د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پێنج دەیەی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا، بە ئەگەری زۆر کاریگەری و لێکەوتەی زۆری دەبێت لەسەر بەشێکی زۆری وڵاتانی دراوسێ، هەروەها داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز (balance of power) لە ناوچەکەدا کە دواجار دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی سیستەمێکی هەرێمیی نوێ (new regional order) لە ناوچەکەدا. ئەمەیش بێ گومان گۆڕانکاریی زۆر دروست دەکات لە ئاستی پێگەی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانیش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی کە ڕژێمی ئەسەد لە ناوچەکەدا جێی دەهێڵێت. بۆ هەموو ئەو هێزانەی هەوڵی کەمکردنەوەی نفووزی ئێران لە سووریا دەدەن، بەتایبەتیش ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد خەبەرێکی خۆش بوو؛ بەڵام لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە ڕژێمێکی ئیسلامیی توندڕەو بۆ جێگرتنەوەی ئەسەد، کارێکی ئاسان نییە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە ئاوابوونی خۆری ڕژێمی ئەسەد سەرەتای قۆناغێکی ترە لە نیگەرانی و دووبارە دابەشبوونەوەی هێز لە ناوچەکدا، کە دوور نییە دواجار هاوشێوەی گۆڕانکارییەکانی عێراقی دوای ٢٠٠٣ بێت.
لەم دیدگەیەوە، سەرەتا لە پێگەی چەند دەوڵەتێکەوە سەیری ڕووخانی ڕژێمی سووریا دەکەین بۆ ئەوەی کۆی نەخشەی سیاسی و جیۆپۆلۆتیکی دوای ڕووخانی ئەسەد ببینین.
ئێران: دۆڕاوی یەکەم
لە چەند ساڵی ڕابروودا ئەوەی سووریای لە ڕووخان پاراست، بە پلەی یەکەم ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانی بوون وەک حزبوڵڵا؛ هەروەها هێزە چەکدارە شیعەکانی عێراقیش توانییان ڕێگر بن لە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد. ناسنامەی مەزهەبی (sectarian identity)، ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە پاراستنی ڕژێمی ئەسەد، لەگەڵ ئەو پێگە جیۆپۆلۆتیکییەی کە سووریا بۆ ئێرانی هەیە لە ڕێگەی بەستنەوەی ئێران بە عێراق و سووریا و لوبنان تا دەگاتە فەلەستین.
کەوتنی ئەسەد ئێستا گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر پێگەی سیاسی و سەربازیی ئێران و بەرەی مقاوەمە لە ناوچەکەدا. ئێران هەمیشە وەک بەرەی پێشەوەی جەنگ یان قەڵغانی خۆپاراستن سەیری سووریای دەکرد. چەندان جار سەرکردە ئێرانییەکان دەیانگوت “گەر ئێمە لە سووریا شەڕی گرووپە توندڕەوەکان و لە لوبنان شەڕی ئیسرائیل نەکەین، دەبێت لە ئێران بیکەین.” بۆیە بە کەوتنی ئەسەد گورزی هەرە سەرەکی بەر ئێران و بەرەی مقاوەمە کەوت.
لە هەمووی کاریگەرتر ئەوەیە کەوتنی سووریا کێشەی زۆر بۆ مانەوەی حزبوڵڵا و هەژموونی ئێران لە لوبنانیش دروست دەکات، تا ئەو ئاستەی وەک سوهەیل کەریمی لەسەر تەلەڤزیۆنی ئێران وتی: “بەبێ ئەسەد، شتێک نامێنێت بە ناوی حزبوڵڵا.”
