موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا به‌رده‌وام كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه و ده‌بێت له‌سه‌ر هاوكێشه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. به‌ڵام سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا و سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌م خوله‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا “دۆناڵد تره‌مپ”، كاریگه‌ری و پێگه و قورساییی، به‌راورد به سه‌رۆكه‌كانی دیكه زۆر جیاوازتره. چونكه ئه‌م جاره‌یان تره‌مپ له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا جه‌ختی له دروشمی “Peace Through Strength” (ئاشتی له ڕێگه‌ی هێزه‌وه) كرد و، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م دروشمه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له چوار ساڵی داهاتوودا ڕه‌نگ بداته‌وه. بۆیه ده‌بینین سه‌رجه‌م لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێوه ده‌ڕواننه خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی تره‌مپ، چونكه پێشبینی ده‌كرێت خولی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م جاره‌ی تره‌مپ جیاوازتر بێت به‌راورد به خولی یه‌كه‌می؛ هۆكاره‌كەیشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هاوكێشه سیاسی، ئه‌منی، ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییەكان گۆڕانكاریی زۆریان به‌سه‌ردا هاتووه.
له بابه‌تی ئه‌م جاره‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی گشتی تیشك بخه‌ینه سه‌ر كاریگه‌رییه چاوهڕوانكارهوهكانی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی تره‌مپ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا.
ئایا سیاسەتی ترەمپ لە بواری دەرەوە لەم خولەدا گۆڕانی بەسەردا دێت؟
به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاری “ئایا سیاسه‌تی تره‌مپ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی له‌م خوله‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت یاخود نا؟” بدەینەوە، پێویسته به شێوه‌یه‌كی گشتی تیشك بخه‌ینه سه‌ر هاوكێشه سیاسی، ئه‌منی، ئابووری، هه‌رێمی و نێودهوڵهتییەكانی جیهان له ڕۆژگاری ئێستادا. بۆیه ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه، زۆر جیاواتره له‌وه‌ی كه له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیی تره‌مپ هه‌بوو؛ سه‌ره‌تا ئه‌فغانستان گۆڕانگاریی سه‌ره‌كیی به‌سه‌ردا هاتووه و ئه‌م وڵاته دووباره ڕاده‌ستی تالیبان كرایه‌وه، هه‌روه‌ها جه‌نگێكی بێ‌وچان و كوشنده له نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه و ئه‌م جه‌نگه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌یه له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئاسایش و ئابووری و داراییی جیهان؛ ته‌نانه‌ت له ڕووه‌كانی وزه و خۆراكیش كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م جه‌نگه له ساڵانی ڕابردوو بینرا، كه تا ئێستایش ئه‌م كاریگه‌رییه نه‌رێنییانه درێژه‌یان هه‌یه.
هه‌روه‌ها جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس له لایه‌ك و ئیسرائیل و ئێران له لایه‌كی دیكه، ئه‌م جه‌نگ و ململانێیه ڕاسته‌وخۆ ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تێك داوه و بۆته هۆی ناسه‌قامگیری له ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت له جیهانیشدا. به‌ده‌ر له‌مه، كێشه‌ی كۆچی نایاسایی له سنووری باشووری ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌كسیك، له هه‌مووانیش گرنگتر، ئێستا چین له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، به‌تایبه‌ت له ڕووه‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی و ئابوورییه‌وه مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌وخۆی خستۆته سه‌ر ئه‌مریكا و، ڕۆژ له دوای ڕۆژ هێزی ئابووری و داراییی چین په‌ره دهسەنێت.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م پێشهاتانه، بێ گومان هه‌ڵوێست و تێڕوانینی تره‌مپ له خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا، بۆ كێشه و ڕووداو و پێشهاته‌كان جیاوازتر ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشبینیكردن و خوێندنه‌وه‌ی پێشوه‌خته بۆ هه‌نگاو و هه‌ڵویسته‌كانی تره‌مپ كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی گشتی هێڵه گشتییه‌كانی تێڕوانین و هه‌ڵوێسته‌كانی ترمپ له خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
- به شێوه‌یه‌كی گشتی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ڵوێسته‌كانی ترمپ له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا ناسه‌قامگیر بێت، ئه‌مه‌یش ناڕوونیی زیاتر ده‌به‌خشێته هه‌ڵوێسته‌كانی و، له كۆتاییدا هێزی سڵپێکردنەوەی ئه‌مریكا له جیهاندا زیاد ده‌كات؛ چونكه تره‌مپ پێی وایه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای ئه‌مریكا له ئاست و خواستی خه‌ڵكی ئه‌مریكادا نین و ئه‌مریكا له‌و پێگه‌یدا نییه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، كه پێویسته تیایدا بێت.
