پێنووس
2024

میراتێکی دژوارى گواستراوە لە پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەولێر

خوێندنەوەیەک بۆ دەرفەت و هەڕەشەکانى نێوان کورد و زۆرینە؛ بەڵام هیچ ڕێکكەوتنێک گەرەنتیى نەبووە و نییەتى و نایبێت

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

نامانەوێ ئەم بابەتە وەک بابەتێکی ڕەشبینانە ئەژمار بکرێ، چونکە سیاسەت بەڕەشبینییەوە مەحاڵە؛ وەک چۆن بە گەشبینی هەمیشەیییەوە ساویلکەیییە. لە سیاسەتدا دەبێ گومان لە هەموو شتێک بکرێ، لەگەڵ دژبەیەکەکان مامەڵە بکرێ و، بەئاگایییەوە ڕەفتار بکرێ. سیاسەت گۆڕەپانێکە هەمیشە جەنجاڵ (قەرەباڵغی)یە و، بەسەر هیچ بکەرێکەوە ڕاناوەستێ.

 ئەوەى کە لەم بابەتە ئاماژەى پێ دەدەین، ئەزموونى یەک سەدەیە لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق. میراتێکی دژوارە. بەردەوام هەڕەشە و مەترسییەکان دەگوازرێنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دی و، بەردەوام پەیوەندییەکانى نێوان کورد و بەغدا لەرزۆک بوون. کەواتە ڕێسا سروشتییەکە بۆ هەڵسەنگاندنى پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ئەوەیە كە: لە دواى ڕەشبینییەوە چی بکەین؟ چونکە مامەڵەکردنمان لەگەڵیان ناچارییە و ئێمە تا هەنووکە بەشێکین لەو وڵاتەى کە ئەوان تێیدا فەرمانڕەوان.

دەرفەتەکان لەدەست دەچن بەڵام هەڕەشەکان هەر ماونەتەوە

ئەمە میراتی ڕەوشی مێژووى سیاسی و ڕکابەرى و ململانێی نێوان کورد و حکوومەتەکانى عێراقە لە ماوەى سەد ساڵی پێشوودا. هەڕەشەکان هەر ماون، ساڵ دواى ساڵیش هەر زیاتر دەبن. ئەوانەى ئێستا، هی پێشوو نین، دەرفەتەکانى دوێنێش ئێستا نەماون؛ لەدەست دەرچوون. ئەوەى کە ئەمڕۆ لە کەیسەکان بۆتە گرێکوێرە، لە دوێنێی سیاسەتدا، لە نێوەندى ڕێکكەوتنێکی دوولایەنەى سیاسی، گەر بکرایە، چارەسەر دەبوو. ئەو میراتە بەردەوامە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ گوزەرانى کوردی لەگەڵ حکوومەتەکانى بەغدا قورستر کردووە. زۆربەى کورد ئەو تراژیدیایەى تا ئێستا هەر ماوە و، وەک میراتی ستەمدیدەیی لە ناخی خۆیدا هەر هەڵی گرتووە. هەرچەندە هەندێ لە لایەنە سیاسییەکانى کورد خۆیان لە مێژووى سیاسیی گەلەکەیان دابڕیوە و پشتیان کردۆتە ئەو میراتە و بانگەشەى ئەوە دەکەن کە مێژووى خەبات لەوانەوە دەست پێ دەکات و، ئەوەى پێش خۆیان هەمووى بەهەڵە دەزانن و خۆیان بە فریادڕەس تێ دەگەن بۆ ئەو گەلە ستەمدیدەیە؛ بە شێوەیەک کە سازش لەسەر تەواوى شایستە و ناسنامەى گەلی کورد دەکەن و پشتیان لە پرسە نەتەوەیییەکەى گەلەکەیان کردووە و بەتەنیا وەک خەون و خەیاڵێک دەبینن و، هیچ بایەخێکی تری لایان نەماوە.

لە لایەکی ترەوە دەستەبژێری سیاسی و حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى بەغدا، نەیاتوانیوە لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکانى پێش خۆیان قوتاریان بێت، بەڵکوو وەک میرات وەریان گرتووە و وەک پەیڕەو لەسەر ئەجێندا سیاسییەکانیان دووپاتى دەکەنەوە و تا هەنووکەیش هەر لەسەرى دەڕۆن. ئەوەى کە ئێستا بەرامبەر کورد ڕوو دەدا و دەکرێ، بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەمان سیاسەتەکانى پێشووە. کەواتە مێژووى سیاسیی کورد لە زۆربەى ڕەوتى سیاسەتى ڕابردوودایە دەرهەق بە کورد؛ سیاسەتى ئەمڕۆش ڕیشەى لە دوێنێی سیاسەتدایە.