نەمانی ئەسەد سەرەتایەک دەبێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە دژی ئێران؛ بە جۆرێک گەر کەوتنی سەددام لاسەنگیی هێزی لە بەرژەوەندیی ئێران دروست کردبێت، ئەوە کەوتنی ئەسەد ئەو لاسەنگییە ڕاست دەکاتەوە کە بە کەوتنی ڕژێمی سەددام لە ناوچەکە دروست بوو. هەڵبەتە ئەمە کار دەکاتە سەر پێگەی هەرێمیی ئێران لە ناوچەکە، بەتایبەت بەرامبەر وڵاتانی کەنداو. ئینجا بێجگە لەوە، پرسی فەلەستین کە ئێران و حزبوڵڵا قۆرخیان کردبوو، بە کەوتنی ئەسەد ئەو پرسە لە دەستی میحوەری شیعەیش دەردێت؛ ئەمە ئانجامێکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ وڵاتانی کەنداو و لایەنگرانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئێران هەوڵ دەدات پڕاگماتییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شکستە بکات؛ ئەمەیش لە ڕێگەی دۆزینەوەی لینکی پەیوەندیی نوێ لەگەڵ گرووپە چەکدارە سوننەکانی سووریا، بەتایبەت کە دژی ئیسرائیل بوون و، کۆیان دەکاتەوە. ڕاپۆرتێکی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە کە تاران پەیوەندیی لەگەڵ دوو گرووپی نێو سەرکردایەتیی نوێی ئەو گرووپە سوننییانەی سووریا دروست کردووە؛ لە ڕۆژانی داهاتوودا دوای کۆبوونەوە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران، کە دەزگەیەکی باڵای ئەمنییە، ئەم پرسە هەڵدەسەنگێنرێت. هەڵبەتە ئەمە وریایی و دینامیکییەتی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا دیاری دەکات.
تاران ئاگادارە کە ترەمپ نەمانی ئەسەد وەکوو ئامرازێک بۆ چڕکردنەوەی گوشارە ئابووری و سیاسییەکان بۆ سەر ئێران بەکار دەهێنێت؛ “یان بۆ ناچارکردنی ئێران بە گفتوگۆ، یان بۆ تێکدانی سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی”. ئیستا ئێران بەناچاری کەوتۆتە نێوان دوو بژاردە: یان کشانەوە بۆ دواوە و دانانی هێڵی بەرگری لە عێراق؛ یانیش ملکەچکردن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ترەمپ.
ئیسرائیل: سەرکەوتن و نادڵنیایی
کەوتنی ئەسەد بەو شێوەیەی کە ڕووی دا، خواستی ئیسرائیل نەبوو. پێشتریش لە دوای بەهاری عەڕەبی، ئیسرائیل دەرفەتی هەبوو دەستوەردان لە دژی ئەسەد بکات، بەڵام بەهۆی ترس لە هاتنی ئیسلامی توندڕەو بۆ سەر دەسەڵات لە سووریا، ئیسرائیل ئەمەی نەکرد. ئەو دۆخە نوێیەی ئێستا ڕووی داوە، ئیسرائیل بەوردی چاودێریی دەکات؛ تا ئاستی دەستوەردانی سەربازی، ئەگەر هەست بە مەترسی بکات.
لەم قۆناغەدا پێ دەچێت ئیسرائیل چەند هەنگاوێک بگرێتە بەر:
١) جێگیرکردنی سەربازی بە درێژاییی سنووری بەرزایییەکانی جۆلان لەگەڵ سووریا؛ بەڵام وەک نووسەرێکی ئیسرائیلی دەڵێت، نابێت بگاتە ئاستێک کە لە دیوی سنووری سووریا وەک هەڕەشە سەیر بکرێت. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ترس لە هێزە یاخیبووەکان لە پارێزگاکانی دەرعا و قونێتەڕەی تەنیشتی، کە دەکەونە سەر سنووری سووریا لەگەڵ ئیسرائیل. زۆرێک لە فەرماندەی هێزە دروزەکانی سووریا، ساڵانێک لەلایەن ئیسرائیلەوە هاوکاری دەکران، تاوەکوو پێش ساڵی ٢٠١٨ کە دواجار ناچاربوون گرێبەستێک لەگەڵ ئەسەد قبوڵ بکەن، تا ئەو ئاستەی هەندێک لەو فەرماندانە بەردەوام لە تبریا و لە شوێنەکانی دیکە چاویان بە ئەفسەرانی ئیسرائیل دەکەوت. زۆرێک لە گوندەکانی ئەم ناوچەیە لە دەیەی ڕابردوودا لە ئۆپەراسیۆنی دراوسێی باشی ئیسرائیل، کە هاوکاریی مرۆییی بە قەبارەیەکی بەرفراوان پێشکەش دەکردن، سوودمەند بوون. ئیسرائیل هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا دروست بکات.
٢) دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ “دروزەکان” لە ناوچەی سویدا کە ١٠٠ کم لە بەرزایییەکانی جۆلان دوورن و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆیان؛ بەتایبەت کە دروزەکان چەند جارێک لە دژی ڕژێمی ئەسەد ڕاپەڕیون. پێشتریش لە تویتێکدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لە گرنگیی هاوپەیمانیی ئیسرائیل کرد لەگەڵ کەمینەکانی سووریا، بەتایبەتیش “دروز” و “کورد”.