- تره‌مپ خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی ئاوایه كه له دانوستانه‌كاندا كه‌سێكی سه‌خته و، شت ئاوا به‌ئاسانی نابخشێته لایه‌نی به‌رامبه‌ر. واتا تره‌مپ ئه‌گه‌ر دستكهوتێكی زۆر بۆ ئه‌مریكا دابین نه‌كات، هیچ شتێك نابه‌خشێته لایه‌نی به‌رامبه‌ر؛ ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌كه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیشی بێت. بۆیه سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی دووه‌می تره‌مپ بۆ هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكاش، پێ ده‌چێت زۆر سه‌خت بێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی تره‌مپ مه‌ترسیی زۆر له‌خۆ ده‌گرێت، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره كه به‌شێك له هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكا به‌م هۆیه‌وه ڕوو بكه‌نه بژارده و ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانی دیكه جگه له ئه‌مریكا.
- تره‌مپ له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا جه‌ختی له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌م و پیشه‌سازیی ناوخۆییی ئه‌مریكای كرد؛ هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕای گه‌یاند ئه‌گه‌ر ببێته سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئه‌وه ڕسووماتی گومرگی سه‌ر كه‌لوپه‌ل و به‌رهه‌می وڵاتانی بیانی به ڕێژه‌ی 10% تا 20% زیاد ده‌كات و ئه‌م رێژه‌یه ده‌گه‌یەنێته 100% تا 200% بۆ كه‌لوپه‌ل و به‌رهه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دۆلاری ئه‌مریكی وه‌كوو دراوی یه‌ده‌كی وڵاتیان به‌كار ناهێنن. بێ گومان ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌ره‌كیی ئه‌مریكا ده‌بێت و، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌نگاو و هه‌ڵوێستانه داده‌ڕێژرێت.
- پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر چین توندتر بێت. چونكه له ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه چین له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌مریكایه؛ به‌هۆی ئه‌وه‌ی “ترمپ”یش له جیهانی بازرگانی و كاره‌وه هاتووه، مه‌ترسییه‌كانی چین له‌م بوارانه‌وه زیاتر هه‌ست پێ ده‌كات و له زەمینی واقع (لە ئەرزی واقع)یشدا به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م مه‌ترسییه. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تره‌مپ له ڕێگه‌ی سه‌پاندنی سزاكان و زیادكردنی ڕسووماتی گومرگی به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له چینییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیش ڕووبه‌ڕووی چین ببێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگەی ئاماژه‌پێكردنه، وڵاتانی ئه‌وروپییش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ به هه‌نگاوێكی ئاسایی دەبینن، چونكه چین له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا گه‌یشتۆته پێگه‌یه‌ك وڵاتانی جیهانی نیگه‌ران كردووه، به‌تایبه‌ت له بواره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی و ته‌نانه‌ت دارایی‌ش. له لایه‌كی دیكه له‌وانه‌یه بابه‌تی “تایوان”یش له ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیادا، له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه له دژی چین به‌كار بهێنرێت. كه‌واتە ده‌توانین بڵێین، پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ له لایه‌ك كار بكات له ڕووی بازرگانی و ئابووری و دارایییه‌وه چین گۆشه‌گیر بكات، له لایه‌كی تریشه‌وه كار بۆ ئه‌وه بكات كارتی به‌رگریكردن له تایوان وه‌ك ئامرازێكی گوشاری ڕاسته‌وخۆ له دژی په‌كین به‌كار بهێنێت.