کەواتە مەودایەکی زەمەنى نییە بۆ دەرفەت و هەڕەشەکان لە نێوان گەلی کورد و حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى بەغدا؛ ئەوەندە نەبێ کە زۆرێک لە دەرفەتەکان لەدەست چوون و هەڕەشەکانیش ساڵ لە دواى ساڵ هەر زیاتر دەبن. بەڵام لەو نێوەدا، دەبێ سەرکردایەتیى کورد، یەکانگیر و خاوەنى ستراتیژییەتێکی ڕۆشنى نەتەوەییی حوکمدارى بێ، نەک ستراتیژییەتى خەبات و شۆڕشگێڕی بەتەنیا. دەبێ بیر لە مانەوەى قەوارەکەى بکاتەوە و بەرەوپێشی ببات؛ ئەوەیش پێویستیى بە عەقڵییەتێکی وادانان (assumption mind) هەیە و، دەبێ ئەو واقعانەیش کە نادیار و شاراوەن، لە ڕێگەى بەدواداچوون و تێبینیکردن و لێکۆڵینەوەى ئاییندەناسی، ئاشکرایان بکات. ئەمەیش دەبێ توێژەر و پسپۆر و دامەزراوە و تواناى مرۆیی و داراییی بۆ دابین بکرێ. دەرفەتەکان زۆربەیان لەدەست چوون و، هەڕەشەکانى ساڵانی پێشوو وەک میرات هەر ماون؛ هەڕەشەى نوێیش وەک مەترسی دژ بە حکوومەتى هەرێم و نەتەوەى کورد لە ئارادان.

دواى ئەو میراتە دژوارە، ئایا هیچ دەرفەتێک بۆ بەغدا و هەولێر ماوە بۆ ئاساییبوونەوە و چارەسەر؟

بە ڕێژەیەکی زۆر دەتوانین بڵێین گەرچی دەرفەتەکانیش هەبن، بەهۆى زەینییەتی بەمەزهەبکردن و سێنترالیزم لەبار بردراون. بەڵام ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە بێهیوا بین و بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى پێکدانان؟ بێ گومان نەخێر. ئەوەى کە لەسەر سەرکردایەتیى کوردە، پێویستە هەردوو ڕەهەندی ڕەفتاری بەڕێوەبردنى قەیرانی لا ئەکتیڤ بێ: دەبێ گەشبین بێ و بەگومانەوە جووڵە و مامەڵە بکات. جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکە: ئایا هیچ دەرفەتێك ماوە؟ بەڵێ، لەوانەیش:

  • وازهێنانی زۆرینەى حوکمڕانی عێراق لە پلانی بەمەزهەبکردن و سێنترالیزم و هەوڵدانی بەردەوام بۆ لەباربردنى قەوارەى سیاسیی هەرێم.
  • دانپێدانانى حکوومەتى فیدراڵی بە شایستە دەستوورییەکانى هەرێمی کوردستان.
  • زاڵکردنى لۆژیکی دەستووری فیدراڵی بەسەر تەواوى لۆژیکەکانى تردا، تا چارەسەرەکانیش هەر لەو ڕوانگەیەوە بن.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتى هەرێم، وەک یەکەیەکی فەرمانڕەواییی خاوەن دەسەڵات بەپێی دەستوور لەناو دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، نەک بەپێی یاساکانى ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانى سەدەى پێشوو، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا دانراون. بەو مانایەى کە ڕژێمى بەعس گەرچی وەک حوکم و ناو نەماوە، بەڵام لە زۆر کایەى کارگێڕی و سیاسیدا بەپێی ماددەى 130ی دەستوورى ساڵی 2005، لۆژیکە یاسایییەکەى هەر ماوە و قەڵەمڕەوی هەیە.
  • هاتنەناوەوەى ئێران و ئەمریکا بۆ چارەسەرى گرفتەکانى نێوان بەغدا و هەرێم، وەک نێوبژیكارێكی هاوسەنگ و بێلایەن؛ بەڵام ئەم دەرفەتە ئاسان نییە.
  • پێشخستنى بەرژوەندییە نیشتمانییەکان بەسەر ئەجێندا دەرەکییەکان.
  • تەواوکردنى دامەزراوەی سیستەمى حوکمڕانیی فیدراڵی لە عێراق، کە ئەمەیش بونیادێکی سەرەکیی سەرلەنوێ بونیادنانەوەى دەوڵەتى عێراقییە بۆ دواى ساڵی 2003؛ بەڵام حکوومەتى فیدراڵ و پەرلەمان، خۆیان لەو بابەتە دەدزنەوە.
  • جێبەجێکردنى یاساى ڕێکارەکانى جێبەجێکردنى تایبەت بە پێکهێنانى هەرێمەکان ژمارە 13 ساڵی 2008.
  • مامەڵەنەکردنى زۆرینەى فەرمانڕەوا لە عێراق بە زەینییەتى ململانێ لە دژى هەرێم. هەر بۆیە بەغدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێم لەسەر بنەماى تەواوکارى و هاوکارى و هاوبەشی بنیات نەناوە، کە لە دەستوورى ساڵی 2005 هاتووە، بەڵكوو لەسەر بنەماى ململانێیە، کە پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوور.