٣) لەوانەیە ئیسرائیل بەرگری لە مانەوەی سەربازیی ئەمریکا بکات و باوەر بە ئیدارەی داهاتووی ترامپ بێنێت بۆ مانەوەی بوونی بچووکی سەربازیی ئەمریکی (900 سەرباز) لە ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەودیو ڕووباری فورات و لە ناوچەی تەنف، کە سنوورەکانی سووریا و ئوردن و عێراقی بەیەک دەگەیەنن. ئەم ئامادەبوونە، هاوکار دەبێت بۆ هێشتنەوەی ئیدارەی کورد و هێزە سەربازییەکان وەکوو قەڵغانێک لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ هاتنی زۆرێك لە گرووپە توندڕەوەکان بۆ ناو سووریا و، ئەمە شتێكی پێویستە. ئەم ئامادەبوونە، توانای ئەمریکا بەهێزتر دەکات بۆ ئاڕاستەکردنی دانوستانەکان لەسەر دەستوور و حکوومەتێکی نوێ بە ئاراستەیەک، کە مافی گشت پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەر بکات.
٤) بنیاتنانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەردۆغان و تورکیا. تورکیا توانیی دەستی باڵای هەبێت لە کێبڕکێ لەگەڵ ئێران لەسەر کاریگەری لە سووریا، تا ئاستی ڕووخانی ئەسەد. هەرچەندە نزیکبوونەوە لە ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. تیمی ترەمپ دەتوانێت هانی ئەو جۆرە وتووێژانە بدات بە مەبەستی پێشخستنی هاوکاریی دەوڵەتانی عەرەبی سوننەی میانڕەو لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئیسرائیل وەک بەربەستێکی تۆکمە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر خواستێکی ئێرانی بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی باڵادەستی لە شام.
ئەمریکا: لە نێوان مانەوە و جێهێشتنی سووریا
جۆ بایدن، سەرۆککۆمار و بەرپرسەکانی، پێشوازییان لە کەوتنی ئەسەد کردووە و لە هەمان کاتدا وریاییی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری توندوتیژی و ستەمکاریی زیاتر، لە کاتێکدا سووریا دەچێتە ناو سەردەمێکی نوێ. سێ ڕۆژ دوای کەوتنی ئەسەد، بایدن لە لێدوانێکدا وتی: “ئەمە ساتێکی مێژوویییە بۆ خەڵکی سووریا کە ماوەیەکی درێژە دەیانەوێت داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتە سەربەرزەکەیان بنیات بنێن؛ هەروەها ساتێکی پڕمەترسی و نادڵنیایییە چونکە هەموومان پرسیاری ئەوەمان هەیە کە دوای ڕووخانی ئەسەد چی دێت؟”
ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەربازی هەیە کە پشتگیری لە هێزە کوردییەکان دەکەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە بەشێکە لە هاوپەیمانییەکی ٨٠ وڵاتی بۆ دژایەتیی داعش. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو، چەند جارێک وتویەتی، دەیەوێت ئەم هێزانە بکشێنێتەوە. بەئاشکرا وتی: “ئەمە شەڕی ئێمە نییە.” لەم سۆنگەیەوە دەتوانێن بڵێین کە مانەوەی ئەمریکا لە سووریا گەرەنتی نییە، بەڵام بە ئەگەری زۆر، ئەمریکییەکان هەروا زوو سووریا چۆڵ ناکەن تا بەڕوونی دۆخی گواستنەوەی دەسەڵاتی سەربازی بۆ مەدەنی نەبینن.
لەو قۆناغەدا تورکیا گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر ئەمریکا لەبارەی بەرگرینەکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەوانەیە ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر ئیدارەی دووەمی ترەمپ هەبێت؛ بەوەی کورد لە سووریا بەتەنیا جێ نەهێڵن. ڕەنگە دواجار هەر یەکە لە تورکیا و ئەمریکا بگەنە ڕێکكەوتنێک لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا کە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ “پەکەکە” کۆتایی پێ بێنن[1]. هەرچەندە لەناو ئیدارەی دووەمی ترەمپ زۆر كەس هەن کە کورد دەناسن و لە پێکهاتەکانی تر جیایان دەکەنەوە؛ بۆیە پێ ناچێت ڕۆژاوای کوردستان بەو شێوەیە بێت کە تورکیا دەیەوێت. لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات، سیاسەتی ئەمریکا بریتی دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل لە سووریا، بۆ ئەوەی دەرفەتێک نەدرێ بە مەترسیخستنە سەر ئیسرائیل و بوونی شوێنپێی نەیارانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سووریا.