هه‌روه‌ها تره‌مپ بۆ پۆستی وه‌زیری بازرگانیی ئه‌مریكا، دۆستی نزیكی خۆی و بزنسمانێكی ناوداری ئه‌مریكا “هوارد لوتنیك” (Howard W. Lutnick)ی، كه سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای “كانتۆر فیتزجێراڵد” (Cantor Fitzgerald)ە ده‌ستنیشان كرد. ئه‌مه‌یش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه تره‌مپ ده‌یه‌وێ ئامانجه بازرگانییه‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی “لوتنیك”ەوه جێبه‌جێ بكات كه گرنگترینیان به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانییه ده‌رباره‌ی هاوردەكردنی كه‌لوپه‌له‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها بابه‌تێكی دیكه‌ی ستراتیژی و گرنگتر ئه‌وه‌یه كه تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات ڕێگری له په‌كین بكات له به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مریكی بۆ به‌هێزكردنی سوپاكه‌ی؛ بۆیه ده‌بینین ته‌نانه‌ت “جۆ بایدین”ش تا ڕادده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانیی به‌كار هێنا بۆ ڕێگریكردن له گه‌یشتنی ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مریكی و بیانی به په‌كین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانییه‌وه كار له‌سه‌ر لاوازكردنی چین بكات له بابه‌تی “نیمچهگهیەنهرهكان” Semiconductors)) كه له به‌رهه‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌كان و ژیریی ده‌ستكرد به‌كار ده‌هێنرێت.
- جه‌نگی ڕووسیا-ئۆكراینا بابه‌تێكی گرنگی دیكه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ریی به‌رچاوی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له كیشوەری ئه‌وروپا. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تره‌مپ له ڕێگه‌ی گوشارخستنه سه‌ر ئۆكراینا كار بۆ ئه‌وه بكات كۆتایی به‌م جه‌نگه بهێنێت. بێ گومان ئه‌گه‌ر به گوشاری تره‌مپ جه‌نگه‌كه كۆتاییشی پێ بێت، ئه‌مه به مانای ئه‌وه نایەت كه گرفته‌كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. پێ ده‌چێت تره‌مپ به‌وه ڕازی بێت به‌شێكی خاكی ئۆكراینا كه له‌لایه‌ن ڕووسیاوه داگیر كراوه، له لای ڕووسیا بمێنێت (بۆ نموونه به‌شێكی هه‌رێمی دۆنباس)، ئه‌مه‌یش جۆره متمانه‌یه‌ك ده‌به‌خشێته ڕووسیا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی جددی به‌ره‌و ڕاگرتنی جه‌نگه‌كه بهاوێژێت و له‌وانه‌یه له ئه‌نجامی گوشاره‌كانی تره‌مپ هه‌ردوو لا ڕازی بن بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست. واتا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و تێڕوانینی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌راورد به جۆ بایدن، له‌مه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ جه‌نگی ڕووسیا و ئۆكراینا جیاوازن و پێشبینی ده‌كرێت گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌م بابه‌ته‌دا بێته ئارا.