ئەوانە چوارچێوەى قۆستنەوە و بەگەڕخستنى دەرفەتەکانە، بەڵام ئایا لەلایەن بەغداوە بەهەند وەرگیراون؟ بێ گومان نەخێر. کەواتە کاتێک دەرفەتەکان لەدەست دەچن، ئاڵۆزی و ئاژاوە و بێمتمانەیی سەر دەردێنێ و پەیوەندییەکان دووچارى قەیران دەبێت و سەرەڕاى گرفتەکانى پێشوو، چەندان هەڕەشەى دی سەربار دەبن. هەر بۆیە ساڵی 2025 پێ ناچێ لە ساڵی 2024 باشتر بێت، چونکە هیچ جۆرە ئاماژەیەک بۆ بەرەوپێشچوون نییە لەو بارەیەوە. بەڵام دەبێ هەوڵ بدرێ و شەکەت نەبین، لەسەر هەردوو ئاستى سیاسی و دیپلۆماسی.

کەواتە کام لە فاکتەرەکان دەبنە دەرفەت بۆ هەرێم، تا پارسەنگی هاوکێشەکە بە لاى هەرێمدا بێت و بەغدا ناچارى هەندێ ڕێکكەوتن بکات؟ هەرچەندە گرفت لە ڕێکكەوتن نییە، ئەوەندەى گرفت لە پابەندنەبوون و پشتکردنە لە پەیمان و ڕێکكەوتنەکان. ئەمەیش ئەزموونى 20 ساڵی پێشووى حوکمڕانیی زۆرینەیە لە عێراق.

 دەرفەتەکانیش بۆ هەرێم بریتین لەمانە:

  • لاوازبوونى میلیشیاکان و هەژموونى ئێران لە عێراق؛ ئەمەیش دەکرێ لە ڕێگەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى یان گورزلێوەشاندنیانەوە بێت لەلایەن فاکتەرى دەرەکییەوە.
  • ئەو سیناریۆیەى کە لە سووریا ڕوو دەدا و، دووبارەبوونەوەى لە عێراق، کە ئامانجە سەرەکییەكەی لێدان دەبێت لە میلیشیاکان؛ ئەو ڕووداوەیش: لە لایەک میلیشیاکان تەواو لاواز دەکات و هێزى شیعەى عێراق پەرتەوازە دەبێت؛ لە لایەکی ترەوە حکوومەتى عێراق لە یەک کاتدا لاواز و، لە میلیشیاکان و کاریگەریى ئێران ڕزگاری دەبێت. ئەمەیش بۆ گەیشتنە ڕێکكەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا ئاسانتر دەبێت.
  • سەرهەڵدانەوەى داعش؛ کە تا ڕاددەیەکی زۆر حکوومەتى عێراقی لاواز و دووچارى شۆکبوون دەکات.
  • هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان.
  • یەکڕیزیی کورد و یەک-ئەجێندایی لە بەغدا.
  • جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە گەندەڵی خۆرەى دەسەڵاتە.

بەڵام ئەو دەرفەتانە بۆ باشترکردنى پەیوەندییەکان دووچارى چەند مەترسییەک دەبێتەوە:

  • بەردەوامبوونى مامەڵەى بەغدا لەگەڵ هەرێم بە زەینییەتێکی ململانێ و سێنترالیزم؛ ئەمەیش بەردەوام پەیوەندییەکان دەباتەوە بۆ خاڵی دەسپێک. بەڵام قۆناغەکە لەو حاڵەتەدا زیاتر بەرەو پێکدادانى هەردوو لا دەڕوا؛ ئەمەیش لە بەرژەوەندیى هەردوو لا نییە، بەتایبەت بەغدا.
  • بەردەوامبوونى ڕەفتارى سازشپێکردن لەلایەن زۆرینەوە بە هەرێم، بەرامبەر هەر شایستەیەک کە بۆى خەرج بکرێ. بەو مانایەى بەرامبەر شایستەیەکی دەستوورى، هەوڵ دەدرێ لەلایەن بەغداوە، هەرێم سازشێکی سیاسیی پێ بکرێ؛ جا ئیدی ئەو هەوڵە بۆ سازشپێکردن، هەڵوێستێکی سیاسییە یان پرۆژەیەکی یاسایییە لە پەرلەمان تا تێ پەڕێ و هتد.
  • تێوەگلانی حکوومەتى عێراقی لە جەنگ. شەڕ و پێكدادانەكانی سووریا، هەنگاوێک لەودیو سنوورەوە دوورە، میلیشیاکانیش بەئاسانی تێوە دەگلێن، حکوومەتى عێراقیش ئامادەییی خۆى بۆ ئەو تێوەگلانە لەسەر زارى سوودانییەوە، دەربڕی؛ بەوەى ئامادەى هەموو هاوکارى و پشتیوانییەکە بۆ سووریا، بەڵام لە واقعدا ناتوانێ.
  • سەرلەنوێ هەڵکشانەوەى گرژییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران یان ئیسرائیل و ئێران. لەو نێوەندەدا میلیشیاکان ڕۆڵی نەرێنی دەبینن و عێراقیش تێوە دەگلێ.
  • دواکەوتنى پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتى دیموکرات و یەکێتیى نیشتمانى؛ کە ئاکامەکەى بەخراپ لەسەر پەیوەندییەکان دەشکێتەوە.
  • دووبارە بەردەوامبوونى یەکێتیى نیشتمانى لە تێکدانى ئەو هاوکێشە ئەرێنییانەى کە لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست دەبن.

سەربارى ئەو مەترسییانەى سەر پەیوەندیی هەردوو لا، چەندان خاڵی ناکۆکیش هەن

لە ناونیشاندا ئاماژەمان بەوە دا کە هیچ ڕێکكەوتنێکى نێوان کورد و زۆرینەى حوکمڕانى عێراق لە مێژووى سیاسییدا گەرەنتیى جێبەجێکردنى نییە و نەبووە و نایبێت. کاتێکیش باس لە ڕێکكەوتن و تێگەیشتنى سیاسی دەکەن، کە لاواز بن و هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیى ئەواندا نەبن، یان نیازی تریان هەبێت و بیانەوێ کورد هەڵخەڵەتێنن. ئەوان زۆر كەڵكیان لە ئەزموونى ئێرانی وەرگرتووە، کە لای ئەوان بەڕێوەبردن و قۆستنەوەى کات، ڕەگەزێکی گرنگى بەڕێوەبردنى قەیرانەکانە.

ئەگەر باس لە دواى ساڵی 2003وە بکەین، هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕاوە. بۆ زیاتر دڵنیابوون، دەکرێ جارێکی دی ئاماژە بە چەند خاڵێکی ناکۆکی بکەین بۆ ساڵی 2025، کە سەربار دەبن بۆ هەڕەشە و خاڵە ناکۆکەکانى ساڵانى پێشوو، لەوانەیش:

  • دۆسیەی نەوت. گەرچی ئێستا جۆرێک لە تێگەیشتن هەیە و بڕیارە بوودجەى بۆ هەموار بکرێت، بەڵام لەناو پرۆژەیاساکەدا نووسراوە “لەناو هەرێم”. دەبێ ئەو بڕگەیە بەهەند وەربگیرێت، چونکە لاى ئەوان چەندان بیرە نەوت هەیە، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتى هەرێمدایە، بە مافی حکوومەتى فیدراڵی دەزانن.
  • بە خواست و حەزی خۆیان بوودجەیان پەسەند كرد؛ هەرگیز بەو شێوازە ڕازی نابن کە لە بەرژەوەندیى هەرێم بکەوێتەوە.
  • گرفتی مووچە بۆ ساڵی 2025 درێژە دەكێشێت، چونکە ڕێوشوێنەکانى بەغدا هێندەى مەرکەزین، فیدراڵی نین. لە لایەکی تریشەوە ئەوان دابینکردنى مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، بە پشتیوانی بۆ حکوومەتى هەرێم و بەردەوامیى گەشەسەندن لە هەرێم دەزانن.
  • تەواوى دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانى دی وەک: ماددەى سەد و چل و پێشمەرگە و… هەر بەهەڵپەسێردراوەیی دەمێننەوە.
  • پرۆسەى بازرگانى لە هەرێم، پرۆسەیەکی گەشەسەندووە و، گرفتى زۆری بۆ دەنێنەوە؛ هەر لە کیلۆیەک تەماتەوە بۆ بەبەهاترین کاڵا، تا هەرێم بە میحوەرى بازرگانى لە عێراق نەمێنێتەوە. بۆ ئەو بابەتەیش پەنا بۆ ڕێوشوێنی کارگێڕی و یاسایی دەبەن؛ ئەوەتا زۆربەى کات ناهێڵن کیلۆیەک پەتاتە و تەماتە بەرەو ناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق بڕوات. لەوەیش زیاتر، کار لەسەر ئەوە دەکەن کە تەواوى کۆمپانیاکان بۆ كاروباری کارگێڕی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، لە باج و خۆتۆمارکردن و هتد.
  • بۆ ساڵی 2025 زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی وەبەرهێن و گەشەسەندووەوە، بگۆڕن بۆ هەرێمێکی شوێنکەوتە و تەنیا بەکاربەر كە هەمیشە چاوی لە دەستی بەغدا بێت. ئەمە سیاسەتى بەغدایە لە دواى نەهێشتنى پرۆسەى هەناردەکردنى نەوت.
  • ڕێکكەوتنى شنگال دۆسیەیەکە، کە ئەجێنداى دەرەکی، بەتایبەت ئێران ڕێگرە لە بەردەم جێبەجێکردنى.
  • داهاتى ناوخۆ، کە بەغدا تەنانەت بەپێی یاساى داراییی دەوڵەتیش نایەوێ جێبەجێ بکرێ. لە لایەک هەموو قورسایییەکە کەوتۆتە سەر هەولێر و دهۆک بۆ داهاتى ناوخۆ و، لە لایەکی تریشەوە هەوڵی وەرگرتنى تەواوى داهاتە نانەوتییەکە دەدەن.
  • بەغدا بەپێی ئەو یاسایانەی کە لە سەردەمى مەرکەزییەت و دیکتاتۆرییەتى سەددام دانراون، کار دەکات و پەیڕەوییان لێ دەکات. زۆرینەى عێراقیش مەبەستى هەموارکردنەوەى ئەو یاسایانەى نییە، چونکە لە بەرژەوەندیى خۆیەتى، بەتایبەت لە بوارى باج و داهات و بازرگانى و هتد. لە دەستوورى عێراقیشدا لە ماددەى 130، ئاماژە بەوە دراوە کە کاریان پێ دەکرێ، تا ئەو ساتەى هەموار دەکرێنەوە. کەواتە پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەولێر لەلایەن ئەو ماددە دەستوورییەوە تەحەکومى تێدا کراوە.
  • گەورەترین ناکۆکیی نێوان هەردوو لا، کە بۆ ساڵی داهاتووش دەمێنێتەوە، پابەندنەبوونە بە پەیمان و ڕێکكەوتنەکانەوە.
  • لەگەڵ کێ ڕێک بکەوین؟ ئەوەیش یەکێکە لە سەرەکیترین خاڵەكانی ناکۆکی، کە تا ئێستا هەرێم نازانێ لەگەڵ کێ ڕێک بکەوێ؛ ئەگەر لەگەڵ حکوومەت ڕێک بکەوێ ئەوا لە پەرلەمان کەس خۆی ناکاتە خاوەن” ئیدی بەو شێوەیە… ڕێکكەوتنە سیاسییەکانیش بەهۆى بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵییەوە هیچ بەهایەكیان نەماوە؛ بە شێوەیەک کە هیچ نرخ و بەهایەک بۆ سیاسەت و فیدراڵییەت لە عێراقدا نەماوە.

دواى ئەو هەموو مەترسی و هەڕەشانە، ئایا هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێواندا ماوە؟

بەڵێ ماوە. ئەگەرچی وەزارەتى داراییی عێراق هەر وەک ڕێگر ماوەتەوە، لەوانەیش:

  • بوونى بۆچوونى ئەرێنیی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە نێوان حکوومەتى هەرێم و سەرۆکوەزیرانی بەغدا.
  • هەوڵدان بۆ تێوەنەگلانى عێراق بۆ ناو ململانێکانى ناوچەکە.
  • جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرە دەستوورییەکان.
  • هەندێ لە بڕیارەکانى دادگەى باڵای فیدراڵی، لە بەرژەوەندیى هەرێم کەوتنەوە، بەتایبەت وەک کەمترین ماف بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، کە دەبێ خەرج بکرێ.
  • مێژووى سیاسیی حوکمڕانیی عێراق ئەوەى بۆ لایەنى شیعە سەلماند، کە تاکە هاوبەشی ڕاستەقینەى حوکمڕانی بۆ ئەوان لە عێراق، کوردە. هەر بۆیە دەبێ لەگەڵیدا ڕێک بکەون، چونکە هەر کوردە دەتوانێ عێراق سەقامگیر بکا؛ بەپێچەوانەیشەوە هەر ڕاستە.
  • بوونى پەیوەندییەکى ئەرێنیی نێوان حکوومەتى هەرێم و ئێران تا ئەو ساتەوەختە.