عێراق: نیگەرانی و ترس
هەرچی عێراقە، ئەم دۆخەی سووریا بە گەورەترین مەترسی لەسەر ئاساییشی حوکمڕانیی شیعە لە عێراقدا دەبینێت. بۆ عێراق دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا، هیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ داعشی ٢٠١٤ کە گورزێکی کەمەرشکێنی لە عێراق دا. ئاشکرایە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پاراستنی ڕژێمی ئەسەد بینی، بەڵام دۆخەکە ئێستا لەوە دەرچووە. بۆیە عێراق ئێستا زیاتر لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، کار دەکات بۆ ڕێگرتن لەو دۆخەی لە سووریا دروست بووە. هەر لە کۆبوونەوەکەی بەغدا بگرە لە نێوان وەزیری دەرەوەی سووریا و عێراق و ئێران، تا دەگاتە پەیوەندیی تەلەفۆنیی سوودانی لەگەڵ ئەردۆغان، هەروەها ئەو کۆنگرە هەشت قۆڵییەی لە دەوحە کرا، هەمووی پەیوەست بوو بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگرتن لە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد.
بەشێک لە شیعەکانی عێراق ئەو دۆخەی سووریا وەک پیلانێکی هەرێمی سەیر دەکەن بۆ هێنانەوەی سوننەکان بۆ حوکمڕانیی سووریا و عێراق. هیچ گەرەنتییەک نییە کە عێراق، بەتایبەتیش میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە چەک و شارەزاییی باشیان هەیە لە شەڕ، تاسەر بەبێدەنگی بمێننەوە؛ بەتایبەت لێدوانی هێزە چەکدارەکانی ئەبوفەزڵ ئەلعەباس پەیامێکی ڕوون بوو. بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر دۆخی ئێران لە ناوچەکەدا؛ بەو مانایەی ئایە سووریای نوێ و ئەمریکاش چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن. قسەکانی “مالیکی”یش پەیامێک بوون بەو ئاراستەیە، کاتێک وتی “ئەمە شەڕێکی ڕاستەقینەیە لە نێوان ئێمە و جیهان. ئەم جەنگە باوباپیرانمان لە پێشوودا کردوویانە و ئێمەیش دەیکەین، وەک چۆن لە ساڵەکانی 2011 تا 2014 کردمان و لە 2011 و 2012 لەگەڵ سووریا وەستاینەوە؛ ئێستایش هەروا دەوەستینەوە و بەردەوام دەبین.” ئەم قسانەی مالیکی، پێش کەوتنی ئەسەد بوون. بەڵام گەر هەر یەکە لە کورد و دروز و عەلەوییەکان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ نوخبەی سیاسیی نوێ لە سووریا نەبێت، ئێران هەوڵ دەدات سوود لەو ناتەبایییە ببینێت. لە سەرێکی تردا ئەم دۆخە نوێیەی سووریا لەوانەیە وا لە عێراق بکات کە پێداچوونەوەیەک بکات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوننەکانیش، بە جۆرێک کە گوشاری زۆریان لێ نەکات. ئەمە لەوانەیە بۆ پەیوەندیی ئێرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوننەکانی عێراق ڕاست بێت؛ بەتایبەت هەرێمی کوردستان، وەک دەستگرتنێک بە کورد بۆ پاڵپشتیی شیعە لە حوکمڕانیی عێراقی دوای ٢٠٠٣دا. ڕوونتر بڵێم، دەکرێت کەوتنی ئەسەد جۆرێک لە هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بۆ پڕۆسەی حوکمڕانی لە عێراقدا بگەڕێنیتەوە، کە لە دوای بەهاری عەڕەبی لە بەرژەوەندیی زۆرینەی حوکمڕانی شیعەکان کۆتایی هات.
هەرێمی کوردستان؛ گەڕان بە دوای دەرفەت
سووریای نوێ هێشتا بۆ ڕۆژاڤای کوردستان هەڕەشەئامێزە؛ لەمەدا تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. کەوتنی ڕۆژاوای کوردستان هەرگیز لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نابێت، بەڵام دەکرێت سووریای دوای ئەسەد دەرفەتیش بێت بۆ دووبارە متمانەبەخشینەوە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا بۆ دژایەتیی تیرۆر، چونکە هێشتا دیار نییە ئایە ئەو هەموو گرووپە چەکدارانەی سووریا چۆن حوکمڕانی لە سووریا دەکەن؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکانی غەیرەعەرەب و موسڵمان دەکەن؟
ئەوەی ڕاستی بێت، ئەگەری مانەوەی ڕۆژاوای کوردستان، زیاتر پەیوەستە بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. تویتەکانی ترەمپ سەبارەت بە دۆخی سووریا ئاماژەی مەترسیدار بوون بۆ دۆخی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان.