- تیمی كاری ئه‌م جاره‌ی تره‌مپ جیاوازتر ده‌بێت له‌وه‌ی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی؛ ئه‌م جاره‌یان ڕێكتر و پرۆفیشناڵتر ده‌بێت. واتا تره‌مپ خۆی له‌و ناوانه به‌دوور ده‌گرێت كه له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵی هاوڕا نه‌بن و دژی بوهستنەوە. ئه‌مه‌یش تا ڕادده‌یه‌ك باشتره و ڕێگری له سه‌رهه‌ڵدانی پاشاگەردانی (فه‌وزا) ده‌كات و زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بەرنامەی كار و ئه‌جێندای تره‌مپ ده‌كات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تره‌مپ، پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مریكی “پیت هیگسێت” (Pete (Hegsethی بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری ده‌ستنیشان كردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه به دۆسیه‌ی كاندیدكردنه‌كه‌ی ده‌كرێت به تۆمه‌تی ده‌ستدرێژیی سێكسی، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یش هه‌یه كه ناوبراو ئه‌م پۆسته وه‌ربگرێت. هێگسێت به “هه‌ڵۆی جه‌نگ” ناوزه‌د ده‌كرێت و لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی ئیسرائیله و بڕوای وایه ده‌بێت غه‌ززه له‌ناو ببردرێت و یه‌كێكه له نه‌یاره‌كانی تاران. به‌رامبه‌ر ئه‌مه تره‌مپ، “ماركۆ ڕوبیۆ” (Marco Rubio)ی بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌ستنیشان كرد. ڕوبیۆ به‌وه ناسراوه كه دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی فه‌له‌ستینه و لایه‌نگرێكی به‌په‌رۆشی ئیسرائیله؛ هه‌روه‌ها ڕوبیۆ به دژایه‌تیكردنی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ناسراوه كه واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژاوا له ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ تاران واژۆیان كرد.
له‌م دوو ناوه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه تره‌مپ ئه‌م جاره زیاتر گرنگی به‌و كه‌سایه‌تییانه ده‌دات كه بۆچوونه‌كانیان له‌گه‌ڵی بۆچوونی خۆی نزیكه و نایه‌وێ له كاتی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌كاندا، تووشی كێشه و گرفت بێت.
سیاسەتی ترەمپ لە هەمبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟
ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێگه‌یه‌كی ستراتیژیی گرنگی هه‌یه له ڕووی پارێزگاریكردن له سه‌قامگیری و ئاسایشی جیهانەوە. بۆیه هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێك له‌م ناوچه‌یه‌دا ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایشی جیهان ده‌بێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا پێگه و قورساییی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، تێڕوانین و بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر گرژی و گرفت و ڕووداوه‌كان له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له ڕووی یه‌كلاییكردنه‌وه و ئاراسته‌كردنی پێشهاتهكانەوە، گرنگه.
به‌گشتی ده‌توانین ئاماژه به‌م دوو خاڵه‌ی خواره‌وه بكه‌ین كه له‌وانه‌یه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زیاتر ده‌ركه‌ون:
- جه‌نگی ئیسرائیل لەگەڵ حه‌ماس و حزبوڵڵا و پرۆكسییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه‌دا له لایه‌ك و ململانێی ئیسرائیل و ئێران له لایه‌كی دیكه. دوای ڕووداوه‌كانی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2023، هاوكێشه‌ی ناوچه‌كه و تێڕوانینی ئیسرائیل بۆ ئێران و میلیشیا چه‌كداره‌كانی نزیك تاران له ناوچه‌كه‌دا به‌ته‌واوه‌تی گۆڕا، چونكه ته‌لئه‌بیب بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ستی به‌وه كرد كه كاتكوشتن له‌گه‌ڵ حه‌ماس و حزبوڵڵا و هێزه پرۆكسییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه هیچ سوودێكی بۆ ئیسرائیل نییه، جگه له به‌هه‌ده‌ردانی توانای سه‌ربازی، ئه‌منی، دارایی و ئابووریی ئیسرائیل. بۆیه ئیسرائیل دوای ئه‌م قۆناغه بڕیاری دا كه