بەڵام هەندێ فاکتەرى ناوخۆییی کاریگەر لەو نێوەندەدا هەر ماون، كە زیاد بکەن کەم نابن

فاکتەرە ناوخۆیییەکان

ئەویش دەکرێ بۆ ئەرێنی و نەرێنی دابەشیان بکەین:

فاکتەرە ناوخۆیییە ئەرێنییەکان

بەداخەوە زۆر کەمن، تەنیا سییان شک دەبەین:

  • ئەجێنداى سوودانی کە بەرامبەر هەرێم ئەرێنییە، بەڵام لەژێر گوشارى زۆردایە.
  • هەندێ لە بڕیارەکانى دادگەى باڵای فیدراڵی و پابەندبوونى هەرێم پێیانەوە.
  • سەرکەوتنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، کە توانیی زۆرینەى کورسییەکان بەدەست بێنێ. ئەمەیش وای یکرد کە مەرجەعیەتى سیاسی، لە بەرامبەر بەغدا گۆڕانکاریى بەسەردا نەیەت.

فاکتەرە نەرێنییە ناوخۆیییەکان

چەند لەو فاکتەرە نەرێنییانە دەژمێری، هەر هەن و ئاسایییە:

  • بوونى زیاتر لە دیدگەیەکی شیعە بەرامبەر حوکمڕانیی هەرێم؛ کە ئەوانەى بڕیاربەدەستن، دیدگەیان نەرێنییە.
  • کاریگەریی زۆرى هەندێ لایەنى وەلائی شیعی بەسەر حکوومەتەکەى سوودانییەوە. ئەمەیش وای کردووە لە بەردەم پەیوەندییەکاندا کۆسپی زۆر بنێنەوە؛ بەو مانایەى کە حکوومەت لەژێر ڕەحمەتى میلیشیاکاندایە.
  • هەڵوێستى ئێران بەرز و نزمیى زۆرى تێدایە، بەڵام بەئاشکرا یەک هەڵوێست و یەک قەوارەى سیاسیی هەرێمی ناوێ.
  • ئەو ڕێکكەوتنناماناى کە کراون، جێبەجێ نەکراون. دەبێ لەگەڵ حکوومەتى نوێی عێراق لە 2025، سەرلەنوێ چاوپێخشاندنەوەیان بۆ بکرێتەوە.
  • دیدگەى چەند لایەنێکی کاریگەرى شیعە؛ بەوەى هەرێم نەهێڵن و بیکەنەوە بە پارێزگایەکی گەورەى عێراق؛ ببێتە پاشکەوتە و ناسەقامگیر و بەکاربەر و نابەرهەمهێن.
  • ململانێی نێوان سوودانى و مالیکی، کە بەهۆى هەڵبژاردنى 2025 هەندێ لە باجەکەى حکوومەتى هەرێم دەیدات.
  • ڕۆڵی نەرێنیى هەندێ لایەنى سیاسیی کوردی هەرێم لە بەغدا، وەک یەکێتیى نیشتمانى و نەوەى نوێ دژ بە حکوومەتى هەرێم.
  • تێوەگلانى عێراق لە ململانێکانى ناوچەکە؛ بەوەى هەندێ لە میلیشیاکان بەهۆى هێرشەکانیانەوە بۆ سەر ئیسرائیل، وا لەو دەوڵەتە دەکەن کە هێرش بکاتە سەر عێراق. ئەودەمیش ئاڵۆزی دروست دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەڵبژاردنى 2025 دوا دەخرێ؛ کە دواخستنى لە بەرژەوەندیى مالیکی و میلیشیاکانە.