کەوتنی ئەسەد بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باشە، بەتایبەت ئەگەر کوردانی ڕۆژاوای کوردستان دەرفەتی ئەوەیان پێ بدرێت هەرێمێکی فیدراڵییان هەبێت. لە ڕووی بازرگانی و ئابوورییشەوە دەرفەتێک دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندیی باشتر لەگەڵ سووریا و ڕۆژاوای کوردستان دروست بکات، وەک دەروازەیەکی تری بازرگانیی جگە لە تورکیا و ئێران، کە هەژموونی تەواویان بەسەر بازاڕ و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
کەوتنی ئەسەد، دەکرێت وا لە شیعەکانی عێراق و ئێرانیش بکات کە پێداچوونەوە بە سیاسەتی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بکەن، بەتایبەت لە دوای “ڕیفراندۆم” کە گوشاری زۆر لە هەرێمی کوردستان کرا؛ هەر لە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی تورکیا، تا بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان. کەوتنی ئەسەد لەوانەیە زەنگێک بێت بۆ شیعەکانی عێراق کە هەست بە ترس بکەن لە گەشەکردنی پەیوەندیی سوننەکانی سووریا لەگەڵ عێراق؛ بە جۆرێک کە بگەڕێنەوە سەر سیاسەتی هاپەیمانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ بەردەوامیی هەبوو.
دەرفەتێکی تر لە ڕووخانی ئەسەد، دەکرێت وا بکات ئەمریکییەکان پێداچوونەوە بە خشتەی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن؛ هەروەها هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژەتیرۆر، بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگە، تا دۆخی سووریا بەتەواوی سەقامگیر دەبێت، وەک ترس لە سەرهەڵدانەوەی ململانێی مەزهەبی و تیرۆر لە ناوچەکەدا.
تایبەت بە هەڕەشەکان، باڵادەستیی گرووپە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی “تەحریر شام”، دەکرێت دواجار کاریگەریی لەسەر شانە نووستووەکانی داعشیش لە عێراقدا هەبێت. هەرچەندە دەوڵەتی ئێستای عێراقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانە، زۆر لە عێراقی ٢٠١٤ بەهێزترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گەرەنتییەکی نییە بۆ سەهەڵنەدانەوەی هەستی مەزهەبی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە عێراق و سووریا.
بێجگە لەوەی باسمان کرد، هەڕەشەیەکی تر ئەوەیە، گەر کیانی ڕۆژاوای کوردستان لەبار بچێت، ڕاستەوخۆ کاریگەریی سیاسی، نەتەوەیی و مرۆییشی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؛ وا دەکات هاوسۆزییەکی زۆر لەگەڵ کوردانی ڕۆژاوای کوردستان هەبێت، تا دەگاتە هاندانی گەنجان بۆ پەیوەندیکردن و چوونیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی. بێجگە لەوەیش، دوور نییە هەندێک لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هاوسۆزی بۆ پەکەکە دەربڕن؛ بە جۆرێک کە “پارتی” و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە دۆخێکی سەختەوە بە هۆکاری تووڕەبوونی جەماوەری و ناڕەزایی بۆ دژایەتیکردنی تورکیا، وەک کاردانەوەیەک لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن تورکیا و پڕۆکسییەکانییەوە.
ئەنجام: ئەگەری سەرهەڵدانی سیستەمێکی هەرێمیی نوێ
لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وتی دوای چەندان ساڵ ئێستا دەرفەتێک هەیە بۆ “گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە“. بەتایبەت ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت زیانێکی زۆر بە “میحوەری بەرخۆدان” (میحوەری موقاوەمە) بگەیەنێت، دواجار پاڵپشتی لە ئاستی وڵاتانی عەرەبییش پەیدا دەکات، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو، بۆ ئەوەی بێنە بەرەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل.