ستراتیژییه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌ماس و حزبوڵڵا و هێزه پرۆكسییه‌كانی ئێران و ته‌نانه‌ت خودی ئێران بگۆڕێت و، له بری ئه‌وه‌ی خۆی به پێیه‌كانی هه‌شتپێ (ئه‌خته‌بوت)ەوە سه‌رقاڵ بكات، بڕیاری دا كه سه‌ری ههشتپێیهكه له‌ناو به‌رێت یاخود لانی كه‌م لاوازی بكات. بۆیه ده‌بینین ئیسرائیل له لایه‌ك خه‌ریكی له‌ناوبردنی پێیه‌كانی ههشتپێیهكهیه له ڕێگه‌ی هێرشكردنه سه‌ر حه‌ماس و حزبوڵڵا و هێزه پرۆكسییه‌كانی ئێران، له لایه‌كی دیكه و بۆ یه‌كه‌م جار ڕاسته‌وخۆی ڕووبه‌ڕووی ئێران بووه‌وه. واتا ته‌لئه‌بیب ئه‌م جاره‌یان به هه‌ردوو ئاراسته هێرشه‌كانی ده‌ست پێ كردووه: له لایه‌ك له دژی پێیه‌كان و له لایه‌كی دیكه هه‌وڵ ده‌دات سه‌ری ههشتپێیهكه له‌ناو به‌رێت. له‌م نێوه‌نده‌دا گه‌وره‌ترین پاڵپشتیكه‌ر بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیسرائیل، ئه‌مریكایه؛ هه‌رچه‌ند بایدن زۆر به‌جددی هه‌وڵ ده‌دات پێش ئه‌وه‌ی له 20ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2025 كۆشكی سپی جێ بهێڵێت، كار بۆ ڕاگرتنی جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس و حزبوڵڵا و ئێران ده‌كات. له‌م نێوه‌دا هه‌رچه‌نده تره‌مپ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه كه ئاشتی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌رپا ده‌كا به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ناوانه‌ی كه له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه بۆ تیمی كاركردنی دیاری كردوون، هه‌موویان ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ن كه دۆست و لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی ئیسرائیلن، وه‌كوو: “پیت هیگسێت” و “ماركۆ ڕوبیۆ”.
بۆیه پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ جۆره ئاشتییه‌ك به‌سه‌ر ئێران و هێزه پرۆكسییه‌كانی و حه‌ماس و حزبوڵڵا بسه‌پێنی، كه به‌ته‌واوه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسرائیل‌دا بێت و نه‌یاره‌كانی ئیسرائیل له ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره ئاشتییه‌وه له‌ناو به‌رێت یاخود لانی كه‌م لاوازیان بكات. چونكه تێڕوانینی تره‌مپ بۆ سه‌پاندنی ئاشتی له‌سه‌ر بنه‌مای “Peace Through Strength” واتا “ئاشتی له ڕێگه‌ی هێزه‌وه” بنیات نراوه. ئه‌مه‌یش نیشانده‌ر و هه‌واڵده‌ری ئه‌وه‌یه كه سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رامبه‌ر به‌م كه‌یس و بابه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسرائیل‌دا ده‌بێت و، پێشبینی ده‌كرێت گوشاره‌كانی ئه‌مریكا له خولی دووه‌می تره‌مپ بۆ سه‌ر ئێران و هێزه پرۆكسییه‌كانی زیاتر بێت و، ناوچه‌كه گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت.
له لایه‌كی دیكه تره‌مپ “ئه‌لیز ستیفانیك” (Elise Stefanik)ی وه‌كوو باڵیۆزی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشان كرد. ستیفانیك یه‌كێكه له‌و ناوانه‌ی كه به‌سه‌ختی به‌رگری له ئیسرائیل ده‌كات و ڕه‌خنه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌گرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی دژی ئیسرائیل بڕیاری ده‌ركردووه؛ ئه‌مه‌یش نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه تره‌مپ ده‌یه‌وێ گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زیاد بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌وبه‌دوا بڕیار له دژی ئیسرائیل ده‌رنه‌كات و، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان وه‌كوو چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی به‌كار بهێنێت بۆ پاراستنی ئیسرائیل و، شه‌رعییه‌ت بداته كردەوهكانی له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه‌یش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه تره‌مپ نیازی هه‌یه ببێته داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی ئیسرائیل له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.