فاکتەرە کاریگەرە دەرەکییەکان

فاکتەرە ئەرێنییەکان

  • هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە تا ڕاددەیەک لە بەرژەوەندیى کوردن، بەڵام ئەوەندە ماوەتەوە بڵێین: ئەگەر ئەوەى کە لە سووریا ڕووی داوە، بکەرەکەى تورکیا بێت، ئەوا کوردستانی ڕۆژاوا لە مەترسییەکى جدیدایە.
  • هەڵوێستی ئەمریکا تا هەنووکە بۆ کورد ئەرێنییە و، پشتیوانییە.
  • هەڵوێستى ئێران و تورکیا تا هەنووکە لەگەڵ هەرێم ئەرێنییە.
  • ئەگەر ئەو جەنگەى لە سووریایە، بپەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەرێنییە، چونکە ئەوانەى کە لێیان دەدرێ ئەوانەن کە گوشارى زۆر دەخەنە سەر هەرێم. هەرچەندە هەرێم لەو ئاگرە پریشکی بەردەکەوێ و زۆر کاریگەر دەبێ لەسەری، بەڵام لە پارسەنگى هاوکێشەکە بۆ هەرێم ئەرێنییە.
  • سەرنجدان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم تا هەنووکە وەک بکەرێکی کاریگەرى نادەوڵەتى لە ناوچەکە ئەرێنییە و، کورد دەبێ هەمیشە لە خەمى ئەو ڕەهەندە نێودەوڵەتییەدا بێت.

فاکتەرە نەرێنییەکان

سێ ڕەهەندی سەرەکی هەن کە دەبێ لە هەرێمی کوردستان بەهەند وەربگیرێن:

  • هەڵوێستى ئێران جێی متمانە نییە و پەیوەستە بە کێرڤی پەیوەندییەکانى لەسەر ئاستى ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکا.
  • تا ئێستایش پارسەنگ و ئاکامى هاوکێشەکانى ناوچەکە ڕوون نەبوونەتەوە؛ هەر بۆیە دەبێ زۆر بەئاگایی و لێکۆڵینەوە و بەوردییەوە لێیان بڕوانین، چونکە ڕووخانی ئەسەد کۆتاییی هاوکێشەکان نییە.
  • ئەجێنداى ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕۆشن نییە. پێ دەچێت ترامپیش پرسی کورد و هەرێم بە تەواوکارى هەندێ هاوکێشە بزانێ، نەک ڕەهەندێکی سەرەکیی ستراتیژییەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ئەو پرسانەى کە قابیلی چارەسەرن

هەرچەندە تەواوى یەکلاکردنەوەى چارەسەرەکان مسۆگەر نین و بەڕیژەیی دەمێننەوە، بەڵام پێ دەچێ چەند دۆسیەیەک بەڕێژەیی چارەسەر ببن، لەوانەیش:

  • مووچە بە شێوەیەکی ڕێژەیی، نەک بنبڕ.
  • هەموارکردنەوەى بوودجە؛ بەتایبەت ئەو چەند بڕگە دیاریکراوانەى کە پەیوەندییان بە هەرێمەوە هەیە.
  • هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم؛ ئەویش لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەڕەشەکانى ئیسرائیل بۆ لێدانی عێراق بچنە قاڵبی کردارییەوە.

ئەو پرسانەى کە قابیلی چارەسەر نین

ئەمە کرۆکی گرفتەکانە؛ تا چارەسەر نەکرێن پەیوەندییەکان هەر بەرەو خراپتر دەچن، لەوانەیش:

  • مامەڵەى بەغدا بە زەینییەتى سێنترالیزم لەگەڵ هەرێم، نەک لەسەر بنەماى فیدراڵییەت.
  • هەوڵە بەردەوامەکانى لایەنە سەرەکییە شیعییەکانى پرۆسەى سیاسیی عێراق بۆ لەناوبردنى قەوارەى هەرێم.
  • ناتەبایی و پەرتەوازەییی ناوماڵی کورد، کە گەورەترین زەرەرى لە پرسی کورد داوە لە عێراق.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 2025

پرسیارە جەوهەرییەکە لەو بارەیەوە ئەوەیە: ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان دەبێت و پێشبینیی نەخشەی سیاسیی عێراق چی دەبێت؟

کاریگەریى ڕاستەوخۆى دەبێت؛ بە ئاماژەدانیش بە چەند ڕەهەندێک وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە، وەک:

  • ململانێ ڕاستەقینەکە بۆ هەڵبژاردن لە نێوان گرووپە وەلائییەکان و سوودانیدایە، بەتایبەت مالیکی لەگەڵ سوودانی. سوودانییش مەبەستى بونیادنانى پەیوەندییەکى سەقامگیر و پتەوە لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان، مالیکییش سێ وەزارەتى سەرەکیی لایە: دارایی، نەوت، پلاندانان. هەرسێ وەزارەتەکەیش سەرچاوەى گەورەترین گوشار و کۆسپ بوون بۆ هەرێم.
  • نەخشەى سیاسیی بەرەنجامەکانى هەڵبژاردنى 2025 عێراق، پێ ناچێت لە بەرژەوەندیى گرووپە وەلائییەکان بێت. بەرەنجامەکان بێ گرووپە وەلائییەکان زۆرترین کورسی کە زیاترە لە 200 کورسیی پەرلەمان بەدەست دێنن. هەر بۆیە وەلائییەکان، لە لایەک گوشار دەخەنە سەر هەرێم تا لە سوودانی و سەدر نزیک نەبێتەوە، لە لایەکی تریشەوە کار لەسەر دواخستنى هەڵبژاردن دەکەن، ئەویش بەهۆى پەلکێشکردنى ئیسرائیل بۆ لێدانی عێراق؛ ئەودەمیش پاساوێک بەهۆى بارودۆخى ناهەموارەوە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن بەرجەستە دەبێت.
  • چەند گرووپە وەلائییەکان لە پاشەکشەدا بن، ئەوەندە لە ڕێگەى ئەو سێ وەزارەتەى کە باسمان کرد، گرفت بۆ پەیوەندییەکان دروست دەکەن.
  • کورد بەپەرتەوازەیی و دووبەرەکى دەچێتە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتووى عێراق لە 2025؛ ئەمەیش کاریگەریى لە پێگەى کورد دەکات. ڕووداوەکانى چەند ساڵی ڕابردوو ئەوەى سەلماند، کە یەکێتى خۆى بۆ ئەجێندایەکی عێراقی یەکلا کردۆتەوە، نەک کوردستانی؛ هەر بۆیە دژوارى و دژایەتیى نێوان دوو حزبە سەرەکییەکە زۆرتر دەبێ.

سەبارەت بە هەڕەشەکان-چونکە دەرفەتەکان زۆر کەمن- کورد دەبێ چی بکا بۆ ساڵی 2025؟

  • دەبێ زیاتر بایەخ بە یەکڕیزی و نەهێشتنى پەرتەوازەییی ناوماڵی کورد بدرێت، چونکە سەرکەوتنەکان لەم کەلێنەوە دێن.
  • پێکهێنانى حکوومەتێکی ئیئتلافی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەماى بەرەنجامەکانى هەڵبژاردن.
  • جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیی کوردستان و دابینکردنى خزمەتگوزارى بۆ خەڵک و نەهێشتنى گەندەڵی؛ چونکە گەندەڵی خۆرەى دەسەڵاتە.
  • گەیشتنە ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسەکان بەپێی دەستوور، بەتایبەت مووچە؛ چونکە بنەماى بژێوی خەڵکە و سازشی لەسەر ناکرێ.
  • خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتەکان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە؛ چونکە ئەوەى کە لە سووریا دەقەومێ، دەپەڕێتەوە عێراق و میلیشیاکان و هەژموونى ئێران لە پێشەنگى ئەو ئامانجانەن کە لێیان دەدرێت. خۆپاراستن لە پریشکەکان، داناییی زۆرى دەوێ.
  • سەرۆکی هەرێم، دەبێت ڕۆڵی تایبەتى خۆى بگێڕێ؛ لە چاوپێکەوتن، دیپلۆماسییەت، وتاردان، بینینی لایەنە سیاسییەکانى هەرێم، گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆر و شارەزایان و هتد.
  • سەردانى بەردەوامى شاندی هەرێم بۆ بەغدا و بەدواداچوونى کێشەکان و بوارنەدان بە بەغدا تا کات بەفیڕۆ بدات و دەستی بە دەستی بە هەرێم بکات.
  • شاندە دیپلۆماسییەکانى هەرێم بۆ دەرەوە و ناوەوەى عێراق دەبێت بەردەوام بن؛ بەتایبەت دەبێت ڕەهەندی دەرەکی بەهەند وەربگیرێت و بایەخی سەرەکی بێت.
  • هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان؛ چونکە پێگەى هەرێم لە بەرامبەر بەغدا بەهێز دەکاتەوە.
  • هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەى ئەو یاسایانەى کە لە سەردەمى حزبی بەعسی پێشووەوە دانراون و کاریان پێ دەکرێ لەژێر ڕۆشناییی ماددەى 130؛ ئەو یاسایانە تەنیا بەرژەوەندیى بەغدایان تێدایە نەک هەرێمیش.
  • هەوارکردنەوەى بوودجەى عێراق، بەتایبەت دواى ڕێکكەوتنى هەردوو حکوومەتەکە؛ بەڵام هەوڵی سەرنەگرتنى لەلایەن هەندێ لایەنى کوردى و شیعییەوە بەردەوامە.
image_pdfimage_print