێران وه‌ك په‌یامێكه بۆ توركیا كه له ڕێگه‌یه‌وه تاران ویستی بڵێت “عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێوه چه‌ند گرنگه، ئه‌وه بۆ ئێمەیش دوو هێنده گرنگتر.”
ئەم ڕێککەوتنە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟
لێكتێگه‌یشتنی سه‌ربازی و ئه‌منیی نێوان عێراق و توركیا، بێ گومان كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ سه‌ر هەرێمی كوردستان، چونكه كرۆكی كاری هاوبه‌ش و لایه‌نه مه‌یدانییه‌كه زیاتر له‌سه‌ر خاكی هەرێمی كوردستان ده‌بێت؛ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگ نه‌بێت له‌م بابه‌ته، ئه‌وه ئه‌سته‌مه كۆی گشتیی ڕێككه‌وتنه‌كه سه‌ر كه‌وێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكارەیشه نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له ڕێوره‌سمی واژۆكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا به‌شدار بوو. به‌ڵام خاڵێكی گرنگ هه‌یه، نابێت به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان فه‌رامۆشی بكه‌ن، ئه‌ویش بریتییه له به‌كارهێنانی هه‌ندێك له بڕگه و مادده‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه له دژی هه‌رێمی كوردستان؛ بۆ نموونه پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كان نابێت ببێته بیانوویەك بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ناوچانه له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه عێراقییانه‌ی كه نزیكن له تاران. هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كی دیكه‌یش پێك هاتووه له‌وه‌ی كه له‌وانه‌یه زۆر نزیكبوونه‌وه‌ی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره زیانی بۆ سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، چونكه ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگیرێت كه هه‌ر كاتێك ئه‌م دوو لایه‌نه په‌یوه‌ندییه‌كانیان زۆر باش بوو، ئه‌وه به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كاریگەریی ده‌بێت له‌سه‌ر هەرێمی كوردستان.
له ڕوویەكی دیكه‌یشەوە زۆر گرنگه هه‌رێمی كوردستان بتوانێ له نێوان په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران له لایه‌ك و له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره له لایه‌كی دیكه‌وە هاوسه‌نگی ڕابگرێت، چونكه زۆر نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌نقه‌ره، كاریگه‌ریی نه‌رێنیی ده‌بێت بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و تاران و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێككه‌وتنه هه‌ماهه‌نگی له‌خۆ ده‌گرێت له نێوان به‌غدا-ئه‌نقه‌ره-هه‌ولێر، ئەگەرێكی زۆر هه‌یه له حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی ڕێككه‌وتنه‌كه، به زیانی تاران بشكێته‌وه. لەم حاڵەتەیشدا تاران بێوەڵام نابێت؛ له‌وانه‌یه ببێته هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و تاران.
به‌گشتی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی پێگه جیوستراتیژییه‌كه‌یه‌وه ڕۆڵێكی گرنگی ده‌بێت له‌م ڕێككەوتنه، به‌تایبه‌ت له ڕووی جێبه‌جێكردنییه‌وه له ڕووی مه‌یدانییه‌وه. بۆیه زۆر گرنگه ئه‌م پێگەیه به شێوه‌یه‌كی باش له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنرێت و هەڵەی ستراتیژی نه‌كرێت.
كۆبه‌ند
ڕێككه‌وتنی سه‌ربازی و ئه‌منیی به‌غدا-ئه‌نقه‌ره هه‌نگاوێكی گرنگه به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌ڵام خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ڕێككه‌وتنه پێ ناچێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا به‌ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر بكات و ته‌نانه‌ت پێشبینیی ئه‌وه‌یش ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوانە بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی گرفت و كێشه‌كان سڕ بكاته‌وه له بری دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئەم بابه‌ته. نه‌بوونی متمانه و پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی هه‌رێمی له‌سه‌ر خاكی عێراق له لایەك و ناسه‌قامگیریی ژیانی سیاسیی عێراق، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له لایه‌كی دیكەوە، له‌وانه‌یه ببنه هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ شكستهێنانی ڕێككەوتنه‌كه. چونكه له سه‌رده‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق، نووری مالیكی، له سه‌ره‌تادا په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و توركیا گه‌یشته لووتكه و چه‌ندان یاداشتی لێكتێگه‌شتن واژۆ كران، به‌ڵام دواتر پەیوەندییەكان تێك چوون و گه‌یشته خراپترین ئاستی. بۆیه دوور نییه پاش ئه‌م قۆناغه هەمان سیناریۆی پێشوو دووباره ببێته‌وه و قۆناغێكی پڕ له كێشه و گرفت ده‌ست پێ بكاته‌وه.