- قه‌یرانی سووریا و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا دوو بابه‌تی گرنگی دیكه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن. تره‌مپ به‌راورد به خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌م جاره‌یان هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر قه‌یرانی سووریا ڕوونتر و ئاشكراتر بێت. به‌تایبه‌ت له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌كردەوە له سووریا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌و كاته‌ی وڵات دژایه‌تیی ئه‌م بۆچوونه‌ی تره‌مپیان كرد له لایه‌ك و، له لایه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئاستی ڕای گشتیی جیهانیش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ ڕه‌خنه‌ی زۆری لێ گیرا، بۆیە تره‌مپ ناچار كرا له بڕیاری كشاندنەوەی هێزه‌كانی له سووریا پاشگه‌ز ببێته‌وه. به‌ڵام پێ ناچێت له خولی دووه‌می سهرۆكایهتییەكەیدا تره‌مپ له بابه‌تی سووریا تووشی هه‌مان ئه‌و گرفتانه ببێته‌وه، چونكه به‌ر له هه‌موو شتێك زۆرینه‌ی كۆنگرێس، به هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌وه (پیران و نوێنه‌ران) كه‌وتۆته ژێر كۆنترۆڵی كۆمارییه‌كان و له‌وانه‌یه ئه‌مه ده‌رفه‌تی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بابه‌تانه ببەخشێته تره‌مپ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ سیاسه‌ت و ئهجێنداكهی خۆی جێبه‌جێ بكات. هه‌روه‌ها ده‌توانین ئه‌وه بڵێین ئێستایش تره‌مپ سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له سووریا بكشێته‌وه، چونكه ئه‌م جاره‌یان هه‌م پشتی به زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كان به‌ستووه له كۆنگرێس و هه‌میش ئیتر ترسی دووباره خۆكاندیدكردنی نییه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه؛ كه ئه‌مه‌یش گوشاری ڕای گشتی له‌سه‌ر تره‌مپ كه‌متر ده‌كات. واتا ده‌كرێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه‌وا تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی پێی جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌م خوله‌یدا جێبه‌جێیان بكات؛ كه له سه‌رووی هه‌مووان كشانه‌وه‌یه له سووریا.
ڕاسته كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له سووریا له‌وانه‌یه ده‌رفه‌ت بداته ڕووسیا و ئێران له سووریا به‌هێزتر بن، به‌ڵام پێ ناچێت تره‌مپ سووریا به شێوه‌یه‌ك به‌جێ بهێڵێت له سوودی ئێران و ڕووسیا بێت، به‌ڵكوو له‌م باریه‌وه ده‌كرێت زیاتر پشت به هێزه كوردییه‌كان ببه‌ستێت له لایه‌ك و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره له‌م بارەیه‌وه له له سووریا باشتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دره‌فه‌تی زیاتر بۆ ڕووسیا و ئێران نه‌ڕه‌خسێت. كه‌واتە خاڵی كاركردنی هاوبه‌شی یه‌كه‌م له نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره به ئه‌گه‌رێكی زۆر سووریایه؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا نیگه‌رانه له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هێزه كوردییه‌كانی نزیك په‌كه‌كه له سووریا.