دوای یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل بەچڕی هەوڵی ڕووخاندنی ستراتیژیی ئێرانی دا لە ناوچەکە؛ واتا “هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی گۆڕەپانەکان و جیانەکردنەوەی مەیدانەکان لە یەکتری. بۆ ئەمە ئیسرائیل لە حەماس، دواتریش حزبوڵڵا دەستی پێ کرد، تا دواجار کاریگەریی لەسەر ڕووخانی ئەسەد دروست کرد. واتا ئیسرائیل ئەو گۆڕەپانانەی کردە ئامانج کە کاریگەرییان لەسەر جوگرافیای ئەمنیی ئیسرائیل هەیە؛ وەک ئەوەی سەرەتا لە غەززە بینیمان، پاشان کەناری ڕۆژاوا، تا دەگاتە لوبنان و سووریا.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئیسرائیل توانیویەتی قەیرانی ئەمنی لە ئیسرائیل بگوازێتەوە بۆ ناوەوەی ئەو وڵاتانە-جوگرافیای ئەمنی- (غەززە، لوبنان، سووریا). تێکشکانی بەرەی مقاوەمە لە فەلیەستین و لوبنان و سووریا، بێ گومان کاریگەری لەسەر پێگەی ئێران و عێراقیش دەبێت، بۆیە دەکرێت ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی نەزمێکی نوێی هەرێمی بێت کە چیتر ئێران ئەکتەری سەرەکی نییە تێیدا، بەڵکوو ئیسرائیل و کەنداو و تورکیا ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێرن.
چوار ڕۆژ دوای کەوتنی ئەسەد، بنیامین نەتەنیاهوو، لەبارەی ڕووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد لە سووریا، وتی، “رووخانی ڕژێمی سووریا، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی لێدانە بەهێزەکانی ئێمە بوو لە حەماس، حیزبوڵڵا و ئێران. ئەو بەرەیە هێشتا لەنێونەچووە، بەڵام بەڵێنتان پێدەدەم، ئێمە ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین.”
هەڵبەتە نەمانی ئەسەد و سەرهەڵدانی ئەو سیستەمە هەرێمییە نوێیە، دەرگە بۆ دەستوەردانی هەرێمیی تریش دەکاتەوە و ڕۆڵی ئەکتەرە هەرێمییەکان لە بەرامبەر ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا لە سیاسەتی ناوچەکەدا ئەکتیڤتر دەکات، بەتایبەت ڕۆڵی تورکیا و ئیسرائیل لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا. ئەم سیستەمە هەرێمییە نوێیە لەوانەیە دەرگە بۆ پڕۆژەی ناردنی غازی قەتەڕ و وڵاتانی تری کەنداویش بکاتەوە بۆ تورکیا و، دواتریش بۆ ئەوروپا (ئەم پڕۆژەیە بەهۆی هەژموونی ڕووسیا و ئێران لە سووریا ڕێگە بە جێبەجێکردنی نەدرا). ئەمە وا دەکات ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو مەرجەکانیان لەسەر هێزە سیاسییەکانی سووریا گران نەکەن.
هەڵبەتە لە ئاستی ڕووسیاش ڕووخانی ئەسەد گورزێکی کاریگەر لە پێگەی ڕووسیا دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بنکەی دەریاییی تارتۆس یەکێک بوو لە دیارترین هێماکانی هەژموونی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەو پێیەی پێگەیەکی گرنگی لە چوارچێوەی ستراتیژیی سەربازیی ڕووسیادا هەیە و، تاکە بەندەری ڕووسیایە لەسەر دەریای ناوەڕاست. لە دوکتۆرینی سەربازیی ڕووسیادا گرنگیی تارتۆس تەنیا بە بنکەیەکی لۆجیستی یان بەندەری دەریاییی سنووردار نییە، بەڵکوو بە خاڵی دەستپێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی کاریگەریی ڕووسیا لە ئاوە گەرمەکاندا، چاودێریکردنی جموجۆڵە سەربازییەکانی ناتۆ لە ناوچەکەدا و، هەروەها بەرزکردنەوەی سەقامگیری لەسەر سنوورەکانی باشووری؛ کە بەشێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئاسایشی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەی باسمان کرد لەوانەیە سەرەتای سەرهەڵدانی سیستەمێکی هەرێمیی نوێ بێت لە ناوچەکەدا، کە هێشتا زووە بتوانین بەڕوونی نەخشەکەی بکێشین!
[1] لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت، بەتایبەت بە ڕەچاوکردنی پەیوەندیی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ئەردۆغان و هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان. دوور نییە سەرۆکی هەرێم لە ڕێکكەوتنێکی لەو جۆرەدا ڕۆڵ ببینێت.