له لایه‌كی دیكه توركیا له جه‌نگی ڕووسیا و ئۆكرایناش له‌وانه‌یه بۆ تره‌مپ گرنگ بێت، چونكه هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی كرد، تره‌مپ هه‌وڵ بۆ كۆتاییهێنان یاخود ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا ده‌دات. جا بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی، پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ داوای یارمه‌تی لە توركیا بكات كە وه‌ك ناوبژێوان له نێوان لایه‌نه‌كان ڕۆڵ ببینێت؛ چونكه بڕینی یارمه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئۆكراینا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ناتۆ دووباره به سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر به ئۆكراینادا بچێته‌وه؛ له‌م حاڵهتەیشدا دیسان گرنگیی ڕۆڵی توركیا بۆ ئه‌مریكا به‌ده‌رده‌كه‌وێت و له‌وانه‌یه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا قۆناغێكی نوێ و جیاوازتر له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا ده‌ست پێ بكات.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه تێڕوانینی تره‌مپ بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توركیا، چونكه ده‌كرێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه تا ئێستا له مێژووی ئه‌مریكا هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌مریكی به‌قه‌ده‌ر تره‌مپ پاڵپشتیی له ئیسرائیل نه‌كردووه. بۆیه پێشبینی ده‌كرێ واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر بابه‌تی فه‌له‌ستین ڕێك نه‌كه‌ون چونكه له‌سه‌ر شێوازی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه جیاوازیی به‌رچاویان هه‌یه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م جیاوازییه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا ناچاره بهپراگماتیكی جووڵه بكات، پێ ناچێت ئه‌م بابه‌ته ببێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی له گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل بپچڕێنێت و بگاته ئاستێك نه‌توانن تاوتوێی كێشه و گرفته‌كان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها به‌ده‌ر له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان، كه ئیداره‌ی بایدن له كاتی داڕشتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا گرنگیی پێ ده‌دا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تره‌مپ و ئه‌ردۆغان له چوارچێوه‌ی دیپلۆماسیی سه‌ركردایه‌تی (Diplomatic Leadership)، زیاتر په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان بده‌ن و له‌وانه‌یه تره‌مپ زیاتر گوێ له نیگه‌رانییه‌كانی توركیا بگرێت؛ به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌ته هه‌رێمییه‌كان و هه‌ڵوێسته چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی تره‌مپ به‌رامبه‌ر به ناتۆ، له‌وانه‌یه هه‌ندێك ناكۆكیی نوێ سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه كه پێشتر لە ئارادا نه‌بوون. هه‌روه‌ها توركیا یه‌كێك ده‌بێت له‌و وڵاتانه‌ی كه زه‌ره‌ر و زیانیان به‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی زیادكردنی ڕێژه‌ی ڕسووماتی گومرگی له‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی هاورده‌كراو بۆ ئه‌مریكا، چونكه ئه‌نقه‌ره یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه پشت به هه‌نارده‌كردنی كه‌لوپه‌له‌كانی له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا ده‌به‌ستێت.
لێكه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان
باسكردنی عێراق به‌بێ ئاماژه‌دان به ئێران له قۆناغی ئێستادا كارێكی ڕاست و دروست نابێ، چونكه تاران به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2003 خاوه‌ن دەستڕۆیشتوویی (نفووز)ێكی به‌رچاوه له عێراق. بۆیه به‌هێزبوونی ئێران له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا، به واتای به‌هێزبوونی دەستڕۆیشتووییی تاران دێت له عێراق.
به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی “چوارچێوه‌ی ستراتیژی بۆ په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تی و هاوئاهه‌نگیی نێوان ئه‌مریكا و كۆماری عێراق) نێوان دوو لا كه له ساڵی 2008 واژۆ كراوه، ڕێك خراوه. پێ ناچێت تره‌مپ واز له‌م ڕێككه‌وتنه بهێنێت و عێراق به‌ته‌واوه‌تی بۆ گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیكی ئێران به‌جێ بهێڵێت، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه پێشبینی ده‌كرێت گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئه‌م گرووپانه زیاتر بكرێت و كار بۆ لاوازكردنیان ده‌كرێت. چونكه ستراتیژییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی تره‌مپ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و له عێراق به‌تایبه‌ت گوشارخستنه سه‌ر ئێران و هێزه پرۆكسییه‌كانی تارانە، كه ئه‌م ههنگاوەیش له‌گه‌ڵ ویست و ئاره‌زووی ئیسرائیل گونجاوه، كه له دوای حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ره‌وه كاری جددیی له‌سه‌ر كردووه.
هه‌روه‌ها به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان عێراق و ئه‌مریكا ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی سه‌ربازی به سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مریكا له مانگی ئه‌یلوولی ساڵی 2025 كۆتایی دێت و دوای ئه‌م قۆناغه‌یش شه‌راكه‌تی ئه‌منیی دوولایه‌نە له نێوان عێراق و ئه‌مریكا ده‌ست پێ ده‌كات. جا له ڕێككه‌وتنه دووقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت تره‌مپ گوشاره‌كانی خۆی بۆ سەر سه‌ركرده عێراقییه‌كان زیاتر بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه دووقۆڵییه‌كانی نێوانیان به شێوه‌یه‌ك دابڕێژێ كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا بێت. بۆیه چوار ساڵی داهاتووی عێراق به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپه‌وه، پڕ ده‌بێ له جووڵه و قه‌یران و كێشه و ململانێ و، عێراق پێ دەنێتە نێو قۆناغێكی سه‌خت و پڕ له كێشمهكێشەوە، كه زۆر زه‌حمه‌ته به‌بێ زیان لێی ده‌رباز بێت!
هه‌رێمی كوردستانیش ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێك گۆڕانكاری ده‌بێتەوە و ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی گۆڕانكارییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانەوە، جا ئه‌م گۆڕانكارییانه له‌وانه‌یه نه‌رێنی بن و له‌وانه‌یشه ئه‌رێنی؛ بۆ نموونه ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه بڕیاره له ئیداره‌ی نوێی تره‌مپ كار بكه‌ن، تێڕوانین و هه‌ڵوێستی به‌شێكیان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ئه‌رێنییه؛ به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یەنێت كه ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن به‌بێ كێشه و ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتی له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. به شێوه‌یه‌كی گشتییش بارودۆخی گشتیی عێراق ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت؛ واتا تێكچوونی سه‌قامگیری و ئاسایش و ئابووری و داراییی عێراق كاریگه‌ریی نه‌رێنی دەخاتە سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
كۆبه‌ند
خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی تره‌مپ، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی بۆ سه‌ر هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بێت، چونكه تره‌مپ كار به جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی “ئه‌مریكا یه‌كه‌مه و پێش هه‌موو شتێكه” (America First) ده‌كات؛ واتا هه‌ر هه‌نگاوێك كه ئه‌مریكا بنێته‌وه، ئه‌وه ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك سوودی بۆ ئه‌مریكا هه‌بێت. ئه‌م سیاسه‌ته له بنه‌ڕه‌تدا بۆ یه‌كه‌م جار سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا “وۆدرۆ ویلسن” له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1916 به مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له ئه‌مریكا به‌كاری هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا بێلایه‌ن بێت. به‌ڵام تره‌مپ ڕای گه‌یاندووه كه مه‌به‌ستی له‌م دروشمه، بێلایه‌نیی ئه‌مریكا نییه به‌ڵكوو ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه ئه‌مریكا هه‌ر هه‌نگاوێك بنێت ئه‌وه ده‌بێ سوود و پاداشت و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی وه‌ربگرێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی ئه‌و ناوانه بكه‌ین كه تا ئێستا تره‌مپ بۆ ئیداره‌ی داهاتوو ده‌ستنیشانی كردوون، له‌گه‌ڵ دروشمه‌كانی “Peace Through Strength” (ئاشتی له ڕێگه‌ی هێزه‌وه) و “ئه‌مریكا یه‌كه‌مه و پێش هه‌موو شتێكه” (America First) ، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه چوار ساڵی سه‌خت و پڕ له گرژی و ئاڵۆزی له سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا چاوه‌ڕێی جیهان ده‌كات. لەبەر ئەوە سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان به‌حه‌زه‌ره‌وه چاودێریی هه‌نگاوه‌كانی تره‌مپ ده‌كه‌ن و له ئێستاوه خۆیان بۆ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه له‌ناكاو و چاوهڕواننهكراوەكانی تره‌مپ ئاماده ده‌كه‌ن.